Skip to Content

چیرۆک\ دۆنایدۆن.. نووسینی: ئامانج شێروانی

چیرۆک\ دۆنایدۆن.. نووسینی: ئامانج شێروانی

Closed
by حوزه‌یران 23, 2024 General, Literature



بەسەرسامی لەسەر سەری تەرمەکە ڕاوەستابوو، فلیمی ژیانی خۆی وەکوو خەونێک دەهاتەوە بەرچاوی، فلیمی چی سەراپا سەرگورشتەی نائومێدی بوو! چەندین خەونی ناکامی لەدوا بەجێ مابوو، چەندین کاری تەواو نەکراوی جێ هێشتبوو! ئاخ، هێشتا زوو بوو! هێشتا گوڵێکی ناکام بوو، ئێ بۆ دەبێت دەستی ناحەز ژیانێکی ئازادی پێ‌ ڕەوا نەبینێت! ئێ بۆ دەبێت جەنگاوەرەکانی تاریکی بە خۆشەویستییەکەی ئەو قەڵس بووبن! ئێ بۆ ئەویان لە دایکە میهرەبانەکەی کرد!
لەناکاو تەزوویەک بە گیانیدا هات، خۆ ئەو هێشتا پارەی خوێندنی منداڵە هەژارەکەی دراوسێیانی ڕەوان نەکردبوو. باشە ئێستا ئەم منداڵە چۆن بخوێنێت، چۆن گەشە بکات، چۆن لە داهاتوودا یارمەتی خێزانەکەی خۆی بدات، تا لەم هەژاری و نەهامەتییە دەربازیان بکات! ئاخ، ئەم جەنگاوەرە بەرچاو تاریکە چەندە دڵڕەق بوو! خۆ هەرگیز بیری لە پاشەڕۆژی ئەم دراوسێیەیان نەکردەوە! خۆ ئەو خوێنڕێژە هیچ بیرێکی لە نانی ئێوارانی ئەم ماڵە هەژارە نەکردەوە!
ئای، دەبێت ئێستا سۆما چی بکات، ئاخۆ دەبێت لە فێرگە گەڕابێتەوە! ئاخ جگەرگۆشەکەم، ئەوا دیسان هێزی تاریکیی زاڵ بوو بەسەر خەونە پەمەییەکانمان. ئەوا دیسان سەربازە دواکەوتووەکان تۆیان بێباوک کردەوە! ئێستاش ئەم ڕۆژەم لە یادە، کە تۆم لە بناری چیای شەنگالێ دۆزییەوە، ڕەق ڕەق لەبەردەم تەرمی دایە و بابەت ڕاوەستابووی. ئێ خۆ ئەوانیش هەر بە دەستی جەنگاوەرێکی تاریکی، سەربازێکی کۆنەپەرست، خوێنیان ڕژێنرابوو! هەتا ئێستاش چاوە پڕ ترسەکانتم لە یادە، هەتا ئێستاش چاوە تامەزرۆیەکانتم لەبەر چاوە!
بێگومانم گیانی بابە و داییت دۆنایدۆنیان کردووەتە ناو جەستەی من و خۆشەویستەکەم! دەنا بۆچی هەر لەم ڕۆژەوە هەتا هەنووکەش هەر وەک منداڵی خۆمان بەخێومان دەکردی! دەنا بۆچی هەر بە باوکی خۆت بانگت دەکردین! ئاخ، دەنگە ناسکەکەت چەند خۆش بانگی دەکردین باوکە، باوکە گیان! من ئێستا چۆن پێت بڵێم، کە ئەوان جارێکی تریش بێباوکیان کردی! جارێکی تریش ناهومێدیان کردی! ئای ئەوانە چەند دڕندەنە!
دڵدار گیان، خۆشەویستەکەم، لێم ببوورە ئەمشەو ناگەڕێمەوە ناو ئامێزە گەرمەکەت! چیتر لەبەر دەرگا پەرۆشی گەڕانەوەم مەبە! خۆ ئەم کۆنەپەرستانە ژیانیش ڕەوا نابینن بە ئێمە! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە هێشتا چەندین ئاواتمان نەهاتوونەتە دی، هێشتا چەندین خەونمان ناکامن! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە چەندین بەڵێنمان بە یەکتری داوە، چەندین جاران پەیمانمان بەیەکتری داوە کە هەرگیز یەکتر بەجێ نەهێڵین! ئاخ ئەو دڕندانە بۆ لە یەکیان کردین!
ئای دەبێت ئەو دایکە نازدارەم ئێستا چی بکات، خۆ من بەڵینم پێی دابوو کە ڕۆژی هەینی سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ دڵدار و سۆما، هەر لەگەڵ گەردی بەیانی بێینە لات و نانی بەیانیت لەگەڵ بخۆین! ئەدی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت یەکسەر بتهێنمەوە ماڵێ و شۆربابەشیرەکی خۆشت بۆ بکەم! ئەی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت، هەموو ڕۆژان بەر لەوەی بچمە سەر کار، زوو زوو لە خەو هەڵبستم و بتبەمە لای دکتۆرەکەی لای ماڵمان. ئای ئێستاش گوێم لە دەنگە ناسکەکەتە کە هەموو جاران پێمت دەگوت:‌ ((کوڕە جوانەکەم، سەر و ماڵم هەر ئەتۆی، توو و سەری کاکەی ئاگاداری خۆت بە)).
دراوسێکەم، جگەرگۆشەکەم، خۆشەویستەکەم، دایکە میهرەبانەکەم، ئەوا من ڕۆییم لە لاتان! ئاخۆ دەبێت گیانی من ئەمجارەیان بۆ ناو لاشەی چ بوونەوەرێک دۆنایدۆن بکات! ئاخۆ دەبێت جارێکی تر دایکم ببینمەوە! دەبێت دیسان خۆشەویستەکەم ماچ بکەم! دیسانەوە ڕۆڵەکەم لە باوەش بگرم، یارمەتی دراوسێیەکەم بدەم! ئاخۆ دەبێت سۆمای چاوەکانم جارێکی تر ببینمەوە!

نووسینی: ئامانج شێروانی

Previous
Next
Kurdish