Skip to Content

دوو شیعرى وەرگێڕدراو.. و. بۆ کوردی: عیسا چیایی

دوو شیعرى وەرگێڕدراو.. و. بۆ کوردی: عیسا چیایی

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2022 General, Poems

1… وەک کەسێک گوێ لەباران بگرێت

ئۆکتاڤیۆباز

وەک کەسێک، گوێ لەباران بگرێت، ئاوەها گوێم لێ بگرە

کەبیدار، و سەرسووڕماو نییت

هەنگاوی پێی سووک، وردەبارانێکی لاواز

ئاو هەوایە، هەواش زەمەنە،

هێشتا ڕۆژ بە بەدەم جێهێڵانەوە تێدەپەڕێ

شەویش جارێ/هێشتا نەگەیشتووە

شێوەگەلێکی تەم و مژاوی لە چەمانەوەی گۆشەکەدا

لە لۆچی ئەم وەستانە کورتەدا دەبنە چەند شێوەیەکی زەمەن

وەک کەسێک، گوێ لەباران بگرێت، ئاوەها گوێم لێ بگرە

بەبێ گوێ گرتن، گوێ بگرە لەوەی کە دەیڵێم
بە دوو چاوی لە ناوەوە کراوەی کە
بەتەواوی هەر پێنج هەستی بیدارەوە نوستووە

باران، بە چەند هەنگاوی پێیەکی سووک، گیزەی وتراوگەلێکی پچڕ پچڕ

هەوا..و ئاو، چەند وشەیەکی بێ کێشەوە، دەبارێ
ئەوەی کە بەڕاستی ئێمەی لەسەرین

ڕۆژ و ساڵ، و ئەم چرکەیە زەمەنێکی بێ قورسایی و خەمبارییەکی قورسیشە

گوێم لێ بگرە، وەک کەسێک گوێ لەباران بگرێت،

قیرێکی تەڕ دەبریسکێتەوە

هەڵمێک بەرز دەبێتەوە، و لەبەر چاو ون دەبێ، دوور دەکەوێتەوە
شەوێک بڵاو دەبێتەوە و لێم دەڕووانێ

تۆ، تۆ، تۆ جەستەت لە هەڵمە

تۆ، ڕوومەتی تۆ لەشەوە

تۆ و قژەکەت، لەسەرخۆ دەبریسکێنەوەتتڕلق

تۆ لەشەقامەکە دەپەڕێیتەوە، لەدەم وچاومەوە دێیتە ژوورەوە

چەند هەنگاوێکی ئاویی لەچاوم دەپەڕێتەوە

وەک کەسێک، گوێ لەباران بگرێت، ئاوەها گوێم لێ بگرە

قیرەکە دەبریسکێتەوە، تۆ لەشەقامەکە دەپەڕیتەوە

ئەوە هەڵمەکەیە، لە شەودا دەسووڕێتەوە

ئەوە شەوە، لە نوێنەکەی تۆدا دەنوێ

ئەوە ورووژانی شەپۆلە لە هەناسەی تۆدا

ئەو پەنجە ئاویانەی تۆ کە نێوچەوانم تەڕ دەکەن

ئەو پەنجە بڵێسانەی تۆ کە چاوانم دەسووتێنن

ئەو پەنجە هەواییانەی تۆ کە پێلووی زەمەن،

بەهارێک لە دیدگاو بوژاندنەوە ، واز دەکەن.

گوێم لێ بگرە، وەک کەسێک، گوێ لەباران بگرێت

ساڵان بە ئێمەدا تێپەڕ دەبن، و چرکەکان دەگەڕێنەوە

ئەرێ، دەنگی هەنگاو لەو ژوورەی تەنیشتەوە دەبیستی

لێرە نا، لەوێش نا، تۆ لەزەمەنێکی ترەوە گوێت لێیە کە ئێستایە

گوێ لە هەنگاوی زەمەن بگرە

داهێنەری جێگاگەلێکی بێ کێش، بێ کوێ

گوێ لەباران بگرە بەسەر کورسیەکەدا تێپەڕ دەبێ

شەوی ئێستا لەشەوی باخچەکە شەو ترە

بریسکانەوە، لە نێو گەڵای دارەکاندا دامرکا

باخچەیەکی ماندووی لێیە بەبێ ئاراستەیەکی دیاریکراو ڕادەماڵرێت

سێبەری تۆ ئەم لاپەڕەیە دادەپۆشێت .

ژێدەر: کۆ شیعری (وەک کەسێک گوێ لەباران بگرێت )

وەرگێڕان و هەڵبژاردنی: ئەلیاس فەرکوح . دەزگای وەشاندنی “ئەزمینە”/ دەوحە، چاپی یەکەم 2015، لا: 60/72 .

