گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار خاتوو راز كەمال غەمبار.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
خاتوو راز كەمال غەمبار: ڕەخنە بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت
خاتوو راز كەمال غەمبار: زیاترخۆم لەبواری شانۆ ونواندندا دەبینمەوە
خاتوونی هونەرمەند(راز كەمال غەمبار)، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بوێرانە لە بواری هونەری شانۆ ،شێوەكار، سینەما كار دەكات خاوەنی چەندین كاری هونەرییە لەهەرسێ بوارەكەدا جگەلەوە لەبواری دۆبلاژ و دیزایندا خاوەن ئەزموونێكی باشە،ئەو بەهۆی ئەوەی كچی نووسەری دیاری كورستان (د.كەمال غەمبار)-ە لەهەمان كاتدا هاوسەری هونەرمەند (ئالان محمەدعارف )-ە كەشێكی ئەرێنی بۆی ڕەخساوە تا زیاتر پەرە بەهونەرەكەی خۆی بدات راز خان دەچووی بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر و دەرچووی كۆلیژی هونەرجوانەكان بەشی شانۆیە وە لەئێستادا قوتابی ماستەرە لە شانۆدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بە كار و چالاكییەكانی لە نزیەكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرنمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە جیهانی هونەری (شێوەركاری، سینەما ،شانۆ) بكەیت ؟
- سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری شێوەكاری لەرێگەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بوو كە قوتابی بووم لەم پەیمانگایە وبۆ ماوەی 5 ساڵ ئاشنای ئەم جیهانە بووم ،كەپڕیەتی لەڕەنگ وبۆیە ونەخش ونیگار وجوانی ،وئاشنای چەشنەكانی نیگار كێشان بووم تادەگاتە بەقوتابخانە هونەرییەكان وهونەرمەندە پیشەنگەكان ،هەروەها سەبارەت بەجیهانی شانۆ وەكو هونەرێك كەلەرێگەیەوە ئاشنای ئەم هونەرە باڵایە بووم ،وبەشێوەیەكی پڕاكتیكی چوومە سەرتەختە وستەیجی شانۆ ،وفێری هونەری نواندن بووم وەكو بناغەیەك لەڕێگەی هونەری شانۆ كەباڵاترین هونەرە ،وهەر ئەوەش وایكرد كە بچمە بواری سینما لەرێگەی فلمێكی سینەمایی كەیەكەمین ئەزموونم بوو وەكو ئەكتەرێكی ئافرەت ،لەگەڵ ستافێكی هونەری كەزۆر شتیان لێوە فێربووم .
*باوكی بەرێزتان(د.كەمال غەمبار) نووسەرێكی دیاری كوردستانە، تاچەند ئەم كەش و هەوای ماڵەوە هاوكار بووە بۆ ئەوەی بیر لە جیهانی هونەری بكەیتەوە؟ - ئێمە بەحوكمی باوكم (دكتۆر كەمال غەمبار) كە نووسەرێكی دیاری كوردی ولەبواری ئەدەب وڕەخنەی ئەدەبی هونەری دەستێكی باڵای هەبووە لەبەرئەوەی لەخانەوادەیەكی ڕۆشەنبیر بووین ،بێ گومان ئەوشتە ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ كاریگەری خۆی هەبووە لەسەرم كەڕووبكەمە بواری هونەری وماڵوەش هاوكاربوون ولاریان نەبووە كەخۆم لەم كایەدا ببینمەوە وپەرەی پێ بدەم
.
*راز كەمال زیاتر خۆی لە هونەری شێوەكار یاخود هونەری شانۆ دەبینیتەوە؟ - هەردوو هونەرەكە لەلام خۆشەویستین لە هەردووكیانیش بەشداری كارام هەبووە، بەڵام زیاترخۆم لەبواری شانۆونواندن دادەبینمەوە ولەشێوەكاریش پێشتر بەشداربووم وساڵانە لەبۆنەكانی چالاكیم هەبووە ،بەتایبەتی لە فیستیڤاڵەكانی نێو پەیمانگا.
*لەئێستادا چۆن دەڕوانیتە ئاست و توانستی ئافرەتانی كوردستان لە هەردوو بواری شانۆ و شێوەركاردا؟ - لەئێستادا خانمان لەبواری هونەری شانۆ وشێوەكاری بەڕۆڵی خۆیان هەستاون ولەم چەند ساڵانەی دواییدا كۆمەڵێك ئافرەتی كورد هەڵكەوتن وتوانیان پێگەی خۆیان بدۆزنەوە ،لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارانە وەكو پێویست بایەخی پێ نەدراوە لەلایەن حكومەت ودام ودەستگایەكی ئەوتۆنییە ،كەسپۆنسەروپاڵپشت بێت بۆ هونەروهونەرمەندان مەگەر هەندێك كەسی خەمخۆری هونەر وكەرتی تایبەت بەم رۆڵە هەستابن وپشتگیری مادی ومەعنەویان كردبێت ،،بەڵام وەكو بزاڤێكی هونەری هێشتا زۆری پێویستە ..
*تاچەند ڕەخنە بە پێویست وگرنگ دەزانیت بۆ هەردوو بوارەكە (شانۆ ،شێوەكار)؟ - رەخنە زۆر گرنگە بۆ هەموو بوارێك، بگرە لەڕێگەی ڕەخنەی بنیاتنەروبابەتی وزانستی هەموو كاریكی هونەری هەڵدەسەنگێندرێت وپێشدەكەوێت ،وكەسی شارەزای گەرەكە..ڕەخنە خۆی لەخۆیدا بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت.
*مەرجە هونەرمەند دەرچووی پەیمانگا یاخود كۆلێژی هونەری بێت؟ - هونەر لەپێش هەموو شتێك ئیتر هونەری شانۆ یاخوود شێوەكاری بێت بەهرەیە ،بەڵام ئەگەر حەزوخولیایەكی لەپشت بێت دەكرێت پەرەی پێ بدرێت ،لایەنی ئەكادیمی بێ گومان زۆر گرنگە وەكو بناغەیەك بۆ ئاستی هەرهونەرمەندێك ویڕای زانیاری وبەدەستهێنانی مەعریفەت ،بەڵام هەموو شتێك نییە ،دەكرێت كەسێك هیچ بڕوانامەیەكی لەم بوارانەدا نەبێت بەڵام كەسێكی سەركەوتوو ولێهاتوو بێت وپێچەوانەكەشی هەرڕاستە ،هەردوو بوارەكە، بەهرە پێویستە بەڵام هەوڵ وتەقەلاش زۆر گرنگە هەروەها ڕاهێنانی بەردەوام ..
*ساڵانە چەندین خانم كۆلێژ و پەیمانگاكان تەواو دەكەن بەڵام لە گۆڕپانی هونەری ون دەبن هۆكارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ - هۆكارەكەی بەشێكی پەیوەندی بەئیش وكارە گوزەران وژیان وخێزانەوە هەیە ،،هەروەها سروشتی رۆڵەكان ڕەنگە كاریگەری خۆی هەبێت ،یاخوود نەبوونی دەستگایەك كە كاری پێویستیان بۆ فەراهەم بكات ،،ولەگەڵ ئەوەش كە پاڵپشتی مادییان هەبێت كەئاسانكارییان بۆ بكات وزۆر هۆكاری تری وەكو ڕێگری ماڵەوەو نەریتی كۆمەڵگا ولایەنی ئایینی ..
*هیچ پرۆژیەكی هونەری نوێت هەیە؟
لەئیستادا هیچ پڕۆژەیەكم نییە وسەرقاڵی خوێندنی باڵام ولەماستەر دەخوێنم ،ولەئایندەدا پڕۆژەی ترم لەبەردەستە لەبواری سینەما وفیلم سازای..