
ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی نیپاڵ و ئاسۆی خەباتی چینایەتی و سیاسی لەو ناوچانەدا.. سابیر .م
لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 8 ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا نیپاڵ گەورەترین خۆپیشاندانی توندوتیژانەی جەماوەری بەتایبەت لە پایتەختی ئەو وڵاتە کاتماندۆ بەخۆوە بینیوە.
ڕق و بێزاری کەڵەکە بووی جەماوەری چەوساوەی نیپاڵ ، بەڕووی حاکمانی وڵات وئەو پارتە چەپە ناسیۆنالیستیانە وەک پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا تەقیەوە ، کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆرە لە سەر حوکمن ، بەتایبەت دوای داخستن و قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرنامە دیگیتاڵە تایبەتیەکانی پەیوەندیگرتن لەو وڵاتەدا .
سەرەتا لەبەر گرنگی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافیایی وڵاتی نیپاڵ کە کەوتۆتە دامێنی چیاکانی هێمالایا ، وە نزیکایەتی ئەم وڵاتە لەگەڵ هیندستان و چین وبەنگالادش و سریلانکاو ، وە دواتر کارکردی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕادیکاڵ یان شۆڕشگێڕانە کە لەم وڵاتانەدا دێنە ئاراوەو سەر هەڵدەدەن ، ڕەنگدانەوەی خۆی ئەبێت لەسەر ئاسۆی خەباتی چینایەتی و سیاسی لە نیپاڵ و ە بە پێچەوانەشەوە ، هەر بەم هۆیەوە ڕەنگە نیپاڵ ئەگەری ئەوەی لە خۆدا هەڵگرتبێت ، کە ببێتە میحوەری گۆڕانکاریەکان لە وڵاتانی ئەو ناوچەیەو ، تەواوی ئاسیاو بگرە پێشبینی کۆپیکردنی ئەم ئەزموونەی (نەوەی Z ) لە وڵاتانی تری جیهانیش ئەکرێت .
هەربۆیە هەلومەرجی خۆیی و ئۆبژەکتیڤی ئەو ناوچەیەو نیپاڵ، ئەوە ئەخوازێت کە ئاوڕێک لە مێژووی سیاسی ئاڵۆزو پێچیدەی ئەو وڵاتە بدرێتەوە ، وە کارکردی ئابوری و سیاسی وە فەرهەنگی خەباتکارانەی ئەو پارتە سیاسیانەی کە لەو وڵاتانەدا هەبووە چیە و چۆن بووە ؟
وە چۆن توانیویانە خەباتی خودی چینی کرێکارو چەوساوەکانی ئەو وڵاتە بەلاڕێدا بەرن و چەواشە بکەن ؟
بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی کە بەدوای کۆتایی هاتنی حوکومەتی مەلیکیدا هاتوە لە دوای ساڵی 2008 وە ، نیپاڵی بەرەو قۆناغێکی تازەی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتی چینایەتی گواستۆتەوە ، وە چینی کرێکار وچەوساوەکانی تر وەک جوتیارانی هەژار وگەنجان و لاوانی ، خستۆتە بەردەم دووڕیانێکی نوێی خەباتی چینایەتی و سیاسی لەو وڵاتەدا ، دوو ڕیانێک کە هەرچی زیاتر ڕۆڵی پارتە ( کۆمۆنیستی و چەپەکانی ) لەوڵاتەدا خستۆتە بنبەست و قەیرانێکی سیاسی گەورەوە ،وە جیهانبینی ڕیفۆرمیستانەی مائۆیستانەیان ،هەرچی زیاتر بۆ جەماوەری ستەمدیدەی ئەو وڵاتە ڕۆشنتربۆتەوە ، وە زەمینەیەکی فیکری و سیاسی لەبارتری دروستکردووە ، بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی .
لە ئاکامی ئەم خرۆشانە جەماوەریانەی 8ی مانگی ئەیلولدا ، کە لاوان و گەنجانی( نەوەی Z) لە نیپاڵ پێی هەڵسان وە بەسوود وەرگرتنیان لە بەرنامە دیگیتاڵیەکان لە پێناوی ڕێکخستنی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە ، وە توانیان سەرو سیما بە جوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی نوێی تایبەتمەند بدەن ، وە بگەن بە ئاستێک لە هێزو توانایی خۆیان ، کە سەرۆک کۆماری نیپاڵ ناچاربکەن ، کە بڕیار بدات دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت و تاهەڵبژاردنێکی تر ڕایانبگرێت ، شانبەشانی ئەم بڕیاڕەی سەرۆک کۆمار کە پەرلەمانی لە کارخست ، سوپای فەرمی نیپاڵ پەیوەندی کردوە بە گروپێکی دیاریکراو لە هەڵسوڕاوانی لاوانی ڕاپەڕیوی نیپاڵ کرد ، بەناوی ( Hami Nepal) ، بەڵام ئەوەی لێرەدا شایانی باسکردنە ، ئەوەیە کە شوناسنامەی سیاسی ئەم گروپە نادیارەو ، خۆیان بە گروپێکی (سەربەخۆ !) لە قەڵەم ئەدەن.
بەگوێرەی ئەو پەیوەندیەی کە سوپا لەگەڵ ئەواندا کردویەتی ،سوپا ئەوانی ڕاسپاردووە ، کە سەرۆک وەزیرانێکی کاتی کەناو خۆیاندا هەڵبژێرن ، تا بتوانێت ئەم ماوەی شەش مانگەی کەلە بەردەمیاندایە بگوزەرێنێت ، تا هەڵبژاردنێکی داهاتوی تر ، کە بڕیاڕە لە مانگی ئازاری ساڵی 2026 دا ئەنجام بدرێت.
ئەوەبوو ئەو ڕاسپاردەیەی کە سوپای میللی پێی سپارد بوون بەئەنجام گەیاندو ، توانیان بەو بڕیاڕە بگەن کە ( سۆشیلا کارکی – Sushila Karki ) تەمەن 73 ساڵ وەک سەرۆک وەزیرانێکی کاتی هەڵبژارد. دەستنیشانکردن و بڕیاڕدانی ئەم گروپە کە ( سۆشێلا کارکی – ) ببێتە سەرۆک وەزیرانێکی کاتی ، ڕەزامەندی سەرۆک کۆمارو سوپای فەرمی میللی نیپاڵیشی بەدوای خۆیدا هێنا .
ئەم هەڵچوون و خرۆشانە جەماوەریانە کە لە پایتەختی ( کاتماندۆ) وە شارەکانی تر ڕوویان دا، بوونە هۆی کوژرانی لانی کەم 75 کەس، وە بریندار بوونی زیاترلە 2100 کەس ، وە هەڵاتنی نزیکەی ١٣ هەزار زیندانی .
بێگومان ئەمە یەکەمین ڕووداو و ڕاپەڕین و گۆڕانکاری سیاسی نییە لەم وڵاتە ، وە دوایەمینیش نابێت ، وە ڕەگ وڕیشەی قوڵی ئابووری و سیاسیان هەیە ، هەروەها بەهۆی کارکردی خراپی حوکمڕانی بۆرژوا نیشتمانیەکانی نیپاڵ و پارتە ڕیفۆرمیستە مائۆیستەکانی هەمیشە کۆمەڵگای نیپاڵ لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تر درێژەیان بە حوکومەتەکانی خۆیانداوە .
هەربۆیە واپێویست دەکات کە بە وردی ئاوڕێک لە بنەمای بەرنامە و پایەی فیکری و سیاسی پارتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە لە ڕابوردودا بدرێتەوەو، وە ئاسۆی خەباتی سیاسی و چینایەتی ئەو ناوچەیەو لانی کەم نیپاڵ هەڵبسەنگێندرێت .

درێژەی هەیە …..
سابیر .م
29.9.2025