
چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات(عصفور من الشرق).. شەماڵ بارەوانی
چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرهەمێکی ئەدەبی(تۆفیق ئەلحەکیم)، نووسەر و ڕۆماننووسی میسرییە و یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٨ چاپ کرا. ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرجەستەکەری ڕوانگەیەکی ڕەهاگەرا و ڕەشبینانەی نووسەرە لە بەرانبەر خۆرئاوا. هەڵبەتە نووسەر باس لە بڕگەیەکی مێژوویی ئۆروپای دوای یەکەم جەنگی جیهانی دەکات. بە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانە و زۆر ڕەهاگەرایانە دادگایی ئۆروپا دەگات و شارستانییەتەکەی دەهێنێتەوە سەر هێڵی هیچ. کارەکتەرەکانی چیرۆکی ڕۆمانەکە هەر یەکە و هێمان بۆ شتێکی دیاریکراو. ڕووداوەکانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، قسەکردنە لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی. ڕەوشی ژیان لە فەرەنسا و لەو بڕگە مێژووییەی بێکاری تێیدا بڵاوبووبووەوە، دەستاڕی هەژاری و برسییەتی ژیانی خەڵکی دەهاڕی، کرێکار و کارکردنیان بە درێژایی ڕۆژ لەپێناو پارووەنانێک، دابەزینی نرخی فرانکی فەرەنسی. لە پاڵ ئەو بابەتانەی باسم کرد، تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خۆشەویستییەکی شکستخواردووی نێوان کوڕێکی میسری و کچێکی فەرەنسییە. موحسن، بۆ پاریس گەشتی کردووە، تا دکتۆرا لە قانوون بخوێنێت. وەک گوتم، ڕۆمانەکە لە شێوەی دادگاییکردنێکی ئۆروپا و ڕەخنەگرتنە لە شارستانییەتەکەی. کەسانێکی جۆراوجۆر ڕۆڵ لە چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕن. لەنێوان کارەکتەری(سۆزی) و (موحسن) کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستی، تۆفیق، قسە لەسەر دوو جۆر لە خۆشەویستی دەکات. خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و خۆشەوستییەکی ساختە(فەیک). خۆشەویستییەکی ڕۆژهەڵاتی و خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی، ئەو خۆشەویستییەی پڕیەتی لە خەیاڵی جوان و شیعر و مۆسیقا و هەست و پەیمان و پاکی و ڕاستگۆیی و قوربانی. لە بەرانبەردا خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستییەکی کاتی و وەک بڵقی سەرئاو. خۆشەویستییەک لە شێوەی کلێنکسێک، دەستی غەریزەی سێکسی خۆتی پێ بسڕەوە و فڕێی بدە. خۆشەویستییەکی کاتی. خۆشەویستییەک، لەگەڵ گزنگی بەیان و تیشکی خۆر دەردەکەوێت و لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، ئەمیش ئاوا دەبێت. خۆشەویستییەکی ساختە و پڕ لە ناپاکی و درۆ. کەسایەتی سۆزی لە چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، ئەو جۆرە خۆشەویستییە فەیکە وازی دەکات. سۆزی کچێکی قژزەرد و چاوشینی پاریسییە. ئەو، بوون و بیری موحسن داگیردەکات و دەبێتە شاژنی مەملەکەتی دڵی موحسن و لەسەر عەرشی ڕۆحی دەنیشێتەوە. ئەنریەی هاوڕێی موحسن، گاڵتە بەو خۆشەویستییە پلاتۆنییەی موحسن دەکات و پێی دەڵێت ژن ئاشقی گوڵی سوور و دیارین. لە تێڕوانینی ئەندریەدا نرخی هەرژنێک، شووشەبۆنێک زیاتر نییە. ڕۆچوونی موحسن لەو جۆرە خۆشەویستییە خەیاڵییە لە جیهانبینی پیاوێکی پاریسی، شتێکی پێکەنیناوی و نامۆیە! وەلێ خۆشەویستی لە تێڕوانینی موحسن وەک پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی، زۆر پیرۆزه و نرخ و بەهای مەعنەوی خۆی هەیه و هەرگیز به شتی ماددی و گوڵی سوور و دیاری پێوانە ناکرێت. موحسن لەپێناو خۆشەویستی سۆزی ئامادەیە فەرهاد ئاسا، کێوی بێستۆن بۆ شیرینەکەی خۆی(سۆزی) کون بکات و لە شێوەی مەجنوون، ساڵێک بە دەوری ماڵی لەیلادا بسووڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت، سەگەکەیان ببینێت. خۆشەویستی لای موحسن، زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەتر و بەهادارترە لە پێشکەشکردنی بۆنێکی چەند فڕانکی و گوڵێکی سوور کورت بکرێتەوە و وەک چێژێکی جەستەیی بێڕۆح و خۆخاڵیکردنەوەیەکی سێکسی سەیر بکرێت. موحسن ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناو خۆشەویستەکەی ببەخشێت. ئەو، بەوپەڕی باوەڕەوە سۆزی خۆشدەوێت و هەست و سۆزی لەگەڵ دەگۆڕێتەوە. لە بەرانبەردا سۆزی تەنها وەک دەرفەتقۆزتنەوەیەک و دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری و هەژاری و بە دەستهێنانی پارووەنانێک، ئەو یارییە بێڕۆح و بێتامە لەگەڵ موحسن دەکات. لە ڕێگای چیرۆکی خۆشەویستی سۆزی و موحسن، نووسەر دەیەوێت ئەو دیوە ماددییەمان بۆ باس بکات کە ئەوکات و سەردەمه بەسەر بیر و ژیانی خەڵکی فەرەنسادا زاڵ بووە و تەنها لە ڕوانگەی سوودگەرایی و ماددەوە سەیری ژیانیان کردووە و لایەنی ویژدان و هەست و سۆز و مرۆڤایەتییان فەرامۆش کردووە. لە یەکەم چرکەساتی دەستپێکردنی یاریی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، سۆزی هەموو بیرکردنەوە و خەمی لەوەدا کۆدەبێتەوە کە موحسن دیارییەکی گونجاوی بۆ بێنێت، گوزارشت لە ئیشقەکەی بکات. موحسن دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ دەروونی خۆی، ئاخۆ ئەو دیارییە وەک سوود و شتێکی ماددی و چێژێک، وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، پێشکەش بە سۆزی بکات، یان وەک ئەوەی خەیاڵی دەیخوازێت و دڵی داوای دەکات؟ موحسن بانگی ویژدان و سۆزی مرۆڤبوونی دەکات و وەک مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی دەگەڕێتەوە سەر ڕەگی خۆی و تووتییەک هەڵدەبژێرێت و شەو تا بەیانی پرۆڤەی وشەی(خۆشم دەوێی)پێدەکات. بەوشێوەیە موحسن پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سۆزی دەگۆڕێتەوە. خۆشەویستییەک، هەست و پاکیی لێ دەچۆڕێت. بەوشێوەیە چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی دەست پێدەکات. دوای چەندین ژووان و پێشکەشکردنی گوڵ و لە ئامێزگرتن و گۆڕینەوەی ماچ و ئاوێتەبوون، چیرۆکی خۆشەویستییە خەیاڵی و خۆشییەکانی موحسن زۆر ناخایەنێت و لە ماوەی دوو هەفتە زێدەتر درێژە ناکێشێت و هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت و ئاواتەکانی موحسن دەبن بە سەراب. موحسن شۆک و شێتیی دایدەگرێت کاتێک سۆزی دەبینێ لەگەڵ پیاوێکی تر خەندە دەگۆڕێتەوە و باس لە چیرۆکی خۆشەویستیی پێشتری دەکات. لێرەوە دۆزەخی موحسن دەستپێدەکات و خەم و ئازار تەواوی بوونی دادەگرێت و سۆزی دەستبەرداری دەبێت و بە یەکجاری جێی دێڵێت. موحسن زۆر هەوڵی دا و تکای لە سۆزی کرد گوێی بۆ بگرێت و جێی نەهێڵێت، سۆزی دەرگای بەڕوودا داخست و بە کونجی فەرامۆشی و سنووری لەبیرچوونەوەی سپارد و موحسنی بەوشێوەیه بە دڵێکی شکاو و ڕۆحێکی بریندار و کەسایەتییەکی تێکوپێکشکاو جێهێشت و چووە یارییەکی تر و کاتکوشتن و پەیوەندییەکی تری کاتی و ساختە لەگەڵ پیاوێکی تر. دواتر موحسن کاتێک بۆی ڕوون بووەوە کە خۆشەویستەکەی لەدەست دا، جانتاکەی دەست دەداتێ و بەرەو میوانخانەیەک دەڕوات و ئەو میوانخانەیە جێ دێڵێت کە تێیدا کەرامەت و کەسایەتی تێکوپێک شکێنرا. لەو چیرۆکەی نێوان
موحسن و سۆزی، ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، سۆزی بەرجەستەکەری ژیانی ماددی و خۆپەرستی تاک و دیوە نەرێنییەکەی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شارستانییەکەیەتی. لەوکاتەی موحسن دڵپاکیی جێهێشت، ئەو موحسنەی سەرسامی جوانییە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆروپا و شارستانییەتەکەی بوو، بێ ئەوەی بچێتە ناواخنی واقیع و ژیانە ماددیگەرا و بێڕۆحەکەی ئەو شارستانییەتەی کە تەنها ماددەی کردووەتە پێوەر و مرۆڤ وەک ئامێرێکی میکانیکی و ئامرازێکی بەرهەمهێنان کورت کردووەتەوە و سوود و چێژی کردۆتە پێوەر لە ژیان. هەڵبەتە لە تێڕوانینی تۆفیق ئەلحەکیمدا. ئۆروپا توانی هەندێک ئارامی و چێژ و شتی سەرەتاییتر بۆ تاک فەراهەم بکات، بەڵام ئەو هەستە زیندووە و ئەو ڕۆحە پاک و دڵە جوانەی ڕۆژهەڵاتی لێ سەندنەوە. ئۆروپا دوای شۆڕشی پیشەسازی گەیشتە دۆخێکی نەرێنی و له شارستانییەتە ماددیگەراکەیدا، مرۆڤ خاڵیی بووەتەوە لە ڕۆح و لە جیهانی ماددیگەراییدا ڕۆچووە و لە ئامێرێک زیاتر نییە. نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت، سەرەڕای ئەو ناپاکی و پەیوەندیپچڕانەی سۆزی، وەلێ موحسن هیچ کاردانەوەیەکی خراپ و هەڵوێستێکی نەرێنی نەنواند. ئەوەش نیشانەی دڵسۆزی و وەفایه لای تاکی ڕۆژهەڵاتی. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ڕۆژئاوا ڕووکەشی و ڕۆژهەڵات واتا قووڵایی. چۆڵەکەیەک لەڕوژهەڵات، موحسن تێیدا بەرجەستەکەری ڕۆحی ڕۆژهەڵات و بەها مەعنەوی و بەرز و جوانەکەیەتی. سۆزیش ئەو ژیانە بێگیان و ماددیگەرایەی ڕۆژئاوایە. پوختەی چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی، ململانێی نێوان دوو شارستانییەتە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ململانێی نێوان واقیع و خەیاڵ، دڵ و ئەقڵ، نوێگەرایی و نەریتگەرایی، زانست و باوەڕ، ڕۆح و ماددە.
ماوەتەوە بڵێم، شتەکە ڕێژەییە و نە ڕۆژهەڵات ئەو چۆڵەکە و پەپوولەیەیە، نە ڕۆژئاواش بەو ڕەهاییە ئەو دێوەزمه ماددیگەرا و خۆپەرست و بێوەفایەیە. ڕاستە سیستەمی سەرمایەداری جیهان لە قازانج و سوودی ماددییە و مرۆڤ لە ئامێرێک کورت دەکاتەوە، وەلێ خۆرئاوا هەمووی سەرمایەدار نییە و وا بیرناکاتەوە. ڕۆژهەڵاتیش هێندە مەعنەوی و پاک و هەوری بێ پەڵە و چۆڵەکەی بێ هەڵە نییە. لە هەردووک لادا، هەڵە و لادان هەن و بەهای بەرز و جوانیش هەن.
“شەماڵ بارەوانی“