له (ماڵی باران)ه‌وه تا (خه‌یاڵی مناڵانه) … زیاد ڕه‌شاد قادر
گه‌شتێك به‌نێو شیعره‌كانی (ئه‌مین محه‌مه‌د)دا
زیاد ڕه‌شاد قادر/ ماسته‌ر له ئه‌ده‌بی كوردی/ زانكۆی یوزنجو یل، توركیا
پوخته
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له كوردستانی عێراق ده‌ركه‌وتووه و سه‌ره‌تا به شیعر و سروودی منداڵان ده‌ستی پێكردووه، یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی دهستیله پێشخستنی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورددا هه‌بووه به شێوه‌زاری كرمانجیی ناوه‌ڕاست له كوردستانی عێراقدا، (ئه‌مین محه‌مه‌د)ی شاعیره، . ئه‌مین محه‌مه‌دی شاعیر له ساڵی (2008)ه‌وه ده‌ستی به نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری منداڵان كردووه، له‌و شه‌ش دیوانه شیعره‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، نێزیكه‌ی به هه‌موویان (100) تێكستی شیعری ده‌بن و به‌شێكیان كراونه‌ته گۆرانی، ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی پێش خۆی و هاوسه‌رده‌می خۆی سه‌ره‌تا به شیعری گه‌وران ده‌ستی پێكردووه، پاشان هاتووه‌ته سه‌ر بوار و بابه‌تی منداڵان. له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌درێت له زمان و فۆرمی ئه‌و شاعیره قسه بكرێت، هه‌روه‌ها په‌یام و ناوه‌رۆكی تێكسته‌كانی بخرێته به‌ر باس، هه‌روه‌ك ئه‌و سیما و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئه‌و شاعیره له شاعیرانی به‌ر له خۆی جودا ده‌كاته‌وه شرۆڤه بكرێت.
یه‌كه‌م: كورته‌یه‌ك له ژیانی
(حه‌مه ئه‌مین محه‌مه‌د ئیسماعیل) ناسراو به (ئه‌مین محه‌مه‌د) له ساڵی (1962) له شاری سلێمانی له باشووری كوردستان له دایك بووه، تا ئاماده‌یی خوێندووه، جگه له چاپكردنی دیوانێكی شیعری بۆ گه‌وران به‌ناوی (هه‌ڵوێست) له ساڵی (1991)، هه‌روه‌ها تا ئێستا شه‌ش به‌رهه‌می بۆ منداڵان به چاپ گه‌یاندووه ، كه سه‌رجه‌میان شیعرن، به ناوه‌كانی (ماڵی باران) له ساڵی (2010)، (هاوڕێی نوێ) له ساڵی (2011)، (خه‌ونی چۆله‌كه) و (هه‌نگه وردیله)ش له ساڵی (2011)، (گۆرانیی هه‌وره‌كان) و (خه‌یاڵی مناڵانه) له ساڵی (2012). گه‌لێك له هۆنراوه‌كانی (ئه‌مین محه‌مه‌د) ئاوازیان بۆ دانراوه و كراون به گۆرانی بۆ منداڵانی كوردستان.
دووه‌م: به‌رهه‌مه‌كانی
1- ماڵی باران
كۆشیعری (ماڵی باران) به تیراژی هه‌زار دانه له سلێمانی و له ساڵی (2010) چاپ كراوه، سه‌رجه‌می شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه له ساڵی (2009)دا نووسراون، (ماڵی باران) له (22) ده‌قی شیعری پێكهاتووه، له‌م بیست و دوو تێكسته‌دا ته‌نیا یه‌ك شیعریان (10) بڕگه‌یی و دووانیان (14) بڕگه‌یین، ئه‌وانی دیكه پێنج دانه‌یان (8) بڕگه‌یین و چوارده شیعریشیان به كێشی (7) بڕگه‌یی نووسراون. زۆربه‌ی شیعره‌كانیش كورتن، له حه‌فت به‌یت و هه‌شت به‌یت پێكهاتوون.
2 – هاوڕێی نوێ
كۆشیعری (هاوڕێی نوێ)، له ساڵی (2011) چاپ كراوه و ده ده‌قی شیعریی له‌خۆگرتووه، چوار شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و شه‌ش شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (14) بڕگه‌یی واته (7+7)ن، شیعره‌كانی نێو كتێبی (هاوڕێی نوێ) له هه‌ردوو ساڵی (2008) و (2009) نووسراون.
3 – خه‌ونی چۆله‌كه
ئه‌م كۆشیعره‌ش له ساڵی (2011) چاپ كراوه، له (22) تێكستی شیعریی پێكدێ و حه‌ڤده شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و پێنج شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یین، ته‌واوی شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه له ساڵی (2010)دا نووسراون.
4 – هه‌نگه وردیله
كتێبی (هه‌نگه وردیله) له (6) شیعری منداڵانه پێكهاتووه و تایبه‌ت بۆ منداڵانی باخچه‌ی ساوایان نووسراوه، ئه‌م كتێبه له ساڵی (2011) چاپ كراوه. له‌و شه‌ش شیعره‌دا، سێ شیعریان له كۆشیعری (گۆرانیی هه‌وره‌كان)یشدا بڵاو كراونه‌ته‌وه.
5 – گۆرانیی هه‌وره‌كان
كۆشیعری (گۆرانیی هه‌وره‌كان) له ساڵی (2012) چاپ كراوه، ئه‌م دیوانه (22) ده‌قی شیعریی تێدایه، كه شازده شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و چوار شیعریان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یی و دوو شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (10) بڕگه‌یی (5+5) هۆنراونه‌ته‌وه.
6 – خه‌یاڵی مناڵانه
ئه‌م دیوانه‌ش له ساڵی (2012)دا به چاپ گه‌یشتووه، (16) ده‌قی شیعریی تێدایه، له‌و شیعرانه یازده‌یان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی، دوو شیعریان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یی، دوو شیعری دیكه‌یان له‌سه‌ر كێشی (14) بڕگه‌یی (7+7) هۆنراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها تاكه شیعرێكیان له‌سه‌ر كێشیش (16) بڕگه‌یی (8+8) نووسراوه.
سێیه‌م: گه‌شتی شیعریی ئه‌مین محه‌مه‌د
ئه‌مین محه‌مه‌د له شیعره‌كانیدا هه‌موو ده‌م له جوڵه و گه‌ڕان و سه‌فه‌ردایه، شیعره‌كانی ئه‌و هه‌موو ده‌م باڵ ده‌گرن و ده‌فڕن، گه‌ڕان و جوڵه و پیاسه و سه‌فه‌ر نه ته‌نیا بۆ كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شار و سه‌رزه‌مینێكی دیكه‌ی ئه‌م دونیایه، به‌ڵكو گه‌ڕان و سه‌فه‌ری ئه‌مین محه‌مه‌د له‌گه‌ڵا منداڵاندا بۆ سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كان و پشتی هه‌وره‌كان و چوونه لای مانگ و ئه‌ستێره‌یه، ڕۆیشتنه بۆ نێو ڕووبار و قووڵایی ده‌ریا، قسه‌كردنه له‌گه‌ڵا هه‌ور و هه‌ڵم و خوڕه و تاڤگه و شه‌پۆل و نمه‌ی باران و كلووی به‌فر و گڤه‌ی با، ئه‌و به منداڵان ده‌ڵێ وه‌رن با هاوڕێی سوێسكه و فیل و مه‌یموون و ورچ و هه‌نگ و په‌پووله بین.
زۆر ده‌م له‌سه‌ر زاری منداڵانه‌وه قسه ده‌كات و گه‌ره‌كییه‌تی له‌گه‌ڵ خۆردا بدوێ و بچێته پشتی هه‌وره‌كانه‌وه:
وه‌ره خۆره‌كه
ببه به هاوڕێم
ده‌ی ده‌ی خێراكه
وا من چاوه‌ڕێم
تا ده‌گاته:
تا ئاسمانی به‌رز،
پشتی هه‌وره‌كان
به‌ره‌و خۆرنشین
ئه‌ڕۆین ئێواران
(ماڵی باران، ل6)
شیعره‌كانی ئه‌مین ده‌یانه‌وێ گه‌شت بكه‌ن بۆ نێو قووڵایی ده‌ریا و له‌گه‌ڵ باڵنده ئاوییه‌كاندا به‌ناو ڕووباردا بڕۆن:
به‌ناو ڕووباردا ئه‌ڕۆم
ئاوی زه‌ریاكان ئه‌خۆم
وه‌ك باڵنده‌ی ناو ئاوم
له‌سه‌ر شه‌پۆل وه‌ستاوم
(ماڵی باران، ل13)
ئه‌و له‌گه‌ڵ ئاوی كانیدا هه‌ڵده‌قوڵی و ده‌بێته هه‌ڵم و شانبه‌شانی (با) ده‌چێته سه‌ر لوتكه به‌رزه‌كان و تا تۆقی ئاسمانێ ڕاناوه‌ستێ، پاشان له‌گه‌ڵ هه‌وره‌كاندا جارێكی دی دێته‌وه لای منداڵان:
من ئاوی كانیم ته‌قیوم
له‌ژێر زه‌وی هه‌ڵقوڵیوم
ده سه‌یرم كه‌ن ئێوه‌ی مناڵ
ڕونم وه‌كو چاوی قرژاڵ
(ماڵی باران، ل14)
له‌و شوێنانه‌ش كه له‌سه‌ر زمانی میزه‌ڵان و په‌پووله و هه‌نگیش بۆ منداڵان قسه ده‌كات، هه‌ر ئاره‌زووی فڕین و سه‌فه‌ر و ڕۆیشتن ده‌كات، ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر زمانی میزه‌ڵانه‌وه ده‌بێژێ:
ووتی بێزارم لێره
ده‌چم بۆ لای ئه‌ستێره
(ماڵی باران، ل18)
هه‌روه‌ها ئه‌مین محه‌مه‌د كه له (فیل، سوێسكه، چۆله‌كه، توتكه، بۆقیله، ورچه‌بۆر، مشك، پشیله، مریشكه‌سپی، هه‌نگ، په‌پووله، مه‌یموون، ماسی و تیمساح) ده‌دوێ، وێنه‌ی شیعری ناوازه‌ی ئه‌وتۆ پیشان ده‌دا، هه‌ر ده‌ڵێی وا مریشكه‌سپی و جوجه‌ڵه وردیله‌كانی له‌به‌رده‌مت وه‌ستاون، هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه وایه مه‌یموونێكی جوانكیله له‌به‌رچاوت بێ به دره‌ختدا هه‌ڵبگه‌ڕێ، یا سوێسكه‌یه‌كی بۆر و خنجیلانه ببینی، خۆی و به‌چكه‌كانی به جیكه جیك بڕۆن به ڕێگادا، یا بۆقیله‌یه‌ك خۆی باسی زه‌لكاو و قیڕه‌ی خۆیمان بۆ بكات، هه‌ر وا ده‌زانی په‌پووله و هه‌نگ وا به زمانی حاڵ له‌گه‌ڵ گوڵێكدا قسه ده‌كه‌ن و داوای لێ ده‌كه‌ن ماڵی باخیان پیشان بدات:
گوێم لێ بوو به‌یانی زوو
په‌پووله و هه‌نگ دوو به دوو
ده‌یان پرسی له گوڵێ
ڕێگای باخیان پێ بڵێ
(ماڵی باران، ل24)
ئه‌مین محه‌مه‌د له شیعری (ماڵی باران)دا، كه یه‌كێك له كۆشیعره‌كانیشی به ناوه‌وه كراوه، پێچه‌وانه‌ی ڕێسا و نه‌ریتی باو، ناڵێته منداڵان با چاوه‌ڕێ بین باران له ئاسمانه‌وه بێته خوارێ و چه‌تر هه‌ڵده‌ین، ناڵێ كه باران باری، ئاو زۆر ده‌بێت و سوودی هه‌یه بۆ ڕووه‌ك و گیاندار… به‌ڵكو داوا له منداڵان ده‌كات له‌گه‌ڵیدا بچن بۆ ماڵی باران، ده‌ستی (با) بگرن و بچن بۆ ئه‌و شوێنه به‌رزه‌ی ماڵی به‌فر و ته‌رزه و بارانی لێیه:
ئێوه‌ش وه‌رن مناڵان
ده‌چین بۆ ماڵی باران
به‌فر و باران و ته‌رزه
ماڵیان له شوێنی به‌رزه
هه‌ور ماڵی بارانه
دڵگیره و فراوانه
ده‌ی با ده‌ست بگرین به (با)
به‌ره‌و ئاسمان بمانبا
له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌گه‌ڕێین
(با) ڕووی له‌كوێ بوو له‌وێین
ئای خۆ دڵۆپه‌ی باران
وا سه‌ر گۆنامی ته‌زان
(ماڵی باران، ل16)
تۆڵه و دوژمنایه‌تی و یه‌كدی خواردن و یه‌كتر قڕكردن و كه‌یف پێكنه‌هاتن، له فه‌رهه‌نگی شیعریی ئه‌مین محه‌مه‌ددا بوونی نییه، ئه‌و ده‌یه‌وێ هه‌مووان هاوڕێ و دڵسۆزی یه‌كتر بن، به‌ده‌م یه‌كه‌وه بچن و سروودی خۆشه‌ویستی بچڕن، هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن و نوقڵی ته‌بایی ببه‌شنه‌وه، له شیعری (ژیان له دارستاندا) له‌سه‌ر زمانی ماره‌وه، به سمۆره و ڕێوی و به‌چكه‌كانی ده‌ڵێ لێم مه‌ترسێن، ده‌بمه هاوڕێتان:
ماریش كاتێ ئه‌وه‌ی بینی
وه‌ستا له‌به‌ر پێكه‌نینی
وتی بۆ ترسان به‌م شێوه؟!
هاتووم ببمه هاوڕێی ئێوه
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل4)
له شیعری (ئاشتبوونه‌وه)دا، كارژۆله له‌گه‌ڵ بێچووی گورگ و ڕێویدا، هه‌موو كێشه‌كانیان تێپه‌ڕاندووه و پێكه‌وه ده‌ژین و باسی مافی هاوسێیه‌تی و ئاشتی و ته‌بایی و دڵپاكی ده‌كه‌ن:
كارژۆله‌ی بزنه كێوی
لای بێچووی گورگ و ڕێوی
وه‌ستاون له‌به‌ر ده‌رگا
له‌به‌رده‌م ماڵی گورگا
ده‌ڵێن ئێمه سێ هاوڕێین
له‌م دارستانه هاوسێین
به ئاشتی و به ته‌بایی
كه‌وتوینه به‌زم و شایی
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل3)
له‌و مه‌مله‌كه‌ته قه‌شه‌نگه‌ی ئه‌مین محه‌مه‌ددا، گیانداران له كاتی پرسیار و پێویستیدا یارمه‌تی یه‌كدی ده‌ده‌ن، وه‌ك له شیعری (كه‌روێشكه گردیله)دا، كه‌روێشكیك بێچووه‌كه‌ی بزر ده‌كات، بۆیه ده‌چێ له سمۆره پرسیار ده‌كات، ئه‌ویش ده‌ڵێ لای ئێمه‌یه و له‌گه‌ڵ بێچووی من پێكه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها له شیعری (ژیان له ئه‌ستێره‌یه‌كی تردا) خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ كه گورگ و مه‌ڕ ببن به هاوڕێ، مشك و پشیله‌ش له‌باتی شه‌ڕ، دیلانێ بكه‌ن:
گورگ و مه‌ڕ ده‌بن به هاوڕێ
ئه‌و شوانه و ئه‌م ده‌له‌وه‌ڕێ!
پشیله ڕه‌شه و مشكه بۆره!
دیلانێ ده‌كه‌ن به نۆره؟!
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل18)
هه‌روه‌ها ئه‌و له شیعره‌كانی (قازه سپی)، (بوكه‌ڵه‌كانم)، (تابلۆی ئاشتی)، (فیلێكی بچكۆلانه)، (گه‌مه‌ی پشیله و مشك)، (هاوڕێیه‌تی) و (تینوێتی)…دا، له‌سه‌ر زاری منداڵ و بووكه‌ڵه و گیاندارانه‌وه، ئه‌وه پاته ده‌كاته‌وه، كه گه‌ره‌كیه‌تی قاز و توتكه، جوچكه و پشیله، چۆله‌كه و ڕێوی، ورچ و توتكه سپی، فیل و چۆله‌كه، مشك و پشیله… ببن به هاوڕێ و هاوده‌م و هاوكاری یه‌كتری و به خۆشه‌ویستی و ته‌بایی پێكه‌وه بژین و یاری بكه‌ن و ڕێز له مافی یه‌كتری بگرن و ڕێسای دیموكراسی په‌یڕه‌و بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر فایه‌ق بێكه‌س له شیعری (شێر و مار)دا، كه كوڕ هاوار بۆ باوكی ده‌بات تا له مار ڕزگاری بكات، باوكی ماره‌كه له‌توپه‌ت بكات، وه‌ك ده‌ڵێ:
كوڕ ده‌ستی كرد به هاوار
باوكه‌كه‌ی كرد خه‌به‌ردار
كه‌وته فریای ده‌ستوبرد
ماره‌كه‌ی له‌توپه‌ت كرد
ئه‌مه‌و ئه‌گه‌ر له زۆرێك له شیعری ئه‌وسا و ئێستای منداڵاندا، مار و دوپشك و قه‌له‌ڕه‌ش و ڕێوی… هێمای خراپه و شه‌ڕانگێزی و فێڵ و دووڕوویی بن، به‌ڵام ئه‌مین محه‌مه‌د پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گوتاره باوه، ته‌نانه‌ت له شیعری (بوكه سووره)دا كه مارێك ده‌یه‌وێت هێرش بۆ زه‌ڕنه‌قووته‌كان بێنێ و بیانڕفێنێ، ئه‌و نایه‌ت قسه به مار بڵێ یان له‌توپه‌تی بكات، یا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ پاراستنی زه‌ڕنه‌قووته‌كان به دارێك ماره‌كه له‌سه‌ر دره‌خته‌كه دێنێته خوارێ:
خۆم زانیم بوكه سووره
له بێچووه‌كانی دووره
كه بینیم په‌شۆكاون
له هێلانه خزاون
وتم ها، چی ڕویداوه
بۆ جریووه‌تان نه‌ماوه؟
وتیان ئه‌ها، ئه‌و ماره
هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌م داره
ده‌یه‌وێت هێرش بێنێ
زه‌ڕنه‌قوته بفڕێنێ
منیش خێرا سه‌ر كه‌وتم
بۆ لایان به‌ڕێكه‌وتم
ئیتر یه‌كسه‌ر به دارێ
ماره‌كه‌م هێنا خوارێ
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل13)
شاعیر ده‌زانێ منداڵان به‌گشتی ئه‌گه‌ر به گیاندارێكیش نامۆ بن یا لێشی بترسێن، به باسكردن و ناوهێنان و لێ نێزیك بوونه‌وه و هاوڕێیه‌تیكردنیان، ئه‌و ترس و نامۆییه ده‌ڕه‌وێته‌وه، بۆیه باسی گیانداران و قسه‌كردن له‌سه‌ر زمانی گیانداران، پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له ده‌قه‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌ددا گرتووه و له‌پاڵ گیانداری ماڵیدا، له‌گه‌ڵ كێوییه‌كانیشدا هاوڕێیه‌تی په‌یدا كردووه، وه‌كوو چۆن باسی باڵداره‌كان ده‌كات، گیانداره ئاوییه‌كانیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه، بۆیه ناو و قسه و به‌سه‌رهاتی (چۆله‌كه، فیل، سه‌گ، سوێسكه، مه‌یموون، په‌پووله، هه‌نگ، مریشك، ورچ، مشك، پشیله، بۆق، ئاسك، سمۆره، ڕێوی، مار، كۆتر، به‌رخ، قاز، ماسی، تووتی، په‌ڕه‌سێلكه، گورگ، بزن و كارژۆڵه)ی نووسیوه و به منداڵانی ئاشنا كردوون.
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌و شوێنانه‌ش كه زه‌می گیاندا‌رێك یا حاڵه‌تێك ده‌كات ئه‌وه‌نده به نه‌رم و هێمنی ناسكه‌گله‌ییه‌كی لێ ده‌كات، وه‌كوو ئه‌وه وایه مامۆستایه‌ك به فێرخوازێكی خۆشه‌ویستی خۆی بڵێ ئااای وا نابێ… ئه‌ها به توتكه‌كه‌ی ده‌ڵێ:
توتكه گوێ قوته‌ی جرپن
بۆچی ده‌وه‌ڕیت به من
(ماڵی باران، ل10)
یا كه وه‌سفی مه‌یموونه‌كه‌ی ده‌كات، به ته‌نزه‌وه به لاسار و چه‌توونی ناو ده‌با و ده‌ڵێ:
وه‌رن سه‌یری ئه‌م مه‌یمونه
چه‌نده لاسار و چه‌توونه
هه‌ر خه‌ریكی ڕاو ڕاوێنه
زۆر حه‌زی له بازبازێنه
(ماڵی باران، ل19)
دیسان به گاڵته‌وه به ورچه‌بۆر ده‌ڵێ چاوچنۆك و تێرنه‌خۆر، پاشان هه‌ر خۆی به‌وه وه‌سفی ده‌كات كه خاوه‌نی دیمه‌نێكی دڵگیره:
هه‌ی هه‌ی وا هات ورچه بۆر
چاوچنۆكی تێر نه‌خۆر
لانه‌ی هه‌نگ ئه‌شێوێنێ
هه‌نگوینی ئه‌چۆڕێنێ
تا ده‌گاته:
سه‌یری ئه‌و ورچه پیره
دیمه‌نی چه‌ند دڵگیره….
(ماڵی باران، ل26)
هه‌روه‌ها له شیعری (گه‌مه‌ی پشیله و مشك)یش، نه‌رمه‌گله‌ییه‌ك له پشیله ده‌كات و به (پشه‌ی كه‌ڕ) ناوی دێنێ، كه‌چی له دێره‌كانی دیكه‌ی شیعره‌كه‌دا، به (پشه چاوشین) گاسی ده‌كات. كه زۆر له گورگ توڕه ده‌بێ و پێی ناخۆشه ئازاری كه‌روێشكه‌كه‌ی بدات، دیسان وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆخی له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌رێكی بزۆك بكات، ده‌ڵێ:
گورگی چه‌په‌ڵ و نه‌وسن
واز بێنه له هاوڕێی من
هه‌سته كه‌روێشكه ڕاكه
ئێستا هه‌لێكی چاكی
(خه‌یاڵی مناڵانه، ل5)
به‌شی زۆری دیكه‌ی شیعره‌كانی له وه‌سفی ئه‌و گیاندارانه‌ی بوونه‌ته كاراكته‌ری نێو شیعره‌كانی به (چاو بزی گوێ قوتیله)، (كه‌روێشكه خه‌پان)، (چه‌نه‌باز)، (بزێو) و (وردیله)ی ناویان هاتووه.
به‌شی زۆری شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر هه‌ر زمانێكی دونیا، دیاری و دۆستی منداڵانن و چێژی لێ ده‌بینن و له‌گه‌ڵ وشه و ڕسته‌كانیدا ئاوێته ده‌بن، هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته و وشه و ده‌سته‌واژانه‌ی ئه‌و به‌كاری دێنێ، چۆن بۆ منداڵێكی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خ و تێڕامانن، ئه‌وهاش منداڵانی نه‌ته‌وه‌ی دیكه ده‌توانن ئه‌و چێژ و سوود و كاریگه‌ری و بایه‌خه ببینن، لێ به‌شێكی شیعره‌كانی شاعیر، تایبه‌تن به منداڵانی كوردستان و ته‌نیا بۆ خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و خاك و ئاڵا و نیشتمانی كوردهواری نووسیویه‌تی، چونكه خۆزگه‌ی ئه‌و و هه‌مووان ئه‌وه‌یه كوردستان ئازاد بووایه، چونكه خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ، خۆری ئازادی له هه‌ر چوار پارچه‌ی وڵات هه‌ڵبێت، خۆرێك تیشك و پرشنگی دوایی نه‌یه‌ت و هیچ په‌ڵه‌هه‌ورێك نه‌توانێ ڕێگه‌ی لێ بگرێ، خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ ببێته مامۆستا و سۆراخی ناو و نه‌خشه‌ی كوردستان بكات:
چاوم گێڕا به‌سه‌ریانا
به دوای ناوی كوردستانا
هه‌ر له نه‌خشه‌كه ڕامابووم
به دیارییه‌وه حه‌په‌سابووم
ده‌مووت نیشتمانم كوێ یه!
بۆ نایبینم له‌هیچ جێ یه؟!
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل19)
ئه‌و وه‌ختێ باسی كۆلاره‌كه‌یشی بۆ منداڵان ده‌كات، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه جوانییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه ڕه‌نگی كۆلاره‌كه‌ی وه‌كوو ڕه‌نگه‌كانی په‌رچه‌می كوردستان له زه‌رد و كه‌سك و سپی و سۆر پێكهاتوون. ده‌مێ له‌گه‌ڵ بابه‌نوئێلیش ده‌ئاخفێت، له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه بۆچی نه‌خشه‌ی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا دیار نییه، به بابه‌نوئێل ده‌ڵێ گوێم لێ بگره من كوردم و كوردستانیم، نیشتمانم دابه‌شی سه‌ر وڵاتان كراوه:
ورد گه‌ڕاوم له‌سه‌ر نه‌خشه
تۆم نه‌بینیوه بمبه‌خشه
وڵاتی تۆ ناوی چییه؟
ئه‌ی بۆ ناونیشانی نییه؟
بابه نوئێل گوێ بگره لێم
تا پێت بڵێم كێم و له‌كوێم
كوردم خه‌ڵكی كوردستان‌م
دابه‌شی سه‌ر وڵاتانم
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل6)
ئه‌مین محه‌مه‌د له شیعره‌كانیدا، به ده‌گمه‌ن نه‌بێ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌خۆی نه‌داوه به منداڵان بڵێ وا بكه‌ن و وا بڕۆن و ئه‌م كاره مه‌كه‌ن و ڕه‌فتارتان پێویسته وابێ و هتد… وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی زۆرێك له‌و شیعرانه‌ی ئه‌وسا و ئێستا بۆ منداڵان نووسراون به‌و زمان و شێوازه منداڵ ده‌دوێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعرانه‌یشی كه ده‌كه‌ونه نێو خانه‌ی شیعری په‌روه‌رده‌یی و فێركارییه‌وه، زمانێكی ناڕاسته‌وخۆی تێكه‌ڵا به ئه‌ندێشه و خه‌یاڵ و یاریی منداڵانه‌ی به‌كار هێناوه. ئه‌و به منداڵان ده‌بێژێ تا خۆر ئاوا نه‌بێت ئه‌ستێره ده‌رناكه‌وێت، قسه‌یان بۆ ده‌كات سوودی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت چه‌نده پێویسته له‌م چه‌رخه‌دا، له چێژ و بایه‌خی ته‌ندروستیی شیر و گوێز ده‌دوێ، له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌نووسێ كه یاسا چه‌نده پێویسته بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵ. باسی سوڕی ژیانی بۆق، هه‌ڵهێنانی جوچكه، چێكردنی هێلانه له‌لایه‌ن چۆله‌كه، سروشتی ژیانی تووتی، ڕه‌نگ و شێوه‌ی شه‌مامه و هتد… ده‌كات، به‌ڵام نایكاته فه‌رمانكردن و وه‌عزدان و وانه‌ی بیركاری و زانست. ئه‌وه‌تا له شیعری (ئاوی كانی)دا له‌سه‌ر زاری ئاوه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه له ژێر زه‌ویدا هه‌ڵقوڵاوه و كه تیشكی خۆریش لێی ده‌دا، ده‌بێته هه‌ڵم و ده‌بێته هه‌ور، دوایی جارێكی دی دێته‌وه:
من ئاوی كانیم ته‌قیوم
له ژێر زهی هه‌ڵقوڵیوم
ده سه‌یرم كه‌ن ئێوه‌ی مناڵ
ڕونم وه‌ك چاوی قرژاڵ
هاوڕێی كێڵگه و باخچه‌ی شارم
من بێچوی ده‌ریا و ڕوبارم
كه تیشكی خۆر گه‌رمم ده‌كا
ده‌بم به هه‌ڵم و با ده‌مبا
ده‌چمه ناو هه‌ورێكی سپی
ملی ڕێ ده‌گرین به كپی
ورد، ورد، ده‌ڕۆین به ئاسمانا
به‌سه‌ر لوتكه‌ی به‌رز و جوانا
كاتێ هه‌ور ده‌گرمێنێ
به لێزمه دامده‌بارێنێ
ده‌بم به لافاو له‌و كێوه
ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای ئێوه
(ماڵی باران، ل14)
ئه‌مین محه‌مه‌د له گه‌شتی شیعره‌كانیدا له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوڕێی، لای له وه‌رزش كردووه‌ته‌وه و شیعری بۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵان و ڕۆژی جه‌ژن و یادی له‌دایكبوون و سه‌ری ساڵی نوێ گوتووه، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستیی دایك و شاری سنه و جوانیی كتێبخانه و دونیای مۆسیقا و كۆلاره و بووكه‌شووشه… به وشه‌ی ناسكی ئه‌وتۆ لێیان دواوه ده‌یان هێنده له‌كن منداڵ خۆشه‌ویستتری كردوون، هه‌روه‌ها بۆ جوانیی سروشتی كوردستان و دیمه‌نی باخ و خوڕه‌ی تاڤگه و هاژه‌ی ڕووبار و بڵندایی شاخ و ناسكی په‌لكه‌زێڕینه… شیعری قه‌شه‌نگی نووسیوه. پێی خۆشه منداڵان هاوڕێی هونه‌ر و شیعر و گۆرانی بن، به بایه‌خه‌وه باسی نیگار و فڵًچه و بۆیه و ڕه‌نگ و ده‌فته‌ری وێنه و پیشانگا ده‌كات، وێنه‌ی خۆر ده‌كێشێت كه ڕه‌نگی زه‌ردی زێڕینه و پرشنگ ده‌دات و تیشكه‌كانی په‌رش و بڵاون، له بۆیه و په‌ڕێكی سپی وێنه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد دروست ده‌كات و له پیشانگا هه‌ڵیده‌واسێ، نیگاری دره‌ختێك ده‌كێشێت كه با ده‌یله‌رێنێته‌وه و پاساری بۆ لای ده‌فڕن و ده‌یكه‌ن به هێلانه، جوجه‌ڵه و پشیله پێكه‌وه ده‌خاته تابلۆیه‌ك و ده‌خوازێ بێ كێشه و هه‌را بن و به ئاشتی بژیێن.
خوێندن و چوونه قوتابخانه و ڕێزگرتن له مامۆستا و خۆشویستنی هۆڵی وانه و كه‌لوپه‌لی قوتابی لای ئه‌مین محه‌مه‌د پێگه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه و بۆیه هه‌موو ده‌م به تام و چێژه‌وه باسی زوو له خه‌و هه‌ستانی سبه‌ینان و خۆگۆڕین بۆ چوونه فێرگه و جانتا به شان دادان و چه‌تر هه‌ڵگرتن و ڕاوه‌ستان له گۆڕه‌پان و نووسینی دارا و به‌شداری كردن له چالاكیی خوێندنگه ده‌كات، له به‌شێكی شیعری (ئاماده‌كاری)دا ده‌ڵێ:
ئاماده‌م خۆم گۆڕیوه
پۆلی یه‌كم بڕیوه
جانتاكه‌م هه‌ڵده‌گرم زوو
جا ده‌چم بۆ پۆلی دوو
ده‌فته‌ری وێنه‌م پێیه
له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك بۆیه….
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل20)
ئه‌و ئه‌گه‌رچی له ژیانیدا كاری مامۆستایه‌تی نه‌كردووه، به‌ڵام له شیعره‌كانیدا زۆر به هه‌ست و ڕۆح و سایكۆلۆژیای منداڵ ئاشنایه و دووریش نییه وه‌كوو باوكێك كه خاوه‌نی چه‌ند منداڵێكه، له‌نێویشیاندا لیلۆ، یاره‌مه‌تیده‌ر بووبن بۆ ئه‌وه‌ی له جیهانی منداڵان نێزیكتر بكه‌وێته‌وه، خۆیشی له چاوپێكه‌وتنێكدا ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه كه هه‌ر شیعرێك بنووسێ سه‌ره‌تا به (لیلۆ)ی كیژی پیشان ده‌دا، وه‌ك ده‌ڵێ: “به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو شیعره‌كانم بۆ (لیلۆ)ی كچم ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌لایه‌وه قورس بێ گۆڕانكاری تێدا ده‌كه‌م، چونكه به بۆچوونی من، منداڵ باشترین فلته‌ر و تاقیگه‌یه”.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بینین له زۆرێك له شیعره‌كانی (ئه‌مین)دا، (لیلۆ) بووه‌ته كاراكته‌ری نێو ده‌قه‌كان، وه‌ك له شیعری (حه‌وزی مه‌له)دا ده‌ڵێ:
وه‌ره سه‌یری كه (لیلۆ)
دیاریم هێناوه بۆ تۆ
حه‌وزی مه‌له‌م هێناوه
وا له حه‌وشه دامناوه
(خه‌یاڵی مناڵانه، ل4)
هه‌روه‌ها له شیعره‌كانی (چۆله‌كه)شدا ده‌ڵێ:
چووه ناو دارستانێ
ڕۆژێ لیلۆ به خه‌یاڵ
بۆ گرتنی چۆله‌كه
دوور كه‌وتبوه‌وه له ماڵ
(هاوڕێی نوێ، ل8)
هه‌موو شیعره‌كانی ئه‌مین بۆ منداڵی كچ و كوڕ نووسراون، ته‌نیا چه‌ند شیعرێكی نه‌بێ، كه یه‌كێكیان تایبه‌ته به منداڵی كچ و باسی قردێله له‌سه‌ردان و گواره له گوێكردن و پابوج له پێكردن و ملوانكه و نینۆك بۆیه‌كردنی تێدایه:
دایكم گوێچكه‌ی بۆ سمیوم
جوتێ گواره‌ی بۆ كڕیوم
پاپوجێكم له پێدایه
له‌م شاره‌دا بێ هاوتایه
جانتاكه‌شم ده‌كه‌مه شان
پڕ له ته‌وقه و ملوانكه‌ی جوان….
(ماڵی باران، ل15)
شیعرێكی دیكه‌ی به ناوی (بوكه‌ڵه‌كانم)، ئه‌ویشیان زێتر بۆ منداڵی كچ ده‌ست ده‌دات، كه له سه‌ر زاری منداڵێكه‌وه ده‌ڵێ:
دوو بوكه‌ڵه‌م هێناون
به‌رامبه‌ر یه‌ك دامناون
یه‌كێكیان ورچه بۆره
چاوی وه‌ك تیشكی خۆره
ئه‌ویتر توتكه سپی
به بێ ده‌نگی و به كپی…
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل21)
له به‌رانبه‌ریشدا شیعرێكی دیكه‌ی هه‌یه زێتر مۆرك و تایبه‌تمه‌ندیی منداڵانی كوڕانی پێوه دیاره، چونكه باسی یاریی دوو گۆڵی ده‌كات، كه یارییه‌كه پتر تایبه‌ته به كوڕان:
پاشان ده‌بووین به دوو به‌ش
بۆ یه‌ك مه‌به‌ستی هاوبه‌ش
ئه‌ویش یاری كردنبوو
تۆپ به‌ره‌و گۆل كردنبوو…
(ماڵی باران، ل28)
منداڵ له هه‌ر دۆخ و ژینگه و شوێنێك بێ، هه‌ر منداڵه و كۆمه‌ڵێ حه‌ز و خولیای هه‌یه كه جوێیه له هی گه‌وران، زمان و سروشت و سایكۆلۆژیای خۆی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له هه‌ندێ بابه‌تدا ڕه‌نگه منداڵانی شار له لادێ جوێ بن، یا ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌به‌رده‌ستیانه وه‌كوو یه‌ك نه‌بن، یا ئه‌و ژینگه و ده‌وروبه‌ره‌ی كه لێی گه‌وره ده‌بن و پێده‌گه‌ن هاوچه‌شن نه‌بێ، بۆیه وه‌ك له پاڵ ده‌قی تایبه‌ت به منداڵی كوڕ و ده‌قی تایبه‌ت به منداڵی كچ، ده‌قی وایشمان هه‌یه كه زۆربه‌یان وان بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌ست ده‌ده‌ن، به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی بۆ منداڵان ده‌نووسرێن به‌شی خه‌ڵكی گوند و شاری تێدا بێ، ئه‌وا به‌شێكیان پتر مۆرك و تایبه‌تمه‌ندیی گوندییانه یا شارییانه‌یان پێوه دیاره، تێكسته‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌دیش له‌و هاوكێشه‌یه به‌ده‌ر نیین، چونكه زۆرینه‌ی شیعره‌كانی چۆن بۆ منداڵانی شارن، به هه‌مان شێوه‌ش ڕوویان له منداڵی گونده، چه‌نده باسی ژینگه و دۆخ و كه‌شی شارن، ئه‌وهاش له هی لادێ ده‌دوێن، چه‌ند شیعرێكی كه‌می نه‌بێت خوێنه‌ر زۆرتر وا هه‌ست ده‌كات تایبه‌ت بۆ منداڵی شار گوترابن، یا زێتر تایبه‌ت بن بۆ منداڵی گوند، بۆ نموونه له شیعری (چۆله‌كه)دا باسی دارستان ده‌كات، له شیعری (په‌لكه‌زێڕینه)شدا ئه‌و شوێن و سروشت و ژینگه‌یه‌ی لێی ده‌دوێ گوندییانه‌یه نه‌ك شاری:
له وه‌رزی به‌هارانا
له‌ناو سروشتی جوانا
تیشكی زێڕین و باران
تێكه‌ڵ ده‌بن له ئاسمان
(خه‌یاڵی مناڵانه، ل3)
له شیعری (شه‌مامه)شدا دیسان شوێنی ڕوداوی نێو ده‌قه‌كه (بێستان)ه، كه شتێكی سه‌یری لێیه و ناوی شه‌مامه‌یه، ئه‌مه‌و له چه‌ند شیعرێكی كه‌می دیكه‌دا كه باسی كێڵگه و دارستان و ژینگه و كه‌شوهه‌وای گوندی تێدایه، كه ئه‌وانه‌ش به منداڵی شار نامۆ نیین، ته‌واوی شیعره‌كانی دیكه‌ی شاعیر بۆ منداڵانی ده‌شت و شار گونجاو و ئاسانن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسی شار و باخچه و یارییه‌كانی شاریش بكات، وشه و زاراوه و بڕگه و وێنه‌یه‌كی تێدا نادۆزیته‌وه له‌كن منداڵانی گوند قورس و نامۆ بێت.
چواره‌م: زمان و فۆرمی شیعری ئه‌مین محه‌مه‌د
هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی شیعر بۆ منداڵان بنووسێ، شیعری ئازادی بۆ گه‌وران نووسیوه، بۆیه خۆڕاهێنان له‌سه‌ر كێش و سه‌روایه‌ك كه بۆ منداڵ له‌بار و گونجاو بێ ڕه‌نگه سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و قورس بووبێ، له‌م باره‌وه مامۆستا حسێن به‌فرین ده‌ڵێ: “به‌ڵام ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌و دنیایه رابێت (زۆر زانی یه‌كی) به‌كارهێنا بوو ئه‌ویش ئه‌وه بوو بۆ وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌و په‌لكێشی‌و سه‌ركێشی یه‌ی له‌سه‌ری راهاتبوو سه‌ره‌تا به‌وه‌ها (كێش‌و سه‌روا)یه‌ك (كه دواتر ئه‌یبینن) خۆی هێور ئه‌كرده‌وه‌و خۆی رام ئه‌كرد تا له‌وێوه خوویه‌ك بۆ خۆی دابین بكات، واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چوونه سه‌ر (جووت كێش‌و جووت سه‌روا) بۆ ئه‌و نه‌ئه‌هات‌و گران بوو به‌ڵكو سه‌ره‌تا به‌م جۆره ده‌رگای كرده‌وه:
كاتێ باران ئه‌بارێ
چه‌تره‌كه‌م خۆشه‌ویسته
له‌سه‌ر سه‌رم ڕای ئه‌گرم
چونكه ئه‌وم پێویسته
له چه‌ند شیعرێكدا (ئه‌مین) درێژه‌ی به‌و شێوازی (كێش‌و سه‌روا)یه‌دا تا دواتر ورده ورده له‌سه‌ر جووت كێش و جووت سه‌روا ڕاهات”.
زمانی شاعیر كوردییه‌كی په‌تی و ڕه‌وانه، ڕسته‌ی كورت و مانادار به‌كار دێنێ، ده‌گه‌ڕێت كام په‌یڤ ناسك و شیرینه ده‌یئاخنێته نێو شیعره‌كانی، هه‌ر به‌یت و كۆپله‌یه‌كی ئه‌و، وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ڕوون و جوانن، مه‌گه‌ر ئه‌و وشه زۆر باوانه‌ی كه له زمانانی دیكه‌وه هاتوونه‌ته نێو زمانی كوردی و ئێستا وه‌كوو وشه‌یه‌كی كوردی له نووسین و ئاخاوتندا به‌كار دێن، ده‌نا شاعیر هیچ وشه‌یه‌كی ناكوردی له سه‌رجه‌می شیعره‌كانیدا نابینرێن. به تێكڕاییش وشه‌گه‌لی (خه‌ون و خه‌یاڵ و هاوڕێیه‌تی و گه‌شت و خۆشه‌ویستی…) له تێكسته‌كانیدا به‌رده‌وام پاته ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها له گه‌لێك شوێنیش‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (خله‌خل، گڕوگاڵ، باسكه‌وباسك، باعه‌باع، قاقا، به‌خ به‌خ، جیك جیك، ورد ورد، هه‌ی هه‌ی..، هاها…) ده‌دا به گوێی خوێنه‌ردا و لاسایی ده‌نگی منداڵ و گیانداران ده‌كاته‌وه:
ها، ها له‌سه‌ر سه‌هۆڵا
له دارستانی چۆڵا
شانی بۆ ئه‌له‌قێنێ
ئه‌ڕوا و خۆی ئه‌خلیسكێنێ
(ماڵی باران، 26)
ئه‌و كه ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌ك به وشه بكێشێت، له‌و كامێرامانه پڕۆفیشناڵ و به‌ئه‌زموونه ده‌چێ، هه‌م كامێراكه‌ی ورد و ئۆرگیناڵه، هه‌م خۆی ده‌زانێ كام گۆشه هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌سمی ئه‌و دیمه‌نه بگرێ و له به‌ر چاو و زه‌ینی ته‌ماشاكه‌ردا بمێنێته‌وه و كاریگه‌ر بێ، ڕه‌نگه دۆزینه‌وه و به‌كارهێنانی وشه‌ی ناسك و قه‌شه‌نگ و مۆسیقی سانا بێ، وه‌لێ به‌كاربردنی له شوێنی خۆیدا و دانانی له ڕسته‌ی گونجاو‌دا و پێدانی ڕیتم و ئاوازێكی شاعیرانه له ده‌ست ئه‌مین محه‌مه‌د و ئه‌وانه دێت، كه له‌گه‌ڵ شیعر و جوانی و خه‌یاڵی منداڵانه‌دا ده‌ژیێن، با ببینین له‌م شیعره‌دا چۆن وه‌سفی تاڤگه ده‌كات و وێنه‌ی كهف و خوڕه و هاژه و جریوه ده‌گرێ و به سه‌یركردنی گه‌ڵای ته‌ڕ و پرژه‌ی ئاو خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات:
ئه‌وه‌تام له باخێكا
له دامێنی شاخێكا
جۆگه‌یه‌ك ئاوی سازگار
وه‌كو تاڤگه دێته خوار
كه‌فی سپی وه‌ك زیوه
ورد، چاوم تێبڕیوه
خوڕه و هاژه و جریوه
ده‌نگیان لێ هه‌ڵبڕیوه
گه‌ڵای ته‌ڕ و پرژه‌ی ئاو
سه‌رسامیان كردووم ته‌واو
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل8)
هه‌رچه‌نده تا ئاستێكی زۆر ڕیتم و ئاوازی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د خۆش و سووك و منداڵانه‌ن، لێ هه‌ندێ جار لێره و له‌وێ، به‌هۆی ته‌واو ڕه‌چاو نه‌كردنی كێشی نیوه دێره‌كان، هه‌ر ئه‌وه‌تا خوێنه‌ر هه‌ستی پێده‌كات سووكه له‌نگییه‌ك دروست ده‌بێ، ئه‌وه‌تا له‌شیعری (بۆقیله)دا، كه به كێشی حه‌فت بڕگه‌یی نووسراوه، كه‌چی له نیوه دێری سێیه‌مدا ده‌بێته هه‌شت بڕگه:
هه‌رچه‌ند به به‌چكه ماسی
سه‌ره‌تا منتان ناسی
به‌ڵام سه‌رمێكوته‌م ناوه
ماڵم له‌ناو زه‌لكاوه
(ماڵی باران، ل30)
هه‌روه‌ها له شیعری (هاوڕێیه‌تی)شدا، كه شیعره‌كه له‌سه‌ر كێشی حه‌فت بڕگه‌یی نووسراوه، به‌ڵام نیوه دێری شه‌شه‌م به ته‌نیا له هه‌شت بڕگه پێكدێ:
كۆتره‌كه‌مم هێناوه
لای پشیله‌كه دامناوه
ده‌ڵێم میوانه لای تۆ
ئاگاداری به مه‌یخۆ
بۆ تۆ ده‌زانیت من چیم
خۆ من پشیله‌ی ڕاستی نیم
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل18)
وه‌ك ده‌بینین ته‌نیا له‌و نیوه دێره‌ی كه ده‌ڵێ (خۆ من پشیله‌ی ڕاستی نیم) له هه‌شت بڕگه پێكدێت.
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به ڕێنووسیشه‌وه هه‌بێت، ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌وڵی داوه، سه‌ر له منداڵ نه‌شێوێنێ و زێتر په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێنووسه بكات، كه له‌كن زۆرینه‌ی خوێنده‌واری كورده‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرێ و زۆریش خۆی پاراستووه له‌وه‌ی دوو شێواز یا پتر له جۆرێك ڕێنووس به‌كار بێنێ، خۆ ئه‌گه‌ر وردتر له‌گه‌ڵ بابه‌تی ڕێنووسدا مامه‌ڵه‌ی كردبا باشتر و جوانتر ده‌بوو. له خواره‌وه به‌شێك له‌و كه‌لێن و ناته‌واوییانه‌ی له بواری ڕێنووسدا، كه له كۆشیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌ددا به‌ر چاو ده‌كه‌ون، ده‌خه‌ینه ڕوو:
له شیعری (خه‌ونی چۆله‌كه)دا، بۆ هه‌ردوو وشه‌ی (جریوه) و (بینیوه) دوو (و)ی نووسیوه:
ده‌ستی كرد به جریووه
وتی خه‌ونم بینیووه
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل9)
له شیعری (بێچوه پشیله)دا، بۆ وشه‌ی (ون) دوو (و)ی نووسیوه، وه‌ك ده‌ڵێ:
بۆ خۆت لێ وون كردووه
لێره به‌جێت هێشتووه؟
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل7)
هه‌ر له‌و شیعره‌دا،(بێچوو)ی به (بێچو) نووسیوه! هه‌روه‌ها له شیعری (په‌ڕه‌سێلكه)دا، بۆ وشه‌ی (سوور) یه‌ك (و)ی نووسیوه، به‌ڵام بۆ (دوور) دوو (و)ی به‌كار هێناوه:
خنجیلانه‌ی گه‌ردن سور
جار جارێك ده‌فڕێ بۆ دوور
(خه‌ونی چۆله‌كه، ل7)
له هه‌مان ده‌مدا له شیعری (بوكه سووره)دا، (بووك)ی به (بوك) نووسیوه، كه چی بۆ (سوور) ته‌واوی به‌كار هێناوه و دوو (و)ی نووسیوه، هه‌ر له‌و شیعره‌دا دیسان (جریوه)ی به (جریووه) نووسیوه! هه‌روه‌ها بۆ (ده‌نووك، سووك) یه‌ك (و)ی به‌كار هێناوه و به (ده‌نوك، سوك)ی نووسیوه، كه‌چی له شوێنی دیكه‌دا، (ده‌نووك)ی به‌كار هێناوه، ئه‌مجاره (بچووك)ی به (بچوك) نووسیوه. له دوو نیوه دێری به‌دوای یه‌كداهاتوودا بۆ(چه‌توون) دوو (و)ی به‌كار هێناوه، كه‌چی بۆ (مه‌یموون) یه‌ك (و)ی نووسیوه! هه‌روه‌ها بۆ (بیوتایه، زیوین) دوو (و)ی به‌كار هێناوه و نووسیویه‌تی (بیووتایه، زیووین)!
ده‌سته‌واژه‌كانی (جوان بوو) و (ئاسان بوو) به (جوانبوو) و (ئاسانبوو) نووسیوه، (كردن بوو) و (بردن بوو)ی كردووه‌ته (كردنبوو) و (بردنبوو)، كه‌چی وشه‌كانی (كوێیه) و (جێیه) و (نوێیه) و (پێیه) (برسییه) و (نییه) و (ئاساییه) و (لاساییه) و (لێیه) و (له‌وێیه) و (چاوه‌ڕێیه)ی، به (كوێ یه) و (جێ یه) و (نوێ یه) و (پێ یه) و (برسی یه) و (نی یه) و (ئاسایی یه) و (لاسایی یه) و (لێ یه) و (له‌وێ یه) و (چاوه‌ڕێ یه) نووسیوه! هه‌روه‌ها (ئاشتیخواز)ی به (ئاشتی خواز) نووسیوه و (په‌لكه‌زێڕینه)ی كردووه‌ته (په‌لكه زێڕینه)، كه‌چی بۆ (ڕه‌نگاوڕه‌نگ) و (گورجوگۆڵ بم)، هاتووه (ڕه‌نگاو ڕه‌نگ) و (گورج و گۆڵبم)ی نووسیوه! خۆزگه بۆ (ئاسكه بچكۆله) باعه‌باعی به‌كار نه‌هێنایه، چونكه (باعه‌باع) بۆ مه‌ڕ به‌كار دێت.
وشه‌نامه‌ی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌موو ئه‌و وشانه‌ن كه سه‌ر به فه‌رهه‌نگی منداڵانن، زۆر ده‌گمه‌ن نه‌بێ وشه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه كه تێگه‌یشتنی بۆ زارۆ‌كان قورس و نامۆ بێ، جار جاره نه‌بێ هه‌ندێ وشه‌ی وه‌كو (چه‌خماخه، خه‌ڕه‌ك…)ی نووسیوه، كه منداڵ یا منداڵانی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی به كرمانجیی خواروو ده‌ئاخفن، باش لێی تێناگه‌ن.
له هه‌ندێ شوێنیش بۆ ڕیكخستنی سه‌روای شیعره‌كانی، خۆی ناچار كردووه هه‌ندێ وشه به‌كار بێنێ، ئه‌م وشانه هه‌رچه‌نده له‌پێناو جوانكاری و ئاوازداریی شیعره‌كان به‌كارهاتوون، لێ هه‌ندێ جار له‌سه‌ر حسێبی مانا و ڕه‌وانیی زمانن، بۆ نموونه له شیعری (فریاگوزار)دا ده‌ڵێ:
منیش جارێك له جاران
بوم به فریاگوزاران
به‌سواری پشتی كه‌شتی
ده‌ریا گه‌ڕام به گشتی
(خه‌یاڵی مناڵانه، ل21)
ڕوونه لێره‌دا ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی هاوسه‌روای (جاران) بدۆزێته‌وه، وشه‌ی (فریاگوزاران)ی به‌كار هێناوه، ده‌نا كورد ده‌ڵێ (بووم به فریاگوزار) نه‌ك (بووم به فریاگوزاران). له شیعری (مریشكه سپی)شدا، كه دێته سه‌ر باسی یه‌كێك له جوجه‌ڵه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێ (شیرینه) ده‌ڵێ (شیرینن)، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌روا بێ له‌گه‌ڵ (بیبینن):
یه‌كێكیان په‌ڕ له پێ یه
زۆر جوانه حه‌زم لێ یه
به‌دیاریه‌وه وه‌ستاوم
ون نابێ له‌به‌ر چاوم
ئێوه‌ش وه‌رن بیبینن
چه‌نده جوان و شیرینن
(ماڵی باران، ل25)
ئه‌نجام
ئه‌مین محه‌مه‌د كه نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991)ه و دوای نێزیكه‌ی بیست ساڵ له ڕاپه‌ڕین وه‌كوو قه‌ڵه‌مێكی به‌گوڕی ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌ركه‌وتووه و به‌رده‌وامه، ڕاسته سه‌رده‌می ده‌ستدانه نووسینی ئه‌مین محه‌مه‌د نه له سه‌رده‌می (زێوه‌ر) و (بێخود) ده‌چێ، كه تازه بناغه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد ده‌كه‌وێته سه‌ر پێ، نه هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می (گۆران) و (كاكه‌ی فه‌للاح) و (فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین)ه، كه ده‌كاته قۆناغی دوای چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، نه وه‌كوو وه‌ختی نووسینی (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) و (ڕۆسته‌م باجه‌لان)ه، به‌ڵكو ئه‌و شاعیری دوای ڕاپه‌ڕینه و دروستتر زێتر له بیست ساڵ دوای ڕاپه‌ڕین خۆی ده‌كات به دونیای منداڵاندا، وه‌ك ڕوونیشه سه‌رده‌می پاش ڕاپه‌ڕین، سه‌رده‌می هاتنه‌دی ئازادی و چاپ و په‌خش و میدیا بوو، ڕاپه‌رین ده‌روازه‌یه‌ك بوو بۆ كرانه‌وه به‌ڕووی دونیای ده‌ره‌وه و ده‌ست به‌كاربوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له ڕِێكخراو و سه‌نته‌ری تایبه‌ت به منداڵان و ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی زۆریش له گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به منداڵان، له هه‌مان ده‌مدا تێكه‌ڵاوی و هاتوچۆی ده‌ره‌وه و هاورده‌كردنی كتێب و سه‌رچاوه‌ی تازه‌ی گه‌لانی دیكه… هه‌روه‌ها به‌هۆی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و دامه‌زرانی چه‌ند نێوه‌ندی ئه‌كادیمی و زانستی و زمانه‌وانی، هه‌موو ئه‌وانه وای كرد نووسه‌رانی دوای ڕاپه‌ڕین به زمان و شێواز و ڕوئیای تازه‌وه بنووسن، له‌نێویشیاندا شیعر و ئه‌ده‌بی منداڵان گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونێكی زۆری له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی به‌خۆوه دی، له ڕووی چۆنایه‌تیشه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات، ئه‌مانه هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بوون تا ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك ده‌نگێك له دونیای ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد جودا له نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین به‌ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و له‌نێو جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری نووسین و بڵاوكراوه‌ی منداڵان ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه هه‌موو ده‌م وه‌ك ده‌نگێكی جیاواز و تایبه‌ت ده‌ربكه‌وێت، له‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ی كه له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا چاپی كردوون ده‌یه‌وێ وه‌ك هاوڕێ و دڵسۆز و ئه‌ویندارێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵ بكات و بۆ ئه‌وه ده‌كۆشێت له به‌كاربردنی هه‌ر وشه و ڕسته و په‌ره‌گرافێكدا، خزمه‌ت به منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان و وشه و شیعر و جوانی بكات.
شاعیر له ساڵی (2008)ه‌وه ده‌ستی به نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری منداڵان كردووه، له‌و شه‌ش دیوانه شیعره‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، نێزیكه‌ی به هه‌موویان (100) تێكستی شیعری ده‌بن و به‌شێكیان كراونه‌ته گۆرانی، به سه‌یركردن له فۆرمی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د، ده‌رده‌كه‌وێت كه به كوردییه‌كی پوخت و پاراو ده‌نووسێت، چه‌ند وشه و واژه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێ ده‌نا هه‌ر منداڵێك كه به شێوه‌زاری كرمانجیی خواروو ده‌نووسێت و ده‌په‌یڤێت به سانایی تێیده‌گات. سه‌رجه‌می شیعره‌كانی له‌سه‌ر كێشی په‌نجه‌ی خۆماڵین و به‌شی زۆریشیان له‌سه‌ر كێشی حه‌فت بڕگه‌یین، هیچ شیعرێكی ئازادیشی نه‌نووسیوه.
سه‌باره‌ت به قافیه‌ش، ئه‌مین محه‌مه‌د پتر جووت قافیه‌ی به‌كارهێناوه. شیعره‌كانی وی كورتن و هیچ شیعری درێژی نییه منداڵ وه‌رس بكات و توانای خوێندنه‌وه‌ی نه‌بێ. ده‌رباره‌ی ناوونیشانیش، جگه له شیعره‌كانی (گه‌مه‌ی مشك و پشیله، پشیله‌یه‌ك ده‌یه‌وێ بفڕێت، ژیان له ئه‌ستێره‌یه‌كی تردا) هه‌موو شیعره‌كانی دیكه‌ی ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌ر وه‌ك ناوونیشانی دیوانه‌كانی كورتن و زۆربه‌یان له یه‌ك وشه یان دوو وشه پێكهاتوون، هیچێك له ناوونیشانه‌كان به ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كان نامۆ نیین و دروست گوزارشت له وشه و وێنه‌كانی نێو شیعره‌كان ده‌كه‌ن. هه‌موو شیعره‌كانی ئه‌مین به‌رواری نووسینیان به‌سه‌ره‌وه‌یه، لێ له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ شاعیرانی پێشوو هاوشێوه‌یه كه شیعره‌كانی جودا نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ چ ئاستێكی ته‌مه‌ن گونجاون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و شیعرانه‌ی كه له (هه‌نگه وردیله)دا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، هه‌م وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداون، هه‌م به خوێندنه‌وه‌ی په‌یام و ناوه‌رۆكی شیعره‌كان ده‌رده‌كه‌ێت بۆ منداڵانی باخچه‌ی نووسیوه.
ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی پێش خۆی و هاوسه‌رده‌می خۆی سه‌ره‌تا به شیعری گه‌وران ده‌ستی پێكردووه، پاشان هاتووه‌ته سه‌ر بوار و بابه‌تی منداڵان. گوتاری شیعریی ئه‌م شاعیره دووره له ئامۆژگاری و وه‌عزدان بۆ منداڵ، ئه‌و نه‌ك هه‌ر هاوڕێی په‌پووله و چۆله‌كه و كه‌روێشكه، به‌ڵكو مار و گورگ و ورچیش ناڕه‌نجێنێ و واده‌كات منداڵ خۆشیانی بوێت.
——————————————–
سه‌رچاوه‌كان
یه‌كه‌م: به كوردی (كرمانجیی خواروو)
أ: كتێب
1- ئه‌حمه‌د قه‌ره‌نی، شیعری فێركردن له ئه‌ده‌بی كوریدا (نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م)، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2007.
2- ئه‌مین محه‌مه‌د، ماڵی باران، چاپه‌مه‌نی په‌یڤ، سلێمانی، 2010.
3- ئه‌مین محه‌مه‌د، هاوڕێی نوێ، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی خانه‌ی سمۆره بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، سلێمانی، 2010.
4- ئه‌مین محه‌مه‌د، خه‌ونی چۆله‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی خانه‌ی سمۆره بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد،سلێمانی، 2011.
5- ئه‌مین محه‌مه‌د، هه‌نگه وردیله، له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی سمۆره، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، سلێمانی، 2011.
6- ئه‌مین محه‌مه‌د، گۆرانیی هه‌وره‌كان، له بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی، سلێمانی، 2012.
7- ئه‌مین محه‌مه‌د، خه‌یاڵی مناڵانه، زنجیره كتێبی منداڵان، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2012.
8- حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی، ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد (لێكۆڵینه‌وه.. مێژووی سه‌رهه‌ڵدان)، له چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌رگی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005
9- حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی، ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد دوای ڕاپه‌ڕین (لێكۆڵینه‌وه.. نرخاندن، میكانیزمه‌كان)، له بڵاوكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، به‌رگی دووه‌م، هه‌ولێر، 2007.
10- حیۆم جینۆت، په‌یوه‌ندییه‌كانی دایك و باوك به منداڵه‌كانیانه‌وه (منداڵه‌كه‌ت به‌م جۆره په‌روه‌رده بكه)، وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاح سه‌عدی، دار المعرفه، به‌یروت، (ناوی چاپخانه و ساڵی چاپكردنی به‌سه‌ره‌وه نییه).
11- زیاد ڕه‌شاد قادر، زمان و میدیا (چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر لایه‌نی ڕێنووس و زمان له میدیاكانی هه‌رێمی كوردستاندا)، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013.
12- زێوه‌ر (دیوان)، ئاماده‌كردنی: مه‌حموود زێوه‌ر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003.
13- زێوه‌ر، گه‌نجینه‌ی مه‌ردان و یادداشتی ڕۆژانی ده‌ربه‌ده‌ری، محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم پێشه‌كی و په‌راوێزی بۆ نووسیوه، چاپخانه‌ی (شركه مگبعه الادیب البغدادیه)، به‌غدا، 1985.
14- زێوه‌ر (دیوان)، به‌شی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی نامه‌خانه‌ی زێوه‌ر، كتێبخانه‌ی مه‌عاریف، به‌غدا، 1958.
15- سۆزان جمال، سایكۆلۆژیی منداڵ، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ناو و شوێنی چاپكردنی له‌سه‌ر نییه، 2006.
16 – سروودی كوردی (كۆمه‌ڵێك سروودی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی)، ئاماده‌كردنی: فه‌رهاد فایه‌ق، له بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی به‌ختیاری، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، چاپی چواره‌م، 2004.
17- فازڵ مه‌جید مه‌حموود، شیعری منداڵان له ئه‌ده‌بی كوردیدا، نامه‌ی ماسته‌ر پێشكه‌شكراو به زانكۆی سلێمانی، 2000.
18- گۆران (دیوان)، محمدی مه‌لا كریم كۆی كردوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌ی كردوه‌و پێشه‌كی‌و په‌راوێزی بۆ نووسیوه، له بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری عێراق، به‌غدا، 1980.
19- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، دیوانی منداڵان (شیعر‌و چیرۆك بۆ منداڵان)، له بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕووناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ركوك، چاپی سێیه‌م، كه‌ركووك، 2013.
20- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، گه‌رده‌لوولی سپی، له چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1978.
21- ناهیده ئه‌حمه‌د، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی سه‌هه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005.
22- نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، منداڵ‌و ئه‌ده‌ب (لێكۆڵینه‌وه)، چاپی سێیه‌می ئه‌لیكترۆنی، 2007.
ب: ڕۆژنامه و گۆڤار
23- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له چاوی (شیعری مناڵانه)وه، به‌شی یه‌كه‌م، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره (675)، له (18/3/2010).
24- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له چاوی (شیعری مناڵانه)وه، به‌شی دووه‌م، ڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره (676)، له (25/3/2010).
25- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له چاوی (شیعری مناڵانه)وه، به‌شی چواره‌م، ڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره (678)، له (8/4/2010).
26- زیاد ڕه‌شاد قادر، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مین محه‌مه‌د، ، گۆڤاری (په‌یامی ڕاستی)، ژماره (103)، زستانی (2016).
ج: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی:
27-ttps://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D9%86%D8
%A7%DA%B5
دووه‌م: به زمانی كوردی (كرمانجیی سه‌روو)
أ: كتێب
28- Doç.Dr. Abdurrahman Adak, Destpêka Edebiyata Kurdî ya Klasîk, Weşan: Nûbihar, Çapa Duyem, Stembol,2014.
29- Çîrokên Ezopî, ji îngilîzî: Sidîq Gorîcan, weşanên Sîtan, Wan, 201388- Ehmedê xanî, Nûbara biçukan, Wergêr ji tîpên erebî: z. KAYA, Weşanên Roja Nû, Stochholm, 1986.
30- Kamêran Silêman Botî, Ferhenga Kamêran, Weşanxaneya Spîrêz, Çapxaneya Wezareta Perwerdayê/Hewlêr, Çapa êkem, 2006.
31- Umîd Demîrhan, Ferhenga Destî, Çapxane: Akademî, Çapa Duyem, Rezber, 2007.
ب: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی:
32 – www.wikipedia.org
33- www.feminkurd.net
سێیه‌م: به زمانی عه‌ره‌بی
أ: كتێب
34- جون ایكن، كیف تكتب للاگفال، ترجمه: كاڤم سعدالدین، الگبعه الاولی، الناشر دارالپقافه الاگفال، بغداد، 1988.
35- عمر محمد الگالب (د.)، ادب الاگفال فی العراق،الناشر دارالپقافه الاگفال، الگبعه الاولی، بغداد، 1989.
36- نجیب الكیلانی (الدكتور)، ادب الاگفال فی چوو الاسلام، مۆسسه الرساله، الگبعه الپالپه، بیروت 1991.
37- نزار وصفی اللبدیی (الدكتور)، أدب الگفوله واقع و تگلعات (دراسه نڤریه تگبیقیه)، دار الكتاب الجامعی، گ1، الامارات، 2001.
38- هدایهالله احمد الشاش، التربیه العملیه للگفل، دار السلام للگباعه والنشر والتوزیع والترجمه، الگبعه الپانیه، القاهره، 2007.
ب: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی
39 -http:// www.startimes.com/f.aspx?t=30933133.
40 -https://ar.wikipedia.org/wiki /%D8%A3 %D8%AF% D8%A8_ %D8%A 7%D9%8 4%D8% A3%D8 %B7%D9 % 81%D8%A7%D9%84