Skip to Content

ڕەخنەیى سیاسى لە شیعرەکانى (پێشەوا کاکەیى)ـدا.. پەرێشان خالید سابیر

ڕەخنەیى سیاسى لە شیعرەکانى (پێشەوا کاکەیى)ـدا.. پەرێشان خالید سابیر

Closed
by ته‌مموز 21, 2021 General, Literature

پێشەکى
ڕاستییە جێگرەکانى وەکوو سیاسەت و سیاسەتکردن و ئازادى و دیموکراسى لە کۆمەڵگەى ئێمەدا، بمانەوێ یان نەمانەوێ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەرى بەرجەستەییان جێهێشتووە لەناو ئەزموونە هەستەکییەکانى ئێمەدا. لە ڕوانگەی گریمانەکانى پەیوەستبوونى ژیانى مرۆڤ بەو سیستەمە سیاسییەوە، زۆربەى شارەزایان و ڕەخنەگران دەڵێن: ئەدەب، بە شێوەیەکى زیندوو پەیوەستە بە بارودۆخى ژیانى مرۆڤەوە. ئەدەب، شتێکى بەرجەستەیە زیاتر لەوەى شتێکى واتایى بێت، ژیان بە هەموو جۆراوجۆریەتییە دەوڵەمەندییەکانەوە نمایش دەکات.
ئێمە هەموومان ئەوە دەزانین شاعیر کاتێک دەمرێت کە بێهەڵوێست بێت لە ئاست ڕووداوە گەورەکان و کارەساتە مێژووییەکان. بۆیە شاعیرى داهێنەر کەسێکە هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتى زۆرداردا یەک نابێت و داکۆکى لێناکات و یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانى قسەکردنە لەکاتى پێویستدا (هەڵوێست وەرگرتن)، بۆ ئەم مەبەستەش، کەى ویستى و لە کوێ پێویست بوو بێتەگۆ، بێ ئەوەى چاوەڕێى مۆڵەتى کەس بکات، ئەوکاتە شاعیر وەک داهێنەر خۆى خوڵقاندووە، چونکە نە بەرهەمى هیچ بڕیارێکە و نە زادەى هیچ دەسەڵاتێک.

تەوەرەى یەکەم:
چەمک و پێناسەى ڕەخنەى ئەدەبى:

ڕەخنەى ئەدەبى، وەکوو لقێکى دیار و چالاکى نێو دنیاى لێکۆڵینەوەى ئەدەبى، گەلێک پێناسە و هەڵسەنگاندنى بۆ کراوە، بە پێى میتۆدە ڕەخنەییە جیاجیاکان؛ لێرەدا بە کورتى چەند پێناسەیەک دەخەینە ڕوو.
((ڕەخنە «criticism» هونەرى هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەى کارە ئەدەبى و هونەرییەکانە لەسەر بنەمایەکى زانستى- پشکنینى زانستییانەى دەقە ئەدەبییەکان؛ لە ڕووى: سەرچاوەکانییەوە، ڕاستى ناوەڕۆکەکەیەوە، سەرهەڵدانییەوە، هەروەها لە ڕووى سیفاتەکان و مێژووەکەیەوە.))
(ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ٢٠١٧: ١٢)

یان ڕەخنە بریتییە لە: ((ناسین و نرخ و بەهاى بەرهەمى ئەدەبى و ڕاڤە و شیکردنەوەى بە شێوەیەک کە چاک و خراپى ئەو بنوێنێت و سەرچاوەکان نیشان بدات.)) (هیمداد حوسێن، ٢٠٠٧: ٢٠)
کەواتە، ڕەخنە بریتییە لە شڕۆڤەکردن و ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنى دەقى ئەدەبى بە پێى میتۆد یان ڕێبازێکى دیاریکراو. لە ڕوانگەى ئەم پێناسانەوە تێدەگەین کە هەرڕەخنەگرێک و لێکۆڵەرێک لە دید و ڕوانگەى جیاجیاوە بۆ ڕەخنەى ئەدەبى دەڕوانن، بە پێى ئەو میتۆدەى کە کارى لەسەر دەکەن و بە ڕاستى دەزانن، بەو جۆرە ڕەخنەى ئەدەبى بە جۆرە (زانینێکى ئەدەبى) هەژمار دەکرێت؛ چونکە بە پێى کۆمەڵێک بنەما و ڕێچکە کار دەکات و لۆژیک و ڕوونکردنەوەى تایبەتى خۆى هەیە، بە پێچەوانەى ئەوەى کە لێرە و لەوێ لەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەدى دەکرێت، نە ستایشکردنە، نە داشۆرین، بەڵکوو تەنها وەکوو چالاکییەک و خوێندنەوەیەکى زیرەکانەیە، بە پێى چێژ و تێگەیشتن و سەلیقەى خوێنەر لە هەمبەر ڕەهەندە جیاجیاکانى دەقە ئەدەبییەکە.

ڕەخنەى سیاسى:

یەکێک لەو زانستانەى کە پەیوەندییەکى پتەوى بە ڕەخنەوە هەیە، زانستى سیاسەتە بەتایبەت ئەو میتۆدانەى کە ئیش لەسەر بار و دۆخ و جیهانى خاوەن دەق (نووسەر) دەکەن. بەر لەوەى باسى (ڕەخنەى سیاسى) بکەین، بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەناو ئەو میتۆدانەى کە کار لە دەرەوەى دەق دەکەن، واتە میتۆدە کۆنەکانى وەکوو (مێژوویى و کۆمەڵایەتى و دەروونى) ڕەخنەى سیاسى بەدى دەکرێت؛ چونکە هەریەکێک لەم بوارانە دەربازى نەبووە لە ڕەنگدانەوەى بیر و باوەرى سیاسى و ئایدۆلۆژى، بۆیە کە باس لە ڕەخنەى سیاسى دەکەین، ناڕاستەوخۆ تێکەڵى ئەم میتۆدانە دەبینەوە.
ڕەخنەى سیاسى، ڕەخنەگرتنە لە بار و دۆخ و سیاسەتى چەپەڵانەى سیاسییەکان و پەردە هەڵماڵین لە ڕووى کارە قێزەون و بەرژەوەندى خوازەکانیان، لە بەرانبەردا هەڵوێست وەرگرتنە بە پەیڤ و وشە و بەرەنگاربوونەوەى سیاسەتى تاکڕەوانەى سیاسییەکان لەپێناو گۆڕینى ئەو کەتوارە نالەبارە و فەراهەمکردنى ژیانێکى ئاسوودە و ئارامتر بۆ تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیە.
هونەر، ئاوات و هیواى مرۆڤ لە کۆمەڵێکى تایبەتى و قۆناغ و بارودۆخێکى تایبەتیدا دەردەبڕێت، لەبەر ئەوە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ سیاسەت و ئایدۆلۆژیا ڕەنگدانەوەیان هەیە لەناو بەرهەمى شاعیران. ((بە پێی تیۆرى مارکسیزم بنیاتە بنەڕەتییەکانى ژیانى ئادەمیزاد لە لایەن ئابوورى و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانەوە دیارى دەکرێت؛ واتە هەر ژێرخانێک «بنیاتێکى ژێرەوە» سەرخانێک «بناتێکى سەرەوە»ى خۆى هەیە. ئەم سەرخانە، لە ڕەوتە ئایدۆلۆژییە -سیاسیی، دینى، فەلسەفى و هونەرى-ـیەکەیدا خۆى دەنوێنێت.)) (کەمال میراودەلى، ٢٠٠٥: ١٩٣)
بەدریژایى سەردەمە جیاجیاکان، بیرى ڕەخنەى سیاسى بەدى دەکرێت لەناو بەرهەمى شاعیران و هونەرمەندان، چونکە ((هونەرمەند و ڕۆشنبیرى سەربەخۆ، لەو کەسایەتییە زۆر کەمانەن کە ئامادەن بۆ دژایەتیکردنى (لە قاڵبدان) کە مردنى شتە جوانەکانى بە دوادا دێت، چاوکردنەوە و تێگەیشتنى نوێ، بریتییە لە تواناى کارکردنى بەردەوام بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى دەمامکەکان و پاشان لەناوبردنى ڕوانین و بیر و باوەڕى لە قاڵب دراوەکان.))

(بیرى ڕەخنەى هاوچەرخ، ٢٠٠١: ١٠٧)
ئینجا لەبەر ئەوەى لە هەموو ڕۆژگارەکاندا، دنیاى هونەرى و ڕۆشنبیریى جەماوەرى و بیر و باوەڕى کۆى گشتیی خەڵک بە گوێرەى پێداویستییەکانى سیاسەت ئاڕاستە دەکرێن، لەو کاتەدا دەبێت هونەرمەند و ڕۆشنبیران، چاودێری بخەنە سەر سیاسەت و کارى سیاسى. جا ئەگەر لەم نێوەندەدا ئەدیب و نووسەران لە خەباتى سیاسیدا خۆیان بە هەقیقەت و بەها ڕاستییەکانى نێو کۆمەڵگە نەبەستنەوە، دوا جار ناتوانن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ئەزموونە زیندووەکاندا بکەن.
بێگومان ئەمەش ماناى ئەوە نییە کە شاعیر هەمیشە ڕەخنەگرى سیاسەتى حوکوومەت بێت و لە سەنگەرى بەرگریدابێت بۆ هێرشکردن، بەڵکوو بە جۆرێک سەیرى کارى فکرى و ڕۆشنبیرى بکات کە بەردەوام هۆشیار و بە ئاگا بێت و هەمیشە ئاگادارى ئەوە بێت کە بیر و باوەڕە لاساییکەرەوەکان ڕێنمای ژیانى نەکەن و سنوورى بۆنەکێشن.
((ئەم جۆرە ڕەخنەى سیاسییەش بە زۆرى لە شیعرى ئەو شاعیرانەدا بەدى دەکرێت کە «نەتەوەیی»ـن و خۆشەویستى نەتەوە و نیشتمان وایان لێ دەکات کە بە شیعرى ڕەخنەئامێز بەرەنگارى سیاسەتى داگیرکارانى خاک و وڵاتەکەیان ببنەوە، جگە لەو جۆرە ڕەخنەیەش کە لە سیاسەتى داگیرکەرانیان گرتووە، لەهەمان کاتدا ڕەخنەیان لە ناتەبایى و خۆخۆرى و دووبەرەکى میرو پاشاکانى کوردیش گرتووە.)) (ئومێد ئاشنا، ٢٠٠٨: ٦٣)
کەواتە، بە پێى ئەو بۆچوونە، شاعیرانى خاوەن هەڵوێست و ڕەخنەگر لە سیاسەتى سەردەم، هەست بە بەرپرسیاریێتى دەکەن لە بەرانبەر بەها ئازادییەکانى کۆمەڵگە و بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکەش، دەبێت لە ڕیزى «ئۆپۆزسیۆن»ـدا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەسەڵاتى شاعیر یان ڕەخنەگرى سیاسى، دەسەڵاتێکى ماددى یان ئابوورى نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکى ڕەمزییە. واتە، دەسەڵاتى قسەکردن و نووسینى هەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتى شمشێر و پارەدا، بەڵام دوا جار ئەمیش هەر دەسەڵاتە. ئامانجى ئەدیبیش لاى ڕەخنەى سیاسى ((پەیوەستە بە هەڵوێستى ئەدیب بەرانبەر بەو ململانێیەى لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەگەر گۆمەڵگە ململانێیەکى چینایەتى بە خۆوە بینى، ئەوا ئامانج و مەبەستى ئەدیب سەرخستن یاخود گوزارشتکردنە لە چینى کرێکار و چەوساوەکان.)) (ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ٢٠٠٧: ١٠٠)
واتە، دەبێت ئەدیب هەردەم لە بەرەى گەل و چەوساوەکاندابێت و گوزارشت لە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانى ئەوان بکات، چونکە سیاسەت وەکوو تۆڕى ڕایەڵەیەکى بەهێز، ڕەگى خۆى بەناو هەموو کایەکانى ژیانى ئادەمیزاددا شۆڕ کردۆتەوە، لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنەى سیاسى بە تەنها ((بایەخ بە ئەدەبى تایبەتمەند و بە بەها کۆمەڵایەتییە جێگرەوەکان نادەن، بەڵکوو بایەخ بەو ئەدەبە دەدەن کە بەرەنگارى دەکات و پەیوەندییە باوە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان نووسەران و بڵاوکەرەوەکان و خوێنەران و کارگەرانى ترى ئەدەبدا دەگۆڕێت.)) (تێرى ئیگڵتن، ٢٠١٦: ٤٨٥)
واتە پەردە هەڵماڵین لەسەر سیاسەتى ئەو سیاسییانەى کە بەبەرنامە ئیش لەسەر داڕووخانى کۆمەڵایەتى و نەمانى ئینتیماى نەتەوەیى دەکەن لە لاى تاکی کورد.

تەوەرى دووەم:
ڕەخنەى سیاسى لە دەقەکانى (پێشەوا کاکەیى)ـدا:

پێشەوا کاکەیى؛ لەم دەقە واڵایەدا (لە خانۆچکەکەى ماڵی پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان) لە زۆر شوێندا، باسى سیاسەتى دوژمنکارییانەى وڵاتانى دراوسێى کوردستان دەکات، کە چۆن هەرجارە لەژێر ناوى جیاجیاوە کەوتوونەتە وێزەى خەڵکى کوردستان و لەناوبردن و پاکتاوکردنى نەژادى کوڕ، شاعیر بە شێوەیەک وەکوو ئاوێنە وێنەى ئەو کارەساتانەمان دێنێتەوە بەرچاو کە لە کات و شوێنى جیاجیاى کوردستان بەسەر میللەتى ستەمدیدەى کورددا هاتووە؛ بەڵێ شاعیر هەمیشە وابەستەى میللەتە و بە ڕوونى لە سەنگەرى گەلەوە بەگژ دوژمندا دەچێتەوە. بۆ نموونە لە دەقى شیعرى «ڕۆحى کۆبانێ»ـدا بەم جۆرە دەڵێ:

ئەوەی دێڕێک قورئانی بە مانا خوێندبێتەوە،
دەبێت تەفسیری كۆبانێ بزانێ.
ئەوەی فەرموودەیەكی پێغەمبەری خوێندبێتەوە،
دەبێت بزانێت كە جەژن بێ دراوسێ ناكرێ.
بڕۆن لە پەڕتووكی هەڵەبجە بڕوانن،
لە لاپەڕەی سێ و دێڕی شازدەیەم نووسراوە:
ئاگاتان لە زارۆكەكانی كۆبانێ بێ.
بڕۆن فڕۆكە هەڵبدەن
با چیدی فرمێسک لە چاویان نەتكێ.
یاری قوڕقوڕێنێیان لەگەڵدا بكەن،
تا بزانن ئادەم چلۆن ڕۆحی بەبەر دێ.
با هەموومان فێری ئەلفبێی تازە ببین
لە شەنگالەوە تا كۆبانێ،
یەكەم وانەش:
ئەنفالی حەوتەم بخوێندرێ!
(پێشەوا کاکەیی. ٢٠١٧: ٤٨-٤٩)

نووسەر؛ لێرەدا زۆر بە توندى تەحەداى ئەو سیاسەتە فاشیانەى وڵاتانى دراوسێ دەکات، لە هەر چوار پارچەى کوردستان کە چۆن لەژێر ناوى ئایینى ئیسلام کەوتوونە گیانى تاکى کورد و منداڵە بێتاوانەکانیان، لەکاتێکدا ئەگەر ئەوان تەنها تۆزقاڵێک لە قورئان و سوننەت تێگەیشتبان، هەرگیز کارى وا نامرۆڤانەیان دەرهەق بە خەڵکى سڤیل و بێتاوان نەدەکرد و دووچارى پاکتاوى ڕەگەزیان نەدەکردنەوە. شاعیر، لە (شەنگال و کۆبانێ)ـوە دەست پێ دەکات و کارەساتە جەرگبڕەکەى هەڵەبجە لە (١٦/٣/١٩٨٨) بەسەر دەکاتەوە و دەمانباتەوە سەر کۆستى شاڵاوەکەى ئەنفال کە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کرا، وەنەبێت تەنها لە نیشاندانى ئەو کارەساتانەدا بە تەنها بەجێمان بێڵێت، بەڵکوو لە ڕێگەى وێنەى شیعرى فەلسەفی زۆر جوانەوە، ڕێچارەى دەربازبوونمان لەو مەینەتى و سیاسەتە چەپەڵانە بۆ دەکێشێت و بەرەو کایەى بوون و نەبوونمان دەبات، لە ڕێى ڕزگاربوون لە ئەلف و بێى بیگانە و هۆشیارکردنەوەى تاکى کورد بە سوودوەرگرتن لە کارەساتەکانى مێژوو و بە هیواى دووبارە نەبوونەوەیان.
شاعیر؛ لە شیعرێکى دیکەدا، بە ناونیشانى «لەدواى حیکایەتەکان چۆن بچینە کۆبانێ»ــدا دەڵێ:

با لێرە بڕۆین…
بە مەقامێكی هەڵەبجە و
بە لاوكێكی پوورە خونچێی گەرمیان و
بە سمێڵە قەترانەكەی «حەیتۆ»ـی ئێزیدییەوە،
بچینە كۆبانێ و
لە بەردەم زارۆكەكانی ئەوێندەرێ:
بێ دەستەوەستان بكەوینە سەر ئەژنۆ.
گرفت نییە، جوگرافیا چی بەسەر دێ و چلۆن دەشێوێ.
ئەتاتورک چلۆن هاتووە و ئەردۆگان چلۆن خۆ دەنوێنێ.
دەبێت شەقامەكان پاک بكەینەوە لە وشەی عەرەبی،
لە ئاڵای ڕەشی دەستكردی توركی،
میز لەسەر سنوورەكان بكەین…
تا ڕەنگی سووری جوگرافیا دەگۆڕدرێ.
با بۆڕییە نەوتەكان هەربتەقێننەوە،
باكمان نییە گەر لە برسانیش بمرین؛
نەک بە داهاتی ئێمە، داعش دروست بكرێ و
هەرخۆشمانی پێ لەنێو ببرێ.
(پێشەوا کاکەیی، ٢٠١٧: ٦١)
شاعیر؛ وەک تاکێکى خاوەن هەڵوێستى ئەم کۆمەڵگە (کوردەوارى)ـیە، لەنێو جەرگەى قەیرانەکاندا دەژى. لەبەر ئەوەى بایەخ بە مەسەلەى ڕاستى و ئازایەتى و بەها مرۆڤایەتییەکان و دۆزى نەتەوەیى دەدات، دەبینین بەناو قووڵایی کێشە سیاسى و مەسەلە نەتەوەییەکانى گەلى کوردستاندا دەچێتە خوراێ کە چارەنووسى میللەتێکى گەورە بۆ چوار کەمینەى ناو چوار دەوڵەتى ستەمکار کورت دەکاتەوە و باس لە درووستبوونى ژینگەیەکى سیاسى و سەربازى و درووستکردنى سنوور و تۆپۆگرافیاى دەستکرد کە ((کوردبوون تیایدا وەک نەخۆشییەکى ترسناک دەبینرێت کە هەڕەشە لەو ژینگەیە دەکات تا ئەمرۆ لە بەشێکى گەورەى ناوچەکەدا، کوردبوون وەک وەبایەک (وەبایەکى ئاسایشی) سەیر دەکرێت کە پێویستە لە ڕەگ و ڕیشەوە بنەبڕ بکرێت.))
(مەریوان وریا قانع، ٢٠١٩: ٢٧)
شاعیر؛ جگە لە پەردە هەڵدانەوە لەسەر سیاسەتى دەوڵەتانى داگیرکەرى وەکوو تورک و هاوسۆز و هاوپەیمانەکانیان بە شێوەیەکى گاڵتەجاڕى تەنزئامێز دەیانخاتە ڕوو، دێت پەردەش لەسەر سیاسەتى بەناو سیاسییەکانى خۆشمان لادەدات و ڕووى ڕاستەقینەیان نیشان دەدات کە چۆن دەستیان لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کردووە و گرێبەستى پەنجا ساڵەى بەتاڵانکردنى گەوهەرى ژێرزەوى کوردستانیان لەگەڵ مۆرکردوون کە سەرەڕای برسیەتى و نەهامەتى لە پاى ئەو پارە و سامانە زۆرە، بەهەمان داهاتى خۆمان قڕ دەکرێین و لە ناودەبرێین.
لە چەند تێکستى تردا، شاعیر پەنا بۆ تەکنیکى ساتیر و پێکەنین دەبات بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتى سەرکردایەتى کورد و حیزبە سیاسیەکان، بەدەر لە ڕەخنەى سیاسى، شاعیر تەکنیکى زۆر جوانى بەکار هێناوە لە نیشاندانى کەتواریێتی کولتوورى سیاسى کۆمەڵگەى کوردى، لەسەر زارى کارەکتەرێکى شیعریى- درامى کە ناوى (حەمە شێت)ـە، ناخى خۆى هەڵدەڕێژێت. واتە، خۆى لە دەرەوەى شیعرەکەدا دەوەستێت، بەڵام تارماییەکەى لەنێو دەقەکەدا بەدى دەکرێت، شاعیر لە سەرەتاى قەسیدە شیعرییەکەوە باس لە سەردەمى منداڵیەتى و نەهامەتییەکانى ئەو قۆناغە و ژیانى تەنیایى ئێستاى خۆى دەکات و دواتر دەیبەستێتەوە بە جیهانبینى و ژیان و چارەنووسى شێتەکانەوە. بەمجۆرە یەکانگیرى هەرسێ چەمکى (شاعیر و شێت و منداڵ) ڕەهەندێکى ئیستاتیکى فەلسەفى جوانى بەخشیوە بە تێکستەکە و هەم وەکوو تەکنیکێک سوودى لە کارەکتەرى (شێت) وەرگرتووە بۆ ڕازاندنەوەى ئەم شانۆ شیعرییە.
کاتێک دەڵێ:
لەنێو باغچەكەی «سیامەندی شەریفی»
بە خۆیی و سەرجەم شێتەكانی ئەو شارە
لافیتەیەكی ڕەشیان بە دەستەوە گرتبوو،
لەسەریشیان نووسیبوو:
پرسەی ماتەمینی جوانەمەرگی شاری ڕۆشنبیریی
كە بە ڕووداوێكی سیاسی گیانی سپارد،
سەرەخۆشی خۆمان
ئاڕاستەی هەرپێنج بنەماڵەی خاوەن شەهید دەكەین،
خەڵكیش بەبەر ڕۆحمی گیرفانی خۆی بدا.
ڕۆژبەر: 30/ 04/ 2014، یەكەم ڕۆژی پرسەكەیەتی.
كات: بەردەوامە.
هاتن: بۆ گشت مێدیاكانی ئەم زۆنگاوەیە.
دەشزانین: «فاتیحە» ناخوێنن و
لەبنەوە ئاوها دەكەن: ها ها ها!
(پێشەوا کاکەیى، ٢٠١٧: ١٣)

شاعیر؛ ڕاستەوخۆ پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و باسى شارى سلێمانى دەکات کە چۆن لەژێر دروشمى ئازادى و دیموکراسى هاووڵاتیان بە ناهەق خوێنیان دەڕێژرێت، لەسەر زارى شێتەکانەوە هەڵوێست وەردەگرێت و پێی وایە ئیتر سلێمانى چیتر (پایتەختى ڕۆشنبیری) نییە، هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆى هەر پێنج حیزبەکە، چونکە کەم تا زۆر هەموویان بەشدارن لەو شانۆ سیاسییەى ئێستا لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت. شاعیر بێئەوەى بیر لە بەرژەوەندى خۆى بکاتەوە، زۆر بوێرانە چى بە ڕاست بزانێت دەیڵێت. وەکوو غەیبزانێک هەست بە شتانێک دەکات کە کەسانى دیکە هەستى پێناکەن، پێشبینى ئەو کارەسات و مەترسیانەش دەکات کە بەڕێوەن و دوا جار دەستپێکى هەموو ئەو نەهامەتیانە لە هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێ دەکەن و بەردەوامیش دووبارە دەبنەوە.
پێشەوا کاکەیى؛ لە چەند تێکستێکدا لە (خانۆچکەکەى ماڵی پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان)ـدا پەناى بۆ تەکنیکى گاڵتە و گەپ و تەنزئامێز بردووە بۆ ڕەخنەگرتن لە هەردوو لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى، چونکە پێى وایە کاریگەرترین شێواز بۆ بەربەرەکانێى لایەنى سیاسى، شێوازى پێکەنین و ساتیرئامێزە، گومانى تێدا نییە کە ((هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى نووسینى ئەدەبییەوە، هەم شیعر و هەمیش پەخشان، ساتیر وەک شێوازێکى ئەدەبى، ئامادەییەکى بەرچاوى لە دەقە ئەدەبییە سەرکەوتووەکاندا هەیە.))
(هاشمەئەحمەد زادە، ٢٠١٥: ٤٤)
لێرەدا ساتیر تەنیا ماناى پێکەنین ناگەیەنێت، بەڵکوو ماهیەتێکى لەوە گەورەترى هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە ڕێى ئەو پێکەنینەوە پەنجە بخاتە سەر سیاسەتى گەندەڵکاران و مافیاکان کە دەمێکە حاڵەتى تێپەڕاندووە و بووە بە دیاردە.

ئێواران بە درەنگەوە دەچمە بازاڕ
دوو كیلۆ جوێن دێنمەوە، لەنێو زەرفێكی زەردی بۆگەندا؛
تا دەگەمەوە ماڵ، دانەیەكی تێدا نامێنێت.
شەش پرتەقاڵ دەكڕم، بۆ ئەحەی دراوسێی دۆشداماو.
هەژدە فەردە گەنم، لە زیلێكی سەربازییدا دەئاخنم،
تا لەودیوی دێگەڵەوە كەس لێم نەگرێت.
پیاوێكی ڕیش خۆڵەمێشی،
لە قوژبنی داڵانێكی نێو بازاڕدا، هاوار دەكات:
وەرن لە دە كیلۆ مۆز، هەر پێنج كیلۆم پێ ماوە.
یەكێكی دیكە لە خۆیەوە: بیستوچوار كاتکۆ دادەنێت،
بۆ گۆڕینی شێوەی بازاڕ.
لێ هیچیان وەكوو ئەو پیرەژنەیە پەست نین،
بە تووڕەییەوە پێیان دەڵێت: ئۆهـ برێمتان تێ نێت
ئەوە چی تەنەكەیەكە دەیكوتن!
(پێشەوا کاکەیی، ٢٠١٧: ٨١)
دووبارە شاعیر بە زمانێکى داماڵدراو و تەنزئامێز ڕووبەرووى سیاسەتى هەر پێنج حیزبە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان دەبێتەوە بۆ ئەم مەبەستەش زمانى تانە و تەشەر بە چەکێکى بەهێزى بەرەنگاربوونەوە دەزانێت، ڕەنگە ئەمە کاریگەرترین شێوازى ئەدەبى بێت بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى دەمامکەکان، شاعیر هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بخاتە ڕوو، بێگومان ئەمەش کارێکى ئاسان نییە، چونکە خوودى شاعیر وەک تاکێکى هۆشیار و درککردن بە ڕووداو و پێشهاتەکان هەمیشە لە نێوان (گۆشەگیرى) و (لایەنگیرى)ـدا دەژى.
لەو قەیرانى داڕووخانى ئابوورى و ئەخلاقى سیاسییەدا کە هەریەک لەم پێنج لایەنە بە ئەندازە و قەوارەى خۆیان دەستیان هەیە لە هەرەسهێنان و شێواندنى شیرازەى کۆمەڵگەى کوردى لە هەموو بوارەکانى ژیاندا. بە هۆى ئەو کردەوە دزێوانەى کە کردوویانە شایەنى زیاترن لەو زمانە زبرەن کە شاعیر بەکارى هیناوە.

ئەنجام
١- شاعیر لە بەشێکى زۆرى تێکستەکاندا، قسە لەسەر سیاسەتى داگیرکارى وڵاتانى بەناو دراوسێ دەکات کە چۆن بێبەزەییانە و دڕندانە لە هەوڵى قرکردن و سڕینەوەى نەژادى کورددان لە هەموو پارچەکانى کوردستان.
٢- زۆر بە توندى هێرش دەکاتە سەر سیاسەتى سەرکردایەتى هەر پێنج حیزبەکە کە چۆن کوردستانیان کردووە بە زەلکاو و زۆنگاوێکى بۆگەن بۆ مەرامە شەخسییەکانى خۆیان.
٣- لەپاڵ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتى دەرەوە، ڕەخنەى لە سیاسەتى سەرکردەکانى خۆمان گرتووە کە چۆن بوونەتە داردەست و یارمەتیدەرى بێگانە.
٤- شێوازى پێکەنین ساتیرئامێز دەکاتە چەکى بەرەنگاربوونەوە و لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى دەخاتە بەر نووکى نەشتەرى ڕەخنەکانى و پێکەنین دەکاتە پاداشتى سەرنجى خوێنەر.
٥- پەردە هەڵماڵین لەسەر ڕاستى ڕووداوە مێژووییەکان و ئاشکراکردنى دەستى پشت ڕووداوەکان و لابردنى دەمامکەکان بۆ ڕای گشتى و خوێنەر.

سەرچاوەکان
١- ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ڕەخنەى ئەدەبیى نوێ، و. محەمەد تاتانى، ناوەندى ڕۆشنبیریى و هونەرى دیالۆگ- کەرکووک، چاپى یەکەم،٢٠١٧.
٢- پێشەوا کاکەیى، لە خانۆچکەکەى ماڵى پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان (دەقى واڵا)، چاپخانەى کارۆ- سلێمانى، چاپى یەکەم، ٢٠١٧.
٣- تێرى ئیگڵتن، تیۆرى ئەدەب، و. عەتا قەرەداغى، ناوەندى ڕۆشنبیری و هونەریى ئەندێشە، چاپخانەى تاران، چاپى یەکەم، ٢٠١٦.
٤- کۆمەڵێک نووسەر، بیرى ڕەخنەى هاوچەرخ، و. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى موکریان، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠١.
٥- کەمال میراودەلى، فەلسەفەى جوانى و هونەر- ئیستاتیکا-، چاپى دووەم، سلێمانى ٢٠٠٥.
٦- کۆمەڵێک نووسەر، چێژى گێڕانەوە، ئا: شاخەوان سدیق، چاپخانەى کارۆ- بڵاوکراوەى نووسیار، ٢٠١٩.
٧- هاشم ئەحمەد زادە، جیهانى ڕۆمان، ناوەندى ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندیشە، چاپى یەکەم، سلیمانى، ٢٠١٥.
٨- هیمداد حوسێن، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەى ئەدەبى کوردى، چاپخانەى خانى، چاپى یەکەم، دهۆک، ٢٠٠٧.

Previous
Next
Kurdish