Skip to Content

حەسەن زیرەک و دانپێدانان.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

حەسەن زیرەک و دانپێدانان.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ته‌مموز 2, 2023 General, Literature


پێشەکی …
هونەرمەند حەسەن زیرەک .. چ وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ و چ وەک شاعیرێکی خاون شێعرو شیعری گۆرانی ؛ چ وەک کەسایەتیەکی نێو کۆمەڵگەو چ وەک مرۆڤێکی کورد .. زۆر ڕووی هەیە بۆ لێکۆڵینەوەو بە دوا داچوون !
لە ڕووی هونەریەوە وەک ئاواز دانەرو زۆری ئاواز ، وەک دەنگ و دەنگێکی تایبەت و کۆنسێرتی و ئاواز ڕەنگ تاوسیی ، وەک گوتن .. گوتنی زۆرو پڕ هونەرو پڕ دەنگی جیا جیا و زۆر گوتن و بەردەوام گوتن ! من خۆم لە هونەرمەندی کورد مامۆستا باکووریم بیستووە ، گوتوویەتی 🙁 وا ڕێککەوت من حەسەن زیرەک لە بەغداوە بۆ کەرکوک پێکەوە بە قیتار هاتینەوە ، من عودم پێ بوو زیرەک گۆرانی دەگوت و منیش عودم بۆ لێدەدا ، لە بە غداوە تا کەرکوک بەردەوام زیرەک گۆرانی گوت و منیش عودم لێدا ، تا گەیشتینە کەرکوک بەردەوام بووین ، خەڵک وەک کورە هەنگ دەوریان دابووین )(١). بۆ زۆر ئاوازیی و زۆر شیعری ، مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی نووسەرو وەرگێڕی ناسراوی ڕۆژهەڵات ، دەگێڕیتەوە کە مام هەژار گوتوویەتی : (لە بە غدا دکانێکی عەکاسیم هەبوو ، دەفتەرێکی گەورەی تایبەتم بۆ زیرەک کڕیبوو، دەهات شیعرەکانم بۆ دەنووسیەوە ، جاری وا هەبوو بەیەکجار( ١٥ ) شیعرو ئاوازی دەهێنا !! )(٢)
هەروەها ( دکتۆر محەمەد سدیق موفتی زادە ) لە پێشەکی کتبی ( چریکەی کوردستان ) لە باسی زیرەک دەنووسێ 🙁 کاک زیرەک ، بە بێ کەسب و کۆشش ، چەند هونەرێ تێدا کۆبووەتەوە ، کە کەمتر لە کەسانی خوێنەواریش دا ، ئەو هونەرانە کۆ بوونەتەوە ، هونەری بەستە دانەری ، دەنگ خۆشی ، قسەزانی ، کاک زیرەک هەروەها کە هونەرمەندێکی پایە بەرزی کوردە ، زۆر قسە خۆش و خوێن گەرم ودەس و دڵ بازە و لە دۆستایەتی دا ، ڕاست و دروستە و گەلێ نیشتمان ویست و ڕەگەز پەروەرە ، ) (ل١-٢)

لە بارەی شاعیریەتی زیرەک نابێ ( چریکەی کوردستان ) بە کەم سەیر بکەین ، چۆن لە وێدا زیرەک ژیانی خۆی لە سەرەتاوە تا ساڵی ١٩٥٨ و گەڕانەوەی بۆ ئیران بە شیعر نووسیوتەوە ، بە شیعری ڕەوان و پڕ هونەرو پڕ لە جوانیەکانی شیعر ؛ جگە لە شیعری گۆرانیەکانی ، کە زۆر بەی هەرە زۆری شیعری خۆیەتی و شیعرە فۆلکڵۆریەکانیشی ڕیکخستووەو جوانتی کردوون ، ئەوەش زانراوەکە زیرەک دەستەو ڕست و یەکسەر شێعرو ئاوازی بۆ دەهات و جوانیشی بۆ دەهات ، هەموو ئەو گۆرانیانەی لە پڕ گوتوویەتی و تۆمار کراون ..گۆرانی سەرکەوتوو و نەمرن !
زیرەک وەک کەسایەتیەک .. زۆر بە توانا لە چەند ڕووێکەوە پێویستە لێکۆڵێنەوەی لە سەر بکرێ ، کەسایەتی هونەری ، کەسایەتی ئەدەبی ، کەسایەتی کۆمەڵایەتی ، کەسایەتی نەتەوەیی ، کەسایەتی چینایەتی ، کەسایەتی سیاسی و کەسایەتی ژندۆستی و عاشقی و زۆر سفەتی وەک دەسبڵاوی و ئازایەتی و بە وەفایی و خۆش مەجلیسی و …..تا دوایی !
دانپێدانان ..
دانپێدانان .. دوو جۆری هەیە ، یەکیان ئەوەیە کەسێک بە زۆر دانپێدانانی پێبکرێ ! دووەمان ئەوەیە کە ئەو کەسە بە خواستی خۆی دانپێدانان بکات ، ئێمە لێرە مەبەستمان لە دانپێدانانی زیرەکە بە خواستی خۆی ، لەوانەی کە کردوویەتی و بەسەری هاتووەو پێیکراوە !
دانپێدانان لە ڕووی دەروونناسیەوە ، واتای ئەوە دەدات کە ئەوکە سە کارێکی کردووە یان پێیان کردووە ، ئێستا خۆی ئەم کارانەی بەدڵ نیەو وەک بارێکی گران لە نێو دڵێدا بووە بەگرێ و دەیەوێ خۆی لەم بارو گرێیە ڕزگار بکات .
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ، کەسی دانپێداناو لە لۆمەی خەڵک و تیرو توانجی کۆمەڵگە ناترسێ و باسی بەسەرهاتەکانی خۆی دەکات و شەرم ناکات !
دانپێدان چیە ؟ گێرانەوەی کارێکە کە کۆمەڵگە بە عەیب و شەرمی دەزانێ و کەسێک لە ڕابردوو دا کردوویەتی یان پێی کراوەو هەوموو کەس دەیانەوێ ئەم جۆرە کارانە بشارنەوەو نایانەوێ خەڵک بیانزانێ ! بەڵام ؛ دانپێنەر خۆی دەیانگێڕیتەوەو چ لە بەردەم کۆمەڵگە چ لە بیرەوەریەکانی دا ! وەک ئەوەی( جان جاک ڕۆسۆ ) بۆ یەکەم جار کردوویەتی ! کەچی جان جاک ڕۆسۆ چوار ساڵ پاش مەرگی خۆی ساڵی( ١٧٨٢)کتێبە کەی دانپێدانانی بڵاو کرایەوە ، کەچی زیرەک لە ساڵێ ١٩٦٦ بڵاوی کردەوە و هێشتا لە ژیاندا بوو، بە هۆی ئەو کیتابەش ( ساواک) فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوو ناچار هەڵات و هاتە کوردستانی ئەو دەمی سەر بە عێراق ، واتە لەسەر ئەو کتێبەی کە بەشێکی دانپێدانانەکانی بڵاو کراوەتەوە ، ناچار بوو ماڵ و ئیران بەجێ بێڵێ !
دانپێدانان .. سفەتێکە زۆر کەم مرۆڤەکان دەتوانن دان بەوە دابنێن کە دژی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی دژی یاسا و دژی ئایین و دژی نەتەوە کردوویانە و وەک نەنگیەک حسێب دەکرێ و کۆمەڵگە بە سووک سەیری ئەو کارانە دەکات . یان ئەوەتە دانپێدانان ئەوەیە ..کەسێک بێت ئەو کارانە بگێڕیتەوە کە خۆی کردوویەتی و نە دەبوایە بیانکات ، یان ئەوکارانەیە کە بە زۆر پێی کراوە ، کە نەدەبوایە پێی بکرێ ! یان کارانێکە بەرامبەر بە کەسانی تر کردوویەتی،کە نە دەبوایە بیانکات !
دانپێدانان چەند جۆرێکە :
یەکەم : ئەو کارانەی مرۆڤ خۆی کردوویەتی و کۆمەڵگە بە شەرم و نەنگی و تاوانیان دەزانێ ، دزی و درۆو کوشتن ، کاری سیکسی ، خیانەت !
دووەم : ئەو کارانەیە کە مرۆڤ بە بێ خواستی خۆی بەرامبەری دەکرێ و کۆ مەڵگە بە سووکایەت و شەرم و کەمایەتی نەنگ دەیناسێ !
سییەم : ئەو کارانەن کە کەس و کار دەیانکەن وەک باوک دایک و خوشک و براو خزم ، بە عەیب بۆ ئەو کەسە سەیر دەکرێ ! ئەم خاڵەیان زۆر تر لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات ، تاک بە کردەوەی ئەم کەسانە چاو شۆڕو زمانکورت دەبێت . زیرەک لە هەرسێ جۆر دانپێدانانی هەیە !
دانپێدانان.. ئازایەتیەکە لە دەست هەموو کەسێک نایەت و ویژدان ئاسوودەکردنێکە قوربانی دانی گەرکە !
ئەو ئازایەتیە لای تاکی کورد زۆر کەمە ، تا ئێستا جاشێک بیرەوەریەکانی خۆی ناگێڕیتەوە ، (*٣) جاسوسێک باسی جاسوسی و ڕاپۆرتنووسینەکانی خۆی ناکات ! ئەمە لە ئاستی نەتەوەیی ؛ لە ئاستەکانی تریش هەر هیچ !
-تاوانێک کە زیرەک بەرامبەر کەسانی دی کردوویەتی :
چەند سەرم شکاند ..!!
ئەوەی ڕاستی بێت ..کە دەڵێین تاوان ، نابێ وابزانین کە زیرەک تاوانی گەورەی کردووە ، بە نەخشەو بە پلان ، چۆن لەو سەردەمانەی زیرەک کارێکی کردووەو دواتر لێی پەژیمانەو دانی پێدا دەنێت ؛ کارێکن کە یان لەسەردەمی منداڵێ و بێ سەرپەرشتی و نەزانی کردوویەتی وەک خۆی دانپێدادەنێ و لە جێگایەک لەم ژیاننامەیە دا دەڵێ : هۆشم هاتەوە بەر !، وەک خۆی دەڵێ کاری واش هەیە بۆ بەرگری کردن لە خۆی کردوویەتی ولە (چریکەی کوردسان) دەفەرمووێ :
لە شازدە ساڵە ، چەند دەرکەم تەقاند
چەندە کارم کرد ، چەند سەرم شکاند
لە مەراغە دا ، بووم بە تووتنچی
ڕۆیشتمە تەورێز ، بووم بە قاچاخچێ
شەوێک کە گیرام ، مردن لای وی چی ؟
تاڕۆژ لێیاندام ، بەدارو قەمچی
**
لە تەورێز بوومە شاگرد قەنادچی
ڕەفیقم کێ بوو ؟ پاک هەرچی وپەرچی
زۆر کار دەکات و زۆر شار دەگۆڕی بە ناچاری دەڵێ :
نەم دەدا خاوە و نەشم دەستاند باج
ماڵ و مەنزڵم ، قولنجکی گاراج
چەند پەندم دی ، بووم بە بیست و چوار
باش بێ عەقڵ بووم ، بێ شەرم و بێ عار
ئەگەر بە وردی ئەم شێعرانە بخوێنینەوەو بگەڕێنەوە سەردەمی ئەو وەختی ژیانی زیرەک ، دەبینین زۆر ڕاستگۆیانەو بێ دوو دڵێ باسی سەردەمی خراپەکردنی خۆی دەکات و تا دەگاتە ئەوەی بە خۆی دەڵێ : بێ شەرم و بێ عارو بێ عەقڵ بووم ! ئەم دانپێدانانەی زیرەک ، هۆی ئەوەیە کە دواجار بە هۆش خۆی دێتەوەو دەزانێ ئەوکارانەی کردوویەتی ، کارێکی باش نە بوون ؛ سەیر کە سەرشکاندن و دەرگە تەقاندن و قاچاخچێ کرد ن وڕەفیقایەتی کردنی هەرچی و پەرچی ! ئەوەش هەمووی لەسەردەمی بێ ماڵێ و بێ کەسی دا ،کە بەم حاڵەشەوە دەڵێ : نە خاوەم دەداو نەشم دە سستاند باج ! کە خاوەدان لە ترسنۆکیەوە باج ساندنیش بە هۆی زوڵمەوەیە ! ئەوە دەری دەخات زیرەک لە نێو چ توێژێک و لە چ جۆرە کۆمەڵگەیەک بە بێ کەسی و بێ ماڵێ ژیانی بەسەر بردووە ! لەم کاتەدا تەمەنی دەبێت بە ( ٢٤ ) ساڵ ، بەڵام ، بێ ئیشی و برسیەتی یەخەی بەرناداو سەری پێ هەڵدەگرێ بۆ خوزستان و مەسجد سلێمان و بەسرا ؛ لەم هەموو گەڕان و دەربەدەریە کاری دەسناکەوێ و جارێکی تر غەریبی کەس و کاری دەکات و بەو هیوایەی وەری بگرنەوە …
دڵ پڕ لە ئاوات هاتمەوە لای برا
تا براژنی باش بۆم هەڵکا چرا
براو براژن ، برازای جوانم
ئەوان دەوڵەمەند ، ئەمن بێ نانم
هەرچەند هەڵوەدا و دژ وعاجز بووم
وەڵڵا ، لاوێکی پاک و تەمیز بووم
بەو هەموو ئومێدەوە دێتەوە لای براو برا ژن و برا زاکانی و دەکەوێتە خزمەت کردنیان ، کەچی براژن و برا زا لێ ی دەکەونە لچ و لیو بادان و تاوان بۆ دروست کردن !
براژن وتی : واهات کولکنە
برازا وتی : چەن ئەسپێ ونە !
بوومە نۆکەریان ، بوو بوومە کاردار
بەشەو ئێشکچی ، بە ڕۆژ بارو کار
سەرە ڕا ڕوانیم ، براکەم کزە
براژنم وتبووی : کە حەسەن دزە
پێم گوت برالە ، من کاری گەرم
بۆ تۆ کار دەکەم ، وەکوو سپەرم
ئەمما سەت لە عنەت لە پیاوی بەدخوو
چونکە براکەم زۆر ژن سفەت بوو
هەقەکەم چەندە بووەتە چل تمەن
کەداوام لێ کرد ، پێ ی وتم ؛ بۆگەن
کە هانی لێ دام بەداس و بەشەن
ووتی گال بدەم پارچە پارچەت کەن
ئیتر من دەستم لە روحم هەل گرت
شەپێکم لێ داو قوور قورووچکەم گرت
برازاو براژن کە هاواریان کرد
ژاندارم هاتن ، کەلەبچەمیان کرد
هەرچەندە زیرەک باسی خۆی دەکات وەک – وەک لاوێکی پاک و تەمیز – بەڵام ، دواجار لە بەرامبەر بێڕێزیەکان چیتر خۆی بۆ ناگیرێ و داوای مافی کارکردنی ئەو ماوەیە دەکات کە بۆ براکەی کاری کردووە ، وەڵامی براکەی گەف و لێ کردن هەڕەشەی لێ دان دەبێت بە داس و شەنە و قسە پێگوتن ، لەم کاتە دا زیرەک خۆی پێ ناگیرێ و دەس لە ڕوحی خۆی هەڵدەگرێ و شەيپێکی لێ دەدات و قوڕقوڕاگەی دەگرێ ! براژن و برا زاکانی دەکەونە هاوار و جەندرمە دێن و کەلەبچەی دەکەن . ئەم گێڕانەوەیەو دانپێدا نانە ، کە کەس و کاری خۆی چیان پێکردووە ، جارێکی تر زیرەک ناچاری سەرهەڵگرتن و دەربەدەری و بێ کاری دەکات .
لەم بێکاریەدا ئەمجارە دەبێتە شاگرد شوفێری حاجیەکی بە تەماع ، پاش بینەوە بەرەیەکی زۆر و بار پەیداکردن بۆ ماشێن ، بەنزین بڕان و باری گران .. لێرە زیرەک دەچێتە پشت سوکان و ماشێنەکە لێ دەخوڕێ ! چۆن شارەزا نیەو تازەکارە لە ماشێن لێ خوڕین ، ماشێن خۆی بە دیوارێک دادەداو گەنجێک بە ناوی – مستەفا – دەکەوێتە ژێر دیوارو دەمرێ ! زیرەک دەڵێ :
خەتام تیا نە بوو بە کەلاموڵڵا
خودای لێ خۆش بێت یەزادان ئیشاڵڵا
کە دەزانێ گەنجەکە مردووە زیرەکیش لە ترسان خۆی لە خۆ دەبات و جولە لە خۆی دەبڕێ ! فرسەتێکی بۆ هەڵدەکەوێ و دەردە پەڕێ و هەڵدێ ! ڕوو لەدەشت و کێو دەکات و مانگە شەو دەبێ و لە دوور کەپرێک دەبینێ ! دەچێتە لایان بە هومێدی حەوانەوەیەک ! سڵاویان لێ دەکات ..
جەحێل و پێرێ لێم کردیان سلاو
چۆن دوو نەفەر بوون تەواو دایان تاو
**
یەکیان جەهێڵ ، ئەوەی تریان پیر
گوتیان بە خێر بێ بە ڕاو تەکبیر
لە پشت کەپرەکە کە زۆر سرتەیان کرد
ڕایان ئەوە بوو من بکەن دەسگیر
پێم نەدان ئامان ، وەک شێری سەرمەست
هەستام لە جێم و بێ پەرواو سەربەست
گوتم وانابێ کار دەکەن بێ هەشت
خودا دەیزانێ دەتان کەم قۆڵ بەست
چەقۆم دەرهێناو لێم نەکردن باک
جەهێلەکەم گرت وەک پڵنگی چاڵاک
کە کوڕەم واگرت ، پیر کەوتە هاوار
وتی ئینساف کە ئەی برای ڕێبوار
جەهێڵ پاڕاوە ، داوێنی بادام
سەری دانەواند ، جوان خۆی لێ لادام
باب و کوڕە کە تێدەگەن زیرەک هەڵاتووە ، دەیانەوێ بیگرن و بیدەنەوە دەست ژاندارم ، بەڵام ، زیرەک هەر زوو لە نیازیان تێدەگات و کوڕە بەرزەفت دەکاو پیرە دەخاتە پاڕانەوە ، زیرەک پیاوێکی زۆر ئازاو چاو نە ترس و بە هێز بووە ،( عەلی یاسەمەنی )(٤) خزمی زیرەک و هاوڕێی منداڵی دەگێڕتەوە ، کە لە ناوچەکە کەس پشتی زیرەکی پێ نەدەخرایە زەوێ و هەرگیز نەشیدەزانی ترس چیە !؟ هەڵوێستی ئازایانەو چاو نەترسی زۆرە لە گەڵ هەموو دەربەدەری و بێ کاری و بێکەسیشەوە ! لێرەش دوو جۆر دانپێدانان دەکات ، یەکیان ئەوەی دەبێتە هۆی مردنی گەنجێک و دوو چەقۆ دەردێنێ و گەنجەکە بەرزەفت دەکات ! ئەم جارە سەر هەڵدەگرێ بۆ تاران و لەوێش بە ژیانێکی مەمرەو مەژی ژیان بەسەر دەبات ، پاش دوو ساڵ دەگەڕێتەوە : هاتمەوە تەورێز ، چوومە مەهاباد لە لای دادستان کردم عەرزو داد نە پاڕامەوە کە بمکا نەجات واش لێ نەکۆشام ، بمکاتن خەڵات پاش ئەم خۆ تەسلیم کردنەوە دادگا، بە نۆ مانگ بەندکردن فەرمانی بۆ دەردەکات . نۆ مانگم کێشا ، زیندان بە خەتا دەوڵەت بەخشێنی پێ کردم عەتا ئەم کەین و بەینە ساڵێک بوو تەواو جا چۆن پیر نەبم چۆن بمێنێم لاو بیست و حەوت ساڵەم ئاوا هاتە بان (٥)
جا خۆت کۆمەک بە ، خودای لامەکان
ئەگەر بە وردی ئەم ژیاننامەیەی زیرەک بخوێنیەوە ، دەبینین زیرەک لە نێوان هەڵاتن و بێکاری و بێکەسی و دەربەدەری و بەسەرهاتو پێشهاتی نەخوازراو بەندیخانە دا دەخوڵێتەوەو ناحەسێتەوە ، هەر ئەوەشە کە تەمەنی دەگاتە بیست و حەوت ساڵی ، بە داخ و حەسرەتەوە دەڵێ : چا چۆن پیر نەبم و چۆن بە لاوی بمێنمەوە !؟ ئەوەیە کە زیرەک لە گۆرانیەکی دا دەفەرمووێ : لە پڕدا پیرێم لێ وەدەرکەوت ! ئەو زوو پیر بوون و هەستکردن بە پیریەی زیرەک هۆی ئەوە بوو کە ئەم ژیانەی زیرەک لێ نەگەڕاوە زیرەک هەست بە ژیان بکات ! هەردەم لە ناو – گێرەو قەرقەش دابووە – وەک خۆی لە گۆرانیەکی دی دا دەڵێ ! هەر بۆیە دەبێ گۆرانیەکانی زیرەکیش وەک ژیاننامەکەی بخوێنینەوە ، چۆن بەردەوام بە پێی پێشهاتەکان باسی خۆی دەکات ، ئەگەر ڕؤژێ دەفەرمووێ ؛ ئاخی پیریەتیم هێناوە شنۆ !؟ ئەوا ڕؤژێکیش دەڵێ : بولبوڵ ئەمساڵ من زۆر بەختیارم ساحێبی مەهتاب گوڵی بەهارم !
زیرەک زۆر ڕاستگۆیانەو بێ شەرم باس لە کاری خزم و کەسی خۆی دەکات و هەڵوێستی براو براژن و برازاکانی دەخاتە بەرچاوو هەر ئەو کارەی ئەوان کردوویانەو ئەو قسانەی کە پێیان گوتووە ، ڕاست و ڕاست دەیانگێڕیتەو.. چلکن و ئەسپێ ون و دزو بۆگەن و گال دەم لێت دەن بەشەن !! دووبارە دەکاتەوە و دانیانپێدا دەنێ …
تاوانێک کەسانی دی کردوویانە بەرامبەر بە زیرەک ..
حەسەن زیرەک لە کتێبی ( چریکەی کورستان ١٩٦٦) چاپی کردووە بەشیعر باسی ژیانی خۆی دەکات لە منداڵیەوە تا گەڕانەوەی لە عێراق بۆ ئیران ساڵی ١٩٥٨ ، لەو ژیاننامە شیعریە دا زۆر ڕاستی گوتووەو دانپیدانانی کردووە ، سەرەتا لە ماڵی خۆی لە دایکیەوە دەست پێدەکات ، دەنووسێ :
دەستی قودرەت بوو ، بابم کۆچی کرد
دایکم مێردی کرد ، زۆر بە دەست و برد(٦) بەو جۆرە ماڵی ئێمەی بە قوڕ گرت بزنی دەفرۆشت ، دەیگوت مانگا مرد خوشک و برامی وا دەر بەدەر کرد خەڵکی بۆکانی لێمان خەبەر کرد بناغەی ماڵی لە بن دەرهێنا سەبارەت بە مێرد ، گشتمانی دەرکرد شوکردنەوەی ژنێکی بێوەژن کارێکی عەیب و تازە نیە لە کوردەواری ، دەگێڕنەوە ژنێک شەش منداڵێ دەبێ و مێردەکەی دەمرێ ، شو دەکاتەوە ؛ بە مامۆستای گوندی دەڵێن : ئەو خانمە شوی کردەوە ! مامۆستای گوندی دەڵی : بێ شەرعی نەکردووە ، بێ ئەدەبی کردووە ! دایکی زیرەکیش وەک هەموو دایکێک لەم حاڵەدا مافی خۆیتیان شوبکەنەوە ، ئەوەی کە ئەو دایکە کردوویەتی ، وەک زیرەک باس دەکات ، زوو مێردکردنەوەو ماڵ بە قوڕگرتن و بزن فرۆشتن و مانگا تەلفاندن و دەرکردنی کچ و کوڕەکانی و بناغەی ماڵ هەڵتەکاندن و لە پێناو مێرد و دەربەدەرکردنی منداڵەکان و کردنیان بە بنێشتە خۆشەی سەرزاری خەڵک ، لە کاتێک دا منداڵەکان هەموویان پێویستیان بە سەرپەرشتی و بە خێوکردن و ئاگا لێبوون هەبووە ، ئەوەتە بە هۆی ئەو بێ ماڵی و بێکەسیەوەو زیرەک دەڵێ : هەشت نۆ ساڵە بووم ، بووم بە عەمەلە لە کار کردنا زۆر ئەمکرد پەلە لێرەوە سەرتا دۆزەخیەکەی ژیانی زیرەک دەست پێدەکات و دەکەوێتە نێو تونێلێکی تاریک و تەنگ و هەتا دەمرێ لێی دەرباز نابێت . ئەو دانپێدانانەی زیرەک .. ئازایەتیەکە هەر لە خۆی دەوەشیتەوە ، ئەو دانپێدانانەش بۆ نزیک هەفتا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕیتەوە ، دیارە زیرەک ئەگەر بە باوک مردن و دایک شوکردنەوەکەی ئازاری زۆری دیوە ، بە نووسین و ئەم دانپێدانانەش تانەو تەشەری زۆری لێدراوە و ئازاری ڕوحی چەشتووەو سوکایەتی پێکراوە ، بەڵام ، ئازایەتی زیرەک وەک هەموو ئازایەتیەکانی ئازایانەو بێ باک لە دەم و دوی کۆمەڵگە ، ئەو ڕاستیەی گوتووە کە بینیویەتی و ئازاری داوەو ژیانی گۆڕیوە ! زیرەک هەر بەتەنیا ئازاری بەدەست شوکردنەوەی دایکی نە چەشتووە ، ئەوەتە براکەشی کێشەیان بۆ پەیدا دەکات : برام گەورە بوو کچێکی ڕفاند ئەمنیشی تارکرد، هەردێ و شارم کرد تار بووم هەڵاتم ، ڕووم کردە سەقز بوومە چاوساغی مەلایێ حافز مەلا چ مەلا ، بە توانج و بوختان لە جیاتی ئامانج کردیشمی بە دز دیسان براکەی کچێک هەڵدەگرێ ؛ زیرەک دەربەدەرو ئاوارە دەبێت ، لەم ئاوارەیی و بێکەسیەی دا لە سەقز دەبێتە چاوساغی مەلایەکی کوێر ؛ زیرەک بە هیوای نان پەیدا کردنێک ئەم کارە دەکات ، کەچی کوێری لە خودا عاسی درۆی بۆ هەڵدەبەستێ و توانجی لێدەدات و دواجار بە درۆو بوختان دەیکات بەدز ! ئەوەیە بۆ ڕێش چوو سمێڵی نایە بان ! دانپێدا نان ..زیرەک ئەگەر لە باسی شوکردنەوەی دایکی ناپەنگێتەوە ، ئەوا لە گوتنی ژن هەڵگرتنی براکەشی خۆ نادزێتەوە و باسی ئەو ئازارەش دەکات کە ئەمجارە بە هۆی کاری – ژن هەڵگرتنی براکەی – توشێ دەبێت . زیرەک پیاوێکی ڕاست گۆیەو بێ شەرم و ترس ڕاستیەکانی ژیانی خۆی باس دەکات ، ئەگەرچی خەڵک و کۆمەڵگە ئەم کارانە بە شەرم و نەنگ دەزانن و بە چاوی دادەنەوە ! پاش ئەم هەموو غەریبی و دەربەدەری و بێ کاریەی ، غەریبی کەس و کاری دەکات و دەیاندۆزێتەوە ، بەڵام کەس ڕووی ناداتێ و بە ناچاری جارێکی تر ڕوو دەکاتەوە غەریبی .. دوو بارە هەروا ، کەوتمە غەریبی نەخۆش دەکەوتم لە بێ تە بیبی بەبێ دکتۆر و بێ داوو دەرمان چون کە بێکەس بووم نە بوو عەجیبی کێ بێ بێ گەورە ، کە بەرەڵلابێ وەک منی لێدێ ، زەحمەتە چابێ هەرکەس دایکی بێ ڕەحمی وای بێ دەبێ بەم جۆرە وێل و ڕێسوا بێ زیرەک بەردەوامە لە گێرانەوەی ئازارەکانی و داننان بە ئەو کارانەی کە بەرامبەر ئەوکراوە ، ئەوەتە جارێکی دی هۆی ئەم هەموو ئازارو دەربەدەری و سوکایەتی پێکردنەی خۆی دەداتەوە پاڵ دایکی ، دەڵێ هەرکەس دایکێکی وەک منی هەبێت ئاوا وێل و ڕیسوا دەبێت ، ئەم هەموو ئازارە چاو و دڵی زیرەک دەکاتەوەو لەم دانپێدانانە حیکمەتێک دروست دەکات ، کە نرخی بە گەوهەر تەواو نابێ و دەڵێ : کێ بێ بێ گەورە ، کە بە رەڵلابێ وەک منی لێ دێ، زەحمەتە چابێ هەر بەڕاستی ئاوایە ، ئەو ژیانەی کە زیرەک ژیاوە ! هی ئەوە نەبووە هونەرمەندێکی مەزن و کوردێکی دڵسۆزو مرۆڤێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە ! بەڵام ، ئەو ژیانەی کە پڕ زەحمەت بووە ، بۆ زیرەک نە بووە بە ئەستەم .. زیرەک لێنەگەڕاوە بەلاڕێی داببات و ئەستەمبڕ بووە و بە و هەموو زەحمەتە بووە بە پیاو – چا – کەکە و لە بەرەڵڵایی دا نەماوەتەوە . زیرەک بەردەوامە لە دانپیدانان و گێڕانەوی ژیانی خۆی ، میدیا خانمی خێزانی زیرەک لە زاری زیرەک دەگێڕیتەوە 🙁 حەسەن لە درێژایی تەمەنی دا ، زۆر جار زەماوەندی کردووە و ژنی زۆری هێناوە کە خێزانی یەکەمی کچێک بە نێوی مە حبوبە بووە کاتێک حەسەن – بە هۆی ئاگرگرتنی ماشێنەکەی لە سەقز دا و کوژرانی لاوێکی ١٨ ساڵە – بە بەندی ئەبەدی مەحکوم بووە ، لەم کاتە دا دایکی خێزانی ئەوی لە حوسەینی برای مارە کردووە ، ئەم کارە زۆر شوینی لەسەر دڵی ناسکی حەسەن زیرەک داناوە و ئەوی تووشی کەند و کۆسپی نالە بار تر کردووە ، لە ترسی ئەم ڕووداوە دا ، ماوەیەک ڕای کردووتە عێراق ) ( ل٤،٥) ئەم کارەی دایکی و ژنی حەسەن مارەکردنەوەی لە حوسەینی برای ، لە کاتێک دا زیرەک لە بەندیخانە بووە ، کە هاتووەتە دەروە ، ئەمە دەبینێ خۆی بۆ ناگیرێ و سەر هەڵدەگرێ ! ژیانی زیرەک وەک ئەڵقەی زنجێرێک یەک لە یەک ناخۆشترو دڵهەژێن تر ، چ کارەساتێکە لە بەندیخانە بێیتە دەرو ببێنی ژنەکەت بێ برسی تۆو تۆ هێشتا زیندوو بێت لە برات مارە کرابێ ! چ کەسانێک ئەمەیان کردبێ ، دایک و برای خۆی !؟ دەنگت بۆ ڕادیۆ ناگونجێ ..!! هەر میدیای زەندی دەنووسێ : ( ڕەفتاری دەوڵەتی ئەوکاتە ، لە گەڵ حەسەن دا ، کە لە کوردەواری وتەواوی دنیا ، بە تایبەت عێراق و ئێران ناو بانگی داخستبوو ، ئەوی تووشی کەندو کۆسپێکی زۆر کرد ، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ( دکتۆرشێخ عابدی سەڕاجوودینی) سەرۆکی بەرنامەی کوردی ڕادیۆی تاران بوو ، کاتێ حەسەن هاتبووە ڕادیۆ – لە مەیدانی ئەرک – دا . شێخ عابدی سەڕاجوددینی ، بە دەرگاوانی دەستوور دابوو، تا حەسەن ڕێ نەدەنە ژوورێ ، کە ئەم کارە لە سەر دڵێ ناسکی زیرەک هێندە شوێنێکی خراپی دانا ، هیچ کات نە گەڕایەوە بۆ ڕادیۆی تاران و بە دڵ شکاوی پێ و پێڵاوی پێچایەوە بەرەو بەغدا ) ( ل٧) دیسان سەیرکە .. زیرەک هەموو ژیانی خۆی خستبووە خزمەت هونەر و ڕادیۆی تارانی خستبووە سەرپێ و ناوبانگێکی ڕۆژهەڵاتی پەیدا کرد بوو لە ئیران و لە نێو هەموو هونەرمەندانی کوردو فارس و ئازەر لە ڕێزی پێشەوەی هەمووان بوو ، جا لە وها کاتێک دا بەڕێوەبەری ڕادیۆ بە پۆلیسی دەرگا بڵێ ، لێنەگەڕێن حەسەن زیرک بیتە ژوورەوە ! ئەمە چ زوڵم و بێ ڕیزیەکە بەڕێوەبەری ڕادیۆی تاران بەرامبەر بە زیرەکی کردووە ؟؟ دەرکردن هەر نەیسە ؛ بە ڵام ، ڕێگای نەدا بێتە ژوورەوە ، لە کاتێک دا بە بەرزترین هونەر زیرەک خزمەت بەم ڕادیۆیە کردووە ! ئەوەی لە ڕادیۆی عێراق و ئێران بە زیرەک کراوە ، هەرگیز لە هیچ ڕادیۆیەک بە هیچ هونەرمەندێک نەکراوە !؟ هەر لەو هاتنەوەی بۆ بە غدا ، زیرەک دەچێتەوە ڕادیۆو دەیەوێ جارێکی تر دامەزرێتەوەو لە ڕادیۆی بە غدا کار بکاتەوە ، کە پێشتر نزیکەی شەش ساڵ وەک هونەرمەندێکی گەورەو ناودارو زۆر جەماوەر ، لەم ڕادیۆیە دەنگی هەڵێناەوو وەک کەو خوێندوویەتی و وەک بولبول چریکاندوویەتی !؟ کەچی دەڵێن : دەبێ دەنگت تاقی بکەینەوە ؛ کە دەنگی تاقی دەکەنەوە ، لە ئەنجام دا دەڵێن : (دەنگت بۆ ڕادیۆ ناگونجێ ! ؟)(٨) سەیرکە بە چ هونەرمەندێک دەڵێن .. دەنگت بۆ ڕادیۆ ناگونجێ ، کەسێک کە ڕؤژانە چەندین جار گۆرانیەکانی لەم ڕادیۆیە لە بەرنامەکان بڵاو دەکرێتەوە و گوێگران بەردەوام داوای دەکەن !؟! هەر پاش ئەمە زیرەک دەیەوێ بچیتە ( میسر ) و لەوێ لە( ڕادیۆی کورد قاهیرە ) کار بکات ، بەڵام ، عێراق بە تاوانی جاسوسی بۆ ئیران دەیگرێ و هەژدەمانگ لە بەندیخانە دەبێت و شەش مانگ بەردەوام ئازاری دەدەن !! برای کوردم سەیری ئەم کۆمیدیایە تاڵ و ڕەشي بکە ، کە زیرەک تێیدا ژیاوە ! زیرەک هەموو ئەمانە بەزاری خۆی دەگێڕتەوە ، برای خوێندەوارم ئارامت هەبێت ، هێشتا ئەڵقە ڕەشەکان کۆتاییان نەهاتووە !؟
کە لێناگەڕێن بچێتە میسرهەر 🙁 لە وێ دا گرتیان و خستیانە بەندەوە و لە پەنکەی بن میچ هەڵیانواسی زۆر ئەشکەنجەیان دا ، ناچار لە پاش ڕزگار بوون گەڕایەوە بۆ تاران ، لە ئێرانیش دا ساواکی ئەوکاتە گرتی و زۆری ئەشکەنجە دا .) ( ل٧)زیرەک لە کاسێتی ناسراو بە کاسێتی ئەبوسەباح ، خۆی ئەم گیران و ئازار دانەی ئێران و عیراق دەگێڕیتەوەو بەرد دەتووێنێتەوە !!
مشکێک زیرەکی بە لیدان دا …
میرزاکەریم خۆشناو لە زاری زیرەک دەگێڕیتەوە ، زیرەک ددەڵێ 🙁 دوای شۆڕشی چواردەی گەڵاوێژی ١٩٥٨ ی زاینی لە عیراقەوە گەڕامەوە ئێران ،(٩) لە ڕێگا زۆر ماندوو و نە خۆش بووم ، لە دێیەکی نزیک ڕیگا دۆستێکی کۆنم هەبوو ، گوتم با بچمە ماڵی ئەو دۆستەو کەمێک بسێمەوەو بەڵکە چاکتش دەبمەوەو دیدارێکیش تازە دەکەمەوە (…..) گەیشتمە گوندو لای ماڵێ خانە خوێکەم ، دیار بوو خانووێکی تازەیان بە سیمەنت دەست پێکرد بوو هێشتا تەواو نە بوو بوو ، گەیشتم ژنێکی جوان لە بەر دەرگا بوو، پرسیم خوشکێ ئێرەماڵی کوێخا عەزیزە ؟ ژنە کە زەردەخەنەیەکی کردوو گووتی : ئەرێ وەڵڵا ئێرە ماڵی کوێخا عەزیزە ئەتو چیت ددەوێ ؟ ووتم من میوانم حاجی لە ماڵە ؟ لەسەرداواخۆم چوونکە ماندوو هیڵاک بووم ، جێگایان لە خانووە تەواو نەکراوەکە بۆ ڕاخستم کە پڕی بوو لە کونە مشک ! لەو جێگایە بەتانیەکی تەنکیان پێدا دام و لە ماندووێتی و بە نە خۆشیەوە شەوو ڕؤژێک بە خۆ نەهاتمەوە ، کە چاوم کردەوە ، پێش نیوە ڕۆی ڕۆژی دوایی بوو ، داوای هەندێ ئاوم کرد ، هەر ئەو ژنە کە ناوی ٠( خەرامان ) بوو ، جامێک ئاوی بۆ هێنام ، خەرێک بوو دەست درێژ کات و ئاوەکەم بداتێ ، لە پڕ پشتاو پشت گەڕایەوە ، بەدەنگی بەرز گووتی : ئائ ئای کاکە میهمان مشک نیشانم دەدات ! پاشان هاتەوە پێش و گووتی من لە مشک ناترسم ، جامە ئاوەکەی پێدام و منیش زۆرم تێنوو بوو زۆرم خواردەوە ، گوێم لێبوو کیخوا ژن لە بەر خۆیەوە جوێنی دەدا ؛ دەستی کرد بە قسەی ناشیرین و بۆڵە بۆڵ و ووتی : ڕاوێستە با نان بۆ ئەو (گ..) جنێوێکی بە کوڕەکانی دا دیار بوو دەیویست شکات لە من و لە بووکەکەی بکات ، منیش بێ خەبەر لە هەموو شتێک ، کێخوا ژن بە جوێندانەوە بە دەرکەوت و منیش کەوتمە حاڵی خۆم و لە خەو ڕاچووم ، لە پڕلە زرمەیەک بە خەبەر هاتم ، وامزانی خانووەکە بەسەرم دا ڕووخا ؛ خەریک بوو ڕاپەڕم ، بەڵام ، پێڕا نەگەیشتم کە لیسێکیان لە ناو قەدم دا ؛ سەیرم کرد کوڕە جاحێلە چوار شانەکە بوو وای بە توند لێی دەدام ، ویستم شتیک بڵێم ! ئەرێ بۆ لێم دەدەن چیم کردووە ؟، بەڵام دەم و دەست ڕمبەیەکی تر لە سەر دڵم هەستا و هۆشم بەخۆمەوە نەما !! نەمزانی چیم بە سەر هات ووە !؟ کاتێک بە خۆ هاتمەوە دێم خەرامان لە تەنیشتمەوە دانیشتووە دەگری و بە ترکی ئەیلاواندمەوەو ئەیگووت : مهمان یئهڵاهن سیو گولی دی نیە ووەردوس بلاسن ! قیمەرەم گێشمە هیچ بیر سۆز دیمەم ئەما ئیمام عەباسن ئۆ بیر لارتن کە مارتە ورسن ! واتە میوان خۆشەویستی خودایە ، بۆچی لێتان دا ؟ دڵم ناێێ هیچ دوعا لە مێردەکەم بکەم بەڵام ئیمام عەباس لە تەنکێشی ئەوانی دی بدات !! کە بە خۆ هاتمەوەو سەیرم کرد مشکێکی تۆپی لە تەنیش خۆی داناوە ، کە بە تەواوی بە خۆ هاتمەوە ، هەموو لەشم ژانی ئەکرد ، بە خۆم نەوێستام دەستمکرد بە ناڵین خەرامان کە چاوی بە من کەوت هەڵاتو هاواری کرد مهمان بە خۆ هاتەوە ، تەپ و تۆز پەیدا بوو لە ژوورەوە غاریان ئەدایە لای من ، لە دڵیخۆم گوتم وەڵڵاهی ئەوڕۆژی پێبچم ئەو ڕۆیە ! خودایە چی بکەم توشی چە ڕۆژە ڕەشێێک هاتووم ؟ ناچار لە ترسی ڕووحی خۆم تەکانێکم دایە خۆم ، یان لای کەم هەڵێم ، بەڵام وەک سیپاڵم لێهاتبوو تومەز هەرچی لەشم بوو کوترابووە سەر یەک ، ئەوەندە بە بێ ڕەحمی بە لیس و پێلەقە لێیان دابووم ! ناچار بە نا ئومێدی سەرم جوڵاند و لە دڵی خۆم گوتم : خودایە خۆت ئەزانی ئەگەر هەموو جارێکیش خەتام بوبێت ، ئەوجارە هیچ گوناهێکم نیە فریام کەوە یاڕەب العالمین ، زۆریش دڵم بە خۆم سووتا و بەدست خۆم نە بوو فرمێسکم هاتە خوارەوە ! ڕووم کردەو دیوارو خۆم تەسلیمی قەدەری خوا کردو مە ئیوس بووم لە ژیان ! لە پڕ دەنگێکی ئاشنا هاتە گوێم گوتی کاکی میوان..کاکی میوان ، من لە ترسان وەڵامم بۆ نە درایەوەو هەموو گیانم وەک بی ناو ئاو دەلەرزی ! دەنگە کە چووە لای ژوورەوەو ووتی : وەڵڵاهی سێ تەڵاقی ئەو دایکەی ئێوەم بکەوێ ئەو میوانە شتێکی لێبێت ئەتانکوژم ، یان ئەگەر خۆشم دڵم نێت بتانکوژم تەسلیم بە ژاندارمەلی تان ئەکەم هەی (…) چۆن ئێوە لە خۆتان لە میوان ئەدەن ؟ بێ ئەوەی بزانن شتەکە چۆنە ؟ئەو بەستە زمانە تان لەسەر کونە مشک نوواندووە ، ماڵی ئێمە وەک ئەشکەوت مشک جلیتانێ تێدا دەکات ! مشکێکی کونەکەی ژێر میوانەکە سەری دەرهێناەو خەرامانیش کوردیەکەی تەواو نازانێ ! لێرە وادیار بوو ڕووی لە کیخواژن بوو ،نابوایە بە خۆت بزانی مەسەلە چیە ،جا بچی کوڕەکانت حالی بکەی هەی (…) لێرەدا خەرامان گوتی : ئاوەڵڵا مامە سیچان دیتم و گوتم مشک دیتم خەسوم ئیشتیباهی کرد بە شتێک خراپ ! من کە ئەم قسانەم بیست ئاهێکم هاتەوە بەر و زانیم کیخوا لای منە ، شتەکە ئیشتیباهی ڕووی داوە ، بەڵام من قوربانی ئیشتیباهەکە بووم ! ڕووم کردە لای ئەوان و کیخوا گوتی : کاکە تۆ ناوت چیە و خەڵکی کوێی ؟ بەڵام لە قسەکانی دیار بوو کیخوا زۆر موتەئسیر بوو ، منیش ڕەنگم زۆر گۆڕا بوو کیخوا نە حەق نەبوو نەمناسێتەوە ، گوتم : کیخوا عەزیز حەقت هەیە نەمناسیتەوە ! چونکە ئەوەندەیان بە لیس و پێلەقە لێداوم ڕەشدا هەڵگەڕاوم و ڕەنگی مردووم پەڕیوەتێ ! کە قسەم کرد کوێخا خۆی بەسەردادام و ئامێزی تێوەرینام و لە بابە ڕۆی دا و دەستی کرد بە گریان و گوتی : هەی ماڵی وێران خۆم هەی ڕوو سیاه خۆم ئەی شەرمەزار خۆم خۆ ئەوە ( حەسەن زیرەک ) ی ڕەفیقی کۆنمە چەند سالە چاوەڕێم سەردانم بکا ئەی ڕۆ بابە ڕۆ ڕوو لە کوێندەر بکەم !! کە کێخوا ناوی منی هێنا ؛هەرچی لە ماڵەکە بوون سەریان سوڕ ما و ڕوویان نە بوو لە شەرما سەیرم بکەن و سەیری یەکیان کردوو گوتیان حەسەن زیرەک !؟ ئیتر زۆر پەشیمان بوونەوە ! بەڵام ، کەنگی پەشیمانی بەدەردی خواردووە ، کوێخا نەیدەزانی چی بکات گوتی بڕۆن دکتۆر بێن و بە کوێخا ژنی گوت زووکە دوو فڕوج بکوژەوە شۆربایەکی برنجی بۆ بکە ! ئیتر ماوەیەک لە ماڵی کوێخا مامەوەو زۆریان خزمەت کردم تا چاکبوومەوە ! زیرەک لە گێڕانەوەو دانپێدانان و گوتنی ڕاستیە ناخۆش و ناشێرینەکان ناپەنگێتەوەو چی بەسەر هاتووەو چێ پێ گوتراوە وەک خۆی بێ زیادو کەم دانیپێدا دەنێ .. دوا جار زیرەک گوتی: جا برام ئەمن زۆرم تێهەڵدان دیوە ، بێ ئەوەی بزانم بۆچی لێم ئەدەن ، لەو دنیایە خۆشیم نەدی ئومێدەوارم لە جیهانەکەی تردا خودا تۆڵەم بۆ بکاتەوە و لای کەم لە وێش هەر تێهەڵدان نەبێ بەشم . ناوێرم گۆرانی بڵێم ..!! میرزا کەریم خۆشناو دەڵی کە زیرەک لە کانی مەلا ئەحمەد کاسبی دەکرد ، زۆر جار گۆرانیبێژانی ئێران دەهاتن و پێکەوە گۆرانیان دەگوت، جارێک گۆرانیبێژێکی لوڕستان هاتبوو ، گۆرانی( دایە دایە وەختی جەنگەی) دەگوت ، عادەتی زیرەک ئاوا بوو هەمیشە وەڵامی گۆرانیبێژەەکانی دەدایەوە ، بەڵام ، ئەمجارە بێ دەنگ بوو ، خەڵکە کە چاوەڕێ بوون زیرەک وەڵام بداتەوە ، بەڵام زیرەک هەر بێ دەنگ بوو !زیرەک هۆی بێ دەنگیەکەی ئاوا باس دەکات ، ( ئەو گۆرانیە هەڵقوڵاوی جەنگەکەی ( قەدەم خێری بیراوەند ) ە خۆشم ئەزانم جەوابی دەمەوە ، بەڵا، ناوێرم چونکە ئەوەندەیان لێ داوم ، هەر جارەی بە هانەیەکم پی دەگرن ، من دەزانم وەڵامی بدەمەوە ، جەوابەکەشم حازر کردووە ، گوتمان چیت حازر کردووە ؟ گوتی : لایێ لاێت بۆ دەکەم با غیرەت بتباتەوە دەس کەینە تفەنگی بڕنەو شەو تاڕؤژ بە یاڵەوە جا کەوشە بووم بە پاتەوە بەڵام ، بە ڕاستی ئەگەر شتێکم گوتبا یە ، چ لە ئەوشەو زووتر نە بوو سەت جووت شەقیان تێم هەڵئەدا ، بە هانەیەکی چاکیشیان بۆ ئەدۆزیمەوە . خودایە ئەم جارە بۆ کوێ هەڵبێم..!! بەڕێز عومەری سوڵتانی دەنووسێ : چووینە کانی مەلا ئەحمەد و ویستمان زیرەک ببێنین ، چایخانەکە زۆر هەژارانە بوو میزو کورسی کۆن و شل و شۆق بوون ، لە دەوری مێزەک دانیشتین ، زیرەک هات ، بەڵام ، چی ببێنین زیرەک ڕەنگ و ڕووی گۆڕابوو ، قسەی بۆ نەدەکرا ، گوتی : تکایە داوای گۆرانیم لێ مەکەن ، ئەو چوار کەسە دەبینن لەسەر ئەو مێزێهێ دانیشتوون ، لە هەنجەتێک دەگەڕێن لێم بدەن ! کە لە میزەکەمان دوور کەوتەوە سەر بۆ ئاسمان بەرز کردەوەو گوتی : خودایە ئەم جارە بۆ کوێ هەڵبێم ؟! شاگردەکەم هاوری کرد کوڕینە وەرن زیرەکیان کوشت ..!! /////// میرزا کەریم دەنووسێ بەیانیەک زوو ڕابیعەخانم لەدەرگای دا و لە گەڵ شاگردێکیا خۆی کرد بە ژوورەو و گوتی : کاکە بمانبوورە بەم بەیانیە بیزارت دەکەین ! گوتم: لەوە گەڕێ بزانم چیتان لێ قەوماوە ؟ ڕابیعە خانم گوتی : ئەمشەو شەڕیان لەگەڵ کردین ، هەندێکیشیان لە زیرەک داوە ، ، هەڵبەت ئەویش دەستی کردەوە ، خوا هەڵناگرێ شەڕێکی چاکی لە گەڵ کردن ، منیش گوتم ئەمانە کێن شەڕێان لەگەڵ کردوون ؟ گوتی : جا بڵێم چی کاکە هەندێکیان جڵی خاکیان لە بەر بوو ، هەندێکیشیان کۆت و شەڵوار و بە فارسی قسەیان دەکرد ، بەڵام ، بە خوا وابزانم یان ( ئیتلاعات ) بوون یان ٠( زەدەی ئیتلاعات ) بوون ، شێوەیان زۆر لە (جینایەتکار دەچوو ؟) پاشان چوومە کانی مەلا ئەحمەدو ڕووم کردە زیرەک و بە پێکەنینەوە گوتم زۆریان لێداوی ؟ وەڵلاهی زوو فریام کەوتن ، منیش چاکم لێدان کاکە تەور زێنێکم هەیە دەستم دابووێ بە دەوری خۆما ئەم سوڕاند کە ئەمماڵی بە ناو شانی هەر یەکێکیان وەک گا ئەیبۆڕاند ! ئەمما وەختێ دەورەیان لێدام و تەورزێنەکەیان لەدەست گرتم پەکم کەوت ، شاگردەکەم هاواری کرد کوڕینەوەرن ( زیرەک ) یان کوشت !(١٠)
کاکە کەدیم هەر کوڕە لاوەو بە ڤیزێکەوە هەندێک بە کوردسی شەڕێان لەگەڵ دەکردن و هەندێک بەشەق و بە شاپ بەر بوونە گیانی شەڕکەرەکان و هەڵیان بڕێن کردنیان بە بەردی برا برایی و هەر دوو سێ کەس بە دوای نە فەرێکیاندا ڕایان ئەکرد و ئەیان وت ( وایسە پدەر.. ) واتە ڕاوەستە هەی باوکەکەت !
میرزا کەریم دەیەوێ هۆی شەڕەکە بزانێ ! زیرەک دەڵێ : بە خوا کاکە هەر سەر بە خۆ شەڕیان پێ فرۆشتم ، بێ ئەوەی هیچ خەتایەکم هەبێت !
تۆ بۆچی بە کوردی دەکۆکی ..!!
زیرەک دەبینێ میرزا کەریم بۆ زیرەک زۆر خەمبارە ، دەڵی کاکە گوێ بگرە ، ئەمن لەم جۆرە بەد بە ختیانەم زۆر بە سەر هاتووە ، لە تەورێز زیندانی بووم ، ژاندرمەیەکی پیسکەی ( عەجەم ) هەبوو دەستی پێم فێر بو بوو شەو بێری لێ نەدەکردم و بەهانەیەکی دەدۆزیەوەو دەیگرتم و تێری لێدەدام ! ڕۆژێک بۆ سەر ئاو ڕیزیان کرد بووین ، من لە ڕیزا کۆکیم ، ئاورێ دایەو بۆم هات و بە تورکی گوتی : ( ولان ئەی …….) من پێم نە گوتی بە کوردی قسە نەکەی ؟! زیندانیەکان ئاوڕیان دایەوە، منیش زانیم دەیەوێ هەنجەتم پێ بگرێ و لێم بدات ، لە دڵی خۆمدا گوتم : با بە دڵی ئەوان قسە بکەم ؛ بەڵکو چیدی لێم نەدەن و بیدە مە لای بێعاری و وتم : کوا بە کوردی قسەم کردووە ؟ وتی ئەی بۆ بە کوردی ئەکۆکی ؟ منیش دەنگم هەڵبڕی و ڕووم کردە زیندانی و زیندانبانەکان و بە پێکەنینەوە وتم : کۆا من بە کوردی کۆکیوم ، ئەگەر بە کوردی کۆکیبام ئێستا تۆ حاڵی نەدەبووی !! زیندانیەکان پێکەنین و ڕوویان لە ئاغا ( شێر ئالی ) کرد و گوتیان : توو خوا چیدی لە حەسەن مەدە حەسەن کوڕیکی چاکە ! جا کاکە ئەگەربڵێم بێ گوناه لێیانداوم و نیوەی عومرم هەر بە تێهەڵدان بردووتە سەر، لەوانەیە باوەڕ نەکەی ! لە بەختی من هەزار هەندە ! زیرەک هەندێک نهێنی هەبوو کە نەیدەتوانی بیدرکێنی !!
پیاوانی( زەدەی ئیتلاعات ) ی ئەوسا کە ڕاویان نابوو ، وەک خۆی ئەڵێ لە هیچ جێگایەک نەیان دەهێشت جێگای بێتەوە و بە ئاسودەیی بژێ ! ئازاریان دەدا ..
لێیاندا بۆ زیرەک وەک خۆی دەڵێ : نیوەی تەمەنم هەر لێیان داوم ، زۆر جار بۆ خۆشم نازانم بۆ چی لییانداوم !؟
بۆیە لێمداوە چونکە زۆر ناودارە ..!!
مامۆستایەکی بەڕیز لە سلێمانی بۆی گێڕامەوە : لە سلێمانی ساڵانێک زیرەک لەسەر شەقام ساردی فرۆشتووە ، گەنجێکی وەرزشکاری لە خۆبایی شەقاوەچی ڕۆژێک زیرەک دەداتە بەر بۆکس و هەموو سەرو چاوی دەکاتە خوێن ، کەسانێک بەو وەرزشکارە شەقاوچیە دەڵێن : تۆ بۆچی لە زیرەکت داوە ، بۆ خۆی لەم سەرشەقامە کاسبی دەکات و ساردی دەفرۆشێ ، چ زیانێکی لە تۆ داوە ؟ لە وەڵامدا کابرای شەقاوەچی دەڵێ : وەڵڵا بۆیە لێمدا ئەوە کەسێکی زۆر مەشهورو ناودارە ، منیش بۆیە لێمدا تا پێم بڵێن .. (…) لە کەسێکی ناوداری داوە !؟
لەسەر گۆرانی گوتن لە بەندیخانە لە زیرەک دەدەن..!!
دکتۆر سەرکەوت ئەمین (١١) لە سلێمانیەوە بۆی گێڕامەوە گوتی:( خاڵۆم لە سلێمانی لە بەندیخانە بوو ، هونەرمەند حەسەن زیرەکیش ئەوکاتە سجن بوو ، گوتی شەوێک زیرەک لە گۆشەیەکی بەندیخانە ئەگری و ئەناڵێنی ، ئەوکات (کەمالی شەفیق) ئەویش سجن بوو ، کە دەنگی زیرەک ئەبیسێ ، ئەپرسێ چیە زیرەک بۆچی ئەگری چی بووە؟ زیرەک ئەڵێ هیچ نیە ! بۆ جاری دووەم کەماڵی شەفیق ئەپرسێ وئەڵێ لەسەرچی لێیانداوێ ؟ زیرەک دەڵی لە سەر گۆرانی گوتن و بە سێ چوار کەس لێیانداوم منیش لەوانم دایەوە، کەمال ئەپرسێ کێ بوون ئەوانەی لێیانداوێ ؟ زیرەک دەڵێ: لێیان گەڕی بە کێشەکە گەورەتر نەبێ! کەماڵ شەفیق وازناهێنێ و ناوی کەسەکانی لێ دەپرسێ ؟ کە زیرەک دەڵێ ..ئەمانە بوون ، سی چوار کەس بوون ؛ کەماڵی شەفیق خۆی کەسێکی ئازاو نە ترس بووە ، ئەچێتە گیانی هەر هەموو ئەوانەی لە زیرەکیان داوە ، لێدانێک لێیان دەدات بۆ زیرەک و هەموو کەسێکیان تەمبێ دەکات ، جا بە زیرەک دەڵێ : بۆ خۆت لە مەو دوا بە ئارەزووی دڵی خۆت شەو ڕۆژ گۆرانی بڵێ ؛ جا پیاوم دوێ ڕێ لە گۆرانی گوتنی تۆ بگرێ ! لێرە لەسەر ئەوە لێیانداوە چونکە زیرەک گۆرانی گوتووە ! زۆر جارێش لێیانداوە چونکە گۆرانی نەگوتووە !؟ ئەمەیە حاڵی زیرەکی هونەرمەند لە نێو حەوزێکی لێخن دا !! زەدەی ئیتلاعات داوام لێدەکات کاریان بوو بکەم ..!! ئەو هەموو لێدانەی زیرەک لە لایەن کەسانی نادیارو دیارەوە دەبێتە مەرەق بۆ میرزا کەریم خۆشناو ..دەڵی دوای مردنی چاوم بە کاک (حوسێن زیرەک )ی برای کەوت پاش هەندێک دوان دەربارەی زیرەک و لە دوایی دا لێم پرسی و گوتم : ئەرێ کاکە .. خۆ ( حەسەن زیرەک ) ی خوا لێخۆش بوو خەراپەی کەسی نە بوو حەزیشی لە شەڕو گێچەل نە بوو بۆچی تا لە با نە بوو دوو سێ جار لێیان دا ..!!گوتی : ئێمە چەند جار پێمان گوت کاکە ئەتۆ تەنها خۆت و براژنە ( ڕابیعە ) ی ژنتە و ئارەزوو و ساکاریش لای دایکیانن ، ئێمە زۆر چاک ئەتوانین بە خێوتابن بکەین ، یان وەرە ئێرە کاسبی بکە و ئێمەش یارمەتیت ئەدەین و چاویشمان لێت دەبێ کەسیش ناتوانی بێ خود شەڕت پێ بفرۆشێت .. پێکەنی و گوتی : باوکم خۆ منیش ئەوەی تۆ دە یڵێی ئەیزانم و زۆریشم بەڵاوە چاکە بەڵام ، ئێوە شتێک ئەزاننو منیش زۆر شت .. من بەڵاتان لێ وە دوور دەخەمەوە ! منیش گوتم : بە لای چی کاکە ئەو هەموو مودەتە ئێمە ئاگامان لە مردن و ژینی یەکتر نیە ! ئەو بەڵایەی دێتە خوارەوە با ئێمەش شریکی غەم هەڵگرت بین خەمێکت بۆ بخۆین ! تەمەشایەکی ئەولاو ئەم لای خۆی کردو بەدەنگێکی نزم گوتی : حوسێن ( زەدەی ئیتلاعات ) ئەزیەتم دەدا و دەڵی ئەبێ بچیتە ئەو دیو ئیشمان بۆ بکەی ! چەندی دەڵێم باوکم ئەمن هی ئەو شتانە نیم و ( سەوادیشم ) نیە ئێوە چۆن ئیستیفادە لە من ئەکەن ؟ ئەڵێن ئەتۆ بە ماڵەوە بڕۆ بۆ عیراق ئێمە پارەیەکی زۆرت دەخەینە ئیختیار و خۆشمان خەڵکت بۆ دەنێرین تۆش هەرچی مەعلوماتت هەیە پیێیان بڵێ و ئەوانیش بۆ ئێمەی دەهێننەوە ! هەڵبەت خۆشت ئەزانی ئەم جۆرە شتانە بە من ناکرێت و ئەگەر پێشم بکرێت نایکەم با ساڵی دوو سێ جار تێمهەڵدەن بە فەقیریش ئەژیم و بەڵام ، ( ئەو کانیەی ئاوم لێخواردووتەوە هیچ کاتێک بەردی تێناخەم و خیانەت بە خاکەکەی عێرقیش ناکەم ) لە ناو خەڵکیش سەر بەرز ئەژیم . لە دوایی بە شۆخیەوە پێکەنی وگوتی بەتەنیا بەر بەرەکانی دەوڵەتیش ئەکەم …! ( ب ٢، ل٩٢) شاگردەکەم هاواری کرد وەرن زیرەکیان کوشت..!! میرزا کەریم ..ئەو میرزا کەریمەی زیرەک لە کاسێتە دەنگیەکەی دا دەڵێ : میرزا کەریم … ئەمڕۆ من لە ئیرانا لە سایەی ئەودا دەژیم ! ئەو میرزا کەریمە بەردەوام گۆشەی نهێنی و تاریکی ژیانی زیرەکمان بۆ ئاشکرا دەکات و دەنووسێ : ڕۆژێک بە یانی ڕابیعە خانم هات بۆ ماڵی ئێمەو گوتی : کاکە ئێمە لێرە نامێنین لە گەڵ قسە کردنیشی دەستی کرد بە گریان !! گوتم ئاخر چی بووە چی ڕوویداوە با منیش بیزانم ؟ ڕابیعە خانم گوتی : کاکە وابزانم ئەگەر چێتر لێرە بمێنینەوە لەوانەیە شەوێک هەر بشمان کوژن (١٢)!! گوتم : ئاخر چی بووە چی ڕوویداوە با منیش بیزانم ؟
ڕابیعەخانم گوتی ئەم شەو ئەوەندەیان بە لولەی تفەنگ لە ( زیرەک ) داوە و هەرچی پولی هەشمان بوو هەموویان لێ ستاندووە ، هیچمان نەماوە ، منیش زۆرم پێ سەیر بوو ، دیسان بۆ لە زیرەکیان داوە ئەبێ هۆی چی بێت هەڵسام بە پەڵە جلم گۆڕی و سواری ماشینەکەم بووم چووم بۆ( کانی مەلا ئەحمەد ) دیم ( زیرەک) لەسەر کورسی دانیشتووە کە چاوی پێم کەوت زانی زۆر ناڕحەتم و بە پەرۆشم بۆی هەڵسایەوە زەردەخەنەیەکی کرد و گوتی : ئەمە بە هاوارمەوە هاتووی ؟
گوتم : ئەمە چیت لێ قەوماوە ؟
دەستی بۆ کراسەکەی بردو هەلیدایەوە و گوتی : سەیرکە ؛ کاکە بزانە چیان بە سەر هێناوم ! کە سەیری سینەو پشتیم کرد بە ڕاستی موچڕکە بە بەری پێمدا هات و لە تۆقی سەرمەوە هاتە دەرەوە ، جێگای هەر لولە تفەنگێ لێان دابوو وەک بڵێی بە بۆیە شین ژمارە پێنج لەسەر سینگ و پشتی نووسرابێ وابوو جێگای قۆنداغی تفەنگ بە پانی و درێژی قۆنداغەکە پشتی زیرەکی شین ومۆر کرد بوو .
گوتم : زیرەک ئەتۆ ئەوانەت ناسی ؟
گوتی : نە بە خوا نەمناسین بەڵام ، کوڕە جحێلێکی باڵا بەرزیان تێدا بوو زۆر لایەنگری لێوە کردم بە ڕاستی ئەو نە بوایە شپرزەیان دەکردم ، زۆری تریش هەتیوێکی خرکەڵە ی چوار شانە شڕۆری تێدابوو زۆر بە بێ وجدانی لێیدام ئەو هەتیوە پیسە هەر هاتوو غاردایە ژوورەوەو شوشەیەکی ویسکی کوپەیی هەڵپچڕی نای بە سەریەوە (…) وەک عەسابەی فلیمەکان فڕی لێدەداو جوێنێکی پێدەدام ، ئاخیر من خۆم پێ نە گیراو گوتم : هەی نا پیاوی نا ئینسان ، ئە تۆ دزی یان ویسکی خۆری ؟ دانیشە با خزمەتت بکەم ! شوشەکەی داناو گوتی : هەی پیرە دایکت …(*١٣) ئەوە من بە پیاو نازانی ، ئەم جارە بە هەردوو دەستی تێمبەر بووئەگەر ئەو کوڕە باڵا بەرزە نە بوایە بە خوا شڕی ئەکردم ! گوتم هاتوونە سەرت و لێیان داوی و هەموو لە شیان شکاندووی سەرە ڕای ئەم هەموو لێدانە مەتحیان دەکەێ ؟ گوتی : ڕاستە ئەو نە وعەکەسانە هی مەتح کردن نین بەڵام ، دەگوترێ ئەویان لە ئەوەی تر چاکترە بەڵام ، چاکیان تێدا نیە ! گوتم : شکاتت کردووە ؟ گوتی : لە پێش تۆ ( ژاندارمە ) کان لێرە بوون و ( باز جۆیان ) لێ کردم بەڵام ، خۆ ناشوێرم بڵێم وەک مەسەلەکەیە کابراش دەکوژن و لە گەڵ جەنازەکەی ئەڕۆن !!
گوتم : زیرەک ئەتۆ ئەزانی بۆچی لێت ئەدەن بۆچی بە من ناڵێی ؟
بە دڵێکی پڕ باوەڕەوە سەیری منی کردو گوتی : ناوێرم دەردی خۆم بۆ کەس دەربڕم ، بەڵام ؛ هەڵبەت شت لە تۆ ناشارمەوە ئەگەر تۆزێک سەبر بگری و عەجەلەنەکەی تا وەختی خۆی دێت !
گوتم : یەعنی چی کاکە گیان قسە کردنیش سەبری دوێ ؟
گوتی : پێم نە گوتی وەزعی من وەزعێکی ( مەعمولی نیە ) ناوێرم دەردی دڵی خۆم لای هەموو کەس بکەم ! بەڵام ، ڕؤژێک دێت پڕ بەدەم هاوار بکەم و خەڵکیش حاڵی بکەم کە بۆ چی نایێڵن لە هیچ شوێنێک بحەوێمەوەو هەر وەختێکی ئارەزووشیان لێ بێت ئەوە بە هانەیەکم بۆ ئەدۆزنەوەو تێرو پڕ تێم هەڵدەدەن و دەڕۆنەوە !!
سەرم لە وەزعی زیرەک وسوڕمابوو هیچی لێ حالی نە بووم نا چار هیچی تر لێم نە کۆڵیەوە . دوو سێ ڕۆژ هێنایان و بردیان و دواجار پێیان گوت : کاکە تۆ چی دەکەی لەم چۆڵ و دوورە شارە ، بە قسەی ئێمە دەکەیت بڕۆ جێگایەکی تر بۆ خۆت کاسبی بکە باشترە هەتاکو شەوێکێس نەشیان کوشتوێ ؟!
گۆرانی خان باجی زیرەکی بە لێدان دا ..
دوا جاربە ناچاری کەل و پەلەکانی چایخانە هەڕاج دەکاو زیرەک سەرهەڵدەگرێ !
میرزا کەریم بەردەوامە لە گەڕان بە دوایی زیرەک ، گوتیان لە سبلاغە ، چووم ماڵەکەم دۆزیەوەو لە خاوەن ماڵم پرسی کوا زیرەک ؟ گوتی وەرە دانیشە تا بەسەر هاتی زیرەکت بۆ بگێڕمەوە ! گوتی : کە لە گەڵ ڕابیعە خانم هاتنە ئێرە ، من لێرە ژوورێکم پێدان ، ئێوارەیەک زیرەک لە گەڵ هەندێک برادەر دەچێتە دەرەوە ، بۆ ( ڕیستورانی – ئیپریم ) برادەران سەرگەرم دەبن و داوا لە زیرەک دەکەن گۆرانییان بۆ بڵێ ؛ زیرەک دڵیان ناشکێنی وگۆرانی ( خان باجی ) یان بۆ دەڵێ و دانیشتوان گوێیان لەدەنگی زیرەک دەبێت دەست دەکەن بە چەپڵە لێدان و فیکە لێدان ، بە جۆرێک دەنگیان دەگەیشتە خیابان ، لە خیابانیش پۆڵ پۆڵ خەڵک دەهاتنە بەردەرگای ڕێستوان و ئەوانیش دەستان بە چەپلە لێدان کرد ، سابلاغیش هەمیشە لە ژێر چاودێری دابوو ، لە ئیختیناق دا ئەژیان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ، ئەم شتە هەمیشە وابوو نەیاندەهێشت خەڵکی زۆر پێکەوە کۆ ببنەوە !
ئەفسەرێکی ( شهربان ) هەمیشە لە گەڕان بوو لەگەڵ چەند پاسەبانی چەکدار ، ئەگەر نزیک ڕیستوانی ئیپیریم ئەم هەموو شڵۆقیە دەبینن ، یەکسەر ڕوویان کردە ئەوێ ، پاسە بانەکان یەکسەر لە ماشێن دابەزین و غاریان دایە سەر خەڵکە کە دەستیان کرد بە بەدەرکردن و بڵاوکدن و پاڵدانی خەڵک ، بە ڵام خەڵک ڕاهاتبوون لەولا پاڵ ئەدران و لەە سەر خۆیان پێدا ئە کردەوە…
ئەفسەرەکە چووە ژوورەوە دی جێی دانیشتن نەما بوو خەڵک بە پێوە چەپلە لێ ئەدەن و گۆرانیەکە دەگێڕنەوە ، ڕووی کردە زیرەک و هاواری کردو لە سەرخۆبە ئەمە چیە ئەم جێگایەتان شلۆغ کردووە ؟ کەس گوێی نەدایە ئەفسەرەکە و زیرەکیش گوێی نە دایێ تا گۆرانیەکەی تەواو کرد و گوتی جەناب سەروان گۆرانی گوتن قەدەغەنیە ، ئەتو بۆ هاتی زەوق ئێمە دەشکێنی ؟
ئەفسەرەکە گوتی : ئەم شلۆغیە قەدەغەیە ، ئەم شێوە گۆرانیە کە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک قەدەغەیە ! زیرەک گوتی : کاکە بۆچی لای ئێوە گۆرانی ئەڵێن و ڕەقسیشی بە دەمەوە ئەکەن لەسەر ڕۆخی خیابان یان لەناو پارکێک زۆر لێرە شلۆغ ترە بۆچی بۆ ئەوان قەدەغە نیە ، بۆ ئێمە کە لە ناو چوار دیوارێ ئەم ڕیستورانە تەنها یەک دەرگای هەیەو بێ پەنجەرەیە ، بە گۆرانی دەردی دڵی خۆم بە با بدەم بۆ دەبێ مانعتان هەبێ ؟
قسەیەک لە ئەفسەرەکەو قسەیەک لە زیرەک ، ئەفسەرەکە یەک زللەی لە بنا گوێی زیرەک دا ! ! زیرەکیش نە یکردە نامەردی و هەڵسایەوە پێوەو هەتا تێنی تێدا بوو زللەیەکی لەبن گوێی ئەفسەرەکە دایەوە و پشتاو پشت بەری دایەوە ، خەڵکی دەورو پشتی دایان پەلۆسیە سەریەک و بوو بە شەڕێک لە هەموو ئێرانت نەیانتوانیوە ئاوا لە ئەفسەرو پاسەبان بدەن وایان لێ کرد بوون خۆیان پێ لەسەر پێ ڕانەدەگیرا ، یەک لە پاسەبانەکان هەڵاتبوو خۆی گەیاندبووە شەهرەبانی و ئاگاداری کردبوونەوە ئەوا لە ڕێستورانی ئیپریم خەڵک لە ئەفسەرەو پاسەبانەکان دەدەن فەوری دەبێ بگەنە فریامان ..
ئەوەندەی پێ نە چوو دوو ماشێن پڕ لە پاسەبانی چەکدار لە بەردەم ڕیستوران خۆیان فڕیدایە خوارەوەو غاریان دایە ژوورەوە دەستیان کرد بە لێدانی خەلکەکە ، ئەو جارە بووە بای پاسەبانەکان تۆڵەی ئەوانی تریان کردەوە ، هەموویانیان خستە نێو ماشێن و بەتایبەت ئەفسەرە کە زۆری لە زیرەک دا و دوو دەستی لە پشتەوە بەستەوە لە بەر چاوی خەڵک دایە بەر شەق و سواری ماشێنی کرد ، بەڵام ، هەرچی لەشی ئەفسەرەکە بوو خوێنی پێدا ئەهاتە خوارەوە شەڕەکە کۆتایی هات و هەموویان بردن بۆ شارەبانی ، خەڵک زۆر هەولیاندا بۆ بەردانی زیرەک ، بەڵام ، ئەفسەرەکە هەموو خەلکەکەی بەرداو زیرەکی هێشتەوە ، بە هەردوو دەستی بەستراوەو خستیە نێو حەوزی حەوشەی شەهرەبانی ، دەم نادەمیش لێی هەڵدەستاو بە شەق و زللە بەردە بووە گیانی زیرەک تا ماندوو دەبوو ، ئا بەم شێوەیە زیرەک ئەم شەوەی بەم شکەنجەو ئازارەوە بەڕێ کرد تا وەختی بەیانی لە هۆشخۆی چوو خەریک بوو بمرێ ؛ ڕەوانەی بیمارستانیان کرد ، ئاغا ( محیەدینی دۆستالی ) بوو بە کەفیلی لە شارەبانی و زۆریشی هەرەشە لە ئەفسەرەکە کرد کە چۆنت وا لە خانندەیەکی کورد کردووە بۆ لێتداوە بت دابایە دادگا بە چ حەقێک شەو تا بەیانی لێی دەدەی ؟ خۆ بە خوا ئەگەر شتێکی لێبێت تا پائتەخت ڕاناوەستم هەموو کاربە دەستانی دەوڵەت تێدەگەینم کە چ زوڵم و زۆرێک لێرە بە سەر ئەچیت بێ ئەوەی کەس بتوانی قسەیەک بکات !؟ زیرەکی لە گەڵ خۆی بردە ماڵەوە و زیرەک زۆر سوپاسی کردو لە ماڵەوە کەوتە نێو جێگاو ڕۆژێک زیرەک گوتی : من لێرە دەڕۆم . منیش پێم گوت ئاخر بۆ دەڕۆی تاکەی دەی ماڵێ تۆ هەر بەسەر پشتی وڵاغەوە بێت با لە ناو ئێمەدا تۆزێک ئۆقرە بگری و بحەسێیتەوە ، سەیری منی کردو گوتی : ئەمن تازە ڕووم نیە لێرە بمێنمەوە پێنج و دوو ڕؤژێکم ماوە ئەچم بۆ شارێکی تر گچکەو نانێکیش هەردەبێ من و ڕابە سکمانی پێ تێر بکەین ، لە قسەکانی دیار بوو زۆر دڵشکاو بوو ..(پ٢، ل١٠٦)
بە ڕاستی ماندوو بووم هێندەی باسی لێدانەکانی زیرەکتان بۆ بنووسمەوە !!
ناچارم ئەوەش بنووسمەوە کە لە کاسێتی ناسراو بە کاسێتی ئەبوو سەباح ، دەردە دڵی زیرەکتان بۆ بگوێزمەوە ، زیرەک دەڵێ :ئومێدوارم پاکی نەکەیتەوە ، ئاغاز ئاغاز تەمەشای قسەی ڕابە مەکە ئەوەی بە سەرم هاتیە پێت دەڵیم ، دوایی دەردی دڵم هەیە ! دوای ئەم گۆرانیە ! ئەی هاوار ئەی هاوار من لە هیچا نە بووم ،هەژدە مانگ لە ئێراقا گیرام ! شەش مانگ لە ژێر شکەنجەی سازمانی ئەمنیەتی ئێراقا ، ئەوەی بە سەریان هێنام هێنام .. ئەوەی کە تەعزیب بوو کردیانم ئاخیری دەیانەویست بتلێکی بیر لە قینگم بڕن !! ! ( پێکەنینی دانیشتووەکان ؟؟) تکایە ئێوەش پێمەکەنن !! کوڕێکی خانەقینی پۆلیس بوو لەوێ گوتبووی ئەگەر هەرچیتان لێکردووە قەیدی ناکا من قبووڵم کردووە ، ئەگەر ئەوەی لێبکەن ئەم ئەمنە بە یەکا ئەدەم ..باشە ئەو خراپەی لە گەڵ کردم لەمنی دا کوشتمی ! ڕۆژێک پێشتر مانگێک لێیدام ..ئەمما دوایی جغارەی بۆ دێنام .. تا ئەو ڕؤژەی دەمرم مەمنوونیم ، بۆ خاتری خوا کاکە من ڕۆژگاری خۆم ئاوا بردووتە سەر ، هێنامیانە سلێمانی ..نە کەرکوک هێنامیانە کەرکوک نەء بمبوورن ! هێنامیانە کەرکوک لە کەرکوک بۆ موسل ، بە قەراغ بە قەراغ هەولێری جوانا کە ڕؤیشتم ڕۆژانێکئی خۆشم لێرە گوزەرەاندووە ، ئەی هاوار کوردی هەوڵێر کەسی بە دەرەوە نیە ، لە حاڵی من بپرسێ ، کە تۆ کابرا چ کارەی ؟یا چی لێرە ؟لەم ناو قەفەسەی پۆلیسخانە چییەکەی ؟ تەنیا نەفەرێک وەک خولە پیزەیان گرتبێ ! بە هەژدە پۆلیسەوە منیان ئەگرت و ئەبرد .. ئەی هاوار لەو ماڵە بووم لەم ماڵە بووم لێرە بووم ، فایدەی نە بوو هەرچی تەمەشام دەکرد ئەو ماڵانە کەبووم ، تەەشام دەکرد هەموو پەنجەرەکانیان دیار بوو قاپیەکانیان دیار بوو ، ئەمما ئ زیرەک جگە لەم پێشهات و هەژاری و بێ کاریەشی وەختێ لە ڕادیۆ بە فەرمی کاری کردووە، چ لە ڕادیۆی بە غدا چ لە ڕادیۆی تاران و کرماشان ، گەورەترین کار بەدەست و هونەرمەند لەم دەزگاو ڕادیۆیانە دژایەتی زیرەکیان کردووەو کاسێتیان ڕەشکردووتەوەو لێیانداوەو دوا جار بوونەتە هۆی دەرکردن و نانبڕانی و ئاوارەیی و کەوتنە بە ندیخانە لە ئیران و لە عیراق !ئەی هاوار هاوار بەشەر نە بوو بڵێ حەسەن زیرەک بۆ کوێ ئەبەن ؟، باوکم من خولە پیزەم ؟
زیرەک بەم گێرانەوەو دانپێدا نانە دەیەوێ بە خەڵکی کورد بڵێ .. براکانم ئاوا ژیاوم و لە نێو ئەم ژیانەشدا گۆرانیم بۆ گوتوون !! .. ئەوەی کە تەعزیب بوو کردیانم ئاخیری دەیانەویست بتلێکی بیر لە قینگم بڕن !! ! ( پێکەنینی دانیشتووەکان ؟؟) تکایە ئێوە پێ مەکەنن !!؟

-تاوانێک کە زیرەک بەرامبەر بە خۆی کردوویەتی : .. زیرەک بە هوشیاریەوە خۆی کرد بە قوربانی دوو شت ( هونەرەکەی و کورد بوونەکەی ) هەر لە کاسێتی ناسراو بە کاسێتی ئەبووسەباح دەفەرمووێ : (هونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە دوایا بچم ، چۆن کوردم و بە کوردی قسەدەکەم !!) هەر لە بارەی کوردبوونەوە دەڵێ 🙁 بۆی بڕوام بەکورد نیە! (…) هێندەم نەماوە بمرم و بچمە ژێر گڵ و بە شەری کورد نەبینم !!) لێرە زیرەک بە گڵەییەوە باسی هونەردەکات و لەگەڵ ئەوەی بەم هونەرە بەرزەو ئەم هەموو خزمەتە مەزنەی بە هونەری کوردی کردووە ، ئەوەتە ئێستا لە نێوان دوو شاخێک چایخانەیەکی پەڕپوتم هەیەو کاسبی تێدا دەکەم ، هونەر وای نە کرد ..لەسایەی هونەر دا بژیم و بە هونەرەکەم بژیم ! ئەوە حاڵمە و هەر جارەی دوو سێ ساواکی دێن و لە خوێندا سوورم دەکەن !!
لە بارەی کورد بوونیشەوە دیسان گڵەیی دەکات کە هونەرمەندانی کورد ڕێزیان نەگرتووەو ئازریان داەونانیانبڕێوەو دەریان کردووە کە لە ڕادیۆ بووە !! بۆیە دەڵێ بڕوام بە کورد نیەو پێمخۆشە بمرم و بچمە ژێرگڵ و بەشەری کورد نەبێنم !! کە چێ لەسایەی خزمەت بە هونەری کوردی ئەوەتە حاڵـم و ئەوانەی کە لێم دەدەن و کێشەم بۆ دروست دەکەن زۆربەیان کوردن !!
زیرەک لە کورد بوون و هونەرمەندیەتی کورد پەشیمان نیە ! ئەو گڵەیی لە بەشێک بەناو هونەرمەندان و بەشێک لە کوردان دەکات .. کە بوونەتە هۆی زۆر ترو گەورە تر بوونی ئازارەکانی بە دەست کوردانەوە ، کە ئەم ئازارە چووەتە سەر ئازاری هەردوو دەوڵەتی ئێران و ئێراق – جێم نە بۆوە جێم نە بۆوە ئەی برای کوردم لە ئێراق و لە ئیران – و ئازاری نێو بەندیخانەکانیان !؟ ئەمەش جۆرێکە لە گێڕانەوەو دانپێدانانی ئەو ئازارانەی کە دیویەتی بە هۆی کورد بوون و هونەرمەند بوونیەوە !! هەر بەم هۆیەوەیە زۆر جار لە نێو گۆرانیەکانی دا هاوار دەکات و بە حەسرەتەوە دەڵێ : چیم کرد لە خۆم !؟ دوا جار پێاو سەری سوڕدەمینێ کە (هونەرمەند حەسەن زیرەک) لە نێو ئەم ژیانە دۆزەخیەدا ئەم دەنگە بە هەشتییەی لە کوێ هێناوە !؟؟

ئەنجام :
١-لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەردەکەوێ کە زیرەکی هونەرمەند ، یەکێ لەو کوردانەیە کە زۆر زوو و بە هۆشیاری و ئازایەتیەوە پێش هەمووان دانپێدانان دەکات .
٢-زیرەک لەم دانپێدانانە لە گوتنی هیچ بابەتێک ناپەنگێتەوەو بەدەنگی بەرزو بە ئاشکرا دەڵێ : دەیانویست بتلێکی بیرە لە قینگم ببڕن ! دەڵێ .. لێیاندام و دایکیان گام و لە قوزی دایکیان دەبردم ! دەڵێ ..ساواک داوام لێدەکات بچمە ئێراق و کاریان بۆ بکەم !؟
٣-هەر لەم لێکۆڵێەوە دا دەردەکەوێ ئەوانەی لە زیرەک دەدەن..ساواک و ئتلاعات و زەدەی ئیتلاعاتن ، واتە دەوڵەت خۆیەتی ، چۆن لە ڕادیۆش دەریانکرد ؟ !
٤-لەم لێکۆڵێنەوە دا دەردەکەوێ کە دەوڵەت ئامانجی کوشتنی زیرەکە ، ئەوەتە ڕؤژێ کە لە زیرەک دەدەن ڕابیعە خانم دەچیتە ماڵی میرزا کەریم و دەگری و دەڵێ : دەبێ لەم شوێنە بڕۆین دەنا ڕۆژێ دەشمان کوژن ! لە ژاندارمەری شکات دەکەن ، لە جیاتی پاراستنیا بە زیرەک دەڵێن : لێرە بڕۆ با ڕۆژێ نە شتان کوژن !؟ زیرەک خۆشی دەڵێ : خەڵکیش دەکوژن و لە گەڵ جەنازەکەشی دەچنە سەر قەبران ! دواجار زیرەک دەڵێ : هێندەم نەماوە ( بمرم – بمکوژن !!) و بچمە ژێر گڵ !؟
٥-لەم لێکۆڵینەوە دەردەکەوێ لە ڕؤژی دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆی تاران و کرماشان ، ساواک بە دوایەوەتی و لێناگەڕێ لە هیچ کارێک سەرکەوێ و لە هیچ شوێنێک بحەسێتەوەو بگیرسێتەوە ، هەر بۆیە بەردەوام لە گۆارانیەکانی دا دەڵێ .. جێم نیە تیا بسرەوم خاکم بەسەر بێ بێ لانە خۆم !
زیرەک لە نێو گۆرانیەکانی دا زۆر جار باسی دەربەدەری و
ئاوارەیی خۆی دەکات ، بەڕیز عومەری سولتانی دەنووسێ : کە چووینە کانی مەلا ئەحمەد زیرەک زۆر بێ تاقەت بوو ، کە لە مێزەکەی ئێمە دوور کەوتەوە ، سەری بۆ ئاسمان هەڵبڕی و گوتی : خودایە ئەم جارە بۆ کوێندەر هەڵبێم ؟ میرزا کەریم دەنووسێ : لەم دواییەدا زیرەک ساواک سەراو دووی نا بوو لە هەموو جێگایەکەوە بە دوایەوە بوون و لێنەدەگەڕان لە هیچ جێگایەک بحەوێتەوە!؟
سەرنج و تێبینی و سەرچاوەکان :
(١)ڕۆژێک میوانی مامۆستا باکووری هونەرمەند بووین ، کە باس هاتە سەر زیرەک ئەم باسەی گێڕایەوە . (٢)مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی نووسەرو وەرگێڕی ناسراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەم باسەی لە فەیسبوک بڵاکردووتەوە.
(٣)مامۆستا (بێستون پێشەوا) لە فەیسبوکەکەی خۆی باسی سەرۆک جاشێک دەکات کە پێشمەرگەی کوشتووەو خەڵکی بە گرتن داوە ، لەم دواییە چووەتە لای یەکێ لە قوربانیەکانی و داوای لێکردووە خەریکە دەچێتە حەج هاتووە گەردنی ئازابکات !! ئەمە دانپێدانانی جاشێکی کوردە !؟ (٤)چاوپێکەوتنێکی گرنگی (مام عەلی یاسەمەنی ) هەیە،کە مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی لەگەڵی کردووە ، لەساڵی ١٩٩٦ ، مام عەلی خزمێکی نزیکی هونەرمەند( حەسەن زیرەک )ەو ڕەفیقی منداڵیەتی و بابەتی گرنگ باس دەکات ، سیدی ئەو چاوپێکەوتنە مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی گەورەیی کردوو وەک دیاریەک پێی بەخشێم ، سوپاسی دەکەم .
(٥)لێرە زیرەک وا باس دەکات کە پاش شۆڕشی ١٤ ی گەڵاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە ئیران ، کەچی هەواڵێ ئەوەش هەیە کە پێش شۆڕش بە چوارمانگێک گەڕاوەتەوە ! (٦)ڕۆژێک باسی زیرەکمان دەکرد ، بەڕێزێک گوتی : دایکی مێردی کردووتەوە !!؟ بەتانەوە ئەمەی گوت . منیش گوتم خۆزگە هەموو ئەوانەی دایکیان شوی دەکردەوە حەسەن زیرەکێکیان لێ دەردەچوو ، جا ئەوسا با شوکردنەوە خراپ بوایە !
(٧)من لام وایە پاش دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆی تاران زیرەک چووەتە کرماشان ، بەڵام ، کە کتێبی ( چریکەی کوردستان چاپ دەکات ) و فەرمانی گرتنی دەردەچێ لە لایەن ساواکەوە ، ئەوسا هەڵدێ و دێتەوە عێراق . (٨)بەداخەوە ئەم لێژنەیە چ لێژنەیەک بووە ، کە جەسارەتیان کردووە بە زیرەک بڵێن ..دەنگت بۆ ڕادیۆ ناگونجێ ! خۆزگە دەناسران ..
(٩)گفتوگۆیەکی زۆرو لێک جیا هەیە سەبارەت بە گەڕانەوەی زیرەک بۆ ئێران پاش شۆڕشی ١٩٥٨ ، زیرەک لە ژیاننامەکەشی دەنووسێ : مەخلەس (٥٨)ماڵم بەجێ هێشت هیچم نەهێنا بە عەزمی خوێ چێشت لێرەش هەردەڵێ دوای شۆڕشی ١٩٥٨ گەڕامەوە ئێران . (١٠)زیرەک لێرە باسی شاگردێکی دەکات ، لە کانی مەلا ئەحمەدو لە میوانخانەی سەقزیش زیرەک چەند شاگردێکی هەبووە ، ئەو بەڕێزانە دەتوانن زۆر شت لە بارەی زیرەکەوە باس بکەن ، هیوادارم لە ژیان مابن و یادگاریەکانیان لە گەڵ زیرەک بگێڕنەوە .
(١١)دکتۆر سەرکەوت ئەمین نووسەرو هونەرمەندێکی لێهاتووەو ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی هەیە و کاری زۆرو جوانی لەسەر ژیان و هونەری زیرەک کردووە . (١٢)لە کاتی لێدانەکانی زیرەک لە لایەن ساواکی و ئیلاعیاتیەکان و زەدەی ئیتلاعاتەکان ، زۆر جار ژاندارم و ئەفسەرەکان بە زیرەک دەڵێن؛( لێرە بڕۆ با ڕۆژێ نەشتانکوژن !!)جگە لە لیدان و شەرپێفرۆشتنەکان وشەی – نەشتانکوژن ) بەردەوام بۆ زیرک دوو بارە دەبێتەوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات ، کە دژایەتیکردنی زیرەک لە لایان دەوڵەت و ساواکەوە بۆ کوشتنی زیرەک بووە ، هەر ئەوش بوو دواجار ژەهرخواردوویان کرد !!
(*١٣)لێر دڵنیام زیرەک قسەی ساواکیەکەی وەک خۆی گێڕاوەتەوە کە بە زیرەکی گوتووە 🙁 هەی دایکت بگێم ..)چۆن زیرەک دانپێدانانەکانی وەک خۆی گێراوەتەوە، بەڵام ، میرزا کەریم دڵی ناهاتووە ئەمە بنووسێ ..

مەولود ئیبراهیم حەسەن
٦/ ٢٠٢٣ – هەولێر

——————–
سەرچاوەکان :
-چریکەی کوردستان چاپی دووەم ،١٣٧٦ خورشیدی ،سازمانی انتشاراتی بورەکەیی
-حەسەن زیرەک و هەندێک لە بەسەرهاتەکانی –نووسین: میرزاکەریم خۆشناو ، بەرگی یەکەم ، ١٩٨٤، هەولێر

  • حەسەن زیرەک و هەندێ لە بەسەرهاتەکانی – نووسینی : میرزا کەریم خۆشناو ، بەرگی دووەم .١٩٨٦ ،هەولێر
    -ساوک بۆچی حەسەن زیرەک ی کوشت – مەولود ئیبراهیم حەسەن- هەولێر – ٢٠١٢
    چاوپێکەوتنی ( مام عەلی یاسەمەنی ) خزمی نزیکی هونەرمەند حەسەن زیرەک وهاوڕێی منداڵی و تەمەنی ، چاپێکەوتن نووسەرو وەرگێڕی ناسراوی کورد مامۆستا (محەمەد ڕەمەزانی) لە ڕپژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٦ ز .
    وێنەکان:
    ١-زیرەک بەندیخانەی کرماشان
    ٢-زیرەک بەندیخانەی سلێمانی لەگەڵ کەمالی شەفیق
    ٣-زیرەک سلێمانی بەروێنکە سپیەکە
    ٤-زیرەک
    ٥- پەیکەری زیرەک دەسکردی هونەرمەند بەشیری ناسری
    ٦-تاران لەگەڵ ساکاری کچی

Previous
Next
Kurdish