ئێوارانە.. ٦.. سەردار جاف
ئێوارەيە و تەی دەکەم بە نێو يادگارييە جوانەکانت کە نازانن بڕانەوە چ مانايەکی هەيە
ئێوارەيە و شەپۆلە گەرمەکانی ناخت ئاوێزان بوونی باڵای بۆ نييە
دەرکەوتنت لە سەمای ئەو گەڵا زەردە وەريوە و پڕ سەما و لەنجانە دەچن کە رۆحم جوان دەکا
رەنگاڵەیی دەخزێنێتە نێو ناخە مەستبووەکەما کە رێی قورتار بوون دەرنەبا
نازانم لە کام رچەوە خزايتە نێو نيگاکانم و لە ميحرابی عيبادەتدا کڕنووشم بۆ بردی
نازانم لە کام بنەوانی ويستەوە تێم ئاڵايت و تيلەی چاوەکانم لە حەژمەتتدا وەک دۆڵ و سارا و قيبلەيەک رووی تێکردی
نازانم لە کام چەپەرەوە سێباز و رمبازێنت دابەست و ئيدی مەستبوونمت پەی پێبرد و نوقمی داگيرکاريت کردم
نازانم لە سەر کام چەپەچاغ گەردنی حەزەکانمت لەت لەت کرد و بۆ هەوار و يادەوەری خۆتت بردم
نازانم لە کام تراويلکەييەوە ئاشنای کۆچەربوونت بووم و لە مێرگی کام بەهاردا بۆ لەوەڕگای تەڕتەڕی مەستيت بردم
نازانم لە کام بەهارەوە بۆ بوێری شەهلاییت ئاوازەکانی ديتەوە و لە دامێنەوە چەپاوکردنی حەرفەکانت تەڕوەک زرێبار لێم ئاڵاو سورێن ئاسا جوان و مەريوان مينا رەنگين بوو
نازانم لە سەر کام ريتم تۆ فێری ئەم تاڵانکارييە بوويت و لە تەنهاييدا خۆم و دڵم ترۆپکنشين چوو
نازانم لە سەر کام جووڵەی برۆ و لاچاوەوە غەمزەدەی هەوارێکی تەليسماوين دەکەی و نايەيتەوە
نازانم بۆ من لە سەر قافڵەی رێبوارانا سەرێکم بێ دار و رێ دەبڕم و ناگەڕێمەوە
نازانم لە سەر چ هارمۆنييەتێ ميلۆدييەک وڕێنەمە و هەوەسە دەسبازييەکانم رێم پێ نادەن بيلێمەوە
نازانم لە سەر کام ميتۆدی شەڕگەوە شاڵاو و پەلاماری چەپخونيت دەست پێکرد و نابڕێنەوە
نازانم لە سەر کام رێبازی ئيشقا چەپک چەپک گوڵەکانت نە سيس دەبن و نە دەڕوێنەوە
نازانم تۆ لە سەر کام هەوارا دەست لەملانێم دەبی و ئاگرێ دەکەيت و ناکوژێمەوە
چەپۆڵەشێرەت خەراباتێکە و لێم نابێتەوە
هێندە دەستەمۆتم …. وەک مۆمێ هەر کات بتەوێ بە فوويەکت کوێر دەبمەوە
بە چەرخدانێ گڕم دەدەی و هەڵدەبمەوە
لە بەلەمێکی چارۆکەدار دەچم …. لە ناوەندی دەريا جێتهێشت بم
نە خۆ دەدۆزم نە قورتار دەبمەوە
ئاخر بۆ وام لێ دەکەی تۆ نازانی
خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم
ئەڵمانيا
١ / ١ / ٢٠٢٣