٢ ـ ” لـــەگەڵ ئاو “
ســــــــــــــــــەلاح ستیتیە

وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: ڕەشید قوەتلی (*)

بۆ کوردی: عیســــــــــــــا چیایی

من ئاشتی، لەوانە دەخوازم کە دەتووانن بیبەخشن
وەک ئەوەی شتێکی ئەوان و سەربەئەوان بێت و

ئەو کۆترێ یان قەتێیەک نیە شەیدامان بکات

بەڵکو شتێکی سادەی دڵسادەکانە

وشەگەلێکی هاوبەشن، کە مرۆکان دابەشیان دەکەن

وەک وتەی برسێتیی، تینوێتیی، نان، شیعر

باران لە دڵی ئەوینداران .. و خۆر” دا


کینە، کینە

چونکە(لەبەر ئەوەی کە) هەر خوداوەندەکانی ئاشتی

مەولاکانی جەنگیشن

مەولاگەلی بچووک و گەورە، وەلێ کینە هەمیشە گەورەیەو

پۆڵاش، ئەو ژمارە خۆڵەمێشییە شینباوە، ئامادەیە و

گەنمەشامیش ئامادەیە

ئەوەی کە لە ژەمێکی قاوەڵتییدا

مورەبایەک بێت باشترە

لەگەڵ نان و کێکدا بیخۆین.


خوداوەندی شەڕ و ئاشتییش

بەسەر هەوری هەمەلایاوە لە تاوەرێکی بانکییدا نیشتەجێن و

هەندێ جاریش دەمان بینن ، بەڵام زۆر

وا ڕێک دەکەوێ کە ڕقی ئەوان تێمان دەڕووانێت.و

بەوە جیا دەکرێنەوە، کە چاوێلکەیەکی ڕەشیان لەچاودایە


چییان دەوێ..؟ ناویان لە مێژوودا

بەتەنیشت ئەسکەندەر و سیرۆس و ناپلیۆنەوە بێت و

هیتلەریش کە ئەوان هیچیان لەم جیاواز نی یە، ئەوانن کە وتویانە

لە کۆتاییدا مرۆڤ بۆ مردن داهێنراوە

گەر بۆ کوشتن نەبێت .


ئەوان، بە ڕێگاکانیان، کە ڕێگاگەلێکی نمونەیین، خزمەتگوزاری ڕژێم وشپرزەییشن،

ئەویش هەر وەکو فێرخواز و مرۆڤایەتی بۆ پێشکەوتنە،

بۆیە ئەوان بەسەر دەنگی پۆستاڵ و تۆپ و گولە تۆپدا یاساکان بڵاو دەکەنەوە

لەهەموو ئەو جێگایانەدا کە ژیان لە کەوتنی گوڵە ئیقحیواندا

وەختە بیهێنێتە لەرزین .


کەوتنی گوڵ و ئەنگوستی نەرم ونیان و دەستە تێکئاڵاوەکان و

تامی ڕووناکیی و

بێدەنگیی فراوانی لە هەموو شتێکدا دامەزراو و

هەموو شتێک و بەسەر لێوی خۆشنوودیەوە

کە هەموو شتەکان لە جیهانێکی گۆڕاو و تۆزێ مەستدا

بە ئاسانیی هەروەک ڕووبار دەخشێن

جیهانێک، دێتە بوون و نەخشەی بۆ دادەنرێ و هەناسە دەدات

*.

ئای، ئەی جیهان، چەندین جوانیی هەن لە ڕووبارو

هێڵەکانی درێژیی وپانیی و کیشوەرەکان و

خەلکانی ڕەش، و سپی، وسوور، و

زەرد، و شینت

چەند دلارامیی و شۆخ و شەنگیی چاوان و

مەمکۆڵەو بەژن وباڵای زراڤ وپێ و پووز بە ژنەکانتەوەیە

ئای، ئەی جیهان چەند بەفر بەسەر لوتکەکانتەوە گرد دەبنەوە

میوەجات و گەنم و برنجی قەڵەو

لە دەشت و دۆڵەکانتایە


گەر دەستی مەرامە دەست بڵاوەکانمان کردباوە

چەندین مناڵ، چەندین مناڵ، و چەندین مێش و مەگەز

بۆ ملیۆنانی ئەوانە دەبوون

ئای، ئەی جیهان، تۆ تفت لە سەری ئەو سپێوون و

ڕووت و توێکڵگیراوانە کردبایە و بتچپاندایە بە گوێیانەوە،

هەروەکو چۆن نێرە هەنگەکان شتێک

لەو حیکمەتە تەم ومژانەی دەڵێنەوە .


من، ئاشتی، لەوانە دەخوازم کە دەتووانن بیبەخشن و

بەهەرحاڵ خەڵکانی سارد و دڵڕەقیش

کە زۆر نیین و ڕەنگە سەرەڕای دیمەنەکانی یادگاری مناڵییش،

هێشتا بەلای ئەوانەوە

خۆشەویستێک، یان نەوارێکی کۆن بێت و لە ڕۆژگارێکی دوورەوە،

ڕۆژگارێکی دوورەوە گوێیان لێ دەگرت .


ئای، گەر هەموو چرکەکانی یادوەرییان

لەگەڵ چەپکێ وەنەوشەدا لێ وەرگرتبای

ئیدی ئەوکات بەیانیانی ئاونگ و گوڵاو و

دووکەڵی مانگیان بیردەکەوتەوە .


ژێدەر / گۆڤاری ئەلنەزوە، النزوى ژمارە، (……….)

*/ (نووسەرێکی سوورییە ولە پاریس نیشتەجێیە)

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish