Skip to Content

کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو… شاخەوان قادر شۆڕش

کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو… شاخەوان قادر شۆڕش

Closed
by حوزه‌یران 27, 2022 General, Genocide, Opinion, Slider




٢٥/٦/٢٠٢٢ و لە ١٦/٧/٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە
شاخەوان قادر شۆڕش


بەرایی

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بەرچاوڕوونیەک لەسەر هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک و چاودێری ئەو لەلایەن پۆلیس و ئەگەری دادگاییکردنی بخرێتەڕوو. هەروەها وەزارەتی داد و پۆلیسی دانیمارک چیان کرد و کێ بوون ئەو لایەنە کوردی و عەرەبیانەی بەرگریان لێکرد، وە چۆن ڕایکرد و ئێستا لە کوێیە. هەروەها ڕۆڵی کوردانی دانیمارک و هەندەران لە هەوڵەکانیان بۆ بەدادگاییگەیاندنی تۆمەتبار دەخەینەڕوو. بێگومان ئەوەی لێرەدا نووسراوە هەموو زانیاریەکان نین، بەڵام بەپێی توانا زانیاری گونجاو کۆکراوەتەوە کە دەتوانێ وابکات تیشکێکی گونجاو بخاتەسەر بابەتەکە.
هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک
لە هێرشە سەربازیەکانی ئەنفالدا کە لە رۆژی ٢٣ی مانگی دوو تا ڕۆژی ٦ی مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٨ درێژەی کێشا، تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید/جینۆساید) ئەنجام دران. تاوانی ئەنفال وەکو تاوانی گەلکوژی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ناسێندرا، ئەوانەی بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، یا بەجۆرێ لە جۆرەکانی هاوکاریان لە ئەنجامدانی تاوانەکان کردووە دەبێ بگیرێن و بدرێنە دادگا، وە بەپێی ئاست و قەوارەی تاوانەکان بەپێی بڕیارەکانی یاسای تایبەتی دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی ساڵی ٢٠٠٥، یا یاسا نێونەتەوەیی و کۆنڤەنسیۆنی گەلکوژی ژنێڤ ساڵی ١٩٤٨ و ١٩٥١ وەکو لە دادگای نێونەتەوەیی بۆ تاوانکاریەکان ICC لە شاری های پەیڕەو دەکرێت، سزایان بۆ دیار بکرێت.
نەزار عەبدولکەریم فەیسەل خەزرەجی بە پلەی فەریق روکن لە سوپای ڕژێمی بەعسدا، کە گەلێ بەرپرسیاریی سەربازی پێسپێردراوە لەوانە فەرماندەی فرقە و سەرۆکی ئەرکان لە سوپادا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە نیوەی دووەمی ٨٠ کان و لەکاتی تێکدان و ڕاگواستنی گوند و شارۆچکەکاندا، تێکدانی گەڕەکی کانی ئاشقان لە شاری هەڵەبجەدا و کۆمەڵکوژی دەیان کەسی شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ دا، وە لەکاتی کیمابارانی دێهاتەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا، هەروەها لە هێرشەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. لەدوای شکانی سوپای ئێراق لە شەڕی کوێتدا لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شیعەکانی خوارووی ئێراقدا لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. وەکو فەرماندەیەکی بەرپرس لە بڕیارەکان ناوی لە بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسدا هەیە. لەسەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەردەچێت. نەزار خەزرەجی بۆخۆی لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبەرنامەی “وفی روایة اخری” لە کەنالی “التلفزیون العربی” لە رۆژی ٣/٥/٢٠٢٢ دا دەڵێت ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە ئەنفالەکانی یەک، دوو و سێ و ئەنفالی کۆتایی لە ساڵی ١٩٨٨ دا. دوای جەنگی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەرۆکی ڕووخاوی ئێراق سەدام حوسێنەوە لە پۆستە بەرزەکانی سوپا دووردەخرێتەوە، پەڕاوێز دەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێری. لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٦ دا لەهەوڵیکدا ڕادەکات و دێتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی زەردی ژێر فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەوێ ماوەتەوە و سەردانی ئەملاوئەولای کردووە. دوایی لە ڕێگەی زاخۆوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت و پاشان دەچێتە عەمان پایەتەختی وڵاتی ئوردن. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی CIAدا هەبووە، بەڵام کەی پەیوەندیەکەی دەستپێکردووە ڕوون نییە. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە لە ئێراق بووە پەیوەندی پێیانەوە کرووە. بەپێی ئەو زانیارانەی کە یاکۆپ تۆپسو Jacob Topsøe لە ڕۆژنامەی ئینفۆرمەشیۆن Information دا بڵاویکردۆتەوە، بەپێی گوتنی ڕۆبەرت بێر Robert Baer کە لە ٩٠ کاندا سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئا ئەی CIA بوو لە کوردستانی ئێراقدا، ئەوکاتەی کە نەزار خەزرەجی لە ئێراق بوو، یەکێ لەو کەسانە بووە کە داندراوە لە ئەگەری ڕووخانی سەدام حوسێندا سەرۆکایەتی بگرێتەدەست، بەڵام ئەو خۆی لەوە ئاگادار نەبووە کە چ ڕۆڵێکی پێدەدرێت. لەنامەیەکدا کە لە ئەپریلی ١٩٩٦ دا بۆ سەرۆکی سی ئای ئەی ڕۆبەرت ڕیتچەر Robert Richer ی نووسیووە ئاماژە بە پەیوەندی ئەو دەکات و هەروەها دوای هەڵاتنیشی بۆ دەرەوەی ئێراق ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەمجۆرە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سی ئای ئەی دا هەبووە. خەزرەجی لە نەخشە و پلانێکی تایبەتدا لەژێر ناوی “البرج البابل” دا نووسراوە، ئەو لە ٤٢ لاپەرەدا بە وردی پلانی چۆنیەتی ڕاکێشانی ئەفسەرە ناڕازیەکان و کۆکردنەوەیان بۆ ئەنجامدانی کودەتایەک لە دژی دیکتاتۆر سەدام حوسێن دا گوزارشت کردووە ( DR online, 2/2-2007).
بەپێی گوتنی خۆی لە چاوپێکەتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی” العربی” دا دەڵێت، کە لە ئوردن بوو لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی چۆتە بریتانیا و لای جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم بۆ ماوەی هەفتەیەک ماوەتەوە و هەمیشە بەیەکەوە بوون. هەروەها هوشیار زێباری لەسەر داوای مەسعود بارزانی بانگهێشتی کردووە و سێ ڕۆژ لەگەڵ ئەواندا ماوەتەوە و زۆریان ڕێز لێگرتووە .
نەزار خەزرەجی لە مانگی ژولای ١٩٩٩ دا دێتە وڵاتی دانیمارک و داوای مافی پەنابەرێتی دەکات، بەڵام داواکەی ڕەتدەکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو سەرۆکی سوپا بووە و گومانی لێدەکرێت کەوا لە کاتی هێرشەکانی سوپای ئێراق بۆسەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هەبووبێت. وەکو دوو ساڵ دواتر لە هەواڵی ڕۆژانەی وەزارەتی دادەوە لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا هاتووە فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران Udlændingestyrelsen هۆکاری گونجاویان هەیە و وایدەبینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە. دوای ئەوە جۆرێك لە مافی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە”ی پێدەدرێت لەژێرناوی tålt ophold واتە مانەوەی تا ناردنەوەی بۆ وڵاتی خۆی یا وڵاتێکی دیکەی ئارام بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست ببێت. چونکە لەئەگەری ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتیدا بەپێی کۆنڤەنسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دانیمارک ناتوانی کەسێک بۆ شوێنێک یا وڵاتی خۆی ڕەوان بکاتەوە ئەگەربێتوو ئەوکەسە لەکاتی گەڕانەوەیدا مەترسی لەسەر ژیانیدا دروست ببێت. هەروەها لەبەر ئەوەی دانیمارک ڕێکەوتنی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەران نەبوو، دانیمارک نەیدەتوانی ڕەوانی هیچ وڵاتێکی عەرەبی بکاتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە خەزرەجی بۆی هەبوو بۆ وڵاتێک بچێت ئەگەر ڤیزای پێ بدرێت. دوای ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتی، نەزار خەزرەجی ڕایدەگەیەنێت کە نایەوێت لە دانیمارکدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێ بڕوا بۆ وڵاتێکی عەرەبی و لەوڵاتێکی عەرەبیدا بژیت. خەزرەجی پەیوەندی بە بالوێزخانەی سعودیای عەرەبی لە لەندەن دەکات و داوای ڤیزایان لێدەکات، باڵوێزخانەی سعودیا بەڵێنی ڤیزای پێدەدەن. لە ١٨ی ئۆتۆبەری ١٩٩٩ دا داوا لە بەڕێوەبەریی کۆچبەرانی دانیمارک دەکات ڤیزاپاسی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بتوانێ بۆ وڵاتی سعودیا بچێت. دووبارە لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە ئانەس جۆسیفسن Anders Josefsen داوا لە بەرێوەبەریی پۆلیس دەکات پەلە لە دەرکردنی ڤیزاپاسەکە بکەن.
لە ٣٠ سەپتەمبەری ٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی لە بوونی فەرماندەیەکی پلە باڵای سەربە سوپای ئێراق لە دانیمارک ئاگادار دەبنەوە و بەشوێنی ژیانی دەزانن. بەر لەوە کوردەکانی خوێندگەی زمان دەیناسنەوە، ئامادەنابن لەگەڵ ئەودا زمان بخوێنن، وە گوشار دەخەنە سەر خوێندگە و شارەوانی شارەکە کە دەریکەن . دەکرێ لەم ڕێگەیەوە بۆ میدیای دانیمارکی ئاشکرابووبێت. شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری سۆرۆ (سۆغو) Sorø لە شوقەیەکدا بە ناونیشانی Frederiksbergvej 40 2. tv. دەبێت. ئەو پێزانینەی میدیاکان دەبێتە هۆی هەڵکردنی شەپۆڵێکی گەورەی سیاسی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتە چەپەکان دژ بە وەزیری دادی دانیمارک کە ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen بوو کە سەربە پارتی سۆسیال دیموکرات بوو. وەکو دواتر دەرکەوت بەپێی رۆژنامەی یولاند پۆستن Jylland Posten )٢٣/٣/٢٠٠٣( دەزگای بەڕێوەبەریی پەنابەران ڕێگەی مانەوەی بە خەزرەجی لەژێرناوی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە” داوە بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە پۆلیس، هەواڵگری بەرگری یا وەزارەتی داد لێی ئاگادار بن. کە بەوە دەزاندرێت ڕەخنەی تووند ئاراستەی وەزیری دادی ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen دەکرێت. بەڵام دوای ئەوەش بارەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و خەزرەجی هەر لەشوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە و” چاودێریکردنی” لەلایەن پۆلیسەوە درێژەی پێدەدرێت.
رۆژنامە سەرەکیەکانی وەکو پۆلیتیکن Politikken، یولاندپۆستن Jylland Posten، ئینفۆرمەشیۆن Information، ئێکسترا بلازت Ekstra Bladdet ، بی تی BT و ڕۆژنامەکانی دیکە و رۆژنامەی ناوچەییەکان و هەروەها هەردوو کەناڵی تەلەڤزیۆنی دی ئار DR و تیڤی توو TV2 لەسەر خەزرەجی و ئەگەری بەشداری خەزرەجی لە کۆمەڵکوژی کوردەکان لە کوردستانی ئێراقدا لەساڵی ١٩٨٨ دا بەکورتی دەنووسن و گوزارشت دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١دا هۆکاری لێکۆڵینەوە لە کەیسی خەزرەجی دەست پێدەکات کاتێ لەلایەن فەرمانگەی بەرێوەبەریی پەنابەرانەوە Udlændingestyrelsen لە ڕۆژی ١٧/٨/٢٠٠١ دا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دانیمارک دەنێردرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی کەیسێکی تاوانکاریی کە ئایا خەزرەجی لە تاونکاریەکاندا تاوانی ئەنجامداوە یا نا، چونکە وەکو لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەوان هۆکاری تەواو گونجاویان هەیە لەوەی کەوا وای بۆ بچن کە خەزرەجی بەرپرسیاریی لەتاوانکاریەکانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا هەبووە”. داواکاری گشتی وڵات Rigsadvokaten بەناوی هێنینگ فۆدە Henning Fode (١٩٩٥-٢٠٠٧) لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا وەزیری ناوخۆ فرانک یەنسن ئاگاداردەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکە تەواو بووە و دەکرێ لێرە لە دانیمارکدا کەیسی تاوانکاریی دژ بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەزار خەزرەجی بکرێتەوە. هەروەها ئاگاداری کردۆتەوە کەوا کەیسەکە هەر لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن داواکاری گشتیەوە بۆ پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ شیلاند ناردووە بە مەبەستی ئەوەی کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت. بێگومان جێگەی پرسیارە کەوا بۆچی دوای دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی نێردراوە، لە کاتێکدا فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران گومانی بەهێزی لە بەرپرسیاریی خەزرەجی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە، وەکو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
ئەگەرچی لە ڕۆژنامەکاندا ئەوە نەنووسراوە بەڵام هۆی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی لە کەیسی خەزرەجی لە ڕۆژی ٣ی مانگدا پەیوەندی زۆری هەیە بە تەقینەوەی هەواڵەکە لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا کە بووەهۆی تەوژمێکی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژ بە حکومەت و وەزیری داد. ئەگەر گوشارە سیاسیەکە نەبووایە، لەوانەیە داواکاری گشتی پەلەی نەدەکرد و درەنگتر کەیسەکەی بۆ پۆلیس دەنارد. بۆ دانیمارک کەیسی تاوانبار خەزرەجی کەیسێکی گەورە و نائاسایی بوو. گوشاری سیاسی لەکەیسی ئەوها گرنگدا کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەیە کە حکومەت و بەتایبەتی وەزیری داد ناچاری وەڵام و جووڵە دەکەن. وەکو سێ ڕۆژ دوای هەڵمەتە سیاسیەکە لەڕێککەوتی ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر کەیسەکە ڕادەگەیەندرێت بەمەبەستی ئەوەی لە فاکت و ڕاستیەکانی کەیسەکە بگەن و بزانن ئایا دەکرێ ئەو بەڵگە و بنەمایانە بەدەست بهێنن کە وادەکات بتوانن تۆمەتی بەشداریی لە تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە سەرکردەی پێشووی ئەرکانی سوپای بەعس نەزار خەزرەجی بەرزکەنەوە و بەمجۆرە بیدەنە دادگا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٢٢/٥/٢٠٠٢ ئەوسا لە ڕێککەوتی ١٧/٤/٢٠٠٢ دا دەزگایەک بەناوی داواکاری دەوڵەت بۆ تاوانە نێونەتەوەییە تایبەتەکان (SAIS) Statsadvokatur for Særlige Internationale Straffesager, بۆ ماوەیەکی کاتی دامەزرا، ئەرکی ئەو دەزگایە تاوانە گەورە نێونەتەوەییەکانی دەرەوەی وڵاتی دانیمارک بوو. ئەوسا ١٦ کەیس لەبەردەستیان بوو. لەوێدا بێرگیتە ڤێستبێرگ Vestberg Birgitte وەکو پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ کەیسی تاوانە نێونەتەوەییەکان لە رۆژی ١/٦/٢٠٠٢ داندرا، ئەو دەبوایە لێکۆڵینەوە لەو کەس و کەیسانە لەم چوارچێوەیەدا بکات، ئەوسا کەیسی تاوانبار نەزار خەزرەجی کەیسی لەپێش و گرنگی ئەو دەزگایە بوو.
داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg ئاگاداری ئەوەبوو کەوا سعودیا بەڵێنی ڤیزای بە خەزرەجی داوە و خەزرەجی دەتوانێ وڵات بەجێبهێلێت هەر ساتێکدا ڤیزاپاسی بۆ بکرێت، واتە بەرلەوەی بڕیاری گرتنی تەواوی بۆ دەرچێت. ئەوەش گوشاری لەسەر دەزگای SAIS دروستکردبوو و تاکو پەلە لە کەیسەکە بکەن.
لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا پۆلیسی شاری رینگ ستیز (غینگ ستز) Ringsted لێپرسینەوە لە نەزار خەزرەجی دەکات و لەهەمان کاتدا دەستەیەک پۆلیس دەوری شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لە شاری سوغۆ دا دەگرن. دوای ٦ دەمژمێر لەلایەن دادگای شاری سۆرۆ Sorø لێپرسینەوەی دەستوریی لەگەڵدا دەکرێت و بەپێی بڕیاری دادگای شاری سوغۆ لەماڵەکەی خۆیدا دەخرێتە ژێر چاودێری پۆلیس. دادگابەئاماژە بە تاوانەکانی جەنگ بەپێی ڕێککەوتنامەی ژنێڤ ماددەی ١٤٦ و ١٤٧ هەروەها پێشێلی یاساکانی سزای دانیمارکی لە پەرەگرافی ٢٣٧، ٢٤٥، ٢٤٦ و ٢٥٠ کەیسی سزای بۆ دەکاتەوە، بەڵام نەزار خەزرەجی بێتاوانی خۆی ڕادەگەیەنێت. کەیسی خەزرەجی لەلایەن پۆلیسەوە کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ ئەوان یەک ساڵیان بۆ خۆیان تەرخانکردبوو بۆ لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی بەڵگە و دەکومێنت بۆ بەرزکردنەوەی تۆمەت دژ بە نەزار خەزرەجی (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣). واتە کەیسی خەزرەجی لای پۆلیس بوو و لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوو، خەریکی بەڵگە کۆکردنەوە بوون لەسەر تۆمەتبار، لەئەگەری بوونی کەیسی تاوانباریدا پۆلیس تۆمەت بەرەوڕووی تۆمەتباردا بەرزدەکاتەوە و دەینێرێت بۆ دادگا.
پارێزەرەکەی خەزرەجی سکاڵا دژی بڕیاری چاودێریەکەی تۆمار دەکات و کەیسەکە دەدرێتە دادگای پێداچوونەوە “دادگای ڕۆژهەڵاتی وڵات” ئوسترە لانسغات Østre Landsret، کە دادگایەکی پێداچوونەوەیە بە بڕیاری دادگای شارەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵات. لە ٢٩ی نۆڤەنبەری ٢٠٠٢ دا سێ دادوەر لە دادگای ئوسترە لانسغات Østre Landsret بڕیاری چاودێریی تاوانبار نەزارخەزرەجی و قەدەغەی دەرچوونی لە دانیمارک درێژ دەکەنەوە، بەمجۆرە دادگاکە بڕیاری دادگای شاری سوغۆ جێگیردەکاتەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ بۆیە ڕاستەوخۆ نەخرایە زیندان لەبەرئەوەی نووسراوی تۆمەتەبارییەکەی ئامادەنەبوو و لەژێر ئامادەکردندا بوو، ئەگینا ئەو دەیخواست لەزینداندا بێت.
