شیعری كوردی دوای راپه‌ڕین گۆڕینی ئاسۆكانی چاوه‌ڕوانی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی…..
له رۆمانی (ژه‌نیاری هه‌وره‌كان- عه‌لی به‌ده‌ر) ده‌ڵێ تاكه ده‌نگێ تێگه‌یشتن له موزیكا به‌رهه‌م ناهێنێ، هه‌میشه چه‌مكی موزیكا له كۆمه‌ڵێ ده‌نگی جیاواز پێكدێت، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه پێویستیان به هاوگونجان هه‌یه، پێویستیان به هارمۆنیایه، ئه‌گینا جیاوازییه‌كان ناڕێك ده‌كه‌ونه‌وه! هاڕمۆنیا وه‌ك فیكره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تێگه‌ی موزیكای له سه‌ر بونیاد نراوه. ده‌شێ هاڕمۆنیای ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كان له پانتایی كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بیدا چه‌مكی ئه‌ده‌بییه‌ت یان شیعرییه‌ت به‌رهه‌م بهێنن، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌گوترێ (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) چوارچێوه‌یه‌ك یان شانۆیه‌كی كراوه‌یه بۆ ئاوێته‌بوون و تانۆپۆی نێوان سێ بوون و سێ ستراتیژ و سێ ده‌ق… بوونی نوسه‌ر و بوونی ده‌ق و بوونی خوێنه‌ر، ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ده‌قی خوێنه‌ر، ستراتیژی ده‌ق و ستراتیژی دانه‌ر و ستراتیژی خوێنه‌ر.
بوونی ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ستراتیژی دانه‌ر خۆی له جه‌مسه‌ری هونه‌ری به واتای (وولفگانگ ئایزه‌ر 1926-2007) و ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كان و جوله‌ی ته‌مومژاوی و بۆشایی و سپێتی و دابڕانه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه. به‌ڵام بوونی خوێنه‌ر، ستراتیژی خوێنه‌ر، ده‌قی خوێنه‌ر له جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی و ته‌ئویلكردن و كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان و گه‌یشتندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه.. جه‌مسه‌ری هونه‌ری ده‌قی دانه‌ره و جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی ئه‌و جێبه‌جێكردنه‌یه، كه له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه به ئه‌نجام ده‌گات. له ئاوێته‌بوونی ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌یه بۆمان ئاشكرا ده‌بێ كه (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) نه ته‌نها ده‌قی دانه‌ره و نه ته‌نها له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكار یه‌كده‌گرێته‌وه! به‌ڵكو واقعی سێیه‌مه له نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ردا.
ستراتیژی دانه‌ر
له نێوان (ده‌ق) و (كار)دا
جیاوازی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه كه (كار)، كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رده‌وامی تێگه‌یشتن، شتێك نییه به ده‌ستی بهێنین و خاوه‌ندارێتی بكه‌ین، به‌ڵكو فۆرمێكه له فۆرمه‌كانی (بوون) له نێو جیهاندا! كار خودی خۆی له بوونێكی تایبه‌تدا پێشكه‌ش ده‌كات، بوونێك كه به كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌وه په‌یوه‌ست بێت و ئاماده‌ییه‌كی هه‌نووكه‌یی هه‌بێت، ئاماده‌ییه‌ك كه (حه‌قیقه‌ت) له رێگایه‌وه ده‌بێته رووداو! به‌مجۆره كاری ئه‌ده‌بی له حه‌قیقه‌تی بووندایه، به‌مجۆره كاری ئه‌ده‌بی خۆی له ماددییه‌تی گوتن ده‌رباز ده‌كات، به‌مجۆره بوونی خۆی له ده‌نگدانه‌وه‌ی پرسی جیاوازی خوێنه‌راندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه!
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی رابردوو شیاوی سه‌رده‌م بێ (هانز رۆبه‌رت یاوس 1921-1997) رێكخستنی رابردوو و ئێستا له چه‌مكی (ئاوێته‌بوونی ئاسۆكان) ده‌خه‌مڵێنێ. ئه‌و خه‌مڵاندنه جگه له‌وه‌ی هونه‌ركاری و جوانكاری ئیبداعی، له رێگای جۆره‌كانی وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرس و دنیابینی سه‌رده‌می ناوبراویش ده‌خاته به‌ر رۆشنایی و به‌دواداچوونی جیاوازه‌وه.. هه‌ڵبه‌ته ده‌مه‌وێ بڵێم ئامانجی ئه‌و تێزه‌ی (یاوس)ی ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی، خه‌ڵقكردنی پڕشنگێكی نوێیه له مێژووی ئه‌ده‌بی، كه جه‌خت له ته‌ئویلكردنی ئه‌ده‌بی له ساته‌وه‌ختی (پێشوازیكردن)ی مێژووییانه ده‌كاته‌وه. به‌های جوانی كاری ئه‌ده‌بی وه‌ك (یاوس) ناوی ده‌بات، به‌رفره‌وان ده‌بێ، چه‌نده ئه‌و كاره بتوانێ ئاسۆ چه‌سپاو و باوه‌كان بگۆڕێ. چونكه هه‌ر چه‌نده ماوه‌ی جوانی (مه‌سافه‌ی ئیستێتیكی) ته‌سك بێته‌وه و كاری ئه‌ده‌بی نه‌توانێ (گۆڕان له ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) باودا دروست بكات، ئه‌وه‌نده له هونه‌ری كۆنسیومه‌ر و كاڵ نزیك ده‌بێته‌وه! (یاوس) جه‌خت له پرۆسه‌ی وه‌رگر ده‌كاته‌وه، كه له ساته‌وه‌ختی نوسینه‌وه ده‌ست پێده‌كات و له پرۆسه‌ی تێگه‌یشتن (كه له رێگا خوێنه‌رێك یان كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر له هه‌نووكه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت) به ئامانج ده‌گات..
(رۆلان بارت 1915-1980) پێیوایه ده‌ق به‌پێی ئاره‌زوو و شاره‌زاییه‌كانی خوێنه‌ر دێته‌گۆ، به‌مجۆره ده‌ق (ده‌قی كراوه) له رێگای خوێندنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه، به‌ره‌و بوونێكی زێتر و چێژ ده‌بێته‌وه! هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازیش داهێنانی ده‌قێكی دیكه‌ی جیاوازه، ده‌قێك كه فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، بابه‌ت و خود… ره‌تده‌كاته‌وه، وه‌ك چۆن به تووندی یه‌كگرتنه‌كانی نێوان ده‌ق و دانه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه. ده‌مه‌وێ بڵێم له ده‌قگه‌رایدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق دیلی زمانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق ده‌كه‌وێـته نێو زمان و زمانیش بۆخۆی كۆمه‌ڵێك یاسایی ناوه‌كی به‌ڕیوه‌ی ده‌بات، ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ش ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ویستی داهێنه‌ره‌وه، بۆیه خوێنه‌ری ده‌قگه‌را هه‌میشه ده‌بێ له رێگای چێژه‌وه قسه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره بونیادنانه‌وه بكات. ئه‌و قسه‌یه هه‌ڵوه‌شانه‌وه به‌رانبه‌ر نه‌بوون وه‌ك مه‌یلێك پێشان ده‌دات، مه‌یلێكی چێژگه‌را، مه‌یلێك كه له‌سه‌ر نه‌فیكردن‌و ره‌تكردنه‌وه راده‌بێته‌وه و نكۆڵی له هه‌موو حه‌قیقه‌تێكی جێگیر ده‌كات!
ستراتیژی خوێنه‌ر
له نێوان (سیمۆلۆژیا) و (هیرمینۆتیكا)دا
له هیرمینۆتیكادا (خوێنه‌ر/وه‌رگر) هۆكاری بوونی خۆی له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ماناكانی كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا ده‌دۆزێته‌وه، به‌دوای ماناكانی بوونیدا ده‌گه‌ڕێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی هه‌نووكه‌یی) به‌جێ بهێنێت. یان ئاماده‌یی هه‌نووكه‌یی به‌جێ بهێنێت، ئاماده‌ییه‌ك كه حه‌قیقه‌ت له رێگایه‌وه ده‌بێته رووداو، كه‌واته كار ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه له نێو خۆیدا حه‌قیقه‌تی بوونمان بۆ كه‌شف ده‌كات، هیرمینۆتیكا واته رێگادان به حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت.
به‌ڵام له سیمیۆلۆژیادا ده‌ق كۆمه‌ڵێك داله و ده‌بێ ته‌ئویل بكرێت، ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونی هه‌یه، كه ده‌خوێنرێته‌وه و خوێنه‌ر به شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه ده‌گات، هیچ ده‌قێك بێ بوونی خوێنه‌ر بوونی نییه، به‌و مانایه‌ش سیمیۆلۆژیا له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتایی له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال و له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شه‌هوه‌تدا ده‌ژیت.
ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ بۆ ئاوێته‌بوون، تانۆپۆی نێوان سێ ستراتیژ… ئه‌وه له ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی (بارت)ی‌دا خوێندنه‌وه‌كان و ته‌ئویله‌كان جگه له شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه سنوری دیاریكراو ناس ناكه‌ن، ده‌ق هه‌میشه به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، چونكه خوێندنه‌وه‌كان به فره‌یی و جوله‌ی جۆراوجۆر و كرانه‌وه‌ی دال و مه‌دلوله‌وه به‌ندن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به ئاستی جیاوازه‌وه ده‌كه‌ونه دووتوێی گه‌مه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه. دواجار بارت ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئیرۆسیه‌ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر كێشكردن و خۆدانه‌ده‌ستی ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌وه‌ستێ، نه‌ك كارلێكردن و به‌رهه‌مهێنان.
به‌ڵام (یاوس) له په‌یوه‌ندی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و وه‌رگر پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، كه مانا نایه‌ته‌جێ، ته‌نها له رێگای په‌یوه‌ندی هاوسێیانه، یان له رێگای رێكه‌وته‌وه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی هاوسێیانه ته‌عبیر له مێژووی ئاوێته‌بوونی خوێنه‌ره‌كان بكات، یان ته‌ئویله جۆراوجۆره‌كانی خوێنه‌رانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبێت و له تێگه‌یشتنه‌وه رابێته‌وه، ئه‌وه مانای رێكه‌وتئامێز له ساته‌وه‌ختی ته‌ئویلكردنه‌وه بۆ كرده‌ی جێبه‌جێكردن هه‌نگاو ده‌نێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ئاوێته بوونی مێژوویی، چه‌مكی (ئیستێتیكای وه‌رگر) به‌رجه‌سته بكات، ئه‌وه (تێگه‌یشتن) و (ته‌فسیركردن) و (جێبه‌جێكردن) كرده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی (درككردن)ی (هانز گۆرگ گادامێر 1900-2002) یمان بیر ده‌هێنێته‌وه.
شیعری كوردی
(دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)
شیعری كوردی دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور، كۆی ئه‌و شه‌پۆله شیعرییه ده‌گرێته‌وه، كه له فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین خۆی ده‌نوسێته‌وه، وه‌ك چۆن به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌وه، كه ده‌كه‌ونه به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) و ئه‌وانیش له فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین، له‌گه‌ڵ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه دێنه‌وه… (بۆ ئه‌وه‌ی روونتر قسه بكه‌م ده‌بێ بڵێم شیعری حجم له شه‌ش پاڵوییه‌كی شوشه‌یی ده‌كات، كه تیشك بیبڕێت و تیشكه‌كان دابه‌ش بن، بۆ كۆمه‌ڵێ تیشكی ره‌نگین. شاعیری حجمی له رێگای دواخستن و پێشخستنی وشه له رسته‌وه ته‌ركیز له‌سه‌ر یاریكردن به زمان ده‌كات. نموونه‌ی یه‌دوڵڵایی روئیایی. به‌ڵام شیعری شه‌پۆلی زمان، ده‌ست له بونیاد و په‌یوه‌ندی نێوان كار/ بكه‌ر/ به‌ركار ده‌دات، كه‌لێن و بۆشایی شیعری دروست ده‌كات و رووبه‌رێك له نێوان وشه‌كان و كرداره‌كان جێده‌هێلێت، تا خوێنه‌ر به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی واتاكه ته‌واو بكات. نموونه‌ی ره‌زا به‌راهه‌نی.)
به كورتی له شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین، چه‌مكی ئازادی به مانای شیعرێك دێت، كه بیر له واتای كات و بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی ناكاته‌وه، به‌ڵام په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، زمان وه‌ك له دایكبووی چركه‌سات و پێكهاته‌ی شیعریی ده‌بینێت… له شه‌پۆلی حجم و شه‌پۆلی زماندا ده‌شێ په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، نه‌فیكردنی زمانیش بێت…
لێره پرسیارێك به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا شیعری كلاسیزمی كوردی توانیویه‌تی له ئاوێنه‌ی كلتوری كوردیدا پرسیاری خۆی بكات، ئه‌و شیعره‌ی شاعیری كوردی ده‌ینوسێ به‌شێك له كێشه‌كانی تاكی كوردی هه‌ڵگرتوه، ده‌توانین دال و مه‌دلولی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك نیشانه‌ی سوسێری له یه‌كه‌یه‌كی هاوئاهه‌نگ به‌رانبه‌ر یه‌ك رابگرین، ده‌توانین كێشه وجودییه‌كانی مرۆڤی كوردی له شیعری كلاسیزمی كوردیدا بدۆزینه‌وه، ده‌توانین دنیای كوردی له نێو شیعری كلاسیزمی كوردی به ده‌ست بهێنین؟ من ئه‌و پرسیارانه بێ وه‌ڵام جێده‌هێڵم، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نائومێدم، به‌ڵكو چونكه ده‌مه‌وێ له رێگای ئه‌و پرسیارانه‌وه به دوای شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین بكه‌وم! كه‌واته ئه‌و پرسیارانه‌م بۆ ئه‌وه خسته روو، تاكو بتوانم په‌یوه‌ندی چه‌مكی (به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان)ی شیعری كلاسیزمی كوردی و (دیالۆگكردن)ی شیعری نوێ و دوای راپه‌رین جوانتر به‌رجه‌سته بكه‌م…
چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان له رووی زمانییه‌وه هه‌ڵكۆڵین و به‌دواداگه‌ڕانی شتێكه، وه‌ك زاراوه چاره‌سه‌ری فیكره‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یان بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراو له رووی مه‌عریفه و حه‌قیقه‌ت و دنیابینییه‌وه ده‌كات. به دیوێكی دیكه ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان به‌و مانایه بێت، كه هه‌ر یه‌ك له ئێمه به‌عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه به دوای شتێك‌دا بگه‌ڕێین و هه‌ر یه‌ك له ئێمه ده‌مه‌ته‌قێ له سه‌ر پاڵنه‌ر و شتی تایبه‌تی (خۆی) بكات، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره لای ئه‌ویدیكه ئاشكرا بێت. یان ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان قسه‌كردن بێ له سه‌ر شتی تایبه‌تی ئه‌و شیعره تایبه‌ته‌ی كه دوایی هاتووه، ئه‌وه چه‌مكی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی هه‌موو ئه‌وانه پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه!
دیالۆگكردن ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆسانه دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه تێیدا گوتنی رابردوو خۆی به‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ئێستای مرۆیی‌دا ده‌سه‌پێنێت، یان كه له میانی پرۆسه‌ی خودی ئێستای تێگه‌یشتنه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاوه، وه‌ك چۆن دژ به هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه، كه پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه، كه‌واته دیالۆگكردن وه‌ك زاراوه ده‌مه‌ته‌قێیه له نێوان دوو كه‌س و زێتر له باره‌ی بابه‌تێكی دیاریكراو بۆ گه‌یشتن به ئامانجێكی دیاریكراو، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌مه‌وێ به ناوهێنانی شیعری كلاسیزمی كوردی بچمه نێو تێگه‌یشتنی ئێستای شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕینه‌وه، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه و دابه‌شبوونی شیعری كلاسیزمی كوردیی و هاونه‌گونجانی ده‌نگه جیاوازه‌كانه، شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین گروپ گروپ ده‌كات! وه‌ك چۆن مه‌عریفه‌ی ئایینی و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی ئایینی شیعری كلاسیزمی كوردی (ئا‌ڤێستا، بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، كتێبی پیرۆزی یارسان) ده‌بێته پاڵنه‌ری نه‌زانراوی مه‌عریفه‌ی شیعری و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین (بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره ئایینییه له شیعردا ئاشكرا بێت)، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و شیعره تایبه‌ته‌ی كه دوایی هاتووه! هه‌ر به‌و مانایه ده‌توانین به به‌بیرهێنانه‌وه‌ی شیعری كلاسیزمی كوردی و پاڵنه‌ری نه‌زانراوه‌وه، تایبه‌تمه‌ندی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین بخه‌ینه گومانه‌وه! من وێنه‌ی ئه‌و گومان و دڵه‌ڕاوكێیه وه‌ك جیاوازی نێوان (دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)، (مه‌عریفه‌ی ئایینی) و (مه‌عریفه‌ی شیعریی) دیاری ده‌كه‌م… شیعری كلاسیزمی كوردی به شیعركردنی دنیا نییه، به شیعركردنی مه‌عریفه‌ی ئایینیه، شاعیر ئه‌و كه‌سه نه‌بووه، كه جوان له دنیا ده‌ڕوانێ، ئه‌و كه‌سه‌یه كه جوان زمانی ئایینی به‌كار ده‌هێنێ، شاعیر كێشه‌كانی خۆی فه‌رامۆش ده‌كات و شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ! له شیعری دوای راپه‌ڕیندا شاعیر جوان له دنیا و مه‌عریفه و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری ده‌ڕوانێ، به‌ڵام له واقیعی خۆی هه‌ڵدێت و خۆی راده‌ستی به شیعركردنی دنیا ده‌كات! به شیعركردنی واقیعی ژیان…
قسه‌یه‌كی جوانی (به‌ختیار عه‌لی) له كتێبی (له دیاره‌وه بۆ نادیار، ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه- سلێمانی) ده‌ڵێت: شیعر هه‌رگیز له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێناكات، كه شیعرێكی دیكه دوایی دێت. ئه‌و قسه‌یه له ناوكۆییه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌مه‌وه و له په‌یوه‌ندی نێوان شیعری كلاسیزم و شیعری نوێی كوردی به كاری ده‌هێنم… كه‌واته شاعیری دوای راپه‌ڕین له‌و زمانبازییه و شیعری دنیاییه و فه‌زا و دنیابینییه ئایینییه ده‌ست پێناكاته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات روو له دنیای به‌تاڵی شیعریی بكات. (من نامه‌وێ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و چه‌مكه به واقیعی ژیان ببه‌ستمه‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م به شێوه‌یه‌كی نادیار چه‌مكی به‌تاڵی شیعریی به پێناسه‌نه‌كردنی شیعرییه‌وه بگه‌یه‌نم)
لێره‌دا به‌ڵگه‌ی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك ئه‌وه‌ی (دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار) قسه‌ی لێكردووه و به پێی دیالێكته‌كان پارچه پارچه نیشانی ده‌دات، هه‌ر ته‌نها خۆی له هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان نابینێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه شاعیری كلاسیزمی كوردی شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره له دیالێكتێكه‌وه بۆ دیالێكتێكی دیكه ئاشكرا بێت… یان له پێش هاتنی ئیسلامه‌وه بۆ دوای هاتنی ئیسلام ئاشكرا بێت! ده‌مه‌وێ بڵێم پارچه پارچه كردن به پێی دیالێكته‌كان له لایه‌ن دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار و دابه‌شكردنی شیعری كلاسیزمی كوردی بۆ پێش هاتنی ئیسلام و دوای هاتنی ئیسلام له لایه‌ن دكتۆر (عزه‌دین مسته‌فا ره‌سول)ه‌وه، هه‌رگیز هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن ره‌تناكاته‌وه.
كه‌واته كێشه له‌وه‌دا نییه (بۆرابۆژ 330 پ.ز) یان (زه‌رده‌شت 660-583 پ.ز) به یه‌كه‌مین شاعیری كوردی دیاری بكه‌ین، یان په‌ڕتووكی (ئا‌ڤێستا) و (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی 937-1010ز) و كتێبی پیرۆزی “یارسان 901-1600ز”… كێشه‌كه له په‌یوه‌ندی نێوانیاندایه، له هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كنه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن و یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه دایه… به‌ڵام وه‌ك بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین له‌وێوه ده‌ست پێناكاته‌وه، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بنه‌مایه ئاینییانه‌ش دژ ده‌كه‌وێته‌وه، كه شیعری كلاسیزمی كوردی خۆی له‌سه‌ر بونیاد ناوه!
شیعری دوای راپه‌ڕین له هه‌ڵاتن له ژیانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك له سه‌ره‌تا و كۆتایی دیاره‌وه، ئه‌وه‌ش چه‌مكی دیالۆگكردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئایا دیالۆگكردنی شیعری دوای راپه‌رین له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئه‌ویدیكه ئامانجی دیاریكراوی خۆی پێكاوه، له‌و پرسیاره‌وه هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێك له شیعری دوای راپه‌ڕین له رووی شێوازی نوسین و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر دابه‌شی سێ پارچه بكه‌م و له سێ شێوازی دیالۆگئامێزدا به‌رجه‌سته‌یان بكه‌م…
شێوازی ته‌عبیری ده‌لاله‌تخوازانه
(گروپی یه‌كه‌م/ شیعری دنیایی)
شاعیری تازه‌گه‌ری كوردی له (دنیای شیعریی)ه‌وه بۆ (شیعری دنیایی)، له كاری شیعرییه‌وه بۆ ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی هه‌ڵێنا… به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیازی زمان له شیعری كلاسیزمی كوردیدا خۆ سه‌پاندن بنوێنێ، هه‌میشه له سه‌ر وه‌ڵام وه‌ستا بێت، نه‌ك پرسیاركردن، ئه‌وه قسه‌ی من ئه‌وه‌یه كه سه‌پاندنی زمان و نیازی دوور مه‌ودای زمان یه‌كتر ته‌واو ناكه‌ن، من له‌و به‌یه‌كنه‌گه‌یشتنه‌وه، له وه‌ڵامه‌وه بۆ پرسیاركردن، له كاره‌وه بۆ ده‌قگه‌رایی قسه له شیعری دوای راپه‌ڕین ده‌كه‌م!
بێگومان هه‌رگیز ناتوانین زمان له شیعر بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ده‌شێ شیعر له ئایین بكه‌ینه‌وه، ده‌شێ شیعر پرسیار بێ، نه‌ك كار له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئاماده بكات… زمان شیعر به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌كراو و وه‌ڵامی ئاماده شیعر ده‌خاته ئابڵوقه‌وه، خه‌ون و خه‌یاڵی شیعریی شیعرییه‌ت هه‌ڵده‌نێت، به‌ڵام وێنه‌ی دنیای واقیعی، خۆی له بابه‌تی حه‌قیقه‌تدا ده‌بینێته‌وه…
زمان وه‌ك ماڵی شیعر جیایه له زمانبازی، زمان وه‌ك پرسیار جیایه له زمان وه‌ك وه‌ڵامی ئاماده، زمان تاقی بكه‌یته‌وه جیایه له‌وه‌ی ژیان له رێگای زمانه‌وه تاقی بكه‌یته‌وه… به بڕوای من چه‌مكی (شیعری دنیایی) شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین به گشتی به‌ره‌و (ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌ی زمان) و نیازی دوور مه‌ودای زمان و به‌تاڵی زمانمان ده‌كاته‌وه، به‌ره‌و (ته‌عبیری) و (ته‌عبیری ئه‌بستراكت) و (ئه‌بستراكت)مان ده‌بات، یان له كاره‌وه به‌ره‌و ده‌قگه‌رایی ده‌بێته‌وه.
