Skip to Content

دەلالەتی سیاسی نێو کۆپلە شیعریەکانی سەباح رەنجدەر.. بەکر روانسەری

دەلالەتی سیاسی نێو کۆپلە شیعریەکانی سەباح رەنجدەر.. بەکر روانسەری

Closed
by March 31, 2021 General

شاعیر سەباح رەنجدەر کە هەردەم لەسەر ئارەقەی ناوچەوانی قەڵەمی هەناسەی شیعری داوەو وەکو مرەکەب بەکاری هێناوەتەوە بۆ ئەفراندن و بەخشینی شیعر، کە سەرجەم بەش و زاراوەو وێنەو شێواز تیایاندا هەر خۆی خاوەنی بووەو لە کەسی وەرنەگرتووە، ئەو بێمنەت لە هەوڵی بەخشینی شیعردایە، ئەگەر نوسخەی کاغەزیی شیعر ئیتر بەرەو ئۆغرکردن چووبێت ئیتر ئەویش بڕیاردەدا لە ساڵی ٢٠٢١دا چاپی ئەلیکترۆنی /پی دی ئێف/ی دوا کۆ بەرهەمی شیعریی خۆی بە ناوی (سەر زەمینی هەموو ناوەکان) بڵاوبکاتەوە، کە ژمارەی سپاردنی ٢٨٠ی ساڵی٢٠٢١ی بەڕیوبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی دراوەتێ.

مرۆڤ هەرچەندێك بژی لەمڕۆژەدا هەر ئەوپەڕی بگاتە ٦٠و٧٠و ئەمەش بە مەرجێك ئەگەر زەلیل و کەنەفت و دەربەدەر نەبێت، یان بە رووداوی تر پێش مردنی سروشتی کۆچ نەکات، شاعیریش خۆی کە ساڵی ٢٠٤٥ی بۆ مردنی خۆی پێشنیارکردبوو هەر لەسەر ئەم بنەمای کۆچە سروشتییە بوو، کەواتە ژیان بە راستگۆیی و نزیك لە خەمی گەل و هاوڵاتیان شانازییەکی گەورەیە بۆ شیعرەکانی شاعیر کە دوای خۆی بە جێیان دێڵێت و ئەوانیش هەرگیز لە ئاماژەی سیاسی بەدەر نەبوون… ئەو رەنگە هۆکاری زۆر بن بۆ سەرهەڵدان و توشبوون و پەیدابوونی نەخۆشیەکانی: شەکرە، پەستانی خوێن، هەناسەسواری، لەرزەی دڵ. باداری، خەمۆکی و نیگەرانیی… بەڵام سەرەتا ئەو دوژمنە ناحاڵیانەی تاوانبار دەکرێت کە لە ژیانیدا هێندەی توانیبێتیان بستێك لە زەمینی ئاسوودەییان بۆ جێ نەهێشتووە تا هەناسەی لەسەر بدات و بەهەموو جۆرێك ئازاری دەروونییان داوە، لە پێناوی چیدا؟ تەنیا چونکە نەچووتە ژێر تەوژمی بێ بەرهەم و بێ بەهرەییانەوە، تەنیا چونکە جیاواز لەوان نووسیویەتی و ئەوانیش لەمەدا هەستیان بە بچوکی خۆیان کردووەو ئیدی پێگەی ئیداری و کۆمەڵایەتی خۆیان کۆکردووەتەوەو لە خزمەت ئازادانی هەستی ئەم شاعیرە رۆح سووکەدا بە شێوەیەکی ناشارستانی و نامۆڕاڵی بەکاریان هێناوە.
بەڵام هەموو ئەمانە ساردی نەکردوونەتەوە لە جەنگە حەقیقییەکان، جەنگی دیکتاتۆرو ستەم، بەڵام ئەوە خوێنەران و نووسەرانن کە بە هۆیەك لە هۆیەکان هەتا ئێستا خۆیان نەداوە لە شیکردنەوەو لێدوان لە هەڵوێستە سیاسییەکانی شاعیر وەکو تاکێکی وشیاری ناو کۆمەڵگایەکی ستەمدیدە.
کاتێك فشاری هەڵەو گەندەڵی سیاسی دەگاتە هەڕەشەکردن لە پارووەنانی مرۆڤ و موچەی کرێکاران، ئەو کاتە مەترسی گەوجاندنی سیاسی لە ژێر ناوی نیشتیمانپەروەری و نەتەوەخوازی دەردەکەوێت، ئەمەش گرنگی و لێکەوتەکانی پەیوەندی نێوان بواری ئیکۆنۆمی و پۆلەتیك و سۆسیۆلۆژی دەردەخات.