لەبەر ئەوەی نەزار خەزرەجی هەستی بە هەڕەشە لەسەر ژیانی کردووە و ئەوەشی لە لایەن پۆلیس و دادگادا ئاماژە پێداوە، لەلایەکیتر لەبەر گرنگیی ئەو سەرۆکسوپا ڕاکردووە، بڕیاری چاودێریەکە بەم شیوەیە بوو: ڕۆژانە پۆلیسێکی شاری غینگ ستیز تەلەفۆنی بۆ خەزرەجی دەکرد و لە هەواڵ و بارودۆخ و مەترسیەکانی دەپرسی، وە نەزار خەزرەجی دەبوایە رۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینی لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای. ڕۆژانەش لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە دەکرا. دیارە دادگای شاری سۆرۆ داوای لە پۆلیس کردبوو بیخەنە ژێر چاودێری و ڕێگەی ڕاکردنی لێ بگرن، بەڵام ئەوەی کرا دەکرێ بڵێین پاسەوانی و پاراستنی ئەو بوو و تاڕادەیەک ئازاد بوو لە جووڵە و گەڕان. چونکە خەزرەجی جگە لەو کاتانەی بۆی دیارکرابوو دەیتوانی لە ماڵەکەی دەرچێت و بڕوات. بەپێی گوتنی ئەفسەری پۆلیس یەنس پیتەر گلێروپ Jens Peter Glerup کە ئەرکی زەنگ لێدانەکەی هەبوو، ئەو تەلەفۆنی بۆ کردووە، وە ئەگەر ژنەکەشی “لەتیفە” لە جیاتی خەزرەجی وەڵامی بدابایەوە و بیگوتبا کە خەزرەجی بار و تەندروستی باشە و هیچ مەترسیەک نییە ئاسایی پەسندکراوە، چونکە بۆ یەنس پیتەر گرنگ بووە کە دڵنیابێت لەوەی بارودۆخەکە باشە و ئەو لەوێیە و هیچی بەسەر نەهاتووە. وەکو ئەوە ئەرکی یەنس پیتەر بووە. هەروەها خەزرەجی خۆی لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەچۆتە لای پۆلیس چونکە وەکو لە ڕاپۆرتی داواکاری گشتیدا هاتووە “نەیانویستووە زیاد لەپێویست ماندووی کەن”، بۆیە لەجیاتی ئەوە پۆلیسێک هاتۆتە لای. هەروەها پۆلیس نەیویستووە خەزرەجی “هەراسان بکات” لەو کاتانەی ئەو خەوتووە. ژنەکەی خەزرەجی لەتیفە لە مانگی دیسەمبەردا گەشت دەکات بۆ وڵاتی سعودیا و هیچ بەربەستێک لەلایەن پۆلیسەوە نابینێت چونکە ئەو سکالای لەسەر نەبووە، هەروەها پۆلیس کوڕەکانی خەزرەجی “محەمەد و ئەحمەد” ناخەنە ژێر چاودێری و گوێ لە تەلەفۆنەکانی ئەوان ناگرن. لەکاتێکدا ئەوان چاڵاکانە زەنگ بۆ ئەملاوئەولا لێدەدەن.
ئەوسا لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٢ ئەمەریکا بەگەرمی خەریکی هێز کۆکردنەوە بوو دژ بە رژێمی بەعسی ئێراق و مەبەستی ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێنی هەبوو، لەلایەن میدیای جیهانی و دانیمارکیەوە دیدار لەگەڵ خەزرەجیدا دەکرێت و سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئەو لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێندا لەگەڵی دەدوێن. لە دیدارێک لەگەڵ یولان پۆستندا Jylland Posten خەزرەجی ئامادەیی خۆی بۆ سەرپەرشتی سوپا دژ بە سەرۆکی دیکتاتۆری ئێراق ڕادەگەیەنێت و دەڵیت “دەمەوێ بەگەڕێمەوە ئێراق و دەتوانم وەکو پێشوو سەرپەرشتی سوپا بکەم و بوونم لەوێ وادەکات بەشێ لەسوپا لە دژی سەدام حوسێندا هەڵگەڕێنمەوە”. خەزرەجی خۆی زۆر بە دەسەڵات و توانا وێنە دەکات بەجۆرێک ئەو خۆی وەکو “شێرێک لە قەفەزدا” دەبینێت وەکو بۆ BBC باسکردبوو. گوتبووی “خەڵک لە ئێراقدا چاوەڕیی منن بەڵام ناتوانم هیچ بکەم چونکە دانیمارک ڕێگەم نادات بڕۆم”. هەروەها ڕەتی بێتاوانی خۆی دووپاتدەکردەوە و دەیگوت ئەگەر تاوانباربم چۆن “سەرکردە کوردەکان” پشتگیریم دەکەن.
بەپێی ڕۆژنامەی دانیمارکی یولاند پۆستن (ڕێککەوتی ٢٠/١١/٢٠٠٢) لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ١٩/١١/٢٠٠٢ دا ئەمەریکا بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ دادگاییکردنی نەزار خەزرەجی دەخاتەڕوو، وە ئاماژە بەگرنگی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکومێنت سەبارەت بە پێشێلکاری و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەکات. بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەی یولاند پۆستن لەئەگەری ڕووخاندنی سەدام حوسێندا ئەمەریکا بیری لە هیچ پۆستێکی گرنگ بۆ نەزار خەزرەجی نەکردۆتەوە. لەڕاستیدا ئەوە ئاماژە بوو بەوەی کەوا خەزرەجی ئەو گرنگیەی پێشووی لای ئەمەریکایەکان نەمابوو.
بەپێی بیرۆی هەواڵەکان ڕیتزاو Ritzau چەند هەفتەیەک بەر لە ڕاکردنەکەی خەزرەجی، پارێزەری دەوڵەت لە ئەگەری ڕاکردنی خەزرەجی ئاگادار دەکرێتەوە، هەروەها پێشتر لە ڕێککەوتی ٤/٢/٢٠٠٣دا لەلایەن چاڵاکوانانی کورد لە دانیمارکدا ئەم مەترسیە بە ئۆفسی پارێزەری دەوڵەت گەیەندراوە . بەڵام ئەوە نابێتەهۆی تووندکردنی چاودێری لەسەر ماڵەکەی خەزرەجیدا. بەپێی گوتن و تێبینی یەکێک لە درواسێکانی خەزرەجی بەناوی یان کۆلدینگ Jan Colding، کە ماڵەکەی لەبەرامبەری ئەو بووە و پۆلیس بۆ چاودێری بەکاریان هێناوە، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونەکەی هەست بە چاودێری پۆلیس بەشێوەیەکی ئەوتۆ ناکرێت. بەهەمان شێوە نەمانی چاودێری دەبێتە جێگەی تێڕامانی چەند دراوسێیەکی دیکەش.
وەکو بڵاوکراوەتەوە لە” ١٧ی مارسی ٢٠٠٣ ” دا نەزار خەزرەجی لەماڵەکەیدا دەردەچێت و بێسەر و شوێن ون دەبێت. ئەو “ڕۆژە” کوڕەکەی هەواڵی بزربوونی باوکی بە پۆلیس دەگەیەنێت. بەڵام لە راستیدا خەزرەجی چەند ڕۆژێک پێشتر لە دانیمارک دەرچوو بوو. ونبوونی نەزار خەزرەجی پرسیار و گومان دروست دەکەن و ڕەخنە لە حکومەت و وەزیری دادی ئەو کاتە لێنە ئیسپەرسن Lene Espersen کە سەر بە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو دەگیرێت. داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg دەڵێت ئەو چاوەڕوانی ئەوەی لە خەزرەجی کردووە کەوا “ڕیز لە بڕیاری دادگا دەگرێت و ناڕوات”.
لە ٢١ی ئازاری ٢٠٠٣ دا ڕۆژنامەی یولاند پۆستن Jyllands-Posten بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی و هەشت لە ئەفسەرانی کۆنی ئێراقی ئێستا لە ئێراقدان. لە ٢٢ی ئازاردا ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا ڕاکردنی خەزرەجی لەلایەن سی ئای ئەی CIA ـەوە ڕێکخراوە. لە ١٦ی ئەپریلدا رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەرچوونی ژن و کوڕەکانی خەزرەجی لە دانیمارک بڵاودەکاتەوە.
ڕەوەندی کوردی و چاڵاکیەکانیان لە کەیسی نەزار خەزرەجیدا
ئاشکرابوونی خەزرەجی لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە دانیمارکدا دەجووڵێنێت، کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde و کۆمەڵەی دیکە بیریان لە خۆپیشاندان کردۆتەوە، خۆپیشاندان لەبەردەم پەرلەمانی دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن کۆمەڵەی کوردی غۆسکیلەوە ئەنجام دەدرێت و نامەیەک لەلایەن نەوزاد مارفەوە دەدرێتە پەرلەمان. بەپێی ئەو ئەرشیفەی لای نەوزاد مارفە لە کۆبوونەوەیەکدا هەندێ لە کوردەکانی دانیمارک بە بەشداری ١٤ کەس لە ڕۆژی ٢٨/١٠/ ٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” دامەزرا. بەپێی نووسراوەکە بەر لە کۆبوونەوەی دروستبوونی کۆمیتەکە نوێنەری کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڤایلە Vejle ئاسۆ کاکەیی ئاماژە بەوە دەکات کەوا نامەی بۆ وەزیری داد ناردووە، هەروەها دەرسیم دیبەگەیی و کرمانج شەوکەت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانیش سکالایان لە دژی خەزرەجی تۆمارکردووە. سکاڵای دەرسیم دیبەگەیی لە رۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا ناردراوە، هەروەها لەڕۆژی ٦/١٠/٢٠٠١ دا پێنج کەس بەناوەکانی جەعفەر عەبدوڵڵا نەسروڵڵا، فوئاد حەمە فەرەج نانەوا، کرمانج شەوکەت عەبدولڕەحمان، لەمیعە عەبولە عومەر و دەرسیم ڕەحمان فەرحان چوونەتە نووسینگەی پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist و ئەویان کردۆتە پارێزەری خۆیان بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان بگەیەنێتە پۆلیس .
کۆمیتەکە بەمەبەستی کۆکردنەوەی دۆکۆمێنت، پەیداکردنی دیتەر و سکاڵاکار هەروەها پەیوەندی بە ڕۆژنامە و پۆلیس و دادگا کەسایەتییە سیاسیەکان و پەرلەمان و حکومەتی دانیمارکی بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی دامەزرا. کۆمیتەکە دوو لیژنە پێک دەهێنێت، یەکەم لیژنە لیژنەی کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەنە کوردیەکان لە کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بە دەرسیم دیبەگەیی و ئەحمەد عەزیز دەسپێردرێت. لیژنەی دووەم لیژنەی پەیوەندیەکان لەگەڵ دانیمارکی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە نەوزاد مارف، مریەم شکاک، کرمانج شەوکەت و فەهمی عەبدولحەمید دەسپێردرێت.
دواتر کەسانی دیکەش دێنە ناو کۆمیتەکە لەوانە گۆران هەڵەبجەیی و منیش بووم بە ئەندام لە کۆمیتەکە، بێگومان کەسانی دیکەی خۆبەخش هاوکاری کۆمیتەکەیان بەجۆرێ لە جۆرەکان کردووە کەلێرەدا ناویان نەنووسراوە. گۆران هەڵەبجەیی ئەرکی ڕاگەیاندنی لە ئەستۆدا بوو، وەکو لە یەکێک لە لێپرسینەوەکانی خەزرەجی لە دادگادا لەدوای تەوابوونی و هاتنەدەرەوەی لەدادگادا لە ١٧/١/٢٠٠٢دا، چەند پرسیارێک ئاراستەی نەزار خەزرەجی دەکات. ڤیدیۆکلیپەکە ئێستاش لە یوتوپدا YouTubeهەیە. کۆمیتەکە سەربەخۆ و خۆبەخشانە بوو و هیچ لایەنێکی سیاسی لەپشتی دروستکردنیدا نەبوو.
دوای دامەزراندنی کۆمیتەکە، دەستەی بەرگری لە شاری کەرکوک کەلەلایەن ئەحمەد عەزیزەوە سەرپەرشتی دەکرا، لە نزیکەوە هاوکاری کردووە، هەروەها ڕێکخراوی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و ژینۆسایدی گه‌لی کورد (چاک) هاتە پاڵ هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی نەزار خەزرەجی و هاوکاری کرد و بەشداریی لە چاڵاکیەکاندا هەبوو. دیارە هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی تاوانبار خەزرەجی لە دانیمارک بووە هاندەرێک و کاریگەری هەبوو لە دروستبوونی ڕێکخراوی چاکدا کە چەندین ساڵ دواتر ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە کەیسەکانی گەلکوژیدا لەئاستی ناوخۆیی و جیهاندا لە ئاستی جیاجیادا هەبوو لەوانە هەوڵەکانی چاک لە کاتی دادگاییکردنی بازرگانی هۆڵاندی فرانس ڤان ئەنرات، ناساندی تاوانی ئەنفال لە پەرلەمانی سوید وەکو تاوانی گەلکوژی، ڕێکخستن یا بەشداری لە دەیان کۆڕ و سمینار و بۆنەی گرنگدا کە تایبەت بە تاوانی گەلکوژی سازدەکران هتد. چاک هاوکاربوو لەو خۆپیشاندانە گەورەیەی کە بەبۆنەی یادی هەڵەبجە بۆ کوردانی تاراوگە لە بەردەم شارەوانی کۆپنهاگن لە ١٦/٣/٢٠٠٢ دا سازکرا ، کە لەو کاتدا بابەتی خەزرەجی بابەتێکی گرنگی ڕۆژ بوو و بۆیەش خۆپیشاندانەکە لە کۆپنهاگن سازکرا و هەوڵدرا زۆرترین کەس لەوێ کۆبکرێتەوە و خۆپیشاندانێکی گەورەی کوردان ساز بکرێت. جێگەی بیرخستنەوەیە ڕەوەندی کوردی وەکو پێویست بەدەنگ خۆپیشاندانەکەوە نەهاتن، ژمارەی ئامادەبووان هەزار کەس نەدەبوو. بۆیە خۆپیشاندانەکە ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەهێنا کە دەخوازرا.
دوای ئەوە سکاڵای دیکەش دژ بە خەزرەجی تۆمار دەکرێت لەوانە سکاڵای خەلیل محمەد ڕەشید لە وڵاتی سویدەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا تۆمار دەکرێت. دەکرێ سکاڵای دیکەش هەبن کە لێرەدا نەنووسراون. جگەلەوە رێکخراوی کوردی لە نەرویژ، سوید، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کەنەدا، ئەمەریکا و ئوسترالیا و شوێنی دیکە هاوکاری خۆیان بەنامە یا لەڕێگەی هاوکاری ڕاستەوخۆوە یا بەشێوەی دیکە بۆ کۆمیتەکە دەربڕیووە. کەسانی خۆبەخش لەوڵاتانی دیکەوە وەکو هۆڵاند و سویسرا و ئەڵمانیا هەوڵیانداوە یا هاوکاریان پێشانداوە و نامەیان ناردووە. لەڕێگەی ڕێکخراوی ئەمنستیەوە پشتگیری پرۆسەی دادگاییکردنەکە کراوە، بۆنمونە هیوا ناسیح وەکو ئەندامی ئەمنستی لە وڵاتی سویسرا لەم ڕێگەیەوە ئەمسنتی هیناوەتە ناو بابەتەکە و پشتگیری دادگاییەکەی کردووە. لە ڕۆژنامەکاندا لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی نووسراوە یا وەڵامی ئەوانە دراوەتەوە کەوا بەرگریان لە خەزرەجی کردووە. لەوانە د. جەبار قادر لەژێر ناوی ئارام زندیدا وتاری لە رۆژنامەی زەمان و شەرقولئەوسەتدا بڵاوکردەوە، جگەلەوە گەواهیشی لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی دایە پۆلیس.
هەروەها لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و سۆسیال میدیاوە کە ئەوسا پاڵتۆڵک Paltalkهەڕمێنی هەبوو، لە پاڵتۆلکدا کۆڕ و کۆبوونەوە و چاڵاکی بەردەوام لەسەر تاوانبار نەزار خەزرەجیدا هەبوو، بەتایبەتی لە “ژووری پێشکەوتووخوازاندا” کە عەلی مەحمود و قادر نادر و هاوڕێیانیان بەڕێوەیان دەبرد، شەوانە کۆڕ و کۆبوونەوە و گوفتوگۆ و دیبات هەبوو، نووسەران و چاڵاکوان و کەسانی شارەزا لە کورد و عەرەب یا خەڵکی دیکە یا دیتەرانی تاوانکاریەکان بەچڕی بەشداریان کردووە. زیاتر لە ساڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر خەزرەجی و تاوانەکانی، کۆبوونەوە و دیبات سازکران.
جگەلە سازکردنی خۆپیشاندان بۆ ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە شارەکانی دانیمارک، سازدانی دیدار لەگەڵ ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنی دانیمارکی، کۆمیتەکە دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەنی جیاجیاوە پەیوەندی پێوەبکرێت و دەکومێنتی گرنگی وەکو گوتن و گوزارشتی ئەفسەر و کەسانی دیکە بەدەست دەگات. کۆمیتەکە هەرچی لێدوان و گوزارشتی دیتەران بەزمانی عەرەبی دەستی دەکەوێت دەیکاتە دانیمارکی و بۆ پۆلیس و داواکاری گشتی و وەزارەتی داد دەینێرێت. جگەلەوە بەڵگەی تاوانکاریەکانیان بۆ ڕۆژنامەکانیش ناردووە.
کۆمیتەکە هەر بەڵگەیەکی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەکاتی ئەنجامدانی تاوانکاریەکاندا یا گوزارشتێکی دیتەران یا بەشدارانی دەستکەوتووە لەپێشدا زوو بۆ پۆلیسی ڕینگ ستز (غینگ ستز) Ringsted زیاتر بۆ دوو کەس ناردراوە بەناوەکانی ئەریک هالد Erik Hald و بێنی فرێدریکسن Benny Frederiksen، هەروەها ناونیشان و شوێنی ئەو کەسانەی کە هاتوونەتەپێش و ویستوویانە بئاخڤن و گوزارشت لە بەشداریی تاوانبار بدەن بۆ پۆلیس دیارکردووە و داوای لە پۆلیس کردووە کە بچن دیدار لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن. لەوانە کەسانی گرنگی سەر بە سوپا لە وڵاتی ئوردن هەبوون. هەندێ لە دیتەرانی تاوانکاریەکان کە پێشتر لە سوپادا بوون و عەرەب بوون ئامادەیی خۆیان بۆ گوتن و گوزارشت لە ڕووداوەکان و سەڵماندنی بەشداریی خەزرەجی لە تاوانەکاندا خستەڕوو.
بەپێی ئەو ئەرشیفەی کە نەوزاد مارف لای خۆی پاراستوویەتی یەکەم نامەی کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde بە زمانی دانیمارکی لە ڕێکەوتی ٤/١٠/٢٠٠١ بۆ پەرلەمان و حکومەت ناردراوە کەلەلایەن نەوزاد مارفەوە نووسراوە، کە پەیوەستدارە بە خۆپیشاندانەکەی بەردەم پەرلەمان لەهەمان ڕۆژدا. دوای دروستکردنی کۆمیتەکە بەناوی کۆمیتە و دەرسیم دیبەگەیی نامە بۆ سەرۆکی پۆلیسی شاری ڕینگ ستیز لە ڕێکەوتی ٢٨/١/٢٠٠٢ دەنێردرێت و تیایدا چۆنیەتی بەشداریی تاوانبار نەزار خەزرەجی لەتاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت. سەبارەت بە ئاماژە بە بەڵگەکانی بەشداریی تاوانبار لە تاوانەکەدا چەند نامەیەکی تر لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بۆ پۆلیسی ڕینگ ستیز نێردراوە. کەسی پەیوەندیکەر لەنێوان کۆمیتە و دامەزراوە دانیمارکیەکاندا نەوزاد مارف بوو وەکو بۆ ئەو لیژنەیە دیارکرابوو، بەڵام دەرسیم دیبەگەییش پەیوەندی چاڵاکانەی هەبووە و دەکومێنت و نامەی ناردووە. نامەیەکی زۆر لەلایەن نەوازد مارفەوە نێردراون یا وەرگیراون. جگەلە پۆلیس و وەزارەتی داد، کۆمیتەکە نامەی بۆ یەکە بە یەکەی ئەندامانی پەرلەمان ناردووە. دیارە نامەی دیکە یا پەیوەندی دیکەش لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەکە کە لە هەمان لیژنەدا کاریان کردووە دەکرێ هەبووبێت کە ئێستا لەو ئەرشیفەی بەردەستدا نین.
کۆمیتەکە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٢ دا پەیوەندی بە پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist دەکات، ئەویش لە ٨ی مارسی ٢٠٠٢ دا نامە بۆ پۆلیسی غینگ ستز دەنێرێت و داوادەکات تۆمەت بەرەوڕووی تاوانبار نەزار خەزرەجی بەرزکرێتەوە، هەروەها پۆلیس بچێتە وڵاتی ئوردن گوزارشت لە چەند کەسێکی گرنگی سەر بە سوپای ئێراق لەوێ وەربگرێت، کە بەڵێنیان داوا گوزارشت بدەن. ئەو نامەیە دوای ئەوە دێت کە بێ ڕوونکردنەوەی گونجاو ئەو گەشتەی پۆلیس بۆ وەرگرتنی گوزارشت لە ئەفسەرێکی دیاری کۆنی سوپای ئێراق کە دیتەری ڕووداوەکان بووە، هەڵدەوەشێندرێتەوە. پارێزەر بیۆن ئێلمکویست خۆی لە نامەکەیدا کە بۆ پۆلیسی ناردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە کوردەکان لە پایزی ٢٠٠١ دا پەیوەندیان پێوە کردووە و داوای هاوکاریان لێکردووە، بەڵام نامەی پێشتر لەم ڕێککەوتەی ئاماژەی بۆ کرا لە ئەرشیفەکەدا نییە.

نامەکانی بەرگری لە نەزار خەزرەجی
لەکاتی بڕیاری چاودێریرکردنی نەزار خەزرەجیدا چەند نامەیەکی بەرگری لە خەزرەجی لەلایەن لایەنە کوردی و عەرەبیەکانەوە بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ ساڵی ٢٠٠٢ دا دەنێردرێت. نامەکانی پشتگیری و پاکانەی لایەنە کوردیەکان:
1. نامەی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەلال تاڵەبانی، ڕێککەوت ٢٨/١١/٢٠٠٢: لەنامەکەدا جەلال تاڵەبانی خۆی وەکو دیتەرێک دەخاتەڕوو و بەرگری لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا ژەنەرال نەزار خەزرەجی دەکات، وەکو دیتەر گوزارشت دەدات و دەنووسێت “ئەو لە گەنجایەتیەوە کەسێکی نیشتیمانی بوو، کە بووە بەعسی سەر بە باڵی چەپ بوو دژی باڵەکەی سەدام حوسێن بوو، کە کرایە سەرۆکی ئەرکانی سوپا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیەوە هەبوو و کۆبوونەتەوە و زانیاری هەواڵگریان سەبارەت بە چاڵاکیەکانی سەرکردایەتی و سەدام حوسێن گۆڕیوەتەوە. لەیەکێک لە سەردانەکانی جەلال تاڵەبانی بۆ بەشی سەرۆکایەتی فەیلەقی یەک داوای لە خەزرەجی کردووە کەوا وەکو ئەفسەرێکی نیشتیمانی دژی ڕژێم ناوی جەلال تاڵەبانی لای خۆی تۆمارکات. ئەو ژوورێکی تایبەتی بۆ کۆبوونەوەیان سازکرد بەمەبەستی یەکخستنی چاڵاکیەکانیان لە دژی دیکتاتۆردا. بەپێی باشترین زانیاری جەلال تاڵەبانی، ژەنەڕال خەزرەجی خۆی بەشداری نەکردووە و فەرمانی نەداوە نە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا نە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا. فەرمانەکە ڕاستەوخۆ لەلایەنی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و عەلی حەسەن مەجیدەوە بوو”. لە خاڵی کۆتاییدا دەنووسێت “بەڕای تایبەتی خۆم ڕژێمی ئێراق هانی پەکەکە و کوردە ئێراقیەکانی دی داوە، ئەوانەی کە کاریگەری تراژیدیای هەڵەبجەیان بەسەرەوەیە و بێئاگان لە پەیوەندی نێوان ژەنەڕال خەزرەجی و ی.ن.ک دا، هەڵمەت لە دژیدا بەرپاکەن. ئەو تۆمەتانەی کە بەتایبەتی لە دوای ئاشکرابوونی ژەنەڕال نەزار خەزرەجی وەکو سەرۆکی داهاتووی ئێراق دەرکەوتووە، دروستکراوە و هیچ بەڵگە و بنەمایەکیان نییە”.
2. نامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێککەوت١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی دەرەوە د. فوئاد مەعسوم نوسراوە، “لەنامەکەدا هاتووە فەریقی یەکەمی ڕوکن نەزار خەزرەجی کەسایەتیەکی سەربازی و نیشتیمانی درەوشاوەی ناسراوە، بەپێی زانیارەکانیان بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفالدا نەبووە، ناسراوە بەوەی کە دژی تاوانەکانی جەنگ بووە، کەسایەتییەکی خاوەن ڕێز و تەقدیرە”.
3. نامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێککەوت ١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە دڵشاد میران نووسراوە، لەنامەکەدا هاتووە “کە ژەنەڕال خەزرەجی لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە لەئێراق ڕایکردو بە کوردستاندا ڕەت بوو، ئەو کەسێکی دانپێندراوی ناسراوی سیاسیە و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ پارتە کوردیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیدا هەیە، ئەو لە تاوانەکانی ساڵی ١٩٨٨ دا بێتاوانە، تاوانەکە لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدەوە ئەنجامدراوە. هەوڵی دادگاییکردنی ئەو دەبێتە ناوزڕاندنی ژەنەڕال خەزرەجی و خزمەت بە سەدام حوسێن دەکات و وادەکات کەسانی دیکە نەوێرن ڕابکەن و بێنە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی. وە هیوادارە ئەو گەواهیدانە سروشتی تۆمەتەکان یەکلاکاتەوە”.
4. نامەی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ژمارە ٨١٤ لە ڕێککەوت ١٦/٣/٢٠٠١ (ساڵەکە بەهەڵە نووسراوە، ساڵەکە ٢٠٠٢ بوو): نامەکە لەلایەن بەپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئیحسان عەبدولعەزیز نووسراوە. لە نامەکەدا هاتووە کەوا “فەریقی روکنی یەکەم سەرۆکی ئەرکانی پێشووی سوپای ئێراق دۆستی بزوتنەوە ئیسلامی کوردستانە و سومعەیەکی باشی لەنێو جەماوەری کوردستاندا هەیە، بزوتنەوە شاهێدی زیندووی شاری هەڵەبجەیە و پێشڕەو و سەرۆکیان شێخ عەلی عەبدولعەزیز دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا شاهێدە، دڵنیایان دەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید ئەوان لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی ئەنفال بەرپرسیارن. دڵنیایان دەکاتەوە کەوا بەڕێز خەزرەجی بێتاوانە لەم دوو تاوانە، ئەو هاووڵاتیەکی شەریفە و هەر کە دەرفەتی دەستکەوت دژی سەدام و ڕژێمەکەی وەستایەوە و هەموو پلە و پایەکانی خۆی جێهێشت، وە داوادەکات کەوا ژیانی ئەو و خێزانەکەی بپارێزن چونکە ڕژێمی ئێراق ڕژێمێکی ئیرهابیە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ نادات”.
5. بەپێی سەرچاوەیەک مەسعود بارزانی و هەروەها ئیحسان مەلا عەلی نامەی تایبەتی بەرگریان بۆ خەزرەجی ناردووە. (ئەم نامانەم نەدیووە، بێگومان لەئەگەری پەیداکردنی نامەکاندا ئەوانیش دەخەینەبەرچاو).

نامە و بەرگری لەلایەن لایەنە عەرەبیەکانەوە:
1. بەپێی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن نامەیەک کەلەلایەن ٧ لە کەسی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی واژوو کراوە. ئەوانە کە کۆنە بەعسی بوون و پلەی وەزیر و مامۆستای زانکۆ و فەرماندەیی سەربازیان لەنێو ڕژێمدا هەبووە نامەی پاکانەیان بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە ڕێککەوتی ٦/١٠/٢٠٠٢ دا نارد و ئەوسا لە ڕۆژنامەی زەمانی عەرەبیشدا بڵاوکراوەتەوە، ناوی کەسەکان وەکو لە رۆژنامەی پۆلتیکینی دانیمارکی بڵاوکراوەتەوە: ١. عبد الجانی الراوی ٢. هیشام الشاوی ٣. فارس حسین (یەکێ لەتاوانبارە سەرەکیەکانی ئەنفال، سەرۆکی فەیلەقی پێنج لەکاتی ئەنفالەکاندا کە ئێستا لە وڵاتی نەمسا دەژی) ٤. عادل الجبوری ٥. د. حسین الجبوری ٦. وسام السمیدعی ٧. عبدالسلام المیاحی. بەپێی ئەو نامەیەی لای دەرسیم دیبەگەیی هەیە ئەوانە ٨ کەسن. ناوی سعدون الدلیمی لەگەڵدایە. لەنامەکەدا بەرگری لە بێتاوانی خەزرەجی لە تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال دەکەن، وەکو کەسێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خاوەن کەسایەتی پێناسەی دەکەن و کە دژی ڕژێم وەستاوەتەوە، هەروەها پێیانوایە کەوا موخابەراتی ئێراقی لەپشتی ئەو هەڵمەتەن کە دەیانەوێ ناوی خەزرەجی بزڕێنن هتد. هەروەها ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە خەزرەجی دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو ئاماژەی بۆ دەکەن.
من لە ٢٥/١٠/٢٠٠١دا لە وتارێکدا لەژێر ناوی “تاوانباری جەنگ بۆ دادگا” کە لەرۆژنامەی پۆلیتیکندا بڵاوکرایەوە جگە لە ئاماژە بە شداریی خەزرەجی لە تاوانەکانی سوپای ئێراق و بەتایبەتی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، پێویستبوونی دادگاییکردنی ئەو تاوانبارەم بەکورتی ڕوونکردەوە، ڕەتی بانگاشەی نامەی ٧ کەسە ئێراقیەکەم کردەوە.
2. نامەی سڵاح عومەر عەلی سکرتێری تجمع الوفاق الوطني الدیمقراطي العراقي بە ڕێککەوتی ٨/١٠/٢٠٠١ نووسراوە.
3. گروپی جمعیة الحقوقیین العراقیین بەیانێک بڵاودەکەنەوە و بەرگری لە نەزار خەزرەجی دەکەن. ڕۆژنامەی زەمان لە ڕێککەوتی ٣٠/١١/٢٠٠٢ دا بڵاویکردۆتەوە. ئەوانە ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە کەیسی خەزرەجی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە خەزرەجی چەکی کیمایی دژی کوردەکان بەکار نەهێناوە و بێتاوانە وەکو ئەو سەرۆکی تەقلیدی ئەرکانی سوپا بووە و فەرمانی ڕاستەوخۆ لە دەست ئەودا نەبووە. لە نامەکەدا ئاماژە بە مانەوەی خەرەزجی لای سەرکردایەتی پارتە کوردیەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو بەکاری دەهێنن.
دەکرێ نامەی دیکە هەبن کە لەو ئەرشیفەکەدا نین یا بڵاونەکراونەتەوە. ئەو نامانە هەندێکیان لە ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکانی دانیمارکیدا ئاماژەیان پێدرا یا بڵاویش کرانەوە. هەروەها لە رۆژنامە عەرەبیەکاندا وەکو رۆژنامەی زەمان بڵاوکراونەتەوە یا ئاماژەیان پێدراوە. من جارێک بەناوی کۆمیتە داوای هەموو بەلگە و دەکومێنتەکانم لە وەزارەتی داد کرد، دوای دوو سێ هەفتە ئەوەی بەپێی یاسا ڕێگەی پێدەدرا بۆیان ناردم، منیش بۆ دەرسیم دیبەگەییم نارد.
لەبەرامبەر ئەم نامانەدا کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی پەرچەکرداری هەبوو، بەیانیان بڵاوکردۆتەوە و نامەیان بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد لەمبارەیە ناردووە، هەروەها نامەی تایبەتی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێککەوتی ١٧/١٠/٢٠٠٢ دا ناردووە و داوای لێکردوون دەست تێکەڵی پرۆسەی دادگاییەکە نەکەن. هەروەها لەهەمان ڕێککەوتدا نامەی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان نێردراوە و هەمان داوای لێکراوە و داواکراوە نامەیەک لەپەرلەمانی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی داد بنێرن و جەخت لە سەربەخۆیی پرۆسەی دادگاییەکە بکەن و لەئەگەری سەڵماندنی تاوانباریی خەزرەجیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکە و سزاکەی ڕابگەیەنن.
سەبارەت بەنامەکانی کەسایەتی و لایەنەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg جەختی لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی دەزگای لێکۆڵینەوەی کەیسەکە کردوەوە و گوتی “ئەو نامانە گوزارشت لە هەڵوێستی سیاسی دەکەن و هیچ کاریگەریان بۆسەر لێکۆڵینەوەی ئەوان نابێت”.
نەزار خەزرەجی کە لە ئێراق ڕایکرد و پەیوەندی بە CIA و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیەوە هەبوو، کە لەدانیمارک بوو دژی سەرۆکی دیکتاتۆری پێشووی ئێراق سەدام حوسێن دەدوا و دانی بە کۆمەڵکوژی کوردان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەنا وەکو لە دیدار و چاوپێکەتنەکانیدا هەیە، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات. لەو چاوپێکەتنەدا وەکو بەرپرسێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس بەرگری لە هێرشەکانی ئەنفال دەکات. وەزارەتی کاروباری شەهیدان دژی ئەم گوتنانە بەیانێک لە ڕۆژی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا دەردەکات و داوای گرتن و دادگاییکردنی دەکات. دووبارە بەپێی گۆڕانی بەرژەوەندییە سیاسیەکان و لەژێر گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سۆسیال میدیا ئەم کاردانەوەیە ڕوویدا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم هیچی لە گوڵ گرانتر بە سەرۆک و شێخی ئیمارات گووتووە؟ بەپێچەوانەوە بەپێی هەواڵی ڕۆژی ١٤/٦/٢٠٢٢ کە لە شەفەق نیوزدا بڵاوکراوەتەوە، پێشوازی لە کۆنسوڵی ئیماراتی عەرەبی “ئەحمد دحاری” کراوە و بەلێنی دروستکردنی کۆنسوڵێکی هاوبەشیان بەمەبەستی فروانکردنی چاڵاکییە ئابووریەکانی نێوان هەردوو حکومەتدا داوە.