ده‌شێ به‌شێكی گه‌وره‌ی شاعیرانی دوای راپه‌ڕین، هه‌وڵبده‌ن گوزارشت له هه‌ست و نه‌ست و ئه‌و پڕشنگ و حاڵه‌ته عه‌قڵییانه بكه‌ن، كه كاریگه‌ری رووداوه‌كان و شته‌كان له ده‌روونی شاعیر دروستی ده‌كه‌ن، به‌شێكی گه‌وره‌ی شاعیرانی دوای راپه‌ڕین لاسایكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و وێنه‌ی دنیای حه‌قیقی فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، خۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانیان ده‌گونجێنن.
بێگومان رێبازی ته‌عبیری وه‌ك هه‌ڵگری خودگه‌راییه‌كی زیاد له پێویسته ده‌بینرێ… قسه‌كردنی من له شێوازی ته‌عبیركردنی ده‌لاله‌تخوازانه ناكه‌وێته نێو قسه‌كردنی زمانه‌وانی فڕه‌نسی (بوفۆن-Buffon 1707-1788)ه‌وه، كه پێیوایه خودی مرۆڤ بۆ خۆی شێوازه، نه‌ونده‌بێ، نه‌ده‌گوازرێته‌وه، نه‌ده‌گۆڕێ. به‌ڵكو به گشتی ئه‌و شێوازگه‌رییه ته‌عبیرییه‌ی من باسی ده‌كه‌م، به‌شێكی زۆری ئاوڕدانه‌وه‌یه له زمانه‌وانی سویسری (شارل بالی 1865- 1947) قسه‌كردنی ئه‌و ته‌نها به به‌های جوانی جیا ناكرێته‌وه، به‌ڵكو قسه‌كردنه له میكانیزم و دیارده یان جێكه‌وته‌ی ته‌عبیری له زماندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بالی شێوازگه‌ری ته‌عبیری له دوالیزمی شێوازگه‌ری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی، بیركردنه‌وه و ده‌ربڕین، لۆجیكی زمان و ویژدانی زمان، به‌ها و گه‌یاندن، قسه‌كردن و نوسین… هه‌ڵگرێته‌وه، ئه‌وه من قسه له ده‌لاله‌تی زمان و راڤه‌كردن ده‌كه‌م! لێره ده‌مه‌وێ بڵێم به‌شی زۆری شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین خۆی له نێوان گوزارشتكردن و ته‌ئویلكردندا هه‌ڵده‌نێت، پرسیاری ده‌ق و پرسیاری وه‌رگر… هه‌ر وه‌ك زمانی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین دووره له راسته‌وخۆیی، هه‌ڵگری روویه‌كه له رووه‌كانی حه‌قیقه‌تی ده‌روون! به‌شێكی زۆری شیعرییه‌تی ئه‌و شێوازه له سه‌ر لادانی زمانی و خوازه و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌ڵبه‌ته شێواز بۆخۆی ئامانج نییه، به‌ڵكو هۆكارێكه هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیب له میانی هه‌وڵی كاره‌كانیدا بۆ كه‌شفكردنی ئه‌و دنیایه‌ی كه تێیدا ده‌ژی به‌كاری ده‌هێنێت.
له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا پۆلینكردنی به‌شێكی تایبه‌ت له شیعری دوای راپه‌ڕین و شێوازی نوسینی شیعری دوای راپه‌ڕین، خۆی به ته‌مه‌نه‌وه هه‌ڵناواسێت، به‌ڵكو خۆی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نوسین و شێوازی گوزارشتكردندا ده‌دۆزێته‌وه… لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م گروپی یه‌كه‌می شیعری دوای راپه‌ڕین و شێوازی نوسینیان به مه‌عریفه‌ی شیعری و خه‌یاڵی شیعری و به‌رفره‌وانكردنی سنوره‌كانی گوتن و ئه‌زموونی ناوه‌وه ببه‌ستمه‌وه، بێگومان به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رفره‌وانكردنه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئازاد و زمانێك تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین… ده‌شێ ئه‌و گروپه (وه‌ك من ده‌یبینم) له‌و ناوانه (ئازاد سوبحی، هه‌ندرێن، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ته‌لعه‌ت تاهیر، دلاوه‌ر ره‌حیمی، داستان بارزان…) و زێتریش له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان كۆبكه‌مه‌وه.
به گشتی شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕین بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی پشتگوێ ده‌خات، له‌سه‌ر مه‌یلی خودگه‌رایی و ره‌تكردنه‌وه راده‌بێته‌وه! شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌ی (كاری گروپی یه‌كه‌م)ی شیعری دوای راپه‌ڕین، خۆی له رێگای ژیانه‌وه نیشان ده‌دا و پشت به ریتمی ناوه‌كی ده‌به‌ستێ… زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و گروپه بۆ ره‌نگاوڕه‌نگكردنی مانا، گرامه‌ر تێكده‌شكێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن جوانگوتن و چیگوتن بپارێزن، جه‌خت له شێوازی گواستنه‌وه‌ی زمان له شێوه‌یه‌ك بۆ شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌نه‌وه (بابه‌تێك ته‌نها به لابردنی ئه‌ویدی ده‌بێت به‌و شته‌ی كه هه‌یه)! بۆ نموونه لادانی زمانی لای (رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی) به لابردنی تۆخكردنی گێڕانه‌وه كۆتایی دێت و شیعرییه‌ت ده‌خاته‌وه، به‌ڵام لادانی زمانی لای (هه‌ندرێن) به تۆخكردنی گێڕانه‌وه‌وه به‌نده، شیعرییه‌ت له چیگوتن و جوانگوتن هه‌ڵده‌گرێته‌وه… وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان جه‌خت له دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه و وشه، وشه و مانا ده‌كه‌ن، بۆ نموونه (ته‌لعه‌ت تاهیر) … هه‌ندێكیان دوای رسته‌ی شیعریی و دووباره كردنه‌وه‌ی ناوكۆیی ده‌كه‌ون، وه‌ك (دلاوه‌ر ره‌حیمی)… ئه‌و گروپیه لادانی ده‌لالی له وه‌سفه باوه‌كان به كاری خۆیان ده‌زانن، هه‌ندێكیان لادانی ده‌لالی به وڕوژانی ماناوه ناس ده‌كه‌ن، به‌ڵام به گشتی له سه‌ر وێنه‌ی شیعری و واقیعی ژیان كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان خاوه!
(دلاوه‌ر ره‌حیمی) و كۆمه‌ڵه شیعری (حكایه‌تی قوڕ، به قه‌ڵه‌می خه‌ون نوس، چ 2013):
په‌ڕ و باڵی ته‌یرێ
پاش هاتنه‌وه‌یان له كێڵگه‌ی ئه‌و جوتیارانه‌ی خۆیان ده‌كوشت
فڕینیان لا په‌شیمانییه
زمانی خاوی منداڵێ
له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی سرووده‌كانی سه‌ركه‌وتن
ده‌نگی پێ كوفره.
دلاوه‌ر ره‌حیمی هه‌میشه هه‌وڵده‌دات لادانی ده‌لاله‌تخوازانه به وڕوژانی ماناوه بلكێنێ، له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌موو رۆناكییه‌كه له سه‌ر ده‌لاله‌تی (خۆكوشتن) و ده‌لاله‌تی (كوفر) ده‌وه‌ستێ، په‌یوه‌ندی (ته‌یر و كێڵگه و جوتیار) به وڕوژاندنی خۆكوشتن رێچكه‌یه‌كی دیكه‌ی بیركردنه‌وه به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت و خوێنه‌ر له چاوه‌ڕوانییه‌كه‌وه به‌ره‌و چاوه‌ڕوانییه‌كی دیكه ده‌بات، وه‌ك چۆن له‌و كۆپله‌یه‌دا شێوازی گواستنه‌وه‌ی ناوكۆیی له شێوه‌یه‌كه‌وه بۆ شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌بینین… به مانایه‌كی دیكه په‌یوه‌ندی (زمان و منداڵ و سه‌ركه‌وتن) هه‌مان وڕوژانی په‌یوه‌ندی نێوان (ته‌یر و كێڵگه و جوتیار) ده‌نوێنێ…
شاعیر په‌یوه‌ندی (ته‌یر- كێڵگه- جوتیار) به پرسی خۆكوشتن ده‌وڕوژێنرێ، ئه‌و پرسه له ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردا به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵێ (مه‌دلولی مرۆیی) ده‌بێته‌وه، به مانایه‌كی دیكه خۆكوشتن له نێوان (ته‌یر- كێڵگه- جوتیار) ساتمه به خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌كات، ئه‌و ساتمه‌یه هه‌ر ته‌نها خوێنه‌ر ناوڕوژێنێ، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شه بۆ ته‌یر و كێڵگه! دواجار ئه‌وه‌ی كه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه رۆناكی زۆری له سه‌ره ده‌لاله‌تی خۆكوشتنه، وه‌ك گوتم رۆناكی خستنه سه‌ر ده‌لاله‌تی كوفر له رسته‌ی دووه‌مدا شێوازی گواستنه‌وه‌ی زمانه له خۆكوشتن (مه‌دلولی مرۆیی) بۆ كوفر (مه‌دلولی كلتوری)… رسته‌ی شیعریی یه‌كه‌م له په‌یوه‌ندی (ته‌یر- كێڵگه- جوتیار)دا چه‌مكی (خۆكوشتن) وه‌ك كۆدێكی مرۆییانه‌ی گوماناویی به‌رجه‌سته ده‌كات، رسته‌ی شیعریی دووه‌م، له په‌یوه‌ندی (زمان- منداڵ- سه‌ركه‌وتن)دا، چه‌مكی (كوفر) وه‌ك كۆدێكی كلتوری گوماناویی ده‌خاته روو! ده‌مه‌وێ بڵێم كۆدی یه‌كه‌م مرۆڤ وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رده‌وام خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌ڵام دووه‌م كلتور وه‌ك كارێكی بۆماوه پێی هه‌ڵده‌سێت، كۆدی یه‌كه‌م زێتر خودگه‌رایی رۆڵی تێدا ده‌بینێ، كۆدی دووه‌م زێتر گشتگه‌راییه، به رووه‌كه‌ی دیكه چه‌مكی خۆكوژی مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كی گلۆباڵ دروست ده‌كات، به‌ڵام له پشت به كوفر دانانی ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی منداڵ كلتورێكی لۆكاڵی ده‌بینرێت… له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا په‌یوه‌ندی نێوان (ته‌یر، كێڵگه، جوتیار و زمان، منداڵ، سه‌ركه‌وتن) له زۆربه‌ی باره‌كاندا ئاسایی ده‌كه‌وێته، به‌ڵام چه‌مكی خۆكوشتن و چه‌مكی كوفر، ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئاساییه تێكده‌شكێنێ و خوێنه‌ر دووچاری گومان و ساتمه‌كردن ده‌كات…
كۆمه‌ڵه شیعری (له‌به‌ر ئاوازێك نایه‌وێ ببێته گۆرانی، ته‌ڵعه‌ت تاهیر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ 2011) شێوازی ته‌عبیری ده‌لاله‌تخوازانه‌ی (ته‌ڵعه‌ت تاهیر) له سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی نێوان لێكدووره‌كان (هاونه‌گونجاوه‌كان) وه‌ستاوه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت و مانایه‌ك به رسته شیعرییه‌كان ببه‌خشێت… بۆ نموونه پشت به ره‌نگێك یان په‌سنێكی نائاسایی ده‌به‌ستێ، یان وشه‌یه‌ك و وشه‌یه‌كی دیكه… بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر دووچاری ئاوڕدانه‌وه بكات، بۆ ئه‌وه‌ش لێكدووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی خه‌یاڵی له نێوان په‌یوه‌ندییه ئاساییه‌كان، له نێوان وشه و وشه داده‌هێنێ، بۆ نموونه:
تۆ هه‌بیت ئاژاوه‌ی دنیا نامێنێ
به‌ندیخانه‌كان ده‌بنه دایه‌نگه
تاوانباره‌كان به ده‌نكه شقارته
پیكابی بچووك بۆ منداڵه هه‌ژاره‌كان دروست ده‌كه‌ن.
په‌یوه‌ندی نێوان (منداڵی دایه‌نگه) و (تاوانباری به‌ندیخانه) لێكدووره، به‌ڵام شاعیر ره‌هه‌ندێكی نوێ له پێناو مانایه‌كی نوێ و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕانی خوێنه‌ران و ئاوڕدانه‌وه دروست ده‌كات… بێگومان ئه‌گه‌رچی وشه‌ی (به‌ندیخانه) و (دایه‌نگه) دوو ناوی گشتگیرن، به‌ڵام وشه‌ی (به‌ندیخانه) وه‌ك تێگه‌یشتن له بری وشه‌ی (دایه‌نگه) دژ به یه‌كن و پرسیار له‌و نێوه‌دا ده‌چێنن، كه‌چی وه‌ك شوێن ده‌شێ له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاشتمان بكه‌نه‌وه… به مانایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر دایه‌نگه له‌و وڵاته‌دا بۆ خۆی به‌ندیخانه بێت و تاوانباریش هه‌میشه منداڵی هه‌ژاران بن، ئه‌وه زمانی شاعیر زمانی ئاوڕدانه‌وه و به‌دواداچوون و ره‌خنه‌یه، یان به مانا (باختین)ه‌كه‌ی ئه‌نجامی پێكچواندنی (دایه‌نگه) و (به‌ندیخانه) پێكه‌نین و ئازادییه! به‌ڵام شاعیر به راكردن له واقیع، ناڕاسته‌وخۆ و له رێگای به‌رجه‌سته‌كردنی هاونه‌گونجانی ئاسایی به هاوگونجانی نائاسایی تیروتوانجی خۆی ده‌وه‌شێنێ …
وه‌ك گوتمان شێوازی ده‌ربڕین له كاری ئه‌و گروپه‌دا به‌شێكی گه‌وره‌ی له ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، به‌ڵام له رسته شیعرییه‌كانی ته‌ڵعه‌ت تاهیر جگه له ته‌عبیركردن له رێگای ئاوڕدانه‌وه له ژیان و ده‌روون، جگه له لادانی زمانی له رێگای هاونه‌گونجانی دوور، لادانی زمانی زیاد له پێویستیش ده‌بینرێ، یان به مانایه‌كی دیكه لادان ده‌خاته سه‌ر لادانه‌وه، ئه‌وه‌ش كتوپڕی و هه‌دانه‌دان ده‌خاته نێو خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌وه، وه‌ك چۆن ته‌ختی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر ده‌خاته له‌رزه‌وه و چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ چاوه‌ڕوانی دروست ده‌كات… ده‌مه‌وێ بڵێم له نێوان لادان و لادان خستنه‌سه‌ر، هه‌دانه‌دان و بۆشاییدا سپێتی دروست ده‌بێت، ئه‌و هه‌دانه‌دان و بۆشاییانه جوله‌یه‌كی نائاسایی له ئاوڕدانه‌وه‌ی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌سازێنن:
ئیره‌یی به چاوی منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م
ده‌توانێ ركه بگرێت
تا رۆناكی بكاته پلیكانه و خۆر تام بكات
باده‌م ماچ بكات و
چیڕۆك بخاته پاروه نانێكه‌وه. ل39
شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت
(گروپی دووه‌م/ دنیای به‌تاڵی شیعری)
ده‌شێ به پێی ئاگایی من و ده‌رككردنی من كاری گروپی دووه‌م، له‌و ناوانه هه‌ڵگرینه‌وه (ته‌یب جه‌بار، شاڵاو حه‌بیبه، په‌روێز زه‌بیح غوڵامی، جه‌میل مورادی، رابه‌ر فاریق، به‌شدار سامی، به‌یان عه‌زیزی…) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان… شێوازی نوسین له دنیای به‌تاڵی شیعریدا، شێوازی (ته‌عبیری ئه‌بستراكت)ه، واته له رووی جوله و ریتم و داڕشتنه‌وه ته‌عبیرییه و له رووی ماناوه رووت ده‌كه‌وێته‌وه! به گشتی گروپی دنیای به‌تاڵی شیعری به‌شێك له هێزی خۆی له لادان و ئاماژه خه‌رج ده‌كات، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی مانا و بۆشاییه‌كانی هه‌وڵده‌دات تا سنورێ، پشت به خه‌یاڵی خوێنه‌ر ببه‌ستێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له رێگای جوله‌ی شیعریی و ده‌ربڕینی واقیعی كارئاسانی بۆ راڤه‌كردن و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌كات! واته له زۆربه‌ی باره‌كاندا جوله‌یه‌كی ته‌عبیری ده‌كێشی و ماناكانی لێ داده‌ماڵێ و رووتی ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جوله به گومان و خه‌یاڵ بدات، به گشتی له سه‌ر جوله و جوانی كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان نیمچه خاوه…
به‌ڵام (ته‌یب جه‌بار) له داڕشتندا ئاسۆییه و له جوله‌دا ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه، واته وشه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی له رووی بیر و مه‌به‌ست و ئاگایی و دروستی ماناوه رسته‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن و دیار و ره‌وانن، شاعیر په‌یڕه‌وی له یاسا و رێسای زمانه‌وانی و په‌یوه‌ندی رێزمانی ده‌كات، به‌ڵام ده‌لاله‌ته‌كانی له (ئاستی ستوونی)دان و له‌گه‌ڵ (ئاستی ئاسۆیی) داڕشتندا هاوگونجاو نایه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ستپێكراوه گشتییه‌كان و بینراو و هه‌سته مرۆییه باوه‌كان و واقیع دژ ده‌كه‌ونه‌وه، ئاستی ستوونی یان ده‌لاله‌ته‌كان جوله‌ی ره‌مزی و فره ره‌هه‌ندی ده‌نوێنن، ده‌لاله‌ته‌كان بۆ قوڵایی مانا‌و جوانی شۆڕ ده‌بنه‌وه… ئه‌و جیاوازییه‌ی ته‌یب جه‌بار خۆی تێكه‌ڵ به سرووشتگه‌رایی و پێكچوواندنه هاونه‌گونجاوه‌كان و به‌رفره‌وانكردنی خه‌یاڵی فانتازی و لادان له واقیع و لادانی ده‌لالی زیاد له پێویست و دروستكردنی فه‌زایه‌كی ناباوی شیعری ده‌كات! هه‌موو ئه‌وانه له لای (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم په‌روێز زه‌بیح غوڵامی له داڕشتندا ستوونییه و له جوله‌دا ئاسۆییه؟!
به گشتی كاری گروپی ته‌عبیری ئه‌بستراكت له یه‌كه‌م (ئاماژه)دا چاو له پێش خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌و ئاماژه‌كردنه چ حه‌قیقی بێت یان خه‌یاڵی، چ وه‌ك جوله‌ی شیعری بێ، چ وه‌ك ده‌ربڕینی واقیعی رۆژانه… دواتر هه‌موو ئه‌و گوتارانه له نێو بۆشایی و سپێتی ون ده‌كه‌ن و شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكتی پێده‌به‌خشن، (به‌ڵام ئاماژه ناوبراوه‌كان لای ته‌یب جه‌بار له‌و قوڵاییه‌دا ون نابن و دووباره خۆیان ده‌نوسنه‌وه؟!…)
به گشتی ئه‌و شێوه ته‌ماشاكردنه، سه‌یركردنی واقیعه وه‌ك واقیعێكی گوماناوی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ساتمه‌كردنه به خوێنه‌ر وه‌ك جوله‌ی شیعریی… به مانایه‌كی دیكه سه‌یركردنی دنیایه به چاوی شیعر و گومانه‌وه، واته له چاوی شیعر و گومانه‌وه دێنه ناوه‌وه و ساتمه به ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن! تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌و دوو شێوه له ته‌ماشاكردن له‌و ده‌رككردنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه ئه‌گه‌ر چه‌مكی گومان په‌یوه‌ندی نێوان شوێن و كات له واقیعدا تۆخ بكاته‌وه، ئه‌وه جوله‌ی شیعری ده‌لاله‌ت و لێڵی ماناكان چڕ ده‌كاته‌وه.
دنیای به‌تاڵی شیعریی و خه‌سڵه‌ته‌كانی شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت، گه‌یشتنه به دوورترین خاڵی هه‌ستكردن به واقیع و هه‌ستكردن به وشه‌ی رووت و به‌ركه‌وتنی خه‌یاڵی خوێنه‌ر، دواجار له‌و شێوازه‌دا خه‌ون جوانترین وێنه‌ی به‌رجه‌سته و ده‌رككراوه، وه‌ك چۆن ده‌توانین ساتمه‌كردن له بۆشایی، به بۆشاییه‌كانی نێو بوونی مرۆڤ بچوێنین… ده‌توانین ئه‌و شێوازه ته‌عبیری ئه‌بستراكته دابه‌شی دوو شێوازی به‌نێویه‌كداچوودا بكه‌ین.
یه‌كه‌م، ئه‌بستراكتی ته‌عبیری (گه‌ردوونی): ئه‌و شێوازه دوو رووی هه‌یه:
رووی یه‌كه‌می له سه‌ر كزی ریتم و بایه‌خنه‌دان به گرامه‌ر و بایه‌خدان به شێوازی ده‌ربڕینی ستوونی وه‌ستاوه، چڕی و پڕی و ونبوون له‌خۆ ده‌گرێت، نموونه‌ی ئه‌و شێوازه له شیعره‌كانی (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) و نموونه‌ی دیاری له فه‌وزای شارییانه‌ی (كراكه)ی (ره‌زای عه‌لی پوور)دایه…
رووی دووه‌می له جوله‌ی سرووشتی (ئه‌و شیعرانه‌ی ئاوڕ بۆ پێشه‌وه ده‌ده‌نه‌وه)ی (ته‌یب جه‌بار) به مانای خاوی ریتم و بایه‌خدان به گرامه‌ر و بایه‌خدان به شێوازی ئاسۆیی ده‌ربڕینی رسته و یه‌كتر ته‌واوكردنی وشه و به دوایه‌كداهاتنی مانا به‌رجه‌سته ده‌بێت، یه‌كه‌میان گۆڕینی ئاگایی و نیگا ده‌نوێنی، دووه‌میان گۆڕینی كرده‌ی دیتن و بۆشایی درێژ ده‌كاته‌وه…
له شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی، بونیادی جوله (ئاوڕدانه‌وه بۆ واقیع) پێكهاته‌ی رسته دیاری ده‌كات، ئه‌و ئاوڕدانه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات له رێگای هونه‌ری سوریالی و سۆفیگه‌ری و دنیاییه‌وه ئه‌زموونی بوونگه‌رایی گه‌ردوونی خۆی بنوێنێ، یان ده‌ربڕین له ناخی سوبێكت و دنیابینی كه‌سی بكات… به‌و مانایه‌ش له رووی ته‌عبیرییه‌وه (شێوه‌كان) دیاری ده‌كه‌ن، له رووی ئه‌بستركته‌وه (گه‌ردوونی) خۆی ده‌نوێنێ!
بێزاری بۆ باخێكی بردم
منداڵێك
به بۆیه كێشابووی
“كۆمه‌ڵه شیعری كه‌سێك لێره‌وه تێپه‌ڕی، شاڵاو حه‌بیبه، 2008،ل21”
له‌و كۆپله‌یه‌ی شاڵاو حه‌بیبه‌دا دوو جوله دیاره، جوله‌یه‌كی واقیعی كه بێزاری ده‌ینه‌خشێنێ، جوله‌یه‌كی رووتی وشه كه له‌سه‌ر كاغه‌ز به ده‌ستی منداڵێك كێشراوه، یه‌كه‌میان هه‌ست و هوشیاری رابه‌رایه‌تی ده‌كات، دووه‌میان نه‌ست و ناهوشیاری… ئه‌و كۆپله‌یه له رووی جوله‌ی شیعری و داڕشتنه‌وه ته‌عبیرییه، به‌و مانایه‌ی كه هه‌ستكردن به بێزاری په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به نه‌ست و ده‌روونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له رووی ماناوه رووته بێزاری باخێكه كه عه‌قڵی سپی منداڵ وێنه‌ی كێشا بێت، ئه‌وه‌ش هه‌مان ره‌هه‌ند و مانای باخی سرووشتی به ده‌سته‌وه نادات، به‌ڵكو ده‌بێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی و بۆشاییه‌كانی هه‌میشه پشت به خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خوێنه‌ران ببه‌ستین، ئه‌و پشت پێبه‌ستنه‌ش سه‌یركردنی دنیایه به چاوی شیعر و گومانه‌وه و ونبوون له‌خۆ ده‌گرێت! دواجار ئه‌و دوو دنیایه‌ی شیعری ته‌عبیری ئه‌بستراكت، له رووی ته‌عبیرییه‌وه مه‌عریفه‌ی شیعریی و دنیابینی كه‌سی ده‌كێشێ، له رووی ئه‌بستراكته‌وه به‌ره‌و ئه‌زموونی بوونگه‌رایی گه‌ردوونیمان ده‌كاته‌وه.
هه‌موو ئه‌و قسانه ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ نوسینێكی پێشتر له‌سه‌ر شاڵاو حه‌بیبه و له‌وێدا گوتم (ئایزه‌ر)ی ره‌خنه‌گر پێیوایه مه‌رجی كارلێكردنی (ده‌ق) و (خوێنه‌ر) له‌یه‌كنه‌چوونه! ئه‌و له‌یه‌كنه‌چوونه، نه‌چوونه‌وه سه‌ر ناوكۆیی باو و روانینی باوی نوسه‌ر و خوێنه‌ره، ئه‌وه ئه‌و كاته‌یه، كه نوسه‌ر و خوێنه‌ر ناسنامه‌ی یه‌كتر له‌بیر ده‌كه‌ن. یان خۆیان له ناسنامه كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، له‌و كاته‌دا هه‌ر یه‌ك له دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا حه‌قیقه‌تی خۆیان له سه‌ر نا”شت” یان ناڕێككه‌وتن و نه‌گونجان وێنا ده‌كه‌نه‌وه: بێزاری بۆ باخێكمان ده‌بات، منداڵێك به بۆیه كێشاوویه‌تی… له باخی واقیعه‌وه بۆ باخی سه‌ر كاغه‌ز، له باخی ته‌عبیرییه‌وه بۆ باخی ئه‌بستراكت… ئه‌و بۆشاییه‌ی له نێوان زینده‌گی و شتدایه، ئه‌و نه‌گونجان و ناڕێككه‌وتنه ده‌بێته هانده‌رێك بۆ خوێنه‌ر تاكو هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی بدات، له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و نه‌گونجان و ناڕێككه‌وتن و بۆشاییه و ناشته په‌یوه‌ندی نوێ داده‌مه‌زرێ! بێگومان دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێ له نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر، له سه‌ر هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌وه دێت كه خوێنه‌ر ساتمه‌ی لێكردووه.
كۆمه‌ڵه شیعری (ته‌یب جه‌بار، ئه‌و شیعرانه‌ی ئاوڕ بۆ پێشه‌وه ده‌ده‌نه‌وه، سلێمانی 2011)
باشتر وایه،
ده‌ست بكه‌ین…
به هاڕینی تاریكی
ئارده‌كه‌ی بكه‌ین به په‌ین…
بۆ چیمه‌نی ئه‌ستێره.
ده‌ست بكه‌ین…
به رنینی قژی مانگ.
هه‌گبه‌یه‌كی لێ بچنین،
بۆ سه‌فه‌ی رێی كاكێشان،
پڕی بكه‌ین له كولێره. ل106
قسه‌م له‌وه نییه نیازی هاڕین، به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئارد ده‌بێ، یان په‌ین، بۆ چیمه‌نی سه‌وزی باخچه ده‌بێ، یان بۆ چیمه‌نی زه‌ردی ئه‌ستێره… هه‌وڵده‌ده‌م قسه له‌وه بكه‌م، چۆن وشه‌كان یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و له سه‌ر هێلێكی ئاسۆیی به‌دوایه‌كدا دێن و گۆڕینی كرده‌ی دیتن ده‌سازێنن و جوله‌ی بۆشایی ده‌نێنه‌وه! ئه‌وه‌ی له هاڕینی تاریكی ساتمه ده‌خاته‌وه، یه‌كتر ته‌واو كردنی وشه‌كان نییه، ئاماژه و ده‌لاله‌ته، خوێنه‌ران له نێوان ئاماژه‌كردنی وشه‌ی (هاڕین) و ده‌لاله‌ته‌كانی وشه‌ی (تاریكی) خۆیان له ناسنامه كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، یان به شێوه‌یه‌كی ستوونی له گۆڕینی كرده‌ی دیتنه‌وه ده‌كه‌ونه بۆشایی به دواداچوونی ئاماژه و ده‌لاله‌ته‌وه، له سه‌ر ئه‌و بۆشایی و نه‌گونجانه بیر له جوله‌یه‌كی نوێ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش مه‌رجی كارلێكردنی ده‌ق و خوێنه‌ره… وه‌ك چۆن بۆ رنینی قژی مانگ و هه‌گبه دروستكردن هه‌ر وایه…
ئه‌وه‌ی له‌و كۆپله‌یه‌دا سرووشت به واقیعه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه (به بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی زه‌وی) و خودی (كولێره)یه، سرووشت له رێگای به بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی و كولێره‌وه به واقیعی رۆژانه ده‌گاته‌وه، یه‌كه‌میان لێوردبوونه‌وه و خه‌یاڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دووه‌میان هه‌ستی برسێتی و ژیان… به بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی و به بیرهێنانه‌وه‌ی كولێره، داڕشتنی رسته له مانای سرووشته‌وه بۆ واقیع ده‌بات، ئه‌وه‌ش به ئاسۆیی بوونی وشه‌ی ژیان و به ستوونی بوونی مانای ژیانمان لا روونتر ده‌كات… به‌ڵام ره‌نگه پرسیاری خوێنه‌ری ره‌خنه‌گر به خودگه‌راییه‌وه به‌ند بێت؟
من پێموایه گه‌ڕانه‌وه‌ی (ته‌یب جه‌بار)ی شاعیر بۆ چه‌مكی سرووشت، پێكهاته‌ی رسته و گه‌ردوونی بوون، دیاری ده‌كات، نه‌ك ئاوڕدانه‌وه‌ی بۆ واقیعی رۆژانه… هه‌موو ته‌ماشاكردنێكی دیكه بۆ نه‌رمی و زبری سرووشت و رامان له پرسه گه‌ردوونییه‌كانی بوون… ئاماژه و پێكهاته‌ی ده‌لالی رسته دیاری ده‌كات! ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌یب جه‌بار وه‌ك مرۆڤی ژاپۆنی سه‌رقاڵی بابه‌تی تایبه‌ت و روخساری كۆنكریتی پرسه گه‌ردوونییه‌كانی بوون بووه… سه‌رمه‌ستی ته‌ماشاكردنێكی بێ سنوری سرووشت بووه، ئه‌و ته‌ماشاكردنه جوانی و چێژێكی پێده‌به‌خشێت، جوانی و چێژێك كه تێكه‌ڵ به دیدی ده‌لاله‌تخوازانه ده‌بێ… بۆیه به‌رانبه‌ر چیمه‌نی ئه‌ستێره، قژی مانگ، رێی كاكێشان و نهێنیه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی سرووشت، گوتاری دوو لایه‌نه‌ی خۆی هه‌یه! به‌و مانایه‌ی كه سه‌رێكی به واقیعی ژیانه‌وه (كولێره) به‌ستراوه‌ته‌وه و سه‌ره‌كه‌ی دیكه به نادیار (چیمه‌نی ئه‌ستێره) و بۆشاییه‌وه، من قسه له كولێره ناكه‌م، به دوای چیمه‌نی ئه‌ستێره‌دا ده‌ڕۆم…
سرووشت له تێڕوانینی ژاپۆنییه‌كان تیشكۆی ژیانێكی هه‌تا هه‌تایه و كرانه‌وه‌یه‌كی بێ سنوره به‌رانبه‌ر بۆشایی و نادیار. به‌ڵام مه‌رج نییه ته‌یب جه‌باری شاعیر لایه‌نگیری ئه‌و تێڕوانینه بێت، ئه‌و له رێگای گوتاری تایبه‌تی خۆیه‌وه به ماناكانی چیمه‌نی ئه‌ستێره، پرۆژه‌ی تایبه‌تی داده‌مه‌زرێنێ: پرۆژه‌ی شه‌قامی ئاوڕدانه‌وه بۆ پێشه‌وه، پرۆژه‌ی باڵه‌خانه‌ی شاخی قووڵ، پرۆژه‌ی پردی په‌ڕینه‌وه‌ی راوه‌ستان، به بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژانه له واقیعدا مشتومڕێكی نادیار و شاراوه ده‌نێته‌وه… ئه‌و گوتاره دوو لایه‌نه، له وه‌ڵامی ئه‌ویدیكه ره‌نگی گرتووه. به‌ڵام له كۆی پرۆژه‌كانیدا جگه له پاكژی سرووشت، پاكژی دڵیش گرنگه، جگه له سرووشت وه‌ك كه‌رسته، ژیان وه‌ك جوله بایه‌خی خۆی هه‌یه، جگه له گوتاری تایبه‌ت، گۆڕینی كرده‌ی دیتنیش رۆڵ ده‌گێڕێ… به‌ڵام هه‌مووان به ماناكانی چیمه‌نی ئه‌ستێره به‌ره‌و بۆشایی شیعری و ساتمه‌كردن به خوێنه‌ران ده‌كرێنه‌وه!
شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی، لای ته‌یب جه‌بار له په‌یوه‌ندیكردن به جوله‌وه، ئاماژه و ده‌لاله‌تی خۆی ده‌نوێنێ، جا سوریالییانه بێ، یان وه‌ك پرۆژه‌ی شیعری دنیایی، سرووشتگه‌راییانه بێ، یان وه‌ك پرۆژه‌ی خودێكی نادیار… هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی بوونگه‌رایی له نێو ژیان وه‌ك جوله، گوتاری تایبه‌ت، كرده‌ی دیتن ده‌سازێنن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی بوونگه‌رایی له نێوان سرووشت و واقیع، شیعر و جیهانبینی… دروست ده‌كه‌ن! چێژی شیعری له شۆڕبوونه‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌ردوونییه دایه، ده‌رككردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌ردوونیه‌ش به لێوردبوونه‌وه‌ی سرووشته‌وه به‌نده و لێوردبوونه‌وه‌ی سرووشتیش له رێگای جوله‌ی ژیان و جوله‌ی ژیانیش جوانی دیتن ده‌نه‌خشێنێ، وه‌ك چۆن جوانی دیتن به بێ جوله بوونی ده‌كه‌وێته گومانه‌وه، بۆشاییه‌كانی ده‌قیش به بێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سرووشت بۆ مرۆڤ و بۆشاییه‌كانی نێو بوونی مرۆڤ، ده‌كه‌وێته نه‌بوونه‌وه!
نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رچاو له شیعره‌كانی (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) دایه:
“مامیلاریا”
كورسییه‌كی خه‌یاڵیم و
سیگارێكی داگیرساو له هه‌وادا
كه‌س نامبینێ!
بێجگه له‌و باڵندانه‌ی
كه وێنه‌ی مردووانیان به ده‌نووك گرتووه و
تێده‌په‌ڕن!
هه‌مووان ته‌نیان!
ژنێ له مندا كاتژمێر ئاوڕووت ده‌كات و ده‌گریت.
كه‌س نایبینێ!
كراسێكی ئاویم و
پێكه‌نینێكی هه‌ڵواسراو له بادا.
هه‌مووان ته‌نیان!
باران زێبڕایه‌كه
بێ‌وچان په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌لێسێته‌وه!
له ئاوڕدانه‌وه‌مان بۆ واقیع نه كورسی خه‌یاڵی هه‌یه و نه سیگاری داگیرساو له هه‌وادا، نه باڵنده وێنه‌ی مردووان به ده‌نووك ده‌گرن و نه پێكه‌نینی هه‌ڵواسراو له بادا، نه كراسی ئاویی هه‌یه و نه باران له زێبڕا ده‌چێ… به‌ڵام له ئاوڕدانه‌وه‌مان بۆ ئه‌فسانه هه‌موو ئه‌وانه قسه‌یان لێكراوه، به گشتی له واقیعدا هه‌موو ئه‌وانه وه‌ك جوله‌ی (ئاسۆیی) رووت ده‌كه‌ونه‌وه، وه‌ك خه‌یاڵ فه‌نتازین! واته له‌لایه‌ك وه‌ك واقیعی لۆكاڵی له‌گه‌ڵ یاسا و رێسای زمانه‌وانی و په‌یوه‌ندی رێزمانی هه‌ڵناكه‌ن، له لایه‌كی دیكه خه‌یاڵی خوێنه‌ران ده‌كه‌نه‌وه! ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و شێوه ئاسۆییه وه‌ك بیر و مه‌به‌ست و ئاگایی، ده‌توانن له رێگای ده‌لاله‌تی (هه‌مووان ته‌نیان) رسته دووره‌كان لێكنزیك بكه‌نه‌وه و كۆیان بكه‌نه‌وه! وه‌ك چۆن ده‌شێ ده‌لاله‌تی (هه‌مووان ته‌نیان) لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی زێتری رسته دووره‌كان بنوسێته‌وه و دژ به واقیعی بینراو بێته‌وه؟!
له رووی داڕشتندا (ستوونی)ن و له‌گه‌ڵ هه‌ستپێكراوه گشتییه‌كان و خه‌یاڵی نه‌بینراو و هه‌سته مرۆییه شاراوه‌كانی كلتوری رۆژهه‌ڵاتی هاوگونجاو دێنه‌وه، به‌و مانایه‌ش شاعیر (وه‌ك سندباد) له‌سه‌ر كورسییه‌كی خه‌یاڵی له هه‌وادا دانیشتووه و سیگاری داگیرساندووه و كه‌سیش نایبینێ؟! ژنێك زه‌مه‌نی له پێناو ده‌ژمێرێ و كه‌سیش نایبینێ… (ئه‌وه‌ش پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانه به خه‌یاڵی خوێنه‌ر) به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ستوونی بوونی ئه‌و وشانه له فره ره‌هه‌ندی خه‌یاڵی تاكی داهێنه‌ر و ره‌مز و فانتازیا و جوانی شاراوه‌دان، به‌و مانایه‌ش شاعیر هه‌وڵده‌دات مانا چه‌سپاوه‌كان به جوانی شاراوه بله‌رزێنێ و شێوه‌ی به‌تاڵی شیعری به ره‌مز و ده‌لاله‌تی تازه پڕ بكاته‌وه و چڕی و پڕی و ونبوونی شیعری بنوسێته‌وه!
دووه‌م: دنیای به‌تاڵی شیعری، شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری (دره‌وشاوه): ئه‌گه‌رچی ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌مان هێلی پێشوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ته‌مومژییه‌ی كه هه‌ڵیگرتووه، به‌ڵام له شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی روونتر خۆی ده‌نوێنێ، هه‌مه‌ڕه‌نگی و فره ره‌هه‌ندی له خۆ ده‌گرێت، مه‌یلێكی رۆحی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت و له بری پشتبه‌ستن به ونبوون، پشت به كه‌له‌پوری دره‌وشاوه‌ی دنیایی ده‌به‌ستێت، ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه، له رووی ته‌عبیرییه‌وه خۆی رۆناك نیشان ده‌دات. له رووی ئه‌بستركته‌وه شێوه‌كان دیاری ده‌كات، بونیادی جوله‌ی ئه‌بستراكت پێكهاته‌ی رسته دیاری ده‌كات.
له دنیای به‌تاڵی شیعرییٍدا نه‌خشكردنی كاری ئه‌ده‌بی له جوله‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و له گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ده‌ره‌وه (وه‌ك خۆی) دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بشێ خۆی بنوێنێ، یان دنیابینی كه‌سی خۆی وه‌ك جه‌وهه‌ری دنیا به‌رجه‌سته بكات. بۆ نموونه: له (كۆمه‌ڵه شیعری رۆیشتن به ئاراسته‌ی مردووه به‌ڕێزه‌كان، به‌شدار سامی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، چ 2012)…
هه‌بوونی تۆ گرنگتره
له هه‌بوونی پشیله‌یه‌كی سپی
گرنگتره له سه‌گێكی ره‌ش
گرنگتره له بۆقێك ل22
ئه‌و كۆپله‌یه پشت به هه‌بوونی دره‌وشاوه‌ی دنیایی ده‌به‌ستێت، له‌به‌ر رۆشنایی كه‌له‌پورێك كه رێز بۆ هه‌بووه‌كان ده‌گه‌ڕێنته‌وه و خۆی به هه‌بووه‌كان رۆناك ده‌كاته‌وه و هه‌وڵده‌دات له رێگای ئه‌و كه‌له‌پوره‌وه رێز له ناوه‌وه‌ی خۆی بگرێت… دنیای (مرۆڤ، پشیله، سه‌گ، بۆق…) و هه‌موو بوونی تۆ ده‌خاته دووتوێی وێنه‌یه‌كی ئه‌بستركته‌وه به ئه‌ویان ده‌چوێنێ، لێكچوواندن مرۆڤ به ئاژه‌ڵ، ته‌نها دنیای به‌تاڵی شیعری به‌رجه‌سته ناكات، به‌ڵكو دنیایه‌كی دیكه و بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه به سه‌ر چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردا ده‌كاته‌وه… ره‌نگه پرسیار ئه‌وه بێ بۆ هه‌بوونی (مرۆڤ) ده‌بێ له هه‌بوونی پشیله‌یه‌كی سپی و سه‌گێكی ره‌ش… گرنگتر بێت، بۆ پێكهاته‌ی رسته و ناوكۆیی ده‌بێ له‌سه‌ر بایه‌خی دنیای نه‌بینراو ته‌ماشا بكه‌ین؟ ره‌نگه به‌شێكی وه‌ڵامی خوێنه‌ر بكه‌وێته سه‌ر دره‌وشانه‌وه‌ی بینراو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینراوی ناوه‌وه به‌رجه‌سته بكه‌ین، رۆناكی خستنه سه‌ر بینراو له پێناو بینینی نه‌بینراو، هه‌ر ته‌نها شۆڕبوونه‌وه نییه به‌ره‌و قوڵایی و تاریكی، به‌ڵكو شۆڕبوونه‌وه‌شه به‌ره‌و بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی تازه له نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندییه‌ك كه له‌سه‌ر بینراو و نه‌بینراو هه‌ڵنرابێت، په‌یوه‌ندییه‌ك كه له‌سه‌ر دوو بوونی جیاواز بونیاد نرابێ… دژ به بێبایه‌خكردنی په‌یوه‌ندی نێوان دوو بوونی جیاواز وه‌ستا بێت… هه‌ڵبه‌ته نرخدانان بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه نوێیه، هه‌ر ته‌نها به ئاشتبوونه‌وه سه‌رساممان ناكات، به‌ڵكو وامان لێده‌كات به‌سه‌ر تێڕوانینی پێشووی خۆماندا بچینه‌وه…
دواجار ئه‌و دوو دره‌وشانه‌وه‌یه، یان بایه‌خی مرۆڤ و چواندنی به ئاژه‌ڵ له وێنه‌یه‌كی بێ په‌رده‌دا روونتر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و مانایه‌ش ئه‌و خۆ رووتكردنه‌وه‌یه، ترسانه له مرۆڤ! له‌و وێنه ئه‌بستراكته‌دا ئاژه‌ڵان كه‌متر ئازار به شاعیر ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ی زۆرترین ئازار به شاعیر ده‌گه‌یه‌نێت خودی مرۆڤه، ئه‌وه‌ش وێنه نه‌بینراوه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیره و له گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ده‌ره‌وه (وه‌ك خۆی) دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆی بنوێنێ، یان وه‌ك تاكه كه‌س بوونی خۆی له داكۆكیكردنی هه‌تا هه‌تایی دره‌وشانه‌وه هه‌ڵگرێته‌وه و بڵێ له هه‌بوونی تۆ ترسا‌و و بریندار و ماندووم!
پشیله‌یه‌ك له كۆڵان په‌ڕییه‌وه و
منداڵێك له سه‌ر بان كۆتری هه‌ڵده‌فڕاند و
ژنێكیش سه‌ری له ده‌رگای حه‌وشه ده‌رهێنا و
منی بینی و
هیچی نه‌گوت، به‌ڵام ترسا
من په‌یڤم له‌وێدا.
پشیله‌یه‌ك له كۆڵان ده‌په‌ڕییه‌وه و
منداڵێك له سه‌ر بان كۆتر هه‌ڵده‌فڕێنێ و
ژنێكیش سه‌ری له ده‌رگای حه‌وشه ده‌رده‌هێنێ و
تۆ ده‌بینێت و ده‌ترسێت، به‌ڵام
هیچ ناڵێت
په‌یڤم به، له‌وێدا. ل49-50
لێره هه‌وڵناده‌م جارێكی دی خه‌یاڵكراوی كلتوری به دره‌وشانه‌وه‌ی ده‌روونییه‌وه بلكێنم، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رزش بۆ ناوه‌وه و نه‌بینراوه‌كان بگێڕمه‌وه، وه‌ك چۆن قسه له ئاوێنه‌بوونی دیمه‌نی یه‌كه‌م بۆ دووه‌م و كورتكردنه‌وه‌یان له دوو ده‌رئه‌نجامی ئه‌بستراكتدا ناكه‌م، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و گوتاره كلتورییه بخه‌مه به‌ر چاوان، كه له نێوان (من په‌یڤم له‌وێدا) و (په‌یڤم به، له‌وێدا) رووتكراوه‌ته‌وه… بۆ ئه‌وه‌ش پشت به پرسیاری خوێنه‌ر و پێشوازی كردنی خوێنه‌ر ده‌به‌ستم! ئایا من په‌یڤم له‌وێدا دواجار په‌یڤم به، له‌وێدای لێده‌كه‌وێته‌وه، یان ده‌شێ تێگه‌یشتنی په‌یڤم به،له‌وێدا، بۆ تێگه‌یشتنی من په‌یڤم له‌وێدا، بۆ چه‌مكی ترسان بگه‌ڕێنینه‌وه؟
لێره‌دا شیعرییه‌تی ده‌سته‌واژه‌ی (من په‌یڤم- په‌یڤم به) گه‌شه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی دوو جۆر له (ترس) ده‌گه‌یه‌نێت، یان به مانایه‌كی دیكه هاوگونجانی نێوان ( ئامانج/ بابه‌ت) له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا پێوانه‌یه بۆ شیعرییه‌ت، ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی ده‌كه‌وێته نێوان گه‌شه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی جوله‌وه… كه‌واته من په‌یڤم له‌وێدا بۆ په‌یڤم به له‌وێدا ئاستی وازهێنان له هه‌بوونایه‌تی له یه‌كه‌م و گه‌شه‌كردنی جوله له دووه‌م ده‌نوێنێ! به‌و مانایه‌ش وازهێنان له هه‌بوونایه‌تی مانای فه‌رهه‌نگی و گه‌یشتن به گه‌شه‌كردنی ئاستی ده‌لالی به یه‌كێك له داهێنانه‌كانی ناوكۆیی شیعری و هێزی لادانی مانا ده‌ژمێردرێت، ئه‌و شێوازه یان ئه‌و ده‌سته‌واژه دروستكراوه له نێوان مانای فه‌رهه‌نگی ساده و ئاسۆی ده‌لالی، سێ خه‌سڵه‌تی جیاواز به وشه‌ی (ترس) ده‌به‌خشێت.
یه‌كه‌م: ترس، شیعرییه‌تی نێوان مانای فه‌رهه‌نگی و مانای ده‌لالی ده‌گه‌یه‌نێت. دووه‌م: ترس، بۆشایی هه‌ردوو گوزاره‌ی (من په‌یڤم له‌وێدا/ په‌یڤم به له‌وێدا) بۆ ئاستی وه‌ك یه‌كبوون به‌رز ده‌كاته‌وه. سێیه‌م: ترس، هاویه‌كبوونی نێوان دوو گوزاره‌ی (من په‌یڤم له‌وێدا/ په‌یڤم به له‌وێدا) له خه‌سڵه‌تێكی شیعرییه‌وه بۆ خه‌سڵه‌تێكی زانستی ده‌گۆڕێ و له شیعر و شاعیر دووری ده‌خاته‌وه.
به كورتی ده‌توانم بڵێم لادانی زمانی له پێوانه‌كان، یان به شێوه‌یه‌كی له‌بارتر وه‌رگێڕانی مانای فه‌رهه‌نگی بۆ ئاستی ده‌لالی به یه‌كێك له دیارده‌كانی شیعری به‌شدار سامی ده‌ژمێردرێت، هه‌ر ئه‌و لادان و وه‌رگێڕانه‌یه له به‌رهه‌مه‌كانیدا شیعرییه‌ت له زمانی گێڕانه‌وه جیا ده‌كاته‌وه! كه‌واته وه‌ك روونمان كرده‌وه هێزی شیعری شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه، به هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی وه‌ك لادان و دره‌وشانه‌وه و خرۆشان و جیدییه‌ته‌وه به‌نده.
شێوازی ئه‌بستراكت
(گروپی سێیه‌م/ دنیای به‌تاڵی زمان)
ده‌قگه‌رایی گروپی سێیه‌م له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان له روانینی مندا پێكهاتووه له (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، یوونس ره‌زایی، په‌رویز زه‌بیح غوڵامی، كه‌مال ئه‌مینی، ته‌یب قادر…) و زێتریش… شێوازی ده‌قی ئه‌و گروپه ئه‌بستراكته، هێزی خۆیان له (دواخستن و پێشخستن) و (ره‌مز) و (هه‌ست) خه‌رج ده‌كه‌ن، بۆ پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان هه‌میشه پشت به بیركردنه‌وه و خه‌یاڵی خوێنه‌ران ده‌به‌ستن! له شێوازی ئه‌بستراكتی شیعری دوای راپه‌ڕین مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شێوازی داڕشتن ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌نگ و تیشكی وشه ستوونییه، به‌شێكیان له سه‌ر نێودژی مانا شۆڕده‌بنه‌وه، به‌ڵام دووباره له‌و شۆڕبوونه‌وه‌یه فره ره‌هه‌نده‌دا له بری وێنه‌ی شیعری، ده‌نگ و ره‌نگی وشه شێوه‌یان پێده‌به‌خشرێت! هه‌روه‌ها ناوكۆیی باو و لێكچوواندنی باو و به‌شێك له ئاوه‌ڵناو و ئامرازی په‌یوه‌ندی ده‌سڕنه‌وه و جوله‌ی ژیان و بێهوده‌یی ژیان ده‌نوسنه‌وه، له سڕینه‌وه‌دا هه‌ندێجار ته‌واو له بێ مانایی و بێ وێنه‌یی ون ده‌بن، یان به دیوه‌كه‌ی دیكه نایانه‌وێت جه‌خت له چوونه قوڵایی ژیان و شته‌كان و بێهوده‌یی بكه‌ن!
ده‌قگه‌رایی گروپی سێیه‌م، له رێگای دواخستن و پێشخستنی وشه، ره‌هه‌ندێكی ناباوی ده‌نگ و تیشك به ناوكۆیی ده‌به‌خشن و پشت به ئاگاییه‌كی قوڕس و دیالۆگ و ره‌مز و هه‌ستی خرۆشاو و تیشكی وشه‌كان ده‌به‌ستن، پێیانوایه وشه‌ی رووت و ره‌مزئامێز بایه‌خێكی گه‌وره‌تری هه‌یه، نه‌ك وێنه… له رێگای جوله و دیالۆگه‌وه كاریگه‌ری له سه‌ر ده‌روونی خوێنه‌ران دروست ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گوتارێك به‌رجه‌سته بكه‌ن… ئامانجیان ئازادكردنی خوێنه‌ره له هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژیا!
ئه‌و ره‌هه‌نده ئه‌بستراكته‌ی شیعری دوای راپه‌ڕین كه‌مێكیان نه‌بێ، له سه‌ر ره‌مزی داخراو و بێ هه‌ست و بێ جوله كار ناكه‌ن! به‌ڵكو به جوانگوتن و لێكچوواندنه نائاساییه‌كان و هه‌ستی نه‌یاری وشه‌كان و نیگاركێشانی تیشكی ده‌لاله‌ته‌كان به‌ندن، هه‌ندێكیان جگه له دواخستن و پێشخستن، له سه‌ر جوله‌ی مانای نائاشنا و وێنه‌ی شێواوی شیعری كار ده‌كه‌ن… به‌ڵام به گشتی ریتمی نوسینیان توونده و له‌سه‌ر تیشك و ده‌نگدانه‌وه وه‌ستاوه.
ده‌توانین له رووی هونه‌رییه‌وه له پشت دنیای به‌تاڵی زمان و زمانی ئه‌بستراكت، وزه و جوله‌ی ده‌نگ و مانای نائاشنا و تیشكی ده‌لاله‌ته‌كان و هه‌ست و ئاگایی و ئه‌زموون بدۆزینه‌وه، دوور له قوڕسایی مه‌عریفه و گوتارخوازی! به‌و مانایه‌ش ئه‌بستراكت به‌رزترین پله‌ی ته‌عبیركردنی هونه‌ری جوله‌ی ئاگایی و هه‌ستی جوانییه! ئه‌گه‌ر ته‌عبیرییه‌ت خۆی له ته‌وه‌ره‌ی وێنه و مانادا ببینێته‌وه، ئه‌وه ئه‌بستراكت سڕینه‌وه‌ی وێنه‌یه له پێناو جوله‌ی جوانییدا… له شێوازی ئه‌بستراكتدا چیگوتنی زمان له جوله و هه‌ست و دیالۆگدا ون ده‌بێت، به‌ڵام جوانگوتنی زمان له چه‌مكی دواخستن و پێشخستنی وشه‌ی رووته‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، كه‌واته له شێوازی ئه‌بستراكتدا به‌شێكی زۆر له چیگوتنی زمان نامۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام به گشتی جوانگوتنی زمان ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی ده‌وڕوژێنێ.
هه‌زار كون له پرچم بووه و
هه‌ر سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتم
من ده‌مه‌وێت له ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نمدا
سه‌ر ئاو بكه‌وم و
ته‌واوی دونیا به رووتوقوتی ببینم
“كۆمه‌ڵه شیعری مرۆڤێك له نزیكمانه، ته‌یب قادر ، چ 1، 2017،ل17”
له نێوان مردن و ژیان، (سه‌رئاو كه‌وتن) و (سه‌رئاو نه‌كه‌وتن) رسته‌ی هه‌زار كون له پرچم بووه ده‌ستلێدراوێكی نامۆ و نادیاره، ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی ده‌وڕوژێنێ… ئه‌و (له‌یه‌كنه‌چوونه)ی مردن و ژیان ته‌ئویلی جیاواز و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كات و تێڕوانینی باو تێكده‌شكێنێ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه نوێیه‌ی نێوان كون له پرچ بوون و سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتن خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌وڕوژێنێ كه په‌یوه‌ندی به واقیعێكی نادیاری گوماناوی و ساتمه‌كردنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی باوی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه.
دوای ته‌واوبوونی رسته‌ی (هه‌زار كون له پرچم بووه) ئه‌وه خوێنه‌رانی باو ئاماده نیین بیر (له سه‌ر ئاو كه‌وتن و سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتن) بكه‌نه‌وه، چونكه له چاوی خوێنه‌رانی باو رسته‌ی دووه‌م به‌رده‌وامبوون ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو بۆ به‌رده‌وام بوون، رسته‌ی دووه‌م ده‌بێ به دیاریكراوی رسته‌ی یه‌كه‌م ته‌واو بكات، ده‌بێ له رووی ماناوه رسته‌ی دووه‌م بۆ نموونه په‌یوه‌ندی به ئاڵۆزبوونی قژ و هه‌ڵوه‌رینی قژه‌وه بكات، نه‌ك سه‌رئاو كه‌وتن؟! به ئاڵۆزبوونی قژ و به هه‌ڵوه‌رینی قژ به‌بێ ماندووبوون خوێندنه‌وه‌ی رسته‌ی یه‌كه‌م به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت… كه‌واته ئه‌گه‌ر رسته‌ی دووه‌م و (دواتر) به هیچ شتێكه‌وه (به رسته‌ی پێشتره‌وه) به‌ند نه‌بوو، ئه‌وه جه‌ریانی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ری باو ده‌پچڕێ، یان تێڕوانینی باوی خوێنه‌ر دووچاری حه‌په‌سان ده‌بێت:
ناترسیت من بڕژێم و
هه‌موو كۆشت پیس بكه‌م
ناترسیت له دانه‌گیرسانی گلۆپێكی شه‌وت
چاوم بكوژێنمه‌وه و
هه‌موو ته‌مه‌نت
خه‌ریكی ده‌ست راكێشانی من بیت
به دیار نینۆك كردنی من به‌سه‌ر ببه‌یت؟ ل19
له گۆڤاری “رامان” ژماره (227)ی نیسانی (2016) نوسه‌ر و توێژه‌ر (ره‌هبه‌ر مه‌حمود زاده) له باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری (یوونسی ره‌زایی) نوسیویه‌تی: ره‌زایی دوای جوله‌ی مانای نائاشنا ده‌كه‌وێت، نه‌ك سڕینه‌وه‌ی وێنه‌ی شیعری… ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بڕێك له شاعیرانی شێوازی ئه‌بستراكت به‌و مانایه‌ی من لێره‌دا قسه‌م لێكردووه، هه‌ڵبه‌ته به شێوه‌ی جیاواز، ده‌گرێته‌وه… ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌گه‌ر شیعری یوونسی ره‌زایی له رێگای جوانگوتن و لێكچوواندنه نائاساییه‌كان و هه‌ستی نه‌یاری وشه‌كانه‌وه به شیعری نوێ و دوای راپه‌ڕینی باشوری كوردستانه‌وه بلكێ، ئه‌گه‌ر چیگوتنی شیعری ئه‌و نامۆیی لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر وزه‌ی ده‌نگ و ئاگایی و ئه‌زموون له شیعری ئه‌ودا به‌رجه‌سته بێت، ئه‌وه جیاوازی ئه‌و له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌بستراكتی دوای راپه‌ڕین، له به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ی شێواودایه، ئه‌وه‌ش له فه‌زای شیعریدا ره‌نگكردنی وشه‌یه له نه‌خشكاری به‌رجه‌سته‌دا، كه مانای جیاواز و گوتاری جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه و له‌وێشه‌وه ساتمه به خوێنه‌ری باو ده‌كات و ده‌یخاته بۆشاییه‌وه.
گورگێك فه‌رز كه‌ن له پێستی شاردا
ده‌وه‌ڕێ به‌و گوڵه‌به‌ڕۆژانه‌ی
له په‌نجه‌كانی نه‌قاشێكدا ئاوابوون
پۆلیسیش له رێگا فیتوو لێده‌دا و
روو به رووی كلوه به‌فره‌كان
پێكێك هه‌ڵده‌دا له ئاور. رۆژنامه‌ی “هیچ” ژ 7، 1/1/2017
هونه‌رمه‌ندێك له رێگادا پێش ئه‌وه‌ی بچێته سه‌ر كار و ده‌ست به كاره هونه‌رییه‌كه‌ی بكات، دڵخۆش ده‌بینرێ و فیتوو لێده‌دا، پێش ئه‌وه‌ی كار له سه‌ر كێشانی وێنه‌ی گورگ و پۆلیس بكات و ژیانیان بخاته تابلۆیه‌كه‌وه، بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه له كاره‌كه‌ی پێكێك له ئاور هه‌ڵده‌دا و ئینجا په‌یتا په‌یتا به سه‌لیقه‌ی هونه‌ری خۆی جیاوازییه‌كانی ژیان ده‌نه‌خشێنێ… لێره پرسیار ئه‌وه نییه بۆ نه‌قاشه‌كه‌ی یوونسی ره‌زایی بۆ خۆ مه‌ستكردن به وێنه‌كێشان، ده‌خواته‌وه و دڵی به جیاوازییه‌كان خۆشه و فیتوو لێده‌دا، به‌ڵكو پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا وه‌ك ئه‌وه‌ی باوه قه‌ده‌غه نییه، پۆلیس له سه‌ر كار بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه بخواته‌وه؟!
په‌یوه‌ندی گورگ و پۆلیس، گوڵه‌به‌رۆژه و به‌فر له ره‌نگكردنی وشه‌دا جگه له نائاشنا‌بوون و ساتمه‌كردن به خوێنه‌ر و دروستكردنی بۆشایی چییه؟ ئایا جیاوازی تێڕوانینمان بۆ (پۆلیس، هونه‌رمه‌ند) و (گوڵه‌به‌ڕۆژ، كلوه‌به‌فر) په‌یوه‌ندی به جیاوازی شار و لادێوه هه‌یه؟ وه‌ك دیاره جیاوازی (گورگ) و (پۆلیس) زۆر به روونی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه وێنه‌كراوه… ئایا ئه‌و چیگوتنه له رووی هه‌ستی مرۆڤدۆستی و ئاژه‌ڵدۆستی به جۆرێك له جۆره‌كان نامۆیی لێناكه‌وێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و چیگوتنه نامۆیی یان نائاشنا‌بوون به‌رجه‌سته بكات، ئه‌وه نیگاركردنی (گوڵه‌به‌ڕۆژه) و (كڵوه‌به‌فر) جوانگوتنی لێده‌ڕژێ. له‌و ئاماژه‌كردنه‌دا ده‌مه‌وێ په‌یوه‌ندی شیعری له‌گه‌ڵ شێوازی ئه‌بستراكتی شیعری دوای راپه‌رین بخه‌مه به‌ر چاوی خوێنه‌رانه‌وه…
هه‌ر دوو كاری (وه‌ڕین) و (پێكهه‌ڵدان) جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ دیاری ده‌كات، گورگه‌كه‌ی ره‌زایی ده‌وه‌ڕێ، به‌ڵام پۆلیسه‌كه‌ی پێكهه‌ڵده‌دا… ئه‌گه‌ر وه‌ڕین نیشانه‌ی ده‌مگه‌رمكردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌وه پێكهه‌ڵدان مێشكگه‌رمكردنه‌وه‌ی مرۆڤی لێده‌كه‌وێته‌وه، له ناوكۆییدا ده‌مگه‌رمكردنه‌وه و مێشكگه‌رمكردنه‌وه‌دا هیچ جیاوازییه‌كیان نییه، وه‌ك یه‌ك هاتنه‌وه‌ی ئه‌و سیاقه بۆ تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر یه‌ك له گورگ و پۆلیس ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ردوو كاره‌كه باری ئاسایی ژیان ده‌گه‌یه‌نن، كه‌چی شاعیر راگه‌یاندنی ئه‌و دوو باره له رێگای (شار) و (فیتوو لێدان) لێكدوور ده‌خاته‌وه، به‌و مانایه‌ی نه گورگ شارییه و نه پۆلیس روو به رووی سروشت فیتوو لێده‌دات… راسته ئه‌و لێكدوور خستنه‌وه‌یه هیچ مه‌عریفه و گوتارخوازییه‌كی له پشته‌وه نییه، به‌ڵام ده‌شێ بڵێین شاعیر توانیویه‌تی له رووی زمانی چیگوتنه‌وه ده‌نگی نائاشنا‌بوون بكێشێ و له رووی جوانگوتنی زمانه‌وه تیشكی ئاگامه‌ندی بنه‌خشێنێ، كه‌واته له‌و كۆپله‌یه‌دا چیگوتن ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌نگی مانا و جوانگوتن به تیشكی ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت.
به به‌فر سوێند
كه سپێتی داوه‌ریوه له خه‌ونی ئه‌و حه‌شیمه‌ته
كه سه‌رمایه‌ك سه‌روبه‌ندی ئه‌و شیعرانه‌یه و
كه‌سیره‌تر
شاعیرێكی وه‌ریو له خه‌ونی سپیایی. ل 47
كۆمه‌ڵه شیعری (منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان، یوونس ره‌زایی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ 1، هه‌ولێر- 2007)
ده‌رئه‌نجام:
ئه‌ده‌ب، ده‌كه‌وێته نێوان سێ بوون و سێ ستراتیژ و سێ ده‌ق، جیاوازی ئه‌و سێیانه‌ش پێویستیان به هاوگونجان هه‌یه، ئه‌گینا جیاوازییه‌كان ناڕێك ده‌كه‌ونه‌وه. ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و ئیستێتیكایه، جه‌مسه‌ری هونه‌ری واته بوونی ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ستراتیژی دانه‌ر. به‌ڵام جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی واته بوونی خوێنه‌ر، ستراتیژی خوێنه‌ر، ده‌قی خوێنه‌ر. ئه‌ده‌ب، ده‌كه‌وێته نێوان كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی: كاری ئه‌ده‌بی له حه‌قیقه‌تی بووندایه، به‌ڵام ده‌قی ئه‌ده‌بی فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، بابه‌ت و خود، ده‌ق و دانه‌ر… ره‌تده‌كاته‌وه. كار سه‌ر به هیرمینۆتیكایه و ده‌ق سه‌ر به سیمیۆلۆژیایه.
شیعری نوێی كوردی دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور، وه‌ك كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی كۆی ئه‌و شه‌پۆله شیعرییه ده‌گرێته‌وه، كه له فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشیندایه و بیر له واتای كات و بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی ناكاته‌وه. به‌ڵام شیعری كلاسیزمی كوردی باركراوه و نه‌یتوانیویه پرسیاری خۆی بكات، ناتوانین دنیای كوردی له نێو شیعری كلاسیزمی كوردی به ده‌ست بهێنین… هه‌میشه شیعری كلاسیزمی كوردی چه‌مكی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان و دیالۆگ نه‌كردن به‌رجه‌سته ده‌كات، شیعری كلاسیزمی كوردی به شیعركردنی مه‌عریفه‌ی ئایینیه. له شیعری دوای راپه‌ڕیندا شاعیر جوان له دنیا و مه‌عریفه و خه‌یاڵی شیعری ده‌ڕوانێ، به‌ڵام له واقیعی خۆی هه‌ڵدێت و خۆی راده‌ستی به شیعركردنی دنیا ده‌كات، ئه‌وه‌ش چه‌مكی دیالۆگكردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر ده‌كاته‌وه. شیعری دوای راپه‌ڕین له رووی شێوازی نوسین و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر دابه‌شی سێ پارچه كراوه و له سێ شێوازی دیالۆگئامێزدا به‌رجه‌سته كراون…
یه‌كه‌م: شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه، كه له رێگای ژیانه‌وه خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و پشت به ریتمی ناوه‌كی ده‌به‌ستن… زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و گروپه بۆ ره‌نگاوڕه‌نگكردنی مانا گرامه‌ر تێكده‌شكێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن جوانگوتن و چیگوتن بپارێزن، هه‌ندێكیان جه‌خت له دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه و وشه، وشه و مانا ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان دوای رسته‌ی شیعریی و دووباره كردنه‌وه‌ی ناوكۆیی ده‌كه‌ون، هه‌ندێكیان لادانی ده‌لالی به وڕوژانی ماناوه ده‌به‌ستنه‌وه، به‌ڵام به گشتی له سه‌ر وێنه‌ی شیعری و واقیعی ژیان كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان خاوه. بۆ نموونه شاعیران ئازاد سوبحی، هه‌ندرێن، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ته‌لعه‌ت تاهیر، دلاوه‌ر ره‌حیمی، داستان بارزان…
دووه‌م: شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت، كه له رووی جوله و ریتم و داڕشتنه‌وه ته‌عبیرییه و له رووی ماناوه رووت، هێزی خۆیان له لادان و ئاماژه خه‌رج ده‌كه‌ن، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی مانا و بۆشاییه‌كانی پشت به خوێنه‌ران ده‌به‌ستن، به گشتی له سه‌ر جوله و جوانی كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان نیمچه خاوه. ئه‌و شێوازه دوو به‌شه، یه‌كه‌م، شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی و دووه‌م شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه. بۆ نموونه شاعیران ته‌یب جه‌بار، شاڵاو حه‌بیبه، په‌روێز زه‌بیح غوڵامی، جه‌میل مورادی، رابه‌ر فاریق، به‌شدار سامی، به‌یان عه‌زیزی…
سێیه‌م: شێوازی ئه‌بستراكت، خۆیان له دواخستن و پێشخستن و ره‌مز و هه‌ست ده‌بیننه‌وه، ره‌هه‌ندێكی ناباوی ده‌نگ و تیشك به ناوكۆیی ده‌به‌خشن، چیگوتنیان نامۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام جوانگوتنیان ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی، هه‌میشه پشت به خوێنه‌ران ده‌به‌ستن، مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ شێوازی داڕشتن ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه، مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ده‌نگ و تیشكی وشه ستوونییه، به گشتی ریتمی نوسینیان توونده. بۆ نموونه شاعیران ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، یونس ره‌زایی، كه‌مال ئه‌مینی، ته‌یب قادر…
هه‌ولێر 12/6/2017