Skip to Content

وەرزێ لە پەرادیسا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

وەرزێ لە پەرادیسا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Poems

( ١ )
ئێشکم بۆ پەپولە تەرەکانی…
دارستانی سەمەرەی پارادیست گرتوە،،
هەربۆیەکیشە تا سەحەر بەئاگام،،
پۆشاکم شەپۆلە و،،،
زیوی بەردی کەنار…
لەسەر پەنجەکانم ئەدرەوشێتەوە..
خۆم ڕێم وون کردوە،،
بە دەشتیک مەست..
بە زەردەی دیدەت ،،،
خۆم هەموو کلیلەکانی..
دەرگاکانی بەئاگاییم وونکردوە،،
تا لە خەوێکی ترا،،
پێت بڵێم مەڕۆ،،،
گەر واشت کرد..
وەک هەڵهاتنی خۆر بێیتەوە،،
گەر بشڵێی،،،
بۆ جەستەم هەمووی بارانە،،،
چاوم پڕ ئاسمانە،،
ڕووم وەک حەقیقت پڕ تەمە،،.
چونکە دوا فڕینی ..
مەلی ڕۆحمە،،
بەرەو زەریا،،
هەڵکشانی هەستمە،،
بەرەو فەلەکێک..
بە باڵای نوێی..
تەڕبووی خاکێک،،
پڕگوڵاوی..
تازە بەهاری گرتوە
( ٢ )
ڕۆژانێک بەسەرچوو،،
ئاورینگی سەر لێوی گوڵێکی تەنیام،،
ئەکردە ووشەی شیعر،،
بە زمانی گەڵا ئەدوام،،
جوانی بوونێکی سەرابیم..
بە دەستە تەزیوەکانم..
ئەکردە تابلۆی سەر کەنار،،
ڕوخسارم سرک،
جەستەی یاخیم،،
بە گڕکانی شێتانەی خۆرا ئەسپارد
( ٣ )
تیغی نمەکان،،،
لاسکی گیا تەڕەکانی دوێنێی بڕی!
جەستە پاڵتۆی هەور و..
چراش چاوی شەوێکی زەرد،،
لە ژێر گڵۆپە درەوشاوەکانا،،
لە خۆر پژانێ ئەچویت،،
لە کچی زەریا
قەشەنگتر ،
بە نیگایەک ووتت،،،
با ڕۆح،،
لە سەفەرێکی بوهەیمیدا پاکبێتەوە!
شوێنەکان لە دڵا،
دڵەکان لە شوێنا، با بڕژێن!
با چاوەڕێکەین لە درەنگیا…
ئەسپە سپیەکانی ژوانێ بگەنە جێ
با لە گوڵە نێرگزە مۆرەکانی ..
تەمەنا سادە بینەوە،
ئەی ئەهریمەنی شیعری بەد!،،،
لە فەرهەنگی نمەوە،،
فێری لاساری بووم،،
سرکم، وەک چۆلەکە سپیەکانی دۆزەخ،،
یاخیم، وەک ئاگری نێوپەنجە سوتاوەکانی…
دەرگاوانی کۆشکی شەڕانگێزی!
تۆیەک، ئەی لە ژورە تاریکەکانا..
خۆت حەشارداوە،،
بێ توانەوە لە گڕکانی..
شەوە گەردەلوولی فەنا،
هەرگیز ناگەیتە..
بونێکی ڕەها!،
نەبیتە شەونخونێکی..
برینی خوێنلێپژاوی سەحەر،،
هیچ نازانیت لە هەڵزەنینی دڵ..
بە گوڵە قەترانیە ژەهرینەکانی عیشق..
تێپەڕە تۆ،،
بە هەڵدێری زەمەنێکی سەرابیدا،،..
چی مەنزڵگەیەک..
لە کەنارێکی تەمتومان پیرۆزترە؟!
چی مەرگێک ..
لە خۆسوتانێک..
لە کازیوەی نیگایەکا بەهاترە؟!
با خەیاڵ لەم تەمتومانە بمبا،،
بەڵام هەمیشە، خەیاڵبردووی..
تەمتومانی تۆ بووم،،
بەلەمێکی شێتانەیە ژیان،
ئاگردانێکە، زوو خەڵوزی خۆشیەکانی…
ئەکوژێتەوە،،،
گەربە مەشخەڵی شیعرنەبێ..
کام بڵێسەی تریشقە بەهارێ
بیگەشێنێتەوە؟!
چی سەمەرەیەکە،،
گەردوون بە بێ تۆ،،
چی سەمەرەیەکە …
لە ژێر دارستانی..
زەنگە پرتەقالیەکانی سەفەرا..
شوێنپێبەفری تەنیایی …
مرۆڤە بەد چارەکان هەڵگرمەوە!
ئەم هەموو هەورە خەیاڵ و
پەردە بوون و نەبوونە….
دیوارە ئارەزوو..
تەلبەندە حەز..
چەک وتیری بیرو..
ڕایەڵە ئاین و..
تۆڕە فەلسەفە ..
مرۆڤەکان تیا ڕاماون!
دەستم بۆ چارۆکەی..
کەشتی نێو هەورە گڕینەکان..
بەرز ئەکەمەوە
شۆڕشێکی نوێ لە دڵا،
سوتانی گومە زەکانی ئاو ،،
ژەهر تر لە شەپۆلی چاوت،،
شەرابێ لەم نغرۆبوونە،،
نۆش ئەکەم،،
ئیرەییم دێ،،
بە خەوی خاڵخاڵۆکەیەکی مەست..
بە شیلەی لێوی گوڵە هەڵایەک،،
ئەی سەکسیفۆنژەنی پایز،،
سۆناتایەک بۆ سوتماکی شار،،،
بۆ شاری سوتماک،،،
دوکەلی جەنگە ئەزەلیەکان،،
چاوی فریشتەکانی ڵێل کردوە،،
گوێ لە تەقینەوەی گڕکانی ڕۆحی خۆر ئەگرم
بەڵام خۆرێکی تر، لە دڵا ، ،،
گزنگێكی قورمزی تر..
ڕەوشەنئەکا!
ماچی دلۆپێک،،،
بۆ لێوی گەڵایەکی خۆکوژ،
لە جوانی پایزا،،
پردێک بەرەو ئەو مانگەی..
لە ئازاری ڕۆشتنێکا ،،
گڕی لەجەستەی نوری خۆی بەردا، ،،
درەنگ بەم زەمینەدا تێپەڕین…
ئێمـەی فریشتە باڵ سوتاوەکانی…
بەردەم عەرشی مەلەکوتێک،،
لە کۆشکی زێڕینی بێ ئاگایی خۆیا مەست!
هیچ میوەیەکی ئەڤین نابینرێ،،
هەربۆیەکیشە،،،
لە بیابانی نەبوونی نیگات،،
دەریام لە ڕۆحما هەڵگرتوە،،
بەرەو دەروازەی بەرزەخێ،،
ڕووم شەپۆلە ،،
ببینە بەدەم ڕۆشتنەوە،،
چۆن تاوتاو،،
ڕێژنە گوڵە نێرگزی..
سووری جێهێشتنتم لێ ئەبارێ!.

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەرەنسی
Claude Oscar Monet / Olive Trees

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish