Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ).. نووسینی: شێنێ مشیر

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ).. نووسینی: شێنێ مشیر

Closed
by كانونی دووه‌م 30, 2026 General, Literature

ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ) لەنووسینی نووسەری ئەمریکی ( ئیرا لوین)ە، لەلایەن (زانەر محمد)ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (355) لاپەڕەدا و ساڵی (2019)، لەلایەن چاپخانەی (چوارچرا)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

جۆری ڕۆمان:

ڕۆمانسی، نهێنی، تاوانکاریە و شوێنی ڕووداوەکان (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)یە و بەتایبەت شاری نیویۆرک.

دەروازە:

ڕۆمانەکە لە( سێ) بەش پێک هاتووە، کە لەهەربەشێکدا ڕووداوی چاوەڕواننەکراو ڕوو دەدات، و ئەمەش چێژی خوێندنەوە و تامەزرۆی بۆ زانینی ڕاستی ڕووداوەکان لای خوێنەر زیاتر دەکات.

کات:

لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە نووسەر دەمانباتەوە ساڵی (1950) و ساڵانی دواتری سەدەی ڕابردوو، ئاشنامان دەکات بە هەڵسوکەوت و نەریت و ئەو گیروگرفتانەی لەو ڕۆژگارەدا تووشی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە دەبن.

زمان:

زمانی ڕۆمانەکە ئەدەبییە و لەکاتی خوێندنەوە خوێنەر لێی بێزار نابێت، و بەو وەرگێڕانە تایبەتەی بۆی کراوە چێژی خوێندنەوەی زیاترکردووە.

دیالۆگ:

ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لەنێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەدایە، ئەوانیش (دۆرۆتی، ئالێن، ماریۆن، بکوژ).

کاتێک گوێبیستی هەواڵی مەرگی ئازیزێکمان دەبین ڕاستەوخۆ دەکەوینە دۆخێکی ناهەموارەوە، و بڕوامان نەکردووە ڕۆژێک دێت و بەجێمان دێڵێ و ئێمە لەژیان کردن بەردەوام دەبین. زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین کە دەڵێن لەدوای مەرگی تۆ منیش ڕاستەوخۆ دەمرم و بەرگە ناگرم، بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو کەسەی کە بەرگەی مەرگی ئازیزێکی نەدەگرت خۆی نەخشەی کوشتنی داڕشتبێت؟ هێندە خۆشیدەویست لەکۆتا ماچی خۆشەویستیدا مەرگ دەکات بەدیاری بۆی.

وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەینە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ)ەوە، لێرەوە ئاشنای کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە دەبین.

دۆرۆتی کینگ شەیپ خەڵکی نیویۆرکە کچی سەرۆکی شەریکەی مسی کینگ شیپە، ئەم کچە نازدارە خوێندکاری زانکۆیە، و بەدڵ ئاشقی کوڕێک دەبێت. ناکۆکیەکانی خێزان و نەبوونی هەستی خۆشەویستی لەلایەن باوکی و خوشکەکانی زیاتر تامەزرۆیی بۆ خۆشەویستی زیاددەکات. بەجۆرێک تەنها کەمێک سۆز وای لێدەکات زیاتر وابەستەی بەڵێنە فریودەرەکانی خۆشەویستەکەی بێت. ئەمەش دەیکاتە هەڵەیەکی گەورەوە و دووگیان دەبێت و سەرەتای نەهامەتییەکانی دەست پێدەکات، چونکە کوڕەکە ئامادەنییە ببێتە باوک و بەرپرسیارێتی خێزان لەئەستۆ بگرێت ئەوەی لەدۆرۆتی دەوێت تەنها پارەو سەروەتەکەی باوکییەتی نەک منداڵێک. بۆ ڕزگاربوون لەم عەشقە زۆر بەووردی پلانی کوشتنی دۆرۆتی دادەنێت بەجۆرێک بچووکترین شوێنەوار لەدوای خۆی بەجێنەهێڵێت.
کاتێک پێش مردن بە ماچێک مەرگ دەکاتە دیاری بۆ ئازیزترین کەسی ژیانی، ئایا دۆرۆتی دەمرێت….؟

ئایا بکوژ هەروا بەئاسانی دەتوانێت درێژە بەژیانی خۆی بدات و بەبێ ئازاری ویژدان بژی؟ کاتێک شانازی بەخۆیەوە دەکرد و هەندێک کات لەئاوێنە سەیری خۆی دەکرد و دەیوت: (بەڵێ، توانیم لەدەست یاسا خۆم دەرباز بکەم). (لەوەی تا ئێستا هیچ سامانێکم دەستنەکەوتووە، داخ ناخۆم. هێشتا دەرفەتی زۆرم لەبەر دەستایە و تەمەنم تەنیا بیست و چوار ساڵە).
ئەم بکوژە چاوی تەماحی لەسەر خێزانی (کینگ شیپ) لانادات و بەردەوام دەبێت لەداڕشتنی نەخشەکانی بۆ گەیشتن بە سەروەت و سامانی ئەم خێزانە. ئایا دەتوانێت بگات بەخەونەکەی و دەست بەسەر سامانەکەیاندا بگرێت؟ ئایا کچەکانی دیکەی خێزانەکە تووشی مەترسی دەکات؟

لێرەوە نووسەر زیاتر تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە نهێنییەمان دەکات. وامان لێدەکات بەدوای ناو و وردەکارییەکانی بکوژدا بگەڕێین، ڕۆڵی ئەفسەرێکی پشکنەرمان دەداتێ کە گومان دەکەین لەو کەسایەتییانەی دیکەی ناو ڕووداوەکان و بچوکترین سەرەداو وون نەکەین تاوەکو بکوژ بدۆزینەوە.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە گرنگە بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە دەچنە قۆناغێکی نوێی خوێندنەوە و دەرگای ئازادی زیاتر بەڕویاندا دەکرێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا زیاد دەکات. گرنگە بزانن بۆ دەچنە زانکۆ ئایا زانکۆ ناوەندێکە بۆ ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری؟ یاخود شوێنێکە بۆ بەسەربردنی کات و مۆدێل و قسەی بێسوود؟.

نووسەر لەڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ) باس لەکێشەو گیروگرفتەکانی خێزان دەکات لەساڵی (1950)، کاتێک کچێک بەهۆی نەبوونی سۆز و خۆشەویستی لەناو خێزانەکەیدا ناچارە ئەو بۆشاییەی لەدەروونیدا دروستبووە، لەڕێگەی کوڕێکەوە پڕبکاتەوە کە بۆ سامانەکەی دەیەوێت. دەزانێت ئەگەر باوکی ئاگاداری دووگیانییەکەی ببێت ئیتر بەکچی خۆی نازانێت و بێبەشی دەکات لەسەروەت و سامان. نەبوونی کەسێکی دڵسۆز کە گوێ بۆ ئازارەکانی بگرێت، و ڕێگەچارەیەکی پیشان بدات تاوەکو لە مەرگ ڕزگاری بێت. بەهەڵە سوود وەرگرتن لەو ئازادییەی بەدەستی هێناوە لەدەرەوەی خێزانەکەی.

ئەگەر ئەمە کێشەکانی کۆمەڵگەی (ئەمریکا) بێت لە (75) ساڵ پێش ئێستا کە لەڕۆژگاری ئێستادا ڕێژەی تاوان زۆر زیاتری کردووە، ئەی دەبێت وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان چۆنبن؟

ڕوداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک گونجاوە، چونکە لەدوای ئەو ئازادییەی لە هەرێم بەدەستهاتووە وهەنگاو هەنگاو تێگەشتنی مرۆڤی کورد گۆڕاوە، بەداخەوە بەبێ بوونی زانیاری سەرەتایی لەسەر ئامێرە زیرەکەکان و تەکنەلۆژیا و بەبێ بوونی هیچ سانسۆڕێک بۆ بەکارهێنان بەپێی تەمەنەکان، دەرگای بەڕووی هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە و بەجێی ئەوەی سوودی هەبێت بووە هۆی زیادبوونی تاوان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و کوشتنی کچان. بۆیە پێویستە خێزانەکان ئاگاداری پەروەردەی منداڵەکانیانبن لەسۆز و خۆشەویستی خێزان بێبەشیان نەکەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next