Skip to Content

ئیسلامگەراى توندڕەو، ئیسلامگەراى میانڕەو.. نوووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئیسلامگەراى توندڕەو، ئیسلامگەراى میانڕەو.. نوووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 28, 2021 General, Opinion

بۆ قسەکردن لەسەر دیاردەیەکى وەک ئیسلامى سیاسیى پێویستیمان بە رووبەر و پانتاییەکى فراوانترە بۆ ئەوەى بتوانین بەشێوەیەکى گشتیى و لە تەواوى سیاقە جیاوازەکانەوە لەو دیاردەیە بدوێین، بەڵام من لێرەدا لەسەر سێ ئاست یان راستر بڵێم لەسەر سێ تەوەر قسە دەکەم کە بەم شێوەیە تەوزیفى دەکەم:

تەوەرى یەکەم : ئیسلامگەرا چییە؟
دوا بەدواى هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتى خەلافەتى عوسمانلى لە دوانزەى ئازارى ساڵى 1924دا لەلایەن تورکە کەمالییەکانەوە، بە چەند ساڵێکى کەم یەکەمین گروپى ئیسلامى ریشەییخواز لە میسر بە نێوى گروپى (برایانى موسڵمان ــ اخوان المسلمین) دروست بوو کە مەهامى سەرەکى ئەم دەستەیە گەڕانەوەى دەسەڵاتى دەوڵەتى خەلافەت بوو بۆ سەر شانۆى سیاسیى، لێرەوە لە نێو دنیاى ئیسلامیدا زەمینە سازبوو بۆ سەرهەڵدان و پێکهاتنى چەندین گروپى ترى ئیسلامى رادیکاڵى کە هەموویان خەونیان بە گێڕانەوەى دەوڵەتى خەلافەتەوە دەدى، کە دەتوانین (إخوان المسلمین) بە دایکى هەموویان دابنێین، لە هەناوى ئەو گروپەدا چەندین گروپى تر دێنە دەرەوە کە هەر یەکێکیان بە ئاڕاستەیەکى جیاواز هەنگاو بەرەو ئەو خەونە دەنێت.

ئەم رەوتانە بێ هیچ خوێندنەوەیەکى عەقڵانى و ژیربێژیى و دیدێکى نوێ و هاوچەرخ بۆ چەمکە قورئانى و ئیسلامییەکان بە هەمان تاکتیکى سەردەمى پێغەمبەر (محەمەد)ەوە، کەوتنە کار بۆ کۆنترۆڵکردنى جیهان یان باشتر بڵێین بۆ پاشەکشەپێکردنى جیهان بۆ دۆخى رابردوویەکى دوور کە لە تێڕوانینى ئەواندا ئەو رابردووە رابردوویەکى بێ خەوش و بێگەردە و کۆمەڵى پێشین (سلف) کۆمەڵێکى نموونەیى (مثالی) بێ هاوتا بووە، ئەرشیفى ئەو رابردووە بە راددەیەک خەنى و دەوڵەمەندە کە وەڵامى هەموو پرسیارە عەقڵانى و مەعریفییەکانى مرۆڤى کۆن و نوێ و کۆمەڵى کۆن و نوێى داوەتەوە، هەر بۆیە پێویست ناکات مرۆڤ لە غەیرى ئەم رابردووە پاکە بۆ شتێکى تر بگەڕێ.

هەروەک چۆن (ئەبوبەکرى سدیق) دەیگووت (گەر بۆ گوریسى ملى حوشترەکەم بگەڕێم لەنێو قورئاندا دەیدۆزمەوە) ئەم رەوتەش بە هەمان شێوە رابردوو و دینەکەى گشتگیر دەکات و دەیەوێ جارێکى تر کتومت بێ هیچ جیاوازییەک ئەو رابردووە وەک خۆى بگەڕێنێتەوە بە بێ لەبەر چاوگرتنى هەلومەرجى بابەتى و کۆمەڵایەتى دنیاى نوێ کە دنیایەکە پڕ لە ئاڵوگۆڕى خێرا. لەم حاڵەتەشدا کۆى ئیسلامگەرەکان بە توندڕەو و میانڕەوەوە هەمان خەونیان هەیە و تەنیا ستایڵى کارکردنى سیاسییان لێک جیاوازە، بەڵام لە دوا وێستگەدا هاوئامانج و هاوڕێگان.

