خەزان.. به خامه‌ی: ئه‌ندریه مۆروا.. وەرگێڕانی بۆ كوردی: گرفتار كاكه‌یی
هیچ شتێك له یادگاریی ئه‌و چركه ساتانه گرانبه‌هاتر نین كه دڵ بۆ یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستی لێده‌دات، ئه‌ندریه مۆروا كه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین دانه‌ر و نووسه‌ره‌كانی فه‌ره‌نسا بیره‌وه‌رییه‌كانی شه‌ست ساڵ بۆدواوه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یادگاریی ئه‌و چركه ساتانه‌ی خۆیمان بۆ بگێڕێته‌وه، مۆروا به ده‌یان كتێب و بابه‌ت و یاداشتنامه و دەقی مێژوویی نووسیووه، كه‌چی له نووسینەوەی چیرۆكی دڵداری كه‌سه ناسراوه‌كاندا زیاتر به‌ده‌ركه‌وتووه، ئه‌م چیرۆكه‌شی سه‌باره‌ت به‌خۆی نووسیووه.
له‌وده‌مه‌ی ته‌مه‌نم هه‌ڤده ساڵان ده‌بوو، له‌یه‌كێك له شارۆچكه‌كانی شاره زانكۆییه‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌ژیام، چونكه كۆلێژه‌كانی زانكۆی فه‌ره‌نسا ژووری تایبه‌تیان بۆ خه‌وتنی خوێندكاران نه‌بوو، بۆیه له‌ماڵی باوكم مامه‌وه، هه‌موو رۆژێك له پێش كاتژمێر هه‌شتی به‌یانییه‌وه ئه‌م ماڵه‌م به‌جێده‌هێشت تا بچم بۆ كۆلێژ، هەتا ئێره ژیانێكی ئاسایی بوو”بۆ قوتابیه‌ك كه هاتووه له كۆلێژ زانست وه‌ربگرێت، هیچ شتێكی نوێ له ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام دواتر سوپرایزه‌كه ڕویدا. رۆژێك له‌و رۆژانه‌ی كه له رێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بووم بۆ ماڵه‌وه، جوانترین ئافره‌تی جیهانم بینی، له گۆشه‌یه‌كی جاده‌ی (مالێری) ڕاوه‌ستا بوو، به دوو چاوی ئه‌فسووناوییه‌وه له هامشۆكه‌رانی ده‌ڕوانی، ئه‌و نه‌ك هه‌ر ته‌نها جوانێك بوو و به‌س ،به‌ڵكو ئه‌و له‌و جۆره ژنانه بوو كه له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك یان چیرۆكێكی ئه‌ڤینداریدا خه‌ونم پێوه‌ی ده‌بینی، له هه‌مان كاتدا تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له ئافره‌تێكی سه‌نگین و جوان.
هه‌ستم كرد دڵم له خۆشه‌ویستیی ئه‌م ئافره‌ته لێده‌دات، كه وایلێهات هه‌موو رۆژیك نیوه‌ڕوان له‌ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه بیبینم، هه‌ر كاتێكیش له شوێن و كاتی دیاریكراوه‌كه‌یدا دره‌نگ بكه‌وتایه زۆر به ئۆقره‌وه چاوه‌ڕێم ده‌كرد، هه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كورته ئاوڕێك له ڕوومه‌ته جوانه‌كه‌ی بده‌مه‌وه. له خۆم پرسی: “ئاخۆ ئه‌م ژنه كێبێت، له كوێوه هاتبێت، ئه‌ی لێره چیده‌كات، به‌تایبه‌ت هه‌موو رۆژێك له‌م شوێن وكاته ؟” بۆ ماوه‌ی سێ مانگی ڕه‌به‌ق ده‌مویست وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره بدۆزمه‌وه، به‌ڵام بێهوده بوو !
رۆژی یه‌كشه‌مه، باوكی پزیشكم هات و پێی وتم : “یه‌كێك له‌وهاوڕێ نه‌خۆشانه‌م كه هه‌میشه سه‌ردانی كیلینیكی پزیشكییه‌كه‌م ده‌كه‌ن (ڤێرگی) به‌ڕێزه، من و دایكتی بۆ شامی ئێواره له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا داوه‌ت كردووه، به‌ڕێز ڤێرگی وتی: كه ئێمه ده‌توانین تۆش له‌گه‌ل خۆماندا به‌رین، پیاوێكی میهره‌بانه و خیزانه‌كه‌شی هه‌روا من دڵنیام به دیداریان دڵخۆش ده‌بیت”.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ كه‌سی تردا نه‌بوو، بۆیه له‌سه‌ر داوه‌ته‌كه ڕازی بووم. سوپرایزه‌كه لێره‌دا بوو، ئه‌و ژنه ئه‌فسونگه‌ره‌ی كه هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووم كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی بناسمه‌وه ده‌ركه‌وت خێزانی به‌ڕێز ڤێرگییه هاوڕێكه‌ی باوكمه. هه‌ستێك له شادی و په‌ژاره، له دڵته‌نگی و خۆشیی دایگرتم، كاتێك ده‌ستم درێژ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل کیژۆڵەی خەونەکانم خاتوو ڤێرگیدا ته‌وقه بكه‌م!
یه‌كسه‌ر هه‌ستم كرد ئه‌ویش منی ناسییه‌وه، هه‌ر خێرا وه‌ك هاوڕێیه‌كی كۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل كردم. شتێكی ترم تێبینی كرد: گەرچی ئەو بەتەمەن لە من گەورەتر بوو، بەڵام زۆر له پیاوه نه‌خۆشه‌كه‌ی بچووكتر دیار بوو. ئاشكرا دیار بوو ته‌مه‌نی له نێوان بیست و پێنج و سی ساڵان دەبوو، ئه‌ویش خۆم ئاسا شه‌یدای كتیب خوێندنه‌وه بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا له كاتی ئاخافتن له‌گه‌ڵیدا هه‌ستم به شه‌رمێكی زۆر ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت هه‌ستم كرد ڕواڵه‌ت له نێوانمدا به‌لاچوو.
میواندارییه‌كه ته‌واو بوو و گه‌ڕاینه‌وه ماڵه‌وه.
كه رۆژی دواتر له گۆشه‌ی هه‌مان ئه‌و جاده‌یه‌ی كه راهاتوومه بیبینم لێی ڕاوه‌ستاوه به‌یه‌ك گه‌یشتینه‌وه ،”مۆنی ڤێرگی”سه‌ری ته‌كاندا و بزه‌یه‌كی بۆ كردم، خۆشییه‌ك ناخی داگرتم ، بێ باكانه لێی نزیك بوومه‌وه و ئینجا پێكه‌وه ڕێمان كرد تا هه‌ركه‌سه‌و به‌ڕێی خۆیدا رێگامان گرته‌به‌ر و لێك جیابووینه‌وه.
“مۆنی “ له‌و رۆژه‌ی كه هه‌رگیز له یادم ناچێت، پێی وتم، كه ئه‌و بایه‌خ به كاری خێرخوازی ده‌دات و وا ڕاهاتووه هه‌فته‌ی سێ چوار جار سه‌ر له ده‌زگا خێرخوازییه‌كه بدات. بۆی ڕوونكردمه‌وه كه ئه‌مه هۆی ڕاوه‌ستانه‌كه‌یه‌تی له‌و گۆشه‌یه‌ی جاده‌ی مالێری.
زۆر سوپاسی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌م كرد كه بڕیاریداوه بنكه‌ی ده‌زگا خێرخوازییه‌كه له رێگای كۆلێژه‌كه‌م دروست بكات.
ئایا خۆشیمویست؟ گه‌ر بڵێم كه‌وتمه داوی ئه‌وینه‌وه، ئه‌وه هێشتا به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریببڕم كه چی له نێو دڵی مندا هه‌بوو. له ڕاستیدا شتێك هه‌بوو له خودی خۆشه‌ویستیش به‌هیز تر، به‌ڵام چییه ؟ نازانم !
هه‌ركاتێك بمبینایه هه‌ستم ده‌كرد گه‌رماییه‌ك به‌له‌شمدا سه‌ر ده‌كات، خۆشییه‌كی زاڵ دایگرتووم، وا هه‌ستم ده‌كرد له‌ئاسمانێكی دوور به‌ته‌نها له‌گه‌ل “مۆنیک “دا ده‌فڕم !
هه‌رچه‌نده من گه‌ر لاوێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا بوومایه، یه‌كسه‌ر بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه ماچێكی بكه‌م، به‌ڵام خوێندكارێكی شاعیرانه له ساڵی 1914دا ده‌ژیام ته‌نها هه‌ستێكی وام لا دروست بوو کە دڵم لێ ونبووە. ده‌مویست كارێكی مه‌زن بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی رابكێشم، به‌ڵام هیچ شتێكم نه‌دۆزییه‌وه ته‌نانه‌ت بیریشی لێ بكه‌مه‌وه! له دواییدا بیرۆكه‌یه‌كم بۆ هات، به بیرمدا هات كه ئه‌و زورجار له یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ی ده‌سكێكی چكۆڵه له گوڵی وه‌نه‌وشه‌ی دروست ده‌كرد، بۆیه ویستم سه‌ركێشێ بكه‌م و ته‌نانه‌ت گه‌ر تاكه گوڵێك له‌م گوڵانه‌ی بۆ بكڕم كه ئه‌و حه‌زی لێده‌كات، ئه‌م كاره كارێكی مه‌زن نه‌بوو، به‌ڵام بیرۆكه‌كه‌م پێ جوان بوو، جێبه‌جێم كرد!
“مۆنی “ پێشوازییه‌كی باشی له گوڵه وه‌نه‌وشه‌كه كرد. هه‌ستم كرد وا خه‌ریكه پێشكه‌وتنێكی دیار به‌ده‌ست دێنم، شاره‌زای حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بووم و زانیم ئه‌و حه‌ز له‌چی ده‌كات. به‌و ده‌رماڵه سنوورداره‌م هه‌موو جۆره دیارییه‌كی چكۆڵه‌م پێشكه‌ش ده‌كرد.
زۆر به دڵنیاییه‌وه زانیم “مۆنی “م خۆشده‌وێت، هه‌ستم به خۆشی و شادییەک ده‌كرد ئاوێته‌ی ده‌بن كاتێك ته‌ماشای چاوم ده‌كات، دیرۆكی خۆشه‌ویستییه‌كی بێده‌نگی تێدا ده‌خوێنێته‌وه. به‌ڵام مۆنی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رۆژێك له رۆژان باسی وشه‌یه‌كی ئه‌م په‌یوه‌ندییه بێده‌نگه‌ی نه‌كردووه. رۆژێكیان لێی پرسیم :” تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده له گه‌لمدا میهره‌بانی “؟ .
پرسیارێكی ناحه‌ز بوو، هیچ وه‌ڵامێكم بۆی نه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه‌ندەم پێ كرا به ده‌نگێكی چپه ئاساوه بڵێم : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین شادیی من له‌وه‌دایه تۆ شاد بكه‌م.
ئه‌وكه‌ڤاڵه‌ی كه به دڵی بوو.
ئه‌و وا دیار بوو چاوه‌ڕێی وه‌ڵامێكی تر بوو، كه‌چی هیچ توانجێكی له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه نه‌دا.
رۆژێكیان كه له كۆتاییه‌كانی وه‌رزی خوێندن نزیك ده‌بووه‌وه، “مۆنی” پێی وتم كه له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا خه‌ریكی سه‌فه‌ر كردنه بۆ ئه‌مریكا، ناگه‌ڕێته‌وه تا پێش مانگی سێپته‌مبه‌ر(ئه‌یلول). ئینجا لێی پرسیم “ ئایا له‌سه‌ر خۆێندنی كۆلێژ به‌رده‌وام ده‌بیت ؟” وتم : به‌ڵێ، ئێمه له سێپته‌مبه‌ردا جارێكی تر ده‌ست به خویندن ده‌كه‌ینه‌وه. وتی: كه‌واته له گه‌ڕانه‌وه‌مدا ده‌تبینمه‌وه. وتم : بیری رۆژانه پیاسه‌كانمان ده‌كه‌م! له‌م كاته‌دا گه‌یشتینه به‌رده‌م دوكانێك یان نمایشگایه‌كی كه‌ڤاڵی هونه‌ریی .. له پڕ مۆنی ته‌ماشایه‌كی ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كرد كه له شوێنه‌كه‌دا نمایش كرابوو، وتی :”ئه‌م وینه‌یه‌ت به‌دڵه ؟ “ كه كه‌ڤاڵێكی وێنه‌كێش “پۆرین “بوو له سه‌ر قوماش كێشابووی، دیمه‌نێكی كه‌ناری ده‌ریا بوو له دووفیل به‌و ئاڵا دڵڕفێنانه‌ی كه به‌ده‌م بای ده‌ریاوه ده‌شنانه‌وه، وتی : ئای كه جوانه !؟ زۆر پێی سه‌رسامم داوام له مێرده‌كه‌م كرد بۆمی بكڕێت، به‌ڵام مێرده‌كه‌م وتی وێنه‌گه‌لێكی زۆرمان هه‌یه شوێنمان نییه تیای هه‌ڵیواسین. له‌وانه‌شه مێرده‌كه‌م له سه‌ر هه‌ق بێت، به‌ڵام من هێشتا ده‌مه‌وێت.
به‌رده‌م دوكانه‌كه‌مان جێهێشت و لێی دووركه‌وتینه‌وه. ده‌ستمان كرد به باسی ئه‌مریكا و سه‌فه‌ره‌كه‌ی داهاتووی، دواتر له‌یه‌ك جیا بووینه‌وه. به‌ڵام من له جیاتی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه ماڵه‌وه، گه‌ڕامه‌وه لای نمایشگاكه و جارێكی تر به‌رامبه‌ری وه‌ستام و له كه‌ڤاڵه‌كه ڕامام. به‌ڵێ به‌ڕاستی جوانه : ره‌نگه له به‌ر ئه‌وی ئه‌و حه‌زی لێكردبێت بۆیه ، نازانم ! گرنگ ئه‌وه‌یه وێنه‌كه به‌لامه‌وه جوان دیار بوو.
چوومه نمایشگاكه‌وه و له نرخی كه‌ڤاڵه نمایشكراوه بچووكه‌كه‌ی پۆرینم له‌و خانمه گەنجە كه به‌رپرسی كه‌ڤاڵه‌كان بوو پرسی، ئه‌ویش چاوێكی به لیستی نرخه‌كاندا كشاند و ژماره‌یه‌كی وت كه بەقەد ده جاری ئه‌و خه‌رجییه‌م بوو كه له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق له باوكمی وه‌رده‌گرم !
وتم : ئه‌ترسم بڵێم ئه‌م نرخه زۆر له‌وه زیاتره کە میزانییه‌كه‌م به‌رگه‌ی بگرێت! خانمه‌كه پێكه‌نی و وتی : منیش وای بۆ چووم زور سانایه كه‌سێك بزانێت کە تۆ هێشتا قوتابییه‌كی چكۆڵه‌ی، به‌ڵام به‌وه ده‌چێت شه‌یدای كه‌ڤاڵه ڕۆنییه‌كان بیت، وا نییه ؟
وتم: زۆریش، به‌تایبه‌تی خودی ئه‌م تابلۆیه! هه‌ر ده‌یپه‌رستم ! ئایا ده‌توانی تا مانگی ئۆكتۆبه‌ر “ تشرینی یه‌كه‌م “بۆم هه‌ڵبگریت؟ ڕه‌نگه بتوانم بیكڕم، كێ چوزانێ ! وتی : به‌ڵێ ده‌توانم په‌یمانی ئه‌وه‌ت بده‌مێ، ئێمه له مانگه‌كانی هاویندا هه‌فته‌ی سێ رۆژ ده‌رگای دوكانه‌كه داده‌خه‌ین، بۆیه ئێستا ئومیدێكی گه‌وره له‌فرۆشتنیدا ناكرێت، به‌ڵام له مانگی ئۆكتۆبه‌ر به‌دواوه ناتوانم وه‌عدی هیچی ترت بده‌مێ !
رێككه‌وتین، گه‌ر تا مانگی ئۆكتۆبه‌ر نه‌توانم بیكڕم ئه‌وا له‌و مانگه به‌دواوه هیچ ئومیدێكی ترم بۆ كڕینی نامێنێت !
پیلانێكی شێتانه
بۆ ئه‌م كاره پیلانێكی شێتانه‌م داڕشت، باوكم پێشنیاری كردبوو بمنێرێت بۆئیسپانیا منیش زور حه‌زم ده‌كرد كه‌ڤاڵه‌كانی گۆیا Goya له مه‌درید ببینم هه‌روا كه‌ڤاڵه‌كانی گریكۆ Greco له تۆلیدۆ Toledo، ئه‌م حه‌زه كوت وپڕه‌م له ئه‌نجامی كاریگه‌ری مۆنی بوو به‌سه‌رمه‌وه. له‌پڕ خۆم بینییه‌وه حه‌زم له هونه‌ره، هه‌رجارێك له پێش تابلۆیه‌كی هونه‌ریی بوه‌ستایه‌م خۆم له نزیكی ئه‌و ده‌بینیه‌وه!
خانه‌واده‌كه‌م ئاماده‌بوون خه‌رجی ئه‌و سه‌فه‌ره‌م بده‌ن كه له‌لای خۆمه‌وه هه‌موو شتێكم بۆ ئاماده كردبوو.
له رێگای چوونم بۆ ئیسپانیا بڕیارمدا له بیارتیز Biarritz راوه‌ستم و بچم بۆ گازینۆیه‌ك و لەوێ بۆ یه‌كه‌مین جار له ژیانمدا ده‌ست به قوماركردن بكه‌م. ئه‌وكاته وامده‌زانی هه‌موو نهێنییه‌كانی قومار ده‌زانم، هه‌ستم ده‌كرد خوێندنه‌كه‌م له بواری بیركاریدا له هه‌ڵهێنانی ماتماتیكی به‌ختدا یارمه‌تیده‌رم ده‌بێت. هه‌ستم كرد شتێك هه‌یه بۆ لای مێزی رۆلیته‌كهRoulette ڕامده‌كێشێت، ده‌ستم كرد به كه‌م و كۆ كردن و ژماردنی ئه‌و پارانه‌ی كه ده‌یانبه‌مه‌وه، به‌خۆم وت : به‌م شێوه‌یه ده‌توانم ئه‌وه‌نده پاره كۆبكه‌مه‌وه كه بتوانم ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كه مۆنی حه‌زی لێده‌كات بكڕم و له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا پێی ببه‌خشم ! چوومه گازینۆكه‌وه و له مێزی ڕۆلێته‌كه چوومه پێشه‌وه وده‌ستم كرد به یاری و هه‌رچی پاره‌یه‌كشم لابوو، تا دواین فره‌نكی گیرفانم هه‌مووم دۆڕاند! ئیستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ونه‌كانم داڕوخان ده‌بێ چی بكه‌م؟من ئێستا ئه‌وه‌نده پاره‌شم پێ نه‌ماوه ته‌نانه‌ت كرێی ئه‌و هوتێله‌ش بده‌م كه‌تێی ده‌نووم! تاكه رێگایه‌كم له پێشدا مابوو تاکو له‌م كێشه‌یه رزگارم بكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو ده‌بوا به تلیفۆن په‌یوه‌ندی به باوكمه‌وه بكه‌م و داوای لێبكه‌م ده‌ستبه‌جێ بمگه‌ڕێنێته‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆم، به‌ڵام هه‌ر زوو وازم له‌م بیرۆكه‌یه هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكم پیاوێكی باش بوو زور دڵنیابووم كه یارمه‌تیشم ده‌دات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هیچ بڕوایه‌كی پێم نه‌ده‌ما وئه‌وه‌ش ده‌بووه كۆسپێكی زۆر ترسناك له‌سه‌ر رێگای پاشه‌رۆژم. هۆیەکی دیكه‌ش هه‌بوو كه وایكرد ده‌ستبه‌رداری ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م بم، ئه‌ویش ئه‌وه بوو ده‌مویست له‌سه‌ر ئه‌م رفتاره‌م سزای خۆم بده‌م. وتم : “ هه‌ر ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی دۆخه‌كه ببمه‌وه “ یه‌كسه‌ر چوومه لای به‌ڕێوه‌به‌ری هوتێله‌كه، كه مرۆڤێكی زیره‌ك بوو ڕه‌چاوی دۆخه‌كه‌ی ده‌كرد، ورده‌كاری ئه‌وی به‌سه‌رمدا هاتبوو هه‌مووم وه‌كو خۆی بۆ گێڕایەوه. دوایی وتم : “ ده‌بێ من چی بكه‌م ئێستا ؟”
كاتژمێره ئاڵتوونییه‌كه‌م.
تاكه شتی به‌نرخم له‌لا هه‌بێت كاتژمێره ئاڵتوونییه‌كه‌مه، به به‌ڕێوه‌به‌ری هوتێله‌كم وت :” من ده‌توانم وه‌ك زه‌مانه‌تێك له‌لات بیهێڵمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم قه‌رزه‌كانم بده‌مه‌وه، به‌ڵام نازانم بۆ بزركردنی كاتژمێره‌كه‌م چی به‌باوكم بڵێم؟ من وام پێباشه بۆ ماوه‌ی مانگێك له هوتێله‌كه‌دا كار بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه ده‌بووا له ئیسپانیا به‌سه‌ری به‌رم، ئایا تۆ له هوتێله‌كه‌تدا پێویستت به یارمه‌تییه‌كی كاتیی ده‌بێت؟ من ئاماده‌مه هه‌ر كارێك بكه‌م”.
