Skip to Content

فێدێریكۆ گارسیا لۆركا چه‌ند نموونه‌یێك له‌ شیعره‌كانی.. لە عەرەبییەوە: نەژاد عزیز سورمێ‌

فێدێریكۆ گارسیا لۆركا چه‌ند نموونه‌یێك له‌ شیعره‌كانی.. لە عەرەبییەوە: نەژاد عزیز سورمێ‌

Closed
by نیسان 10, 2021 General, Literature

ئەوەی لە ژیانی شاعیر و شانۆنووس و شێوەكاری ئیسپانیایی فێدێریكۆ گارسیا لۆركادا جێی ڕامانە خۆڕسكی و تێكەڵاویەتی لەگەڵ دەوروبەر، حەزی لەگەڕان بوو، ئەو گوند و ئەو گوندی دەكرد، بە تایبەتی زۆر تێكەڵی قەرەجان دەبوو .
لۆركا هەمیشە لە قاوەخانەو چایخانەكانەوە نزیكتر بوو ، لەناو هاوچین و هاوزەوقەكانی تا خەڵكی دیكە
رافاییل ئەلبێرتی لە بارەی لۆركاوە دەڵێ‌ :
لۆركا بارگەیەكی كارەبایی لە شووشی و ناسكیدا لێ‌ هەڵدەقووڵا گوێگرەكانی دەخستنە كەش و هەوایەكی ئەفسووناوی ،كە دەئاخڤی یا شیعری دەخوێندەوە یاخود دیمەنێكی شانۆیی نمایش دەكرد یا گۆرانی دەچڕی و پیانۆی لێ‌ دەدا بە تەواوی سەرنجی ڕادەكێشان ..
یا سالیناس كە حەوت ساڵانیش لە پێش لۆركاوە بوو هەمیشە دەیگوت: ((لە ناوماندا دەدرەوشایەوە ، ئێمەش لەوە زیاترمان لە دەست نەدەهات شوێنپێی هەڵبگرین .. ))
لۆركا بێجگە لە شیعر، بێجگە لەوەی پیانۆژەنێكی كارامەیش بوو ، بە هەردوو شانۆیی (زەماوەندی خوێن)و (ماڵی برناردا ئالبا) زۆرتر ناسرا تاڕادەی ئەوەی چووە ڕیزی شانۆنووسە ناسراوەكانی ئیسپانیا .
لەلایەكی دی مەرگی لۆركا لە خۆیدا تراژیدیاییەك بوو ، كە بە گیانی خۆی ، وێنەی شانۆییەكانی نووسییەوە كاتێ‌ لە تەمەنی 38 ساڵیدا لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا تیرۆركرا .
ئەوەی جێی سەرنجە لۆركا پێش كوژرانی لە شیعرێكیدا (كە لەگەڵ ئەم چەند شیعرەدایە) بە هەناسەیەكی تاساوەوە پێشبینی مەرگی خۆی دەكا ، پێشبینی ئەوەش دەكا ، تەرمەكەی فڕێ‌ دەدرێ‌ و نادۆزرێتەوە ، كە لە دواییشدا هەروا كەوتەوە .

خوداحافیز

ئەگەر مردم
لێ‌ گەڕێن بانیژەكە كراوە بێ‌
منداڵەكە پرتەقاڵ دەخوا ،
لە بانیژەكەمەوە دەیبینم
جووتیار گەنم دەدروێتەوە
لە بانیژەكەمەوە گوێم لێی دەبێ‌
ئەگەر مردم
لێ‌ گەڕێن با بانیژەكە كراوە بێ .

بێ‌ چاوی من
بێ‌ چاوی من ڕۆحەكەم
تۆ جوانی مانگ نابینی
بێ‌ لێوی من گیانەكەم
لە تامی مەی ، تامی ماچ
نازانی
بێ‌ دڵی من
ئەتۆ مردووی
لە كاتێكدا وشە دەمرێ‌
هەموو قووڵایی ئاوێنەكانت
سوودی چییە گیانی من؟

ڕەنگەكان
مانگ بەسەر پاریسەوە
وەنەوشەییە
لە شاری مردوواندا
زەرد دەبێ‌
ئەوەتا مانگێكی سەوز
لە هەموو ئەفسانەكاندا
ماهی تەونی جاڵجاڵۆكەیە
كولانكەی مینابەندی شكاو
بەسەر بیابانانیشدا
مانگ قووڵ و خوێناوی
لێ‌ مانگی سپی
تاكە مانگی ڕاستینەیە
بەسەر گۆڕستانی
گوندە هێمنەكاندا دەدرەوشێتەوە .

شادیی خەمبار
لە هەموو شادییان خەمبارتر
ئەوەیە شاعیر بی
هەموو خەمی دی
تەنانەت مەرگیش
بەهایێكی نییە .

گۆرانی گەشتوەرەكە
قورتوبە
تەنیاو دوورەدەستە
جوانووییەكی ڕەش
مانگێكی گەورە گەورە
لە هەگبەی زینیشدا زەیتوون
لەگەڵ ئەوەی ڕێگایش پێ‌ دەزانم
هۆیەك نییە
بە دەشتاییدا ، بەبا
بگەمە قورتوبە
بروسكەیێكی ڕەش ، مانگێكی سوور و
سم كوتان لە بەرامبەر
چاوی پاسەوانی
سەر قەڵای قورتوبە
ئای چەند درێژە ڕێگا
ئای جوانووی ئازام
ئەوەتانێ‌ مەرگ
پێش گەیشتن بە قورتوبە چاوەڕوانە
قورتوبە
دوورە دەست و تەنیایە

لێرەدا
بە برادەرەكانم بڵێن
من مردم
ئاو هێشتا
لەژێر موچڕكی دارستاندا
گۆرانی دەچڕێ‌
بە برادەرەكانم بڵێن
من مردم
سپیدار چۆن شەپۆل دەدەن
پەردەی لەریو
پێیان بڵێن چاوەكانم
بەكراوەیی مابوونەوە
جەستەم
لە دەسماڵێكی پیرۆزكراوی نەمرەوە
لوول درابوو
ئاه
بە برادەرەكانم بڵێن
من مردم و
بێ‌ نان و بێ‌ ئەستێرە ڕۆیشتم .

قەسیدەی گریان
بانیژەكەم داخست
چوون من نامەوێ‌
گوێم لە گریان بێ‌
بەڵام
لەودیو دیوارە خۆڵەمێشییەكاندا
لە گریان بەدەر
هیچ نابیسترێ‌
لەوێ‌ ژمارەیەكی كەم فریشتە هەن
گۆرانی دەڵێن
لەوێ‌ هەندێ‌ سەگ هەن
دەوەڕن
هەزار كەمانجە
لە لەپی دەستەكانمدا دەكەون
لێ‌ گریان
سەگێكی زلە
گریان
فریشتەیەكی گەورەیە
گریان
كەمانجەیەكی زەبەللاحە
گریان دەمی با دەگرێ‌
لە گریان بەدەر
هیچ شتێ‌ نابیسترێ .

پێشبینی مردنم
زانیم من كوژراوم
قاوەخانەكان گەڕان
گۆڕستانەكان
كەنیسەكان ، بەرمیل و كۆگاكانیان كردەوە
سێ‌ ئێسكە هەیكەلیان دزی
ددانە زێڕەكانی لێ‌ بكەنەوە
منیان هەر نەدۆزیەوە
نەیاندۆزیمەوە ها ؟
ئا.. ئا منیان نەدیتەوە .

ئاماژە
ئەم شیعرانە لە سایتێكی تایبەت بە شاعیر وەرگێڕدراون ، هەردوو شیعری (ڕەنگەكان و لێرەدا) یان لێ‌ بترازێ ‌، كە لە (مختارات من الشعر العالمی) بە وەرگێڕانی پۆل شاوول ، بڵاوكردنەوەی (دار الحداثة)ی بێرووت ، چاپی یەكەم 1990 كراون بە كوردی .

Previous
Next
Kurdish