ملوانكه‌ی پچڕا‌و ..له نێوان سینه‌ماو شانۆدا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
فه‌لسه‌فه..شوێن ..كاراكته‌ر
له كهشو هه‌وایه‌كی باراناوی چوومه نمایشی ( ملوانكه‌ی پچڕا‌و) له شاری سڵێمانی ،به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بچمه هۆڵه‌كه حه‌شامه‌تێكی زۆر له بینه‌رانم بینی، دوای زیاتر له دوو هه‌فته له نمایش ، زۆر به په‌رۆشه‌وه له چاوه‌ڕوانی چوونه ژووره‌وه دابوون،دێرین حامید ـ ی ده‌رهێنه‌ریش میواندارییه‌كی گه‌رمی كردین ..
سه‌ره‌تا كه چوومه ژووره‌وه ، له به‌رامبه‌ر دیكۆری شانۆییه‌كه دووچاری جۆرێك له سه‌ر سوڕمان بووم،چونكه هه‌ستم به جیاوازییه‌كی زۆری فۆرم ده‌كرد له گه‌ڵ دیكۆرو ئیكسسواراتی نمایشه‌كانی دیكه، كه هه‌میشه ساده‌و هێمادارن.
ماڵێكی گه‌وره‌م بینی، كه سه‌رتاپای دار‌و دیواره‌كانی ره‌نگی خۆڵه‌مێشی بوون،وه‌ك گوزارشتێك بۆ ئه‌و رووداوه تراژیدیا گه‌ورانه‌ی سه‌راپای ئه‌و ماڵه‌و كاراكته‌ره به‌د بهختهكانی گرتۆته‌وه و ژیان تێیدا بۆته خۆڵه‌مێشێكی دوای سوتان .
له حه‌وشه گه‌وره‌كه‌دا چه‌ند ژوورێك و چه‌ند په‌نجه‌ره‌و ده‌رگایه‌ك ده‌بینم ،جگه له چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی ساكاری ژیانی ساده‌ی ماڵه هه‌ژاره‌كان .. ئه‌وه ژووری ساده‌ی دایكه به ساڵاچووه نه‌خۆشه‌كه‌یه، كه دوای ماڵئاوایی مێرده‌كه‌ی،خێزانێكی گه‌وره‌ی له كوڕه دژ به یه‌ك و كچه ته‌ڵاق دراو‌و به‌د به‌خته‌كان بۆ به‌جێ ماوه، هه‌میشه له ناو ئاژاوه‌و ململانێی كوڕ‌و كچه‌كانی ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وی و له هۆش خۆی ده‌چێ،ئه‌وه‌ی بۆی به جێ ماوه ته‌نیا قه‌ره‌وێله‌یه‌ك و پێخه‌فێك و ئه‌و ئه‌ولاده سه‌ر به گیچهڵانهن كه نایه‌ڵن ئارامی به چاوی خۆیه‌وه ببینی جگه له خه‌فه‌ت نه‌بێت..
له ناوه‌ڕاستی شانۆدا ژووری فه‌رهادی برا گه‌وره ده‌بینم ،ژوورێكی بچووك ،كهپێخهفێك و ئاوێنه‌یه‌ك و ریكۆردهرێك و چه‌ند وێنه‌یه‌كی حه‌سه‌ن زیره‌كی تێدایه،فه‌رهاد ئه‌و برا گه‌وره‌یه‌ی جاران ئاڵووده بوو، به‌ڵام دوای مردنی باوكی ده‌ستی له ئاڵوده بوون هه‌ڵگرت و دوكانێكی بێ خێر‌و به‌ره‌كه‌تی دانا، ئه‌و نه‌توانی جێگه‌ی باوكی له خێزانه‌كه‌دا بگرێته‌وه ، نه‌توانی هاوسه‌نگی ماڵه‌كه رابگرێ و بتوانێت له كێشه‌و ئاریشاكانی كه‌م كاته‌وه،ئه‌گه‌ر زێتری نه‌كردبێت ، ئه‌و ویستی ببێته خاوه‌نی یه‌كه‌م بڕیارده‌ر له‌و ماڵه‌و كه‌سێ له رووی نه‌وه‌ستێته‌وه ، هه‌موو ئامانجی ئه‌وه‌بوو، خوشك‌و براكانی په‌رته‌ی لێ بكه‌ن و ماڵه‌كه به ته‌نیا بۆ ئه‌وو بووكه ئاینده‌كه‌ی به جێ بێڵن ، كه هه‌میشه به تیلی خه‌ریكی پیلان داڕشتن بوون بۆ ئه‌و مه‌رامه. ..
