مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە دیدی فەیلەسووفی ئیسرائیلی یوڤال نوح هەراری.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هەمیشە فەیلەسووفەکان دونیابینینمان بۆ ژیان فراوانتر دەکەن، هەربۆیە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، کارێکی گرنگ و زەروورییە. هەرچەندە زۆرجار فەلسەفە بەوە تاوانبار دەکرێت، کە تەنها کاری نوخبەیە و دوورە لە خەڵکی ئاسایی و پێداویستی رۆژانە، بەڵام من دژی ئەم تێڕوانینەم، چونکە هیچ کاتێک ژیان بەبێ فەلسەفە نەبووەو نابێت.
لە ماوەی پێشوودا لە جیهاندا فەیلەسووفێکی نوێ دەرکەوتووە، کە خاوەنی تێڕوانین و دیدگایەکی تەواو تایبەت و جیاوازە لە فەلسەفە و بیرکردنەوە، ئەویش فەیلەسووفی ئیسرائیلی ” یوڤال نوح هەراری ” بەداخەوە لەناو کوردستاندا درەنگ بەرهەمەکانی بە دیدی خوێنەران گەیشتن، هەرچەندە لە جیهاندا کتێبەکانی ئەم فەیلەسووفە مایەی گرنگی پێدانن بەتایبەتی کتێبەکانی ” هۆشمەندەکان و21 وانە بۆ سەدەی 21″. خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا بەشێک لە کتێبەکانی کراون بە کوردی، یەکێکیش لەو کتێبە جوان و گرنگانەی هەراری ” هۆشـمەندەکان، پوختیەک لە مێژووی مرۆڤ ” کە لە لایەن کاک کارزان کاوسێن کراوە بەکوردی، کە ئەمەش مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، پێمخۆشبوو چەند دێرێک لەبارەی ئەم بەرهەمە بنووسنم، بەو هیوایەی کەمێک زانیاریی بە خوێنەری کورد بددەم. هەوڵیش دەدەم لە نووسینێکی تردا باسی کتێبێکی تری گرنگی بکەم کە ئەویش و21 وانە بۆ سەدەی 21، کە ئەویش یەکێتی ترە لە کتێبە جوانەکانی ئەم فەیلەسووفە، بەو هیوایەی لە رێگای ئەم وتارانەوە، خوێنەری کورد، بەرچاو ڕوونییەکی کەمی لەبارەی فکرو فەلسەفەی هەرارییەوە هەبێت.
مێژووی مرۆڤایەتی لە نیاندەرتاڵەوە تاوەکو مرۆڤی مۆدێرن
تایبەتمەندی ئەم فەیلەسووفە ئەوەیە،شارەزاییەکی ئێجگار باشی لە بارەی مێژووی کۆنی مرۆڤ هەیە، دەتوانم بڵێم پێش ئەوەی فەیلەسووف بێت کەسێکی ئەنترۆپۆلۆژیستە و شارەزاییەکی زۆرباشی لە بارەی مێژووی دروستبوونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هەیە، ئەمەش هێز و توانای زۆر باشی بەم فەیلەسووفە داوە، تاوەکو شرۆڤەکانی لەبارەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی باشتر بێت.
سێ شۆڕشی گرنگ
ئەم کتێبە باسی سێ شۆڕشی مێژوویی گەورە دەکات و کاریگەریان لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو. هەروەکو نووسەر دەڵێت: سێ شۆڕشی گرنگ ڕەوگەی مێژوویان پێکهێنا، نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی درکپێکردن تەکانی دەستپێکی دایە بەر مێژوو. شۆڕشی کشتووکاڵی پێش 1 هەزار ساڵ گوڕێکی دایە بەر. دەشێ شۆڕشی زانستی کە تەنیا پێش 500 ساڵ کەوتە گەڕ، ئەم کتێبە چیرۆکی چۆنایەتی کاریگەری ئەم سێ شۆڕشە لەسەر مرۆڤەکان و زیندەوەرە هاوەڵەکانیان دەگێڕێتەوە.ل 16
لە راستیشدا ئەم کتێبە پیاسەیەکی خێرایە بەناو کۆمەڵێک شۆڕش و داهێنان و رووداوی گرنگ، کە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە. لەبەرئەوە بۆ من ئەم کتێبە مایەی خۆشحاڵییەکی زۆر بوو، چونکە پێشتر کەمێک زانیاریم لەبارەی ئەم بابەتانەوە هەبوو، بەڵام ئەم کتێبە دووبارە ئەوەی بیرم چووبو بیری هێنامەوەو زانیاری نوێتریشی پێ بەخشیم.
کۆمەڵێک زانیاری گرنگ
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر لەبارەی رووداو قۆناغە مێژوویییە گرنگەکانی مرۆڤایەتییەوە، زانیاریی و داتای زۆر گرنگی کۆکردۆتەوە. ئەمەش هێز و توانای زیاتری بەم فەیلەسووفە و دونیابینی بەخشیوە.
بۆ نموونە دەڵێت:
نزیکەی 1.5 ملیارد ساڵ لەمەوبەر ماددە، وزە، کات و بۆشایی لەو شتەدا کە پێی دەوترێت تەقینەوە گەورەکە هاتە بوون. نزیکەی 300 هەزار ساڵ پاش دەرکەوتنیان، ماددە و وزە دەستیانکرد بە تۆپەڵبوون بە شێوەی بونیادی ئاڵۆز کە پێیان وترا گەردیلە. نزیکەی 3.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر،لەسەر هەسارەیەک کە پێی دەوترێ زەوی، چەند گەردێک تۆپەڵە بوون بۆ پێکهێنانی بونیادی بەدیاریکراوی گەورە و ئاڵۆزکا و کە پێیان دەوترا زیندەوەرەکان ” organisms” چیرۆکی زیندەوەرەکان پێی دەوترێت بایۆلۆژیا. نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەرە، زیندەوەرەکانی توخمی مرۆڤە هۆشـمەندەکان ، بەرەبەرە بوون بە بونیادی چڕوپڕتر کە پێی دەگوترا کولتوور، بەرەو پێشچوونی یەک لە دوای یەکی ئەم کولتوورە مرۆییانە پێی دەوترێت مێژوو. ل 15
شۆڕشی کشتوکاڵیی
نووسەر لەم کتێبەیدا پانتایی باشی داوە بە شرۆڤەو قسەکردن لەبارەی شۆڕشی کشتووکاڵییەوە، ئەو پێی وایە : شۆرشی کشتوکاڵی یەکێکە لە ڕووداوە هەر مشتومڕئامێزەکانی مێژوو، هەندێ لە لایەنگرانی دەڵێن مرۆڤایەتی خستە سەر ڕیگای کامەرانی و پێشڤەچوون، ئەوانی تر جەخت دەکەنەوە لەوەی کە بەرەو هەڵدێری بردووە، ئەوان دەڵێن ئەمە خاڵی وەرچەرخان بوو لەو شوێنەدا کە مرۆڤی هۆشمەند کارلێکی گەرم و گوڕی لەگەڵ سروشت وەستاند و بەرەو چاوچنۆکی و دابڕان پەلی هاویشت.ل 158
کوردستان شوێنی لەدایک بوونی شۆرشی کشتوکاڵی و شارستانی
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر لە زۆر شوێندا باسی کوردستان دەکات، کە لە زۆر داهێنانی مێژوویدا رۆڵی هەبووە لە هەمووشی گرنگتر کە لە کوردستانەوە “شۆڕشی کشتوکاڵی” دروستبووە. ئەمەش هێندەی تر ئەم نووسەرەی لام خۆشەویست کرد، چونکە دوژمنانمان زۆرجار هەوڵیانداوە، مێژووی دێرینان پشێوێنن.
نووسەر پێی وایە لە دەوربەری 9500 بۆ8500 پێش زایین لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و خۆرئاوای ئێران کشتوکاڵ دەستپێکردووە،ل 130. کە ئەمەش دەکاتە کوردستانی خۆمان، دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژووویی .
دواتر دەڵێت: نزیکەی 9000 ساڵ پ.ز. گەنم و بزن ماڵیکران، بازالیا و نیسک نزیکەی 8000 ساڵ پ.ز. ماڵیکرا. زەیتوون لەدەروبەری 5000 پ.ز و رەزی ترێ 3500 .پ.ز هەندێک ئاژەڵی وەکو حوشتر و جەرەسی کاشۆ دواتر ماڵیکراون. پێشی وایە لە دەوربەری 3500 .پ.ز شەپۆلی سەرەکی ماڵیکردنی کۆتایی پێهاتووە. ل 130
بۆچی شۆڕشی کشتووکاڵی لە رۆژهەڵاتی ناڤین روویداوە؟
نووسەر خۆی بەم پرسیارەوە خەریک دەکات و دەڵێت: بۆچی شۆڕشە کشتووکاڵییەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤین و چین و ئەمریکای ناوەڕاست بەڵام نەک لە ئوسترالیا و ئالاسکا یان باشووری ئەفریقا سەریان هەڵدا؟
هەر خۆی وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: هۆکارەکەی سادەیە، زۆربەی توخمی رووەکەکان و ئاژەڵەکان ماڵی ناکرێن لەو ناوچانانەدا. مرۆڤە هۆشمەندەکان دەیانتوانی دومەڵانی بەتام لە زەوی دەربکەن و مامۆتی توکن ڕاو بکەن، بەڵام دەستەمۆکردنی هەر کامێک لەو توخمانە ئەستەم بوو. رووەکەکان دوورە دەست بوون، چوارپێ زەبەلاحەکانیش زۆر دڕندە بوون لەو شوێنانەدا. لەو هەزاران توخمەی کە پێشینانمان راویان کرد و کۆیان کردەوە، تەنیا چەند دانەیەکیان پاڵێوراوی گونجاو بوون بۆ کشتیاریی و ماڵیکردن. ئەو چەند توخمانەش لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا دەژیان و ئەو شوێنانە بوون کە تێیایدا شۆڕشی کشتووکاڵی روویدا. ل 132
شۆڕشی کشتوکاڵی گەورەترین ساختەکاری مێژوو
بە پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهانەوە، نوح هەراری بۆچوونێکی تەواو جیاواز و تایبەتی بەرامبەر بە شۆڕشی کشتووکاڵی هەیە، ئەو پێی وایە کە ئەم شۆڕشی کشتووکاڵییە لایەنی نێگەتیفی زۆرتربووە تاوەکو پۆزەتیف.
لەمبارەوە دەڵێت: شۆڕشی کشتوکاڵی گەورەترین ساختەکاری مێژوو بوو، ئەم شۆڕشە ژیانی خەڵكی قوورستر کرد تا ئاسانتر، بۆ نموونە تێکڕای هەر جووتیارێک سەرسەختر لە تێكڕای هەر خۆراک دۆزەرەوەیەک کاری دەکرد و لەبەرامبەریشدا خۆراکی خراپتریشی دەستدەکەوت. ل 133
دواتریش پێی وایە کە شۆڕشی کشتووکاڵی، ئازادی لە مرۆڤەکان سەندۆتەوەو فێری ملکەچی کردوون.
“کێ بەرپرس بوو ؟ نە پادشاکان، نە قەشەکان، نە بازرگانەکان،تێوەگلاوەکان بریتی بوون لە کۆمەڵە تووخمێکی ڕووەکی، لەوانەش گەنم، برنج، پەتاتە. ئەم ڕووەکانە مرۆڤە هۆشمەندەکانیان دەستەمۆکرد، نەک بە پێچەوانەوە. ل 133”
نووسین سیستەمی تۆمارکردنی یادەوەری
خاڵێکی تر کە نووسەر پانتایی باشی لەم کتێبەدا بۆ داناوە مەسەلەی نووسینە. لەمەشدا نووسەر بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە و پێی وایە نووسین زیاتر داهێنانێکی مرۆڤ بووە بۆ ” تۆمارکردن، خەزنکردن’ یادەوەریی و داتاکان. لەهەمانکاتیشدا نووسین لە سەرەتادا بۆ کاروباری بازرگانی بەکارهێنراوە. جگە لەوەش باسی سەرەتای دروستبوونی نووسینی کردووە. نووسەر پێی وایە: نووسین میتۆدێکی پاشەکەوتکردنی زانیارییە لە رێگەی نیشانە ماددیەکانەوە. پاشان دەڵێت: سۆمەرییەکان نووسینیان بۆ ئەوە دانەهێنا تا زمانی قسەکردن کۆپی بکەن، بەڵکو زیاتر بۆ کردنی ئەو شتانە بوو کە زمانی قسەکردن نەیتوانی بیانگەیەنێت، ل197
دواتر نووسەر باسی یەکەمین هەوڵەکانی مرۆڤ دەکات لە بواری نووسیندا دەکات ، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە و تاڕادەیەکیش شتێکی نوێ بوو بۆ من، کە یەکەمین دەقی نووسین کە 5 هەزار پێش زایین دۆزراوەتەوە لەسەردەمی شارستانی سۆمەرییەوەو بە خەتی بزماری نووسراوە، ناوەڕۆکی نووسینەکە باس لە مامەڵەیەکی بچووکی بازرگانی نێوان دوو کەس دەکات، ئەمەش ئەو قسەیەی مارکسم بیردەهێنێتەوە کە دەڵێت” بازاڕ زمانی دروستکردووە”. دواتر نوح هەراریش دەڵێت: یەکەمین تێکستەکانی مێژوو هیچ تێڕامانێکی فەلسەفی، شیعر، ئەفسانە، یان یاساکان و سەرکەوتنە پادشایەتییەکان ناگرێتە خۆ، بەڵکە ئەمانە دۆکۆمێنتی ئابووریی کڕچوکاڵ، ڕیکۆردی پارە، باج، کەڵەکەبووی قەرزەکان و خاوەندارێتی موڵکین. ل؛ 196
لە کۆتاییشدا نووسەر پێی وایە کە نووسین بۆتە هۆی پێشخستنی بیرۆکراسی و سیستەمی کۆمپیووتەری، کە لە داهاتوودا دەبنە ترسی گەورە بۆ مرۆڤایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: نووسین وەکو نۆکەری مرۆڤ لەدایک بوو، بەڵام پەیتا پەیتا بووە سەرگەورەی، ئەمەش لەرێگەی کۆمپیووتەرەکانەوە، ل 206
سێ هۆکاری گەورە کە مرۆڤایەتییان یەکخست
نووسەر کۆمەڵێک شرۆڤەی ئێجگار جوانی بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی کردووە، یەکێکیشیان لەوانە، کە چۆن مرۆڤایەتی لە دەوری یەکتری کۆبوونەوەو پەیوەندییان بە یەکترییەوە کردووە، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
بازرگانەکان، داگیرکاران، پێخەمبەرەکان ، یەکەمین کەسانێک بوون کە لە دابەشبوونی دوانەی لە مێژیینەی ” ئێمە و ئەوان” دا پەڕینەوەو پێشبینی یەکبوونی مرۆڤایەتیان کرد. بەلای بازرگانەکانەوە سەرانسەری جیهان تاکە بازاڕێک بوو هەموو مرۆڤەکان گونجاو بوون بۆئەوەی ببنە کڕیار. بەلای بۆ داگیرکارانیش تەواوی جیهان تاکە ئیمپراتۆریەتێک بوو، هەموو مرۆڤەکانیش گونجاو بوون بۆ ئەوەی ببنە رەعیەت. بۆ پێخەمبەرانیش، سەرانسەری جیهان هەڵگری تاکە هەقیقەتێک بوو، هەموو مرۆڤەکانیش گونجاو بوون بۆ ئەوەی ببنە کەسانی باوەڕدار. ل260
بەشێکی زۆری کتێبەکەشی بۆ قسەکردن و شرۆڤەکردنی ئەم بابەتە تەرخان کردووە، بەراستی زۆربەی بۆچوونەکانیش مایەی تێڕامان و سەرنجن.
بازرگانی و پارە
نووسەر تیشکی زۆری خستۆتە سەر رۆڵی بازرگانە لە شارستانی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتی لە پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان. خاڵی گرنگ یان هۆکاری سەرەکی ئەم پەیوەندییەش ” پارەیە”
نووسەر پێی وایە پارە ئامڕازێکی گەردوونییە بۆ ئاڵۆگۆڕ کە توانا دەداتە خەڵکی کە بە هەموو شێوەیەک و هەموو شتێک بگۆڕنەوە. ل 270. پارە واقیعێکی ماددی نییە، بەڵکو چەمکێکی سایکۆلۆژییە، کە بە گۆڕینی ماددە بۆ ئەقڵ کار دەکات، ل 272 پارە جیهانیترین و کاراترین متمانەی دوولایەنەیە ، تاکو ئێستا داهێنرا بێت.273
مێژووی پارە داهێنان
دواتر باسی مێژووی دۆزینەوەی پارە دەکات ئەوەش دووبارە لەناوچەی میزۆپۆتامیا بووە. یەکەمین جۆری پارە بۆ دەوروبەری 3 هەزار پێش زایین دەگەڕێتەوە لە سەردەمی سۆمەریدا ” جۆ” یان وەکو پارە بەکارهێناوە،هەموو شتێک بە ” جۆ” فرۆشراوە. یەکەمین سکەی پارەش لە دەوربەری 640 پێش زایین کە پادشای ئەلیات یان لیدیا دایهێناوە. ل 276
باشیی و خراپی پارە
نووسەر بە شێوەیەکی گشتگیرانە لە پرسی پارە دەکۆڵیتەوە تێیدا باشیی و خراپییەکانی ئەم داهێنانەی مرۆڤ باس دەکات. لەبارەی سوودەکانی پارەوە دەڵێت:
پارە لە زمان، دەوڵەت، یاساکان، کۆدە کولتوورییەکان، باوەڕە ئاینییەکان، خووە کۆمەڵایەتەییەکان، ئەقڵی کراوەترە. پارە تاکە سیستەمی متمانەیە لەلایەن مرۆڤەکانەوە دروستکرابێت کە دەتوانێت هەر کەلێنێکی کولتووری پڕبکاتەوەو لەسەر بنەمای ئایین، رەگەز، تەمەن، روانگەی سێکسی، جیاکاری ناکات. لەسایەی پارەدا ئەو کەسانەشی کە یەکتر ناناسن و متمانە بە یەکتری ناکەن، دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر هاریکاری یەکتر بکەن. 281
دواتر نووسەر باسی خراپیی و زەرەرەکانی پارە دەکات بەسەر مرۆڤایەتییەوەو دەڵێت:
ئەم پڕەنسیبە بە ڕواڵەت نەرمونیانە دیوێکی تاریکیشی هەیە. کاتێک هەموو شتێک قابیلی گۆڕینەوە بێت و کاتێک متمانە بەندە بە پارەوە، ئەوا پەیوەندی گەرموگوڕ و بەها مرۆییەکان وێران دەکات و بە یاسا ساردەکانی دابینکردن و داوا، شوێنیان پڕ دەکاتەوە، ،،،ل282
پاشانیش دەڵێت:
ئێمە متمانە بە غەریبەکان، دراوسێکانمان ناکەین، ئێمە تەنها متمانە بەو پارەیە دەکەین کە پێیانە،ئەگەر ئەوان پارەیان لێ ببڕێت، ئەوا متمانەمان نامێنێت، لە کاتێکدا پارە شیرازەکانی کۆمەڵ و ئایین و دەوڵەت دادەڕمێنێت، ئەمڕۆ جیهان لەمەترسی ئەوەدایە کە ببێتە بازاڕێكی گەورەی بێ دڵ،،،ل 283
ئەمەش بە بڕوای من مەترسییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ رووبەروی زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان دەبێتەوە.
ئیمپراتۆریەتییەکان
نووسەر لەپاش رۆڵی پارە، باس لە گرنگی رۆڵی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات لە مێژوودا، لەمەشدا هەڵسەنگاندنی ووردو درشتی بۆ ئەم داهێنانەی مرۆڤ کردووە باس لە مێژوو و سوود و زەرەرەکانی دروستبوونی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا.
یەکەمین ئیمپراتۆریەت لە مێژوودا
نووسەر باس لە دروستبوونی یەکەمین ئیمپراتۆریەت دەکات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەئەویش ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییە بەسەرۆکایەتی سارگۆنی ئیمپراتۆر لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا. کە لە ساڵی 2250 پێش زایین دروستبووە، کە ئەمەش یەکەمین شێوازی ئیمپراتۆیەتی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە لەپاش ئەویش ئیمپراتۆریەتەکانی ئاشووریی و بابلی و هیتییەکان و دواتریش فارسەکان دێن، هەرهەمووشیان سارگۆنیان وەکو سەرمەشق بۆ خۆیان داناوە. ل296
ئیمپراتۆریەت چییە
نووسەر هەوڵیداوە پێناسەیەکی وردوودرشت بۆ ئیمپراتۆریەت بکات و بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکانی باس بکات. نووسەر پێی وایە ئیمپراتۆریەت سیستەمێکی سیاسییە کە دوو تایبەتمەندی هەیە،یەکەم: دەبێت حوکمی ژمارەیەکی گرنگی گەلانی جیا جیا بکات، کە هەریەکەیان خاوەنی شوناسی کولتووری جیاواز و لەسەر زەمینێکی جیاواز بژین. دووەم: ئیمپراتۆرەیەتییەکان دەتوانن نەتەوەو سەرزەمینی زۆر و زۆرتر داگیربکەن و بەبێ ئەوەی شوناس یان سترەکتووری بنچینەیی بگۆڕن.ل288
باشیی و خراپی ئیمپراتۆریەتییەکان
پاشان نووسەر وەکو پێشتر دێت باس لە باشیی و خراپی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات، ئەوی پێی وایە ئیمپراتۆریەتییەکان ئامڕازگەلی ستانداری بریتیی بووە لە جەنگەکان،بەکۆیلەکردن، کۆچی زۆرەملێ، جینوساید، ل 293
دەشڵێت: بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆریەتییەکان لەسەر خوێن بونیاد نراون و هێزی خۆیان لە رێگەی سەرکوتکردن و جەنگەوە بەرقەرار کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی هەرە زۆری کولتوورەکانی ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای ئیمپریالییەکان بونیاد نراون. ل 308
دواتریش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا،ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئیمپراتۆریەتەکان لە سەرئەنجامدا هیچ شتێکی بەهادار جێناهێڵن، رەتکردنەوەی ئیمپراتۆریەتەکان و نکوڵیکردنیان،بە مانای رەفزکردنی بەشی زۆری کولتووریی مرۆییە،،، بەشێکی گرنگی دەستکەوتی کولتووری مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە بۆ بەکاربردنی دانیشتوانە داگیرکراوەکان، تاج مەحەل لە هیندوستان بونیاد نەدەنرا بە بێ سامانی کەڵەکەبوو، بە بەکاربردنی ڕەعییە هیندییەکان لەلایەن مەغۆلەوە،،،ل 294
پاشانیش باسی خاڵێکی گرنگی تر دەکات کە ئەویش لەناوبردنی گەلانی لاواز و توانەوەیان لەناو بۆتەی ئیمپراتۆرییە گەورەکان و زۆرجاریش لەبیرکردنەوەی مێژووی خۆیان، لەمبارەیەوە دەڵێت: میسرییەکانی ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی دەدوێن، وەکو عەرەب بیر لە خۆیان دەکەنەوەو لە دڵەوە هاوسۆزییان هەیە لەگەڵ ئەو ئیمپراتۆریەتە عەرەبەی کە لەسەدەی حەوتەمدا میسری داگیرکرد و بە مشتەکۆڵەی ئاسنین راپەڕینە چەندباربوەوەکانی دامرکاندەوە کە لە دژی حوکمی داگیرکەران سەریان هەڵدا، ل295 دواتریش دەڵێت: دەوڵەتی هیندوستانی مۆدێرن، منداڵی ئیمپراتۆریەتی بەریتانییە.
ئەمەش پێی دەوترێت لەبیرچوونەوەی بیرەوەری نەتەوە لاوازەکان لەبەرامبەر نەتەوە بەهێزەکان.
ئایین
پاشان نووسەر دێتە سەر سێهەمین هۆکار و ئامڕاز کە هەموو مرۆڤایەتی یەکخستەوە، ئەویش رۆڵی ئایینەکان بەتایبەتی ئایینەکانی مەسیحی و ئیسلام و بودی و هیندۆسی.
هەراری دەڵێت: ئایین سێهەمیین ئامڕازی گەورەی یەکخستنی مرۆڤایەتییە، لەبەرئەوەی هەموو هەڕەم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان وێناکراون، هەموویان ناسکن و چەندەی کۆمەڵگەکە گەورەتر بێت، ئەوەندەش ناسکترە. ل316
پاشان باسی رۆڵی گرنگی ئایین دەکات و دەڵێت: رۆڵی مێژووییی گرنگی ئایین ئەوە بووە کە شەرعیەتی سوپەر مرۆڤ بداتە ئەم سترەکتۆرە ناسکە، ئایینەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاساکانمان دەرئەنجامی گۆڕانی میزاجی مرۆڤ نین، بەڵکو دەسەڵاتێکی رەها و باڵا ئاڕاستەکراون، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دانانای لانی کەمی هەندێک یاسای بنەڕەتی و زامنکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
دواتریش دەڵێت: ئایین دەبێت تایبەتمەندی سوپەر مرۆڤی و گەردوونی هەبێت، دەبێ سیستەمێکی سوپەر مرۆڤی و گەردوونی پێڕەو بکات کە هەمیشە و لە هەموو شوێنکدا راستە، ل 317
شۆڕشی کشتوکاڵی و ئایین
نووسەر پێی وایە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شۆڕشی کشتوکاڵی و ئاییندا هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: پێدەچێت شۆڕشی کشتوکاڵی، شۆڕشی ئایینی بەداوادا هاتبێت،،، یەکەم کاریگەری دینی شۆڕشی کشتوکاڵی، گۆڕینی ڕووەک و ئاژەڵ بووە لە ئەندامانی یەکسانی مێزگردێکی رۆحییەوە بۆ موڵک،ل 319
مێژووی دروستبوونی ئایینەکان
نووسەر شارەزاییەکی ئێجگار زۆری لەبارەی مێژووی ئایینەکانەوە هەیە بەتایبەتی ئایینەکانی ” جوولەکە، مەسیحی، ئیسلام، بودی، هیندۆسی، کۆنفۆشیۆس” هەروەها چۆنێتی دروستبوونی بتپەرستیی و فرە خوایی و بۆ یەکتاپەرستی،هەموو ئەمانەشی لەم کتێبەیدا بە درێژی باسکردووە. یەکەمین فکری ئایینی یەکتاپەرستیش لە میسر ساڵی 3500 پێش زایین لەلایەن فیرعەون ئەخناتون بووە، یەکێک لە خوداوەندە لاوەکییەکانی کۆمەڵە خوداوەندی میسری، خوداوەند ئاتونە، کە هێزی باڵای فەرمانڕەوایی گەردوونە، ئەمەش سەرەتای بیری یەکتاپەرستی بووە، دواتریش جوولەکە، مەسیحی و ئیسلام پەیدا بوون. ل 328
لەلایەکی ترەوە هەراری پێی وایە کە ئایینەکان بەتایبەتی ئایینە یەکتا پەرستییەکان،لە زۆر رووەوە پەیوەندی بەهێزیان بە یەکتریەوە هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: سەرکەوتنی مەسیحیەت بووە مۆدێلێک بۆ ئاینێکی یەکتاپەرستی تر کە لە سەدەی حەوتەم لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا دەرکەوت،کە ئەویش ئیسلامە، ل 329
رەخنەکانی لە فکری ئایینی
نووسەر کەسێکی سیکولارە، لەم کتێبە و لە کتێبەکانی تریشدا بەشێوەیەکی سیکولارانە و زانستیانە بیر دەکاتەوە، بۆیە زۆرجار رەخنە لە جۆری بیرکردنەوەی ئایینی دەگرێت، نووسەر لەپەنا لایەنە باشەکانی ئاییندا کە هەوڵیان بۆ یەکخستنی مرۆڤایەتی داوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا باسی ئەو جەنگە خوێناویانە دەکات کە بەهۆی ئایینەوە بەرپابوون، لەمبارەیەوە دەڵێت:
ڕۆمە ڤرە خواگەراکان زیاتر لە چەند هەزار مەسیحییان نەکوشتووە، کەچی بە درێژایی 1500 ساڵی دواتر،مەسیحییەکان بە ملیۆنان مەسیحی و خەڵکی تریان کوشتووە بۆ بەرگریکردن لە تەفسیری جیاوازی ئایینی.326
ئایینی مرۆڤ پەرستن
لە پاش باسکردنی ئایینە ئاسمانیەکان، نووسەر پێی وایە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕینانسازەوە، مرۆڤ دەبێتە چەقی بیرکردنەوەو بایەخی هەموو بیرو باوەڕەکان، ئەمەش ئەو ناوی لێناوە ” پەرستنی مرۆڤ”
نووسەر دەڵێت: ئەگەر ئایین سیستەمێکی ڕێسا و بەها مرۆییەکان بێت کە لەسەر بنەمای باوەڕ بە سیستەمی سوپەر مرۆڤ بونیاد نراوە، ئەوا کۆمۆنیزمی سۆڤێتی بە بەروارد بە ئیسلام لە ئایین کەمتر نییە. ئایینە باوەڕدارەکان تەرکیز دەکەنە سەر پەرستنی خوداکان،ئایینە هومانیستەکان، مرۆڤایەتی دەپەرستن یان دروستر بڵێین مرۆڤە هۆشمەندەکان دەپەرستن. ل 344
دواتریش دەڵێت: هەموو هومانیستەکان مرۆڤایەتی دەپەرستن،بەڵام لەسەر پێناسەکەی کۆک نین. هومانیزم بەسەر سێ ڕێبازی رکابەردا دابەش بووە. یەکەمیان هومانیزمی لیبڕاڵ. دووەمیان هومانیزمی سۆسیالیستی. سێهەمیان هومانیزمی نازیەت یان فاشیەت.ل347
نووسەر بەدرێژی باسی ئەم سێ قووتابخانە فکرییە دەکات و سەرنج و تێبینی خۆی لەبارەی هەرسێکیانەوە نووسیوە.
مێژوو
کتێبەکە پانۆرامایەکی درێژە بەناو مێژووی مرۆڤایەتی، لە شارستانییە کۆنەکانەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ نووسەر قسەی لەبارەوە کردووە. نووسەر پێی وایە: مێژوو ناتوانرێ بەشێوەی حەتمیگەرایی روون بکرێتەوەو ناکرێ پێشبینی بکرێ چونکە پشێوییە. هێزگەلێکی زۆر لە کایەکەدان و کارلێکەکانیان ئەوەندە ئاڵۆزە کە گۆڕانی تەواو بچوک لە توانای هێزەکان و شێوازی کارلێکردنیاندا، جیاوازی گەورە لە دەرئەنجامەکاندا بەرهەم دەهێنن. بۆ نموونە لە ساڵی 600 زاییندا،کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە باندێکی عەرەبی بیابانشین بەزوویی پانتاییەکی درێژبووەوە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیەوە بۆ هیندوستان داگیربکەن . لەراستیدا ئەگەر سوپای بێزەنتی بیتوانیبایە بەرپەرچی هێرشە سەرەتاییەکە بداتەوە، ئەوا لەوانە بوو ئیسلام هەروەکو بیروباوەرێكی تەماوی بمایەتەوەو تەنیا چەند کەسێکی خاوەن زانیاری لێی بەئاگا بوونایە. ل360
دواتریش دەڵێت:
بە پێچەوانەی فیزیا یان ئابوورییەوە، مێژوو ئامڕازێک نییە بۆ ئەنجامدانی پشبینی دەقاودەق. ئێمە تاووتوێی مێژوو دەکەین نەک بۆ زانینی ئایندە،بەڵکو بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانمان.ل363
شۆڕشی زانستی
نووسەر لە بەشەکانی دواییدا باسی سەرکەوتنەکانی مرۆڤ دەکات لە بواری شۆڕشی زانستیدا، ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە لە پاش ساڵی 1500ەوە دەستیپێکردووەو هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامە. ئەم شۆڕشەش خۆشگوزەرانی باشی بۆ مرۆڤ هێناوە بەتایبەتی لەرووی تەندروستی و ژیانەوە، هەرچەندە رەخنەشی لە مۆدێرنە هەیە کە دواتر باسی لێوە دەکات. نووسەر پێی وایە سەرەتا هەموو داهێنانێکی زانستی بە چەکی ” ئیگنۆراموس” دەستپێدەکات کە مانای ” نازانین” ە. پێشی وایە زانست لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد نراوە. دەشڵێت:
شۆڕشی زانستی شۆڕشێکی زانین نەبووە، لەسەروو هەموویەوە شۆڕشێکی نەزانی بووە. ئەو دۆزینەوە گەورەیەی کە بووە هۆی شۆڕشی زانستی، ئەو دۆزینەوەیە بوو کە مرۆڤەکان وەڵامەکانی پرسیارە هەر گرنگەکان نازانن. ل . 377 . ئامادەیی داننان بە نەزانی،زانستی مۆدێرنی لە هەر نەریتێکی پێشووی زانین داینامیکیتر و فراوانتر کردووە. ل 380
زانست و دەسەڵات
لەبەشێکی تردا نووسەر باسی پەیوەندی ریشەیی و توندوتۆڵی نێوان زانست و دەسەڵات دەکات، لەهەمانکاتیشدا چۆن زانست رۆڵی لە بەهێزبوونی ئیمپراتۆریەتییەکان و هەڵگیرساندنی جەنگدا هەبوو، لەهەمانکاتیشدا چۆن زانست رۆڵی بەرچاوی لە جەنگەکاندا هەبووە هەتاوەکو ئەمڕۆ. ئەو یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەوروپا بەسەر جیهاندا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە دەسەڵاتی زانستی خۆی پێشخت.
شۆڕشی پیشەشازی
نووسەر بە درێژی باسی هۆکاری دروستبوونی و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەشازی دەکات، لەهەمانکاتیشدا بە روونی شیدەکاتەوە بۆچی ئەم شۆڕشە لە بەریتانیا سەریهەڵداو لە شوێنەکانی تردا سەری هەڵنەدا. ئەو پێی وایە شۆڕشی پیشەشازی،شۆڕشێک بووە لە وەرگۆڕینی وزەدا. لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت:شۆڕشی پیشەشازی،پێش هەموو شتێک دووەم شۆڕشی کشتوکاڵی بوو،چونکە لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا میتۆدەکانی بەرهەمهێنانی پیشەشازی بوونە بناغەی کشتوکاڵ،رووەکەکان و گیانلبەران بە میکانیکی کرا. ل515
رەخنە لە مۆدێرنە
نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەیدا رەخنەی تووند لە مۆدێرنە دەگرێت، بەتایبەتی لە شێوازی بەخێوکردنی گیانلەبەران و پێی وایە مرۆڤ بە دڕندەترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکان دەکات و جینۆسایدیان دەکات. هەروەها مەترسی ژینگە پیسبوون و زاڵبوونی تەکنەلۆژیا بەسەر مرۆڤدا،دەبێتە ترسێکی گەورە کە رووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە.
هەراری دەڵێت: وێرای ئەو شتە سەرسووڕهێنەرانەی مرۆڤەکان دەتوانن بیکەن، ئێمە هەر نا دڵنیا دەبین لە ئامانجەکانمان و پێدەچێ وەکو هەمیشە نابەدڵ و ناڕازی بین… ئێمە لە بەلەمی تەختەی سادەوە گەیشتینە بەلەمی چارۆکەدار و لەوێوە بۆ کەشتی هەڵمی و کەشتی ئاسمانی،بەڵام کەس نازانێت ئاخۆ ئێمە بەرەو کوێ رێ دەکەین، ئێمە لە هەر کاتێکی تر بەهێزترین،بەڵام بیرۆکەیەکی وەهامان نییە لەبارەی ئەوەی چی لەو هەموو هێزە بکەین، لەهەمووشی خراپتر پێدەچی مرۆڤەکان لەهەر کاتێکی تر نابەرپرستر بن ،،ل 630
لە کتێبی 21 وانە بۆ سەدەی 21 بەدرێژی باسی ئەو ترسانە دەکات کە لەئێستا و داهاتوودا رووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، ئەمەش هەڵدەگرین بۆ وتاری داهاتوومان.
چەند سەرنجێک
بەدڵنیاییەوە خوێندنەوەی ئەم کتێبە کە بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی ئەم فەیلەسووفە دەردەخات، مایەی سەرنج و گرنگی پێدانی زۆرم بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاش خوێندنەوەی کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیم لا دروست بوو، لێرەدا پێمخۆشە باسی هەندێکیان بکەم.
پێش هەموو شتێک جیاوازی ئەم فەیلەسووفە لە چاو فەیلەسووفانی تری مۆدێرندا ئەوەیە، کە شارەزاییەکی ئێجگار زۆری لەبارەی مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەیە، خۆشی لەم بوارەدا پسپۆرە، ئەمەش بەرچاوروونی و دونیا بینی فراوانتر کردووە، چونکە چەندە لە مێژووی مرۆڤایەتی شارەزا بیت، هێندەش باشتر دەتوانیت دونیای ئەمڕۆ بخوێنیتەوە و پێشبینیش بۆ دوارۆژ بکەیت، هەرچەندە ئەم فەیلەسووفە پێی وایە، پێشبینیکرد بۆ داهاتوو، کارێکی ئەستەمە بەتایبەتی لەمڕۆدا. راستە فەیلەسووفانی پێش ئەو لە مێژوودا شارەزابوون لەوانە هیگل و مارکس و رۆسۆ، هی تر،بەڵام ئەم هەوڵیداوە جگە لە شارەزایی خۆی لە مێژوویی کۆنی مرۆڤ، سوود لە هەوڵی ئەنترۆپۆلیژستەکانی تر بکات و بەرهەمی ئەوانیش بۆ خۆی بەکاربهێنێت.
خاڵێکی گرنگی تریش پەیوەندی بە کاریگەری گەورەی کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی جیهانی بەسەر هەرارییەوە هەیە، بەتایبەتی ” ئەریک فرۆم،مارکس، شۆپنهاوەر، بێرنادر راسڵ، لیڤی شتراوس ، فۆکۆیاما”
بۆ نموونە کاتێک باسی خراپی کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەرخۆر دەکات، پێش سەد ساڵێک دەبێت کە ئەریک فرۆم باسی مەترسی ئەم کێشانەی کردووە. کاتێکیش باسی پەیوەندی نیوان دەوڵەت و جەنگ دەکات، پێش ئەویش هەریەک لە مارکس و فۆکۆیاما باسی ئەمەیان کردووە، مارکس پێی وابوو کە جەنگ بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی سەرمایەداری. فۆکۆیاماش پێی وایە کە جەنگ هۆکاری سەرەکی دروستبوونی دەوڵەت و وئیمپراتۆریەتەکان بووە.
لەرووی کاریگەری ئەفسانەشەوە پێشتر کۆمەڵێک فەیلەسووفی جیهان لەپێش هەموویانەوە کلۆد لیڤی شتراوس، باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەی بەسەر مرۆڤایەتییەوە کردووە. . کاتێکیش باسی کاریگەری کولتووری داگیرکەران بەسەر وڵاتی داگیرکراوەوە دەکات، ڕێک هەمان بۆچوونی فەیلەسووفی ئەمریکی- فەلەستینی ئێدوارد سەعید دەکاتەوە کە لە کتێبی ” ئیمپریالیزم و کەلتور” باسی کاریگەری دەوڵەتە بەهێزەکان بەسەر لاوازەکاندا دەکات.
لەکاتی باسکردنی خۆشبەختیدا ئەو پێی وایە کە خۆشبەختی پێش هەمووشتێک پەیوەندی بە ناخی تاکەوە هەیە، هەروەها ژیانکردنە لەو ساتە واقعییەی کە تێیدا دەژی. ئەمەش هەمان بۆچوونی فەیلەسووفی ئەڵمانی شۆپنهاوەرە کە پێش سەد ساڵێک دەبێت لە بەرهەمەکانیدا باسی کردووە. جگەلەوەش پێش ئەویش هەرچی عاریفی رۆژهەڵاتیش هەیە، باسی ئەوەیان کردووە کە سەرچاوەی هەموو خۆشبەختییەک ناخی مرۆڤ خۆیەتی. لە رووی دەسەڵاتی زانستیشەوە، بەهەمانشیوە پێشتر بێرنارد راسڵ لەکتێبی دەسەڵات و تاکدا باسیکردووە. جگە لەمانە کاریگەری کۆمەڵێک بیرمەندی تری بەسەرەوە دیارە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نووسەر بەهیچ شێوەیەک ئەمە لە نووسینەکانیدا باس ناکات.
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە یوڤاڵ نوح هەراری لەم کتێبەدا کۆمەڵێک زانیاریی و بۆچوونی نوێی پێشکەش بە خوێنەران کردووە، پیاسەیەکی خێراشی بە مێژووی کۆنی مرۆڤدا کردووە، لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە تێگەیشتنێکی واقعییانە بۆ دونیای ئەمڕۆمان بکات و لەکێشەکانی مرۆڤایەتی باشتر تێبگەین. لەهەمووشی گرنگتر لە ئێستادا هەراری بە یەکێک لە فەیلەسووفە ناودارەکانی جیهان دادەنرێت و بەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدانن، هەربۆیە پێویستە ئێمەش ئاگاداری فکری ئەم فەیلەسووفە مۆدێرنە بین.
لیرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک کارزان کاوسێن بکەین، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە و هیوای کاری جوانتر وباشتری بۆ دەخوازین.
——————————————————
سەرچاوە:
یوڤاڵ نوح هەراری. هۆشمەندەکان، پوختیەک لە مێژووی مرۆڤ. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، کارزان کاوسێن. چاپ و پەخشی ڕێنما. چاپی دووەم. 2020