به رێكه‌وت ئه‌و رۆژه كارمه‌ندی ئه‌سانسۆره‌كه وازی له كاره‌كه‌ی هێنابوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه ئه‌و كاره‌ی بۆ پێشنیار كردم، پێشنیاری له‌وه زیاتریشی خسته پێشم، وتی : “ تۆ ده‌بوا ئێستا له ئیسپانیا بوویتایه کەچی تۆ ئێستا له بیارتیزیت، به‌ڵام من كاره‌كه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، داوا له هه‌ندێ براده‌رم ده‌كه‌م به‌ناوی تۆوه له شاره جیاجیاكانی ئیسپانیاوه نامه بۆ فه‌ڕه‌نسا بنێرن بۆ باوكت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بێت كه نه‌چوویته بۆ ئه‌وێ” .
مۆڵه‌ته‌كه‌م به‌كاركردن له‌م هوتێله به‌سه‌ر برد و خۆشیشمویست. له كۆتایی مۆڵه‌ته‌كه‌دا دووباره گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه لێره‌دا سوپرایزێكی تر له چاوه‌ڕوانیمدا بوو، باوكم بڕیاری دابوو بمنێرێت بۆ سۆربۆن له پاریس، یه‌ك ساڵێكم دوور له وڵاته‌كه‌م به‌سه‌ر برد، ئینجا شه‌ڕی جیهانی دووه‌م هه‌ڵگیرسا سێبه‌ری خۆشه‌ویستی یه‌كه‌مم بزر كرد، گه‌رچی یادگارییه‌كانیم له بیر نه‌كردبێت، ساڵانێك به‌سه‌ر چوون، جارێكی تر چاوم پێی كه‌وته‌وه .. له‌گه‌ل مۆنی به یه‌ك گه‌یشتینه‌وه .. ته‌مه‌نم په‌نجا ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌و له شه‌ست ساڵی نزیك ببوه‌وه. داوه‌تنامه‌یه‌كم بۆ هاتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی محازه‌ره‌یه‌ك له وڵاته‌كه‌مدا بده‌مه‌وه، ها خه‌ریك بوو مه‌حازه‌ره‌كه ته‌واو بكه‌م، مۆنی به‌ره‌و ڕووم هات، یه‌كسه‌ر ناسیمه‌وه هێشتا پێكه‌نینه ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی و ده‌نگه سازگاره‌كه‌ی وه‌كو خۆی مابوون. مۆنی ببوه داپیره و بیوه‌ژنیش، لێم پرسی و وتم :”ئایا ده‌توانم پێش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ پاریس سه‌ردانێكی ماڵه‌وه‌ت بکەم ؟”
وتی : ئه‌وه زۆر دڵخۆشم ده‌كات .
چووم بۆ ماڵی” خۆشه‌ویسته‌كه‌م” ، كاتێك به‌ته‌نیا بووین پێیم وت : “ئایا ده‌زانی من رۆژێك له رۆژان گرفتاری عه‌شقی تۆ بووم !”هه‌موو شتێكم بۆ گێڕایه‌وه، چیرۆكی ئه‌و كه‌ڤاڵه‌ی كه حه‌زی لێده‌كرد، قومار كردنه‌كه‌م له گازینۆكه و ئه‌و كاره‌ی كه وه‌كو كارگه‌رێكی ئه‌سانسۆر له پێناو ئه‌ودا كردم! وتی : “ چیرۆكێكی خۆشه “ خۆزگه پیش‌تر بۆت ده‌گێڕامه‌وه !”. وتم : هه‌لم بۆ نه‌ڕه‌خساوه، به‌ڵام من سه‌رده‌مانێك ئاماده بووم ژیانم به‌خت بكه‌م ته‌نها له پێناو ئه‌وه‌ی گه‌ر به‌ته‌نها یه‌ك خوله‌كیش بیت ! بتنووسینم به سینگمه‌وه و ماچێكت بكه‌م! وتی : ئه‌ی بۆ ئیستا ئه‌وه ناكه‌ی؟
، چركه ساتێكی خۆش بوو، ئه‌گه‌رچی سی ساڵ دواكه‌ت !
•