ئه‌مه ناندینی ماڵه‌كه‌یه ، كه هه‌میشه باخان خانی تێدایه‌و خه‌ریكی چێشت لێنان و خزمه‌ت كردنی هه‌موویانه، باخان ئه‌و كچه ژیر‌و هێمن و له سه‌رخۆیه بوو ، كه رقی زۆری له ئاژاوه ده‌بۆوه، بۆیه خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو، ئاواتی بوو هه‌رچی زووه له نێو ئه‌و ئاژاوه‌یه رزگاری بێت، ئیتر گرنگ ئه‌وه نه‌بوو، ده‌بێته هاوسه‌ری كێ ،ئه‌و له پیاوێك ماره بڕی كرابوو دڵی به ئاڵتوونهكانیهوه خۆش بوو ، ئه‌وه‌نده‌ی یوسفی برای وه‌ك هاوخهمێكی دڵسۆزی به گوێیدا ده‌چرپاند كه ئه‌و له لایه‌ن برا گه‌وره‌كه‌یه‌وه فرۆشراوه ، لێی ده‌پاڕایه‌وه به گوێ ی نهكاو ئه‌و ماڵه به‌جێ نه‌هێڵێ ، به‌ڵام بێ سوود بوو ، چونكه ده‌یزانی چاره‌نووسی له چاره‌نووسی خوشكه‌كانی باشتر نابێت ..
له‌م په‌یژه‌ی لای راستی شانۆ سه‌رده‌كه‌ویت ، ژووری یوسفی داماو ده‌بینی ، كه پڕه له تریاك و حه‌بی بێ هۆشی و ته‌رازوویه‌ك بۆ تریاك فرۆشتن …یوسف ئه‌گه‌رچی به ناچاری رووی له‌و بازرگانیه پووچه‌ڵه كردووه ، به‌ڵام له ناخی خۆیدا ئینسانه‌و ویژدانی زیندووه و تا بۆی بكرێ به‌رامبه‌ر به ناهه‌قیه‌كان ده‌وه‌ستێت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌م روو به روو بوونه‌وه‌ی خوێنی له پێش چاوی خێزانه‌كه‌ی تاڵ كردووه ،به‌ڵام هه‌رگیز رازی نابێت فه‌رهاد وا به ئاسانی باخان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ و بیفرۆشێ ، له سه‌ر ئه‌و هه‌ق گوتنه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئه‌و رۆژه‌ی جه‌سته‌ی به بێ ئاگایی فرێ ده‌ده‌نه ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه .
له لای چه‌پی شانۆدا ئاو ده‌ست و حه‌مامێك هه‌یه، له ته‌كیا ژووری شیرینه كه بێ ئومێدی باڵی به سه‌ریا كێشاوه ، رۆژێ بۆ چه‌ندین جار گه‌رماو دهكاو به به‌رده‌وامی ده‌چێته ده‌ره‌وه ، گوایه به دوای كاردا ده‌گه‌ڕێ ،به‌ڵام كه‌س ئاگای له نهێنیه‌كانی نیه‌و كه‌سیش نیه سه‌رزه‌نشتی بكا ،چه‌ند باڵنده‌یه‌ك وه‌ك خۆی به‌ندكراو له قه‌فه‌ز دێنێته ژووره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی سێبووری دڵی خۆی پێ بداته‌وه ..
ماڵه‌كه بۆته چه‌ند وێنه‌یه‌ك له كۆمهلَِگایێكی ئاڵوودهو نه‌خۆش و بێ هیوا ، كه دوای مردنی باوكییان ملوانكهیهكییان بۆ به جێ دێڵێ ،كه‌چی ئه‌وان ناتوانن پارێزگاری لێ بكه‌ن و ده‌یپسێنن و ده‌نكه‌كانی به ماڵه‌كه‌دا په‌خش و بلاَِوه پێ ده‌كه‌ن .
سیناریۆ نووس رهگو ریشه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ مردنی باوكه‌كه، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ون بوونی رابه‌ر له ماڵێك و ده‌سه‌ڵات كه‌وتنه ده‌ست چه‌ند كه‌سانێكی خۆ په‌رست كه ده‌یانه‌وێت چه‌شنی كچ فرۆشتنه‌كه وڵات بفرۆشن و دواتر ماڵه‌كه چۆڵ كه‌ن و هه‌ر كه‌سه‌و به لایه‌كدا بڕوات و ماڵه‌كه بۆ وڵات فرۆشه‌كان به جێ بمینێ، تا مرازه‌كانیان تێدا به ده‌ست بێنن ، چه‌شنی فهرهادو پیلانه‌كانی ..
به‌ڵی ئه‌و ماڵه پڕ له ئاژاوه‌یه،كه پڕه له كه‌سانی بێ ئومێد‌و دۆڕاوو بێ شه‌رم له یاسا، ئه‌ندامانی كۆمهڵگایێكن و ماڵهكشیان نیشتمانهكهیانه كه شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی تێدا نه‌ماوه .. بۆیه ئه‌گه‌ر له ئایدیا‌و فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه ورد بیته‌وه گه‌لێك بۆچوونی جیا جیا هه‌ڵده‌گرێ ، به‌ڵام له ئه‌نجامدا هه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه ده‌مێنێته‌وه كه له خه‌یاڵی بینه‌ر دایه.
نووسه‌ر زۆر به بێ رتوش ره‌سمی ژیانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كردووه ، كه ره‌نگه وێنه بێت بۆ زۆر له كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، یه‌كێك له‌وانیش ئێمه بین ..به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی زۆر له بینه‌رانی ئێمه ده‌قی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی خۆیان له نێو روداوه‌كاندا ده‌بینن وه‌ك ئه‌وه‌ی برینه‌كانی ئه‌وان بخاته روو، به تایبه‌ت له كێشه‌ی هه‌لومه‌رجی پرَ له ئاژاوه‌و بێ سه‌رو به‌ری سیاسی و ئاڵووده بوون به تریاك و حه‌به بێ هۆشكه‌ره‌كان و پرۆسه‌ی هاوسه‌گیری نابه‌دڵ و بازرگانی كردن به كچ و پرسی پچڕ پچڕ بوونی شیرازه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ند په‌رستی و زۆری تر
ملوانكه‌ی پچڕا‌و له نێوان سینه‌ماو شانۆدا
سه‌عید رۆستایی ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی به تێڕوانینێكی سینه‌مایی و پانتایی به‌رفره‌وانی كامێرا سیناریۆی بۆ فیلمه‌كه‌ی خۆی ( ابد و یك رۆز) نووسیووه و كاری ده‌رهێنانی بۆ كردووه ، دواتر (به‌رهه‌م ئه‌نوه‌ر) سیناریۆكه‌ی خستۆته به‌رگێكی شانۆیی ، دیاره كاری به‌رهه‌م كارێكی ئاسان نه‌بووه ، چونكه هه‌م ئاماده‌كردنی بۆ كردووه ، هه‌میش داڕشتنه‌وه.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نیه ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی وه‌ك (دێرین حامید) سوود له سینه‌ما وه‌ربگرێت بۆ شانۆ ، پێێش ئه‌وه‌ش (بارزان) له سێبوری به‌رد و زۆرانی تریش سوودییان له سینه‌ما وه‌رگرتووه بۆ شانۆ ، وه‌ك چۆن زۆر له سینه‌ماكاره ناوداره‌كانی جیهان سوودییان له تراژیدیاكانی شكسپیر و رۆمانه‌كانی ماركێز وه‌رگرتووه بۆ سینه‌ما، به هه‌مان شێوه ده‌توانین سوود له سینه‌ما وه‌رگرین بۆ شانۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه پێویسته هه‌ر یه‌ك له‌وان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان پارێزراو بێت ،خۆ ئه‌گه‌رچی سینه‌ماو شانۆ وه‌ك دراما ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ یه‌ك سه‌رچاوه ، به‌ڵام هونه‌ر له‌وه دایه كه چۆن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه له رووی فۆرم و فه‌زاو دیالۆگ ونواندنهوه ده‌پارێزی ..ئێمه له شانۆدا زێتر له هه‌موو شت پێویستیمان به جه‌سته‌و ئه‌داو ریتمی ئه‌كته‌ر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی شانۆ له ده‌ست نه‌دات ..به‌ڵام له درامادا په‌نا بۆ نواندنی سروشتی ده‌به‌ین ، چونكه كامیرا ده‌بێته ئه‌لته‌رناتیف بۆ زۆر له ره‌گه‌زه‌كانی شانۆ .
دهرهێنهرلهو كاره‌دا جۆرێك له ئاوێته بوونی له سینه‌ماو شانۆدا تێكه‌ڵ به یه‌كتر كردبوو ، به تایبه‌ت له رووی دروست كردنی وێنه‌و دیكۆر…به‌ڵام له رووی ریتم و ئه‌كشن و ده‌نگ سیما شانۆییه‌كه‌ی پاراستبوو، پێشم وابوو ئه‌و تێكه‌ڵ كردنه كارێكی باش بوو لای بینه‌ر، بۆیه بینه‌ر ئه‌وه‌نده به كوڵ كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری نمایش ..
خۆ ئه‌گه‌رچی فیلمه‌كه‌ی سه‌عید رۆستایی فه‌زایێكی به‌رفره‌وانی هه‌یه‌و كامیرا رووداو‌و وێنه‌كانی بۆ نزیك كردویتهوهو خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاته له فیستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كاندا ، به‌ڵام من وه‌ك بینه‌ر چێژی زیاترم له نمایشه‌كه‌ی دێرین حامید وه‌رگرت ، له به‌ر كۆمه‌ڵێ هۆكار :
یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر بته‌وێت جیاوازییه‌ك دروست بكه‌یت له نێوان ئه‌كته‌ره‌كانی هه‌ردوو نمایش ، له رووی ئه‌داو لێوه‌شاوه‌یی كاراكتهرو نواندن ، ئه‌وه زۆربه‌ی ئه‌كته‌ره شانۆییه‌كان به تواناترو لێوه‌شاوه‌ترن له ئه‌كته‌ری سینه‌ماییه‌كان ، به تایبه‌ت كاراكته‌ره‌كانی وه‌ك ( موحسین ـ یوسف ) (دایكه نه‌خۆشه‌كه ) ( مورته‌زا ـ فه‌رهاد ) (سومه‌ییه ـ باخان ) جگه له ( نه‌وید ـ ژیره ) نه‌بێت كه له رووی ته‌مه‌نه‌وه ئه‌كته‌ره سینه‌ماییه‌كه لێوه‌شاوه‌تر بوو بۆ رۆڵه‌كه ..
دووهه‌م : ریتمی نمایش لای هه‌ردوو ده‌رهێنه‌ر جیاوازییان له‌وه دابوو ، كه له سینه‌مادا ده‌رهێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی زیاتری هه‌یه له ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی بۆ به‌رجه‌سته كردنی ریتم به هۆی نزیكی كامیرا له ئه‌كته‌رو ته‌كنه‌لۆژیای سینه‌مایی ، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له شانۆدا كه‌متره ، چونكه ده‌رهێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ره گه‌وره‌ی له ئه‌كته‌رو ئه‌كشن دایه بۆ به‌كار خستنی ریتم ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی هه‌ردوو ریتم بكه‌یت ئه‌وه هه‌ست ده‌كه‌یت ریتمه شانۆییه‌كه‌و كاریگه‌رییه ده‌روونیه‌كانی له سه‌ر بینه‌ر زێتره له ریتمه سینه‌ماییه‌كه … له زۆر دیمه‌ندا ده‌رهێنه‌ره شانۆییه‌كه كاتێ ده‌یه‌وێت ریتمی شانۆییه‌كه‌ی به‌رز كاته‌وه ، دڵه راوكێیه‌ك بۆ بینه‌ر دروست ده‌كات كه هه‌موو جه‌سته‌ی له چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی روداوه‌كان دابێت ، ببینه كاتێ ژیره دیچته ژوور‌و ئاگاداری ئه‌وه‌یان ده‌كاته‌وه كه یوسف مادده قه‌ده‌غه كراوه‌كانی له ژووره‌كه‌ی دا شاردۆته‌وه ، چۆن شانۆ ده‌هه‌ژێ و هه‌موو كاراكته‌ره‌كانی سه‌ر شانۆ به بیینهریشهوه چۆن بۆ ژووری یوسف را ده‌كه‌ن و چ ترس و راراییهكی به چێژ بۆ بینه‌ر دروست ده‌كه‌ن ..
ببینه له‌كاتی ململانێ و خۆ پێك دادانی نێوان فهرهادو یوسف ریتم چۆن ئه‌كتیف ده‌بێت و چ قیامه‌تێك له‌سه‌ر شانۆ‌و له هۆڵه‌كه‌دا هه‌ڵده‌ستێ ..
فۆرم
من پێم وایه ده‌رهێنه‌ر له شانۆدا جۆرێك له قه‌ڵه باڵغی له سه‌ر شانۆدا دروست كردووه ،پێشتر له شانۆی واقی دا ئه‌م فۆرمه له دیكۆرو ئیكسسواراتی شانۆییدا باو بوو ، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه كه‌متر له جاران ده‌بیندرێت ، به هۆی گه‌شه سه‌ندنی فۆرمی شانۆیی نوێ و په‌نا بردن بۆ هێما .
گرنگ له شانۆدا لاسایی كردنه‌وه نیه له فۆرمێكی باو، به‌ڵكو گرنگتر له‌وه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ستایله‌یه كه ده‌رهێنه‌ر هه‌ست ده‌كات چ فۆرمێك بۆ ناوه‌رۆكی تێكست و ئامانجه‌كانی تێكست ده‌گونجێت، وه‌ك ئه‌و نمایشه‌ی (ملوانكه‌ی پچڕا‌و) كه ده‌رهێنه‌ر پێی وایه بۆ ئه‌و تێكسته ده‌گونجێت ، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه كه ئه‌و فۆرمه ببێته فۆرمێكی چه‌سپاو بۆ ستایلی ده‌رهێنه‌ر ..
ئه‌وه‌ی له نمایشه‌كه‌ی دێرین حامد به‌لای منه‌وه فۆرمێكی نوێ بوو، كه‌متر لای ده‌رهێنه‌رانی تر هه‌ستم پێ كردووه ئه‌وه‌بوو كه ده‌رهێنه‌ر شانۆی دابه‌شی چه‌ند پارچه‌یه‌ك كردبوو ، به هاوسه‌نگیه‌كی وه‌ك یه‌ك ، له كاتی نمایشدا رووناكی نه‌ده‌كه‌وته سه‌ر پارچه‌یه‌ك و هه‌موو پارچه‌كانی تر تاریك بكرێن و له كار بكه‌ون ، به‌ڵكو هه‌موو پارچه‌كان له یه‌ك كات و به یه‌كه‌وه كاریان ده‌كرد،بۆیه بینه‌ر له كاتی نمایشدا ئاگای له هه‌موو پارچه‌كان بوو ، هه‌ندێ جار نه‌یده‌زانی دیقه‌تی خۆی بخاته سه‌ر كامه پارچه و كامیان هه‌ڵبژێرێ ..
له نێوان كۆمیدیاو تراژیدیادا
راسته كه دیمه‌نه تراژدییهكان و كاراكته‌ره سارد‌و بێ ئومێده‌كان باڵێكی خامۆشییان به سه‌ر كرۆك و ناوه‌رۆكی نمایشه‌كه‌دا كێشاوه،به‌ڵام ئه‌وه ئه‌مه ناگه‌یه‌نێت كه نمایشه‌كه ببێته سه‌رچاوه بۆ ره‌شبینی و دروست كردنی كهشو هه‌واو ئه‌تمۆسفیرێكی پڕ له ماته‌می ..به‌ڵكو ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگییه‌كی درامی ئه‌وتۆی دروست كردووه ، كه بینه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی له هه‌ندێ دیمه‌ندا به نهێنی ده‌گری بێ ئه‌وه‌ی له تاریكی شانۆدا كه‌س ئه‌و فرمێسكانه‌ی ببینێ ، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له هه‌ندێ دیمه‌ندا ده‌رهێنه‌ر له ناو خامۆشیهكه ده‌ری دێنێ و وای لێ ده‌كات له ناخه‌وه پێیكهنێ و شه‌رم له قاقای پێكه‌نینی خۆی بكاته‌وه .. له هه‌ندێ دیمه‌ندا ده‌رهێنه‌ر ههڵپهڕكێشی خستۆته ناو نمایشه‌كه و ته‌واو بینه‌ری له كهشو هه‌وا مه‌رگه سات ئاساكان دوور خستۆته‌وه .
به‌ڵام هیچ له دیمه‌نه تراژیدیه‌كان و كۆمێدیهكان هاوسهنگیهكهیان له‌نگ نه‌كردووه و زێده رۆیی درامیانه له هیچیان دا نه‌كراوه ، كه بینه‌ر هه‌ست به‌وه بكات ، یه‌كێكیان به سه‌ر ئه‌وی تریاندا زاڵه ، ئه‌و كۆمیدیایه‌ی ئێمه باسی لێوه ده‌كه‌ین له فیلمه‌كه‌دا كه‌متر هه‌ستی پێ ده‌كرێت ، كه‌چی له شانۆگه‌ریه‌كه‌دا زۆر سروشتی و به چێژه .
ره‌نگه ئه‌و ئاوێته بوونه‌ی نێوان تراژیدیا‌و كۆمیدیا وای كردبێت نمایشه‌كه به زیندوویی رابگیرێت و كۆمدیا ببێته سه‌رچاوه بۆ پاراستنی چێژ لای بینه‌ر ، چونكه بمانه‌وێت و نهماتهوێت ره‌گه‌زی چَێژ ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی راگرتنی ریتمی نمایشه ،كه كاریگه‌رییه‌كی زۆر ئه‌رێنی به سه‌ر حاڵه‌تی سایكۆلۆژی بینه‌ر به جێ دێڵێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی له گه‌ڵ نمایشدا نه‌پچڕێ و ده‌ست به‌رداری چێژ نه‌بێت به درێژایی نه‌وه‌د خولهك روانین ، بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ك چركه‌ش هه‌ست به خاو بوونه‌وه بكات ، ئه‌مه نهێنی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بینه‌ره بۆ راگرتنی ریتمی شانۆ ..
ئه‌كته‌ره‌كان
ده‌رهێنه‌ر نزیكه‌ی پانزه ئه‌كته‌ری هێناوه‌ته سه‌ر شانۆ ، هه‌ندێكیان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌و هه‌ندێكی تر له‌یه‌ك ده‌چن ،هه‌ر یه‌ك له‌وان له رووی ئاستی نواندن و ئه‌دا له‌وی تریان جیاوازه ، به‌ڵام بینه‌ر وا هه‌ست ده‌كات هه‌ندێ ئه‌كته‌ر زێده‌یه‌و بوون و نه‌بوونیان له سه‌ر شانۆدا وه‌ك یه‌كه ، به تایبه‌ت كچه‌كان و هه‌ندێك له ئه‌كته‌ره پیاوه‌كانی دیمه‌نی دوایی ، ئه‌كته‌ری زیده هه‌میشه كێشه دروست ده‌كات له سه‌ر شانۆ ، ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی شانۆ به ئیفلیجی ده‌رده‌خا، ناشێ ده‌رهێنه‌ر ئه‌كته‌ر وه‌ك دیكۆری شانۆیی بێنێته سه‌ر شانۆ، چونكه لاوازی هه‌ر ئه‌كته‌رێك كاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر ئه‌نجامی نمایش به تێكڕایی به جێ دێڵێ، بۆیه گرنگ بوو ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌و ئه‌كته‌رانه ئه‌لته‌رناتیفیان بۆ دروست كرایه ..
چه‌ند ئه‌كته‌رێك ببوون به داینه‌مۆی نمایشه‌كه له‌وانه :
زه‌ریا سامی ـ یوسف :
كه جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می دروست بوونی ململانێی نمایشه‌كه بوو ، نزیك بوونه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو بۆ ره‌سم كردنی كاراكته‌رێكی هاودۆست له گه‌ڵ تریاك ،لهشو لارێكی لاواز‌و چه‌ماوه و روخسارێكی هێمنی پڕ له نهێنی ، سه‌رو ریشێكی چڕی پڕ له نه‌هامه‌تی و هه‌میشه ده‌م به جگه‌ره، له رووی ئه‌داو نواندنه‌وه ، جه‌سته‌یه‌كی نه‌رم و ده‌نگ و ریتمێكی هاوسه‌نگ ، ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری هه‌بوو بۆ راكێشانی سۆزی بینه‌ر… بۆیه یوسف پشكی شێری به‌ركه‌وت له سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه .
شاناز محه‌مه‌د (دایكه نه‌خۆشه‌كه) خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له بواری دراما‌و شانۆدا ، له زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به ملوانكه‌ی پچڕاویشهوه هه‌میشه شوێنه‌واری خۆی له سه‌ر پانتایی نمایشدا به جێ دێڵێ ، له‌و ئه‌زموونه‌دا له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له قوتابیه‌كانی خۆی ،ره‌سمێكی جوانی دایكمان نیشاندا و شوێنێكی گرنگ له جوگرافیای نمایشه‌كه‌دا بگرێت ، به‌ڵام له كاتی هه‌ڵچوونی ریتمی نمایش و تێك گیرانی براكان و بێ هۆش بوونی یوسف ، یا هاتنه پێشه‌وه‌ی حاڵه‌ته خه‌ته‌رناكه‌كان ده‌بوا ده‌رهێنه‌ر وا بكات ئه‌و دایكه له كاتی تێك گیرانی كوڕه‌كانی له خوشكه‌كان شپرزه تر ده‌ركه‌وێ ، چونكه ئه‌و دایك بوو..
بێساران جاسم ( فه‌رهاد) :
كاراكته‌ری كه‌سێكی خۆپه‌رست و خۆ سه‌پێنه‌ری به‌رجه‌سته ده‌كرد،جه‌مسه‌رێكی سه‌ره‌كی نمایشه‌كه‌یه، دوور بوو له هه‌ڵچوون و زێده رۆیی له نمایشدا ، قالبێكی سروشتی هه‌بوو ، له زۆربه‌ی دیمه‌نه‌كاندا ، هه‌تا له دیمه‌نه گرژهكاندا به یه‌ك ریتم نواندنی ده‌كرد ،جۆرێك له ته‌م و مژی باڵی به سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌و له نمایشه‌كه‌دا كێشابوو، هه‌ندێ له بینه‌ران جیاوازی نه‌كه‌ن له نێوان كاراكته‌رێكی پۆزه‌تیف و كاراكته‌رێكی نهگهتیفدا ،ئه‌و سۆزێكی زۆری له گه‌ڵ دایكی دا هه‌بوو، له هه‌ندێ دیمه‌ندا راستگۆ بوو، كه‌سێكی هێمن و له سه‌ر خۆ بوو ئه‌گه‌رچی كاراكته‌رێكی نه‌گه‌تیف بوو، بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوو فۆرمی نواندنی به‌رجه‌سته‌ی كاراكته‌ره راسته‌قینه‌كه‌ی بكات ، بینه‌ر رقی له كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی بێته‌وه ، یاخود خۆشی بوێت . .به‌ڵام ئاخۆ بێساران توانی ئه‌و ڕقه لای بینه‌ر دروست بكات ؟
دیدار عومه‌ر ( باخان : ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌و له‌م ئه‌زمونه‌شدا توانی ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ری خۆی به سه‌ر تێكڕای پانتاییه‌كانی شانۆدا بسه‌پێنێ و به نواندنێكی هێمنانه،سه‌ركه‌وتوو بێت له راكێشانی سه‌رنجی بینه‌رو دروست كردنی سۆز، هه‌ڵبژاردنی دیدار عومه‌ر بۆ كاراكته‌ری باخان فاكته‌رێكی گرنگ بوو بۆ به‌رجه‌سته كردنی ئه‌و كاراكتهرهو هاوسه‌نگ راگرتنی نمایشه‌كه .
فریاد حسیًن: ( نه‌وید – ژیره (: من له یه‌كه‌م ئه‌زموونی شانۆییدا ده‌یبینم ، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوانه رۆڵی منداڵێكی هوشیاری ده‌بینی ، كه هه‌میشه هه‌ڵگری هه‌واڵی وروژێنه‌رو نهێنی بوو ، هه‌ر جاره هاتبوایه سه‌ر شانۆ ، چاوه‌ڕوانی شڵه‌ژانی شانۆت ده‌كرد ،ئه‌گه‌رچی له فیلمه‌كه‌ی سه‌عید رۆستایی ئهوید ته‌مه‌نی له ژیره كه‌متره …به‌ڵام فریاد توانی رۆڵه‌كه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتووانه به‌رجه‌سته بكات و بینه‌ر خۆشی بوێ .
سۆزیار یاسین : سۆزێكی زۆری بۆ كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی پێوه دیار بوو ،ئه‌گه‌ر به دیالۆگیش نه‌بێت ، ئه‌و توانی له بێ ده‌نگی نمایشهكهشی دا زۆر پرسیار لای بینه‌ر دروست بكات و نهێنیه‌كانی بخوێنێته‌وه ، ئه‌و گۆشه‌یه‌كی شانۆی داگیر كردبوو ، به‌ڵام ریتمی شانۆی له‌و گۆشه‌یه‌ی شانۆدا به زیندوویه‌تی راگرتبوو .
َ
ئه‌نجام :
ده‌رهێنه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا دیمه‌نه‌كانی دوایی به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ ریتمی نمایشه‌كه‌ی پاراست ، ئه‌گه‌رچی له سینۆگرافیادا لاواز بوو ، به تایبه‌ت له رووناكی و موزیكدا ، له دوا ساته‌كانی كۆتاییدا زۆر به خێرایی چاره‌سه‌ركردنێكی خێرا‌و به په‌له‌ی بۆ نمایشه‌كه دانا‌و چی نه‌مابوو نمایشه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببات ، هێنانه ژووره‌وه‌ی تیمه پزیشكیه‌كه و هێنانه خواره‌وه‌ی یوسف ئاڵۆزییه‌كی زۆری له نمایشه‌كه‌دا دروست كرد، ده‌بوا ده‌رهێنه‌ر رێگه چاره‌یه‌كی گونجاو تری دانابوایه بۆ ده‌ركردنی یوسف له ماڵه‌كه‌دا له لایه‌ن فه‌رهادی برایه‌وه له بری ئه‌و دیمه‌نه لاوازه كه ریتمی نمایشه‌كه‌ی هێنایه خواره‌وه ، دواتریش هێنانه ژووره‌وه‌ی بووك بۆ فه‌رهاد وه‌ك ده‌رخستنی دوا فه‌لسه‌فه‌و ئامانجی نمایشه‌كه‌و ده‌رخستنی مه‌رامی دوایی فه‌رهاد دیمه‌نێكی كت‌و پڕی رووت بوو ، كه هیچ جوانیه‌كی له درامادا بۆ به‌جێ نه‌هێشتین ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌كی سارد نه‌بێت بۆ كۆتایی ساردی نمایشه‌كه‌و له ده‌ست دانی چێژ نه‌بێت.
به‌ڵام به گشتی ملوانكه‌ی پچڕا‌و وێرای سه‌رنجه‌كان یه‌كێ ده‌بێت له‌و نمایشانه‌ی تا دێر زه‌مانێك له هزرو خه‌یاڵی بینه‌ردا كاڵ نهلبێتهوه..