Skip to Content

شیعر\ ئێوارانە ٥٢.. سەردار جاف

شیعر\ ئێوارانە ٥٢.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2023 General, Poems

ئێوارەيەک
من و با بووينە هاوڕێی يەک
ئينجانەی ماڵ پڕ بوو لە بۆن
کەچی هەردووک هەر پێکەوە
بووين بە گێژەڵوکەی بەدفەڕ
ئەو زريان و تۆفانێکە
ياخی ئامێزی پەڕەی گوڵ
شەونمی سپێدە هيشک
تنۆک تنۆک
چؤڕاوی هەستی لێدەتکێ و مينا بيابانی بێ ئاو
قوڕ و ليتەی شەقار شەقاری تابلۆيە
بوونە گريان و شيوەنێ
منيش لە جانتا ڕەشەکەی شەهلا گلۆربوومەتەوە
چەپگر و لاڕی گرتووم و
هەنسک نوقمی قوڵپی گريان
شێتێ ئەشکێ ئاوێزانی تەنهاييە
شەڕ لە تەک تاڵ بە تاڵی مووی پرچە سەری بۆرم دەکەم
ئەوا جەنگم دژی هزر و دڵ جاڕداوە
لە باغی ئيشق تۆراو و تووڕدراوم
ناگەڕێمەوە سەرە رێ
نازانين کەنگێ دێينەوە
ئاشوبێکی وا خوڵقاوە
نە ئەو کراسی خانمێ دەلەرێنێ
نە من ئيتر دەبمە خەرمان بۆ ئەو مانگە
بشێ ئەو بێ و بسکی يارم بشەنێنێ
قژی يار بە نەشئە و شنەی بلەرێنێ
بگەڕێتەوە نێو چيمەنەکەی وادی و
گۆنای شەهلايار تەڕتەڕی ئاونگ بکا
زەمەنێ لێوڕێژی ئافات
دادی رۆژانی رخانی نهام نادات
ديسان کفنی بە باڵای قاقاما بڕی
لەم يەئسەوە بۆ يەئسێ دی هەنگاو دەنێم
با لە وێرانەی خۆيدايە و
منيش لە خولگەی تەنيایی
هەر دوو سەودای رێگای مەرگين
چەند جارم گوت
تۆی ئاونگی پەڕەی گوڵ و سەوسا و موستم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٨ / ١١ / ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish