Skip to Content

نــــــامــــــــــە …  نووسینی: محەمەد بەرزی

نــــــامــــــــــە … نووسینی: محەمەد بەرزی

Closed
by شوبات 5, 2019 General, Literature

تێبینی: چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی (ئەحمەد)یش ناوێکی خوازراوە

١

ئەحە دراوسێی و ھاوڕێیی قوتابخانەم بوو ، کورێکی زۆر قسەخۆش و قۆشمە بوو ، بەڵام لە قوتابخانە زیرەک نەبوو . باوکیشی پیاوێکی رەنجدەری ماندوونەناسی ئازابوو ، لە سپیدەی بەیانییەوە لە دووکانە پچکۆلەکەیدا شانووبازووی دەکوتا ، شەوانیش لە گومرگە سووتاوەکە پاسەوان بوو . لەگەڵ ئەوەشدا بەجوانی ماڵومنداڵی خۆی بەخێودەکرد ، بەڵام پیاوێکی توڕەی قسە ڕەقی تەنگەتیلکە بوو ، ھیچ کاتێک ڕووناکی لەڕوویدا نەبینراوە و باوەڕناکەم بەختوکەش پێکەنیبێت . لەژێر خەمی تەمەڵی ئەحەدا چەمابۆوە ، ناھەقیشی نەبوو ، چونکە ئەحە لە پۆلی سێی ناوەندیدا چەقینێک چەقی ئێستاو ئەوساش لێی نەھاتەدەرێ ، تا دەریانکرد ، ئنجا چووە قوتابخانەی شەو ، لەوێش ھەر دەرنەچوو . ئەم پۆلی سێی یە بوو بوو بەشاخێکی ھەڵەمووتی ھەزار بەھەزاری سەختی عاسی و بە ئامان و زەمان نەی دەتوانی بەسەریدا سەربکەوێت . ھەموو جارێک بەئێمەی دەووت : ( تا لەم پۆلی سێ نەگریسە دەرنەچم قەت پێم مەڵێن ئەحمەد ، ھەر بڵێن ئەحە ) . ئەوی ڕاستی بێت ئێمەش ھەر وامانکرد . باوکی لۆمە و سەرزەنشتی زۆری دەکرد و لەبەرچاوی ئێمە تەریقی دەکردەوە ، جارێکیان پێی ووت : ( تۆ گایەکی گێرەنەکەری گەلۆری ) . دیارە ئەمەش وانەبوو ، چونکە ئەحە زۆرجار یارمەتی باوکی دەدا ، بەڵام بۆی نەدەھات وا لەبەرچاوی ڕەِش بوو بوو بەکارە باشەکانیشی قاڵس دەبوو ، خوا خوای بوو ھەڵەیەک بکات و جامی ڕقی خۆی بەسەردا بڕژێنێت . بێگومان مێشکی ئەحە بۆ خوێندن نەکرابوو ، ئەو لە ناخەوە حەزی لە دوو شت بوو ، سیاسەت و دڵداری .

لە بیرمە لە پێش ھەموومانەوە بوو بە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ، زۆر بە جوانی ئەرکەکانی سەرشانی رادەپەڕاند و کۆی لە ھیچ نەدەکرد و لە کۆبوونەوەکان دوانەدەکەوت ، ئەو ھەموو کۆبوونەوانەی دەکرد ، بەڵام لەترسی باوکی نەی دەوێرا تەنھا کۆبوونەوەیەک لە ماڵی خۆیاندا بکات… ڕۆژێک دڵی نووسا بە کیژێکی زۆر شۆخ و ناسکی قوتابی ناوەندیدا ، بۆی شێت بوو ، ماخۆلان کەوتە کۆڵی و نەیدەزانی چۆن چۆنی و بە چ ڕێگایەک خۆی بگەیەنێتێ ، چونکە ئەو کیژە لەھاتن و ڕۆیشتنی دا دوو دەستە خوشکی خۆی لەگەڵدابوو . بۆیە ئەحە نەتوانی نامەی بداتێ ، نە بیدوێنێ . ناچار ڕۆژێک پێی بەجەرگی خۆیدا نا و نامەیەکی پەپوولەداری ڕەنگاوڕەنگی بۆنخۆشی بەجوانی پێچایەوە و خستییە ناو لاپەڕە بیستی گۆڤارێکی (بوردە) ی بەھاری خوشکێوە و لەسەر ڕێگای کچە وەستا ، ھەر کاتێک لەگەڵ دەستە خوشکەکانی دا گەیشتنە ڕاستە کۆڵانەکەی ماڵی خۆیان ، ئەحە لە بەردەمیاندا قنج و قۆز قووت بۆوە و بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدات ، یان دەمی تێکەڵ و پێکەڵ بێت ، یان بشڵەژێ ، گۆڤارەکەی بۆکچەکە ڕاگرت و زۆر لەسەرخۆ ووتی : ( ئەم گۆڤارەیان بۆ بەڕیزتان ناردووە ، بەڵام تکایە ڵاپەڕە بیستتان لە یاد نەچێ ) .

کچە گۆڤارەکەی لەدەست وەرگرت ، ئەحەش بروسکەئاسا ئاوا بوو . لەو نامەیەدا بەدەستوخەتە ناشیرینەکەی زۆر شتی جوانی نووسیبوو : دڵ ئاوێنەی دڵە ، تۆم بۆ ژیانی ھەتا ھەتای دەوێت ، شیعریشی بۆ نووسیبوو : ھەموو ڕۆژێک لەبەر سەیری بتی ئەو بەژنو باڵایە ، لەسەر رێتا ئەوەستم من ھەتاکو ئاوی پێم دایە . لە سووچێکی دا دڵێکیشی کردبوو بە تیرێکی خوار سمی بووی . لە دوای نامەکەشدا نووسیبووی : ( دڵە شیرینەکەم سبەینێ خۆشترین ڕۆژی ژیانمە ، چونکە لە ھەمان شوێندا چاوەڕوانی وەڵامم ) … باۆڕناکەم ئەحە ھیچ کاتێک بەقەدەر ئەو ڕۆژە دڵی خۆش بووبێت ، ھەموو گیانی پێدەکەنی ، ڕەنگە لەپۆلی سێ دەربچوایە ، ھەر ئەوەندە شاگەشگە بوایە .

دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لەنزیک گەڕاجی ئەسحابەسپی پێشمەرگەیەکی قارەمان جلخوارێکی چڵکاوخۆری رژێمی کوشت ، بەجارێک شار قڵیشایەوە ، ھەر زوو دوکان و بازاڕ پێچرانەوە . باوکی ئەحەش وەکو ھەموو کەسێکی تر زوو گەڕایەوە بۆ ماڵەوە ، ئەو ئێوارەیە خۆی بە باخچە پچکۆلانەکەیانەوە خەریککرد ، ئەحەش گورجوگۆڵو چالاکانە بەردەستی دەکرد و بە پێی ئارەزووی دڵی ئەو دەجوڵایەوە و لەو باشتر باخچەکەی بژار دەکرد ، بەو ھیوایەی تۆزێک سۆزی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و نەختێک ڕقی ئەستوری ناخی کەم بکاتەوە . لە ڕاستیشدا ھەموو ھۆش و ھەستی لای دڵدارەکەی بوون ، زۆر پەلەی بوو ، دەت ووت لەسەر پشکۆ دانیشتووە ، خوا خوای بوو زوو سبەینێ بێت و وەڵامێکی پڕ لەشادی وەربگرێت . لەپڕ زەنگی ماڵەکەیان لێدرا ، ئەحە نزیک دەرگاکە بوو ، دەرگای کردەوە . ھەر دەرگای کردەوە وەک بروسکە لەسەری لووتی دابێت ڕاچڵەکی ، تەماشایکرد کچەو و دایکی و سێ زرتە زەلامی زەبەللاح رێک لە بەردەمیا وەستاون . کچە ئاماژەی بۆ ئەحە کرد و ووتی : ئا ئەمەیە ! . ھێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو زەلامێکیان توند قورتمی ئەحەی گرت و وەک فەردە کایەک ڕایکێشایە دەرەوە . ئەحە بوو بە تەڵەوە ، وەک کارەبا لێی دابێت وشک بوو ، ھەموو ھۆش و ھەست و خەیاڵی لای باوکی بوو ، خوا خوای بوو زەوی قووتی بدات و ئەو بەم گۆڵمەز و بەزم و ھەرایە نەزانێت . بەڵام ھەرئەوەندەی بڵێی یەک و دوو ، باوکی بە فالینەیەکی نیوقۆڵ و دەرپێیەکی سپی درێژەوە ھاتە دەرێ ، تەماشایکرد ئەو سێ زەلامە ئەحەیان بەگیرھێناوە . یەکێکیان روویکردە باوکی و ووتی : ( ئەم کوڕە بێ ئابڕووەی تۆ نامەی بە کچەکەمان داوە ، دیارە لەمردن گڕ دەخوات !!) .

باوکی ئەحە بەم قسەیە دەت ووت ھەموو شاخی پیرە مەگرون بۆتە خرە بەردێک و رێک بەر کاژەلاکی سەری کەوتووە ، راپەڕی ، ھەتا توانی تفێکی وای گرتە ناوچەوانی ئەحە پڕیشکی بەر ئەوانیش کەوت . ئنجا ڕووی دەمیکردە زەلامەکان و ووتی : ( ئەو بێ ئابڕو نییە ، ئێوە بێ ئابڕون ، ئەگەر خۆتان بە پیاو دەزانن و تووکی سمێڵَەکانتان بە مەردی ڕواوە ، دە فەرموون دوو فیشەک تەق تەق بنێن بە ناو دەمە بۆگەنەکەیەوە و خۆشتان و ئێمەش لە دەست ئەم تەمەڵی دڵداریکەری کرمۆڵە رزگار بکەن ، لای منیشەوە ھەزارجار گەردنتان خۆش و ئازاد بێت ، گوێتان لێی بوو ھەزارجار ئازاد بێت )… ئنجا پشتی لە ھەموویانکرد و بە شەقاوێک چووە ژوورەوە وبەجێیھێشتن .
ئەحە تووش بوو بوو بەڵام چۆن تووش بونێک ، لە تەریقیدا نەی دەتوانی سەر بەرزبکاتەوە ، دەت ووت پڕ باخەڵی پشکۆیە و تک تک ئارەقی شەرمەزاری دەردەدا ، وا دەمی بەسترابوو ھیچی بۆ نەدەوترا ، لە تالووکە و داوێکی گەلێک دژواری سەختی ئاڵۆزدا بوو ، کارێکیان پێکرد ھەر مەگەر ئەو خوایە خۆی بزانێت … باشبوو ھیمەتی کاک ئەحمەدی شێخ و پاراندنەوە و گریانە بەکوڵەکەی دایکی بە ھانایەوە ھاتن و لەو چورتمە قورسەیان قورتارکرد .

٢

ئەو ئێوارەیە ژیان لە ماڵی ئەحەدا ھیچ مانایەکی نەما ، دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بەسەری یەک بە یەکی ئەو خێزانەدا . خەمێکی گەورە و گران ناخی ھەموویانی داگرتبوو ، باوکیان لە تووڕەیدا جووتەی لە ناوچەوانی خۆی دەدا و چەند جارێک ویستی خۆی بگەیەنێتە ئەحە و چەند شەقێکی قایم قایم لە پاشەڵی ئەو تەمەڵە ھەڵبدات ، بەڵام ھەمووجارێک دایکی بە گریان و پاڕاندنەوە ھێوری دەکردەوە ، کەچی پاش کەمێک سەرلەنوێ دەھاتەوە کوڵ و دەستیدەکردەوە بە ھاوار ھاوار و خۆ ڕاپسکاندن ، بە ڕادەیەک دایکی ئەحە لە تاقەتیدا نەما و گەیشتە تینی و بە گریانەوە ھاواریکرد : ( دەبەسە ، توخوا بەسە و ئیتر لە توانا و تاقەتمدا نەما و ئەوەندە فووی خۆڕایی بەم ئاگرە کوژاوەیەدا مەکە و خەریکە لە پێستەکەی خۆم دەچمەدەرەوە و ئەوەندە سەر مەکەرە سەر ئەم کوڕە با لە دەستمان دەرنەچێت ، کێشەیەک ڕوویدا و بە سەلامەتی تێپەڕیی و بڕایەوە و ئیتر ئەوەندە لەسەری مەڕۆ و بێ دەنگ بە با لە داخی تۆ یەخەی کراسەکەی خۆم دانەدڕم و ئەم ماڵە کاولبووەت بۆ چۆڵ نەکەم ) . باوکی ئەحە ئەوەندەی تر بەو قسانە قوشقی بوو ، بۆیە شەقێکی لە تەپڵەکەکەی بەردەمی ھەڵدا و بەوپەڕیی توڕەییەوە ووتی : ( کچێ ئافرەت ئەم ھەتیوە سەرسەرییەی تۆ نامەی داوە بە کچی ماڵی شەفە شیلە ، جا دەزانی شەفە شیلە کێیە ؟ ) . دایکی ئەحەش بە سەرسوڕمانەوە ووتی : ( ئەیەڕۆ شەفە شیلە کێیە ؟ ) . باوکی ووتی : ( شەریفە شیلە کابرایەکی چەقۆ وەشێنی شەلاتی و شەڕەنگێزە و وەک شیلە وایە و بەھەرچ کەسێکدا بنووسێت تا ھەموو پێستی لەشی دانەماڵێت واز ناھێنێت ) .

