Skip to Content

تەڵەی مشک … وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی

تەڵەی مشک … وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی

Closed
by حوزه‌یران 23, 2018 General, Kids Literature

لە درزی دیواری ژوورێکی ماڵە جوتیارێکدا ، مشکێک بەبێ خرتە خرت و جوڵە ، بە جوانی خۆی شاردبۆوە و بە وردی چاودێری جوتیار و ژنەکەی دەکرد ، کە خەریکبوون دەمی زەرفێکییان دەکردەوە . مشکەکە دڵی خۆشبوو وایزانی زەرفەکە پڕە لە خواردنی خۆش و بە تام، بەڵام سەیریکرد جوتیارەکە تەڵەیەکی مشکی تێدا دەرهێنا ، پاشان خۆی و ژنەکەی زۆر بە جوانی پارچەیەک پەنیریان خستە ناوییەوە و لە سووچێکی ژوورەکەدا بە جوانی بۆ مشکەکەیان نایەوە. کاتێ مشکەکە تەڵەکەی بینی ، زۆر ترسا ، بۆیە بە خێرایی لە کونەکەی دەرپەڕییە دەرەوە و خۆی گەیاندە باخچەی ماڵەکە و بە دەنگی بەرز و بێزارییەوە پەیتا پەیتا هـاواریـدەکرد: ( لەم ماڵەدا تەڵە دانراوە !! ، لەم ماڵەدا تەڵە دانراوە !! ) .

مریشکە کونجە کە گویێ لە مە بوو ، قرتە قرتێکی کرد و سەری بەرزکردەوە و بە مشکەکەی وت: جا با تەڵە دابنرێت، ئەوە هیچ مەترسی و کێشەیەکی بۆ من نییە، بەڵام چاکدەزانم بۆ تۆ کێشەی گەورەیە ، جا چونکە زیانی بۆ من نییە ، یەک دەنک پێی بێزارنیم و خوایدەکرد لە هەموو سووچێکی ماڵەکەدا سەدان تەڵەیان دادەنا .
مشکەکە بەو قسە ڕەقانەی مریشکەکە زۆر بێزار و خەمباربوو ، ئنجا ڕوویکردە ئەو مەڕەی لە نزیک مریشکەکەوە وەستابوو، زۆر بە پەژارەوە وتی: ( مەڕی هاوڕێ : لە م ماڵەدا تەڵە دانراوە !! ). مەڕەکە بەو هەواڵە دڵتەنگبوو، بەو پەڕی پەستی و بێزارییەوە وتی: مشکی هاوڕێم ئەو هەواڵە، هەواڵێکی ئێجگار ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی من جگە لە دوعای خێر و پاڕاندنەوە بۆ تۆی ئازیز، کە بەو تەڵەیەوە نەبێت ، ئەوا هیچ شتێکی ترم لە دەست نایەت تا بۆ تۆی بکەم ، دڵنیاش بە بەردەوامی دوعای خێرت بۆ دەکەم تا ئەو تەڵە نەگریسە تووشی زیانت نەکات .

پاشان مشکەکە بە خێرایی چوو بۆ لای مانگا زەردە و وتی: ( مانگای ئازیز : تەڵەی مشک لەم ماڵەدا دانراوە !! ). مانگا زەردە زۆر لەسەرخۆ بە مشکەکەی وت: بە داخەوە بۆ ئەو هەواڵە زۆر ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی دانانی تەڵە ، نە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە هەیە و نە هیچ مەترسییەکیش بۆ سەر من دروستدەکات .
کاتێ مشکەکە گوێی لەو قسانە بوو ، بەو پەڕی بێزارییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە تەنها بیری لە چارەسەرکردنی مەترسی ئەو تەڵەیە دەکردەوە و بەردەوام چاوی لەسەر تەڵەکەش لا نەدەبرد و نەشیدەوێرا بچێت بە لایدا .

لە نیوە شەوی ئەو شەوە زۆر تاریکەدا ، تەقەیەکی زۆر گەورە لە ژوورەکەدا دەنگی دایەوە ، کە ڕێک دەنگی تەقینی تەڵەکەبوو . ژنی جوتیارەکە بە پەلە و بەو پەڕی دڵخۆشییەوە رایکرد بۆ لای تەڵەکە تا بزانێ مشکەکەی گرتووە ، بەڵام تەماشایکرد ، تەڵەکە لە جیاتی ئەوەی مشکەکە بگرێت ، کلکی مارێکی ژەهراوی گرتبوو ، جا چونکە ژوورەکە زۆر زۆر تاریکبوو ، ژنەکە بە جوانی مارەکەی نەبینی ، هەربۆیە مارەکە خۆی ڕاپسکان و ڕێک دای بە قاچیی ڕاستێوە و ژانی خستە ناو دڵییەوە و هاواری لیێ هەستان . جوتیارەکە ، کە گوێی لە هاوار هاواری ژنەکەی بوو ، خێرا هات بە هانای ژنەکەیەوە و گورج باوەشی پێداکرد و زوو گەیاندییە نەخۆشخانە . پاش چەند ڕۆژێک جوتیارەکە ژنەکەی بە ئازار و لەرز و تایەکی زۆرەوە هانییەوە بۆ ماڵەوە .

ئەوەی سەیر بوو ئازار و تا زۆر بەرزەکەی تا دەهات زیاتر دەبوون، بە تەواوی ژنەکەی پەرێشان و ماندوو کردبوو، جوتیارەکە هات بۆ لای ژنەکەی و وتی: گیانە شیرینەکەم : هەموو کەس دەڵێن ، باشترین چارەسەر و دەرمانی لەرزوتا ، تەنها ئاوی مریشکە . هەر بۆیە گورج چوو مریشکەکەی بۆ سەربڕی و فروجاوێکی خۆش و بە لەزەتی بۆ دروستکرد . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ژنەکەی بەردەوام بە ئازارەوە دەتلایەوە و نەیدەتوانی لە جێگاکەی خۆی ڕاستبێتەوە ، جا چونکە بۆ هەواڵ پرسینی ژنەکە ، ڕۆژانە خزم و ناسیاو و دراوسێکانیان سەردانیاندەکردن ، جوتیارەکەش بۆ ئەوەی خواردن بۆ ئەو هەموو میوانانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مەڕەکەی بۆ سەربڕین .

ماوەیەکی زۆر ژنە چاکنەبۆوە و پاش چەند مانگێک بە ئازارەوە مرد. لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ ناشتن و پرسەکەی. جوتیارەکە بۆ ئەوەی خواردن بۆ ئەو هەموو کەسانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مانگاکەشی بۆ سەربڕین .
مشکەکە بە خەموپەژارەیەکی زۆرەوە و لە درزی دیوارەکەوە هەموو ئەو بەسەرهاتانەی بە چاوی خۆی بینی . لە دڵی خۆیدا وتی : سەیرکەن ، مریشک و مەڕ و مانگا زەردە ، چەند گەوج و بێ ئاگا بوون ، لایان وابوو تەڵەکە کێشەی ئەوان نییە و تەنها کێشەی منە ، کەچی لە پێش مندا ئەوانی تووشی زیان و لەناوچوونکرد .
جا منداڵە خۆشەویستەکان : کاتێک لە ژیاندا مەترسی لەسەر یەکێکمان دەبێت ، ئەوا ڕاستەوخۆش مەترسی دەبێت بۆ سەر هەموومان ، هەر بۆیە پێویستە ئاگامان لە یەک بێت و بەردەوام پشت و پەنای یەکتری بین .

******

٢٥ / ١ / ٢٠١٨
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish