Skip to Content

ئابوری نیشتمانی یان بودجەی عێراق.. بەشی یەکەم.. سامانی وەستا بەکر

ئابوری نیشتمانی یان بودجەی عێراق.. بەشی یەکەم.. سامانی وەستا بەکر

Closed
by March 31, 2021 General, Opinion

بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە واباشترە ڕێکەوتن لەگەڵ ناوەند بکرێ و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە “باغی داد” بەغاوە بێت و لەبەرامبەرا هەرێم ئەو بەشە نەوتەی لێێ داوائەکرێ ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی ئێراقی بکات، بەندە پێچەوانەکەیم بەگونجاوتر ئەبینم و پێموایە نەئەبوو هەرێم هەر لەسەرەتاوە دەست بۆ نەوت دەرهێنان بەرێ لەکاتێکا دراسەی بابەتەکە نەکرابوو نەیانئەزانی بەرەو کام تونێل ئەچن، بەڵام ئێستا کار لەکار ترازاوە، گونجاوترە کە هەرێم پشت بەخۆی ببەستێ، کۆمپانیا حیزبییەکان دەماودەست هەڵوەشێننەوە و کۆی داهاتی ناوخۆ بچێتە گیرفانی حکومەتەوە نەک حیزب، وە هیچ بڕە پارەیەک لە ناوەند وەرنەگرێ، کورد دەمێکە ووتوویەتی “گۆشت لاڕانی خۆت بخۆ لەمنەتی قەساب باشترە”، بۆ ئەم بابەتە زۆر گرنگە سەرەتا چاوێکی خێرا بە دروست بوونی ئێراق و پێکهاتەکانیا بخشێنین.

ھەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە ئێراق بەزۆر پێکەوە لکێنراوە لە ھەرسێ ویلایەتی بەغا و بەسرە و موسڵ.
ھیچ یەکێک لە پێکھاتەکانی عێراق ئینتمایان بۆ خودی عێراق نیە ، ئینتماکان زیاتر بۆ مەزھەب و ئیتنیک و نەتەوەو خاک و شوێن و وڵاتی جیاوازە لە دەرەوەی ئێراق، بەڵام لەژێرناوی ئێراقا ھەمووی ئەیەوێ ئەوەیتر بچەوسێنێتەوە و تۆڵەی کۆنە کین و دووبەرەکی لە مێژینەی خۆی بەناوی ئێراقپارێزییەوە بکاتەوە.

سوننە:
سەرەتا سوننەکان بەھاوکاری ئنگلیز، لەھەوڵی دروستکردنی ئێراقێکا بوون کە سونەگەر و عەرەبی بێت تا ڕوخانی پاشایەتی لە ١٤ی تەموزی ١٩٥٨، لەھەوڵی دروستکردنی وڵاتێکا بوون کە جۆرێک لە مەدەنیەتی پێوەدیاربوو.
پاشان لە ساڵی١٩٦٣وە تا ساڵی ٢٠٠٣ بەسیاسەتی ئاگرو ئاسن وڵاتیان بردووە بەڕێوەو تەنانەت سڵیان لە ئەنفال و کیمیابارانیش نەکردۆتەوانێ.
لەبەر ئەوەی کە زۆربەی کورد سونەن بۆیە ئەمان تەنها شەڕی کوردبوونیان لەگەڵ ئەکردی نەیان ئەتوانی لەژێر هیچ ناو و پاساوێکی ئاینیا کورد بچەوسێننەوانێ، هەر لەبەر ئەوەش بوو راگوازتنی کورد لەسەر خاکی خۆی لای ئەوان لەژێر ناوی “ئەنفال”ل کراو هەرواش ناسرا بەڵام ناوە نهێنیەکەی نێو دڵی سوننەکان “التعریب” بە عەرەب کردنی ناوچە کوردییەکانن بوو لەڕێی هاوردەکردنی عەرەبە دەوار نشین و توندڕەوکانەوە، بەڵام ئەو نهێنییەی دڵی سوننەکان لای کورد ئاشکرابوو.
ھەر ئەم سیاسەتەی سوننەکان بوو کە بەتەواوەتی کورد و شیعەیان لەخۆیان دوورخستەوە و کارێکیان کرد کە تاکی شیعە وە کورد بەتایبەتی ھیچ وەلا و ئینتمایەکی بۆ ئەو شوێنە نەمێنێ کە ناوی ئێراقە.

شیعە:
شیعەکان بەھاوکاری ئێران لەدوای ڕووخانی ویلایەتی سونەکان لەساڵی ٢٠٠٣وە لەھەوڵی ئێراقێکی مەرجەعگەرایی شیعە مەزھەب دروستکردنان.
لەساڵی ٢٠٠٣ ئەمەریکیەکان ھەر ئێراقە کۆنەکەیان بەناوی ئێراقێکی نوێ بۆ ھەمووان دروستکردەوە کەلە ڕاستیا ھەر ھەمان ناو و ناوەرۆکی ھەیە، کە ئەمە باشترین هەلێک بوو بۆ شیعەکان کە بۆ جاری یەکەم ببن بەخودان و دەسەڵاتداری یەکەمی ئێراق و چێژی خاوەندارێتی و دەسەڵات بکەن.
لەبری ئەوەی شیعەکان بەدەرس وەرگرتن لە چەوسانەوەی ڕژێمەکانی پێشوو هەوڵی دروستکردنی وڵاتێکی خۆشگوزەران بۆ هەمووان بەن، بەڵام بەپێچەوانەوە بە گڕی کۆنە کینە و تۆڵەکردنەوە ڕوویان لە دەسەڵات کرد و وڵاتیان ڕادەستی ئێران کرد، نەیاری دێرین و بکوژی ڕۆڵەی گەلانی ئێراق لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێراق/ ئێران، کە ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری ئێراق کە شیعەن هیچ ئینتمایەکیان بۆ ئێراق نیە، بەڵکو ئەوەنە ئێراقیان پێویستە تا لەخزمەتی مەزهەبابێت.
بەهۆی هەبوونی دەستورێکەوە کە کورد خۆی دەستی لە نوسینەکەیا هەیە ماف بەهەر عێراقییەکەک ئەیا لەهەر شوێن و ناوچەیەکی ئەو وڵاتەیا نیشتەجێ بێت، بۆیە شیعەکان سودێکی زۆر لەو بڕگە دەستورییە وەرەگرن، ئەمان ڕوو لەهەر شوێنێکی کورد نشین بکەن بۆ “التعرتب” بەعەرەب کردنی ناوچە کوردییەکان لەڕێگەی بە شیعە کردنی ناوچەکەوە ئە کارە ئەکەن، ناشتوانرێ زۆر گلەییان لێبکێ چونکە ئەو کارە هەم دەستورییە، هەم هیچ لایەنێکیش لەترسی ئێران و هێزی زۆری ئێستای شیئەکان ناوێرن ڕووبەڕوویان ببنەوە، لەوەشگەڕی زۆرینەی کورد موسوڵمانە وە کوردیش واڕاهاتووە کە خاک و ئاو و میلەت و نیشتمان بکاتە قوربانی ئاینی ئیسلام بەپێچەوانەی هەموو نەتەوە موسوڵمانەکانیتری جیهان!

کورد:
بەدرێژای مێژووی دروستبوونی ئێراق، ھەمیشە کورد ژێردەستە و چەوساوە و سوتەمەنی شەڕی ئەو دوو لایەنە مەزھەبگەرایا بووە، ئەمە جگە لە ڕقی نەتەوەی.
دەستەبژێری سیاسی و بەڕێوەبەرانی ئێراق چ سونەبن یان شیعە بێجگە لەوەی ئەو دوو مەزھبە کینەی شەڕێکی کۆنی مێژووی نێوانیان تائەمڕۆش بڵێسەی ھەیە و لەسەر ھەموو شتێ ناکۆکن، ئەفسوس تەنھا لەسەر پرسی خودمختاری و سەربەخۆی کورد نەبێ کۆک و هاوپەیمانن.
لەڕاستیا بنەمای فیکرو ستیراتیژی سونە و شیعەش ھەر ھەمان ئایدۆلۆژییەکانی ئێراقی کۆنە، بەڵام ئەوە خودی کێشەی بەردەم کورد نیە، بەڵکو کێشەی گەورەی بەردەم کورد ھەر خودی دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەستی کورد خۆیەتی، کە ئەوانیش تا ئەم ساتەش ھەر دیلی بیری “ئۆتۆنۆم-فیدراڵ”ی و یەکپارچەی خاکی ئێراقن، ھەر ئەوەش وایکرد بەشداریان لە نوسینەوەی دەستور و دامەزرانەوەی ئێراقی نوێیا تەنھا بیر لە پارەو پۆست وبەرژەوەندی کەسی و بنەماڵەکانیانابێ، چونکوم پەروەردەی ئەوان ھەر ھەمان پەروەردەی ئێراقە کۆنەکەیە کە سونەو شیعەش ھەڵگرین.

ئەمریکا:
دروستکردنەوەی ئێراق لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ و نوسینەوەی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ لە پێناو دروستکردنی وڵاتێکی ھاوسەنگ ویەکسان و فیدراڵا نەبوو، کە کۆی پێکھاتە جیاوازەکان تیایا یەکسانبن لە ماف و داھات و دەسەڵاتا، بەڵکو لە پێناو پاراستنی پارسەنگی دەسەڵاتی خودی ئەمریکا لە ناوچەکە و ستراتیژی ھاوسەنگی ھێز بوو بەرامبەر نەیارەکانی.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەتایبەتی پێداگربوون لەسەر مانەوەی جێوستراتیژییە کۆنەکەی دروست بوونی ئێراق و مانەوەی بەیەکگرتووی، ئەویش بۆپاراستنی ھاوسەنگی ھێز لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و کەنداوی عەرەب-فارس بەرامبەر بە ئێران و شوێن پێ چوڵنەکردن بۆ ڕوسیا.

ئەم کارە بۆ ئەمریکا ھێندە ئاستەنگ نەبوو چونکە ھەر زوو درکیان بەوە کرد بوو کە سەرکردەکانی کورد تەنھا بیریان لای پارە و پۆست وبەھێزکردنی حیزبەکانیانە وەک ئەوەی پۆل بریمەر لە کتێبەکەیا باسی لێوەئەکات کە ھەر زوو بەپارە دەستەمۆیان کردن، چیتر دروستکردنەوەی ئێراقە کۆنەکە گرفتی لەبەردەما نەما، چونکە بیرمان نەچێ ئەوە تەنھا کورد بووە کە ھەمیشە وای پشاناوە کە لە پێناوی سەربەخۆی کوردستانا خەبات ئەکات، بەڵام کاتێک کاتی خۆی بوو کە کورد خەونە دێرینەکەی بکات بە ڕاستی، کەچی بەداخەوە بۆ ھەموو لایەک ئاشکرا بوو کە خەونی سەرکردەی سیاسی کورد بۆ دەسەڵات و پارە بووە نەک سەربەخۆی.

کۆمەڵگەی ئێراق:
خۆی ھەر خودی پێکھاتەی ئێراق وایە بەھۆی کەمی ھۆشیاری و نابەڵەتی خەڵکەکەی لە بواری ڕامیاری و بەڕێوەبردن و ستراتیژی نەتەوەی و جیۆسیاسی کە ھەمیشە سەرکردەی خێڵ و ئاینی و میلیشیا و بنەماڵە و مەزھەبی و عەشایەری زاڵن، كە ئەمەش ھۆکاری بنچینەییە کە لەسەرەتای دروست بوونی ئەو وڵاتەوە تاکو ئەمڕۆ ھیچ لەیەک تێگەشتن و یەکتر گیراکردنێکی ڕاستەقینەی یەکتر بوونی نەبووە.

کێشەی کورد:
بەداخەوە یەکێک لە کێشە گەورەکانی کورد ھەمیشە ئەوە بووە کە بیری ستراتیژی درێژخایەن بوونی نەبووە و بەپێچەوانەوە ھەمیشەبیرکردنەوە ڕۆژانەو کورتخایەن بووە، ھەر ئەمەش وایکردووە کە ستراتیژی نەتەوەی و نیشتمانی ببێ بەکاڵا و بەقوربانی پارێزگاری لەدەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە و تاکە کەس و خۆدەوڵەمەنکردن و پێکەوەنانی سامان.
کورد لە ئێراقا ناتوانێ دڵنیابێ کە جارێکیتر جینۆساید و ئەنفال و ھەڵەبجەیەکیتری لێناکرێ، بۆ نمونە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بینیمان چی لە کوردانی دوزخورماتوو کرا، ماڵەکانیان سوتێنران، خەڵکەکەیان ئاوارەکران، زەوی و سامانیان دەستی بەسەراگیرا، کەواتەھەمیشە کیمیای بارانکردن و جینوساید ئەگەرێکە لەبەردەم کوردا نەک مێژوویەکی ڕابردوو کە ئەکرێ لەھەر کاتێکا ڕووباتەوە.

بۆ بەرچاو ڕوونی من نامەوێ لێرەیا کورد وەک نەتەوەیەکی چەوساوەو بێتاوان بناسێنم و سونەو شیعەش بکەم بەدڕندە نەخێر، خۆی ھەرخودی دروست بوونی ئەو وڵاتە وایە چونکە لەسەربنەمای بەرژەوەندی دەرەکی دروستکراوە نەک بەرژەوەندی پێکھاتەکانی ھەربۆیە ھەمووی ھەست بە چەوسانەوە و مافخوراوی ئەکا و بەدوای ھەلێکا ئەگەڕێ تۆڵەی کۆنە کین بکاتەوانێ، خۆ ئەگەر حوکمڕانی کوردیش بەنمونە وەرگرین لە کەرکوک دواتر ناوچە دابڕێنراوەکانی تری کوردستان، ئەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوونئەبێتەوە کە ھیچ پێکھاتەیەک ماف بەوانیتر ڕەوانابینێ و ئەگەر بۆی ڕێکەوێ ئەوا بەزەبری ھێز وڵات بەڕێوە ئەبات نەک پاراستنی ماف و یەکسانی بوون و هاوبەشی بەڕێوەبردن.


سامانی وەستا بەکر
٣٠-٣-٢٠٢١ سوید-ستۆکهۆڵم

Previous
Next