سەربارى ئەمەش ئەم رەوتانە هاتوون تا دەروازەکانى عەقڵ کڵۆم بدەن و دەرگاکانى دیالۆگ دابخەن و بە شێوەیەکى نەقڵى و بێ بیرکردەوە لە نێو تێکستەکان و مێژوودا شوێنکەوتە بن، چوونکە هەموو جۆرە لۆژیکبازییەک لە فەرهەنگى ئەواندا یەکسانە بە زەندیق بوون (فمن تمنطق تزندق) و مافى بیرکردنەوە و رامان و هەڵوێستەکردن لە دەرەوەى کتێب و سووننەت و راى کۆى زانایان (إجماع العلماء) رەت دەکەنەوە، تەنانەت ئیخوانەکان دوژمنى سەرەکى ریفۆرمخوازیى و نوێگەرانى بیرى ئیسلامى بوون و بە هەمان شێوەى حەنبەلییەکان کەوتنە دژایەتیکردنى رۆشنفکران و موسڵمانانى نوێخواز، گەر لە رابردوودا حەنبەلییەکان بەربەستى یەکەمى بەردەم رەوتێکى عەقڵانى وەک (معتزلە) بووبن ئەوا ئیخوانەکان و ئیسلامگەراى هاوچەرخ بەربەستى سەرەکى بەردەم رێنسانسى ئیسلامى بوون کە (محەمەد عەبدە ــ جەمالەددین ئەفغانى) پێشەنگى بوون، لەم چەرخەشدا (د.نەسر حامد ئەبوو زێد ــ د.محەمەد ئەرگۆن و چەندانى تر) خەڵکانێکى ناسراو بوون لە هەمان بواردا.

تەوەرى دووەم : توندڕەویى و میانڕەویى

بەر لە هەر شتێک جیاکاریى و پۆلێنکردنى ئیسلامگەرەکان بۆ سەر دوو پایەگا، کە یەکەمیان پایەگاى توندڕەوەکانە و هەموو جۆرە عەقڵ و گفتوگۆ و زمانى پێکەوە هەڵکردنێک نراوەتە لاوە، بە پێچەوانەشەوە پایەگاکەى تر بڕواى بە دیموکراسى و دیالۆگ و هاوئاهەنگى هەیە و بیروڕاکانى خۆى بەسەر ئەوى دیدا ناسەپێنێت و بەشێوەیەکى بەرچاو کراوەیە کە زیاتر لەنێو ئەم پایەگایەدا پەنجە بۆ (إخوان المسلمین) درێژ دەکرێت. لە بنەڕەتەوە هەڵەیە، چوونکە لە راستیدا ئیسلامگەراى توندڕەو و میانڕەو بوونى نییە، هەر چەندە دەتوانین موسڵمانى توندڕەو و میانڕەو لێک جودا بکەینەوە، بەڵام ئەوى لەنێو ئاڕاستەى ئیسلامگەرایدا بێت ناتوانرێت وەک میانڕەو وەسف بکرێت، چوونکە کۆى ئیسلامگەرەکان لە توندڕەویدا یەکانگیر و هاوبەشن.

لێرەدا جێى خۆیەتى ئەو پرسیارە لەو ئیسلامگەرانە بکەین کە خۆیان بە میانڕەو دەزانن: ئایا باوەڕى خۆیان ئیلغا کردۆتەوە بە ئایەتەکانى جیهاد و هاندانى کوشتن و توندوتیژیى؟ ئایا میانڕەوەکان سورەتى (التوبە)یان لە قورئانەکەى بن باخەڵیان دەرهێناوە؟ ئایا میانڕەوەکان هێشتا بڕوایان وا نییە بەهەشت لە ژێر شەبەنگى شمشێردایە؟ ئایا میانڕەوەکان جورئەتى ئەوە دەکەن کە حەدیسەکانى جیهاد و تاڵانى پشتگوێ بخەن و بڵێن سەردەمى کارپێکردنیان بەسەرچووە؟ ئایا میانڕەوەکانیش تەکفیرى ئەو کەسانە ناکەن کە رەخنە لە ئیسلام و پارتە سیاسییەکانیان دەگرن؟.

بێگومان تاکە شتێک رەوتى میانڕەو لە توندڕەو جیا دەکاتەوە لەوەدایە کە ئەوى یەکەمیان هەلومەرجى بابەتى خوێندۆتەوە و دەزانێت پارسەنگى هێز بەلاى کێدا لارە، بەڵام ئەوى دووەمیان بەبێ تێگەیشتن لە زەمینە و واقیع بەشێوەیەکى هەڵچووانە بانگەشەى بەکارهێنانى زەبروزەنگ دەکات، گەر وردبینەوە لە مێژووى (إخوان المسلمین) لە نزیکەوە بەر ئەم راستییە دەکەوین: بۆ نموونە لە سەرەتاى کارى ئەو گروپەدا بەشێوەیەک دەردەکەون وەک کۆمەڵێکى ریفۆرمخواز، لەو ساتەوەختەشدا (حسن البنا) دەیووت (لەگەڵ خەڵکى وەک دار وابن گەر بەردیان تێگرتن ئەوا ئێوە بەریان تێبگرن)، بەڵام لەوکاتەى کە دەبنە رێکخراوێکى تۆکمە و بە نفوز دەمامکەى سەرچاویان لادەدەن و لەم لەحزەیەدا (حسن البنا) دەڵێ (ئەوەى لەبەردەم هاووڵاتیانى میسردایە، هەڵبژاردنە لە نێوان دوو سەنگەردا: پەیوەندیکردن بە ئیخوانەوە یان دژایەتیکردنمان). بەنا، رێگەى سێیەم نابینێ و هەر دۆستایەتى نەکردن و قبوڵنەکردنێکى بە دوژمنایەتیکردنى تێدەگات.

تا دەگات بەوەى ئیخوانەکان هەڵدەستن بە دەرکردنى گۆڤارى (النذیر) کە لە راستیدا ناوى گۆڤارەکە هەڵگرى گەلێک مانا و مەدلولاتى تایبەت بە خۆیەتى کە گرنگترینیان بریتییە لە تەعبیرکردن لە هەستى توندوتیژیى گروپەکە. ئیدى لە پرۆسەیەکى لەسەرخۆدا گروپەکە بەرەو رەوتێکى چەکداریى دەڕوات و (حەسەن بەنا)ش باسى جیهاد دەکات و ئەمجارەیان لە جیهادى دەروونەوە باز دەدات بەرەو جیهادى کوشتنى نەیاران. هەر لەم بارەوە بەنا دەڵێت (جیهاد فەرزێکى پێویست و ئاشکرایە کە هەر دەبێت بکرێت). ئیدى لەم بەروارە بەدواوە ئەم گروپە چەندین جموجۆڵى چەکداریی و جیهادیى بەڕێدەخات کە تیرۆرکردنى (نەقراشى پاشا) نموونەیەکى هەرە بەرجەستەیانە.

لە کوردستانیش لەبەردەم هەمان ئەزموونداین، یەکگرتووى ئیسلامیى کە راستەوخۆ لقێکە لە (إخوان المسلمین) و ناشکرێت بە هیچ جۆرێک مێژووى یەکگرتوو بە جیا لە مێژووى (إخوان) سەیر بکرێت، بێ لەوەشى یەکگرتوو لەو چرکە ساتەدا خۆى رادەگەیەنێت (1994) کە هیچ مەترسییەک لەسەر کورد و پاکتاوى گەلەکەى نەماوە، رۆڵى هەبووە لە بەرهەمهێنانى توندوتیژیدا، هەرچەندە گەلەک هەوڵیانداوە بۆ ئەوەى خۆیان بە جیا بگرن لە رەوتە ئیسلامییەکانى تر (کۆمەڵ و بزووتنەوە) بەڵام لە واقیعدا یەکگرتوو و هەموو ئەوانیتریش یەک ستراتیژییان هەیە و سەر بەیەک شێوەى بیرکردنەوە و دنیابینین بۆ دەرەوەى خۆیان و دەوروبەریان، بەڵام بە کەمێک جیاوازییەوە. کە دەتوانین بڵێین گەر گرووپى (قاعیدە و داعش) باڵى عەسکەریى ئەو بزووتنەوەیە بێت، ئەوا یەکگرتوو باڵە سیاسییەکەیەتى.
رەنگە یەکگرتووى (میانڕەو) بەشێوەیەک پەرە بدات بە کولتوورى زەبروزەنگ کە لە توندوتیژییەکەى (قاعیدە و داعش) جیاواز بێت، لەوانەیە (داعش) لەبەر مەنبوزبوونى خۆى و بچووکبوونەوەى قەبارەکەى تواناى ئەوەى نەبێ لە نێو کایە کولتوورییەکەدا تیرۆر بەرهەم بهێنێ، بەڵکو تەنیا دەتوانێت فەزایەکى نائارام بەرجەستە بکات، بەڵام یەکگرتوو بەهۆى بەهێزیى و فراوانى قەبارە کولتوورییەکەى لە توانایدایە کار لەنێو لایەنە کولتووریى و کۆمەڵایەتییەکاندا بکات.

یەکگرتوو لە رێگەى رایەڵى راگەیاندن و مینبەرى مزگەوتەکانەوە فەتوا دەدات و مەلاکانیشى رۆژانە لە وتار و وەعزەکانیاندا نەفرەتى ئاسمان بەسەر هەموو ئەوانیترى دەرەوەى خۆیاندا دادەبارێنن!، دیسان ئەوە هەر یەکگرتووە دەیەوێت رەخنەگران و رۆشنبیرانى نەیار بئاڵێنێتە تەلبەندى رقى خەڵک و وێنایەکى ناشیرینیان لە نێو زەینى خەڵکدا بۆ دروست دەکات و هەمیشە هەر رەخنەگرتنێک لە ئیسلامگەرەکان یەکسان دەکاتەوە بە رەخنەگرتن لە خوا و پێغەمبەرەکەى، چوونکە ئیسلامگەرەکان خۆیان بە سێبەرى خوا دەزانن لەسەر زەوى. لەبەر ئەوە لە سترۆکتۆرەوە ئەو پۆلێنکردنەوەى کە لەسەرەوە باسمان کرد بە هەڵەداچوونە ئەگەر نا لە جەوهەر و ماهییەتدا هەموو رەوتە ئیسلامگەرەکان یەک شتن و دووڕووى دراوێکن.

تەوەرى سێیەم : ئیسلامگەراى کوردستان و کێشەى نەتەوەیى
لەم چاپتەرەدا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ئایا ئیسلامگەرەکانى کوردستان تا چەند بەشداربوون لە خەباتى ئازادیخوازانەى گەلى کوردستان و شانبەشانى هێزەکانى دیکە لە سەنگەردا بوون بۆ بەرگریکردن لە کوردبوون و ستەملێکراویى ئەو گەلە؟ کە لە راستیدا ئیسلامگەرەکان نەیانتوانیوە (نەیانویستووە) لە قۆناغى سەختەکاندا بوونى خۆیان ئاشکرا بکەن، بۆ نموونە سەرەتاکانى سەرهەڵدانى (إخوان) لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانى سەدەى رابردوو کەچى ساڵى (1994) دواى راپەڕین لە ژێر ناوى (یەکگرتوو)دا خۆى رادەگەیەنێت، تەنانەت ئەوان لە قۆناغە هەستیارەکانى خەباتى شاخدا تەواو بێدەنگن و وەک حەلقەیەکى نهێنى زۆر بچوک دەمێننەوە.
لە ماوەى چەندان ساڵی رابردووشدا و لە ئەزموونى کارکردنى رەوتە ئیسلامگەرەکانەوە بەشێوەیەکى کرداریى بینیمان نەیانتوانیوە لەنێو چوارچێوەى کوردبوون و خەباتى سەربەخۆیى کوردستاندا کار بکەن، بە پێچەوانەوە خزمەتگەلێکى زۆرى کولتوور و ناسیۆنالیزمى عەرەبیان کردووە، گەشەکردنى ئەم فۆرمە لە ئیسلامگەریى بەشێکە لە پرۆسەى گەشەکردنى بیرى پان ناسیۆنالیزمى عەرەب، چوونکە ئیسلام رەگەزێکى هەر گرنگى عروبەیە! هەروەک (میشێل عەفلق)ى تیۆرسیۆنى بەعسیزم دەڵێت (پەیوەندیى نێوان عروبە و ئیسلام وەک پەیوەندیى جەستە و گیان وایە).

یەکگرتوو بە ریالی سعودى و دەوڵەتانى خەلیج بە ناوى فریاکەوتنى هەژاران و خێرخوازییەوە دەبێتە جێبەجێکارى پڕۆژەکانى نەتەوەپەرستانى عەرەب، چونکە جێگەى گومانە کە عەرەبە (خێرخوازەکان) بە تەنیا مزگەوت لە کوردستان دروست دەکەن (وەک ئەوەى کەممان هەبێت). لە کاتێکدا لەو چرکەساتە زێڕینانەى کە یەکگرتوو مزگەوتى دروستدەکرد هەر ئەو جەماوەرە موسڵمانە بوو کە یەکگرتوو مزگەوتى بۆ بونیاد دەنا لە هەژارییەکى کەم وێنەدا دەژیا. ئەو عەرەبەى کە ملیۆنەها دۆلار و ریال دەخاتە سەر حساب بانکى یەکگرتوو، بە خۆڕایى ئەم بڕە خەیاڵییە بە فیڕۆ نادات لەبەر ئەوەى دەزانێت بەهێزبوونى رەوتى ئیسلامى بونیادگەریى لە کوردستان بە ماناى پووکانەوەى بیرى نەتەوەییە و بەمەش رێگا تەخت دەبێت لەبەردەم عەرەب تا لە کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس بە زێدى رەسەنى خۆى بزانێت.
لە هەمووشى سەیر ئەوەیە کە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکگرتوو کە تا کاتى نووسینى ئەم بابەتەش لە (دەوحە) دەژى بە عەگال و دشداشەوە نوێژى بە کۆمەڵ دەکات و دوعا بۆ برا موجاهیدەکانى خۆى دەکات لە فلیپین و کشمیر بەبێ ئەوەى لە بیرى بێت کە خەڵکى کوردستانە و گەلەکەى خۆیشى لە هەموو ئەوانە چەوساوەترە، بەڵکو لە هەمووشى گرنگتر عەرەبى دشداشە لەبەر ئەو غەدر و ستەمە گەورەیەى لە گەلەکەى کردووە. ئەمە جیا لەوەی سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی واتە عەلی قەرەداغی دۆستی گیان بە گیانی خوێنمژێکی بێ ئابڕووی وەک ئەردۆگان و حزبەکەیەتی. ئەگەرچی من بە هیچ شێوەیەک بڕوام بە ناسیۆنالیزم نییە، بەڵام ئێش و ئازاری گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت ئازاری دڵم دەدات، کەچی ئیسلامییەکانی کورد نە وەک موسڵمان نە وەک هاونیشتمانی، هاوسۆز نین لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەیان نەخاسمە خۆیان بەر شان بخەنە ژێر ئەو ئێش و ئازارە.


نوووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish