Skip to Content

بۆ چی ئـێران مەبەستە؟ … چالاک ئـاغجەلەری

بۆ چی ئـێران مەبەستە؟ … چالاک ئـاغجەلەری

Closed
by ئه‌یلول 17, 2019 General

ئـێران وەک سێھەمین ووڵاتی گەورە لە کیشوەری ئـاسیا و ھاوکات لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا بە پلەی دوەھەم دێت و دانیشتوانەکەی +٨٢ ملێونە. ئـەم ووڵاتە کاریگەری زۆری ھەیە بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە ھەروەھا بەھۆی زۆری گازی سروشتی و نەوتەوە ھەردەم جێ بایەخی کومپانیا جیھانیەکانە ئـەم چاوتێبڕینە ئـابوریەش داینەمۆی چەرخاندنی کاریگەریە سیاسیەکانیەتی لەجیھان و ناوچەکەدا، لێرەدا ھەر گۆڕانگاریەک و پێشھاتێک بە ھەردوو ئـاراستەی ئـەرێنی ونەرێنیدا لە پەیوەند بە ئـێران وەک ئـایکۆنێکی سیاسی – ئـابوری، ڕاستەوخۆ دەوڵەتانی زلھێز دەکاتە بەردەم بەرپرسیاریێتیکی مێژوییەوە ،ئـەم کایە سیاسیانە کە لە چوارچێووی دەولەتدا خۆیان ناساندوە دەبێت حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەی بکرێت.

ئـەم دەوڵەتە بە حوکمی داخرانی سیاسی و دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئـەمریکا وەک دەسەڵاتێکی دینی و تۆتالیتار بەڕووی دونیاندا ناسێنراوە، ھەر ئـەم ھۆکارە جەوھەریەشە وایکردوە ئـەستێرەی بەختی ڕوو لە کزیی بێت، بەدەر لەم ئـەنتی بوونەی لە بەرامبەر ئـەمریکا و ئـیسرائـیل کوێ سەرکێشیەکانی ھەر لە ھەوڵدان بۆ دەست بردن و بەدەستھێنانی چەکی ئـەتۆمی تادەگاتە ھەڵواسینی خەڵکانی سیڤیل بە پێش چاوی ئـازیزانیانەوە لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت، ڕەوتی سیاسی و ئـاکتیڤیت ئـێران بە ئـاراستە نێودەوڵەتیەکەی بە ئـەرێنی وەردەگیراو ڕێچکەی بۆ دەکرایەوە و ھەڵسوکەوتەکان و کاریگەریە جیھانەکانی جوان وێنا دەکران و پیشان دەدرا.
ھەر ئـەمەشەوایکردوە لەم چوارچێوە سیاسیەی ڕۆژھەڵاتدا ھەر بەردێک بکەوێتە خوارەوە پێش وەختە چاوەکان ئـاراستەی ئـێران دەکرێت، بۆچی ؟ وەڵامەکەی ڕوونە!!

لە دواین گرفتی ناوچەکەدا ھێرشی سەر بیرە نەوتەکانی ووڵاتی سعودیە کە حوسەیەکان بەر پرسیارێتیان گرتە ئـەستۆ لەبەرامبەر ئـەو ئـاکتەدا، لێرەدا دەبینین بێ ھیچ بەڵگەیەک لەلایەن ئـەمریکاوە ئـێران تاونبار کرا، ھەرچەندە ئـێران بێ ئـاگای خۆی بەرامبەر بەو پەلامارە ئـاسمانیە نیشاندا.
ئـەگەر ئـێمە ھۆکاری پشت ئـەم ھێرشە شەن و کەو بکەین دەکەوینە نێو چەندین ئـەگەرەوە :
یەکەم: حوسیەکان لەشەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی سعودیە ئـەم ھێرشەش دەرئـەنجامە بۆ سەر ئـەو ووڵاتە ،بەڵام بۆ لەم کاتەدا کە ئـەگەری دانوستانی ئـێران – ئـەمریکا لە ئـارادایە لە دوای کۆبونەوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە ٢٤ی ئـەم مانگە دەبەسترێت .
دووھەم : دەکرێت ئـیسرائـیل ھاوکاری ئـەم ھێرشە بووبێت بۆ ھەرچی دورستکردنی تەنگەژەیەک بۆ پەکخستنی ئـەو دانیشتنەی نێوان ئـەمریکا و ئـێران، چونکە دەوڵەتی ئـیسرائـیل مکوڕە لەسەر لادانی ڕژێمی سەردەستی ئـێران و کاری لەسەر دەکات، بەھەمان شێوە ڕژێمی ئـێران ئـیسرائـیل وەک دوژمنێکی خۆی ناساندوە.
سێھەم: ئـەگەری پشتیوانی گروپێک یان کەسانی بەر پرس لە پشتی پەردەوە لە ئـێران کە خواستی لێکگەیشتن لەگەڵ ئـەمریکا ڕەت بکەنەوە ، ئـەو ھەوڵی دانیشتنە بە کۆتا بھێنن.
چوارەم: سیناریۆیەکی دی ئـەویش خودی سعودیەیە کە وەک ئـەگەرێک ئـەم ھەڵکوتانە سەربازیە بکاتە بیانویەک بۆ پەکخستنی ھەر پەیوەندی و دانوستانێک لە نێوان ئـەمریکا و ئـێراندا. ئـەم ئـەگەرە ھەرچەندە وەک دوور دەیبینم بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکی باڵاتر بە لێدانی بەرژەوەندیەکی کورت مەودا ،ئـامانج دەگرێت.

لە کۆتاییدا ئـەگەری ڕوودان بۆ لەمپەر بەرامبەر پێشھاتێکی چارەنوس ساز بە شێکی دانەبڕاوە بۆ دونیای سیاسەت . دۆنەڵەد ترمپ سەرۆکێکە شەڕ لەگەل موستەحیلدا دەکات( کۆریای باکور بە نموونە) ، ڕژێمی ئـێرانیش بەشێکە لەو کاتەگۆریە، کەواتە کۆی ئـەگەرەکان بە کراوەیی دەھێڵمەوە ، ناکرێت ئـێران بەشێک نەبێت لە ئـەجندای ترەمپ ، بەتەنھا تویتێک ڕیسەکە دەکاتەوە بە خوری، لەبەر ڕۆشنایی ھێزی ئـابوری ئـەم ووڵاتە ، ئـێرانیش ناوەندێکی بەبڕشتە بۆ فیکرو تێڕوانینی ئـابوری سەرۆکێکی وەکو دۆنەڵەد ترمپ.


چالاک ئـاغجەلەری

Previous
Next
Kurdish