شاعیر ئاوها دەست بە دیوانە نوێێەکەی دەکات، تا پێمان بڵێت : من هەمیشە لە نێوجەرگەی خەمی ئێوەوە هەڵقوڵاوم و هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی من نابەستێتەوە بە بازرگانەکانی سیاسەتەوە کە کوردستانی باشووریان کردووە بە زیندان بۆ هیوای گەنجان و لەبەرانبەریشدا هیچیان بۆ پارچەکانی تر نەکردووە جگە لە ماڵوێرانی:

دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما

ئەم کۆپلەیە وتەی ئەو برادەرەی بیرهێنامەوە کە گوتی لەگەڵ هەڵکردنی وەیشومەکانی (گەردەلولی بیابان)دا منداڵە کۆرپەکەم بە شیوەیەکی خۆڕسك و لائیرادی هاتە کۆڵم و چەندم کرد نەهاتە خوارەوە، ئەم دۆخەش هەر لێکەوتەو درێژبووەوەی ئەو گەوجێتیانەی دیکتاتۆرە جۆراوجۆرەکانن کە زیاد لە ٦٠ ساڵە لە کوردستاندا دەکوژن و دەبڕن و دەچەوسێننەوە، هەر یەكەیان بەناو و زمان و دروشمێکی جیاوازەوە، هەمووشیان لەیەك ئاوی سوورو شێلوی نامرۆڤایەتییان خواردووەتەوە.
شاعیر لە دەقی (گۆران و گۆڕان)ی تەنز ئامێزدا نایەت لە نووکەوە وەکو مێژوونووسێك هەموو چەوتی و هەڵە سیاسییەکانمان بۆ ڕیز بکات، چونکە ئەمە ئیشی ئەو نییە ، لەبەر ئەوەی ئەو سیاسەتمەدار نییە، ئەو شاعیرێکە لە دیدی مرۆڤدۆستی خۆیەوە دەتوانێت بە زمانی شیعر پەیام و بۆچوونی خۆی ناراستەوخۆ بدات بە گوێی هەموو خوێنەرێکدا بە وردی لە کۆپلەکان ورد بێتەوە، هەر یەك ئاماژەش بەسە بۆ مرۆڤی ژیر تا سەرەداوەکانی راستی کێشەکانی بۆ دەرکەوێت. ئەو دێت لە ئەلتەرناتیڤەکان دەودوێت، وەك ئەوەی گەندەڵی٣٠ ساڵی رابردوو لەبەرچاوی هەموومان روونەو رۆژانە ژیانی دەکەین، ئیشی شاعیریش ئەوە نییە کۆپی واقیع بکات و بینووسێتەوە، ئەمەشە سیمای دقی قووڵ و فرە دەلالەت، لەم شیعرەدا بەکورتی ئەو دێت بە شیوەیەکی بۆتیقایی بەراوردی عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیرو بزوتەوەی گۆڕان دەکات و لێرەدا ئەو جیاوازیە دەبینین کە گۆران نەزمی سروشتی لە شیعرەکاندا نووسیەوەو ڕێکی خستنەوەو وەکو تەوژمێکی ئازادی نێو شیعری کوردی پێشکەشی میژووی ئەدەبی کوردی کرد، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەڵتەرناتیڤێکی سەقەت بوو بۆ بارودۆخە چەوت و گەوجەکانی پێش خۆی، هات و زۆر لە پیسخۆریی و خیانەتەکانی سەرانی دوو زلحیزبی هەڵدایەوەو کەچی خۆشی هیچی نەکردو دوای مردنی دامەزرێنەرەکەی (کە پێشتر خۆشی داشێك بوو لە دامەی وێرانکاری گەمەکانی رەشی بەناو شۆڕشگێڕیی)، پاش شەنکردنی ئەم ئاکام و بەرهەمە پوچانەی جەللادەکانی شەڕی براکوژی، گۆڕانیش بووەوە بە بیچمێکی لێكچووی هەمان دەموچاوە قێزەونەکانی دەسەڵاتدارانی ٣٠ ساڵی رابردووی کوردستانی باشوور، کەواتە ئەوەندەی گرنگە ئاماژەی چەوتییەکان بکرێت، هێندەش دیاریکردنی چارەسەری دروست جێی بایەخە، لە هەموووشی گرنگتر ئایا لە واقیعدا جێگرەوەو بەدیلی راستەقینەی ئەو دوو حیزبە کلاسیکییە سواوەمان هەیە؟ کە بتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو دوور لە دیدگای حیزبی جڵەوی کاروباری خەڵك بە شێوەیەکی مەدەنی بەڕیوەبەرێت؟ نەبوونی ئەم بەدیلەش لە روانگەی شاعیرەوە خۆی لە خۆیدا مانەوەیە لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ئاوهای پڕ لە بێ هیواییدا.

Previous
Next