ئەحە لە ژوورەکەی سەرەوە گوێی لە ناوی شەفە شیلە بوو ، بەڵام ئەو نە شەریفە شیلەی بە خەیاڵدا دەھات و نە ھاتوھاواری باوکی . ھەموو ھۆشوھەستی لای گریان و فرمێسکەکانی دایکی بوو ، وەی کە دڵی بەو دایکە میھرەبانەی خۆی دەسووتا و لەو کاتەدا حەزیدەکرد بچێت و باوەشێکی گەرم گەرمی پێدا بکات و تێر تێر دەست و چاوە تەڕەکانی و بنی قاچەکانی ماچ بکات و بە دڵ پێی بڵێت : ( دایە گیان لەو کارەی خۆم پەشیمانم و نەمزانی کچەکەی شەریفە شیلە ڕێز لە ھەستونەستی پاکوبێگەردی ناخی دڵم ناگرێت و ئەم بەزم و گۆڵمەزە دەھێنێتە ماڵەکەمانەوە ) .
ئەو ئێوارەیە باوکی ئەحە دەمی بۆ خواردن نەبرد ، بە ھەناوی برسی و دڵێکی لێوان لێو لە خەم و خەفەتەوە خێرا چوو خۆی گۆڕیی و دەستی دایە تفەنگە یازدە تیرەکەی و بەرەو گومرگە سووتاوەکە ملینا و تا بەیانی بە خەمی ئەحەوە گێنگڵی دەدا و دەتلایەوە و جارجارێکیش لەبەر خۆیەوە دەیووت : ( چاوت لەم بەخت و ناوچەوانە ڕەشەی من بێت تووشی چیی بووم ، لە بەیانییەوە تا ئێوارە وەک سەگێکی پیێ سووتاو لە ناو بازاڕدا دێم و دەچم و شانوبازوو دەکوتم و شەوانیش وەک کوندەپەپوویەکی پیر بە تەنھا لەم گومرگە سووتاوە کاولەدا شەو دەکەمەوە ، ئاخر بۆ کێش ؟ ، بۆ ئەو تەمەڵەی کوڕم تا بیدات بە قەڵەم و کاغەز و نامەی بۆ کچەتیوەکەی شەریفە شیلە پیێ بنووسێت ، منداڵی خەڵکیش ، کە نیو ئەوەندەی من ماندوو نابن دەچنە زانکۆ و دەبن بە پزیشک و مامۆستا ) .

لەو لاشەوە دایکی ئەحە بە درێژایی ئەو شەوە ناخۆشە خەو چاوەکانی نەگرت و تا مەلای مزگەوتەکەی خانەقا ووتی : ( ئەڵلاھو ئەکبەر ) ، ئەو ھەر بەخەبەر بوو . بەیانییەکی درەنگیش ئەحە لە ژوورەکەی خۆی ھاتە خوارەوە و لە تەریقیدا نەیتوانی ماوەیک قسە بکات ، پاشان روویکردە دایکی و ووتی : ( دایە گیان لەم ڕۆوە خۆم ئامادە دەکەم بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ بە ھیوای ئەوەی لەم پۆلی سیێ نەگریسە دەربچم و تۆزێک دەمارە ڕەقەکانی دڵی باوکمی پیێ نەرم بکەم و خۆشم و ئێوەش ئاسوودە بکەم ) . بێگومان ھەر واشیکرد ، ئیتر ھەر ئەو ڕۆژە لە ژوورەکەی خۆیدا کەوتە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی کتێبە کۆنەکانی . ئەم ژوورەی ئەحە خۆشترین ژووری ماڵەکەیان بوو ، کەوتبووە نھۆمی سەرەوە و پەنجەرە گەورەکانی بەسەر ھەموو گەڕەگدا دەیڕوانی و بە جوانی حەوشە و سەربانی زوربەی زۆری ماڵە دراوسێکانی لێوە دیار بــوو . نزیکەی مانگێک کەوتە کۆششێکی بەردەوام و جگە لە وانەکانی بیری لە ھیچ شتێکی تر نەدەکردەوە و ھەموو ئێوارەیەکیش پێش ھاتنەوەی باوکی لە ماڵەوە بوو .

بەڵام سەرلەبەیانییەکی ڕۆژی ھەینی پیکابێکی سپی سەرلەنوێ ژیانی ئەحەی سەرقاڵکردەوە . ئەو پیکابە بە کۆمەڵێک کەلوپەلی ناو ماڵەوە لە بەردەمی خانووە چۆڵەکەی ئەوبەریانەوە وەستا و چەند کەسێک کەوتنە داگرتنی کەلوپەلەکانی ناوی ، ئەمەش نیشانەبوو کە کرێچییەکی تازە ھاتۆتە گەڕکەکەیانەوە . ئەحە چاوی لەسەر ئەو کچە قژزەردە لانەدەبرد کە چالاکتر لەپیاوەکان کەلوپەلەکانی دادەگرد و بەردەوام چاوی بە ئاڕاستەی ئەودا دەڕۆیشت ، بەمەش ماخۆلان کەوتە گیانی و خوا خوای بوو زوو بزانی ئەم ماڵە تازەیە کێین . ئیتر لەو کاتەوە ئەم ئەحە نەگبەتە ئەگەر جارێک تەماشای لاپەڕەیکی بکردایە ئەوا سەدجار تەماشای ئەو ماڵەی دەکرد و خوێندنی لە بەرچاوکەوت و ئارامی نەگرت تا ئەو ڕۆژەی بەھاری خوشکی باسی ئەو ماڵەی بۆ دایکی دەکرد : ( ئەم ماڵە بریتین لە دایکێک و کوڕ و کچێک و بووکەکەیان ، کچەکەیان ناوی فریشتەیە و تا پۆلی شەشی سەرەتای خوێندووە و وازی لە خوێندن ھێناوە ، کوڕکەیان لە کارگەی چیمەنتۆ کرێکارە و خێزانەکەشی ژنی ماڵەوەیە … ) . ئەحە ھەر ئەوەندە گوێی لە بەھاری خوشکی گرت و ڕێک چووەوە ژوورەکەی خۆی و لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت فریشتە ، بە ڕاستی ناوێکی خۆشە و لە دوورەوە ھەر لـــە فریشتەش دەچێت . ڕۆژی دوایی بە ڕێکەوت ئەحە لە ناوەراستی کۆڵانەکەی ماڵی خۆیاندا لووتی بوو بە لووتی فریشتە و براژنەکەیەوە و بۆی دەرکەت ، کە فریشتە بە ڕاستی فریشتە یەکە بۆ خۆی و جوانییەکەی و دوو چاوە سەوزە گەشەکانی بە جارێک کاریان لە ڕۆحیکرد .

ئیتر بە تەواوەتی زەوقی لە کۆششکردن نەما و بە یەکجاری وانەکانی فەرامۆشکرد و لە ژوورەکەی خۆیەوە کەوتە سەرەتاتکێ و چاودێری فریشتە ، بە جۆرێک فریشتەش ھەستی پێکردبوو . پاشان بە دەست کەوتە ئیشارەتکردن و سڵاوکردن ، ئەوەی سەیر بوو فریشتەش حەزی لەو بەزمە بوو . ئەحە لە خۆشیدا جێگای بە خۆی نەدەگرت و کەمترین کات ئەو ژوورەی چۆڵدەکرد و ھەموو خەون و خولیای ئەوەبوو ئەو نێچیرەی لە دەست نەچێت ، کەچی دایکی و بەھاری خوشکیشی بەردەوام دوعایان بۆدەکرد و لە خوا دەپاڕانەوە لە کۆششکردن پشتی ساردنەبێتەوە ، ھەتا بەیانییەکی چوارشەممە دایکی بە دڵێکی پاکەوە دەستنوێژیگرت و چوو بۆ مزگەوتی گەورە و بە گەرمی مەزارە پیرۆزەکەی کاک ئەحمەدی شێخی چەند جارێک ماچکرد و بە پەرۆشەوە ڕوویکردە ئاسمان و ووتی : ( ئەی خوای پەروەردگاری تاکوتەنیای ڕەبوالعالەمین بیکە بە خاتری گەورەیی خۆت و خۆشەویستەکەی خۆت کە پێغەمبەری نازدار محەمەد مستەفایە و ڕوحیانەتی پاکوبێگەردی ئەم کاک ئەحمەدی شێخە ، ئەو تاقە کوڕەم لە قەزاوبەڵڵای دنیا بە دوور کە و دەرگای سەرکەوتنی ئەو پۆلی سێیەی بە جوانی بۆ بکەرەوە و مەڕێکم مەولودی پێغەمبەرە خۆشەویستەکەی خۆت بێت ) . لەو لاشەوە ئەحە پەڕە کاغەزێکی خەتداری گەورەی بە سنگییەوە گرتبوو لە لایەکی پەنجەرەکەوە پیشانی فریشتەی دەدا و بەدەم و دەست ئیشارەتی بۆ کاغەزەکەی دەکرد و دەیویست پێی بڵێ نامەیەکم بۆ نووسیویت و سبەینێ سەعات دووی پاش نیوەڕۆ وەرە سەربان تا ئەو کاغەزەت بۆ ھەڵبدەم . بە ھەزار حاڵ فریشتەی تێگەیاند و ئەویش زۆر بە جوانی سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند . ئەحە ئەو شەوە نامەیەکی زۆر جوانی نووسی ، ڕۆژی دوایی نامەکەی بە بەردێکی سافەوە بەست و چووە سەر سەربانی ماڵی خۆیان و فریشتەش لەو کاتەدا ھاتبووە سەر سەربان .

ئەحە بە جوانی سەیرێکی ئەملاولای کۆڵانەکەی کرد ، کاتێک زانی کۆلانەکە چۆڵە و کەس دیار نییە ھەتا توانی گوڕیی بەستەوە و زۆر بە قایم کاغەزەکەی بۆ ھەڵدا ، بەڵام لە بەختی ڕەشی ئەحەدا نامەکە بەر تەلی کارەبای کۆلانەکە کەوت و ڕێک لە بەردەمی جەبارە شەلدا کەوتە خوارەوە . جەبارە شەل پێش تۆزێک ئەحەی بە سیلەی چاو لە سەربان بینیی بوو ، زانی ئەو نامەیە نامەی ئەحەیە ، بۆیە بێ سێودوو نامەکەی ھەڵگرد و لێیدا ڕۆیشت و ھەر بە دەم ڕیگاشەوە نامەکەی کردەوە و تێر تێر بە ئاوەزی ئەحە پێکەنی . لەو نامەیەدا زۆر وشە و ڕستەی جوان جوانی نووسیبوو : ( گیانە شیرینەکەم لەو ڕۆژەی ئێوە ھاتوون ئەم گەڕەکەتان بە تەواوی ڕووناککردۆتەوە ، یاخوا بە خێربێن… ھەر لە یەکەم ساتەوە تۆم خۆشویستووە و بەڕاستی تۆ پەری و فریشتە و گوڵێکی قەشەنگ و دانسقەیت و لە بەرچاوی من لە ھەموو کەسێک جوانتری و لە ناخی مندا چووزەرەت دەرکردووە .. ھیوادارم دڵی تۆش وەک دڵی من وابێت و شەو نییە خەو بە تۆوە نەبینم … تکات لێدەکەم سبەینی لە کۆڵانەکەی پشت ماڵی خۆتاندا وەڵامی ئەم نامەیەم بدەرەوە … تکایە وەڵام .. تکایە وەڵام چونکە دەڵێی لەسەر ئاگرم و ھۆشوھەستم لای خۆم نەماوە …. ) . ھەر نامەکە کەوتە خوارەوە ئەحە گورج خۆی شاردەوە و خوا خوای بوو جەبارە شەل نەی بینێ ، ئەوەندە پەست بوو خەنجەرت لێبدایە خوێنی لێنەدەھات و ئاراموئۆقرەی لەبەربڕا و جێگای بە خۆی نەدەگرت و نەیزانی چۆن چۆنی ئەو جەبارە شەلە نەعلەتییە لەوکاتەدا پەیدابوو ، ئەوەی سەیر بوو ڕۆژی دوایی لەسەر شەقامی کاوە و نزیک کەبابخانەکەی کاکە عومەری ئەجێ جەبارە شەل ئەحەی بینی و لێی نزیک کەوتەوە و بە پێکەنینەوە بە ئەحەی ووت : ( ئەرێ خاڵۆ خۆمان وەڵامی نامەکەت بدەینەوە ) . ئەحە خوا خوای بوو ببێت بە تنۆکێک ئاو و بە ناخی زەویدا ڕۆبچێت ، بۆیە لە تەریقیدا سەری داخست و بەبێ ئەوەی قسەیەک بکات بە خێرایی لە جەبار دوور کەتەوە . جەبار بوو بەگرێ کوێرەی سەر دڵی ئەحە ، لە ھەرچ شوێنێکدا بیبینیایە خۆی لیێ دەشاردەوە . زوو زووش لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( سەرباری خەمی باوکم خەمی جەبارە شەلیش ھاتە سەر دڵمان ) .

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندی ئەحە و فریشتە زیاتر پەرەی دەسەند ، چەند جار ێک لە کۆلانە تەسک و درێژەکانی سەرشەقامدا یەکتریان دەبینی و قسەیان پێکەوە دەکرد و بە جۆرێک فریشتە تێکەڵ بە ناخی ئەحە بوو بوو ، تاقیکردنەوەی ھەر لە بیر نەمابوو ، بەلام لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکاندا و لەبەر خاتری دایک و باوکی چوو ھەموو تاقیکردنەوەکانی تەواوکرد و لە ئەنجامدا بە چوار سفرەوە گەڕایەوە . کاتێک دایکی بەو سفرانەی زانی خەریکبوو لە داخدا لە پێستی خۆی دەربچێت و بە ئەحەی ووت : ( خۆ تۆ بە ناخێری گیانت ساڵی پار باشتر بوویت ، پار بە دوو سفرەوە گەڕایتەوە ، کەچی ئەمساڵ کردت بە چوار و بەخوا ئەگەر باوکت بەمە بزانێ حەیا و شەرەفت دەبا ، ئەی خوای گەورە ئەمە چ چاوێکی پیسە وا کاری لەم ھەتیوەم کردووە) . ماوەیەک ئەو سفرانەیان لە باوکی شاردەوە ، بەلام کە ئەویش زانی تەنھا چوار تفی خەستوخۆڵی گرتە تەختی ناوچەوانی ئەحە و ووتی : ( حەیفە کەسێکی تەپۆ و بوودەڵە و بێ خێروبێری وەکو تۆ کوڕیی کابرایەکی داما و ماندووی وەک من بیت ، خۆزگە دەمتوانی بە تفەنگە یازدە تیرەکەم یازدە فیشەکم بەو کەللە پووتەدەوە دەنا و لە دەستت ڕزگارمان دەبوو ، بڕۆ لە بەرچاوم مەمێنە ھەی پێستی سەرت بە نەحلەت بێ ) . ئەحە ھەر دەتوت قوڕقوشمی کراوەتە ناو گویێ و وەک کاسەی چەوری لێھاتبوو بە ھیچ قسەیەکی باوکی تەڕ نەدەبوو ، چونکە ئەوە یەکەمجاری نەبوو بە تفی باوکی دەمووچاوی سواخ بدرێت ، بۆیە باکی نەبوو ، بە سەرشۆڕیی پشتیکردە ھەموویان و چووەوە بۆ ژوورەکەی خۆی ، ھەر کە لە پەنجەرەکەوە ماڵی فریشتەی بینی ، نە تفەکانی باوکی لە بیرما و نە خەمە گەورەکانی دڵە میھرەبانەکەی دایکی .

پەیوەندی ئەحە و فریشتە ئەوەندە بە ھێز بوو ، ڕۆژێکیان فریشتە کلیلی دەرگای دەرەوەی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە تا وێنەیەکی لە بەربگرێتەوە . لە لایەکی ترەوە فریشتە خۆیکرد بە ھاوڕێی بەھاری خوشکی و جار جار سەردانی یەکتریان دەکرد ، ئەحەش بەم ھاوڕێیەتیان شادمان بوو . ئەوەی ئەحەی زۆر پەست و بێزار دەکرد تەنھا جەبارە شەل بوو ، چونکە جار جار دەیبینی و دەبوایە لە ترسیی تانە و تەشەر و قسەکانی لە حەوت کون خۆی بشاردایەتەوە . ئەو ساڵە گەرمەی وتووێژ و دانوسانی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی عیراق بوو . پێشمەرگەکان گەڕابوونەوە بۆ ناو کەسوکاریان ، نامیقیش بە خۆی و بڕنەوێکی درێژەوە گەڕابۆوە . نامیق کاتی خۆی لەگەڵ ئەحەدا لە یەک قوتابخانەدا بوون ، زۆر بزێو و جەربەزە بوو . سەرلە ئێواران پیاوان و کوڕانی ئەو گەڕەکە لە نامیق کۆدەبوونەوە و ئەویش بە خۆی و بڕنەوەکەیەوە لە ناویاندا دەوەستا و باسی پێشمەرگایەتی بۆ دەکردن . ڕۆژێکیان نامیق لە ناو کۆمەڵێکدا یاریی بە تفەنگەکەیدەکرد ، لە پڕ فیشەکێکی لە دەست دەرچوو و ڕێک سەردڵی جەبارە شەلی ئاگردا و شەبەقێکی سوری گەورەی لە پشتدا کردەوە و یەکسەر ھەناسەی لێبڕیی و ھەر لە وێدا دەمی دا بەیەکدا و ساردبۆوە . بەمەش ئەحە خەمی جەبارە شەلیشی لە کۆڵبۆوە ، کە بوو بوو بە مۆتەکەی سەر شانی . ئیتر ئەحە ھیچ شتێک نەبوو لێی بترسێت ، چونکە باوکی بە تەواوەتی فەرامۆشی کردبوو و نامیقیش جەبارە شەل و نھێنی نامەکەی بە یەک فیشەک بۆ خستە ناو گۆڕێکی گردی سەیوانەوە .

تا دەھات بڵێسەی ئاگری دڵی ئەم دوو دڵدارە زیاتر کڵپەی دەسەند و پڕیشکی دەھاویشت ، بە جۆرێک نەعیمەی براژنی فریشتە بەو پەیوەندییەی زانی بوو و بە تەواویش یــارمەتی و ھـاوکاریشی دەکردن .
بۆیە فریشتە بە پشتی نەعیمە بە ئەحەی ووت : ( شەوانی شەممە و یەک شەممە و دووشەممان کاکم شەوانە کاردەکات و لە ماڵەوە نییە و دایکم و براژنیشم لە سەربان دەنوون ، ئەگەر ئارەزوو بکەیت دەتوانم لە نیوە شەودا دەرگات بۆ بکەمەوە و سەردانم بکەیت ، ئەمەش لەوە چاکترە لە ناو کۆلاناندا یەکتریی ببینیین ) . ئەحە ئەمەی لە خوا دەویست و زۆر زۆری پێخۆشبوو ، دەمێکیش بوو دەیویست ئەو ئەم پێشنیارە بۆ فریشتە بکات ، بەلام باشبوو وا خۆی کردی . ئنجا فریشتە ووتی : ( کەواتە ئەگەر کاتژمێری دووی شەوی شەممەی داھاتوو گڵۆپەکەی بەردەرگای ماڵی خۆمانم کوژاندەوە و دام نەگیرسانەوە ئەوە مانای وایە لەو دیو دەرگاکەمانەوە چاوەڕوانت دەکەم و دەتوانیت بێیت و ماوەیەک پێکەوە بین ) . ئەحە لە خۆشیدا قاچەکانی نە دەکەوتە زەوی و زۆر دەمێک بوو چاوەڕوانی ھەلێکی وا خۆشیدەکرد و لە چوونە دەرەوەی شەویشدا ھیچ کێشەیەکی نەبوو ، چونکە باوکی بە خۆی و تفەنگە یازدە تیرەکەیەوە پاسەوانی گومرگە سووتاوەکەی دەکرد و دایک و بەھاری خۆشکیشی شەوانە زوو دەنووستن .
ئەحە ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕا و ھەموو سەعاتێکی بە ساڵێک لیێ دەڕۆیشت و نەیدەزانی تا شەوی شەممە چۆن چۆنی کاتەکانی بەسەربەرێت و بە دیار میلی کاتژمێرەکەیەوە وەک مۆم دەتوایەوە .
شەوی شەممە ھات و ئەحە بە جوانی خۆی ئامادەکرد و چاوەکانی بڕیبووە گڵۆپەکەی سەردەرگای ماڵی فریشتە ، کە وەک دڵی ئەحە دەسووتا ، لە کاتژمێری دووی نیوە شەودا گڵۆپەکە خامۆشبوو ، ئەحە ئاوێکی سارد و فێنکی زۆر خۆش کرا بەسەر دڵیدا و بە ھیواشی و بەبێ ئەوەی دەنگی پێکانی بێت ھاتە خوارەوە و لە ماڵ چووە دەرەوە و بە خێرایی ملینا بۆ بەردەمی ماڵی فریشتە ، کە لەو کاتەدا لە درزی دەرگاکەوە چاوەڕوانی دەکرد . ھەر ئەحە گەیشت گورج دەرگاکەی بۆ کردەوە و بێ پرس و بێ ترس چووە ژوورەوە و لە داڵانەکەدا بەیەک گەیشتن و نیگای چاوەکانیان پێکەوە یەکانگیربوون و باوەشێکی ئێجگار گەرمیان بە یەکدا کرد و پاشان چوونە ژوورەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆیان یەکتریان ماچکرد و ئاگایان لە دنیا نەما . ئەحە لەگەڵ ھەر ماچێک و گوشینی مەمکە تورتە بچکۆلەکانیدا ، دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی و بە دڵ خۆیدەکرد بە قوربانی و زوو زووش دەیوت : ( لە ئێستاوە لە پێناوی بەختیاری تۆدا دەژیم و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە خۆشە دەکەم بە یەک بگەین ) . ئەو شەوە ھەتا بازن و تەوقە و گوارەکانیشی ماچکرد و خۆشترین شەوی ژیانی ئەحە بوو ، کە گەڕایەوە ماڵەوە ئەوەندە ماندوو بوو نە یدەتوانی لەسەر لاقەکانی خۆی ڕابگرێت ، بۆیە ئەو نووستنەی لێی نووست ، تا نیوەڕۆیەکی درەنگ چرچەی نەکرد و باوەڕی بەوەش نەدەکرد دڵداریی ئەوەندە خۆشبێت . ئیتر ئەحە ھەموو ھۆش و ھەستی لای ئەو کچە بوو تەنھا ساتێک شێوەی شیرینی لە بەرچاو لا نەدەچوو .

لە ماوەی مانگێکدا دوو جاری تر توانی بچێتە ژووانی فریشتەوە و خۆشترین کات پێکەوە بە سەربەرن . بەلام ئەم خۆشییەیان تــا ســەر نەبوو ، ڕۆژێکیان فریشتە بە دەمووچاوێکی پەستەوە ، کە تک تک خەمی لیێ دەباری بە ئەحەی ووت : ( دوو شت ھەیە دەمەوێت پێت بڵێم ، جا تکایە خۆ ڕاگر و ھێمن بە تا قسەکانم تەواو دەکەم ، یەکەمیان خوازبێنی کەرم ھەیە ، ئەو کەسەش کوڕێ ناسیاوێکی ھاوڕیێەکی کاکمە و ھەمووش حەزدەکەن شووی پیێ بکەم ، دووەمیشیان ھەفتەی داھاتوو لەم گەڕەکە دەگوێزینەوە و دەچینە نزیک سەرچنار ، جا بە ڕاستی من دڵم بە تۆوەیە ئەگەر دەتوانیت بە زوترین کات وەرە بۆ داخوازیم ) . ئەحە کسپەی ئازارێک لە ھەناوی ھەستا و وا بەو قسانە تاسا دەتووت دنیا بەسەریدا ڕوخاوە و پێش ئەوەی بە وشەیەک دەم بکاتەوە فریشتەی بە دووچاوی پڕ لە فرمێسکەوە لیێ دوور کەوتەوە . ئەحە لە ژێر باری ئەو خەمەدا خەریکبوو شێت بێت و باوەڕی بە خۆی نەدەکرد و بە تەواوی پەشۆکا و خۆشی نەیزانی چۆن چۆنی گەیشتەوە ماڵەوە و یەک تەختە لێی پاڵکەوت و بەردەوام بە خەمی قسەکانی فریشتەوە دەتلایەوە و کەوتە وڕێنەکردن : ( وەرە بۆ خوازبێنیم ، ئاخر ئەگەر بە چوار سفری چاو زەقەوە داوای ژن بکەم ، یان باوکم شێت دەبێت و بە تفەنگە یازدە تیرەکەی ھەموومان دەکوژێت ، یان ئەم خانووەمان بە سەردا کاولدەکات ، خوایە گیان من تووشی چیی بووم ) . ئیتر وەک نەخۆشێکی گێژیی لێھات و مێشکی بوو بە شارە زەردەواڵە و تاقەتی نەبوو نە تەماشای ماڵی فریشتە بکات و نە نانیش بخوات و کەوتە ناو گێژاوی کێشەیەکی ئێجگار قورسەوە بەردەوام تیایدا دەسووتا.
پاش چەند ڕۆژێک پیکابە سپییەکە بە بەرچاوی ئەحەوە کەلوپەلی ماڵی فریشتەیان لیێ بارکرد ، ئەحە دەتووت لە پەنجەرەکانی دۆزەخەوە تەماشای ئەو پیکابە دەکات و ناخی دڵی بوو بوو بە گڕکانێک و پشکۆی بە ھەموو گیانی ئەحەدا پەرشوبڵاودەکردەوە . خۆ کاتێک شەو ھات و گڵۆپە کوژاوەکەی بەردەرگای ماڵە چۆڵەکەی فریشتەی بینی ، بە تەواوی ڕوخا و ھەزار بیرۆکەی خراپ و ترسناک بەردەوام مێشکیان دەهاڕی .

٣

ئەحە بە جۆرێک تێکچوو، جێگای بە خۆی نەدەگرت و لەو ماڵەدا بە کژ داروبەرددا دەچوو و بوو بە ئاگر چووە گەردنی دایکی و بەھاری خوشکی و بە تەواوی لە تامی دەرکردبوو ، بۆیە بە دڵ لێی بە گازندە بوون . خۆشی نەیدەزانی چیی دەوێت و چیی دەکات ، وەک گابەردێک وا بوو لە تروپکی شاخێکی ھەزار بە ھەزارەوە گلۆر بووبێتەوە و کەس نەیدەزانی لە کوێدا دەگیرسێتەوە و کەی ئارامدەگرێت . جارێکیان دایکی ھاتە تینی و ووتی : ( ئەگەر مردم و لەسەر تاتە شۆرەکەم ئاو بە دەممدا ھاتە خوارەوە ، ئەوە بزانن زوخاوی ڕەشی ئەم ھەتیوە سەرشینەیە ، کە نەیھێشت ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ماڵەدا بە خۆشی نانێک بخۆین ) . ئەحە بەم قسانەش ئەوەندەی تر باری دەروونی تێکدەچوو ، خۆ کاتێک لە دوورەوە خانووە چۆڵەکەی فریشتە و گڵۆپە کوژاوەکەی سەر دەرگاکەیانی دەبینی ، بە جارێک ھۆشوھەستی لا نەدەما و ئەقڵی لە دەستدەدا .

بە تایبەتی ئەو گڵۆپە ئەوەندە کاری کردبووە سەری ، شەوێکیان بە پرتاو چووە دەرەوە و ماوەیک لە بەردەمی ماڵی خۆیاندا وەستا و کاتێک زانی کەس دیار نییە بە یەک ھەنگاو خۆی گەیاندە بەر دەرگای ئەو خانووە و بە خێرایی دەرگاکەی کردەوە و چووە ژوورەوە و گڵۆپەکەی داگیرسان و گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە بەرخۆیەوە دەیووت : ( حەزدەکەم ئەو گڵۆپە ھەمیشە داگیرساو بێت تا ئەو ساتانەم بیرنەکەوێتەوە کە چاوەڕوانی ژووانی فریشتەم دەکرد و دەم گرتە باوەشی دڵم ) . بێگومان ئەمەش کەفەکوڵی خەموپەژارەی ناخی ئەحەی دانەمرکاندەوە و گلاراو لە عومری کەوتبوو و وەک شێت و ھاری لێھاتبوو و ھەزار بیرۆکەی خراپ خراپ لە مێشکیدا مێروولەی دەکرد و لە دواجاردا ھاتە سەر ئەوەی ئەو خانووە بسووتێنێت و لە بەرچاوی نەمێنێت . بۆیە ھەموو خەون و خولیا و ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو کارە پڕ مەترسییە بوو ، دەتووت میزە پشیلەیان لە بنی قاچەکانی دراوە و جێگای بە خۆی نەدەگرت و خوا خوای بوو بە زوترین کات ئاگر لەو خانووە بەربدات و تاڤگە و گڕ و کڵپە و بڵێسە و داوە دوکەڵی بەرەو ئاسمان بەرزببێتەوە و سەرتاپا ببێت بە سوتوو و خۆڵەمێش و ڕەشەبایەکی قایمیش ھەر ھەمووی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵێت و جگە لە چوار دیوار و کەلاوەیەکی چۆڵوھۆڵی وێران ھیچی تری لە بەرچاو نەمێنێت . بەڵام ئەوەی بوو بوو بە کۆسپ و دەستەکانی ئەحەی بەستبوو تەنھا باوکی بوو .

چونکە پێش چوار شەو دوو دز خۆیان لە گومرگە سووتاوەکەدا مەڵاس دابوو بۆ دزیکردن ، باوکی ئازایانە لێیان ڕادەپەڕێت تا دەسگیریان بکات ، بەڵام یەکێکیان لە پشتەوە و بە چەقۆیەکی ڕووتەوە پەلاماری دەدات و بە سووکی شانی چەپی زامدار دەکات و ئەویش مەردانە ئاوەڕیی لیی دەداتەوە و بە ھەموو ھێز و توانای خۆیەوە قۆناخە تفەنگێک لە سەر دڵی دەسرەوێنێت و دەی تاسێنێ و بە پشتا دەیخات ، دزی دووەم دەیەوێت بچێت بە ھانای ھاوڕێکەیەوە ، بەلام باوکی ئەحە گوللەیەک بە سەر سەریدا دەتەقێنێت ، ناڵەی ئەو گوللەی یازدەتیرە دوابڕاوە ئەوەندە بەھێز دەبێت کابرا بە جارێک ئەتۆقێ و لە جێگای خۆی ئەوق دەبێت و لە ترسی گیانی خۆی دەکەوێت بەسەر پێلاوەکانیدا و باوکی ئەحەش زوو زوو دەڵێت : ( قەستەم بەخوا بجوڵێنەوە سەردڵتان پڕدەکەم لە دووکەڵ و بارووت ) . لەو شەوە کشوماتەدا و لەگەڵ ئەو ناڵەیەدا پاسەوانەکانی نزیک گومرگە سووتاوەکە دەکەونە فیکە فیک و لەگەڵ پۆلیسدا بەدەم تەقەکەوە دەچن و دوو دزەکە دەستگیردەکەن و باوکی ئەحەش دەبەن بۆ نەخۆشخانە و تیماری برینەکەی دەکەن و لە پاداشتی ئەو ئازایەتییەیدا ھەفتەیەک ئێشکی پیێ ناگرن . ئیتر ڕۆژانە دەچوو بۆ سەر دوکانەکەی و شەوانیش بۆخۆی لەماڵەوە پاڵی لێدابۆوە و دەستە دەستە ھاوڕێی و ناسیاوەکانی سەردانیان دەکرد ، ئەحە کە ئەو قەڵەباڵغییەی لە دەوری باوکی دەبینی خەریکبوو شێت دەبوو ، لە داخی دڵی خۆی ولە بەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت : ( تۆ چاوت لەمە ناکەی لە چ کاتێکدا دزم بۆ دەگرێت ، دزێکیش نا ، بە جارێک دوو دز ، ئاخر ئەگەر لە بەختی ڕيشی مندا نەبێت ، کەی ئەو گومرگە سوتاوە کاولە بە حەیاتی دزی چۆتە سەر ) .

ئەحە دەتووت لەسەر ئاگرە بۆ سووتانی ئەو خانووە ، ترسی ئەوەی ھەبوو سەرلەنوێ بدرێتەوە بە کرێ ، بۆیە بەبێ ئەوەی گویێ بداتە بوونی باوکی بڕیاریدا شەو بەو کارە پڕ مەترسییە ھەڵبستێت و ئیسراحەت بە مێشکی ماندووی خۆی بدات . بۆ ئەمەش یەکەمجار چوو گۆچانە حەیزەرانەکی باوکی ھانییە ژوورەکەی خۆی و تەلێکی ڕووتی نەختێک درێژی بە بنیەوە بەست ، پاشان بە دزیی دایکییەوە یەک شووشەی پڕ لە نەوتی ئامادەکرد و بڕیاریدا لە نیوەشەودا ئاگر بەربداتە ئـــەو خانووە . ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی ھاوین بوو ، جگە لە ئەحە ھەموویان بە شەو لە حەوشەکەدا دەنووستن ، بەڵام ئەحە لەبەر باوکی لە ژوورەکەی خۆیدا دەمایەوە ، جگە لە باوکی ماوەی ھەفتەیەکبوو سەبری خوشکی بە تۆراویی گەڕابۆوە ماڵی ئەمان . ئەو شەوە جێگای سەبری نزیک دەرگای دەرەوە یان بوو ، ئەحە لە نیوەشەودا کە دڵنیابوو ھەموو خێزانەکەی لە خەوی شیرینی خۆیاندان ، تەپەدۆرێکی بە جوانی سووتان و ڕیش و سمێڵێکی ئەستور و ڕەش ڕەشی قەترانی بۆ خۆی دروستکرد و کڵاوجامانەکەی باوکی نایە سەری و لە سووچی پەنجەرە کراوەکەی خۆیەوە ، کە نزیک بە دیواری دەرەوە بوو ، دار حەیزەرانەکەی درێژکرد بۆ تەلەکانی کارەبا ، کە بە دیوارەکەیانەوە قایمکرابوون و سارد و گەرمی لە یەکدا و کارەبا شۆرتیکرد و کوژایەوە و گەڕەک بەجارێک بوو بە تاریکستانێکی ئەموستەچاو . ماوەیەک وەستا و کاتێک زانی کەس بە خەبەر نییە ئنجا پێڵاوە لاستیکەکانی باوکی لە پێکرد و شقارتەیەک و بوتڵە نەوتەکەی ھەڵگرد و زۆر بە ئەسپایی چووە خوارەوە ، ئەوەندە بە ھێواشی ھەنگاوی پچکۆلەی دەنا خۆشی گوێی لە دەنگ وترپەی قاچەکانی خۆی نەبوو . گەیشتە بەردەمی دەرگای دەرەوە و ویستی لەسەرخۆ بیکاتەوە ، ئا لەو ساتەدا و بۆ نەگبەتی ئەحە سەبری خوشکی کە لەبەر کێشەی خۆی بە تەواوی نەنوستبو ، بەو تاریکییە لە جێگەکەی خۆی ڕاپەڕی و بە ھەموو ھێز و توانایەوە پەلاماری ئەحەی دا و ئامبازی بوو وایزانی دزە و کەوتە ھاوار ھاوار . باوکی بە یەک قەڵەمبازد گەیشتە سەری و گورج بە قۆڵی ڕاستی ملی ئەحەی بەستەوە و نەیھێشت جووڵە بکات و خەریکبوو ھەر ھەموو دەمــارەکــــانی ملی بپچڕێنێت و سەری لە لەشی جوێ بکاتەوە و ووتـــی : ( کەرباب من خۆم بە شەو تا بەیانی دز ڕاو دەکەم ، کەچیی گەوجێکی وەک تۆ دێیتە سەر ماڵی من بۆ دزی ) . ئەحە زەندەقی چوو ، وا ساکابوو فززەی لێوە نەھات . بەھار و سەبریش بەو تاریکییە ، وەک دزێکی ڕاستەقینەیان گرتبێ بە نەعل و چەپۆک کەوتنە سەروگوێلاکی ، باوکی وەک لاشەیەکی بێ گیان کێشیکرد بۆ بەردەمی ھەیوانەکە و بە بەھاری ووت ، ئا بڕۆ لە ژوور سەرینەکەم ئەو لایتەم بۆ بێنە .

بەھار لایتەکەی ھانی و دای لە دەمووچاوی . تەماشایانکرد خۆ ئەمە کاکە ئەحەی خۆیانە . ھەموو بە جارێک حەپەسان و باوکی کە بەو شێوەیە ئەحەی بینی ھۆش لە کەللەیدا نەما و ئاگر لە چاوەکانی دەباری و ھەتا توانی زللەیەک و شەقێکی قایمی وای تێھەڵدا یەک بستی بەرزکردەوە . سەبری دەستی باوکی گرت و لێی دەپاڕایەوە بێ دەنگ بێت تا دراوسیێکان نەیەنە سەیریان . دایکی دەگریا و ڕوومەتەکانی خۆی دەڕنییەوە و دەیووت : ( کوڕە بۆ خاتری خوا تۆ بۆ واشێت بوویت ، ئاخر بەم نیوە شەوە ئەم دەمووچاوەی خۆتت بۆ وا ڕەشکردووە ، ئەی ئەو قاپە نەوت و کڵاووجامانەیەی باوکت چیدەکات لە لای تۆ ) . بەھار و سەبری باوکیان گرتبوو و بەردەوام دەستیان ماچدەکرد تاھێور بێتەوە ، بەڵام ئەو دامرکانەوەی بۆ نەبوو ، دەتووت شێرێکی تووڕەیە و لە ھەزار لاوە بریندارە ، بۆیە بە ھەموو ھێز و تین و توانایەوە لە دەستی سەبری و بەھار خۆی ڕاپسکان و چوو بۆ تفەنگە یازدە تیرەکەی تا لە کەللەی پووتی ئەحەدا خاڵی بکاتەوە ، بە خێراییەکی تیژی ئێجگار زۆری واوە خۆیکرد بە ژوورەکەدا ، لایەکی شانی بەر لاشیپانی دەرگاکە کەوت و بە قایمی گەڕایەوە بۆ دواوە و بەپشتا کەوت و گرمۆڵە بوو . بەو تاریکییە دایکی و سەبری و بەھار بە خێرایی چوون بە ھانایەوە و ویستیان ڕاستی بکەنەوە ، ھەر دەستیان دایە شانی پرخەیەکی قایمی لیێ بەرزبۆوە و ھەناسە لە سنگیا تاسا و سارد بۆوە و بە تەواوی نوزە و نرکەی لێ بڕا و سەری پڕ خەموخەفەتی بە یەکجاری نایەوە و دەستی لە دنیا بەردا و گیانی پاک و دڵۆڤانی بۆ بەھەشت فڕی . ئەحە بەو کارەساتە واقی وڕمابوو ، وەک ژن دەگریا و نەیدەزانی چیی بکات و چاوەکانی بوو بوون بە دوو جۆگای فرمێسک و لەگەڵ ڕەشی دەمووچاویدا تێکەڵ بوو بوون و سەروکەللەیەکی ئێجگار سەیر و ناشیرین و بێزوەری ھەبوو .

بەو شەوە تاریکە زیڕە لە ماڵی ئەحە ھەستا و قژڕنینەوە و ھاوار و زریکە و گریانی دایکی و بەھار و سەبری گەیشتە کەشکەلانی فەلەک و دڵی بەردیان دەکرد بە ئاو و بە یەک چرکە ھەموو گەڕەک و خەڵک و خوایان بە سەردا داباری و کەوتن بە کۆستی خۆیاندا . ئاخر ئەو مردنە لە ناکاوە مردنێک بوو دڵی بەردیشی دەکرد بە ئاو . بۆ بە یانی تەرمی ئەو پیاوە باشە ماندووەی ھەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ خۆشی مناڵەکانی بەرەو سەیوان بە ڕیێکرا و ئەو گەڕەکە ھەر ھەموویان لە ناشتنیا بەشداربوون و بە ڕێکەوت گۆڕەکەی چەند ھەنگاوێک لە گۆڕەکەی جەبارە شەلەوە دوور بوو . ئەحە کە گۆڕەکەی جەباری بینی برینەکانی کولایەوە و لە بەرخۆیەوە ووتی : ( خۆزگە ئەو ڕۆژەی نامەکەم کەوتە بەر پێڵاوە خۆڵاوییەکانی تۆوە ، وازم بھێنایە و دەستم لە کتێبەکانم ھەڵنەگرتایە ، خۆزگەش گڕیی فیشەکە بڕنەوەکەی نامیق بەر سەردڵی من بکەوتایە و سنگی منی ھەلاھەلا بکردایە و ئەم ڕۆژە ناخۆشەم بە چاوی خۆم نە بینیایە ) .

٤

لە دوای ئەو کارەساتە ناخۆشەوە ماڵی ئەحە بوو بە کورەیەک لە کورە پڕ لە پشکۆکانی دۆزەخ و بەردەوام تێیدا دەسووتان ، بە تایبەتی دایکی ئەحە بە سفت و سۆ دەگریا و ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕابوو ھێوربوونەوەی بۆ نەبوو ، بەردەوام دامێنی سەرپۆشە کرێشە ڕەشەکەی لە فرمێسکی تەڕی چاوەکانی ھەڵکێشرابوون ، خۆ ئازارەکانی سەبری لە ئازارەکانی دایکی زۆر خراپتر بوو . چاوەکانی بوو بوون بە دوو گۆمی خوێن ، ئاخر ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کۆستە گەورەکەی باوکی ، خەموپەژارەی ھاوسەر و منداڵەکانیشی لە ناخی ئاڵابوون . بەڵام بەھار لە وان باشتر بوو ، چونکە گیانێکی بە ھەستوسۆزی گەرموگوڕی ھاوڕیێ دڵسۆز و خۆشەویستەکانی بوو ، کە بۆ ساتێکیش دەوریان چۆڵنەدەکرد و بەردەوام دڵنەواییاندەکرد . ئەحەش پەشیمانی وەک گوێزانێکی تیژ ناخی ئەنجن ئەنجن دەکرد و بیرکردنەوە لە باوکی وەک بەرداشێک مێشکی دەھاڕیی و لە تەریقیدا ڕووی نەدەھات خۆی نیشانی دایک و خوشکەکانی بدات . حەزیدەکرد چاوەکانی کوێرایی دابێت و جلە ڕەشەکانی دایک و خوشکەکانی نەبینێ ، ئەو چاکدەیزانی کۆڵەکەی ماڵەکەیان باوکیان بوو ، ھەر تەنھا ئەو سەرچاوەی بژێوی ئەو ماڵە بوو ، ھەر تەنھا ئەویش بوو مشوری ھەموو داوایەکی ورد و درشتی یەک بە یەکی ئەو خێزانە دەخوارد ، کەچی بەھۆی گەمژەیی ئەمەوە ئەو کۆڵەکەیە لە ئانوساتێکدا ڕوخا و ئەمانی بە تەنھا بەجێھێشت و ژیانی تاریککردن .
ئەوەی تۆزێک تروسکایی دەدا بەم خێزانە کۆسکەوتووە خاڵی ئەحە و دراوسێ دوکانەکانی باوکی بوون ، کە سەراپا ناخی دڵیان باخی گوڵبوو ، ئێجگار پەرۆشی ژیانی ئەو خێزانە بوون . ھەر زوو بە ھانایانەوە ھاتن و بە پێی توانا و دەرەتانیان ھەموو ھاوکارییەکی خۆیان خستە بەر دەستیان . ئەوان دەیانزانی دەبێت یەکێکی تر ھەبێت سەرپەرشتی ژیانی ئەو خێزانە ڕوخاوە بکات ، بۆیە ھەر پاش چەند ڕۆژێک ھەموو لە ماڵی ئەحە کۆبوونەوە و داویان لە ئەحە کرد بچێتە سەر دوکانەکەی باوکی و درێژە بە کارەکەی بدات و ئەوانیش بە ھەموو شێوەیەک پشتییوانی دەکەن و یارمەتی پێویستی پێشکەش دەکەن . بێگومان ئەوەش تەنھا چارەسەر بوو کە بەردەوامی بە ژیانی ئەو خێزانە بدات .

ڕۆژی دوایی ئەحە لەگەڵ خاڵیدا ، کە تا خوا حەزبکات پیاوێکی ئازا و دڵسۆز و مەردبوو چوون دەرگای دوکانەکەیان کردەوە و دراوسیێکانیان بە پەرۆشەوە لە دەوریان کۆبوونەوە و ھەر یەکەیان بە جۆرێک ورەی ئەحەی بەرزدەکردەوە . خاڵیشی چەند ڕۆژێک لێی دوور نەکەوتەوە و ھاوکارییەکی چاکی کرد و پاشان بڕێک پارەشی خستە ژێر دەستییەوە تا بتوانێت کەلوپەلی تازەی پیێ دابین بکات و ناوی باوکی لەو گوزەرەدا کوێر نەکاتەوە .
ناخی پڕ خەمی ئەحە و ویژدانی برینداری وزەی دەدایە بەری تا لەو کارەیدا سەرکەوتوو بێت ، خۆ یارمەتی بێ سنوری ئەو دراوسیێ ئەمەکدارە زۆر چاکانەی لە دنیادا وێنەیان نەبوو ، تا دەھات کاری ئەحەی ئاسانتردەکرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر دەبوو ، لە ھەمان کاتدا لە ھەوڵی ئەوەدا بوو گابەردێکی گەورە لەسەر ڕابووردووی خۆی دابنێت و بیری لیێ نەکاتەوە ، ئەو تەنھا ھیوا و ئاواتی ئەوە بوو دڵی شکاوی دایکی و خوشکەکانی ئاشتبکاتەوە و کارێک بکات بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت و ژیانێکی نوێ دەستپێبکاتەوە .

بێگومان ھەر واشیکرد و لە ھیچ چاکەیەک خۆی نەدەبوارد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا وردەکارییەکانی کارەکەی باوکی شارەزابێت و دڵی مشتەرییەکانی بە جوانی ڕابگرێت ، ئێوارانێکی درەنگیش کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە گەرمی دەستی دەکردە ملی دایک و خوشکەکانی و ماچ و دڵنەوایی دەکردن ، توانی وردە وردە دڵی ئەوان تا ڕادەیەک ئاشتبکاتەوە و بەڵگەش بۆ ئەمە دوعا و نزا زۆرەکانی دایکی بوو ، کە دوای ھەموو نوێژێک و لەسەر بەرماڵەکەی و ڕوو لە یەزدان داوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ دەخواست . ژیانی تازە وای لە ئەحە کرد ببێت بە کوڕێکی تر و ھەموو ھۆشوھەستی لای بژێوی خێزانەکەی بێ ، بە جۆرێکی ئەوتۆش گۆڕڕابوو ئیتر ھی ئەوە نەبوو پێی بڵیێت ئەحە . جا لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانە سەرقاڵی کاروکاسپی خۆی بوو ، بەڵام ھەر وازی لە سیاسەت نەھێنا ، ئەوەبوو پاش ماوەیەکی کەم وەک کاسبکارێک لە یەکییەتی قوتابیانی کوردستانەوە گوێزرایەوە بۆ ڕێکخراوی کاسبکارانی پارتی و بوو بە ئەندامێکی چوستو چالاک و تێکۆشەری ئەو ڕێکخراوە .

ئەحە ھێشتا ماوەی ساڵێکی لەسەر دوکانەکەی باوکی تەواو نە کردبوو ، دەنگۆی جیابوونەوە و دووبەرەکی لە نێوان سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولدا سەریھەڵدا و باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرکردایەتی جەلال تالەبانی بە بیانوی ئەوەی بارزانی کوردی بە پرتەقاڵ بە حکومەتی عیراق فرۆشتووە و نەیتوانیوە مافە ڕەواکانی کورد وەربگرێت ، جیابوونەوە . شەڕ و کوشتار لە نێوان ئەو دوو باڵەدا سەریان ھەڵدا ، خوێنی کورد بە دەستی کورد ڕژا و ئاوێکی خراپیان بۆ دواڕۆژی کورد ڕشت ، میللەت باوەڕی بەو شەڕە چەپەڵە نەبوو ، ھەر بۆیە ئەو دوو لایەنەیان ناو نا مەلایی و جەلالی . ئیتر پشێوی و نائارامی و خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ ھەموولایەکی گرتەوە ، ئەندامان و ھەوادارانی پارتیش بوون بە دوو بەشەوە . ئەحە ھەر زوو خۆی یەکلایی کردەوە و و باوەڕی تەواوی بە جەلالییەکان بوو ، بۆیە ھەر زوو بە وانەوە نووسا و بە گەرمیش داکۆکی لیێدەکردن ، ھەرکەسێکیش پرسیاری لە ئەحە دەکرد ( تۆ بۆچی جەلالییت ؟ ) ، ئەویش بەردەوام وەڵامێکی کورتی ئامادەکراوی ھەبوو دەیوت ( لەبەر پرتەقاڵ ) . ئەوەندە وشەی پرتەقاڵی بەکارھێنابوو ، دراوسێ مەلاییەکانی ناو گوزەرەکە ناویان لێنابوو ئەحە پرتەقاڵ .

شەڕی براکوژی بەردەوامبوو ، لە ئەنجامدا پێشمەرگە مەلاییەکان توانیان لووتی جەلالییەکان زۆر بە خراپی بشکێنن و ڕاویان بنێن و تا شاری ھەمەدانی ئێران خۆیان نەگرنەوە .
ئەحە پرتەقاڵ ئەو شکستەی زۆر پێناخۆشبوو ، لە دڵی خۆیدا جار جارێک دەیوت : ئاخ ئەگەر باوکم بمایە و کێشەی ئەو دایک و خوشکانەم نەبوایە ئێستا منیش لەگەڵ ئەواندا دەبووم و ھەقی ئەو ھەموو پرتەقاڵانەم لە مەلاییەکان دەکردەوە ، بەڵام خەم و پەژارەی ئەحە زۆری نەخایاند و جەلالییەکان بە شکستێکی گەورەوە گەڕانەوە و لە باوەشی بەعسدا خۆیانگرتەوە و دژی پێشمەرگە چەکیان کردە شان و شان بە شانی سوپای عیراق و جاشە سەرشۆڕەکان کەوتنە پەلامار و تەقەکردن لە شاخە سەربەرزەکانی کوردستان ، ئەو شاخانەی بە درێژایی مێژوو پشتوپەنای کوردی بێ چارە و بێ دەرەتانبوو . حکومەت لە ساڵی ١٩٦٨ دا و لە پاداشتی ھاوکاریی جەلالییەکاندا جگە لە پارە و چەک و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە ، چەند دەستکەوتێکی تری پیێ بەخشین ، یەکێک لەو دەستکەوتانە بریتی بوو لە کردنەوەی دوو خول لە بەغداد بۆ ئەندامەکانیان ، خولی مفوەزی و ئەفسەری ، ھەر ئەندامێکی سەر بە جەلالییەکان پۆلی سیێ ناوەندی تەواونەکردبوو دەیتوانی ڕاستەوخۆ لە خولی مفەوەزیدا وەربگیرێت ، کە ماوەکەی تەنیا شەش مانگبوو ، ئەوانەشی لە پۆلی پێنجی دواناوەندیدا دەرنەچووبوون دەکرا لە خولی ئەفسەریدا وەربگیرێن . ئەمەش بۆ ئەحە دەسکەوتێکی گەورە بوو قەرەبووی چەند ساڵی تەمەڵیی و دواکەوتن و دەرنەچوونی بۆ دەکردەوە . بۆیە ھەر زوو بە زوو چوو خۆی ناونوسکرد و لە خولی مفەوەزیدا وەرگیرا . لەمەشدا خاڵی ھاوکارییەکی زۆریکرد و لە شوێنی ئەحە کوڕە گەورەکەی خۆی لەسەر دوکانەکەی دانا و بەمەش ھیچ گرفتێک ڕووبەڕووی خێزانی ئەحە نەبۆوە و ھەمووش بە وەرگرتنی ئەحە شاد و کامەران بوون .

ئەحە چەند لە خوێندندا تەپۆ و تەمەڵ بوو ، کەچی بە پێچەوانەوە لەو خولەدا یەکێک بوو لە قوتابییە ھەرە زیرەکەکان ، ئەو لەشولارێکی ڕێکوجوانی ھەبوو دەتوت وەرزشوانێکی تۆپی باسکەیە . زیرەکی و لەش جوانییەکەی سەرنجی مامۆستا و ھاوڕێکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو . لەم لاشەوە دایک وخوشکەکانی بەردەوام دەست بە دوعاوە بوون تا خوای گەورە دەرگای سەرکەوتنی بۆ واڵا بکات و قەرەبووی ئەو چەند ساڵەی پۆلە سیێ نەگریسەکەی بۆ بکاتەوە ، کە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانی ئەحە و بنەماڵەکەی بوون .

پاش شەش مانگ خوێندن و مەشقکردن ئەحە سەرکەوت و بەرگی مفەوەزی لەبەرکرد و بەو پەڕیی خۆشییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە . دایک و خوشکەکانی لە خۆشیدا شامەرگ بوون و زۆر بە گەرمی باوەشی خۆشەویستیان بۆ کردەوە . ھەموو ئاواتە خوازبوون باوکیان بمایە و بە چاوی خۆی ئەحەی بەو بەرگ و تەپلە سەوزەوە ببینییایە . ئەحەش بە شادی ئەوان شادمانبوو ، بەڵام ئەوەی ئەحەی نیگەران کردبوو تەنھا ئەوەبوو لە پارێزگای بەغداد و دوور لە سلێمانی دامەزرێنرابوو . بەڵام دایک و خوشکەکانی ئەوەیان پێخۆشبوو ، چونکە ھیچ نەبوایە لە شەڕ و شۆڕی نێوان حکومەت و پێشمەرگە و ھەراو وھوریا و قڵیشانەوەی سلێمانی بە دوور دەبوو .
پاش ھەفتەیەک ئەحە خۆی و جانتایەک بەرەو بەغداد ڕۆیشت ، ڕۆژی دوایی چوو بۆ ئەو بنکەی پۆلیسەی بۆی دیاریکرا بوو . کارەکەی کارێکی ئاسان و خۆشبوو ، ڕۆژانە لە پێشی ئوتومبێلێکی فریاکەوتندا دا دەنیشت و دوو پۆلیسیش لە دواوەی بوون و ھاتووچۆیان بەو ناوچانەدا دەکرد کە بۆیان دیاریکرابوو ، جارجارێکیش لە شوێنێکدا ڕادەوەستان . ھیچکاتێک ئەحە ئەوەندە دڵی خۆش و گەش نەبووە ، چونکە لە لایەک کارەکەی بە دڵی خۆی بوو ، لە لایەکی تریشەوە ئەو ژوورەی لە گەڕەکی تەل محەمەد و لە ماڵێکی مەسیحیدا بە کریێ گرتبوو ، ژوورێکی ھێمن و بێ کێشە و جێگای حەسانەوە بوو . ئەو ماڵە زۆر بەڕێزەش وەک کوڕی خۆیان تەماشایاندەکرد و یارمەتی زۆریشیان دەدا . ھەتا جارێکیان دایکی و بەھاری خوشکی سەردانی ئەحەیانکرد ، ئەو ماڵە خزمەتێکی وایانکردن خوشک بۆ خوشک و برا بۆ برای خۆی نەدەکرد .

دوا نیوەڕۆیەکی چوارشەممە ئەحە خۆی و مەفرەزەکەی نزیک شۆرجە وەستابوون . لە ئوتومبێلەکەیان ھاتبوونە دەرەوە ، ئەو بە وردی تەماشای لێشاوی ئەو خەڵکە زۆرەی دەکرد کە وەک ڕێچکەی مێروولە سەردانی بازاڕەکەی ناو شۆریجەیان دەکرد . ئا لەو ساتەدا و لە سەر شۆستەکەوە ژنێکی چاو سەوزی قژ زەردی باڵا جوان ، کە دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی ، ھێدی ھێدی بە ھەنگاوەکانی لە ئەحە نزیکدەکەوتەوە و لە بەردەمیدا وەستا و بە دوو چاوی نەختێ تەڕەوە وتی : ئەرێ تۆ ئەحمەد نیت ؟ . بریقەی ئەو دوو چاوە جوانە وەک بروسکە بەر ڕۆحی ئەحە کەوت ، مووچڕکێک لە تەپڵی سەرییەوە تا کەڵەموستی پێی ناخی ھەژاند و بە پەشۆکاوییەوە وتی : ئەی فریشتە خان تۆ چیی گەیاندیتە شۆریجە ؟ .

فریشتە لە وەڵامدا وتی : ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت لــە بەغداد دەژین . لەگەڵ قسەکانیدا خۆشییەکی زۆر بە روخساریەوە دیار بوو ، ئەگەر چی نەختێک تەمەنی ھەڵکشابوو ، بــەڵام وەک جـاران جوانبوو . ئنجا دوای گفتوگۆیەکی کەم داوای لە ئەحە کرد سەردانیان بکات تا لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا یەکتری بناسن ، ھەر لەوێشدا ناونیشانی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە ، ئەحەش لە وەڵامدا وتی : زۆرم پێخۆشە و ئەگەر لەسەر ئەژنۆش بێت دێم بۆ لات . ئەوەش بزانە زوربەی زۆری ڕۆژانی چوارشەموان خۆم و مەفرەزەکەم لەم نزیکانەدا دەوەستین . فریشتە بەم وەڵامە ھەوای عەشقێکی شێتانە چووە سەریەوە و بە ڕوویەکی پڕ لە خەندە و شەرمەوە لەگەڵ ھاوڕیێکەیدا لە ئەحە دوور کەوتنەوە . جوانییەکەی سەرلەنوێ کاری لە ڕۆحی ئەحەکرد و تا دوور کەوتەوە چاوی بە ئاڕاستەی ھەنگاوەکانی ئەو ڕۆیشت .

ئەوەی ھەرگیز بە خەیاڵی ئەحەدا نەدەھات ئەوەبوو پاش ئەو ھەموو ساڵە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ بێت و لە شوێنێکی دووری وادا بۆ یەکەمجار چاوی بە فریشتە بکەوێتەوە .. مێشکی ئەحە وەک شارە زەردەواڵە وژەی دەھات و بە درێژایی ئەو شەوە و تا بەرەبەیان بیری لە ژیانی ڕابوردوی خۆی دەکردەوە و یادگارییەکانی فریشتە یەک لە دوای یەک وەک خەوێکی خۆش دەھاتنەوە بەرچاوی . ئای لەو ساتەی یەکەم نامەی کەوتە بەر دەستی جەبارە شەل ، ئەو شەوانەی چاوەڕوانی کوژانەوەی گڵۆپی بەردەرگای ماڵەکەیان بوو ، ئەو ٍشەوانەی ھەموو گەڕەک لە شیرین خەوێکی شیریندا بوون ، کەچی ئەو مەست و سەرقاڵی ماچکردنی لا مل و گەردن و گۆنا و گوارە جوانەکانی فریشتە بوو . ئەو نیوە شەوە ھاوینەی ، کە لە داڵانی سەر حەوشەکەیاندا فریشتەی لە باوەشدا بوو سەرگەرمی ماچکردنی سنگە ڕووت و تورتەکەی بوو ، ئا لەو کاتەدا دایکی فریشتە بە نکە نک دەیویست لە سەربانەوە و بە پەیژەکەدا بێتە خوارەوە . ئەمان زوو پیێان زانی و خێرا خۆیانکرد بە ئاودەستەکەی حەوشەکەدا و دەرگاکەیان لەسەر خۆیان داخست و فریشتەش وایدەزانی دایکی وەک جاران خەوی لیێ زڕاوە و دەیەوێت بچێتە ژووری سەر داڵانەکە و بنوێتەوە .

بەڵام بۆ نەگبەتی ئەوان کاتێک ھاتە خوارەوە ، ڕاستەوخۆ ڕوویکردە ئاودەستەکە ، کاتێک گڵۆپە کزەکەی ناوی و دەرگا داخراوەکەی بینی بە دەنگێکی نزمەوە وتی : ئەوە کـێ لێرەیە ؟ . فریشتەش بە دەنگێکی پڕ لە مەکرەوە وتی : دایکە گیان ئەوە منم و نەختێک سکم ژاندەکات و وا زووش نایەمە دەرەوە . دایکیشی بە ناچاری لە نزیک دەرگای ئاودەستەکە دانیشت و بە نکە نک خووش کاریی خۆیکرد و پاشان سەرکەوتەوە بۆ سەربان ، ئای خوایە گیان ئەو شەوە چۆن لە ترساندا دەلەرزین و چۆن خەریکبوو زارەترەک بن و بتۆقن . یادەوەرەکانی ئەحە ئەو شەوە ناخۆشەی مردنی باوکیشی ھێنایەوە بەرچاوی ، کە تارماییەکەی وا بە ناخییەوە نووسابوو ھەرگیزا و ھەرگیز بیرچوونەوەی بۆ نەبوو … لەو لاشەوە فریشتە بە بینینی ئەحە زۆر شاد و مەست بوو ، ھەموو گیانی لە خۆشیدا پێدەکەنی و ھەر زووش بە ھاوڕیێ دراوسێکەی وت : ئـەحمەد خـــزمێکی نـــزیــکـمـانــە . کاتێکیش لای ئێوارە خەسرەوی ھاوسەری گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بە پەرۆشەوە باسی بینینی ئەحەی بۆ کرد واش لە خەسرەوی گەیاند کە خزمیانە و یەکێک بووە لە خۆشەویستەکانی دایکی خوالێخۆشبووی . ئەوەندە بە گەرمی باسی چاکە و پیاوەتی ئەحەی بۆ کرد ، خەسرەویش پەرۆشی بینینی بوو .

خەسرەو بە تەمەن چوار ساڵ لە فریشتە گەورەتر بوو ، ئەو کوڕی ناسیاوێکی دووری ھاوڕێیەکی کاکی بوو ، خەڵکی خانەقین بوون ، حکومەت ڕاوی نابوون بۆ سلێمانی ، باوکی خەسرەو لە کارگەیەکی شاری سلێمانیدا بوو بوو بە کرێکار و ھەتا خوا حەزبکات پیاوێکی چاکبوو . ھاوڕێیەکەی کاکیشی فریشتەی ھەڵدا بوو بۆ خەسرەو . چونکە فریشتە کچێکی بزێوی جرپن بوو و نەیتوانیبوو خوێندنی سەرەتایی تەواو بکات و سڵی لە ھیچ نەدەکردەوە و ھەر خەریکی خۆی بوو ، کاکی و دایکی خوا خوایان بوو زوو لەگەڵ کوڕێکی باشدا داوی دابمەزرێت و بچێتە ماڵ و حاڵی خۆیەوە . کاتێکیش دڵنیا بوون خێزانەکەی خەسرەو خێزانێکی بەڕێزن ھەر زوو قایل بوون و فریشتەیان پێشکەشکرد . خەسرەو لاوێکی ڕێکوپێک و جوانبوو ، ئەویش تا پۆلی شەشی سەرەتای خویندبوو ، لە سلێمانیدا شاگرد نانەوا بوو ، لەبەر ئەوەی بارودۆخی نا ئارامی سلێمانی پیێخۆش نەبوو ، ھەر بۆیە پاش چەند ساڵێک خۆی و فریشتە لە شاری بەغداد خۆیان گرتەوە . لە بەغدادیش بە شاگرد نانەوایی ژیانێکی ھەژارانەیان دەبردە سەر و ژیانیان سەخت بوو ، ئەوەندە ھەویری شێلا بوو دەفەی شان و بازووەکانی لە یاریکەری ئاسن دەچوو .

مەراق و خەموخەفەتی قورسی ژیان گیرۆدەی مەیخواردنەوەی کردبوو ، زوربەی شەو تا نەیخواردایەتەوە خەوی لێنەدەکەوت ، کە خەویشی لێدەکەوت ھەموو ماڵەکەیان بارکردایە بە خۆی نەدەزانی و بەیانیانیش بە زۆری فریشتە نەبوایە خەبەری نەدەبۆوە . ئەمەش بە تەواوی فریشتەی بێزارکردبوو و بە دڵ ڕقی لێی بوو ، دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا و لە شووەکەشی پەشیمانبوو و بەردەوام ئاژاوە و پشێوی لە نێوانیاندا بوو . لاوازی وخواردنەوەی خەسرەو کارێکی وایکردبوو فریشتە زاڵ بێت بە سەریدا و چیی بیویستایە دەیکرد و حسابی پووشێکی بۆ نەدەکرد ، ئەویش ھیچکاتێک نەیدەتوانی لە قسەی دەربچێت . بەکورتی خەسرەو گەنجێکی ئارەق خۆر و جگەرەخۆرێکی خراپبوو ، ھیچ پاساوێکیشی بۆ ئەو کارانەی نەبوو ، بۆیە ھەمیشە لە بەرامبەر فریشتەدا کەسێکی بێدەسەڵاتی تەپۆ بوو ، جگە لە بێدەنگی و خۆ خواردنەوە ھیچی تری نەبوو خوا خوای بوو فریشتە بە دیارییەوە دانیشێت . ھەر بۆیە کاتێک فریشتە ئەحەی بینی وەک گوڵ گەشایەوە و لە خۆشیدا ئاگای لە خۆی نەما و شنەی شادی سەرلەنوێ لە ناخیدا ھەڵیکردەوە و یادەوەرییەکانی سەرلەنوێ باوەشێنی ڕۆحی کردەوە .

لەولاشەوە بینینی فریشتە بە جارێک ھۆشوھەست و بیرکردنەوەی ئەحەی داگیرکردەوە و سەرتاپا ژیانی ھێمنی ئەحەی گۆڕی ، خۆشی نەیدەزانی چۆن فریشتە وا لە پڕ خۆیکردەوە بە ژیانیدا . جارجارێک دەیویست بیری لیێ نەکاتەوە و بە تەواوی لە بیر خۆی بباتەوە ، کەچی ھەر زوو پەشیماندەبۆوە … ھەفتەی یەکەم توانی خۆی ڕابگرێت و سەردانی فریشتە نەکات ، بەڵام ھەفتەی دووەم نەیتوانی لەوە زیاتر خۆی ڕابگرێت و بڕیاریدا ئەو سەردانە بکات . سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بە دوو زەرفی پڕ لە میوەوە ڕۆیشت و ماڵی فریشتەی دۆزییەوە . فریشتە دەرگای لێکردەو و لە خۆشیدا ھەموو گیانی پێدەکەنی و سەرکوڵمەکانی وا ئاڵبوو بوون دەتوت دوو دەنکە گێلاسی پاکی بریقەدارن .

خەسرەویش ھات بە پیرییەوە و پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد . ئەحە مناڵە پچکۆلەکەشیانی بینێ کە تەمەنی نزیکەی ساڵێکبوو . خانووەکەیان خانوویەکی زۆر کۆن بوو ، بە کریێ گرتبوویان ، پێکھاتبوو لە دوو نھۆم، نھۆمی سەرەوەیان کرێچییەکی تری تێیدا بوو ، بەڵام دەرگایان جیابوو . شوێنەکەی ئەمان شوێنێکی پچوکبوو ، بریتیی بوو لە دوو ژوور و دانیشتنێکی پچکۆلە ، کە وەک مەتبەخیش بەکاریاندەھێنا . ئەحە پێیخۆشبوو باسی کارەکەی بکات و ھەتا توانی باسیکرد ، فریشتەش بە درێژایی ئەو دانیشتنە وا پیشانی دەدا کە ئەحە خزمە و پێخۆشحاڵە کە ئەمشەو میوانیانە . خەسرەویش باسی کارەکەی خۆی و چۆنییەتی ھاتنیان لە خانەقینەوە بۆ سلێمانی و لە سلێمانییەوە بۆ بەغداد کرد . ئەحە و فریشتە لە ناخدا وەک دوو عاشق سەیری یەکتریاندەکرد و نیگاکانیان سەرمەستی کردبوون ، مەگەر ھەر ئەو خوایە بزانێ تا چ ئەندازەیک تامەزرۆی یەکتری بوون . خەسرەویش ئاگای لە نھێنی دڵی ئەوان نەبوو ، کەچی وەک ئەوان دڵخۆشبوو ، ھۆکاری ئەم دڵخۆشییەشی دەگەڕایەوە بۆ دڵخۆشی فریشتە و دەمێکبوو ماڵەکەشیان میوانی بە خۆیەوە نەدیبوو ، کە تاریک داھات خەسرەو لە خۆشی میوانەکەیان سفرەیەکی پچکۆلەی ڕازاندەوە و قاپێ ئارەقی ڕەش و دوو پەرداخی دەرھێنا ، فریشتەش ھەر زوو زەڵاتە و چەند قاشێکی لیمۆ و دوو سێوی بۆ دانان . ئەوە یەکەمجار بوو فریشتە مەزەی بۆ ئامادەبکات ، ھەرچەند ئەحە وتی : من ناخۆمەوە ، بەڵام خەسرەو زوو زوو دەیوت من بە خۆشی تۆوە دەخۆمەوە .

ئەحە سوربوو لەسەر نەخواردنەوە و نەشی خواردەوە ، ھەر بە ڕاستیش ئەحە ھیچکات حەزی لە خواردنەوە نەبووە . پاشان خەسرەو وردە وردە دەستیکرد بە خواردنەوە و جگەرەکێشان ، جگەرەکێشانێک کە بە تەواوەتی ژوورەکەی بە دووکەڵ قانگدا ، جارجارێکیش مژێکی لە قاشە لیمۆیەک دەدا و لەگەڵ خواردنەوەکەشدا باسی ژیانی خۆی بۆ ئەحە دەگێڕایەوە ، کە چۆن کاتی خۆی باوکی نەبووە بە بەعسی و چۆن لە خانەقینەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و چۆن لە گەڵ سلێمانیدا ڕاھاتوون و چۆن فریشتەیان بۆ دۆزیوەتەوە و چۆنیش بڕیاریداوە بێن بۆ بەغداد . لەولاشەوە فریشتە خۆی خەریککرد بە ئامادەکردنی نانی ئێوارە ، کە بریتی بوو لە برنجێکی درێژی سپی و شلەیەکی باینجان . ئەحە بە دیمەنی خەسرەو خەریکبوو شەق بەرێت و بە دڵ خەفەتی بۆ فریشتە دەخوارد کە ئەو شەوە لە گوڵێکی ژاکاوی زۆر جوان
دەچوو ، کە تووشی کەسێکی وا بووە . کاتی نانخواردن ھات ، چونکە خەسرەو سەرقاڵی خواردنەوە بوو ، نانی نەخوارد و ئەحە و فریشتە بە تەنیشت خەسرەوەوە کەوتنە نانخواردن و جارجارێک ئاڕاستە و نیگای چاوەکانیان پێکەوە دەنووسان و ناخیان دەھەژا . ئەحە بە دڵ پیێخۆشبوو لەگەڵ فریشتەدا لەسەر یک سفرە نان دەخۆات. ئەوە یەکەمجاربوو تامی خواردنی دەستی بکات . دوای نانخواردن ئەحە ویستی ماڵئاوایی بکات و بڕوات ، بەڵام فریشتە و خەسرەو زۆریان لێکرد ئەو شەوە لای ئەوان بمێنێتەوە ، ھەتا خەسرەو وتی : کاکە خۆ منیش ڕۆژانی ھەینی کارناکەم و تکایە ئەمشەو لای ئێمە بمێنەرەوە . ئەحە بە دڵ حەزیدەکرد لە ماڵێکدا بێت ھەناسەی فریشتەی تێدا بێت ، بەلام چونکە یەکەم سەردانی بوو ، زۆریش لە ھەڵسوکەوتی خەسرەو بێزار بوو ، بۆیە ویستی بڕوات . بەڵام ھەرچۆنێک بوو بە زۆری فریشتە و خەسرەو مایەوە و دانیشتەوە . خەسرەو لە خواردنەوەدا بەردەوامبوو ، سەرخۆشی پێوە دیاربوو ، ئەحەش بۆ ئەو بەھانەیەکی لە باربوو تا زیاتر بخواتەوە ، بە سەرخۆشی ڕوویەکی ناشیرین و بێزوەری ھەبوو ، ئەوەندەی خواردەوە وردە وردە دەمی تێکەڵوپێکەڵدەبوو ، فریشتە دیمەنی خەسرەوی پیێ ناخۆشبوو ، ئەوەندە غەمبار بوو دەتوت دەرگای جەھەنەمی لیێ خراوەتە سەرپشت .

ئەحەش بە دڵ خەمی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد و جەرگی ژانیدەکرد بۆی و تا سەرمۆخ نیگەران بوو ، کە تووشی کەسێکی ئارەقخۆری وا بۆتەوە ، لەوەش بێ ئاگا بوو کە تا چ ئەندازەیەکی ئێجگار زۆر فریشتە ڕقی لە خەسرەوە ، شەو درەنگبوو ، خەسرەو بە تەواوی پەکی کەوت و ئاگای لە خۆی نەما و لە شوێنی خۆی لاربۆوە و خەوی لێکەوت ، فریشتە بە باتانییەکی کۆن دایپۆشی و کەوتە پرخە پرخ . ئنجا فریشتە دەرگای دڵ و مێشکی خۆی بۆ ئەحە خستە سەرپشت و وتی: خۆ بە چاوی خۆت بینیت من تووشی چ بەڵایەک بووم ئەمە ژیانی منە و زۆر لەم شووەی خۆم پەشیمانم و ئەم پیاوەم خۆشناوێت و گیرمخواردووە بە دەستییەوە . ھەر لە وێدا و لە تەنیشت خەسرەوەوە زۆر بە خێرایی دەستیکردە ملی ئەحە و وتی : خۆزگە ژنی تۆ بوومایە .

ئەحە تەماشایەکی خەسرەویکرد و بە سرتە قسەی کرد و لەوە دە ترسا خەسرەو بە ئاگا بێت ، بەڵام فریشتە وتی : ئەوە تۆ تەماشای چیی دەکەیت ، ئەوە مێردی خۆمە و کلکیم کێشاوە چەندە و تۆ خەمی ئەوت نەبێ و ئەو ئێستا تەنھا لاشەیەکە و ھەناسە دەدات و چاک دەیناسم و تا بەیانی خۆم خەبەری نەکەمەوە بێ ئاگایە . فریشتە ڕاستی دەکرد و دەتوت سەد ساڵە مردووە ، بەڵام ئەحە ھێشتا ترس زمانی گرتبوو ، بۆیە ھەر نەوێرا بە تەنیشت خەسرەوەوە بە ھەمان ھەست وەڵامی بداتەوە ، ئنجا فریشتە ھەر زوو چوو جێگای بۆ ئەحە لە ژوورەکەی تەنیشت ژوورەکەی خۆیان بۆ ئامادەکرد . ئەو شەوە بۆ ئەحمەد و فریشتە شەوێکی زۆر سەیری بوو لە شەوەکانی جارانیان نەدەچوو ، خۆشیان باوەڕیان بەوە نەدەکرد بە ئازادی لە ژێر سەقفی ماڵێکدا ئاوا پێکەوە بن . ھیچیان خەو بەرچاوی نەگرتن ، یادەوەرەکانی جاران لە گلێنەیان نەدەبۆوە، کەچی بە پێچەوانەی ئەمانەوە خەسرەو و کۆرپەکەیان ئەو نووستنەی نووستبوون چرچەیان بۆ نەدەکرد . ئاخر خەسرەو ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کاریگەری ئارەقەکە ھەموو گیانیشی ماندوو بوو .

ئەحە خەیاڵی بە فریشتەوە نووسابوو لە دڵی خۆیدا دەیوت : تۆ بڵێی ئێستا ئەو بیر لە چیی بکاتەوە ، ئا لەم کاتەدا فریشتە بە بێ ترس و بەبێ ئەوەی شەرم بکات خۆیکرد بە ژوورەکەی ئەحەدا و ڕێک لە پاڵیا پاڵکەوت و وتی : تۆش بە خەبەری ؟. ئەحەش لە وەلامدا وتی : ئەستەمە ئەمشەو ساتێک خەو چاوم بگرێت . ھێشتا ئەحە قسەکەی تەواو نەکردبوو فریشتە چووە پاڵی و باوەشی پێداکرد ، ئەحە چاوەکانی باوەڕیی نەدەکرد و لە پێشدا ترسی مێردەکەی لە خەیاڵی ئاڵابوو ، بەڵام کە گەرموگوڕی فریشتەی بینی و پرخە و مرخە مرخی خەسرەوی گویێ لێبوو ، ئیتر لەوە دڵنیابوو خەسرەو جگە لە پرخە پرخ ھیچی تری نییە . بە ئارەزووی دڵی خۆیان لە یەک ئاڵان و کاتێک سنگی وەک بەفری فریشتەی بینی ئاگای لە خۆی نەما و بە ھەموو ھێزی خۆیەوە پێوەی نووسا ، ئەوەی لەوەپێش نەیانکردبوو کردیان و شنەی شادی و ئارەزوویەکی بەتین لە ناخیاندا ھەڵیکردبوو و ھیچ شوێنێکی لەشە بێگەردەکەی فریشتە نەما ماچی نەکات ، ئەوەندە تامەزرۆی باوەشی یەکتری بوون ئاگایان لە ھیچ نەمابوو ، جارێک کڕوزانەوە و نووکە نووکی منداڵەکە بێزاری کردن ، بەڵام خێرا فریشتە بە ڕووتوقووتی لە باخەڵی ئەحە ھاتە دەرەوە و ژیری کردەوە و سەرلەنوێ و گەرمتر لە جاری پێشوو ھاتەوە باوەشی و بە یەکترییەوە نووسانەوە و چەندین جار گەیشتنە لوتکە و تروپکی خۆشییەکی بێ ھاوتای ئەوتۆ ، کە ھەتا ھەتایە لە یادەوەریاندا دەمێنێتەوە . فریشتە لەگەڵ ماچکردنی ئەحەدا گڕی ئاگری ڕقو کینە لە دڵ و دەروونیدا کڵپەیکرد و وتی : زۆرم پێخۆشە خیانەت لە مێردێک دەکەم کە لەم ماڵەدا وەک لاشەیەکی بێ گیان ڕاکشاوە و ئاگای لە عەشقی ئێمە نییە و پرخە پرخ و مرخە مرخی ناخۆشی تێکەڵ بەشڵپەی ماچەکانمان دەبێت . ئەمە پاداشی کەسانی وا گێلە ، کە ھەست بە ئازار و خواست و ئارەزووی بەرامبەرەکەی ناکات . ھەردووکیان تا بەرەبەیان بە ڕووتوقوتی لە باخەڵی یەکتریدا بوون و تا ماندوو بوون لە ناو یەکتریدا تووانەوە ، بەرەبەیانیش جگە لە پرخە پرخی خەسرەو و ھەڵوەرینی گوناھەکانییان ، دەنگی ھیچی تر نەدەھات . بەیانی فریشتە لەبەرچاوی ئەحە بە ھەزارحاڵ خەسرەوی خەبەرکردەوە ، کە ئەحەی بینی وتی : ئەوە تۆش ھەستاوی ؟ . ئەحە بە دڵ خەفەتی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد .

خەسرەو بە ھەزارحاڵ بەرزبۆوە و چوو دەموچاوی شت و ھەموو پێکەوە نانی بەیانیان خوارد ، پێش ئەوەی ئەحە ماڵئاواییان لیێ بکات فریشتە زۆر بە پەرۆشەوە داوای لێکرد سەردانیان بکاتەوە .
ئەو شەوە یەکێکبوو لە شەوە سورە زۆر خۆشەکانی ئەحە ، کە ئەستەمە دووبارە ببێتەوە ، یەکەمجاری بوو ژنێک بە ڕووتووقووتی تا بەیانی لە باوەشیدا بێت ، خۆشی باوەڕی بەوە نەبوو ئەو فریشتە جوان و ناسکە ئەوەندە ئەمی خۆشبوێت و حەزی لە بەزمی وا بێت . ئەوەندەش چاونەترس و جەربەزەبێت لە پاڵ ھاوسەرەکەیدا ئاوا بکات و باکی لە ھیچ نەبێت . ئەحە زۆر ماندوو بوو ، ئەوەندە وزەی لە دەستدابوو ، نەیدەتوانی بە باشی بیربکاتەوە ، بۆیە ھەر گەیشتەوە ماڵەوە بە جلەکانییەوە یەک تەختە لێی ڕاکشا و تا تاریک داھات چرچەی بۆ نەکرد .

بەسەرھاتی ئەو شەوە سەرلەنوێ مێشکی ئەحەی سەرقاڵکردەوە ، بۆ یەک سات فریشتە لە ئاوەزی نەدەبۆوە . نەیدەزانی چ خەمێک و ڕقێکی ئەستورە پاڵدەنێت بە فریشتەوە ، کە بە تەنیشت ھاوسەرەکەیەوە ئاوا ھەڵسوکەوت بکات . ئیتر بیرکردنەوە بەردەوام مێشکی ئەحەی داگیرکرد ، جارجارێک بڕیاریدەدا کە سەردانی فریشتە بکاتەوە و جارجارێکیش بڕیاریدەدا کە لێی نزیکنەبێتەوە و ژیانی نەشێوێنێ و پێی شەرمبوو لەسەر سفرەیەک نانبخوات کە بە ماندووبوونی خەسرەو ئامادەکرابێت و ئەمیش بە تەنیشت ئەو سفرەیەوە خیانەت لە ھاوسەرەکەی بکات . بەڵام فریشتە کڵپەی ئاگرێک لە ناخیدا بوو خوا خوای بوو ئەحە سەردانی بکاتەوە و ژیلەمۆی ئەو ئاگرەی بۆ خامۆش بکات ، کە خەسرەو نەیدەتوانی بۆی خامۆشبکات ، بۆیە پاش سێ ھەفتە و دوو ڕۆژ لەسەر یەک سەردانی دەورووبەری شۆڕجەی کرد و ڕۆژی دووەم مەفرەزەکەی ئەحەی بینی و خۆی گەیاندە ئەحە و زۆر قسەی بۆکرد تا سەردانیان بکاتەوە . فریشتە ئەوەندە بە پەرۆشەوە قسەی بۆ کرد نەیتوانی داواکەی ڕەت بکاتەوە و پەیمانی پێدا کە شەوی ھەینی سەردانیان بکاتەوە .
بێگومان ھەرواشیکرد ، ئەو شەوە بە زەرفێکی پڕ لە میوە و دیاری بۆ منداڵەکەیان و یەک قاپ ئارەقی ڕەشەوە خۆیکردەوە بە ماڵی فریشتەدا . فریشتە پێشوازییەکی گەرمی لێکرد ، بەڵام خەسرەو ھێشتا نەگەیشتبۆوە ماڵەوە . فریشتە بە ھەلی زانی زۆر باسی حاڵی خۆی بۆ ئەحە بکات . باسی ئەوەی کرد کە ھاوسەرەکەی کەسێکی ساروسڕە و بە تەنگ سۆز و ئارەزووی ئەوەوە نییە ، ھەتا وتی : جاری ئەوتۆ بەشێوەیەکی جوان خۆمی بۆ دەڕازێنمەوە و بە دڵ حەزدەکەم وەک ھاوسەرێک بێت بە پیرمەوە ، بەڵام ئەو کەسێکی ساردە و کاتێکیش سەرخۆشدەبێت ئاگای لە دنیا نامێنێت . بە دڵ حەزناکەم ھاوسەرم بێت و ڕقم لیێ یەتی بە ھۆی نەمانی دایکم و ئەم منداڵەمەوە دەستم بەستراوە نا توانم وازی لیێ بێنم ، ئەوش بزانە تۆ یەکەم کەسێکیت لە دڵی مندا ھەوارت ھەڵداوە و تێکەڵ بە ڕۆحم بوویت ، تکایە زوو زوو سەردانم بکە و کەمێک لە کێشەکانم کەم بکەرەوە ، چونکە تۆم بە دڵ خۆشدەوێت و ھەرگیز لە بیرم ناچیتەوە . ئەحە زۆر دڵی بۆ ئەو فریشتە جوانە دەسووتا و پەیمانیدا کە فەرامۆشی نەکات .

پاش ماوەیەک خەسرەو ھاتەو و بە بینینی ئەحە شادبوو . بە کورتی ئەحە بە ھەمان شێوەی شەوی پێشوو لەگەڵ پرخە پرخی خەسرەودا ئەوەی ویستی کردی . ھەتا ئەو ڕۆژەی بەیانی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێدا خوێندرایەوە ئەحە چەند جارێک لە باخەڵی فریشتەدا ڕۆژی کردەوە . دوای ئەو بەیانە و بە ماوەیەکی کەم ئەحە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و بە تەواوی لە فریشتە دوور کەوتەوە . ھاتنەوەی ئەحە ماڵەکەیانی پڕکرد لە خۆشی و شادی ، دایکی و خوشکەکانی بەو ھاتنەوەیە ئێجگار دڵخۆشبوون . بەھاری خوشکی ساڵێکبوو لەگەڵ سۆزانی ھاوڕێیدا مامۆستای سەرەتایی بوون ، سۆزان کیژێکی چاوشینی باڵابەرزی شۆخبوو ، ڕۆژێک سۆزان سەردانی بەھاری کرد ، ئەحە سۆزانی بینی و عاشقی بوو . دڵی خۆی لای بەھار کردەوە ، بەھاریش ئەوەی زۆر پیێ باشبوو . لای دایکی باسی ئەحەیکرد کە دڵی بە سۆزانەوەیە ، دایکی بەو باسە دڵودەروونی کرایەوە و حەزیدەکرد ئەحە داوی دابمەزرێت و لە کێشەی سۆزداری دوور بکەوێتەوە ، چونکە کێشە کۆنەکانی ئەحەیان لە بیرنەچووبۆوە ، کە سەرچاوەی نەھامەتییەکانیان بوو . بەھار باسی نھێنی دڵی ئەحەی بۆ سۆزانکرد ، سۆزانیش ھەمان ھەستوسۆزی ھەبوو بۆی .

جا ھەر زوو دایکی وخوشکەکانی خوازبێنی سۆزانیان بۆ کرد و ژیانی ھاوسەریان پێکھێنا ، خۆشەویستی سۆزان کارێکی وایکرد ھەموو ژان و دەرد و ڕابوردووی لە بیر بباتەوە و بە تەواوەتی فریشتەشی لە بیربچێتەوە و ژیانی فریشتەش لە ژیانی خۆیدا بۆی بوو بە وانەیەکی ناوازە و نایاب و تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار بە نرخ ، کە سوودی زۆری لێوەرگرت و ئێستاش ئەحە ژیانێکی ئێجگار زۆر خۆش و بەختیاری ھەیە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچە و چەند نەجمەیەکیش بەسەر شانییەوە دەبریسکێنەوە و ئەوەی بیریشی لێنەکاتەوە فریشتەیە .

*****
تێبینی : چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی ( ئەحمەد ) یش ناوێکی خوازراوە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish