
نوسەر و خوێنەر… دڵشاد تاقانە
دوو دوانەی لێکگیر و هاوبەند،هیچیان بێ کامیان نابن، نوسەری بێ خوێنەر مردووە و خوێنەری بێ نوسەریش ناژی. هەتا نوسین نەبێ خوێندنیش نابێ بەڵام لەیاسای دیالێکتیکدا بەدوای یەکدا دێن و دەخولێنەوە.
نوسەر..
داهێنەرە و زادەی هۆشی تاک دەینوێنێ لەسەرەتاکانەوە هەتا ڕادەی بیرمەندی خاوەن بیرۆژەی تایبەت لەکۆی بوارەکاندا دەتوانێ پێشچنی ڕۆشەنبیری بێ. دواجار دەبێتە ناوێکی بریقاوەی مێژووی مرۆیاتی.
خوێنەر..
فێرمەندێکی هەڵسەنگێنەرە، بیرۆژە و توانامەندی نوسەران شرۆڤە دەکا، بەزادەی هۆشی خۆی بیردۆزەکان شیدەکاتەوە و دەسەلمێنێ. ڕۆڵیان کاریگەرترە لەگەیاندنی بیرۆکەکان، گشتاندیە و بێژمارەن هەرتاکێک و دووان و سیان نین.
نوسەری خوێنەر..
ئەو نوسەرە ژیکەلە و داهێنەرانەن کە خوێنەران هەڵیان دەبژێرن و هەمیشە لێیان سودمەندن، بەرهەمەکانیان دانیسقە و شایەنی خوێندنەوەیانە، بەپێشەنگیان دەبینن هەمیشە چاوەڕێی نوێکاریەکانیانن.
خوێنەری نوسەر..
ئەو حەشاماتە زیرەک و هێژاییە، تێگەیشتوو تاقیکاری بەرهەمی نوسەرەکانن. نوسەر بێ خوێنەرانی وەک چرایەکی هەڵنەکراوە لۆیە پێویسته نوسەر ڕێزی زیرەکی خوێنەرانی بزانی و بەگەمژەیان نەبینی بەرهەمی پڕوپوچیان بەسەردا تەخشان و پەخشان بکا چونکە گەورەیی خۆی لەدەسدەدا. بەداخەوە لەم سەردەمە پوچنوس زۆرترن لەجوانوس.