دوای ڕاکردنی خەزرەجی چی کرا؟
وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆکرد، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونی خەزرەجی چاودێریەکی ئەوتۆ نەمابوو، ئەوەبوو ئەو لە ١٧/٣/٢٠٠٣دا واتە ڕۆژی دوای لێدانی ئێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەواڵی ڕۆیشتنی بە پۆلیس دەگەیەندرێت. بەپێی هەندێ سەرچاوە لەوانە ڕۆژنامەی بی تی BT خەزرەجی یارمەتی دراوە و هاوکاری کراوە، هەروەکو ئاماژەی بۆ دەکەن لەلایەن سی ئای ئەی CIA ئەمەریکاوە هاوکاری کراوە و بردوویانە بۆ ئێراق، وەکو ڕۆژنامەی یولاند پۆستن لە رۆژی ٢١/٣/٢٠٠٣دا بلاویکردەوە کەوا خەزرەجی لەگەڵ هەندێ لە ئەفسەرانی پێشوو لە ئێراق بووە. واپێدەچی یارمەتی و هاوکاریکردنی خەزرەجی لە دانیمارکدا بێ هاوکاری پۆلیسی نهێنی دانیمارک نەبووە. بەڵام پارێزەری دەوڵەت گوتی “هیچمان لەمبارەیەوە نەدۆزیوەتەوە” ، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا “بێئاگایی” خۆی لە شوێنی یا بزربوونی خەزرەجی بە وەزارەتی دادی دانیمارکی گەیاند (پۆلیکتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣).
لە وتارێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن Politiken کە لە رۆژی ١٠/٤/٢٠٠٣دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسرێت کەوا دەزگای هەواڵگری پۆلیس بەخەستی لە ڕووداوی دەمژمێرەکانی دوای بزربوونی خەزرەجی تێوەگڵاوە و پەیوەندی چڕ و پڕ لەبارێکی بێسەروبەردا لەنێوان بەشەکانی پۆلیسدا هەبووە. بەپێی ڕوونکردنەوەی سەرۆکی پۆلیسی وڵات Rigspolitichefen خەزرەجی چەند رۆژێک پێش ڕاگەیاندنی ونبوونەکەی ڕۆیشتووە، بۆیە هەوڵەکانی کۆنتڕۆل لە سنورەکاندا لەرۆژی ئاشکرابوونی ڕاکردنەکەی بێ سوود و واتا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی “غینگ ستیز” چەند دەستەیەکی بە سەگی پۆلیسیەوە بۆ پشکنین ڕەوان کرد. پۆلیسی هەواڵگری و وڵات ڕوونکردنەوەی زیاتریان سەبارەت بە ونبوونی نەزار خەزرەجی نەدا. لە پەرلەماندا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەموو ڕەخەنیان لە پۆلیس دەگرت و لە ناڕێکی و بێسەروبەریی پەیوەندیەکانی نێوان بەشەکانی پۆلیس بەگلەیی بوون. وەزیری داد لێنە ئێسپەرسن Lene Espersen کە سەربە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو، دانی بە بێسەروبەری بارەکەدا نا و تێگەیشتنی خۆی بۆ ڕەخنەکان پیشاندا. سەرۆکی وەزیرانی دانیمارک ئانەس فۆ ڕاسمۆسن Anders Fogh Rasmussen کە سەر بە پارتی ڤێنستغا (لیبراڵ) بوو “پەرێشانی” لە ونبوونی خەزرەجیدا دەردەبڕێ و ئاماژەی بە ناڕازیبوونی خۆی لە بارەکەدا دەکات.
دوای ڕاکردنی خەزرەجی لە دانیمارک، ناوی خەزرەجی دەدرێتە ئەنتەرپۆل (پۆلیسی نێونەتەوەیی Interpol) و ڕادەگەیەندرێت کەوا بیگرن و بیگێڕنەوە دانیمارک. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکنن(٢٤/٣/٢٠٠٣) داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبەرگ دەڵێ “پێیان وایە دەزانن لە چ وڵاتێکدایە و خەریکی دانوستانن لەگەڵ ئەو وڵاتە”. بەڵام ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنێت بەڵام ئاماژە بە وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. دانیمارک ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا نەبوو، بۆیە پرۆسەی ڕادەستکردنی کەسێک لەو وڵاتانەوە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز بوو. هەروەها پارێزەری وڵات ڕایدەگەیەنێت کەوا داوا لە دادگای شاری سۆرۆ Sorø دەکات بڕیاری زیندانی نەزار خەرەجی بدەن، تاکو خەزرەجی نەتوانێ بە ئازادی بسوڕێتەوە، “ئەگەر” دەستیان لێگیربێتەوە (پۆلیتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣). ڕۆژی دواتر دادگای شاری سوغۆ بڕیاری دەستبەسەری نەزار خەزرەجی لە بزریدا بۆ ماوەی چوار هەفتە ڕادەگەیەنێت. دادگا ڕەتیکردەوە کە بڕیاری زیندانیکردن “بێ دیارکردنی کات” بدات، چونکە دادگا “لای ڕوون نییە کە ئایا ئەو لە دەرەوەی وڵاتە یا لە دانیمارکە، یا ئایا ئەو ئارەزوومەندا لە دانیمارک هەڵاتووە” (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣).
خەزرەجی چۆن ڕایکرد ئەوها ڕۆیی و نەگەڕایەوە دانیمارک. لە چەند هەفتەی دوای ڕاکردنەکەی خەزرەجی گەلێ لەهەواڵەکانی ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بە وڵاتی سعودیا یا کوێت یا ئیمارت دەکرد وەکو شوێنی گەیشتنی ئەو. دوای ئەوە هەواڵەکان چوون بەلایەکی دیکەدا و گرنگی بابەتەکەش وەکو پێشوو نەما. حەوت ساڵ دواتر لە رۆژی ٧/١٢/٢٠١٠ ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی لە شارێکە بەناوی “عین الحسین” بەدووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری دوبەی پایەتەختی وڵاتی ئیماراتدا. سەبارەت بە بوونی ئەو لە وڵاتی ئیمارت و هەوڵەکانی دانیمارک بۆ ڕادەستکردنەوەی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ دەڵێ “ئێمە دەزانین ئەو لە کوێیە، بەڵام ئەو وڵاتەی ئەوی لێیە بەهیچ شێوەیەک ئامادەی هاوکاری نییە”.
ژۆرنالیست یاکۆب تۆپسو Jacob Topsøe کە لەسەرەتاوە بەدوای خەزرەجیەوە بووە و زۆر زانیاری لەسەر ئاشکرا کردووە، لە هەواڵێکی ئۆنلاینی تۆپسو میدیا topsoemedier.dk کە لە مانگی یەکی ٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کەوا چیتر ئەنتەرپۆل Interpol بەدوای نەزار خەزرەجیدا ناگەڕێت، چونکە ناوی لەلیستی ئەنتەرپۆل دەرهێندراوە. لابردنی ناوی ئەو هاوکاتە لەگەڵ هاتنی سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا کە لەهەمان وڵاتدا دەژی کە خەزرەجی تێدا دەژی.
سەبارەت بەوەی ئایا کەیسەکەی لە دانیمارکدا کراوەیە یا نا، ئایا حکومەتی دانیمارک هیچ ئومێدێکی بە ڕادەستکردنەوەی خەزرەجی ماوە، ئایا چی سەبارەت بە لابردنی ناو خەزرەجی لە لیستی ئەنتەرپۆلدا دەزانن و چ کاریگەریەکی بۆسەر کەیسەکە هەیە، پارێزەری دەوڵەت بۆ کەیسە تایبەتە نێونەتەوەیەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل کەسێکی ئیماراتییە بەناوی ئەحمەد ناسر ڕایسی Ahmed Naser Al-Raisi کە بەرلەوە لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە وەزیری ناوخۆی ئیمارات بووە، کەسێکە لەلایەن ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤەوە لەسەر ئازاردان و پێشێلکاریی ڕەخنەی لەسەرە. ١٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەوانە ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانی دژی ئەوە وەستان کە بکرێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل. سێ ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانی و ٣٥ ئەندام پەرلەمانی فەرەنسی دژی بوون و هەوڵیاندا هەڵنەبژێردرێت. لابردنی ناوی ئەو گەورە ئەنفالچییە لەلایەن کێوە پێشنیار کراوە و کێ بە ئەحمەد ناسری گوتووە ناوەکەی لابدات، هیچ زانیاریەک ئاشکرا نەکراوە و نازانین. ئایا ئەمەریکا بووە؟ یا ئایا لەلایەن سەرانی دەسەڵاتی کوردی یا ئێراقیەوە ئەو داوایە کراوە؟ وەکو ئەوان پێشتر بەرگریان لێکرد و پاکانەیان بۆیکرد، وە پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات و گەورە بازرگانەکانی ئەوێ هەیە. یا دەکرێ لەلایەن خودی سەرۆکی ئیماراتەوە بێت، کە خۆی کۆمەڵێ لەکۆنە ئەفسەرە بەعسیەکانی وەکو محەمەد سەعید سەعاف و ناجی صبری هاوشێوەی ئەوانی پەناداوە و دەیانپارێزێت. چەند لایەنێک بەرژەوەندیان لەوەدایە و ئەگەرەکان کراوەن. دواڕۆژ وڵامی ئەوەشمان بەئەگەری زۆر دەداتەوە.

دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان یا حکومەتی ئێراق چیان بۆ ڕادەستکردنی نەزار خەزرەجی کردووە؟
بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەگەڵ ٢٣ ئەفسەر وبەرپرسی دیکەی پلەباڵا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەرچووە. لەم بڕیارەدا ناوەی نەزار خەزرەجی یەکەم ناوە لە لیستەکەدا. بەمجۆرە ئەو داواکراو بوو. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق لیستێکی تایبەت کە ناوی ٤٢٣ کەسی تێدایە لە ڕێککەوتی ٢٠/٥/٢٠٠٧ دا بڵاودەکاتەوە لەم لیستەدا ناوی ئەو لادراوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەیەوە نەدراوە. لە لیستەکەدا هەندێ ناو لادراون، هەروەها ناوی بەشێ لە بەشدارانی گەلکوژی لەلیستەکەدا نەنووسراون. شایانی بیرخستنەوەیە ئەو گەورە بەرپرسانەی ڕژێمی بەعس کە گیران و درانە دادگا ژمارەیان زۆر کەم بوو، وەکو لە سەر تاوانی ئەنفال ٧ کەس درانە دادگا، لەسەر تاوانی هەڵەبجە ٥ کەس کە چواریان ئەوانە بوون کەلەسەر ئەنفال دادگاییکران، لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی ١٦ کەس درانە دادگا کە دووانیان ئەوانەبوون کەلەسەر ئەنفال و هەڵەبجە درانە دادگا، لەسەر کۆمەڵکوژی بارزانیەکان ٦ کەس بوون دووانیان ئەوانە بوون کە لەسەر تاوانی کوردانی فەیلی درانەدادگا. واتە هەموو ئەوانەی درانە دادگا ٢٦ کەس بوون. بەمجۆرە بەسەدان کەس لە تۆمەتباران هەرگیز نەگیران و نەدرانە دادگا. دیارە بەشداربووانی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە ئێراق و کوردستان وە لە وڵاتانی دەرەوەدا هەن. کۆمەڵێک کۆنە فەرماندە و ئەفسەری سەربازی لە ئیماراتن و لەوێ پەنادراون و دەژین. بەپێی زانیاریەکان نەزار خەزرەجی لە ئیمارت لە شاری ئەلعین دەژیت. هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی کۆنکرێتی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕادەستکردنی خەزرەجی تاساڵی ٢٠٢١ نەدراوە. دوای دیدارەکەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەڕێککەوتی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا لە بەیانێکدا “داوای” گرتنی دەکات، بەڵام بەکردەوە و کۆنکریتی هیچ نەبیندراوە. بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهێزتر کردووە، نەشبیستراوە لە دوا دیداریان لەگەڵ کۆنسوڵی ئیماراتدا ئەم بابەتە باسکرابێت. بەهەمان شێوە نەبیستراوە حکومەتی ئێراق داوای ڕادەستکردنی ئەوی کردبێت.
جێگەی بیرخستنەوەیە کەوا زۆر لە بەشدارانی شاڵاوەکانی ئەنفال یا کۆمەڵکوژیەکانی دیکە وەکو سەرۆکجاشەکان و فەرماندە و ئەفسەرانی کۆنی بەعس لە کوردستاندا هەن، ئەوانە پەنادراون و دەسەڵات دژی دادگاییکردنیانە. بۆنمونە کە عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێنی دیکتاتۆر لە ئێراق مرد. گوترا لە هەولێر بوو! واتە ١٨ ساڵ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەر لە ئێراق بوو و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنادرابوو. جگەلەوانەی پەنادراون و پارێزراون، ئەفسەری فرۆکەوان تاریق ڕەمەزان کە لە سلێمانی گیرا و تۆمەتباربوو بە بەشداریی لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بوو، بەفەرمانی جەلال تاڵەبانی لە ٢٨/١٠/٢٠٠٧ دا ئازاد کرا، هەروەها وەفیق عجیل سامەرائی لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لە سلێمانی گیرا، بەڵام بێتاوانی ڕاگەیەندرا و جەلال تاڵەبانی ئازادیکرد. هەرچەندە بڕیارەکە لەلایەن پارێزەر د. عەبدولڕەحمان حاجی شەعبان زێباری (ئەندام لە لیژنەی بەرگری لە قوربانیانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا) لیژنەی بەرگری لە قوربانیان لە نوسینگەی دادگا لە هەولێر تەمیزکرا، پەیوەندی بە دادگای بەغداوە دەکرێ و لە دادگای بەغداوە بڕیاری گرتنی وەفیق سامەڕائی دەردەچێت. لە نێو ئێراقیشدا لە شارە عەرەبیەکاندا بەشداربووانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و هەڵەبجە یا تاوانکاریەکانی دیکە هەن، بەڵام دەسەڵات بەلایانەوە نەچووە.
لەڕاستیدا ئەگەرێکی دوورە چاوەڕوان بکرێت کەوا دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان بچن داوا لە شێخ و حکومەتی ئیمارات بکەن ئەم تاوانبارەیان ڕادەست بکات. سەرانی هەردوو پارتی سەرەکی باشوری کوردستان ی.ن.ک و پ.د.ک پەیوەندی باشیان لەگەڵ خەزرەجیدا هەبووە، لەڕێگەی زاخۆوە بۆ دەرەوە بەڕێکرا، دواتر هەردوولا بانگهێشتیان کردووە و خزمەتیان کردووە، وەکو ئاماژەمان بۆکرد کە لە دانیمارک بوو هەردوولا بەرگریان لێکرد.
بەپێی گوتنی پارێزەر د. عەبدولڕەحمان زێباری بە پێی ماددەی ١٣٤ لە دەستوری ئێراقدا کە لەساڵی ٢٠٠٥ دا پەسندکراوە، دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق تا کۆتاییهێنان بەکارەکانی بەردەوام دەبێت. هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگا لەلایەن پەرلەمان یا حکومەتی ئێراق دەرنەچووە. بەڵام لەڕێککەوتی ٢٨/٦/٢٠١١دا سەرۆکی دادگا لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆتایی کارەکانی “دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق” لە بەغدا ڕادەگەیەنێت. بەپێی گوتنی پارێزەر ئەیاد کاکەیی دادگاکە خراوەتەسەر دادگای تاوانی ناوەندی، وە دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی ماوە، بۆیە دادگا سکاڵا لەمبارەیەوە وەردەگرێت، دوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵا ڕەوانەی دادگای ناوەندی دەکات. بەکردەوە دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کاری دادگا لە ساڵی ٢٠١١ دا دادگایی تاوانبارانی تاوانکاریەکانی تاوانی جەنگ یا دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی ئەنفال نەکراوە و پرۆسەکە تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە.

