Skip to Content

ئاپۆیزم لە خاڵی کۆتایدا!.. حەمید تەقوایی.. وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر

ئاپۆیزم لە خاڵی کۆتایدا!.. حەمید تەقوایی.. وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر

Closed
by ئازار 13, 2025 General, Opinion

گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئەنتەرناسیۆناڵ


ئینتەرناسیۆناڵ: بۆچون و بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئۆجەلان مشتومڕێکی زۆری لە نێو خەڵک و بەتایبەت هێزە سیاسییەکاندا دروست کردوە. بە بۆچونی ئێوە بە کۆی گشتی ئەو هەلومەرجانە چیبون کە بوونە هۆی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان درێژکراوەی لۆژیکیانەی ئەو تیۆری و باوەڕانەیە کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خستیەڕوو کە بە ئاپۆیزم ناسراوە. تەوەر و ناوەڕۆکی ئەم تیۆرییە نکۆڵیکردنە لە دەوڵەت – نەتەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و چەمکی هاوڵاتیبوونە. ئۆجالان ئەم چەمک و دیاردانە بە دەرئەنجامی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” دەزانێت و پێیوایە چارەسەری ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی، وە تەنانەت هەموو هەڵاواردن و کێشەکانی جیهان، گوزەرە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بۆ “کۆمەڵگە کۆمەڵایەتییەکان” کە لە میللەت و ئایین و نەتەوە و هۆز و گروپە ئەتنیکیە جیاوازەکان پێکهاتوون. مەبەستی ئۆجالان لە دیموکراسیی، جۆرێکە لە دیموکراسی مۆزائیک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوئاهەنگی نێوان ئەم گروپانە دامەزراوە. ئەم بۆچونانە بە ئاشکرا پۆستمۆدێرنیستی و لە ڕاستیدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵگە پاشایەتییە خێڵەکییەکانی پێش سەرمایەداری. گوزەری ئۆجالان لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە، گوزەر نییە لە سەرمایەدارییەوە، بەڵکو گوزەرە لە مۆدێرنیزمەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە بەراورد بە کۆمەڵگاکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەهەنگاوێکی گەورە بۆپێشەوە دادەنرێت، بنەمای مۆدێرنیزمی سەرمایەداری دەستکەوتی شۆڕشە پیشەسازییەکانی ئەوروپا و ئەو پێشکەوتنە فیکری و زانستی و هونەریانەیە کە پێش خۆی لە سەردەمی ڕۆشنگەری و ڕێنێسانسدا هاتۆتە ئاراوە.
ئەمڕۆ سەرمایەداری جیهانی لەم دەستکەوتانە پاشەکشەی کردووە و قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزمیش دەرئەنجامی ئەم پاشەکشەیەیە. باوەڕبون بە کۆمەڵگا فرەنەتەوەییەکان و دیموکراسی مۆزائیکی کە خاڵی هاوبەشی فیدراڵیزمی میللی- نەتەوەیی و کۆنفیدرالیزمی جۆری ئاپۆیزمە، زیاتر لە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا پاشایەتییە خێڵەکییەکانی سەردەمی فیۆداڵی دەچێت تا بۆپێشەوە هەنگاونان لە مۆدێرنیتەوە. ئۆجالان لە ڕەخنە مۆدێرنیتە تەنانەت بوار بۆ ئایین دەکاتەوە و بە بنەمای ڕەوشتی دەزانێت کە سەرمایەداری لەناوی بردووە.
ئاپۆیزم لە ئاستێکی فەلسەفیشدا، ناسنامەی هاوبەشی ئینسانی هاوڵاتیان – یان تەنانەت چەمک و پێگەی هاوڵاتیبوون – بەفەرمی ناناسێت و لەبری ئەوە ناسنامەی میللی – نەتەوەیی – ئیتنیکی – ئاینی تاکەکان بە بنەما دادەنێت. لەم ڕوانگەیەوە زۆرتر نزیکە لە لێکدانەوە و فەلسەفەی سیاسی سەردەمی فیۆداڵی، کە بنەماڵە و خێڵ و تائیفە و ئایین و نەژاد بنەمای مامەڵەکردنبون لەگەڵ تاک و کۆمەڵگادا. فرەکولتوری و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی و نکۆڵیکردن لە بەها مرۆییە گشتگیرە جیهانیەکان لایەنێکی دیکەی ئەم تێڕوانینەن، کە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی پاشەکشەی سەرمایەداری جیهانییە لە عەلمانیەت و مەدەنیەت و ئایدیای ئازادی و یەکسانی بۆ هەموو تاکەکان، تەنانەت لە هەمان سنور و ئاستدا کە شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا و هەموو شۆڕشە بۆرژوازییەکانی دیکەی سەدەی ١٨ و ١٩ پەرچەمەکانیانی بەرزکردبۆوە. بۆ ناسیۆنالیزم لە وڵاتانی پێشنەکەوتوی خۆرهەڵاتیدا، یان بە ناو دەستەواژەکەی سەردەمی جەنگی سارد “وڵاتانی جیهانی سێیەم” ، پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی و فرە کەلتوری، بەگەڕانەوە بۆ “فەرهەنگی خۆیی و خۆماڵی” لێکدەدرێتەوە، کە شتێکی تر نییە جگە لە فەرهەنگ و نەریتێکی پێش سەرمایەداریی لەوڵاتانی جیهانی سێهەمدا. پیشەسازی، زانست، کولتور، هونەر و سکۆلاریزم وە بە گشتی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی – کە لە ڕاستیدا دوا دەستکەوتەکانی شارستانیەت و پێشکەوتنی مرۆڤایەتین – بەناونیشانی فەرهەنگی ئیمپریالیستی و دەسەڵاتخوازی ڕۆژئاوایی ڕەخنەیان لێدەگیرێت و دەکرێنە دەرەوە، لەبەرامبەریشدا کولتور و فەرهەنگی خۆمانە، بە ئایین و خورافات و هەموو ئەو دواکەوتوییانەی سەدەکانی ناوەڕاست، کە هێشتا ڕۆژهەڵات لەگەڵیدا خۆی یەکلانەکردۆتەوە، پیرۆز و تیۆریزە کراوە. لە ئێران دوای کودەتای ٢٨ی مورداد، ئال ئەحمەد نوێنەرایەتی ئەم دیدگایەی دەکرد و ئەمڕۆش ئۆچەلان هەمان پەرچەمی بەرزکردۆتەوە. مۆدێرنیتەیەک کە جێگای ڕەخنەی ئۆچەلانە، لە ڕاستیدا دەربڕینێکی کەمێک تیۆرییتر و سیاسیترە لە خۆبەڕۆژئاواییزانە ڕوکەشیەکەی ئال ئەحمەد.
لە ڕوی سیاسییەوە گرنگترین تایبەتمەندی ئاپۆیزم، نکۆڵیکردنە لە دەوڵەت – نەتەوە. تا پێش ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت، هێزە ناسیۆنالیستەکانی کورد لەوانەش خودی ئۆچەلان و پارتەکەی ئەو، باوەڕیان بە مافی چارەنوس هەبوو وە بە تایبەتیش ئەم “چارەنووس”ە یان بە ئۆتۆنۆمی، خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆیی لێکدەدایەوە. پێکهێنانی حکومەتێکی خۆجێیی خۆسەر یان وڵات و حکومەتێکی سەربەخۆ لە حکومەتی ناوەندی، تەوەر و بنەمای ئەم ڕێبازە بوو. لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئۆجالان بە پەیڕەوکردنی لە یەک بیرمەندی ئانارشیستی ئەمریکایی بە ناوی “بوکچین”، نەک هەر هەموو پرسی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی دەخاتەلاوە، بەڵکو ڕیشەی گرفت و کێشەکانی “گەلی کورد” و هەموو مرۆڤایەتی بە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەزانێت. ئەم تیۆریه ئەم تایبەتمەندییەی ” گەلی کورد” که له هیچکاتێکدا و لە هیچ بڕگەیەکی مێژوییدا خوازیاری حکومەت و وڵاتێکی سەربەخۆ نەبووه ، بۆ جۆرێک له فەزیلەت بەرز دەکاتەوه و بانگەوازی گەلانی دیکەی ناوچەکه و جیهان دەکات که دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕێنن. بەم شێوەیە لە ئاستێکی تیۆری و فەلسەفی سیاسیدا ئامانجی دەسەڵاتی سیاسی و بەشداریکردن لە حکومەت و سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری و تەنانەت فیدراڵیزمی کلاسیکیش وەلا دەخرێت و جێگای خۆی دەدات بە ڕێکخستنی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی نەتەوەکان و ئایینەکان و گروپە ئەتنیکیەکان لە کۆمەڵگاکاندا. ئەم جۆرە دەستشۆردنە ئیستراتیژییە لە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕووی تاکتیکیەوە هەرجۆرە هەوڵێکی سیاسی و خەبات لە پێناو بەدیهێنانی حکومەتێکی ئەڵتەرناتیڤ لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا دەخاتەلاوە. وازهێنان لە دەوڵەت لە ڕووی تیۆریەوە، لە پراکتیکدا دەبێتە سازش و لێبوردەیی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە هەن. بەمجۆرە، خەباتی سیاسی دەهێنرێتەخوارەوە بۆ جۆرێک لە فەرهەنگسازی و هەڵمەتی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری دژ بە هەموو حکومەت و کۆمەڵگاکانی ئێستا کە هەموویان لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی پێکهاتوون.
هەڵوێستی ئێستای ئۆجالان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئومێدەواربون بە ئەردۆغان و باخچەلی کە گوایە بەرەو بە فەرمیناسینی مافەکانی گەلی کورد هەنگاو دەنێن، دەرئەنجامێکی لۆژیکی ئەو دید و فەلسەفە و ستراتیژییەی سەرەوەیە. دەستشۆردن لە خەباتی چەکداری لە درێژەی نەریتی پێشمەرگایەتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بە تەواوی جێگای تێگەیشتنە، بەڵام ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دڵخۆشی بە”ڕێوشوێنە” ئەرێنییەکانی حکوومەتی ئەردۆغان، تەنیا دەتوانێت دەرئەنجامی بیروباوەڕێک بێت کە یەکەم، واقیعی چینایەتی کۆمەڵگا و ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا هەن نابینێت، و مۆدێرنیزم بەسەرچاوەی هەموو ئازار و هەڵاواردنەکان دەزانێت نەک خودی سەرمایەداری، دووەم، هیچ ئاسۆیەکی سیاسی وە ستراتیژییەکی پراکتیکی و واقیعیانەی نییە و ناتوانێت هەیبێت بۆ گەیشتن بە یۆتۆپیای ئەو کۆنفیدرالیزمە مۆزائیکیەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.
ئینتەرناسیۆناڵ: بۆچوونی ئێوە لەسەر کارکردی یەپەگە لە سوریا و ئەزموونی کۆبانێ چییە؟ ئایا ئەمە دەرئەنجامێکی ئەرێنی ئاپۆیزم نییە؟
حەمید تەقوایی: ئەزموونی کۆبانێ لە ڕووی ڕۆڵگێڕانی ژنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای کانتۆنەکان ئەزموونێکی ئەرێنییە. داننان بە مافی پەلکەزێڕینەکاندا لایەنێکی تری ئەرێنی و پێشکەوتنخوازانەی ئەزموونی کۆبانییە. ئەم ئەزموونە ڕەگ و ڕیشەی لە ناسیۆنالیزمی نەریتی و باوی کوردیدا نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو بیرۆکانەیە کە ئۆجالان خستوونیەتەڕوو. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەوەی ئەم ئەزموونەی مومکینکرد، سەرکەوتنی ستراتیژی نکۆڵیکردن لە دەوڵەتی – نەتەوەیی سوریا نەبوو، بەڵکو ئەو بارودۆخە سیاسیە تایبەتەی سوریا بوو. لەژێر فشاری ڕاپەڕینی خەڵکی سوریادا، حکومەتی بەشار ئەسەد ناچاربوو کە هەندێ دەستکەوت بە هێزە چەکدارە کوردییەکان بدات بە مەبەستی شکستپێهێنانی ڕاپەڕینی گشتی لە سەرتاسەری سوریادا. هێزە کوردییە ئاپۆیستەکان سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرت و دەستیانگەیشت بەجۆرێک لە ئۆتۆنۆمی لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم بارودۆخە خەباتی ئەم هێزانە بوو دژ بە داعش بە هاوپشتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادا، کە بۆخۆی فاکتەرێکی گرنگیتر بوو لە چەسپاندنی دەسەڵاتی یەپەگە لە کۆبانێ.
پێگەی حزبە کوردییەکان لە هەلومەرجی تایبەتی سوریادا دەگمەن بوو کە ناتوانرێت بۆ ناوچەکانی تری کوردستان گشتگیر بکرێت، وە تەنانەت ئەمڕۆ لە خودی سوریاشدا ناتوانرێت چیتر ئەو هەلومەرجە درێژەی پێبدرێت. بۆیە ناکرێ ئەمە بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ بیروباوەڕی گوزەرکردن لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هەژمار بکرێت. ئەمە زیاتر ئاکامی ئەو شێوازە تەقلیدیەی ناسیۆنالیزمی کوردە بۆ سودوەرگرتن لە قڵشت و جیاوازیە ناوچەییەکانی نێوان دەوڵەتەکان نەک ستراتیژی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک. بەڕای من تەنانەت ئەگەر حکومەتی بەشار ئەسەدیش لانەبرایە ئەزمونی کۆبانێ نەیدەتوانی بەردەوام بێت. بەبێ یەکلاکردنەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و بەگشتی چینی دەسەڵاتدار لە وڵاتێکدا، ناتوانرێت “کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک” لە بەشێک لەو کۆمەڵگایەدا سازمانبدرێت.
ئینتەرناسیۆناڵ: یەکێک لەو باسوخواسانەی کە خراوەتەڕوو، ئەگەری ئەوەیە کە بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان لە ژێر فشار و تەنانەت ئەشکەنجە و هتددا دەربڕدراون، وە بەپێی ئەو پڕەنسیبەش کە ناتوانرێت بۆچوونی تاکەکانی ناو زیندان بە پێوەرێکی دروست هەژمار بکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەری بەندوبەست و دانوستانی پشت پەردە بۆ ئازادکردنی ئۆجالانیش دەهێنرێتە پێشەوە. ئەمەش بەومانایەی کە ئەم بڕیارانە دوای ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە زیندانیکردنی ئۆجالان دەدرێت. ڕات لەسەر ئەم جۆرە شیکاری و لێکدانەوانە چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڕاستی ئومێدەوارم کە بەجۆرێک بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی ئۆجالان. ئەمە دەتوانێت تاکە دەرئەنجامی ئەرێنی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان بێت. بێگومان پەکەکە بەو هەڵوێستەی کە ئۆجالان خۆی دەبێت ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی لە کۆنگرەی داهاتوی حزبدا سەرکردایەتی هەڵوەشاندنەوە بکات، بە جۆرێک ئازادکردنی ئۆجالان دەکاتە پێشمەرج بۆ ئەوەی کار لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەو بکات، بەڵام خودی ئۆجالان پێشمەرجێکی لەو شێوەیەی نەخستۆتەڕوو.
سەبارەت بە کاریگەریی زیندانیش، پێموایە ئەوەی کە بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان دەرئەنجامی گوشار و ئەشکەنجەدانی زیندان بێت، ناتوانرێت جێگای باوەڕ بێت. ئۆجالان لە ساڵی 1999 وە لە زینداندایە، بۆچون و تیۆرییەکانیشی دەرئەنجامی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و قوڵبونەوەیەتی لە زینداندا، نەک دەرئەنجامی ئەشکەنجە و فشارخستنەسەری. بە بڕوای من نەک فشارەکانی زیندان، بەڵکو پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی حکومەتی ئەردۆغان لە ڕوخاندنی بەشار ئەسەد و پێگەی یەکلاکەرەوەی ئەو لەو وڵاتە، لەلایەکی دیکەشەوە، بانگەشە و مانۆڕەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان و باخچەلی سەبارەت بە سودەکانی ئاشتی و برایەتی نێوان تورک و کورد، و گۆڕینی دەستور و هتد، زەمینەی گەیشتنی ئاپۆیزمە بەو ئەنجامانەی کەئەمڕۆ دەیبینین.
ئینتەرناسیۆناڵ: لە دونیای سیاسەتدا زۆر بۆچون و تیۆری هەن کە بە هۆکاری جیاجیا مەحکومن بە شکست، ڕەنگە خودی تیۆریسنەکانی ئەم بزوتنەوانە ئەم ڕاستییە بزانن، بەڵام هەموو ئەمانە وایان لێناکات دان بەوەدا بنێن و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوە سیاسییەکانی خۆیان دەربکەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بۆ خەبات بکەن. بریارەکەی ئۆجالان لەم ڕوانگەیەوە چۆن دەکرێت ڕوون بکرێتەوە؟
حەمید تەقوایی: ئەو خاڵەی کە تۆ دەیڵێیت بۆ ئەو حزب و هێزە سیاسیانەی کە ئاسۆ و دیدگایان هەیە، بەتەواوی دروستە. من پێشتر لە یاداشتێکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە هێزێکی سیاسی کە ستراتیژێکی واقعیبینانە پەیڕەو دەکات، دەستبەرداربونی لە خەباتی چەکداری، جا بەهەر ئەندازەیەکیش کە هەلومەرج بۆ درێژەپێدانی لە ئارادا نەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێک بەدەستبهێنێت مل نادات. لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان جۆرێکە لە تەسلیمبون، هەروەک ڕونمکردۆتەوە کە ڕیشەی لە بیروباوەڕی عەقڵی و خەیاڵی ئەودا داکوتاوە. بەگشتی قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزم کە لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت سەریهەڵدا و گەشەیکرد، فرەکولتوری و ڕێژەگەرایی فەرهەنگی کە کارەساتی وەک داعش و تاڵیبان و کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ گەیشتووە بە خاڵی کۆتایی خۆی و بۆچونەکانی ئەم دواییەی ئۆجالانیش، لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، ڕاگەیاندنی ئەم شکستەیە لە بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورددا.

٧ی مارسی ٢٠٢٥
لە ڕۆژنامەی ئینتەرناسیۆناڵی ١١١٩ بڵاوکراوەتەوە.
وەرگێرانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوە: هیوا ئەحمەد

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress