دوو وتاری (گۆران سه‌باح) و سه‌رنجێكی كورت.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له ئێستادا، جۆره خوێنه‌رێك له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری كوردی دروست بووه، كه ده‌شێ به خوێنه‌ری ڕاگوزه‌ر و ساده و بیرنه‌كه‌ره‌وه، ناوزه‌دی بكه‌ین. ئه‌م جۆره خوێنه‌ره، كه به‌رهه‌می شاشه‌ی مۆبایل و تابڵێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و فه‌یسبووكه، هێنده‌ی كۆنتاكی له‌گه‌ڵ به‌ریه‌ككه‌وتن له ئاستی بینین‌دا هه‌یه، هێنده خوێنه‌رێكی به ڕامان و بیركه‌ره‌وه و تێهزر نییه، چونكه سرووشتی ئه‌و جۆره تۆڕانه وایه، كه به خێرایی تێ ده‌په‌ڕن و بابه‌تی ئێستا بۆ چه‌ند ساتێك دواتر، كۆن ده‌بێت و ده‌چێته په‌راوێزه‌وه. ئیدی به‌لایه‌وه گرنگ نییه بچێته قووڵایی نووسین و مانا، به‌ڵكو ته‌نها ڕاگوزه‌رانه سه‌رنج ده‌دات. سه‌یر له‌وه دایه، توێژی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانیش، هه‌مان تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه و ئه‌وه‌نده‌ی بابه‌تێكی فه‌یسبووك ده‌خوێننه‌وه و سه‌رنجیان ڕاده‌كێشێت، ئه‌وه‌نده كاره‌كته‌ری نێو دنیای كتێب و خوێندنه‌وه‌ی جددی نین و گه‌لێك جار و بگره ده‌یان جاریش، وا ڕێكه‌وتووه، پرسیارم له باره‌ی وتارێكی گرنگ، كه له ڕۆژنامه‌یه‌ك، گۆڤارێك بڵاوبۆته‌وه، له نووسه‌ر و وه‌رگێڕێك كردووه، كه ئاخۆ خوێندوویه‌تییه‌وه؟ له وه‌ڵامدا گوتویه‌تی:( كه نه‌مبینیوه و ئاگادار نیم) بۆیه گۆڕینه‌وه‌ی كتێب به شاشه و فه‌یسووك، خوێنه‌ری بیركه‌ره‌وه به ڕاگوزه‌ر و ساده، گرفتێكی گه‌وره‌ی دنیای ڕۆشنبیری ئێمه‌یه ،كه هه‌ره دیارترین ده‌رهاوێشته‌ی، پاشه‌كشه‌ی خوێنه‌ری جددی و په‌راوێزخستنی ده‌یان و سه‌دان كتێبی مه‌عریفی گرنگه له نێوه‌نده‌كه‌دا، كه تێ ده‌په‌ڕن به بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكرێت. لێره‌وه‌ش ئێمه به‌ر جۆره خوێنه‌رێك ده‌كه‌وین، كه تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تی درێژ و قه‌سیده‌ی شیعری نییه، بۆیه پتر بابه‌ته كورت و ڕاگوزه‌ره‌كان، ده‌بنه جێگه‌ی سه‌رنجی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، گه‌لێك جار، به‌ر ده‌سته‌واژه‌ی درێژدادڕی له نووسین ده‌كه‌وین و پاساویشمان ئه‌وه‌یه، كه خوێنه‌ری ئێستا خوێنه‌ری بابه‌ته كورت و پوخته‌كانه و ده‌یه‌وێت به كه‌مترین وشه، زۆرترین واتا و مه‌به‌ست بزانێت. هه‌ڵبه‌ته، درێژدادڕی له نووسین و به تایبه‌تیش له ڕۆماندا، بابه‌تێكی تازه نییه، من خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك، ساڵانێكه قسه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌م و ده‌یان وتار و ڕه‌خنه‌شم له‌م ڕووه‌وه له ڕۆمانی كوردی گرتووه، كه خوێنه‌ر ده‌توانێت بۆ زانیاریی زیاتر، بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌رشیفی به‌شی ئه‌ده‌بی ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی ده‌نگه‌كان.
یه‌كێك له هونه‌ره‌كانی زمان، چڕكردنه‌وه و پوختكردنه‌وه‌ی ده‌ربڕینه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی به چه‌ند دێڕێك ده‌وترێت، ده‌كرێ كورت بكرێته‌وه بۆ چه‌ند وشه‌یه‌ك. به داخه‌وه درێژدادڕی بۆته یه‌كێك له خاسییه‌ته هونه‌رییه نا ئستاتیكییه‌كانی، به‌شێكی زۆر له ده‌قی چیڕۆكنووسان و ڕۆماننووسانی ئێمه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی به وشه‌یه‌ك ده‌گوترێت، ئه‌وان ده‌یكه‌نه دێڕێك و ئه‌وه‌شی به دێڕێك ده‌گوترێت، ئه‌وان ده‌یكه‌نه په‌ڕه‌گرافێك، كه سه‌ره‌نجام ئه‌و درێژدادڕییه له زمان، چێژ و جوانی ده‌قه‌كه كاڵ ده‌كاته‌وه. به‌ڵام هه‌موو درێژدادڕیه‌ك ناچێته ئه‌و خانه‌وه، چونكه گه‌لێك جار دریژكردنه‌وه، به ئامانجی نیشاندن و شڕۆڤه‌كردنی زیاتره، بۆیه ده‌بێت جیاوازی له‌م ڕووه‌وه بكرێت بۆ نموونه:
(ده‌یان كیلۆمه‌ترو شار‌و گوندم بڕیوه) كه شار و گوندت بڕی، مانای وایه كیلۆمه‌ترت بڕیوه، ئیدی یه‌كێكییان پێویست نییه، ئه‌مه درێژدادڕییه، به‌ڵام كاتێ ده‌گوترێت:_( ده‌یان شار و گوندم بڕیوه و له هه‌ندێكیشیان دابه‌زیوم) ئه‌مه مانایه‌كی دیكه ده‌دات و ناچێته خانه‌ی كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه و په‌ڕه‌گراف. بۆیه هه‌ڵه‌یه، هه‌موو درێژكردنه‌وه‌یه‌كی نووسین، به درێژدادڕی بزانین
له‌وسۆنگه‌یه‌وه، وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌مانه‌وێت، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له ئاست وتارێكی (گۆران سه‌باح) له باره‌ی ڕۆمانی (داگیركردنی تاریكی ) به‌ختیار عه‌لی به ناوی (خه‌م له داگیركردنی تاریكی) دا بكه‌ین، كه ماوه‌یه‌ك له مه‌وه‌به‌ر ، له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كاندا بڵاو بووه‌وه. بێگومان له وه‌دا هاو بۆچوونی ئه‌وم، كه به‌ختیار عه‌لی، یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی كه هیچ بایه‌خێك به زمان و ڕێنووس نادات و ته‌نانه‌ت له زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانیشیدا، ڕێنووسی كوردی ده‌شێوێنێت. وشه هه‌یه، ده‌بێ به جیا بنووسرێت، ئه‌و به لێكدراوی ده‌ینووسێت، وشه هه‌یه ساده‌یه، ئه‌و به ناساده‌ی ده‌زانێت، ئه‌مه‌م گه‌لێك جار له نووسینه ئه‌ده‌بیه‌كانی كه‌وتۆته به‌رچاو. ده‌ریاس و لاشه‌كان، پڕه له‌م هه‌ڵانه و كاتی خۆشی له‌و باره‌وه ڕه‌خنه‌مان لێگرت و وتاره‌كه‌شمان له هه‌مان ماڵپه‌ڕ ماوه، وه‌لێ ڕه‌خنه‌گرتن له به‌ختیار عه‌لی، چونكه وه‌ك بڤه‌یه‌ك له نێوبه‌شێكی زۆر له خوێنه‌ره هه‌مووه‌كی و پۆپۆلستییه‌كانی ده‌بینرێت و هه‌م خوێنه‌رانی و هه‌م خۆشی ڕه‌خنه‌گرانی نووسینه‌كانی به جاهل و نه‌خوێنده‌وار ده‌زانێت (ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ر باوه‌ڕی به ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانی نییه و له كتێبی ئایدۆلۆژستیشدا، زۆر به كه‌می و بێ به‌هایه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و جۆره له ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گرانی) ئیدی زۆر ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی به‌ڵاوه گرنگ نییه. بۆیه‌شه به‌رده‌وام له سه‌ر ڕیتمی هه‌مان هه‌ڵه‌كانه‌وه ده‌ڕوات، له‌وه دا هاوبۆچوونی نووسه‌رم، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت، كه بۆچوونه‌كانی شرۆڤه نه‌كه‌ین و ئه‌و هه‌ڵانه‌ی دیاری نه‌كه‌ین كه خۆی تێی كه‌وتووه له كاتێكدا گوایا بۆ به‌ختیار عه‌لی، ڕاستكردونه‌ته‌وه. چونكه نووسین به گشتی كه بڵاوكرایه‌وه، ده‌بێته به‌شێك له دنیابینی و تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر. ئه‌م نووسینه‌ی گۆران سه‌باح كه له باره‌ی ڕۆمانی داگیركردنی تاریكییه، له چه‌ند به‌شێك پێكهاتووه، ئێمه‌ش وه‌ك خوێنه‌رێك، ته‌نها له باره‌ی كۆمێنته‌كانی ئه‌و ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌كه، سه‌رنجه‌كانمان ده‌خه‌ینه ڕوو.
زمان و ڕێزمان:_
نووسه‌ر له نووسینه‌كه‌یدا، چه‌ند په‌ڕه‌گرافێكی له ڕۆمانه‌كه هێناوه‌ته‌وه و وه‌ك نموونه‌ی ناشاره‌زایی به‌ختیار عه‌لی، له ڕووی ڕێزمانییه‌وه پیشانی ده‌دات. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه باس بكرێت ئه‌وه‌یه، كه به داخه‌وه نووسه‌ر به ئاره‌زووی خۆی، مۆنتاژی ئه‌و په‌ڕه‌گرافانه‌ی كردووه و كورت و پوختی كردوونه‌ته‌وه، به مه‌به‌ست بێ، یان له بێ ئاگایه‌وه، ڕسته و ده‌ربڕینه‌كانی قرتاندووه. كه ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ بۆته هۆی شێواندنی لایه‌نی زمانه‌وانی و مانایی ڕۆمانه‌كه. له زمانی كوردیدا، سه‌دان وشه و ڕسته به بێ گرێدانه‌وه‌یان به په‌ڕه‌گرافه‌كانی پێشوو و دواتری خۆیان، یان مانا ناگه‌یه‌نن، یان مانا ده‌شێوێنن. بۆیه گرنگه نووسینی چه‌ند په‌ڕه‌گرافێك، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بابه‌تی و زمانه‌وانی و ئۆرگانیكی، به سه‌ر یه‌كه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین و بیانخوێنینه‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بوو بینووسین. دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه بۆ ئه‌و ئایه‌ته پیرۆزه بكه‌ن كه ده‌ڵێت:( نزیك نوێژ مه‌كه‌ونه كه ئێوه مه‌ستن) ته‌نها به‌شی یه‌كه‌می ئایه‌ته‌كه وه‌رده‌گرن وبه‌شی دووه‌می فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. له نووسینه‌كه‌ی (گۆران سه‌باح) یشدا، به‌ر تێگه‌یشتنێكی دیكه‌ی جیاواز بۆ ڕۆمانه‌كه، له‌وه‌ی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی ده‌كه‌وین. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی به وردی ئه‌مه بخه‌ینه ڕوو، ئه‌و په‌ڕه‌گرافانه ئه‌و نووسیویه‌تی، ده‌یاننووسینه‌وه و دواتریش به‌راوردی په‌ڕه‌گرافه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی ڕاسته یاخود هه‌ڵه بۆ نموونه:
- لا10 نووسیویه‌تی:( عیسمه‌ت هه‌ستی به گۆڕان و ترس نه‌كرد) به‌ڵام له ڕۆمانه‌كه‌دا وه‌ها نه‌نووسراوه، به‌ڵكو ده‌ڵێت:(هه‌ستی به گۆڕانكارییه‌كی ناوه‌كی گه‌وره نه‌كرد) واتا وشه‌ی ترسی تێدا نییه.
- لا 12 نووسیویه‌تی:( كاتێ به‌ڕێوه‌به‌ر دێته لای ده‌ڵێ ئه‌و ترسه‌ی نه‌مابوو) به‌ڵام له ڕۆمانه‌كه‌دا وه‌ها نووسراوه:(عیسمه‌ت ئێستا ئه‌و ترسه‌ی ده‌م و به‌یانی نه‌مابوو) چه‌ند جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی.
- لا 19 نووسیویه‌تی:_( عیسمه‌ت ترسی دوێنێی نه‌مابوو) ئایا ئه‌م سێ په‌ڕه‌گرافه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به یه‌كترییه‌وه هه‌یه؟ ترسی دوێنێ، ده‌بێته ترسی ئێستا؟ به پێچه‌وانه‌وه‌ش؟ بۆیه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌و ده‌ربڕینانه نییه.
- لا 19 نووسیویه‌تی:(كابرایه‌ك به‌یانی له خه‌و هه‌ستێت و زمانی خۆی بیر بچێته‌وه ، چۆن ده‌ستی ده‌چێته تراشینی ڕدێن و به‌رچایی) نووسه‌ر، ڕه‌خنه‌ی تووند له به‌ختیار ده‌گرێت كه چۆن نووسیویه‌تی ( له خۆشتن هاته‌ده‌ره) وا بزانم، مافی ئێمه‌شه وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و بپرسین به ڕاست (ده‌ست ده‌چێته ڕدێن تراشین؟) به‌ڵام با له‌وه گه‌ڕێین، بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوه:(ده‌مێك وه‌ك مه‌خڵوقێكی ته‌واو بێ سه‌ر و زمان هه‌ڵسا له‌خه‌و) سه‌رنج له جیاوازیی واتایی له هه‌ردوو ده‌ربڕینه‌كه بده‌ن. ئه‌وه‌ی گۆران نووسیویه‌تی، عیسمه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به ئاگا دێت زمانی خۆی بیر ده‌چێته‌وه، واتا كرداری بیرچوونه‌وه‌كه پاش به ئاگاهاتنه كه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس ده‌لاله‌تی ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت كه عیسمه‌ت به‌ر له به ئاگاهاتنی له خه‌و، هه‌ست ده‌كات مه‌خڵوقێكی بێ سه‌رو زمانه، كه لێره‌دا كرداره‌كه پێش به ئاگاهاتنه‌كه‌یه.
- لا 25 نووسیویه‌تی:( له سه‌ره‌تای به‌شه‌كه مێژووی نووسیوه، كه چی دواتر ده‌ڵێ به‌یانییه‌ك، به‌ختیار عه‌لی بیری چۆته‌وه پێشتر چی نووسیوه) دیاره لای نووسه‌ر، زه‌مه‌ن ته‌نها ده‌م و ساتێكی دیاریكراوی هه‌یه، با بزانین له ڕۆمانه‌كه‌دا چی نووسراوه:( 27 ی ته‌ممووز، دوو هه‌فته بوو عیسمه‌ت ئۆكتای گه‌یشتبووه ئه‌نكه‌ره، به‌یانییه‌ك له سه‌ر ده‌نگی ژاوه‌ژاوه‌ی سه‌ربازه توركه‌كان به ئاگاهات) ئایا دوو هه‌فته و به‌یانی، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به یه‌كترییه‌وه هه‌یه؟ مه‌گه‌ر به‌یانییه‌ك، مانای به‌یانییه‌كی ڕۆژێك له ڕۆژه‌كانی ئه‌و دوو هه‌فته‌یه ناگه‌یه‌نێت؟ دواتریش، دوو هه‌فته‌یه‌ك به مانای پێش به‌رواری بیست و هه‌فتی ته‌ممووز دێت، نه‌ك هه‌مان ڕۆژ و هه‌مان به‌یانی وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر تێی گه‌یشتووه.
- نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(عیسمه‌ت ئۆكتای، ده‌مێك به ناوی عیسمه‌ت و ده‌مێكیش به ناوی ئۆكتای ناوی ده‌بات، خۆ له گۆتره و خۆڕایی نییه بۆ سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوینی) ئه‌مه هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه، چونكه له زمانی توركیدا، ناوهێنانی باوك ڕێسایه‌كی زمانی باوه بۆ نموونه: ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆیه، كه‌چی ده‌گوترێت (داود ئۆغلۆ) ، یاخود (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانه) كه‌چی ده‌گوترێت:_( ئه‌ردۆگان)، یاخود (سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش) ه، به‌ڵام (ده‌میرتاش) به ته‌نها ده‌گوترێت.
- نووسیویه‌تی:( له به‌شی 30، ئه‌فسه‌ری چاو‌دێر به تاریق ده‌ڵێت كه كورده‌كان ئیش ناكه‌ن، كه‌چی دواتر ده‌ڵێت كاره‌كه به باشی ده‌كه‌ن) به داخه‌وه نووسه‌ر، مۆنتاژی بۆ نووسینه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی كردووه، ئه‌م دوو ده‌ربڕینه كه له‌و به‌شه‌دا هاتوون، زۆر جیاوازن له یه‌كتری، با بزانین له ڕۆمانه‌كه‌دا چی نووسراوه:(تاریق ئاكانسۆ به ئه‌فسه‌ری چاودێری گوتبوو، ته‌رجومانێكی توركی بۆ بهێنێت تا بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له گیراوه‌كان قسه بكات ئه‌فسه‌ره‌كه گووتی گه‌وره‌م، كێشه‌ی ئێمه له‌م ناوچه‌یه ئه‌وه‌یه، هیچ توركێكمان نییه ئه‌م زمانه بزانێت، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م كاره ناكه‌ن، هه‌ر كات ته‌رجومانێك ده‌گرین، پاش ماوه‌یه‌ك به ناوی ئیش و كاره‌وه هه‌ڵدێت و ون ده‌بێت، زۆربه‌یان كاری ته‌رجومانی بۆ تورك، به كارێكی قێزه‌وه‌ن و ناشرین ده‌زانن، پێیان باشه سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن و مه‌مله‌كه‌ته‌كه جێبهێڵن، له‌وه‌ی ببن به ته‌رجومانی ئێمه.) بێگومان لێره‌دا كاره‌كه ( ته‌رجومان) كردنه و دیاره كه نایكه‌ن، به‌ڵام بابزانین كاره‌كه‌ی تر كه زۆرباش ده‌یكه‌ن چییه؟ ڕۆماننووس نووسیویه‌تی:_( به‌ڵام گه‌وره‌م كاره‌كه به باشی ده‌كه‌ن، كورده‌كان كاتێ ده‌بنه خزمه‌تكار هه‌موو شتێك بۆ گه‌وره كانییان ده‌كه‌ن) مه‌به‌ست لێره‌دا چییه؟ دیاره دوای ئه‌وه‌ی ده‌بنه خزمه‌تكار، ئه‌و كات به باشی كاره‌كه ده‌كه‌ن. ڕۆماننووس لێره‌دا، مه‌به‌ست و مه‌غزایه‌كی دیكه‌ی هه‌یه، كاره‌كه ئه‌و كاته به باشی ده‌كه‌ن و ڕاده‌په‌ڕێنن، كه بوونه خزمه‌تكار، دیاره ڕۆماننووس دیدگای توركه شۆفێنیی و كه‌مالییه‌كانی بۆ كورده‌كان، له‌و وێنه پڕ شۆفێنی و ناسیۆناڵییه به‌رجه‌سته كردووه.
- نووسیویه‌تی:_(ڕۆماننووس له یه‌ك كاتدا خه‌سته‌خانه و نه‌خۆشخانه و بیمارستانی نووسیوه) هه‌ر كامێكییان بێت ئاسایه، چونكه هه‌رسێ وشه‌كه یه‌ك ما‌نایان هه‌یه، ته‌نها بۆ زمانی ستانده‌رو یه‌كگرتوو، جۆرێك له په‌رشی دروست ده‌كات.
- لا 77 نووسیویه‌تی:_( ڕۆماننووس باسی تیر باران ده‌كات) له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه وشه‌ی (تیر) نه وشه‌ی ( كه‌وان) بوونییان نییه. هیوادارم خوێنه‌ران سه‌رنجی بده‌ن.
- لا 103 نووسیویه‌تی:_( دیالۆگی وه‌زیره‌كانه، كه‌چی له لا 105 دیسانه‌وه ئه‌و قسانه ده‌جویته‌وه) به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لاپه‌ڕه (105) دا، دیالۆگی وه‌زیره‌كان بوونی نییه. تكا له خوێنه‌ران ده‌كه‌م بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی ڕۆمانه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن وایه كه نووسه‌ر ده‌یڵێت؟ چونكه ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه، ته‌نها چوار دێڕ نووسینه، ئیدی نازانم باسی كام دیالۆگ ده‌كات!
- لا 143 نووسیویه‌تی:_( ته‌وقه‌ی كورت و ته‌وقه‌ی دۆستانه هه‌ڵه‌یه، دیاره ته‌وقه‌ی درێژ و دوژمنانه‌ش هه‌یه) گرفتی نووسه‌ر له‌وه‌دایه، به پێوانه‌ی ئه‌ندازه‌یی و پێوانه‌ییه‌وه له ته‌وقه‌ی كورت و درێژ گه‌یشتووه .ته‌وقه‌ی كورت، به مانای ئه‌وه دێت، ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌سته‌كه له نێو یه‌كتری كه‌مه، ته‌وقه‌ی دریژیش، مانای درێژی زه‌مه‌نی مانه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌سته‌كه‌یه له نێو یه‌كتری، ئه‌مه مانای ته‌وقه‌ی درێژ و كورت، سه‌باره‌ت به ته‌وقه‌ی دۆستانه و دوژمنانه‌ش، مه‌رج نییه ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین دۆستمان بێت، سات وایه له ناخه‌وه ڕقمان لێیه‌تی، به‌ڵام ده‌شیدوێنین و ده‌ستی ته‌وقه‌كه‌شی بۆ درێژ ده‌كه‌ین ئه‌مه یه‌كجار زۆره له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.
*نووسیویه‌تی:( چه‌ند وشه‌یه‌كی هه‌ولێری به كاربردووه، به‌ڵام زۆربه‌یان هه‌ڵه‌ن وه‌ك:( له مێژه) دیاره مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، كه له نێوان (له) و(مێژه) دا سپێیس هه‌یه به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه به یه‌كه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه، واتا (له) به‌شێكه له وشه‌كه نه‌ك ئامرازی په‌یوه‌ندی بێت و له‌وانه‌یه نووسه‌ر له ڕووی ڕێزمانییه‌وه وا لێكی دابێته‌وه. وشه‌ی (مێژه) به ته‌نیا هیچ مانایه‌كی نییه، به‌ڵكو به یه‌كه‌وه ماناكه ده‌ده‌ن، كه واتا هه‌ر چۆنێك بنووسرێت، ده‌بێ به یه‌كه‌وه بخوێندرێته‌وه بۆ نموونه:_
له مێژه
له مێژه
له مێژه
له مێژه
له مێژه
له مێژه
ته‌نها له ڕووی ڕێسای نووسینه‌وه هه‌ڵه‌یه، ده‌نا له ڕووی واتاوه، وشه‌كه هه‌مان واتا و مانا ده‌به‌خشێت و به یه‌كه‌وه‌ش ده‌خوێنرێته‌وه.
- لا 45 نووسیویه‌تی:(ویستی بیر بكاته‌وه هه‌ڵه‌یه، بۆ زمانی كوردی ڕه‌زیل ده‌كه‌ی) گۆران سه‌باح كه ده‌نووسێت هه‌ڵه‌یه، پێمان ناڵێت هه‌ڵه‌كه‌ی له كوێیه؟ چونكه گومانی له‌و بۆچوونه‌ی خۆی هه‌یه. مه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌زاران جار ناڵێت:( ویستم بیرێك له كاره‌كه‌م بكه‌مه‌وه، بیرێك له ڕۆیشتنم بكه‌مه‌وه، ویستم بیرێكی لێ بكه‌مه‌وه)
ویستی: ی_ لێره‌دا، جێناوی لكاوه بۆ بكه‌ری ڕسته‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا ئه‌و ویستی بیر بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت خودی ڕسته‌كه‌ش ڕسته‌یه‌كی ته‌واوه، چونكه مانایه‌كی ته‌واو ده‌دات و تیایدا كه‌سێك به كرداری بیركردنه‌وه هه‌ڵده‌ستێت، به‌ڵام هێشتا ڕووینه‌داوه. دواتر ڕۆماننووس نووسیویه‌تی:_( ویستی بیر له ئۆیزاری ژنی بكاته‌وه) ئایا ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر ده‌یڵێت؟ - لا 48 نووسیویه‌تی:( هیچ مه‌خلوقێك ناژین، هه‌ڵه‌یه، ده‌بێ هیچ مه‌خڵوقێك ناژیت بێت، ڕۆماننووس وشه‌ی تاك و كۆ له یه‌كتری جیا ناكاته‌وه) بێگومان له باره‌ی مه‌خلوق و زۆر وشه‌ی تریش، ده‌كرێ له یه‌ك كاتدا تاك بن و كۆش بن. بۆ نموونه: وشه‌كانی (گه‌ل_ كۆمه‌ڵگه‌ده‌زگا) له ڕواڵه‌تدا تاكن، چونكه هیچ نیشانه‌یه‌كی (ان) نییه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا ئاماژه‌ن بۆ كۆ. ئه‌گه‌رچی نیشانه‌ی نه‌ناسراوی (ێك)، ئاماژه بۆ تاكایه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له زمانی كوردیدا، گه‌لێك وشه هه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ره‌ن. بۆ نموونه:(خه‌ڵكێك، تیپێك، ڕۆژێك) ئه‌مانه له ڕواڵه‌تدا تاكن و هه‌مان نیشانه‌ی نه‌ناسراویان هه‌یه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا كۆن. وشه‌ی مه‌خڵوقێك، ده‌كرێ به مانای كۆش لێك بدرێته‌وه، ئه‌گه‌رچی وشه‌كه په‌یوه‌ندی به تاك و كۆوه له‌و ڕسته‌یه‌دا نییه. مه‌خڵوق هه‌موو زینده‌وه‌رێك ده‌گرێته‌وه و ده‌توانین به‌شێك له‌و مه‌خڵوقه وه‌رگرین، به‌ڵام با بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوه و گۆران كردوویه‌تییه چی؟ له ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه:_( هیچ مه‌خلوقێك له سه‌ر زه‌وی، وه‌ك پزیشكه‌كان هێنده له دۆخی ئاسایی‌دا ناژین لا48) ئایا (ناژین) بۆ (مه‌خلوق) ده‌گه‌ڕێته‌وه یان (پزیشكه‌كان؟) زۆر به ڕوونی له ڕسته‌كه‌دا ئه‌وه دیاره كه پزیشكه‌كان كۆیه و ناژینیش كۆیه. (ین) جێناوی لكاوه، بۆ كه‌سی یه‌كه‌می كۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا پزیشكه‌كان ناژین نه‌ك مه‌خڵوق. دواتریش، ناژین كاری ڕانه‌بردووه، نه‌ك كرداری تاك و كۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌كرێ به (ناژین) و(ناژیت) بنووسرێت. وه‌ك وتمان هه‌ندێك وشه هه‌ن، له ڕواله‌تدا تاكن، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا كۆن.
- لا 55 نووسیویه‌تی:_ به‌ختیار عه‌لی دوانزه ڕۆمانی نووسیوه، كه‌چی قسه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له یه‌كتری جیا ناكاته‌وه وه‌ك:_( له هه‌موو جێگه‌یه‌ك ده‌یگوت ئه‌و به ته‌نها هیچی پێ ناكرێت، پێویستیم به مامۆستای تورك هه‌یه، پێویستیم به سه‌ربازی تورك هه‌یه، پێویستیم به قامچی ژه‌ندرمه‌ی تورك هه‌یه، پێویستیم به پزیشكی تورك هه‌یه، زمانی ئه‌وانه‌م بۆ ببڕێت به توركی قسه ناكه‌ن، ئه‌مانه كه‌ی قسه‌ی ناڕاسته‌وخۆن؟) نازانم نووسه‌ر ده‌ربڕینی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له كوێ هێناوه و داویه‌تییه پاڵ ڕۆماننووس؟ چونكه له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا، نه ڕۆماننووس باسی ناڕاسته‌وخۆیی ده‌كات، نه دیالۆگی كاره‌كته‌ره‌كانیش پێویستی به دواندنی ناڕاسته‌وخۆ هه‌یه. دیالۆگه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێمه نووسیومانه‌ته‌وه و ده‌كرێ خوێنه‌ران بۆ پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی من، بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئایا هیچ مه‌به‌ست و نیازێكی ناڕاسته‌وخۆیی له‌و گوتنه‌دا نییه؟ پێویستیم به هه‌موو شتێكی تورك هه‌یه مانای چییه؟ مانای وا نییه ڕۆماننووس ناڕاسته‌وخۆ باس له شۆفێنییه‌تی تورك و به توركیكردنی هه‌موو شتێك ده‌كات؟ مانای وا نییه ڕۆماننووس ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت ، ئه‌گه‌ر تورك نه‌بیت، هه‌ڵگری گه‌وره‌ترین و پیرۆزترین شوناسیش بیت، دواجار تۆ هیچ نیت؟ ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه نییه كه ڕۆماننووس به ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته وخۆ قسه ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه گرنگه كه به توركیكردنێك له توركییا هه‌موو كایه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه، به ڕاده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر تۆ تورك نه‌بیت، ئیدی بوونه‌وه‌رێكی بێ نرخ، بێ ماف، بووده‌ڵه و بێ هه‌موو ئه‌رزشێكیت. ده‌بوو نووسه‌ر، به وردی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی بخوێندبووایه‌وه، ئه‌وكات بۆی ده‌رده‌كه‌وت كه مه‌به‌ستی به‌ختیار عه‌لی له‌و چه‌ند دێڕه چییه.
- لا 175 نووسیویه‌تی:(عه‌لی ئیحسان له سه‌ر لێواری ته‌خته خه‌وه‌كه‌ی داده‌نیشت هه‌ڵه‌یه، چونكه ڕابردووی به‌رده‌وامه ده‌بێ به ڕابردووی ساده بێت، واتا عه‌لی ئیحسان له سه‌ر لێواری ته‌خته خه‌وه‌كه‌ی دانیشت) داده‌نیشت، ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندنه و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه. ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و ده‌ربڕینه بێت كه گۆران نووسیویه‌تی، ئه‌وا مانای وایه عه‌لی ئیحسان بۆ یه‌كه‌م جار له‌وێ دانیشت، كه مه‌به‌ستی ڕۆماننووس ئه‌مه نییه، هاوكات له ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه:(هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان خۆیان بكوژن، ئه‌وان بۆ ئێمه خه‌ڵكی زیادن، ده‌زانیت خه‌ڵكی زیاد مانای چی؟عیسمه‌ت چاوانی پڕ ده‌بوو له ترسێكی گه‌وره، مه‌به‌ستت چییه مه‌به‌ستت چییه كابرای ته‌رجومان؟ عه‌لی ئیحسان له سه‌ر لێواری ته‌خته خه‌وه‌كه‌ی عیسمه‌ت داده‌نیشت، عیسمه‌ت ئۆكتای من ناوم عه‌لی ئیحسان ئاكانسۆیه، ناوه‌كه‌م له به‌ربكه وا بزانم جارێكی دیكه‌ش پێم وتی) داده‌نیشت، هیچ هه‌ڵه‌كی زمانه‌وانی و ڕێزمانی تێدا نییه، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه بگێڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، عه‌لی ئیحسانی دیوه كه هه‌میشه له‌سه‌ر ته‌خته خه‌وه‌كه‌ی عیسمه‌ت داده‌نیشت.
- لا 203 نووسیویه‌تی:( كورده‌كه به تاریق ده‌ڵێ ته‌نیا كرێكاره و شتێكی كه‌م توركی ده‌زانێت، پاشان ده‌ڵێت له سامسۆن فێر بووه و زۆرباش ده‌زانێت) له ڕاستیدا، ڕۆماننووس ئه‌وه‌ی نه‌نووسیوه، با بزانین له هه‌مان لاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانه‌كه چۆن نووسراوه:(ناوت چییه؟ مه‌هدی، ده‌توانی باش كاری ته‌رجومان بكه‌یت؟ من كرێكارم ته‌نیا شتێكی كه‌م توركی ده‌زانم، ئه‌ویش به خۆشی خۆم فێر نه‌بووم، ناچاری و نان په‌یداكردن فێری كردووم، به زۆر كراوم به ته‌رجومان) دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م گفتۆگۆیه ته‌واو ده‌بێت، له پرسیارێكی دیكه‌دا، تاریق ئاكانسۆ به مه‌هدی ده‌ڵێت:_( ئه‌ی ئێستا چۆن دێته گوێت؟) مه‌هدی: ( ئێستا نا ده‌مێك له سامسۆن فێری زمانه‌كه بووم و توانیم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌وێدا قسه بكه‌م) به هیچ شێوه‌یه‌ك ( زۆرباشه‌ی) تێدا نییه واتا جیاوازه له‌وه‌ی گۆران نووسیویه‌تی.
- لا 211 نووسیویه‌تی:(باكلان و عه‌لی ئیحسان سه‌ر و بیره‌یه‌ك داواده‌كه‌ن) به‌ڵام له ڕۆمانه‌كه‌دا نووسراوه:( سه‌ر و بیره‌یان داوا كرد) واتا (بیره‌یان) داوا كردووه نه‌ك (بیره‌یه‌ك) سه‌ر، لێره‌دا ئاماژه‌یه بۆ سه‌ری كه‌سه‌كان نه‌ك ژماره‌ی بیره‌كان.
- لا 227 نووسیویه‌تی :_ گێڕانه‌وه به زه‌مه‌نی ڕابردووه، له هیكڕا ده‌بێته ڕانه‌بردوو، وه‌ك:_ ( ژماره‌ی قوربانیانی ده‌ستی گورگه بۆره‌كان له‌م ساڵانه‌دا هه‌زاران كه‌سه، سه‌د هه‌زار ئه‌ندامی مه‌شق دیده‌یان هه‌یه) نووسه‌ر له كۆی په‌ڕه‌گرافه‌كه، ته‌نها ئه‌و چه‌ند وشه‌ی نووسیوه‌ته‌وه، خۆزگه كۆی په‌ڕه‌گرافه‌كانی پێشووی ئه‌م چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌شی ده‌نووسییه‌وه ، تاكو خوێنه‌ر به‌رچاو ڕوونی زیاتر بێت. ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و نموونه‌یه بێت كه ئه‌و هێناویه‌تییه‌وه و بڕوای وایه زه‌مه‌ن لێره‌دا ڕابردووه، به‌ڵام به‌ختیار كردوویه‌تییه ڕانه‌بردوو، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس ڕاسته‌و ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یڵێت هه‌ڵه‌یه. با بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوه:_( سوپا هیچ لادانێكی گه‌وره، له بنه‌ماكانی كه‌مالیزم قبول ناكات، گه‌ر ئه‌م نه‌خۆشانه ئازادیش بكرێن و هه‌ر كوردی قسه بكه‌ن، یه‌ك یه‌كه گورگه بۆره‌كان لێره‌و له‌وێ ڕاویان ده‌كه‌ن و ده‌یانكوژن، ژماره‌ی قوربانیانی ده‌ستی گورگه بۆره‌كان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، هه‌زاران هه‌زار كه‌سه، سه‌د هه‌زار ئه‌ندامی مه‌شق دیده‌یان هه‌یه) هیچ بنه‌مایه‌كی زمان نییه، باس له‌وه بكات، نابێ ده‌مه‌كانی ڕابردوو/ ڕانه‌بردوو، به یه‌كه‌وه به‌كار بێن. ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌وتی گێڕانه‌وه و گونجاندنی زه‌مه‌ن و شوێن و ئاستی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. ئه‌وی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی ڕێزمانی تێدا نییه، به پێچه‌وانه‌وه، زۆر جوان گوزارشت له بارودۆخی كورده‌كان به ده‌ستی توركه فاشییه‌كان له ڕابردوو ئێستاشدا ده‌كات.
هه‌زاران كه‌سه
(ه) كاری ناته‌واوه بۆ ده‌می ڕانه‌بردووی ئێستا.
مه‌شق دیده‌یان هه‌یه
(هه‌یه) كاری ناته‌واوی تێنه‌په‌ڕی ڕانه‌بردووه.
وێرای ئه‌مه‌ش له‌م په‌ڕه‌گرافه‌دا، چه‌ندین ڕسته‌ی سه‌ربه‌خۆ، كه مانای ته‌واو ده‌به‌خشن، هه‌ن. واتا په‌ڕه‌گرافه‌كه له چه‌ندین ڕسته پێكهاتووه، كه ده‌كرێ به سه‌ربه‌خۆ بخوێنرێنه‌وه. - لا232 نووسیویه‌تی:( مه‌تینییان هێنایه به‌رده‌می تاریق، تاریق چووه لای مه‌تین، كاكه كه‌نگێ نووسینی ڕۆمان وابووه) به‌ڵام با بزانین ڕۆماننووس ئه‌وه‌ی نووسیوه ؟ له ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه:( كاتێك مه‌تینییان هێنایه به‌رده‌می تاریق ئه‌كانسۆ، ده‌یویست ده‌م و ده‌ست له‌وێدا تیر بارانی بكات) تا ئێره دیاره، پاشان درێژه‌ی ده‌داتێ و ده‌نووسێت:_( له نزیك ئێواره تاریق ده‌چێته لای مه‌تین) ئایا ده‌مه‌كان هه‌مه‌ن ده‌من له ڕۆمانه‌كه‌دا؟ واتا ئه‌و كاته‌ی تاریق ده‌چێته لای مه‌تین، ئێواره بووه نه‌ك هه‌مان كات.
- نووسیه‌تی:_ له لاپه‌ڕه 307، ڕابردووی به‌رده‌وام به هه‌ڵه به‌كار براوه ( نارسین له سه‌ر ده‌ستی له ماوه‌ی ساڵێكدا، زمانێكی ڕه‌وانی كوردی قسه‌یده‌كرد، ده‌بێ ڕابردووی ساده بێت كوردییه‌كی ڕه‌وان فێربوو) با بزانین له ڕۆمانه‌كه‌دا، چی و چۆن نووسراوه:(نارسین له سه‌ر ده‌ستی مامۆستایان چه‌تین و ئینان بۆراندا، به كۆمه‌كی به‌رده‌وامی جه‌وهه‌ر سیزار و خێزانه‌كه‌ی، له ماوه‌ی ساڵێكدا، زمانێكی ڕه‌وانی كوردی قسه‌یده‌كرد) سه‌رنج بده‌ن، له نێوان ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی و ئه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه كورتی كردۆته‌وه، چ جیاوازییه‌ك هه‌یه! له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا، ده‌مه‌كانی كار هیچ هه‌ڵه‌یه‌كییان تێدا نییه. به كۆمه‌كی جه‌وهه‌ر سیزار، به مانای ئه‌وه دێت كه زمانه‌كه‌یان فێركردووه، تا دواجار توانیویه‌تی قسه‌ی پێ بكات. واتا له یه‌ك كاتدا هه‌م كرداری فێربوون، هه‌میش كرداری قسه‌كردن له‌و چه‌ند دێڕه‌دا ده‌بینرێت. نووسه‌ر ته‌نها له ڕووی ڕێزمانییه‌وه ڕسته‌كه‌ی خوێندۆته‌وه، له ڕووی واتاییه‌وه نا. ئایا (قسه‌كردن) و(فێربوون) هه‌مان ما‌نایان هه‌یه؟ گریمان توركێك كوردییه‌كی زۆر ڕه‌وان ده‌زانێت، كه چووه توركییا به كوردی قسه ده‌كات؟ فێربوونی زمانی كوردی لێره‌دا چ به‌هایه‌كی هه‌یه؟ له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كوردییه‌كی ڕه‌وان قسه‌ی ده‌كرد، زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ فێربوون كه كردارێكی سه‌ره‌تاییه. بۆ نموونه:( فێربووه_ باش فێر بووه_ زۆرباش فێربووه) هه‌رسێكییان فێربوونن، به‌ڵام یه‌ك دنیا جیاوازییان هه‌یه.
(ده‌كرد) ڕابردووی به‌رده‌وامی ڕاگه‌یاندنه، چونكه پێشگری (ده) ی له پێشه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بیكه‌ینه ڕابردووی (نزیك) نه‌ك ساده، ئه‌وا ده‌بێته (كرد) بۆیه ئه‌م ڕسته‌یه‌ش له ڕووی ده‌مه‌كانی كاره‌وه، هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه . قسه‌ی ده‌كرد، ئاماژه‌یه بۆ زه‌مه‌نێك كه ڕه‌نگه له ئێستا و داهاتووش قسه بكات، به پێچه‌وانه‌ی فێربوو كه كارێكی ڕابردووه. واتا ئارسین وێرای ئه‌وه‌ی كه به كوردییه‌كی ڕه‌وان قسه‌یده‌كرد، هاوكات به‌رده‌وامیش بووه له كرداری فێربوونی زمان واتا هێشتا كۆتایی به كرداری فێربوون نه‌هاتووه بۆیه قسه‌یده‌كرد له ڕووی رێزمانییه‌وه هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه.
- لا 314 نووسیویه‌تی:(جه‌وهه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشابوو هه‌ڵه‌یه چونكه به ڕابردووی دووره، ده‌بێ به ڕابردووی ساده بێت، (جه‌وهه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا) بابزانین ڕۆماننووس چی نووسیوه:(گریگۆریۆس، سه‌یری ده‌م و چاوی جه‌وهه‌ری كردوو دای به شانی‌دا، جه‌وهه‌ر ژیان و ئیڕاده‌یه‌ك له تۆ ده‌بینم، ده‌مێكه له كورداندا نابینم، لێره له ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌م و چاوی هه‌ر كوردێك ده‌بینم، به جۆرێك تێكشكاو و بارگرانن، تێ ناگه‌م چۆن ئه‌و میلله‌ته هه‌موو یه‌ك جار و ده‌سته جه‌معی له غه‌مدا نامرن! پێ ناچێت ده‌وڵه‌تی تورك وازتان لێ بهێنێت، ئه‌رمه‌نه‌كان گه‌ر به ناویش بێت وڵاتێكی خۆیان هه‌یه، ئێوه ئه‌وه‌شتان نییه جه‌وهه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشابوو، به غه‌مه‌وه پێكێكی هه‌ڵدابوو، به‌ڵام به پێكه‌نینه‌وه گوتبووی) وه‌ك ئاماژه‌مان پێ كردووه، نووسه‌ر چونكه له كۆی چه‌ند دێڕێك، ته‌نها چه‌ند ڕسته‌یه‌كی كورتكردۆته‌وه، ئیدی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵییه‌ك له ڕووی ڕێزمانییه‌وه دروست ببێت. به بڕوای نووسه‌ر، (هه‌ڵكێشابوو) ڕابردووی دووره و هه‌ڵه‌یه، ده‌بوو به ڕابردووی ساده بێت ( جه‌وهه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا) لێره‌دا، ده‌بێ به وردی دیقه‌ت له ته‌كنیكی گێڕانه‌وه بده‌ین، ئه‌وكات ده‌زانین كام ده‌می كاره‌كه ڕاسته. له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا، ئێمه له به‌رده‌م دوو زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ین، كه یه‌كێكییان دووره و ئه‌ویتریش نزیكه، ده‌كرێ لێره‌دا ڕوونتری بكه‌ینه‌وه، كاتێ گریگۆریۆس دیالۆگ له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ر ده‌كات و ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شانی، كاره‌كه ڕابردووی نزیكه، به‌ڵام كاتێ ڕۆماننووس كه بگێڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانه، ئه‌و باسه‌ی نێوان گریگۆریۆس و جه‌وهه‌ر به زه‌مه‌نی ئێستا ده‌گێڕێته‌وه، به زه‌مانی ئه‌و كات ئاماژه به هه‌ناسه هه‌ڵكێشانی جه‌وهه‌ر ده‌دات هه‌ڵكێشابوو، ڕابردووی دووری ڕاگه‌یاندنه و له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نییه.
*نووسیویه‌تی:( كاته سه‌ره‌كییه‌كان، ساڵی 1946 و 1945 ، كه‌چی ڕۆماننووس هیچ شتێكی باسنه‌كردووه و پیشان نه‌داوه كه گوزارشت له‌و سه‌رده‌مه مێژووییانه بكات) به‌ڵام سه‌رنج بده‌ن، هه‌ر ڕۆماننووس خۆی له وه‌سفی ئه‌و ساڵانه‌دا چی نووسیوه:
(ده‌بێ ده‌وڵه‌ت په‌له بكات له له ناوبردنی مێشووله و مه‌لاریا) ئه‌مه مانای وانییه، كه ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌خۆشی مه‌لاریا باوبووه؟
(دایمه كلێته‌یه‌كی وه‌ك كلێته‌ی غازی مسته‌فا كه‌مال له سه‌ربوو)
(ئه‌كادیمیای نه‌وه‌ی یه‌كه‌می جمهوریه‌ت)
(ماشێنه‌كه مۆدێلی سیه‌كان بوو لا 50)
( زۆرینه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كان، به ده‌گمه‌ن ئوتومبێلیان بینیبوو لا 50)
(له گرامافۆنه‌كه‌وه گوێی له قه‌وانی گۆرانییه توركییه‌كان ده‌گرت لا57) ئایا قه‌وان و گرامافۆن، ئاماژه نین بۆ زه‌منێكی كۆن و مێژوویی؟
(جه‌نابی والی گوتی ده‌بێ له ژێر چادردا خه‌ڵك كۆبكه‌ینه‌وه لا 69) ئه‌مه مانای وانییه كه هێشتا هۆڵی گه‌وره و شوێنی كۆبوونه‌وه بوونییان نه‌بووه؟
(ساڵی 1978 له‌گه‌ڵ هاتنی كابینه تازه‌كه‌ی ئه‌جاویددا، وه‌زیری ناوخۆ‌و وه‌زیری ته‌ندروستی گۆڕان)
ئه‌م ده‌ربڕینانه، گوزارشت له چ زه‌مه‌ن و كاتێك ده‌كه‌ن؟ ئایا ئاماژه‌یه‌كی مێژوویی و ڕابردوویان نییه؟
تۆن:_
نووسه‌ر له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(تۆنی نووسین وه‌ك تۆنی قسه‌كردنه، به خۆشی، به تووڕه‌یی، به مۆنی قسه‌ده‌كه‌ی نووسینیشی وایه، له‌م ڕۆمانه‌دا تۆنی كاره‌كته‌ره‌كان یه‌ك تۆنه) به‌وه‌دا دیاره نووسه‌ر جیاوازی له نێوان (ده‌ربڕین) و (نووسین) ناكات، كه پێی وایه تۆنی نووسینیش وه‌ك قسه‌كردنه، به بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌وه بێت كه قسه‌كردن، فۆنه‌تیك و ده‌نگداره، نووسین نا فۆنه‌تیكی و ناده‌نگییه، به‌ڵام با سه‌ره‌تا بزانین تۆن چییه؟ تۆن، به مانای كواڵیتی ده‌نگ، یان ئه‌و سه‌دایه‌ی كه له ده‌نگه‌وه دروست ده‌بێت. ئه‌م زاراوه‌یه، زاره‌وه‌یه‌كی مۆسیقییه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه په‌یوه‌نده‌ی به ده‌نگی ئامێره‌كانه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه: سۆڵۆی كه‌مان نزمه، سۆلۆی عود به‌رزه، لێره‌وه‌ش شتێك نییه به ناوی تۆن، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ده‌نگ نه‌بێت. كه ده‌نگ نه‌بوو، تۆن به چی ده‌ناسرێته‌وه؟ چۆن ده‌زانرێت تۆنی به‌رزه یا نزم؟ مۆنه یا ڕووخۆش؟ كه‌واتا له هه‌موو بارێكدا، تۆن په‌یوه‌ندی به نووسینه‌وه نییه، به‌ڵكو كرده‌یه‌كی ده‌نگی و فۆنه‌تیكییه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، زمانی ده‌ربڕینی كاره‌كته‌ره‌كان، زمانی نووسینه كه خوێنه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه. خوێنه‌ر كه دیالۆگی كاره‌كته‌رێك، یان تووڕه‌یی كاره‌كته‌رێك، یان ڕه‌فتار و قسه‌كردنی ده‌خوێنێته‌وه، واتا كرده‌كه خوێندنه‌وه‌یه نه‌ك ده‌نگ و بیستن. ده‌شێ زمانی نووسینی ده‌قێك، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گوتاره بێت كه له نێوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌دایه. من لێره‌دا، چه‌ند نموونه‌یه‌ك بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتری خوێنه‌ر ده‌هێنمه‌وه. له كتێبی ( ئه‌زموون و یاد) ی پشكۆ نه‌جمه‌ددین-دا، خوێنه‌ر به‌ر ده‌یان ڕووداوی تراژیدی و كاره‌سات و گێڕانه‌وه‌ی غه‌مگینانه ده‌كه‌وێت، به‌ڵام تا ئه‌و په‌ڕی چێژ له‌و گێڕانه‌وه‌یه وه‌رده‌گرێت. واتا زمان له‌و كتێبه‌دا، ڕاسته باسی خوێن، دیل كوشتن، زیندان، براكوژی، كوشتنی ژن و پیاو ده‌كات، به‌ڵام زمانی گوزارشتكردن و گێڕانه‌وه‌كه، له ئاستێكی هێنده باڵای هونه‌ری و ئستاتیكی دایه، كه سه‌رباری ئه‌و كه‌شه غه‌مگینییه‌ی له دوو توێی ده‌قه‌كه‌دایه، به‌ڵام خوێنه‌ر چێّژ له گێڕانه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه بۆ شیعریش هه‌مان شته. له شیعره‌كانی ( فه‌رهاد شاكه‌لی) و(مارف عمر گول)دا، ئه‌مه هه‌ستی پێ ده‌كرێت. واته فه‌زای شیعره‌كان، هه‌ڵگری زمانێكی هێمن و ئارامن. له شیعری (خۆری زینداندا) زمانێك هه‌یه هێمن، ئارام ، كه دوژمنان به نه‌رمی و بێ ده‌نگی و خرۆشاوی ڕیسوا ده‌كات، به‌ڵام له شیعره‌كانی (شه‌هید مه‌لا عه‌لی) دا، زمانێكی ئه‌و په‌ڕی تووڕه و هه‌ڵكشاو ده‌بینرێت هه‌ر دوو ئه‌زموونه‌كه‌ش باس له كه‌شی نێو چوار دیواری زیندان ده‌كه‌ن. ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تدا تۆن نییه، ستایلیش نییه، چونكه ستایلی ده‌ق ده‌گۆڕدرێت، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌سته شاراوه و ئه‌و به‌ر یه‌ككه‌وتنه خودی و هزریه‌یه، كه خوێنه‌ر به ده‌قێكه‌وه گرێ ده‌دات و له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت. واتا هیچ خوێنه‌رێك ناتوانێت، ئیحساسه ده‌روونییه‌كانی خۆی، له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكدا، بكاته پێوه‌ر بۆ هه‌موو خوێنه‌ران. ده‌شێ گۆران سه‌باح به‌و شێوه‌یه له ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان له ڕۆمانه‌كه گه‌یشتبێت، به‌ڵام كاتێ خوێنه‌رێكی دیكه ڕۆمانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، به شێوه‌یه‌كی دیكه له ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان بگات. بۆیه هیچ خوێنه‌رێك ناتوانێت، فه‌زای گشتی ده‌قێك، له میانه‌ی په‌یوه‌ندی به خوێنه‌ره‌وه، ڕه‌نگڕێژ بكات و لای وابێت تۆنی ئه‌م كاره‌كته‌ره نزمه و هی تر به‌رزه. یاخود گێڕانه‌وه‌كه، له سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه ده‌ڕوات. ئه‌مه به پێی تێگه‌یشتن و سه‌لیقه و چێّژی خوێنه‌ر ده‌گۆڕێت و په‌یوه‌ندی به نووسه‌ره‌وه نییه. ئیدی هه‌ر خوێنه‌ره و به شێوه‌یه‌ك ده‌روانێته ڕووداو و كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانێك.
ناونانی كاره‌كته‌ره‌كان:
نووسه‌ر له میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:( مه‌رج نییه هه‌موو كاره‌كته‌رێك ناوی هه‌بێت، زۆر ئاساییه كاره‌كته‌ر بێ ناوبێت) بێگومان ئاساییه كاره‌كته‌ری ڕۆمانێك ناوی نه‌بێت، به‌ڵام چۆن و له چ كاتێكدا؟ گریمان ڕۆمانێك ده كاره‌كته‌ری هه‌بوو، ده‌كرێت هه‌ر هه‌موویان بێ ناوبن و ئاساییش بێت؟ ئه‌م جۆره بۆچوونانه، بێ لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن، سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنن. له ڕاستیدا، ته‌نها ئه‌و ڕۆمانانه‌ی به جێناوی (كه‌سی یه‌كه‌می تاك/من، كه‌سی دووه‌می تاك/تۆ، كه‌سی سێیه‌می تاك/ ئه‌و) ده‌گێڕدرێنه‌وه، ده‌توانرێت كاره‌كته‌ره‌كه ناوی نه‌بێت. ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس خۆی له بری ئه‌وان ده‌بێته بگێڕه‌وه و ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وی بگێڕه‌وی ڕۆمانه‌كه، ڕووداوی دیكه و كاره‌كته‌ری دیكه هه‌بوون، ئه‌و كات ده‌بێ كه‌سایه‌تییه‌كانیش ناویان هه‌بێت. چونكه گێڕانه‌وه كرده‌یه‌كی تاكی و خودییه نه‌ك گشتی. ئیدی هیچ ڕۆمانێك به‌ده‌ر له‌و شێوازه، ناكرێت كاره‌كته‌ره‌كانی بێ ناو بن. چونكه بگێڕه‌وه ناتوانێت له یه‌ك كاتدا ڕۆڵی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی ده كه‌س ببینێت، كه ده‌شێ به ڕووداوێك، یان دیالۆگێك له ڕۆمانه‌كه‌دا به‌شدار بن. زۆری كاره‌كته‌ره‌كان و ناونانییان به ناوی سه‌یر و نامۆ، نیشانه‌ی ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو، داهێنانی ئه‌ده‌بی نییه. ئه‌وه‌ی له‌م ڕووه‌وه گرفته به تایبه‌تیش له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لیدا، ئه‌و هه‌موو كاره‌كته‌رانه‌ن، به‌و هه‌موو ناوه سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌وه. جوانی و هونه‌ری ڕۆمانێك له‌وه‌دا نییه كاره‌كته‌ره‌كانی زۆربن و ناویان گوڵیارو دڵ شووشه بێت، به‌ڵكو له‌وه‌دایه، ئه‌و كاره‌كته‌ره چه‌ند ده‌توانێت بچێته قووڵایی هزری خوێنه‌ر و كار له ده‌روونی خوێنه‌ر بكات و هه‌سته‌كانی بوروژێنێت. له ڕۆمانی (ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤێك) دا، كه شاكارێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی كوردییه، ڕۆماننووس وه‌سفی پیاوێك ده‌كات كه له كڵاوه ڕۆژنه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌یه‌وه، تیشكه‌كانی ڕۆژ ده‌بینێت و خۆی ده‌دوێنێت. له نۆڤلێتی (سه‌گوه‌ڕ)دا، كه ئه‌ویش شاكارێكی ئه‌ده‌بی نه‌مره، كاره‌كته‌ر به ته‌نها مرۆڤێكی زیندانیكراوه. له یه‌ك كاتدا، ئه‌و كاره‌كته‌ره، هێمایه بۆ كه‌سیه‌تییه‌كی شۆڕشگێڕ، خاوه‌ن پره‌نسیپ، سته‌ملێكرا و، یاخی، ئازاد و سه‌ربه‌ست. ته‌نانه‌ت موكری، چه‌ندین خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژیییانه‌ی مرۆڤی له‌و كاره‌كته‌ره زیندانیكراوه به‌رجه‌سته كردووه. بۆیه مه‌رج نییه ڕۆمان ده‌یان كاره‌كته‌ری هه‌بێت. به‌ڵام كه كاره‌كته‌ریش هه‌بوو، نابێ بێ ناو و ئه‌رك و ڕۆڵ بن، جا ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌كه‌یان لاوه‌كیش بێت. نووسه‌ر له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، باس له‌وه ده‌كات تا ئه‌و ڕۆمانه نه‌خوێنینه‌وه له دڕنده‌یی تورك به‌رامبه‌ر به كورد ناگه‌ین، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ئێمه زه‌حمه‌تییه‌كی زۆرمان ناوێت تا له دڕنده‌یی تورك،به‌رامبه‌ر به كورد بگه‌ین. ڕۆژانه، دیمه‌نه‌كانی خوێن و كوشتن و هه‌ڵدان له فڕۆكه و گرتن و ڕاپێچكردنی كورده‌كان بۆ زیندان، له‌لایه‌ن ژه‌ندرمه و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاریه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌بینین. نووسین، چه‌ند پڕ واتا و قووڵاییش بێت، چه‌ند كاریگه‌ر و ناخ هه‌ژێن و پڕ ماناش بێت، هێشتا ناگاته ئه‌وه‌ی له واقیع ڕوویداوه و ڕوو ده‌دات و بینیومانه‌و ده‌بینرێت.
دواجار ئه‌وه‌ی زۆر به‌لامه‌وه سه‌یر بوو ئه‌وه‌بوو، كه نووسه‌رله‌و وتاره‌یدا، ئامۆژگاری به‌ختیار عه‌لی ده‌كات، بچێت (گۆران سه‌باح و ئارام محه‌مه‌د و عمر سه‌عید و كیاكسار ئه‌حمه‌د ) بخوێنێته‌وه، تاكو فێری هونه‌ری نووسین و ده‌ربڕین بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه، بۆچی پێی ناڵێت ( هه‌ژار موكریانی، شكور مسته‌فا، مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی، فه‌رهاد شاكه‌لی ، شێرزاد حه‌سه‌ن ، حه‌كیم كاكه وه‌یس) و چه‌ندان چیڕۆكنووس و ڕۆماننووسی تر بخوێنێته‌وه؟ كه‌س بووه له نووسینێكی خۆیدا، مه‌دح و سه‌نای خۆی بكات؟ مه‌گه‌ر نووسه‌ر نازانێت كه (كه‌س به دۆی خۆی ناڵێت ترشه!).
وتاری:_ ڕۆمان زبڵدانی وشه نییه.
لێره‌دا، به پێویستی ده‌زانم هه‌ر له باره‌ی وتارێكی دیكه‌ی نووسه‌ر، به ناوی ( ڕۆمان زبڵدانی مێژوو نییه)، كه ئه‌ویش له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، سه‌رنجێكی كورت ده‌رببڕم. نووسه‌ر له‌و وتاره‌یدا، چه‌ند نموونه‌یه‌كی له سه‌ره‌تا و ده‌سپێكی چوونه نێو ده‌قی چه‌ند ڕۆمانێكی جیهانی هێناوه‌ته‌وه و په‌سن و ستاییشیان ده‌كات و هاوكات، چه‌ند نموونه‌یه‌كیش له ڕۆمانی كوردی، كه ئه‌و به نا هونه‌ری و لاواز ناویان ده‌بات. هه‌ڵبه‌ته، پرسی سه‌رسامبوون تا ڕاده‌ی خۆ بچووككردنه‌وه و شه‌رمكردن له ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یی خۆت، دیارده‌یه‌كه و له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌یه و ده‌شبێت. ئه‌مه، دوو دیوی هه‌یه، دیوێكی به‌راوردكردنانه‌ی ئه‌ده‌بییه، كه نییه یان ده‌گمه‌نه، دیوێكیشی سایكۆلۆژییه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و داگیركارییه فه‌رهه‌نگی و كه‌سی و كولتووریه‌یه، كه دوژمنانی كورد به درێژایی مێژوو، په‌نایان وه‌به‌ر بردووه و هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه، ڕه‌گی بچووكی و خۆ به كه‌مزانی، له ئاست ئه‌ویتری نه‌یاردا، له ناخ و هزری مرۆڤی كورد دابكوتن. سه‌رنج بده‌ن، خانی، دوو سه‌د ساڵ به‌ر له ئه‌وروپییه‌كان، باسی ناسیونالیزم و بناغه‌ی نه‌ته‌وه له مه‌م و زیندا ده‌كات (خوێنه‌ر ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كتێبه گرنگ و نایابه‌كه‌ی نووسه‌ر و ئه‌كادیمی دیاری كورد، فه‌رهاد شاكه‌لی به ناوی ناسیۆنالیزمی كوردی له مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی‌دا) كه هێشتا ناسیۆنالیزم وه‌ك فیكر هه‌ر بوونیشی نه‌بووه. فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی كوردی، نه‌ك هیچی له ئه‌ده‌بیاتی جیهانی كه‌متر نییه، به‌ڵكو هونه‌ریتر و به چێژتریشه. خوێنه‌ران ده‌توانن بچن به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه بخوێننه‌وه، كه نۆبڵی ئه‌ده‌بییان وه‌رگرتووه. گرفته‌كه ئه‌مه نییه، گرفته‌كه خۆ به كه‌مزانی و بچووكی ئێمه‌یه له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا. چونكه بزاوتێكی پێچه‌وانه نییه كه به‌رهه‌مه كوردییه‌كان وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانه بیانییه‌كان، ئیدی ئه‌و بۆشایه دروست بووه. ئالان په‌ری، چه‌ند شیعرێكی شاعیرێكی په‌راوێز و نه‌ناسراوی دانیماركی وه‌رگێڕاوه، له پێشه‌كیدا به شێوه‌یه‌ك په‌سنی ئه‌و شاعیره ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین داهێنه‌ری دنیا بێت، كه چی كه شیعره‌كانی ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین شیعره‌كانی، بێ ماناترین و نا هونه‌ریترین و ساده‌ترین شیعرن، كه ناگه‌نه دامێنی قه‌سیده‌یه‌كی شیعری شاعیرێكی كورد. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كه شیعری كوردی لاوازه له به‌رانبه‌ر شیعری بیانی‌دا، به پێچه‌وانه‌وه، په‌یوه‌نده‌ی به نه‌بوونی وه‌رگێڕان و ئه‌و سه‌رسامییه هه‌یه به خۆرئاوا، كه وه‌رگێڕی ئه‌و كۆمه‌ڵه شیعره و هاوتێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌ویش هه‌یانه. ئێمه نه‌مانتوانیوه، وێنه‌ی ڕاسته قینه‌ی ئه‌ده‌بیاتی خۆمان به دنیا بناسێنین. تۆبَڵێی له‌و هه‌موو شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانه‌دا، به‌رهه‌مێكی شایسته‌مان نه‌بێت؟ سه‌رنج بده‌ن، چ بزاوتێكی گه‌وره‌ی وه‌رگێڕان له زمانه‌كانی دیكه‌ی بیانی بۆ سه‌ر زمانی كوردی هه‌یه! به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، زۆر به ده‌گمه‌ن به‌رهه‌مه كوردییه‌كان، وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانه‌كانی دیكه‌ی دنیا، ئیدی چۆن نووسه‌ره‌كانمان و شاكاره‌كانیشیان، له سه‌ر ئاستی دنیا ده‌ناسرێن؟ بۆیه ڕۆمانی كوردیش، هیچی كه‌متر نییه له ڕۆمانه جیهانییه‌كان و ده‌كرێ بۆ پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی من، خوێنه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كراونه‌ته كوردی، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕایه‌كه‌ی ئێمه لۆژیكییه یاخود نا؟ بێگومان ده‌سپێك له هه‌موو ده‌قێكدا، یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی گرێدانی ده‌قه به خوێنه‌ر و یه‌كه‌م ده‌روازه‌ی چوونه نێو ده‌قیشه له دوای ناونیشان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی گشتی ده‌ق. زۆرجار سیحری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك له سه‌ره‌تاوه، ئه‌و هه‌سته لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات كه به دوای ڕووداوه‌كان دابچێت و كه‌مه‌ندكێشی بكات، واتا له سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه، هه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه یاخود سه‌ره‌تای باسه‌كان گرنگ نییه، له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه چیڕۆكنووس یاخود ڕۆماننووس، چه‌ند ده‌توانێت له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه، خوێنه‌ر بباته نێو ڕووداوه‌كانی ده‌قه‌كه. گه‌لێك جار ده‌سپێكی ده‌قێك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و تێڕوانینه‌مان بۆ دروست ده‌كات كه به دوای ڕووداوه‌كانه‌وه بچین. له هه‌ندێ ده‌قی چیڕۆك و ڕۆماندا، ده‌سپێكی ده‌قه‌كه له ڕووی سیحری گێڕانه‌وه و ته‌كنیكی داڕشتنه‌وه هێنده لاواز و نا هونه‌رییه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه چیڕۆك و ڕۆمان نییه، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی میللییانه‌ی حیكایه‌ت ئامێزه و هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكی تێدا نییه. كه واتا ده‌سپێكی ده‌ق گرنگه، چونكه ده‌روازی چوونه نێو ده‌ق و ئه‌ڵقه‌ی گرێدانی خوێنه‌ره به ده‌ق، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه هه‌موو ڕۆمان له ده‌سپێكدا كورت بكه‌ینه‌وه، یاخود بۆچوونمان وابێت كه ده‌سپێكی ڕۆمانێك سه‌رنج ڕاكێش و پرسیار دروستكه‌ر نه‌بوو، ئیدی نووسه‌ره‌كه‌ی كه‌سێكی بێ توانایه. له ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاله) دا، له بری ده‌سپێك، كۆتایه‌كه‌ی هێنده جوان و سه‌رنج ڕاكێشه، كه چێژَكی تایبه‌ت به خوێنه‌ر ده‌دات. ڕۆمان گێڕانه‌وه‌یه، گێڕانه‌وه‌ش هه‌ر ته‌نها ده‌سپێكی نییه، به‌ڵكو كۆتاییشی هه‌یه، كه واتا ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تادا نه‌بوو، له‌وانه‌یه كۆتایه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی تر بێت. ئه‌و ڕۆمانانه‌ی نووسه‌ر به نموونه هێناویه‌تییه‌وه، له ڕووی ده‌سپێكه‌وه، هیچ جیاوازییه‌كی هونه‌ری، ئستاتیكی و بابه‌تییان له‌گه‌ڵ ڕۆمانی كوردیدا نییه. جیاوازییه‌كه له‌وه دایه، كه ئه‌وان بیانین و هی ئێمه‌ش كوردن. من لێره‌دا، نموونه له ده‌سپێكی چه‌ندین ڕۆمانی جیهانی ده‌هێنمه‌وه، كه كراونه‌ته كوردی و نووسه‌ره‌كانییان له نووسه‌ره هه‌ره دیار و هه‌ندێكییان براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵیشن، تاكو بزانین ئه‌و ده‌سپێكانه، هیچ هونه‌ر و داهێنانێكییان تێدایه، زیاتر له ده‌سپێكی ڕۆمانی كوردی بێت؟ بۆ نموونه:_
*ڕۆمانی (دیوار) ی سارته‌ر، ئه‌مه سه‌ره‌تای ڕوواده‌كان و ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه‌یه:_( ڕاپێچی ژوورێكی گه‌وره‌ی سپییان كردین، چاوانم پێ به‌رزه‌فت نه‌ده‌كرا، چونكه ڕووناكییه‌كه چاوانمی ئازار ده‌دا).
- ڕۆمانی (10 خوله‌ك و 28 چركه‌ی) ئه‌لف شه‌فیق، ئه‌مه سه‌ره‌تا و ده‌سپێكییه‌تی:_(ناوی له‌یلا بوو، به ته‌كیلا بانگ ده‌كرا، لای هاوڕێ و له‌شكڕه‌كانی به‌و ناوه ناسرابوو).
- ڕۆمانی (پایز دوا وه‌رزی ساڵه) ی نه‌سیمی مه‌رعه‌شی، كه باشترین ڕۆمانی ساڵی 2015 ی ئێران بووه، ئه‌مه ده‌سپێك و سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:( به دوای تۆدا ڕامده‌كرد، له سه‌ر سیرامیكه سارد و سپییه‌كانی هۆڵه‌كه‌دا، له‌م بێده‌نگییه ترسناكه هه‌زار ساڵه‌یه‌دا، هنكه هنكی هه‌ناسه‌كانم، بڵندتر له گوێم‌دا دووپات ده‌بووه‌وه). *ڕۆمانی (یه‌كه‌م ئیشق) ی ئیڤان تۆرگینێڤ، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی: (زۆر له مێژ بوو میوانه‌كان ڕۆیشتبوون، نیو به تڵی شه‌و ڕاكشابوو، هه‌ر خاوه‌ن ماڵ وسێرگی و فلادیمێر له ژووره‌كه مابوونه‌وه).
- ڕۆمانی (منداڵ و پێڵاوه‌كان) ی موحسین ڕه‌ملی، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی مه‌رگی كچه‌كه‌م له عێراق، بیست و هه‌فت منداڵم له ئیسپانیا و كۆڵۆمبیا هێنایه دنیاوه).
*ڕۆمانی (كش وڵات)ی شه‌هید، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(موژده ئه‌ی عه‌بدولرزه‌اقی جه‌بران، ئه‌ی هاوڕێی ئه‌ندێشه جوانه‌كانی نێو چیڕۆك و حیكایه‌ته گه‌وره‌كان).
*ڕۆمانی ( ئازاری خۆشه‌ویستی) ئه‌لبیرتۆ مۆرافییا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( ئه‌ڵێم، پێمخۆشه له باره‌ی ژنه‌كه‌مه‌وه بدوێم).
*ڕۆمانی ( ته‌نیایه‌كی ئێجگار به هه‌را و زه‌نای) بوهومیل هرابل، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( سی و پێنچ ساڵه ئیش له كاغه‌زی گه‌ڕاوه ده‌كه‌م سی و پێنچ ساڵه كتێب و كاغه‌زی گه‌ڕاوه ده‌په‌ستێوم) دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌مه ده‌سپێكی ڕۆمانێكی كوردی بوایه، گۆران ئه‌وه‌شی وه‌ك نموونه له وتاره‌كه‌ی، بۆ شكاندنی ڕۆمانی كوردی ده‌هێنایه‌وه.
*ڕۆمانی (دایكم) ی تاهیر بن جه‌للون، كه یه‌كێكه له ناودارترین ڕۆماننووسه‌كانی دنیا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(دایكم له كاتی نه‌خۆشكه‌وتنییه‌وه، گۆڕاوه بۆ بوونه‌وه‌رێكی سیسه‌ڵه‌ی بچكۆڵه‌ی كاڵه‌وه‌بوو بانگی تاكه‌كانی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات) مه‌گه‌ر مرۆڤ كه نه‌خۆش و پیربێت، هه‌ر وای لێ نایه‌ت؟ ئه‌مه چ داهێنانێكی تێدایه، له ده‌سپێكی نموونه‌ی ئه‌و ڕۆمانه كوردییانه زیاتر بێت، كه نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا به نموونه باسییان ده‌كات و ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت.
*ڕۆمانی (سه‌ربورده‌ی دایك) ی جه‌نگیزی ئیتمانۆف، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( ژنێكی ته‌نیا، به كراسێكی خاوێن و سوخمه‌یه‌كی ڕه ش و له‌چكه‌یه‌كی سپی، به باریكه ڕێگه‌یه‌كی په‌رێزه گه‌نمێكدا به هێواشی ده‌ڕوات).
*ڕۆمانی (قاره‌مان و گۆڕه‌كان) ی ئێرنستۆ ساباتۆ، كه یه‌كێكه له ناودارترین ڕۆماننووسه‌كانی دنیا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(شه‌ممه‌یه‌كی مانگی ئایاری 1953 بوو، دوو ساڵ به‌رله ڕووداوه‌كانی باراكاس، گه‌نجێكی باڵا به‌رز له سه‌ر یه‌كێك له شۆسته‌كان پیاسه‌ی ده‌كرد) ئه‌مه هیچی تێدایه، زیاتر بێت له ڕۆمانی ڕۆماننووسانی كورد؟
*ڕۆمانی (بیره‌وه‌ری سۆزانییه غه‌مباره‌كه) ی ماركیز، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( له ساڵانی نه‌وه‌تی ته‌مه‌نمدا، حه‌زمكرد عشقه شه‌وێكی شێتانه له‌گه‌ڵ كچێكی هه‌رزه‌ی نه‌كراوه‌دا، پێشكه‌ش به خۆم بكه‌م رووسا كاباركاسم وه‌بیر هاته‌وه).
*ڕۆمانی (ئاغا و نۆكه‌ر) ی لیۆن تۆڵستۆی، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( یه‌كێك له ده‌یه‌ی ساڵانی هه‌فتا بوو، قه‌دیسی كلێسه‌ی گونده‌كه، ڕێ‌و ڕه‌سمێكی بۆ ئه‌و ڕۆژه پیرۆزه ڕێكخستبوو) كه‌س هه‌یه له تۆڵستۆی ناودارتر؟ ئه‌م ده‌سپێكه هیچ ئستاتیكا و داهێنانێكی گه‌وره‌ی تێدایه؟
*ڕۆمانی (باڕۆنی سه‌ر داره‌كان) ی ئیتاڵۆ كالڤینۆ، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( پانزه‌ی ژانیوه‌ری ساڵی 1767 بوو، دواهه‌مین ڕۆژ بوو كه كۆزیمۆ لاڤرێسی برام له نێو ئێمه ده‌ژیا، من ئه‌و ڕۆژه‌م جوان له بیره كه ده‌ڵێی دوێنێیه).
- ڕۆمانی (باڵاخانه‌ی یاقوبییان) ی عه‌لا ئه‌سوانی، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( مه‌ودای نێوان گوزه‌ری په‌هله‌ر، له‌و شوێنه‌ی ده‌سوقی زه‌كی به‌گ لێی نیشته‌جێ بوو، له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی باڵاخانه‌ی یاقوبیان سه‌د مه‌تری تێپه‌ر نه‌ده‌كرد).
- ڕۆمانی (ئاهه‌نگی ماڵئاوایی) میلان كۆندێرا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(سه‌ره‌تای پاییز بوو له نێو ده‌ربه‌نده قه‌شه‌نگه‌كه‌وه، دره‌خته‌كان ڕه‌نگی زه‌رد و سوور و قاوه‌یان گرتبوو، وا ده‌هاته به‌رچاو، مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی شارۆچكه‌كه، به بلێسه‌ی ئاگر گه‌مارۆ درابێت).
- ڕۆمانی (وڵاتی كوێران) ی هێربرت جۆرج وێڵس، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(ئه‌و شاخه‌وانێك بوو له نزیك شاری كیوتێر، پیاوێكی گه‌ڕۆك و دنیا دیته بوو).
- ڕۆمانی (ڕوحی ئێمه له شه‌ودا) ی كینت هاروف، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(ئه‌و كاته‌ی كه ئادی مۆر، په‌یوه‌ندی به لیس واته‌رسه‌وه كرد، ئێواره‌یه‌كی دره‌نگی مانگی مه‌ی بوو پێش خۆر ئاوابوون).
- ڕۆمانی (كوێری) ژوسێ سارامگۆ، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_(چرا زه‌رد بوو، دوو ئوتومبێله‌كه‌ی پێشه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی چرا سه‌وز بێ تیژ تێپه‌ڕین) ئه‌مه مانای وایه، كه‌سێك پێچه‌وانه‌ی ڕێساكانی یاسای هاتووچۆ ئوتومبێلی لێخوڕیوه. هیچ داهێنانێكی تێدایه، زیاتر بێت وه‌ك ده‌سپێك و سه‌ره‌تا له ڕۆمانی كوردیدا؟
- ڕۆمانی ( به‌فری كلیمانجارۆ) ی ئه‌رنست هه‌منگوای، كه یه‌كێكه له ناودارترین ڕۆمانه‌كانی دنیا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه، كه هیچ ئازارێكی نییه، ئه‌مه‌ی گوت و دواییش له سه‌ری ڕۆیشت، ئه‌مه‌ش وا له مرۆڤ ده‌كات هه‌ست به ده‌ست پێ كردنی بكات).
- ڕۆمانی (گرگنی) ی پیێر لاگه‌ركڤیست، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( من بیست و شه‌ش ئینج درێژم، ئه‌ندامه‌كانی له‌شم، له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا گونجاو و پێگه‌یشتوون، ڕه‌نگه سه‌رم له سه‌ری ئاسایی نه‌ختێك زلتر بێت) ئه‌م ده‌سپێكه، چ جوانی و داهێنانێكی تێدایه؟ مه‌گه‌ر سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كانی (كاراون كاكه‌سوور و عه‌تا محمه‌د و شێرزاد حه‌سه‌ن) و ده‌یان ڕۆماننووسی دیكه‌ی كورد، جوانتر و به چێژتر و سه‌رنجڕاكێشترنین؟
- ڕۆمانی ( مه‌سیح له خاچ ده‌ده‌نه‌وه) ی نیكۆس كازانزاكیش، كه یه‌كێك له شاكاره هه‌ره دیاره‌كانی دنیا، ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یه‌تی:_( ئاغای گوندی لیكۆڤریسی، له بانێژه‌ی ماڵه‌كه‌یدا، كه به سه‌ر گۆڕه‌پانی ئاوایی‌دا ده‌نۆڕێ، سه‌بیل ده‌كێشێ، مه‌ی ده‌نۆشێت و نمه نمه‌ش باران ده‌بارێت).
هه‌ڵبه‌ته، ده‌توانم ناوی سه‌د ڕۆمانی دیكه‌ی وه‌رگێڕدراو، ئاماژه پێ بده‌م، كه سه‌ره‌تا و ده‌سپێكییان نه‌ك هه‌ر هیچیان له ڕۆمانی ڕۆماننووسانی كورد زیاتر نییه، بگره ڕۆمانی كوردی ده‌سپێكه‌كه‌ی هونه‌ریترو جوانتر و به چێژتریشه. نه ڕۆمان، نه شیعر و چیڕۆكی كوردی، له هی جیهانی كه‌متر نییه. به بڕوای من، شێركۆ بێكه‌سله ڕووی شیعری به‌رگریی و شۆڕگێرییه‌وه، زۆر له مه‌حمود ده‌روێش له پێشتره، به‌ڵام كه ده‌روێش ده‌ناسرێت و شێركۆ ناناسرێت، په‌یوه‌ندی به‌و دیده نه‌ته‌وه په‌رستی و هه‌ڵپه‌رستییه‌وه هه‌یه، كه سیاسه‌تی دنیا ئاراسته ده‌كات. ئه‌ده‌بی جوان و داهێنه‌رانه، به ناسراویی و خه‌ڵات و نۆبڵی ئه‌ده‌به‌وه نییه. كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی فارسه‌كان، فه‌رهه‌نگ، كولتوور، شارستانیه‌تییان هه‌یه؟ به‌ڵام هه‌تا ئێستا نووسه‌رێكی فارس نۆبڵی ئه‌ده‌بی وه‌رنه‌گرتووه. نه‌جیب مه‌حففوزیش، له سۆنگه‌یه‌كی سیاسی وه‌ریگرت. كورد ده‌یان ڕۆماننووس و ڕۆمانی جوانی هه‌یه، به‌ڵام گرفته‌كه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ت و نه‌بوونی قه‌واره‌وه هه‌یه. بۆیه ئه‌وه نابێته پێوه‌ر بۆ ڕه‌تكردنه‌وه و به كه‌م نیشاندانی ڕۆمانی كوردی، كه ئاخۆ ده‌سپێكه‌كه‌ی جوانه یان نا؟ چونكه وه‌ك وتمان ڕۆمان به ته‌نها ده‌سپێك نییه و كورتكردنه‌وه‌شی بۆ سه‌ره‌تا و ده‌سپێًك، هه‌وڵێكه بۆ كوشتنی چێژی خوێنه‌وه و به‌رده‌وامی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان لای خوێنه‌ر. هه‌رچی سه‌باره‌ت به درێژدادڕی و كورتكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كانه لای نووسه‌ر، ئه‌وا به پێویستی ده‌زانم، له باره‌ی درێژدادڕی و ئه‌و نموونانه‌ی نووسه‌ر ڕاستیكردوونه‌ته‌وه، چه‌ند سه‌رنجێك ده‌رببڕم. دیاره هه‌موو درێژداڕییه‌ك له ڕۆمان و چیڕۆكدا، ناچێته خانه‌ی خه‌ساركردنی وشه و ڕسته، چونكه له زۆر كاتدا، بینای هونه‌ری ده‌قه‌كه، له ڕێگه‌ی وه‌سف و شیكاریی و چوونه نێو قووڵایی وێنه‌كانه‌وه، ئه‌وه ده‌خوازێت زمان به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی مانای زیاتر، درێژتر بكرێته‌وه بۆ نموونه:_
مه‌لای مزگه‌وتی مه‌لای گه‌وره.
كه حه‌سه‌ن حه‌یران، حه‌یران ده‌چڕێت.
- ده‌ست ده‌به‌یته نێو گیرفانی پانتۆڵه‌كه‌ت، هه‌ر به ده‌ست گێڕان، ده‌زانیت ته‌سبیح و پاكه‌تی جگه‌ره و چه‌رخ و قووتووی په‌مپی ڕه‌بۆكه‌ت پێیه. ئه‌م ده‌ربڕینه كه له كۆمه‌ڵه چیڕۆكی ( ئاسمانی سوور) دا هاتووه، به هیچ شێوه‌یه‌ك درێژدادڕی نییه، چونكه له كرداری یه‌كه‌مدا، كاری ده‌ست ته‌نها چوونه نێو گیرفانه، له كرداری دووه‌مدا، كاری ده‌ست ئه‌مجاره‌یان له نێو گیرفاندا ئه‌وه‌یه، بزانێت چی و چه‌ند شت له نێو گیرفاندایه به هه‌مان شێوه ڕه‌نگه خوێنه‌رانێك بپرسن، ئه‌ی په‌مپی ڕه‌بۆ خۆی له نێو قووتوو، یان كارتۆنی تایبه‌تی خۆی نییه؟ به‌ڵام له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا، په‌مپه‌كه له نێو قووتووه‌كه‌دایه، قووتووه‌كه‌ش له نێو گیرفاندایه، كاره‌كته‌ره‌كه كه ده‌ستی به شته‌كان ده‌كه‌وێت، به‌ر په‌مپه‌كه نا، به‌ر كارتۆنی په‌مپه‌كه ده‌كه‌وێت، بۆیه ئه‌گه‌ر په‌مپه‌كه بێ كارتۆن بووایه، پێویستی به‌و ورده‌كارییه نه‌ده‌كرد.
زمانی كوردی، زمانێكی ورد و ده‌وڵه‌مه‌نده به وشه و هاواتاكردن و گوزارشتكردن. بڕوام وایه، هیچ وشه‌یه‌ك له زمانی كوردی زیاده نییه و هه‌موو وشه‌یه‌ك مه‌غزا و ناوه‌ڕۆكی زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگی خۆی هه‌یه. ئه‌و ورده‌كارییه، زۆر جار ده‌بێته گرفتێك له به‌راوردكردنی زمانی كوردی له‌گه‌ڵ زمانه‌كانی تر، یاخود لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی چونكه مه‌رج نییه هه‌موو وشه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی زمانه‌وانی و مانایی خۆیدا، به ته‌نها وه‌ك كۆنسپێتێك مانا بگه‌یه‌نێت. وشه هه‌یه هه‌تا له نێو ڕسته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی پێ نه‌ده‌یت، نا‌توانیت وه‌ك لایه‌نی مۆرۆفۆلۆژی، لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌یت و مانای بده‌یته پاڵ. بۆ نموونه:_ - وشه‌ی ( قۆڕ) به مانای ناشرین دێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هێمایه بۆ چاڵ و قووڵایی.
- وشه‌ی (په‌ڕ) ده‌كرێ وه‌ك په‌ڕه كاغه‌ز بخوێنرێته‌وه، هاوكات به مانای په‌ڕی باڵنده‌ش دێت.
- وشه‌ی ( سه‌رمایه) هه‌م مانایه‌كی ئابووری ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌میش مانایه‌كی سرووشتی.
- وشه‌ی (گه‌روو) به مانای هه‌وك دێت، له هه‌مان كاتیش‌دا به مانای باسك، واتا گه‌رووێكی درێژ دێت.
(له گه‌رووم ئاوابوو) واتا شتێك له قووڕگی چۆته خوار.
(له گه‌رووه‌كه ئاوابووم) به مانای له شوێنێكی زه‌وی كه باسك یان گه‌روو بووه، ئاوابووه و په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی دیكه. - خڕ، واتا بازنه‌یی (زه‌وی خڕه)، خڕ زۆر جار به مانای هه‌مووانیش دێت (خڕ ئه‌و په‌تایه‌یان گرتبوو).
ئه‌گه‌ر زمانی كوردی له ئاستی ده‌ربڕین و نووسینیشدا، ستاندار و یه‌ك زمان نه‌بێت، به‌ڵام چه‌ندین ڕێسای زمانه‌وانی و ڕێنووسی هه‌یه و ڕه‌نگه له كاتی نه نووسینی پیتێك، یان ده‌نگێك، ته‌واوی مانای وشه‌كه له ئاستی ده‌ربڕین و گه‌یاندندا گۆڕانی به سه‌ردابێت. له هه‌ندێ كاتدا، نه‌نووسینی ته‌نها وشه‌یه‌ك سه‌رله به‌ری مانای ڕسته‌كه ده‌گۆڕێت. بۆ نموونه:(به ڕه‌وانی قسه‌ی نه‌كرد) له‌م ڕسته‌یه‌دا، ڕه‌وانی به مانای ( ڕوون و ڕه‌وان) دێت، واتا قسه‌كردنێك بێ گڕێ وگۆڵ وپێچ و په‌نا كه ده‌شێ هه‌مووان له ماناكه‌ی بگه‌ن. به‌ڵام له‌م ڕسته‌یه‌دا (به ڕه‌وانی نه‌كرد) مانایه‌كی ته‌واو جیاوازی هه‌یه له ڕسته‌ی پێشووتر، لێره‌دا به (ڕه‌وانی) به مانای (ناوبژیوان) ی دێت. واتا كه‌سێك بكه‌وێته نێوانی دوو كه‌س له كاتی ده‌مه‌قاڵێ و شه‌ڕدا. یاخود كاتێ ده‌ڵێین:( ئه‌و كوڕه كێ بوو) لێره‌دا كوڕ به مانای كه‌سێك دێت كه ناوێكی نادیاره، به‌ڵام كاتێ ده‌ڵێین:_( ئه‌و كووڕه كێ بوو) ده‌بینین سه‌رتاپای مانای ڕسته‌كه‌ی گۆڕیوه، چونكه (كووڕ) لێره‌دا به مانای كووڕبوونه‌وه دێت. زۆرجار نووسینی یه‌ك ڕسته كه وشه‌كانییان وه‌ك یه‌كه، به خاڵبه‌ندی مانه‌كه‌یان ده‌گۆڕێت.
ده‌شێ خه‌سار ناسی له وشه و نووسین لای زۆرله نووسه‌رانی كورد هه‌بێت، درێژدادڕیش ده‌بێت،بێگومان هه‌شه، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كه وشه له زمانی كوردی زیاده و پێویست ناكات هه‌موو وشه‌یه‌ك بنووسرێت. به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاگایی و زانیاری نووسه‌ر له باره‌ی زمانه‌وه. ئێستا، له سه‌ر ئه‌و نموونانه ده‌وه‌ستین، كه گۆران سه‌باح ڕه‌خنه‌ی كردوون و بڕوای وایه درێژدادڕییه له ڕۆمانی كوردی و ئه‌و جارێكی تركورت و پوختیان ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ی پێ بدرێت ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌و به درێژدادڕی ده‌زانێت، ده‌شێ لای نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ش به هه‌مان شێوه بێت؟ یان به مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی وه‌سفی و ورده‌كاریی به كاری هێنابێت؟ بۆیه به بڕوای من ئه‌وه‌ی ڕۆماننووسه‌كانی ئێمه نووسیویانه، ناچێته خانه‌ی درێژدادڕییه‌وه، به‌ڵكو جۆرێكه له ئاگایی نووسین و ورده‌كاری وه‌سف و زمان، كه ده‌بێ خوێنه‌ر دركی پێ بكات. بۆ نموونه:_
- جان دۆست له ڕۆمانی (میرنامه)، له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌نووسێت:( ده‌م و لووت هه‌ڵپێچراو، به ده‌ستی ڕاستی، جله‌كانی و جامانه‌كه‌ی له خۆڵی ناو گۆڕه‌كه ته‌كاندن و له ناو گۆڕه‌كه‌وه به ده‌نگی به‌رز گوتی به‌سه) گۆران سه‌باح، بڕوای وایه ئه‌م هه‌موو درێژدادڕیه‌ی ناوێت، به‌ڵكو ده‌بوو بنووسێت:( له نێو گۆڕه‌كه گوتی ئیتر به‌سه) بێگومان، ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی له ڕووی واتایی و ناوه‌ڕۆكه‌وه ، له نێوان ئه‌وه‌ی جان دۆست نووسیویه‌تی و ئه‌وه‌ی گۆران ده‌یڵێت هه‌یه. ئه‌م دوو ده‌ربڕینه، ڕاسته هه‌مان مانا ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام په‌یوه‌ندییان به دوو باری سایكۆلۆژیی، ژینگه‌یی، شوێن و ده‌لاله‌ته‌وه هه‌یه. لێره‌دا، بۆ به‌رچاو ڕوونی نووسه‌ر و خوێنه‌رانیش، له سه‌ریان ده‌وه‌ستین. هه‌ڵبه‌ته، مرۆڤ كه له نێو گۆڕبوو، واتا له نێو تۆز و خۆڵ و ده‌شێ قوڕیش دابێت، چونكه سرووشتی ناو گۆڕ وایه، كه له‌و شوێنه‌ش بوو، دواجار جلوبه‌رگه‌كانیشی تۆزاوی ده‌بن، بۆیه ده‌بینین كاره‌كته‌ره‌كه، سه‌ره‌تا تۆز و خۆڵ له خۆی دا ئه‌ته‌كێنێ، ئه‌وكات هاوار ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گۆران ده‌یڵێت، په‌یوه‌ندی ته‌نها به كارێكی دیاریكراوه‌وه هه‌یه‌كه ئه‌ویش (هاوار) كردنه. له دیمه‌نی یه‌كه‌مدا، مرۆڤێك هه‌یه، تۆز و خۆڵ له خۆی دا ئه‌كوتێت و هاوار ده‌كات، به‌ڵام له دیمه‌نی دووه‌مدا، تۆز و خۆڵ بوونی نییه. به‌مه‌ش له ڕسته‌ی یه‌كه‌مدا، بكه‌ره‌كه دوو كار ده‌كات، به‌ڵام له ڕسته‌ی دووه‌مدا، بكه‌ره‌كه ته‌نها كارێك ده‌كات كه ئه‌ویش هاوار كردنه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی كه كه‌سێك له نێو گۆڕبێت، واتا له نێو تۆز و خۆڵدایه.
- میران ئه‌براهام له ڕۆمانی ( نیشتمانی سارا) دا نووسیویه‌تی:_ ( له سه‌رده‌می منداڵیمه‌وه، به‌رده‌وام پیاوێكی ڕیش سپی كورته باڵا، ڕه‌نگی چاوه‌كانی قاوه‌یی و لووتێكی قنج، كه‌وا و سه‌ڵته‌ی له‌به‌ر دایه و مشكییه‌كی ڕه‌شی به توندی به سه‌ره‌ییه‌وه پێچاوه، فه‌قیانه سپییه‌كانی زوو زوو له بازووی توند ده‌كات) نووسه‌ر بڕوای وایه ئه‌وه هه‌موو دڕێژدادڕییه میران كردوویه‌تی و پێویست به هیچ له‌م ورده‌كارییانه ناكات و ده‌بوو بنووسێت:_( كورته باڵایه‌كی ڕیش سپی جرپن، فه‌رنجییه‌كی بۆری له‌به‌ر دایه و به چاوه قاوه‌ییه‌كانی سه‌یرم ده‌كات) له ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی میران نووسیویه‌تی درێژدادڕی نییه، به‌ڵكو ورده‌كاری وه‌سفی پۆشاكی پیاوه‌كه‌یه و تیایدا ڕۆماننووس وێنه‌یه‌كی تایبه‌تی داوه‌تێ، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌بوو نووسه‌ر ئه‌وه بزانێت هه‌موو جل و به‌رگێكی پیاوانه، فه‌قیانه‌ی سپی نییه، به‌ڵكو ئه‌مه بۆ جۆره پۆشاكێكی تایبه‌ته، كه جیا ده‌كرێته‌وه له پۆشاكی كوردی دیكه. مه‌گه‌ر جل‌و به‌رگی كوردی، جۆره‌ها شێوه و ئاماژه‌ی نییه؟ كه ڕۆماننووس ئاماژه به فه‌قیانه‌ی سپی ده‌كات، ئه‌مه وه‌سفی جل و به‌رگی پیاوه‌كه‌یه، نه‌ك درێژدادڕی و خه‌ساركردنی وشه. مه‌گه‌ر هه‌موو كه‌سێك كه‌وا و سه‌ڵته له‌به‌ر ده‌كات و فه‌ره‌نجی ده‌خاته سه‌ر شانی؟ پاشانیش زه‌مه‌نی دیتنی پیاوه‌كه، زه‌مه‌نی (منداڵییه)، ئایا ئه‌وه‌ی گۆران نووسیویه‌تی هیچ زه‌مه‌نێكی تێدایه كه هێما بێت بۆ ته‌مه‌ن و قۆناغی ژیانی كاره‌كته‌ره‌كه؟
- هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د له ده‌سپێكی ڕۆمانی میدیادا نووسیویه‌تی:( سه‌عات چواری ئێواره‌ی ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان بوو، بارینی گه‌واڵه بارانێك ئه‌و ناوه‌ی ته‌ڕو سارد كردبوو، خه‌لیفه عوسمان ده‌ستی پێكرد، ئه‌ڵڵائه‌ڵڵائه‌ڵڵا) گۆران له باره‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه ده‌ڵێت:( شتێكی نامۆ نییه، خه‌لیفه ئیشی ئه‌وه‌یه زیكر بكات، شتێكی نوێی تێدا نییه) بڕوام وایه، نووسه‌ر له خوێندنه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا ورد نه‌بووه، چونكه له‌و ده‌سپێكه‌دا، هه‌ر ته‌نها خه‌لیفه بوونی نییه، به‌ڵكو ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانیش هه‌یه. من ئه‌و ڕۆمانه‌م هێشتا نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام له میانه‌ی ئه‌و نووسینه‌دا، ئه‌و پرسیاره‌م لادروستبوو، كه ڕۆماننووس له دوانزه مانگدا، بۆچی باسی (نیسان) ی كردووه و باسی ( ئایار) و(حوزه‌یران) و (ئاب)ی نه‌كردووه؟ دواتریش، بۆچی له مانگی نیساندا، باسی ناوه‌ڕاستی ئه‌و مانگه ده‌كات؟ كه واتا ئه‌مه هه‌ر ته‌نها ئه‌وه نییه ڕۆماننووس باسی خه‌لیفه ده‌كات و خه‌لیفه‌ش ئیشی زیكر كردنه ئه‌گه‌رچی بۆ زانیاریی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ش، خه‌لیفه هه‌موو كات زیكر ناكات، به‌ڵًكو كات و ساتی زیكر و چوونه نێو تقوسی دینییه‌وه كات و ساتی خۆی هه‌یه، ده‌كرێت له ئاماژه‌دان به ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان، خوێنه‌ر بیری بۆ چه‌ند ڕووداوێك بچێت بۆ نموونه:_( 14/4) ڕۆژی ئه‌نفاله‌كانه و ته‌نها له‌و ڕۆژه‌دا، له گوندی جه‌له مۆرد ( ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ئه‌و گونده بوو) بیست هه‌زار گه‌رمیانی ئه‌نفال كرا ڕۆژی (16/4) دۆڵی بالیسان كیمیا بارانكرا، ئه‌و ڕۆژه به ڕۆژی ژینگه‌ی كوردستان دیاریكراوه هاوكات، له سێیه‌مین چوارشه‌ممه‌ی مانگی نیسان، جه‌ژنی ئێزیدییه‌كانه ئه‌مانه چه‌ند ڕووداوێكن له ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانن، كه‌واتا ده‌كرێ بڵێن پێویست به‌و هه‌موو ورده‌كارییه ناكات، له ڕۆمانه‌كه‌دا؟ ، من هاوبۆچوونی نووسه‌رم كه درێژدادڕی له ڕۆمانی كوردیدا، به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر لای گه‌لێك له ڕۆماننووسان بوونی هه‌یه، به‌ڵام هه‌رچی گوترا، مه‌رج نییه درێژدادڕی بێت. هه‌ندێك جار، سرووشتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، وه‌سف و هونه‌ركارییه‌كانی ده‌ربڕین، ئه‌وه ده‌خوازن كه ڕۆماننووس، هێڵی گێڕانه‌وه درێژ بكاته‌وه.
- كاروان كاكه‌سوور له ده‌سپێكی ڕۆمانی ( ماڵی نانی) نووسیویه‌تی:( نه‌ده‌كرا، نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ده‌كرا ئه‌م چیڕۆكه له ژیاندا بگێڕیته‌وه) نووسه‌ر له كۆمێنتێكی له باره‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه ده‌نووسێت:( تكایه ڕۆمان به‌م دێره ته‌قلید و سواوانه ده‌سپ پێ مه‌كه‌ن، هیچی تێدا نییه، خوێنه‌ر له سه‌ره‌تا وازی لێ دێنێت) ده‌شێ ئه‌م ده‌سپێكه بۆ نووسه‌ر هیچی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ناتوانێت ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو خوێنه‌رێك بگشتێنێ، پاشان ئه‌م ده‌سپێكه هیچی تێدا نییه؟ مه‌گه‌ر ڕۆماننووس هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه هزری خوێنه‌ر به ڕووداو و كاره‌ساتێكی بزر ئاشنا ناكات كه ده‌شێ له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه بیزانێت؟ خوێنه‌ر ده‌پرسێ بۆ نه‌ده‌كرا؟ ده‌بێ چی ڕووبدات ئه‌گه‌ر چیڕۆكه‌كه بگێڕدرێته‌وه؟ بۆیه به بڕوای من گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی خوێنه‌ر ئه‌وه‌یه، دنیابینی خۆی بكاته پێوه‌ر بۆ خوێندنه‌وه و دنیابینی خوێنه‌رانی تر، چونكه نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت هه‌موو ده‌قێك، جۆرێك له چێژ و تایبتمه‌ندی و ڕه‌هه‌ندی واتایی لای خوێنه‌ران هه‌یه و خوێنه‌رانیش، له ئاستی هزر و دنیابینی و تێگه‌یشتندا، هه‌موویان وه‌ك یه‌كتری بیر ناكه‌نه‌وه و ده‌قێك ناخوێننه‌وه. مه‌رج نییه له ڕۆماندا هه‌رچی گوترا و نووسرا ، بچێته خانه‌ی درێژدادرییه‌وه. درێژدادڕیی، وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی هونه‌ری له ڕۆمانی كوردیدا، به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ده‌بینرێت، به‌ڵام ده‌بێ درێژدادڕیی و ورده‌كارییه‌كانی وه‌سف و هونه‌ركاریی گوزارشت و ده‌ربڕین، زۆر به وردی له یه‌كتری جیا بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ ڕۆمانێكمان خوێنده‌وه، بزانین درێژدادڕیی تێدایه، یان ڕۆماننووس مه‌به‌ستی دیكه‌ی هه‌یه، له درێژكردنه‌وه‌ی زمان و ده‌ربڕیندا.
نووسه‌ر، له‌میانه‌ی به‌راوردكردنی چه‌ند ڕۆمانێكی بیانی به كوردی، وه‌ك باسمان كرد، په‌سنی ڕۆمانه بیانییه‌كان ده‌دات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی، به‌راوردی ئه‌و ده‌سپێكانه، به دیدگایه‌كی به‌راوردكاریی و ئه‌ده‌بییانه، نه‌ك سۆز و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و جیهانی بكه‌ین، ئه‌وا جیاوازییه‌كی ئه‌و تۆ له نێوان ئه‌و ڕۆمانانه، له ڕووی سه‌ره‌تا و ڕسته‌ی یه‌كه‌م نابینین. لێره‌دا، هه‌ر له و ڕۆمانانه‌ی نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا به نموونه ده‌یانهێنێته‌وه، ئه‌و به‌راوردكارییه ده‌رده‌خه‌ین. بۆ نموونه: - (خۆش‌بوو بیانسووتێنی) ڕۆمانی، (فه‌هره‌ننایت 451) ی ڕێی برادبێری.
- (من له به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌مه‌وه زانیم دیلی كردووم) ڕۆمانی، (دواهه‌مین هه‌ناری دنیا) ی به‌ختیار عه‌لی. ده‌سپێكی ڕۆمانه بیانییه‌كه، هیچی داهێنه‌رتر و سه‌رنجراكێشتری تێدایه، له هی به‌ختیار عه‌لی زیاتر بێت؟
- (ده‌یزی قاتێكی ڕه‌شی له به‌ركرد، یه‌خه‌ی هێنده درێژبوو، ده‌یتوانی ده‌رسی فه‌اسه‌فه بڵێته‌وه). (harlangoben_ d0ntlet go) .
- (بۆ خۆشم باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد، چۆن له پڕ و بێ هیچ پێشینه‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند بووم) ڕۆمانی (خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان) ی ماردین ئیبراهیم. كامیان ده‌سپێكی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه؟ مامۆستایه‌ك فه‌لسه‌فه بڵێته‌وه، یان له پڕ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی كه‌سێك كه چه‌ندین ئاماژه‌ی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاكاریی و په‌روه‌رده‌یی ده‌گه‌یه‌نێت.
- (كتێبه‌كه ئه‌ستوور و ڕه‌ش بوو به تۆز هاتبووه داپۆشین) (A.S.BYATTS ) .
- (هه‌ركه‌سێك له ژیانیدا هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت، هه‌ست ده‌كات قورسایی كه‌م ده‌بێت و سووك ده‌بێت) ڕۆمانی، (ڕێبه‌ڕی كتێبسازه كوژراوه‌كان) ی عه‌تا محمه‌د. سه‌رنج له هه‌ردوو ڕسته‌كه بده‌ن، ئاخۆ كامیان سه‌رنجڕاكێشتر و پڕماناتره؟ بێگومان، ده‌توانم گه‌لێك نموونه‌ی دیكه‌ش هه‌ر له خودی وتاره‌كه‌ی نووسه‌ر بێنمه‌وه، به‌ڵام چونكه له (ئینگلیزی نووسین) باش نیم، به‌وه‌نده واز ده‌هێنم. بڕوام وایه نووسه‌ر له هه‌ر یه‌ك له‌و دوو وتارانه‌ی، یان په‌له‌ی كردووه له نووسین و خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كان، یان هه‌ر به‌مه‌به‌ست و بۆ شكاندنی ڕۆمانی كوردی ئه‌مانه‌ی نووسیوه. ساڵانێكه له نێو خوێندنه‌وه‌ی دنیای ڕۆمان دام و گه‌لێك شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانی بیانی وه‌رگێڕدراوم خوێندۆته‌وه. بۆیه جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ (ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زۆركه‌م) له نێوان ڕۆمانی كوردی و بیانی نابینم. به پێچه‌وانه‌وه، زۆرجار تا هه‌ندێك نووسین و تێكستی كوردی نه‌خوێنینه‌وه، د‌رك به‌وه ناكه‌ین كه ئێمه‌ش ڕۆمانی جوان و ڕۆماننووسی به توانا‌مان هه‌یه.
*سه‌رنج:_خوێنه‌ران ده‌توانن بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ی نووسه‌ر، بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر به‌شی ئه‌ده‌بی ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان.
ڕواندز_نه‌ورۆزی_ 2021