باری ئێستا و ئەگەری گرتنی خەزرەجی
تاکو ساڵی ٢٠١٠ پارێزەری دەوڵەت بیرگیتە ڤێستبێرگ ئاماژەی بەوا دابوو کەوا ئەوان دەخوازن بگیرێت و بیهێننەوە دانیمارک. کەیسەکەی کراوەبوو تا ئەو ساتەی ئەوان پێیانوابێ دەکرێ بگیرێت و بیدەنە دادگا. سەبارەت بە دانیمارک و ئەگەری تۆمەتبارکردنی بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی، ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسی بۆ کرابۆوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، کەیسەکەی هەر لای پۆلیس بوو، بەمجۆرە کەیسی تۆمەتباریی لەسەر دروست نەکرابوو و بۆ دادگا نەنێردرابوو، بۆیە تۆمەتی لەسەر تاونەکان لەدژدا بەرزنەکرابووە، وە ئەگەر ئەو لە دانیمارک نەبێت ناتواندرێ تۆمەتی لەدژدا بەرزکرێتەوە و لەسەر ئەم بنچینەیە بدرێتە دادگا، وەکو بێرتە فێستبێرگ لە ساڵی ٢٠١٠ دا ئاماژەی بۆکردبوو.
ئەو لەلایەن داگای باڵاشەوە سەرەتا داواکرابوو، بەڵام دادگاکە نەما و کەیسەکانی لێکۆڵینەوە هێندراونەتەوە سەر دادگای ناوەندی لە بەغدا، لەمبارەیەوە دادگا تەواو سستە. بەپێی زانیاریەکانی بەردەست نە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتی بەغدا هیچ جووڵەیەکیان لەمبارەیەوە نییە. ئایا چ وڵاتێک مافی یەکەمی هەیە لە کەیسەکەدا، ئەوا بێگومان حکومەتی ئێراق لەپێشترە لە دانیمارک وەکو نەزار خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەتوانێ داوای ڕادەستکردنی بکات ئەگەر بیهەوێ، دیارە ئەگەر ئیمارات ڕەتی ڕادەستکردنەوەی بکاتەوە، ئەوا ئێراقیش هیچی ئەوتۆی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی ناوی نەزار خەزرەجی لە لیستی ئینتەرپۆل دەرهێندراوە شانسی گرتن و گەڕاندنەوەی بۆ دانیمارک زۆر لاوازترە لە پێشوو ئەوە ئەگەر تروسکاییەک هەبووبێت. جگەلەوەی لەبیرمان نەچێت خەزرەجی مافی جێنشینی لە دانیمارکدا پێنەدرابوو و داوای پەنابەری ئەو ڕەتکرابۆوە.

بەکورتی
نەزار خەزرەجی بەشداری لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کردووە و تاوانبارە، دادگا دەتوانێ سزاکەی بەپێی گەورەیی و ئاستی تاوانەکانی دیار بکات. لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە سەرەتا ناوی لە ڕیزی داواکراواندا هەبوو، بەڵام لەلیستی دواتردا ناوی لادراوە. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و لایەنە کوردیەکان هەبوو بەرلەوەی لە ئێراق دەرچێت. بەهەمان شێوە پەیوەندی لەگەڵ سی ئای ئەی CIA ئەمەریکادا هەبوو.
لە ساڵی ١٩٩٩ دێتە دانیمارک و داوای مافی پەنابەری دەکات، داواکەی ڕەتدەکرێتەوە و بڕیاری “مانەوە تا دەرکردنی” دەدرێت. نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتی دانیمارک بوو بێ ئەوەی هیچی لەسەر بگوترێت و بنووسرێت. لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەو وەکو بەرپرسێکی گەورەی سوپای بەعس دەزانن و هەواڵەکە دەتەقێتەوە، شەپۆڵێکی سیاسی ئاراستەی حکومەت و وەزیری داد دەستپێدەکات، لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا داواکاری گشتی ئاگاداری وەزارەتی داد دەکاتەوە کە دەکرێ لە دانیمارکدا کەیسی لە دژدا بکرێتەوە و بڕیاری کردنەوەی کەیس لەسەر خەرزرەجی دەردەکات و دەخرێتە ژێر چاودێری. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داد لە ڕێککەوتی ٢٧/٨/٢٠٠١ دا دۆسیەی خەزرەجی لەلایەن فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەرانەوە بۆ داواکاری گشتی ناردرابوو، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەریی پەنابەریی هۆکاری گونجاویان هەبووە لەوەی کە وای ببینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانکاریەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا هەبووە. جێگەی پرسیارە لەبەرچی دوای نزیکەی دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دەنێرن! دەکرێ ئەم بابەتە لەلایەن دەزگای پۆلیسی نهێنی دانیمارکیەوە PET (دەکرێ بە ئاگاداری سی ئای ئەی CIA) پەردەپۆش کرابێت. هیچ زانیاریەکمان لەمبارەیەوە لەبەردەستدا نییە.
دادگای شاری سۆرۆ Sorø ئەو شارەی ئەو لێی دەژیا بڕیاری چاودێری خەزرەجی دەدات و قەدەغەی ڕۆیشتنی بۆ دەرەوەی دانیمارک دەکات. بەڵام چاودێری خەزرەجی لە دانیمارک وەکو پاراستن و پارێزگاری ئەو بوو، وە خەزرەجی ئازاد بووە لە چوونە دەر و گەڕاندا تەنها لەرۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینیدا لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا پێویست بوو لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای.
ڕەوەندی کوردی لە دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١دا خۆپیشاندان لە بەردەم پەرلەماندا دەکەن و داوای دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی دەکەن. لە ٢٨/١٠/٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” پێدەهێنن. کۆمیتەکە هەرچی دەکومێنتی لەسەر بەشداری نەزار خەزرەجی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دەستدەکەوێت بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد و رۆژنامەکان دەنێرێت. نامە بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەنێرێت. دیتەر و سکاڵاکار کۆدەکاتەوە و بە دەزگای لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پارێزەری دەوڵەتیان دەگەیەنێت. زۆر کۆمەڵەی کوردی و کەسایەتی کوردی و ئێراقی هاوکاری کۆمیتەکە دەکەن.
لایەنە کوردیەکان وەکو ی.ن.ک، پ.دک و بزوتنەوەی ئیسلامی نامەی بەرگری لە تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ وەزارەتی داد دەنێرن. پێ لەسەر بێتاوانی ئەودا دادەگرن. جەلال تاڵەبانی نامەی تایبەت دەنێرێت. گوتن لەنامەی تایبەتی مەسعود بارزانی دەکرێت. کەسایەتی و لایەنی عەرەبیش نامەی بەرگری دەنێرن. ئەوانە کە لەبەرژەوەندی سیاسیاندا نەبوو خەزرەجی بگیرێت و بدرێتە دادگا، خەزرەجی وەکو بێتاوان دەبینن و هەڵمەتی بەدادگاییگەیاندەکە بە پیلان و دەستی ڕژێمی بەعس دەبینن.
خەزرەجی بە چەند ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕۆیشتی لە دانیمارک لە ١٧/٣/٢٠٠٣ دا بەپێی ڕۆژنامەی BT بەهاوکاری سی ئای ئەی CIA وڵاتی دانیمارکی جێهێشتووە. ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسەکەی لەژێر لیکۆڵینەوەی پۆلیس و داواکاری گشتی دابوو و ڕەوانی دادگا نەکرابوو. بۆیە تۆمەتی تاوانباریی لە دژدا بەرزنەکرابۆوە. ئێستا کە ئەو لەدانیمارک نییە بەپێی یاسا ناتواندرێ تۆمەتی لە دژدا بەرزبکرێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان خەزرەجی لە وڵاتی ئیمارت لە شاری ئەلعەین دەژیت، بەڵام ئیمارات بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە هاوکاری دانیمارک لە ڕادەستکردنیدا بکات. تاکو ساڵی ٢٠١٠ دانیمارک ئومێدی بە گرتن و ڕادەستکردنی هەبوو و کەیسەکەی کراوەبوو. بەڵام ئەوە هەرگیز ڕووی نەدا.
کۆمەڵێ تاوانبار لە تاوانی کوشتار و کۆمەڵکوژیەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە وڵاتی ئیمارتدا دەژین. سەبارەت بە خەزرەجی، حکومەتی هەرێم کە خۆی بە نوێنەری قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال دەزانێت، هیچ هەوڵیکی بۆ گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی نەداوە. ئەوان پێشتر بەرگریان لێکردووە. دیارە لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات، دوای گوشاری سۆسیال میدیا و ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیانێک لە دژی لێدوانەکانی نەزار خەزرجی دەردەکات، بە ئاماژە بە بڕیاری دادگا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا داوای گرتن و ڕادەستکردنی دەکات. وەزارەتی شەهیدان نەزار خەزرەجی وەکو “تاوانباری سەرەکی” ناوزەد دەکات. دیارە لە هەرێمی فیدرالی کوردستاندا تۆمەتبار زۆرن بەڵام لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بەیان لە دژیاندا دەرناکرێت و داوای گرتنیان ناکرێت. لەلایەکیتر لەلایەن دەسەڵاتی بەڕێوەبردن یا سەرکردایەتی هەردوو حزبی سەرەکی کوردستانەوە هیچ کاردانەوەیەک دژ بە خەزرەجی نەبیندراوە.
خەزرەجی مافی جێنیشینی لە دانیمارکدا نەبوو. ئەگەر ڕەگەزنامەی دانیمارکی هەبووایە لەسەر دانیمارک بوو بیهێنێتەوە و بیداتە دادگا، وەکو بۆنموونە سەبارەت بە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی ئیسلامی داعش کرا. بەڵام ئەو بارە لە ئارادا نییە. جگەلەوەی کە وەکو پەنابەر هاتە دانیمارک و خرایە ژێر چاودێریی چونکە گومانی تاوانباریی لە تاوانی گەلکوژیدا لێدەکرا، هیچ پەیوەندیەکی دیکەی بە دانیمارکەوە نییە. خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەوڵەتی ئێراق دەتوانێ ئەوە بکات ئەگەر بیهەوێت. بەڵام ئەگەر ئیمارات دژی ڕادەستکردن بووەستێت ئێراق هیچی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی کەسێکی ئیماراتی دەبێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا ناوی خەزرەجی لە لیستی داواکراوانی ئەنتەرپۆل دەردەهێندرێت، بۆیە چیتر پۆلیس بەدوایدا ناگەڕێن. بەواتایەکیتر ئێستا ئەو دەتوانێ بەئازادی بسوڕێتەوە. بۆیە ئێستا ئەگەری گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی زۆر لاوازە.
پێویستە بگوترێت کەوا ڕاستە تاوانبار خەزرەجی تائێستا نەگیرا و نەدرایە دادگا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی دانیمارک و هەندەران بوو وایکرد، وەکو بکەر و تاوانبارێکی سەرەکی تاوانی گەلکوژی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانیدا بناسرێت. هەروەها ئەو هەڵمەتەی دژی خەزرەجی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی ئەمەریکاییەکان پەڕاوێزی بکەن و گرنگی زیاتری پێنەدەن. لەبیرمان نەچێت نەزار خەزرەجی خەونی جێگرتنەوەی سەدامی هەبوو و لەلایەن هەندێ لە میدیاکان و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئەوها سەیری دەکرا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی هەندەران و کوردستان وە کەسوکاری قوربانیان ئەو خەونەی ئەویان لەباربرد.

تەواو

سوپاس بۆ بەڕێزان:
کاک نەوزاد مارف کە ئەرشیفەکەی خۆی بۆ ناردم.
کاک عەلی مەحمود کە لە هەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە و هەندێ بەڵگەنامەی بۆ ناردم.
کاک گۆران هەڵەبجەیی کە لەهەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە.

سەرچاوە و پەڕاوێز
شهادة رئيس أركان الجيش العراقي السابق نزار الخزرجي في حلقة جديدة من #وفيروايةأخرى،التلفزيون العربي‎:
https://www.facebook.com/AlarabyTelevision/videos/366640198845882
نامەی تایبەتی جەلال تاڵەبانی کە بۆ بەرگری لە نەزار خەزرەجی ناردووە بەسوپاسەوە لەلاپەڕەی فەیسبوکی کاک دەرسیم دیبەگەیی وەرگیراوە.
Den irakiske hærchef arbejdede for CIA 2. FEB 2007 OPDATERET 3. FEB 2007, https://www.dr.dk/nyheder/indland/den-irakiske-haerchef-arbejdede-cia
Efterforskning af irakisk hærchef er slut, Torsdag d. 18. december 2003, kl. 14.00 Opdateret torsdag d. 18. december 2003, kl. 22.47, Kilder: https://www.berlingske.dk/samfund/efterforskning-af-irakisk-haerchef-er-slut
Hærchefen fra Sorø (opdateret januar 2022!), https://topsoemedier.dk/erfaring/nicher/#haerchef
Historien om en bebudet flugt af Charlotte Aagaard og Jacob Topsøe, 15. februar 2007, https://www.information.dk/2007/07/historien-bebudet-flugt
Her gemmer hærchefen fra Sorø sig af Søren Mortensen, BT, 7. dec. 2010 – 0:38 | Opdateret 19. sep. 2012 – 21:28
Ahmed Naser Al-Raisi: https://en.wikipedia.org/wiki/Ahmed_Naser_Al-Raisi

هەندێ لە سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ لە وتارەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ناوی هەموو سەرچاوەکان لێرەدا نەنووسراون.

شاخەوان قادر شۆڕش

Previous
Next
Kurdish