كتێبی (وه‌ره پێشه‌وه) مانیفیۆستۆیه‌كی نوێ بۆ ژنان …. ئا:شۆڕش محه‌مه‌د
كتێبی (Lean in) واته (وه‌ره پێشه‌وه) كه یه‌كێكه له پڕفرۆش‌ترین كتێبه‌كانی ئه‌مریكا، له‌لایه‌ن رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن له‌شاری سلێمانی كراوه‌ته كوردی.
(وه‌ره پێشه‌وه) شێریڵ ساندبێرگ نووسیویه‌تی كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چالاكیه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه و پێشتر جێگری سه‌رۆكی به‌شی فڕۆشتنی نێوده‌وڵه‌تی ئۆنلاین و چالاكییه‌كانی گوگڵ و سه‌رۆكی دیوانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه، شێریڵ رێكخراوی(لین ئن)ی دامه‌زراندووه كه رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته و هانی ژن ده‌دات له ئاره‌زووه‌كانیان و ئه‌و كاره خێرخوازییانه‌ی كه یارمه‌تی ژنان ده‌ده‌ن بچنه پێشه‌وه.
پاسار شێركۆ عه‌بدوڵا كتێبه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه و نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، پێشه‌كی چاپه كوردییه‌كه‌ی نووسیوه.
نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه ده‌ڵێ: كوردستان له گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامدایه، بارودۆخی ژنانیش گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیووه، به‌ڵام تا گه‌یشتن به ئامانجی یه‌كسانی ته‌واوی ژن و پیاو رێگه‌یه‌كی زۆر ماوه بیبڕین.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ئه‌م كتێبه به‌ناوبانگه ده‌توانێت رێنماییه‌كی زۆر باشمان بكات، ژنی كورد له‌ئێستا و له‌رابردوودا به‌شداریی و كاریگه‌ری خۆی له‌مه‌یدانه جیا جیاكاندا سه‌لماندووه، له‌كاتی ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆڕه‌ودا ژنانی كورد جار له‌دوای جار توانا و كاریگه‌ریی خۆیان سه‌لماندووه، له‌دوای راپه‌ڕینیش ژنی كورد له بواره‌كانی وه‌ك (كارگێڕی، ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، راگه‌یاندن، ئابوری و كه‌رتی تایبه‌ت، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) خۆیان سه‌لماندووه.
سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن ئاماژه به‌وه ده‌كات كه :شێریڵ داوا ده‌كات ژنان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی بده‌ن و له‌وێوه كار بكه‌ن بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانی نێوان ژن‌و پیاو.
كتێبه‌كه له 11 به‌ش پێكهاتووه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن ژن ببێت به سه‌ركرده و هانی ئه‌وه‌ش ده‌دات. زۆربه‌ی زۆری بابه‌ته‌كانی ناو كتێبه‌كه چیرۆكی ژیانی شێریڵ خۆیه‌تی كه ده‌یگێڕێته‌وه و كه خۆی چۆن بووه له كاركردن وه‌ك ژنێك و دواتر چۆن توانیویه‌تی ببێت به ژنێك كه هه‌موو كه‌س بیناسێت.
شێریڵ له‌باره‌ی ئه‌زمونی كاری خۆیه‌وه ده‌ڵێ: من به‌و بڕوایه‌وه چومه مه‌یدانی كاره‌وه كه نه‌وه‌كه‌ی من به‌رپرسیارێتی‌و هه‌لی یه‌كسانی ده‌بێت‌و به‌و شێوه‌یه‌ش بو. ژنان زیاتر بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ستده‌هێنن‌و بڕوانامه‌ی باڵای زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنن‌و ده‌چنه هه‌مو ئاستێكی مه‌یدانی كاره‌وه.
به‌ڵام له‌هه‌موو پیشه‌سازییه‌كدا ژنان %15، %18 یان %20ی پله باڵاكان پێكده‌هێنن. ژنان به‌هۆی زۆر شته‌وه رێگرییان لێكراوه. به‌هۆی لایه‌نگرییه‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی نه‌رمونیانیه‌وه، به‌هۆی نه‌بونی هه‌له‌وه. ئێمه خۆشمان رێگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین. ناچینه سه‌ر مێزه‌كه، ده‌ستمان به‌رز ناكه‌ینه‌وه، ده‌نگمان وه‌كو پێویست هه‌ڵنابڕین.
