Skip to Content

ئێران.. دیکتاتۆرییەت لە لێواری داڕماندا!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران.. دیکتاتۆرییەت لە لێواری داڕماندا!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2023 General, Opinion



عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی


هاوکات لەگەڵ شەڕخوازی لە ناوچەکە و پەرەپێدانی شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان لە ناوخۆی وڵات و پەرەپێدانی تیرۆری نەیاران و لایەنگرانیان لە دەرەوەی سنوورەکان، رژێمی ئێران بەردەوام بووە لە بە شەیتانناساندنی هێزی سەرەکیی موقاومەتی ئێران، واتە موجاهیدینی خەلق، لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا. لە ناوخۆی ئێران “دادگای نمایشی”ی بۆ داناون و لە دەرەوەی سنوورەکانیش، بە هاوکاریی لایەنانی سازشکاری رۆژاوایی دەیەوێت رێگرییان لێ بکات تا نەتوانن راپەڕینی گەل لە ناوخۆی ئێران پێش بخەن.
سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خەڵکی ئێران!
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، ویستی بەشداری لە کۆبوونەوەی “کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەنابەران”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە ئەمساڵ لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٣ لە ژنێڤ بەڕێوەچوو. بەڵام لە بەرامبەر “بەدیلێکی دیموکراتیک”، واتە “ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”دا شکستی هێنا و نەیوێرا نەخشەی پلان بۆ داڕێژراوەکەی خۆی جێبەجێ بکات و سەردانی ژنێڤ بکات. رەئیسی کە لە ناو ئێرانییەکاندا بە جەللادی ٦٧ (1988) ناسراوە (واتە ئەندامی دەستەی ٣ کەسی بووە بۆ بە کۆمەڵکوشتنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسیی موجاهید و خەباتکار، و دەست و پەنجەی سوورە بە خوێنی زیندانییان، لە ترسی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە، سەردانەکەی بۆ ژنێڤ هەڵوەشاندەوە و بەمشێوەیە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک تۆمار کرا!
بەڵام سەرەڕای شکستی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ناردنی ئیبراهیم رەئیسی بۆ بەشداریکردن لەم کۆمەڵگایەدا، موقاومەتی ئێران خۆپیشاندانی خۆی لە ژنێڤ ئەنجامدا. خانمی مریەم رەجەوی لە پەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران وتی: “دەبێ رژێمی ئاخوندی لە هەموو داوودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت و سەرانی ئەم رژیمە بە تاوانی ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن. ناڕەزایەتیی ئێوە دەنگی راپەڕین و موقاومەتی خەڵکی ئێرانە. ئێمە بە سازشکارانی رۆژئاوایی دەڵێین دڵنیابن، ئەو دەسەڵاتەی تەنها پشتی بە ئەشکەنجە و سێدارە بەستووە، بە هیچ سات و سەودایەک لە رووخاندنی یەکجارەکی رزگاری نایەت. رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەرئەنجامی توڕەیی و شەرمەزاری جیهان بوو بەرانبەر بە رشتنی خوێن و ئازارەکانی تایبەت بە دوو شەڕی جیهانی سەدەی رابردوو، ئەمڕۆ سەرشۆڕە. چونکە داوودەزگاکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بە بوونی رژێمی ئێران پەڵەدار بوون و لە ژێر پێی ئەهریمەنی ستەمکاریدا کراونەتە قوربانی. ئەمەش شکستێکی ئەخلاقییە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.

ئابڕووچوونێکی گەورەی دەسەڵاتی ئێران!
عەلی خامنەیی، وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار، دوای راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران، کەوتۆتە پەلەقاژە تا هەر چۆنێک بێت، هێزی سەرەکی راپەڕین، واتە ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، بخاتە پەڕاوێزەوە. بۆ ئەم مەبەستە “دادگای نمایشی” ی بۆ سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران داناوە!
لەم نمایشکردنە قێزەونەدا، جەللادان وەک (دادوەر)، بکوژان وەک (داواکاری گشتی)، ئەشکەنجەدەران وەک (پارێزەر)انی موجاهیدین و، پاشماوەی بنەماڵەی جەللادانی وەک لاجەوەردی و سەیاد شیرازی و…یش وەک (شایەتحاڵ) دەستنیشان کراون تا لە سیناریۆیەکی گاڵتەجاڕانەدا، رێگا خۆش بکەن بۆ لەسێدارەدانی زیاتر لە ناوخۆی ئێران و کردەوەی تیرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی پەیوەست بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمیش لە ژێر ناوی (پەیامنێر) و (میدیاکار) بۆ شێواندنی بیروڕای گشتی و بەشەیتانکردنی موجاهیدین بۆ ئەم نمایشە زیاد کراون. پرسیارە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەم رژێمە سەرکەوتوو دەبێت لە سەرخستنی ئەم پلانە داڕێژراوەدا؟!
بەڕێز مەسعوود رەجەوی رۆژی ١٨ی رەشەمەی 1399 (2019) لە پەیامێکدا داوای لە خامنەیی و رێبەرانیتری رژێمی ئێران کرد کە ئەگەر دەوێرن لەگەڵ ئێمەدا بێنە بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی. بەڕێز رەجەوی وێڕای ئاماژەدان بە ئیدیعای دادوەریی رژێمی ئێران وتیشی: “ئەمە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بە درێژایی ٤٠ ساڵی رابردوو، شەڕێکی گەورە لە ئێران لە ئاڕادایە لە نێوان خەڵک و موجاهیدینی خەلق لە لایەک و دەسەڵاتی فریوکار و دژە مرۆی ئێران.
ئەوەی روون و حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە خامنەیی و رێبەرانی رژیمەکەی هەرگیز ناوێرن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە دادگای نێودەوڵەتیدا ئامادەبن. چونکە نەک هەر شەرعیەتی جەماوەرییان نییە، بەڵکو لە بکەر و جێبەجێکارانی تاوانە بچووک و گەورەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرین و لە هەر شوێنێک دڵۆپێکی دادپەروەری هەبێت، بڕیاری گرتن و سزادانیان بۆ دەرچووە!
شکستێکی گەورە بۆ خامنەیی
خامنەیی لە هەوڵی ئەوە دا بوو کە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 2022 و بە تایبەت دوای کۆمەڵە سات و سەودایەک لەگەڵ دەوڵەتانی سازشتکاری رۆژئاوایی، حەمید نووری لە دەستی “دادپەروەری” دەربهێنێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، هەروەک چۆن دەربارەی دیپلۆماتکارە تیرۆریستەکەی، واتە (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) کردی. بەڵام بە هۆی رۆڵی بێ بەدیلی موقاومەتی ئێران و بە تایبەتی زیندانیانی رزگاربووی گرتووخانەکانی رژێمی ئێران، ئەم هەوڵەی خامنەیی شکستی هێنا و لە رۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ٢٠٢٣، دادگای پێداچوونەوەی سوید حوکمی “بەندکردنی هەتاهەتایی” بۆ حەمید نووری پشتڕاست کردەوە. دوابەدوای ئەم هەواڵە، خانمی مریەم رەجەوی رایگەیاند: “دوابەدوای سزادانی (حەمید نووری) لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید، دادگاییکردنی خامنەیی، رەئیسی، ئێژەیی و سەرکردەکانیتری رژێم و بەرپرسانی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵە 1367 (1988) دوو هێندە پێویستە. پارێزبەندی خستنە سەر ئەم تاوانبارانە، کە کارنامەیان پڕە لە ٤ دەیە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ژینۆساید، هاندەرێکە بۆ بەردەوامبوون و پەرەسەندنی تاوان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران.
ئامانجی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!
لەدوای شەهیدبوونی مەهسا ئەمینی (ژینا ئەمینی) لە ٢٥ی خەرمانانی ٢٠٢٢، ئەو پرسیارەی لە بازنە و ناوەندە سیاسییەکاندا وروژێنراوە، ئەوە بووە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران و پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شای رووخێنراو بەدوای چیدا دەگەڕێن و ئامانجیان چیە؟!
ئەوەی لە بازنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لەسەری کۆکن ئەوەیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پاشایەتی، دوو دیوی یەک دراون. ناکۆکی ئەوان لەسەر مافەکانی گەل نییە، بەڵکو شەڕەگورگی دەسەڵاتە و لەسەر بە تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵکە. خەڵکی ئێران دەیانەوێت دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن. هەر لەبەر ئەمەشە هێزە نەتەوەیی و جەماوەری و ئازادیخواز و دیموکراتەکان خوازیاری رزگارکردنی گەل و نیشتمانن. ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران کە تاکە بەدیلی راستەقینە و و دیموکراتیکی ئەم رژێمەیە و لە ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١) دامەزراوە، هەر لە سەر ئەم بنەمایەیە کە هەوڵی کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەدات.
کەواتە ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و شاپەرەستەکان جگە لە “لێڵکردنی گۆڕەپانی سیاسی ئێران” و “نائومێدکردن و بێهیواکردنی خەڵک” لە درێژەدان بەو رێگایەی گرتوویانەتە بەر و تێچوویەکی زۆریان بۆ داوە، هیچیتر نییە. پاراستن و هێشتنەوەی ئەو دۆخەی ئێستا، هەوێنی سەرەکیی ئەم دوو رەوتە دیکتاتۆرییەتەیە. بە پشت بەستن بە بەڵگەکانە کە بەڕێز مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی کار و باری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی موقاومەتی ئێران و بە ئامادەبوونی خانمی مریەم رەجەوی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا رایگەیاند کە “ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا” و خەڵکی ئێرانیش رازی بە مانەوەی دەسەڵاتی ئایینیی ئێران نین. پاشماوەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیی پێشوو لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە هیچ کاریگەرییەک بەدەست بهێنن. لایەنگرانی لە کاتێکدا کە زۆر پشتیان بە هاوکارییەکانی سوپای پاسداران بەستبوو لە قاو دران و ریسوا بوون. ئەوەی ئێران پێویستی پێیەتی شتێکی هاوشێوەی خواستی ئەو خەڵکەیە کە لەم هۆڵە دان. کەسانێک کە بە سادەیی، ئازادییان بۆ هەمووان دەوێت. دەسەڵاتێک کە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلە. ئێمە پێویستمان بە دیکتاتۆرییەت نییە. ئێمە پێویستمان بە ئازادییە”.


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish