لە یادی سی ساڵەی کۆڕەوی خەڵکی کوردستاندا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
کۆڕەو ئەو کارەساتە گەورەیەی مفەوەزات نابووتی کرد
سی ساڵ بەر لە هەنووکە و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، جەماوەری باشووری کوردستان وەک پرۆتستۆیەک دژی دووبارە گەڕانەوەی کوردستان بۆ ژێر سایەی سیستمی بەعس و فەرمانڕەوایی سەدام حسێن، بە تێکڕا کۆچڕەوێکیان مێژووییان بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا دەستپێکرد.، تراژیدیاکانی ناو ئەم داستانە غەمگینە هیچی کەمتر نەبوو لە داستانی سووتاندنی رۆما لەلایەن نیرۆنەوە. بۆ خودی خۆم ئەم رووداوە دووجار تراژیدیا بوو، بەوەی لە مەرزی تەوێڵەی سەر سنووری ئێران، ئۆتۆمبیلەکەمان تووشی وەرگەڕان بووەوە، لە ئەنجامیشدا خوشکێکم لە تەمەنی 21 ساڵیدا ژیانی لە دەستدا، کە ناچاربووین تەرمەکەی لە شاری “پاوە”ی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەسپەردە بکەین، هەر لە ئانی ئەم تراژیدیایەدا سەرانی حزبەکانی کوردایەتی و نوێنەرانی بەرەی کوردستانی ئەوکات، وەفد لە دوای وەفد دەرگای بەغدادیان دەکوتا، ئاهەنگی ماچ و موچی سەرکردەکانی کورد لەگەڵ سەدام هێندەی تر برینەکەی قوڵتر کردەوە. تەنانەت وەک “ئەمجەد شاکەلی” لە کتێبی “ئەوەی نابێ بگووترێ دەبێت بگووترێ” ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە چۆن لە کاتی سەرکەوتن بەسەر قادرمەکانی کۆشکی کۆماریی و بۆ گەیشتن بە دیداری گەورە دیکتاتۆر “سەدام” شەڕە شان و پێشبڕکێ دروستبووە لە نێوان رەسوڵ مامەند و نەوشیرواندا.
بە کورتی پارتی و یەکێتی و کۆی حزبەکانی بەرەی کوردستانی ئەو کات، دەستکەوتە سیاسییەکانی کۆڕەویان بچووک کردەوە بە ئەنجامدانی وتووێژ لەو کۆنێکستەدا کە هەموو دنیا چاوی سۆز و عەقڵیشی چوو بووە سەر کورد، ئەمەش هەڵەیەک نەبوو سەرانی بەرەی کوردستانی بەشێوەیەکی عەفەویی بیکەن، بەڵکو چارەسەر نەبوونی کێشەی کورد کەسابەتێکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە بۆیان، چونکە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ دوایی کۆتایی چارەسەربوونی کێشەی کورد، بۆیە هەمیشە کێشەکان بە هەڵواسراویی دەهێڵنەوە. بە کورتی من پێش دوانزە ساڵ وتارێکی پوختم لە بیرەوەریی 18 ساڵەی کۆڕەودا بڵاوکردەوە بە ناونانیشانی “کۆڕەو ئەو کارەساتە گەورەیەی مفەوەزات نابووتی کرد”. بۆیە لێرەدا و لە یادی سی ساڵەی ئەو تراژیدیا مرۆییەی کورددا دووبارە هەمان بابەت پێشکەش دەکەمەوە. ..
کۆڕەوی زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەس لە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو کاتەی باشووری پێکدەهێنا، رووەو تاریکیی سنوورەکان و چارەنووسێکی نەزانراو، یەکێک لە دەگمەن و ناوازەترین رووداوی سیاسییە لە مێژووی کۆن و نوێی کوردستاندا. بەو هۆیەی خەڵکی کوردستان بە تێکڕا و بە جیاوازیی دیتن و ئایدیا و چین و رەگەزەوە بە کۆدەنگیی لە ریفراندۆمێکی تراژیدییدا بۆ هەمیشە دەسەڵاتی داگیرکەری عەرەبی عێراقییان رەتکردەوە. ئاخر ئەوێ رۆژێ ئەو جەماوەرەی ئێستا فڕێدراوەتە پەڕاوێزەوە، بێئەوەی بزانێت بۆ کوێ مل دەنێت و چارەنووس بە کوێی دەگەیەنێت، ملی رێگەی کۆچێکی گرتبووە بەر کە تەنانەت ژیانی تاراوگە و دەربەدەریی و تاریکیی هەموو ئاسۆکانی پێ باشتربوو لە مانەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و دڕندەی وەک ریژێمی بەعسدا.
لەم بارەوە نووسەری نێودار “دەیڤید ماکداول” لە کتێبەکەیدا “مێژووی هاوچەرخی کورد” دەنووسێت “ترسی گشتیی سەرانسەری کوردستانی گرتەوە. زیاتر لەیەک میلۆن و نیو کورد ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێهێشت و بە ترسەوە بە دوای جێگایەکی ئەمیندا روویان لە ئێران و تورکیا کرد. هەموو ئەو رێگاو کوێرە رێگایانەی بەرەو سنوورەکان دەچوون لە ماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئاپۆرەی خەڵکەوە گیران. لەسەر رێگای تورکیا رۆژنامەنووسێک وتی: بەچاوی خۆی نزیکەی پێنج سەد کەسی دیوە بەو بۆمبا فۆسفۆرییانەی هەلیکۆپتەرەکان هەڵیاندەڕشت کوژراون”. لەلای خۆیەوە کوردناس و نووسەری کتێبی “ئاغا و شێخ و دەوڵەت” مارتن ڤان بۆرنیسن ژمارەی ئەو کوردانەی لەسەرەتای مانگی نیسانی 1991 شوێنی خۆیان بەرەو سنوورەکانی ئێران وتورکیا جێهێشتبوو بە زیاتر لە دوو میلۆن هاووڵاتی کوردی پیاو و ژن تۆمار دەکات. گرنگیی ئەو کۆچڕەوە میللیی و نەتەوەییەی زیاتر لە دوو میلۆن و نیو کوردی باشووری وڵات، هەر ئەوە نەبوو، جەماوەر نایەوێت جارێکی دیکە لە ژێر فەرمانڕەوایی حکومەتی بەعسییەکاندا یەک تاکە هەناسەش بدات، نەخێر ئەو رووداوە سەرنج و سۆزی دنیاشی لەگەڵ خۆیدا بەلای دۆزی کورددا راکێشا.
هەر کاریگەریی و کارتێکردنی ئەو رووداوە تراژیدییە بوو، تەنانەت “جۆرج بوش”ی وەها لێکرد بە پەلە “جەیمس بیکەر”ی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بنێرێتە ئۆردوگای ئاوارە کوردەکان، بیکەر لە سەروەختی گەڕانەوەیدا بە زمانێکی غەمگین وتی “ئەوەی من بە چاوی خۆم بینیم زۆر لەوە زیاترە باوەڕی پێبکرێت”. میدیا بیانییەکان وێنای ئەم کۆچڕەوەیان وەک رووداوێکی دەگمەنی سەدەی بیستەم گواستەوە، ئەو وێنایانەی لە رێی تەلەفزیۆنەکانەوە گەیشتنە چاوی هاووڵاتیانی جیهان بە ئەندازەیەک بوو لەوەتی کورد هەبووە و هەیە، هەرگیز ئەوەندە چاوی میدیا و زوومی کامێرای دەستگا و ئاژانسەکانی هەواڵی لەسەر نەبووە، تەنانەت ئەنفال و هەڵەبجە کە بەبڕوای من لەکۆڕەو تراژیدیتر و وروژێنەرتربوون نەیانتوانی بەو ئەندازەیە سۆزی دنیا بەلای خۆیاندا رابکێشن، راستە بە ژێر لێوەکردنی ئەنفال و هەڵەبجە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە هەبوو، بەڵام کۆڕەو، بووە دیاردەیەک ئیدارەی ئەوکاتی ئەمەریکا تووشی شەرمەزارییەکی گەورە کرد، بەوەی جڵەویان بۆ ریژێمی سەدام و هێزە ئاسمانییەکانی بەعس شل کرد، هەتاوەکوو سەرکووتی راپەڕینی گەلانی ئێراق بکات.
وەختە بڵێم ئەم واقیعەی لە دوای ساڵی 1991ەوە لە باشووری کوردستان دروستبووە قەرداری کۆڕەوە، کۆڕەویش قەرداری چاوی کامێرای میدیاکانە. تەنانەت ژەنەراڵ “بیکیلی” فەرماندەی ئەو کاتەی هێزەکانی هاوپەیمان، لە یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارە کوردەکان، لە بەردەم حاشاماتێکی زۆری کوردەکاندا وتی “شتێک ئێمەی هێناوەتە ئێرە کامێرا بوو، لەبەرئەوە هەوڵبدەن دۆزەکەتان باشتر بناسێنن”. هەر ئەو رووداوە بوو لەسەر دەستپێشخەریی فەڕەنسا و خودی فرانسوا میترانی سەرۆکی ئەودەمی فەڕەنسا، وای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد لە رۆژی 4-4-1991 کۆببێتەوە، تاوەکوو بڕیاری 688 دەربکەن، کە بووە قەڵغانی پاراستنی کورد هەتا ساتەوەختی رووخانی بتەکەی سەدام لە ساحەی فیردەوسی بەغداد لە بەهاری 2003. هەتا ئێرە هەموومان دەزانین کۆڕەوی میلۆنیی کورد دۆزی نەتەوەیی کوردی لە دۆزێکی لۆکاڵیی و ناوخۆیی وڵاتێکەوە کردە دۆزێکی نێونەتەوەیی کە زلهێزەکانی دنیا دەخالەتی تێدا بکەن.
هەتا ئێرە بۆ هەر کوردێک ئاشکرایە کۆچڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کورد ئەگەر ژیرانەتر لەوەی کرا مامەڵەی لە تەکدا بکرایە ئەوە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کوردستانی دەگەیاندە وێستگەی دەوڵەتی سەربەخۆ و دانپێدانراو لەلایەن تەواوی کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، چوونکە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کوردەکانیش لە رێی دەوڵەتێکی نەتەوەیی خۆیانەوە گرەنتی مافەکانیان بکرێت، کۆڕەو ئەگەرچی رووداوێکی زۆر تاریک و رەشە لە مێژووی گەلی کوردستاندا، بەڵام ئەگەر هەڵەی سیاسییەکان و هەڵپەی مفەوەزات لێی گەڕابا و باشووری بە مارە بەجاش لە عێراقی “کۆماری ترس” و سەرکوت و گۆڕی بە کۆمەڵ مارە نەکردایەتەوە ئەوە لە مێژەوە بوو لانیکەم ئەم پارچەیەی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی قانوونی جێگەی خۆی دەکردەوە.
هاوڕێ و خزمى نێزیکم “ناسر حەفید” کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لە سوێد دەژی و یەکێکە لە نووسەر و چالاکەکانی بواری سیاسەت، بۆی گێڕامەوە: لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، زۆر مانگرتن و خۆپیشاندانمان لە ستۆکهۆڵم سازدا، دەمانوویست سۆزی سوێدییەکان بەلای ئەو تراژیدیا مرۆییەی لە باشووری کوردستاندا روویدەدا رابکێشین. بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، یەکێک لەو پەرلەمانتارە سوێدییە چەپانەی ببووە هاوڕێم پێیووتم: سەردەمانێک هەموو دنیا بە ڤێتنامەوە خەریکبوو، دواجار ڤێتنام ئازاد بوو، رۆژێکیش دێت خۆری ئازادیی ئێوە هەڵبێت و هەموو دنیا بە ئێوەشەوە خەریک بێت!!، بۆ من ئەو قسەیە لە دوای ئەنفالی ساڵی 1988 قابیلی هەرسکردن و بڕواکردن نەبوو. بەڵام لە دوای راپەڕین و لە سەروەختی کۆڕەودا ئەو پێشبینییەم بەچاوی خۆم بینی، بینیم پیرەژنێکی زۆر لاواز بە سندوقێکەوە کۆمەکی بۆ کورد کۆدەکردەوە، منیش لێی چوومە پێشەوە و وتم منیش کوردم.
لە وەڵامدا پیرەژنەکە وتی: من هەقی تۆم چییە؟!، من یەکەم کەس بووم کۆمەکم بۆ ڤێتنامییەکان کۆکردەوە ئێستاش هەر یەکەم کەسم کۆمەک بۆ ئاوارە کوردەکان کۆدەکەمەوە!. ئەوەبوو پەرلەمانتارەکە پێیوتم: ئەها کاتی خۆی پێمووتی، ئەوە ئەمڕۆش خۆری ئێوە لە هەڵهاتندایە و دنیا بە ئێوەوە خەریکە، تاوەکوو بتانکەنە حکومەت. بەڵام دوای پرۆسەی دانوستان و چوونی وەفدی بەرەی کوردستانیی ئەوکاتە، بە سەرۆکایەتی “مام جەلال” و یاوەرێتی “رەسوڵ مەمەند و سامی عەبدولڕەحمان و نێچیرڤان بارزانی” ئەو ئەندام پەرلەمانەی سوێد بە سەرسامییەوە وتی: نەتانتوانی کەڵک لەو هەلە وەرگرن، لەوە زیاتریش ئێمەتان تووشی شۆک و شەرمەزاریی کرد.
مەبەستمە بڵێم لەو سەروەختەدا کە هێشتا سەدان هەزار کەس لە کامپی ئاوارەکاندا بوون، سەدان بنەماڵە لە پرسەی ماتەمینی لە دەستدانی کەسوکاریاندا بوون، بڕیاری پەلەپڕوزکێی رووکردنە بەغدا و دەستپێکردنەوەی خولە دۆڕاوەکانی دانوستان، هیچ لۆژێکیک و هیچ مۆراڵێک و هیچ عەقڵانییەتێکی سیاسیی پشتگیریی لێ نەدەکرد. کریس کۆچێرای رۆژنامەنووس و کوردناسی فەڕەنسیی بە سەرسووڕمانەوە لەبارەی ئەم هەڵوێستەی سەرانی بەرەی کوردستانییەوە دەنووسێت “لە رەوشێکدا کە بەشێوەیەکی خێرا رای گشتیی دنیا لە زەمینەی پشتیوانیی و یارمەتی بەسوودی کوردەکان بەرەو فراوانبوون دەچوو، ئەوان ئەم کاتەیان بۆ دانوستانی نوێ لەگەڵ سەدام حسێن هەڵبژارد، لەگەڵ ئەمەشدا، حکومەتەکانی رۆژئاوا لە ژێر فشاری رای گشتیی بۆ یەکەمین جار چەند بڕیارێکیان بە مەبەستی پاراستنی کوردەکان پەسەندکرد، بۆ ئەم کارەش هەزاران سەربازی کارامەیان بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلکاریی هێزی هەوایی عێراق ئامادە کرد کە رێگایان نەدەدا هیچ گومانێک لە بەرامبەر پاراستنی هەوایی ناوچەکانی کوردستان پەیدا بێت. رابەرانی کورد لە هەلومەرجێکی سەرسامدا دەستیانکرد بە گفتوگۆ، لە کاتێکدا هەزاران کورد لە سەرما و بەفردا گیانیان سپارد، جەلال تاڵەبانی و سێ کەسی دیکە لە رابەرانی کورد لە تەلەفزیۆن بینران و سەدامیان لە ئامێز گرت و ماچیان کرد، (ئەمە گوناهێکی گەورەیە، هەنگاوێکە بۆ خۆکوژیی)، ئەم وتەیە لەلایەن نوێنەرێکی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە پاریس بەیانکرا”.
بەم جۆرە سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردیی لەو هەلومەرجە نوێیە نەیتوانی کەڵکێکی ئەوتۆ وەربگرێت، بەڵکو دیسان رێگە تەقلیدییەکانی خۆی گرتەوە بەر کە بریتیبوو لە یاریی هەمیشە کورد تیا دۆڕاوی دانوستان دەگەڵ بەغداد. تەنانەت سەرکردەکانی کورد بێ گوێدانە ئەو هاوسۆزیی و هاوپشتیوانییە جیهانییەی لەو وەختەدا لە کورد دەکرا و داوای گرەنتی زیاتر دەکرا بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانی کورد، پشتیان کردە واقیع، روویان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وەرگێڕا و قیبلەنمای خۆیان ئاڕاستەی بەغدادی پایتەختی وردوخاشکردنی خەونی کورد و پلانە جەهەنەمییەکانی لەناوبردن و گەلکوژیی کورد کردەوە. تەنانەت “نەوشیروان مستەفا” ساڵی رابردوو لەرێی ئەو زنجیرە وتارەی لەرۆژنامەی “رۆژنامە” بڵاویکردەوە لەمەڕ مفەوەزاتی ساڵی 1991، باس لەوە دەکات وەختێک بە مام جەلال وترا، پێویستە لەگەڵ سەدام وریابین و پێویستمان بە گرەنتی نێونەتەوایەتی هەیە، ئەو لە وەڵامدا وتوویەتی “ئێمە گرەنتی نێودەوڵەتیمان ناوێت، سەدام خۆی گرەنتییە”. ئەگەر لەم وتەزایە کەمێک وردبینەوە و لیکۆڵینەوەیەکی تاقیگەیی بۆ بکەین، دیسان راستیی ئەو بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە کوردییە فیدراڵیخوازەمان بۆ دەردەکەوێ هەمیشە چاوی لە بەغداد بووە و لەبری بنیاتنانەوەی کوردستانێکی سەربەخۆ و هەنگاوی دەوڵەت، خەونی بە برابەشیی و بەشدارییکردنی حکومەتەوە بینیوە لە بەغداد، هەر ئەم فاکتە ساکارە نیشانمان دەدات بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی فیدراڵیخواز هەمیشە هەموو هەلەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی دەکاتە قوربانیی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، تەنانەت دەوڵەتی کوردستان ناگۆڕێتەوە بەو بڕە مافە کرچ و کاڵەی بەغداد بە منەتەوە پێیدەدات.
جەلال تاڵەبانی و کۆی سەرانی بەرەی کوردستانی چەندان ئەزموونی تریان لە بواری دانوستان لەگەڵ سەدام و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەبوو، سەرئەنجامی هەموو مفەوەزاتەکانیان بینیبوو، کە جگە لە هەڵگیرساندنەوەی خولێکی تری جەنگ و شەڕی نابەرابەر شتێکی تر نەبووە. تەنانەت دوای چوونی مام جەلال و شاندەکەی هاوڕێی، لە لێدوانێکیدا، مام جەلال دووپاتی دەکاتەوە بڕوای بە مفەوەزات و گرتنەبەری رێگەی بەغدا نەبووە، بەڵام ترسی لە دروستبوونی ئەرمینیایەکی تر لە تاراوگە وەهای لە سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی کرد، بگەنە بڕیاری دانوستان، ئەو دەڵێت “من دژی گفتوگۆکردن بووم، بەڵام ئێمە ناتوانین تەنیا وەکوو پارتێکی سیاسیی کار بکەین، ئێمە سێ ملیۆن ئاوارەمان هەیە کە دەبێت بیر لە چارەنووسیان بکەینەوە، ئێمە دەمانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ماڵەکانیان دروستبکەنەوە”. لە باری واقیعیشەوە مفەوەزات نەیتوانی هیچ بۆ کورد بەدەستبهێنێت جگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شار و شارۆچکەکان، بەڵام لە روویەکی ترەوە زیانێکی گەورەی لە دۆزی کورد دا و گەورەیی و شکۆی کۆڕەوی کەم کردەوە، هەرئەمە وایکرد هاوسۆزیی هاووڵاتیانی دنیا کەم بێتەوە و بەم هۆیەشەوە حکومەتەکانی رۆژئاوا رزگاریان بوو لە فشاری ئەو رای گشتییەی لەسەریان بوو بۆ هاریکاریی و پاڵپشتیکردنی مرۆیی و سیاسیی گەلی کورد.
کارەساتەکە ئەوە بوو شاندی کوردیی لە بەغداد هیچ شتێکی سەوز نەکرد و وەک هەموو جارەکانی تر بەدەستی بە تاڵ گەڕانەوە، بەڵکو بۆ خولێکی تر سەدام حسێن و رژێمەکەی وەها لێبکەن هەندێک ماف بۆ کورد بەرەوا ببینن و دانی پێدابنێن. هەروەکوو “نادر ئینتیسار” نووسیوێتی “وەفدی کورد بۆ گفتوگۆکردن بە سەرۆکایەتی تاڵەبانی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئیمزا نەکرد، بەڵام خولێکی دیکەی گفتوگۆی عێراق و کورد لە حوزەیرانی ساڵی 1991دا دەستیپێکردەوە”. کەوابوو دانوستانی ساڵی 1991 نەک هەر هیچی بە کورد و خەباتە نەپساوەکەی لە پێناوی سەربەخۆییدا نەبەخشی، بەڵکو بووە یەکێک لە گرنگترین فاکتۆرەکانی نابووتکردنی کۆڕەو و کەمکردنەوەی راددەی هاوکاریی و پاڵپشتیی جیهانیی بۆ کورد. چوونکە کورد لە رێی مفەوازەتەوە پەیامی ئەوەی بە جیهان گەیاند: پێویستیی بە هاوکاریی کەس نییە و دەتوانێت لە رێی مێزی گفتوگۆوە قەناعەت بە حکومەتی بەغداد بهێنێت و دۆزی نەتەوایەتی خۆی لەگەڵ ئەو بگەیەنێتە خاڵی چارەسەرکردن. لە کاتێکدا ئەم هەوڵانە، کەوتبوونە دوای رووداوەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و قەلاچۆکردنی کورد و خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکانی کوردستان، کەوتبوونە دوای هەموو ئەو نەهامەتییانەی کورد کە لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەسەریدا هێنرابوو.
لەگەڵ ئەوەدا هێشتاش سەرکردەکانی کورد لە بری بەکارهێنانی کارتی کۆچڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەت، کەچی بەپێچەوانەوە کردیانە هۆ و بەهانەیەک بۆ رووکردنەوە بەغداد و درێژەدان بە مانەوەی خاکی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەزۆر داسەپاوی عێراقدا. هەروەک “م.شێرزاد حەسەن” لە وتارێکیدا دەنووسێت “لەوەتەی هەین پەیوەندیی نێوان کورد لەگەڵ عەرەب و فارس و تورک، پەیوەندییەک بووە کە سنوورەکانی نێوانمان سنووری مەرگ و خوێن بووە، گەورەترین درۆ ئەوە بووە ئێمە لەگەڵ ئەواندا براین، برایەتیی بڕیارێک نییە لەناو ئەو مێژووە درۆزنەدا بوونی هەبووبێ، مێژوویەک کە جگە لە زمانی شمشێر و بارووت هیچی دیکەی نەزانیوە. مێژوویەک کە حوکمێکی کەڵەگایی بەوان بەخشیوە و بۆتە حوکمێکی پیرۆز و خواهانە، ئەوانە هەمیشە رۆڵی ئاغا و بەگلەر و ئێمەش رۆڵی مسکێن و پاڵە و سەپانیمان بینیوە، ئەوان سەردار و ئێمە کۆیلە، ئەوان دەسەڵاتدار و ئێمەش ژێردەستە، ئەوان پتر لە هەزار ساڵە بە کولتوورێکی خوێناویی خۆیانەوە سواری کولتووری ئێمە بوون و چییمان هەبوو لێیان سەندین، بە زەبری شمشێر و باج و خەراج مێژوویەکی زۆڵی خۆیان کرد بە مێژووی زاڵ بەسەر ئێمەدا”.
بە کورتی لەوەتی سەدەی بیستەم هاتووە و کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی کۆنەپەرستی ناوچەکەدا دابەشکراوە، کورد هەر گیرۆدەی ستەمی میللی و نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو لەهەمان کاتدا گیرۆدەی ئەو ئاوەزە سیاسییە کورتبین و ناواقیعییەش بووە، هەموو کات بە زمانێکی نەرمونیانەوە دروشمی برایەتی درۆزنانەی نەتەوەی چەوساوە و ژێردەستی کوردی لەگەڵ نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتداری داگیرکەری کوردستان هەڵکردووە، ئاخر برایەتیی لە درۆیەکی شاخدار بەولاوە چیترە، ئەگەر خۆمان بەبرای ئەوانە بزانین ئەنفالیان کردووین و بستێکی خاکی عێراق نەماوە جەستەی مرۆڤێکی ئێمەیان تێدا نەشاردبێتەوە؟. هەر کاتێک جوولەکەکان خۆیان بە برای نازیست و ئەڵمانە توندڕەوەکان زانی، هەر کاتێک ئەرمەنەکان بوونە برای گیانی بە گیانی عوسمانلی و تورکەکان، هەر کاتێک فەلەستینییەکان بوونە بە برای یەهوودییەکانی ئۆرشەلیم، ئەوکات کوردیش دەتوانێ و مافی خۆیەتی دروشمی برایەتی لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان هەڵبکات و گوێی دنیای پێ کەڕ بکات.
ئاخر هەر ئەم کولتووری خۆ بە کەمزانین و خۆ بچووککردنەوەیە بووە، ئێمەی وەها لێکردووە هەر بە داگیرکراویی و ستەملێکراویی بمێنینەوە. نابووتکردنی کۆڕەو بە ئەنجامدانی مفەوەزات یەکێکە لەو دەیان هەڵە و هەنگاوە سیاسییە کوێرانەیەی هەمیشە هەلە زێڕینەکانی لە کیس کورد داوە. بەڵام ئیتر سیاسەت وایە بچووکترین هەڵە گەورەترین هەڵدێری لە پشتەوەیە، بچووکترین زرنگیی گەورەترین سەرکەوتنی بەدەمەوەیە، وەلێ بەداخەوە کورد بە چەشنی پەندێکی پێشینانی لێ بەسەرهاتووە کەدەڵێت “لە شوێنێک عەرد هەیە و ئاو نییە، لە شوێنێکی دیکە ئاو هەیە و عەرد نییە”. مێژووی ئێمەش هەروا بووە یان ئەوەتا سەرکردەی زرنگ و نەتەوەییمان هەبووە و واقیع و دنیا لە دژی بوون، یان دنیا لەگەڵمان بووە و واقیع شانسی پێداوین، سەرکردەی باشمان نەبووە، سەرکردەیەک وەک گاندی بێت یان هیچ نەبێت بیسمارک بخاتەوە بیرمان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابووتکردنی کۆچڕەوی میلۆنیی کورد لە بەهاری 1991، ئەگەر تاوانێکیش نەبێت بۆ سەرانی بەرەی کوردستانی، ئەوە بە ئاسانیی دەتوانین بڵێت گەورەترین هەڵەی مێژوویی بوو بە درێژایی تەمەنی خەباتی گەلی کوردستان لە سەراپای سەدەی بیستەمدا.
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “619”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی 19-4-2009 بڵاوبۆتەوە.