یه‌كه‌م رۆژم له‌بیره كه‌هاتم بۆ كۆمپانیای فه‌یسبوك، به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌مه‌وه ده‌هاتم بۆ ئه‌م كاره تازه‌و سه‌خته، دڵنیا نه‌بووم بتوانم سه‌ركه‌وتوبم، بیر له‌و هه‌مو ساتانه ده‌كه‌مه‌وه كه بڕوام به‌خۆم نه‌بو.
هه‌مو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی دڵنیابوم خه‌ریكه شكست ده‌هێنم، هه‌مو كاره‌كان دڵنیانه‌بوم ده‌توانم ئه‌نجامی بده‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بینیم ئه‌و هه‌موو ژنه پاشه‌كشه ده‌كه‌ن‌و پاش ئه‌وه‌ی خۆمم بینی كه به‌راستی خه‌ریكه پاشه‌كشه ده‌كه‌م له‌م هه‌لانه، ئه‌و كاته بو كه شێوازه‌كه‌م بینی‌و ده‌ستمكرد به‌باسكردنی. كه‌س پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌ده‌ست ناهێنێت به‌وه‌ی له‌سوچێكدا دا‌نیشێت نه‌ك له‌سه‌ر مێزه‌كه.
ئه‌م كتێبه بۆ ژنانه له‌هه‌موو ته‌مه‌نێكدا، كچه گه‌نجه‌كان كه‌بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئه‌بێ داهاتویان چی بێت؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ره‌نگه مه‌یدانی كاریان به‌جێهێشتبێت‌و بیر له‌گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.
ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ش كه خۆبه‌خشانه كارده‌كات‌و ده‌یه‌وێت بێته پێشه‌وه‌و به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تی هه‌نگاوبنێت.
هاندانێكه بۆ ژنان بۆ ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌خۆیان هه‌بێت‌و یارمه‌تیدانیانه له‌دروستكردنی جیهانێكی یه‌كساندا.
من بڕوام وایه جیهان شوێنێكی باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر نیوه‌ی كۆمپانیاكان‌و نیوه‌ی وڵاته‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه سه‌ركردایه‌تی بكرێن‌و ماڵه‌كانمان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێن. مه‌سه‌له‌كه بریتییه له‌بڕوا به‌خۆبوون.
هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌چاپدانی كتێبه‌كه رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن دانیشتنێكی بۆ كتێبه‌كه ئه‌نجامدا و له‌و دانیشتنه‌دا نزیكه‌ی 300 كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد و تائێستا نزیكه‌ی 1500 دانه‌ی لێدراوه به زۆر كه‌س‌و شوێن‌و لایه‌ن‌و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كیشی لێ فڕۆشراوه.
كتێبه‌كه له‌ناوخۆی هه‌رێمدا له‌چه‌ند شوێنێك ده‌ستده‌كه‌وێت وه‌ك :قاوه‌خانه‌ی كلتوری‌و كتێبخانه‌ی سلێمانی، ئاسیا تێل و ماڵی وه‌فایی‌و كتێبخانه‌ی كامبریج و كتێبخانه‌ی ئه‌مازۆن له‌شاری هه‌ولێر‌و كتێبفڕۆشی ره‌نج له‌رانیه‌و كتێبخانه‌ی هه‌ژار موكریانی له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
رێكخراوی “هیوا فاونده‌یشن” رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته و له‌مانگی ئازاری ساڵی 2013 له شاری سلێمانی دامه‌زراوه، ئه‌م رێكخراوه ته‌نها هاوبه‌شی فه‌رمییه له‌گه‌ڵ رێكخراوی (Lean in) له كوردستان و عێراق، رێكخراوه‌كه بڕوای وایه له‌ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی خێزانه‌وه ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر دروست بكات، به‌مه‌ش پێیانوایه داهێنان به‌ده‌ست ده‌هێنن.
تائێستا رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن چه‌ندین كتێبی به‌نرخی جیهانیان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و كتێبخانه‌ی كوردی‌یان پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه.