Skip to Content

ئازادی.. تێکست: داریوش اقبالی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئازادی.. تێکست: داریوش اقبالی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2023 General, Poems



………….ئەی ئازادی
گەر ڕۆژێک بە نیشتمانەکەمان گەیشتی
لە شێوەی پیرەمێردێکی
ڕەش پۆشی ، عەبا ڕەشی ، ڕیش سپی
بە زاراوەیەکی نەناس و فەرهەنگی عەرەب
و
چاوێکی سارد و ترسانەکەوە مەیە
كە هاتی دەربارەی”مەرگ” مەدوێ
مەچۆ گۆڕستان…گۆڕستان کۆتاییە
نابێ مەرگ دەست پێکردن بێ
….كە ئەمجارە هاتی
لە دەمی کەس مەیە
گفت و پەیمانی” بەتاڵ”مەیە
“نەوت” مەهێنە سەر سفرەکان
“نان”ی سەر سفرەکان بهێڵەرەوە
لە ئاو و کارەبای خۆڕایی مەدوێ
لە کۆششی ئینسان بدوێ
لە بڕیاری”کوێرانە” مەدوێ
لە هەست و پرنسیپ و زانست بدوێ

ئای ..ئەی ئازادی
گەر ڕۆژێک بە نیشتمانەکەمان گەیشتی
لەگەڵ “شادی”یا وەرە
بە “پەچە”ی ڕەش
و
ئەقڵی بە “بەرد بوو” و ڕیشەوە مەیە
بە ئاواز و مۆسیقا و ئاهەنگەوە وەرە
بە تفەنگی گەورەی دەستی
مناڵە بچوکەکانەوە مەیە
بە گوڵ..و ماچ…و کتێبەوە وەرە
لە تەقوا و جەنگ و “شەهادەت” مەدوێ
دەربارەی :
ئینسانیەت.. و ئاشتی.. و “شەهامەت” بدوێ
دەربارەی ژیان بۆمان بدوێ
لە پەنجەرە کراوەکانەو بدوێ
دڵمان بە ” شەماڵ” ی ئاشتی بە
ئاشنای هاوڕێیەتی و عەشقمان کە
فێری مەسەلەی ” ئینسان بوون”مان کە
كاتی خۆی فێری چوونیەتی مەرگ بووین
فێرمان کە “چۆن “بژین

ئەی ئازادی
گەر ڕۆژێک بە نیشتمانەکەم گەیشتی
لە دڵی عاشقەکانەوە هەنگاو بنێ
میهرەبانیت لە دڵمانا داگیرسێنە
تا ئازادی لە ناخمانا بجوشێ
و
ئیتر چی دی پەلامارت نەیەین
لەگەڵ هەر هەناسیەک لەیادمان بی
“تۆ”یەک کە لە هەناسە خۆشەویست تری
تا بزانین ئازادی “نیعمەت” نیە ، نابارێ
بەڵکو بەرپرسیارێتی یە
فێرمان کە لەبەر دەست بوونی تۆ
و
تێڕوانینی تۆ ئاسان نیە
كە زۆرت لێ نازانین بە خۆتمان ئاشنا کە
ئێمە ناوەکەتمان تەنیا لە ژێر لێوەوە ووتۆتەوە

ئازادی ئەی ‘ نەینراو ” ترین
ئێمە بە پانتایی مێژوو یەک، لە تۆ مەحروومین

…..ئای ئەئ ئازادی
گەر بە نیشتمانەکەمان گەیشتی
بە “ئاگایی”ەوە وەرە
تا لە دەروازەی ئەم شارەیا
بە” شمشێر” ملت نەپەڕێنن
تا لە بیرەوەری لەسەرخۆی مێژووا
نەهێڵین تۆمان لێ بدزن
مەگەر تۆ نازانی
بەهای هەنگاوەکانت بۆ ئەم نیشتمانە
خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم خاکەیە
بەهای تۆ ، گرانترین بەهای دونیایە
…..بەڵام
ئەمجارە بە ئاگاییەوە وەرە
بە ئاگایی……
بە ئاگایی ……
“””””””””””””’
31/12/2022
“”””””””””””

Previous
Next
Kurdish