Skip to Content

چیرۆک بۆ منداڵان/ چـۆن بـوم بە هـاوڕێی پەرتـووک؟.. رەزا شـوان

چیرۆک بۆ منداڵان/ چـۆن بـوم بە هـاوڕێی پەرتـووک؟.. رەزا شـوان

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 30, 2023 General, Kids Literature

پار کە لە پـۆلی پێـنج بـووم. خـۆم دەمـزانی لە وانـەی “داڕشـتـن” لە زمـانی کـوردیدا، لە ئاستێکی نـزم دام. کە مامۆستا سەرناوی بابەتێکی داڕشتنی بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی بۆ وانەی داهـاتـوو لە لایەنی کەمەوە، شەش دێـڕی لەسەر بنووسـین. خەمم لێـدەهات. بە هـەزار حـاڵ، شەش دێـڕی کاڵ و کـرچـم دەنـووسی. لە رووم ناهـات دەست هـەڵبڕم و لەبـەردەم هـاوڕێکانی پـۆلەکەمـان و مامۆستاکەمانـدا بیخـوێـنمەوە.

زارای هـاوڕێ و هـاوپـۆلم، کە قـوتابییەکی زیـرەک بوو. زیاتر لە دە دێـڕی زۆر جوانی دەنووسی و لە پـۆلـدا دەیخـوێنـدەوە. بە گـومـان بـووم کە خـۆی بابەتەکـانی بنووسێـت. تا رۆژێک مامۆسـتا وتی: بـۆ هـەفـتەی داهـاتـوو لەسـەر ” خۆشـەویسـتیی نیـشـتمان” بنووسـن. لە هـەفـتەی دواتـردا.
مامۆستا: کێ دێـت داڕشــتـنەکەی بخـوێنێـتەوە؟
زارا دەسـتی هـەڵـبڕی و بەبێ پەڕاوی داڕشـتـن، بـۆ مـاوەی شـەش خـولەک راستەوخۆ بە زاری لەسـەر خـۆشـەویستـیی نیـشـتـمان قـسەیـکـرد. بە وشـە و رسـتە جـوانەکـانی، سەرسامی کردین، سەرنجی هەموومانی راکـێشا. چەپڵەیەکی قایم و درێژمان بۆی لێـدا. گومانم نەما لەوەی کە خـۆی نووسینەکـانی دەنووسـێـت.
دوای ئەو وانەیە، وتـم: زارا گیان تۆ ئەم و شە و رستە جوانـانە لە کـێوە فـێربـوویتە؟
زارا بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە زمانێکی شـیرین: ژینـا گیان ئەگەر دەتەوێـت، ئەم نهـێنـیـیە بـزانیـت. رۆژی هـەینی وەرە بـۆ ماڵمـان پـێـت دەڵـێـم کە لە کێوە فـێربـوومە.
رۆژی هەینی مۆڵەتم لە دایک و باوکم وەرگرت. چـووم بۆ ماڵی زارای هـاوڕێم. زۆر بە رووخـۆشی و گـەرمییەوە پێشـوازی لـێکـردم. بـردمیـیە ژوورەکـەی خـۆی. پەرتـووکخـانەیەکی پـڕ لە پەرتـووک و گـۆڤـاری رەنگاوڕەنـگی منـداڵان، لە سوچـێکی ژورەکـەیـدایـە. دوای چـای خـواردنەوە و قـسەی خـۆش و پـێکەنیـن.
زارا بە زەردەخەنەیەکەوە سەیـرمی کرد و دەستی راستی بۆ پەرتووکخانەکەی راکێـشا و وتی: پەرتـووک و گۆڤـارەکانم، هـاوڕێ دڵسـۆزەکـانم، ژینـای هـاوڕێی خۆشـەویستم بـۆ لای ئێـوە هـاتـووە.
وتیشی: ژینا گیان من رۆژانە نـزیکەی کاتـژمێرێک پەرتـووک و گۆڤـار دەخـوێنمەوە. نەک تەنیا بۆ وانـەی داڕشـتن، بەڵکـو بـۆ هەمـوو وانـەکـان سـوودێـکی زۆرم لـێـیان وەرگرتـووە. پەرتـووکخـانەکەشـم لە خـزمەتـت دایـە.. هـەفـتەی چـەنـد پەرتـووکـێک بەرەوە و بیانخـوێنـەوە.
زۆر سوپـاسی زارای هـاوڕێـم کـرد. مـنیـش چـاوم لـێیکـرد و لە ژورەکـەی خـۆمـدا، پەرتـووکخانەیەکی جـوانم دانا. بە کۆمەڵێک پەرتـووک و گۆڤاری منداڵان رازاندمەوە. تا دێت ژمارەی پەرتـووکەکانـم لە زۆربوونـدان. ئێستا کە لە پـۆلی شەشـم. لە وانـەی داڕشــتـندا، لە دوای زاراوە، مـن دەسـت هـەڵـدەبـڕم. راسـتەوخـۆ بە زاری لەسـەر بابەتەکـان قـسەدەکـەم. لە هـەمـوو وانەکانیشـدا پێشکەوتـووم.
مـن لـە ئێستادا “هـاوڕێی پەرتـووک”م. خـوێـنـدنـەوەش بـووە بـە خـوی رۆژانـەم. شانازیـش بۆ زارای هـاوڕێی دڵسـۆزم دەگـەڕێـتـەوە.

نەرویـج: ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish