Skip to Content

شیعر/ وەهم.. سەردار جاف

شیعر/ وەهم.. سەردار جاف

Closed
by حوزه‌یران 29, 2021 General, Poems

با هەر وابێ ڕستەی ئەوین
وشە ڕاستگۆکان بکوژێ
بازاڕی میکاب و ڕەعنا
لە ئەندێشە بە با بکرێ
ئەو دەمانە
من و ژوان …..
درۆ و وەهم
هەموو لە ڕاستە ڕێی یەکین
بە سەر چوار پەنجەی مەمکەوە
لەو دیو سنووریش خێوەکان
بە ئازاری دوو گیانەوەن
بۆ ناشتنی تەرمی یەقین

  ********

من لە خەراباتی حاڵم
مەیگێڕی مەیخانەم و
تەوافی مەستی گرتوومی
شورەییە پاکیزەیی
بە کوڕێژگە بسپێردرێ
کەچی دەمامکی جەژن
خەون و حەزی ڕەنگەکانمە
فریوت دام
لە درزی نیگای کاوتدا
لە پیاسەی گوڵاوپرژێن
کەیف و بەزمم بە نێو ڕاڕاییت تەی دەکا
خۆت دەزانی
وڕ و گێژم بە نێو پەیمانە دەریادا
نها لوتفێ ، بزە و خەندە و ئاوڕێکت
هەتوانی ئافاتی گیانمە

        ********

ئەی خودایە
پەرێشانی وێرانە ڕێم
خەیاڵ لەو دیو وێنای پرچی خاو ونبووە
دڵڕەقانە
لە قوڵپی سۆز و ژانەوە
لە خەرەندا هەڵدێراوم
هەناوی تاڤگەی گروورود
ئێسک و پروسک تێک دەشکێنێ
پەیمانە ڕۆژ
لە ڕۆخی قەڵای شارەوە
ڕووە و شێخەڵا و سیروان و باتە هەنگاوی خۆی دەنێ
دەنکە تەسبیحی بێوەری پەخش دەکا
چاو و ئەوکی هەنسکباوی
دەبارێنێ لێزمەی بە خوڕ سێڵاو ئەشکێ

        **********

هەموو رۆژێ
خۆر لە زرێبار هەڵدەکشێ
هەر بە دەستنوێژی ئیشقەوە
ماڵئاوایی لە ئاو دەکا
دەبێتە تریفەی مانگ و
گوڵە گەنم سێو دەگرێت و
هاوتای ڕۆحی پاکانەییم دەیسازێنێ
ئاونگی دەمە و سپێدە
گەرمی هەناسەی لێ دەتکێ
شەرم دەیخوا
بە نێو جۆباری ئەوینما نێڵە دەکا
لە دوا ساتا
گەردانەی گەردنی ڕەونەق
بسکی سێوی تێکچڕژاو
سۆمای نیگام دەسمێنێ

    *********

وا مەیخانە خانەی دڵمە
ئەی شەرابی هەناری حەزی بەد ڕەفتار
پێنج فەرزەی ئیشق تۆبەت دەکەم
چارەم چییە ئەی کردگار
لەبزی سوبحی تۆیە گوڵم
ئەی دار سێوی تۆز و غوبار
بە سەر لێوم ماچی لێوت هەڵبنیشێ
قەت ئیتر من نابمە دەروێش
بۆ زیکر و حاڵی تۆبەکار

Bad Camberg
٢٨ . ٠٦ . ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish