Skip to Content

بودجەى ٢٠١٠ بودجەى خەڵک نابێت … نەجمەدین فارس

بودجەى ٢٠١٠ بودجەى خەڵک نابێت … نەجمەدین فارس

Closed
by حوزه‌یران 23, 2018 General

حکومەت و دەسەڵاتەکانى دەبێت سەرچاوەى داهاتى خۆشى و خۆشگوزەرانی بن،واتە دەبێت هەر ئەرکێک کە تیایدا جێبەجێ دەکرێت لە هەموو لایەنەکانی داوو دەزگاکانیەوە سەرچاوە بن بۆ ژیانێکى خۆش و ئاسوودەیى هاووڵاتیان.کاتێک کە حکومەت بودجەى ساڵانەى خۆى پێشکەش دەکات،دەبێت لەگەڵیدا پلانى گەورەو خزمەت و کارى شرۆڤە کردبێت. وەڵام بە کەم و کوڕى و لایەنەکانى ژیانى ڕۆژانەو پێداویستیەکانى کۆمەڵ بداتەوەو پڕیان بکاتەوەو لەو ڕێگایەدا پلانى درووستى هەبێت بۆ کۆمەڵگا کە پێویستى بە پێشخستنى چەند لایەنێکى کۆمەڵگا هەیەو لە هەموو لایەناکانى ترى ژیانى کۆمەڵگا زیاترو زیاتر پێوویسترن.

لەو سۆنگەیەوە ئەو ناونیشانەى کە بۆ دەربڕینى بودجەى(٢٠١٠)ئەگەر دەسەڵات و پڵاندانەرێکى ڕاستگۆیە لە بەرامبەر خەڵکدا، دەبێت زۆرترین خەڵک لە بێکارى و خۆ خواردنەوە ڕزگار بکات. ئەمەش زیاتر بەوە جێبەجێ دەبێت کە بودجە چەند توانیوویەتى هەلى کارى بەردەوام بۆ ئەندامانى بێکارى کۆمەڵگا بڕەخسێنێت،واتە تا چەندێ بودجە تەرخان کراوە بۆ پیشەسازى کردنى ناوچەکەو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت هیچ نەبێت بە شێک کەمى پێداویستیە بەکاربەرییەکانى کۆمەڵگا بەرهەم بهێنێت. لە سایەیدا ووردە ووردە بەرهەمى ناوخۆیى و کشتوکاڵیش گەشە بکات و لە قتونانى لە هەرێمدا ببێتە پیشەسازى.

هەروەها کشتوکاڵیش ببێتە سەرچاوەیەکى باشى بەرهەم هێنان و داهات هێن بۆ کۆمەڵگاو دەوڵەتەکەى. ئەگینا هەر بودجەیەک کە بۆ تەمویلى حیزبەکان دانراوە سەچاوەیەکى زیادەیەو نابێت جێبەجێ بکرێت و ببێت بەبەشێک لە پلانى دابەشکردنى بودجەى (٢٠١٠)و هیچ ساڵێکى تر.لەبەر ئەوە دەبێت حزب سەرچاوەى دارایى و تەمویل کردنەکەى لە ئەندامانیەوە وەربگرێت و لە بودجەى هەرێم هیچ تەمویلێک نەکرێت، بۆ ئەوەى لە بەشى هیچ کەسێک و کۆمەڵگە نەدرێت و بەشەکانیان بە ناحەق و بێ سەرچاوە لە لوقمەى دەمیان کەم نەکرێتەوەو بە تاڵان نەبرێت.

حزب کاتێک پێکدێت بۆ بە دەسەڵات گەیشتنى کۆمەڵەکەیان درووست دەبێت، هەندێک جارو لە زۆرترین کاتەکانیدا لەم سەردەمەدا حزبەکان بارگرانین بەسەر سەرى کۆمەڵگاوەو مشەخۆرى گەورەى ناو کۆمەڵگا پێکدەهێنن و پێویستبوونیان بێ بەها دەبێت.بە بڕواى من کاتێک بڕیار لەسەر بودجەى (٢٠١٠)و یان ئەوانەى ساڵانى پێشتر دەدرا بۆ دابینکردنى بڕێک پارە لە بودجە بۆ حزبەکان، تەنها بۆ شاردنەوەى و بردنى بڕى زۆرو زەوەندەى بەشێک لە داهات بوو لە لایەن هەردوو حیزبەکەى دەسەڵاتەوە، و بەناوى تەمویلى حزبەکان جێبەجێ دەکران و دەبن،لەڕێگەیەوە پەردەپۆش کردنی و بە قسە نەهاتنى حزبەکان و خەڵکە سودمەندەکانى ناو حزبەکانەو دەنگدانى ئەندامى پەرلەمانى سەر بەحیزبەکانى خۆیانە لە ئاست پلان و دابەشکردنى بودجەیە لە بەرامبەر حیزبەکانى دەسەڵات. ئەگەر چى لەملاو ئەولا پرتەو بۆڵەیەک کە حزبەکانى تر بیکەن تەنها لەبەر ئەوەیە بەشێکى زیاتر بپچڕن بۆ خۆیان. هەروەک و خۆیان دەڵێن بودجە هى خەڵکە، دەبێت بە کردەوە هى خەڵک بێت. لەبەر ئەوەى دانانى هەر بڕێک لە پارەى بودجەى هەرێم بۆ حزبەکان، کە هەتا لە عێراقى ئێستاشدا شتى وا نیە. بردنى بەشێکە لە پێداویستیە تایبەتیەکانى کەسانکۆ لە کۆمەڵگەى هەرێمدا.لە ووڵاتانى (الریعى یان الریعیە). پیشەسازى کەمترین لایەنى سەرچاوەى ئابووریە، و پارەو پوڵێکى نەقدى یان سەرمایەى پولى (نەقدى) بەشێکى گەورەو گرانى پرۆسەى سەرمایەدارى گرتووە.

هەر لەبەر ئەوەشە بودجەى وڵاتى (الریعى)، خەرجى باکاربەرى زیاترە لە خەرجیەکانى ترى خزمەتگوزارى و پیشەسازى کردن، هەروەک ئەوەى لە بودجەى (٢٠١٠)ى هەرێمدا هەیە کە خەرجى بەکاربەرى دوو ئەوەندەو زیاتریش لە هەموو لایەنەکانى ترى خەرجیەکانى دەسەڵات و حکومەتە. هەر لەو سۆنگەیەوە خەڵکێکى زۆرو زەبەندى ئەو وڵاتانە سەرچاوەى داراییان نزمەو لە ئاستێکى خراپدا دەژین.لە وڵاتانى بەرهەم هێنى نەوتى، نەوت و سەرمایەى پوولى، هەموو شتێکى سەرچاوەى ئابوورى و داهاتى و بودجەى ئەو ووڵاتانەیە کە بە ووڵاتى (الریعى یان الریعیە) ناوزەند دەکرێت. پیشەسازى بوون و لەسەر کار بوونى کرێکارانێکى زۆر وەک پێوویست نییەو خەڵکى بێکار بوونیان زۆرترە.
هەر لەبەر ئەوەیە لە سیستمى بەڕێوەبردنیداو دەسەڵاتى حوکمڕانى دەسەڵاتێکى تاکڕەوانەى دیکتاتۆریانەیە. لەبەر ئەوەى لەم جۆرە سیستەمانەدا سەرکەوتویى زۆرترین داخوازییەکانى کۆمەڵانى خەڵک و کرێکاران و بێکارەکانى تیادا ئەنجام ئەدرێت و دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.ئەگەر ئەو جۆرە دەسەڵات وحوکمڕانیە بەدەست حزبەوە بێت،ئەوا داهاتى بەدەست هاتوو لە دەوڵەتى (الریعی)دەدرێت بە ئەندامانى حزب وپۆلیس و دەزگا ئەمنى و هەواڵگرى و سەربازیەکان و بتوانێت لەو ڕێگەیەوە پرۆسەى سەرکووت کردن جێبەجێ بکات و دەسەڵاتى بەرقەرار بکات. نموونەش لەم جۆرە دەوڵەتانە زۆرن لە جیهاندا نزیکترینیان دەوڵەتى عێراقى بەعسى و ئێستاش هەرێمى کوردستان دەیەوێت چاولێکەرى سیستەمى ڕابردوو بکاتە جۆرى بەڕێوەبردنى داموو دەزگاى هەرێم.هەروەکو لە پێشتر باسم کرد.

هەروەها بودجەى تەمویلى حزبەکان و ئەو بڕە پارەیەى کە بە ناوى (نفقات تشغیلى) ناوزەند دەکرێت دەبێتە هۆیەک بۆ کڕین و ڕاکێشانى ئەندامانى بێ پەرەنسیپ و بێ بڕواى سیاسى. چونکە هەر ئەندامەو لە ڕێگەى ئەو بڕە پارەیەى کە لە حزبەکەى وەریدەگرێت و بەشێکى ژیانى بەتاڵەیى پێ پڕ دەکاتەوە. وەک مامەڵەى کۆمپانیاو کرێکارى لێدێت و حزبەکەى بەو چاوەوە سەیر دەکات کە داهات هەبوو بڕە مانگانەى درایە،ئەوا لەو کۆمپانیایەدا ئەندامە ئەگەر نەشبوو ئەوا هەر کەسەو دەچێتەوە بەلاى ئیش و کارێکەوە ئەگەر هەیبووبێت، ئەگینا بەدواى پارووە نانێکدا دەگرێت.ئەندامێتى لەگەڵ حزبەکەیدا بەتاڵ دەکاتەوە چونکە چاو لەو موچەیە دەکات کە وەریدەگرێت لە حزبەکەى،لەبەر ئەوەى لە هەرێمدا کەمترین کەس هەلى کارکردنى بۆ دەڕەخسێت. هەر بۆیە ئەندامان پەرەنسیپى حیزبى لەلایان بریتیە لە پێدانى موچەى مانگانە. نەوەکو ئابوونەدان بەشێک بێت لە پەرەنسیپى حزبى و ئەندامێتى. لەبەر ئەوەیە ئەو حزبانەى لە دەسەڵاتدان دەتوانن لە ڕێگەى ئەو بودجەیەى کە لەبەر دەستیاندایە زۆرترین ئەندام و دەنگدەر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.واتا ئاگەر وا بڕوات هیچ حزب و گروپێک درووست نابێت تا پەیمانى پارەدان و مووچە بڕینەوە بە ئەندامەکانى داهاتووى نەدات.

ڕۆژگارى بێکارى واى کردووە کە پەرەنسیپ پارە وەرگرتنە هەروەک و لە ڕابردوو ئێستاو داهاتوودا وابوو واش دەبێت و بەم شێوەیە بڕوات،چۆن دەنگى کەسەکان لە ڕێگەى پێدانى مووچەو یان هەڕەشەى بڕینى مووچەکە لە خەڵک دەکرا دەکڕان. بێگومان پێدانیشیان لە بودجەى حکومەت دەدراو هەر لەو ڕێگەیەشەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیانتوانى دەنگى زیاترو کورسى زیاتر داگیر بکەن. پارەدان و پێشکەشکردنى کەلوپەلى بەنرخ و بڕینەوەى مووچە بە کەسانکۆو ئەندامانى حیزبەکانیان کڕین و فرۆشتنى دەنگەکانە لە حزبەکاندا.
لە کاتێکیشدا ئەگەر بودجە نەدرێت بە حزبەکان و ئەوانیش مووچە نەدەن بە ئەندامانیان،ئەوا بە تەواوەتى ماهیەتى ئەندامێتى حزبەکان بە تەواوى بۆ کەسانکۆکان و سکرتێرى حزب و حزبەکەش دەردەکەوێت.دابینکردنى خۆشگوزەرانى بۆ خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، دابینکردنى ژیانێکى شایستەى سەردەمیانەیەو هەرکەس بەپێى پێوویستى سەردەمەکەى بەهرەمەند بێت لە بودجەى وڵاتەکەى و ئەمەش ئەبێت هەموو ئەندامانى کۆمەڵگا بە کەس و کارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و کەم ئەندامانەوە، هەموو کەس وەک یەک دەستیان پێ ڕابگات.

نەوەک و زیادکردنى لە سەدا چەندى( %)مووچەکەى،کە بەشى خێزانێکى سێ(3) ئەندامى نەکات لە خێزانى شەهیدان و، یان کەم ئەندامان کە توێژێکى کۆمەڵگەکانن و لە هەمووان زیاتر پێویستیان هەیە کە کەسایەتیان دانەبڕاوبێت لە هەر یەکێک لە ئەندامانى کۆمەڵگاکەى،لە ڕێگەى چاک کردنى هەلومەرجى ژیانیان و بەپێى بەدەست هاتووەکانى سەردەم حسابیان بۆ بکرێت،واتا ئەو چەند لە سەدەى کە زیاتر دەکرێت لە بودجەى (٢٠١٠) لەمووچەکانیان، نابێتە هۆى باشکردنى هەلومەرجى ژیانیان و هەروەها ئەوەى ترى کە بۆ کۆمەڵگاش زیاد بکرێت هێشتا لە ئاستى پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى ژیانێکى سادەو سەرەتایى نییە، باشکردنى هەلومەرجى ژیانى ئەندامانى کۆمەڵگا پێوویستە هەموو ئەندامانى کۆمەڵگا بێ جیاواز کردنەوەو بە یەک چاو بە یەک ئاست هەوڵ بۆ باشتر کردنى ژیانیان بدرێت.

نەوەکو کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکى تر جیاواز بکرێتەوەو ئیمتیازى زیاتریان پێ بدرێت و ژیانیان لە سەروو ئاستێکى بەرزترى ژیانى کۆمەڵگاوە بێت.بەم پێیە بودجەى (٢٠١٠) بودجەى خەڵک نابێت. لەبەر ئەوەى (٣٠هەزار) دینار ببێت بە(٥٠هەزار) دینار یان(٥٠هەزار) دینار ببێت بە(١٠٠هەزار) ناتوانێت پێویستى مانگانەى یەک کەم ئەندام بە شێوەیەکى زۆر زۆر سەرەتایى پڕ بکاتەوە. جا ئەوانەى کە دەیانەوێت هاوسەرگیرى بکەن و یان هاوسەرگیریان کردووەو یەک یان دوو منداڵیان هەیە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت پێداویستیەکانیان پڕ بکەنەوە، ئەگەر منداڵەکانیان نەخرێتە ژێر نەیرى کارى سەر جادەو کارى تاقەت پڕوکێنەوە،کە هێشتا هێزى کارى منداڵ بە شێوەیەکى جیهانیانە بە هەرزانتر لە کارى گەورەکان دەکڕێت،ئەمانەش پێشێل کردنى مافى بێ ئەملاو ئەولاى منداڵانەو سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات و سیستەمى حکومەتەکان و پلانى ئابوورى کۆمەڵایەتیەکەى.
لە لایەکى ترەوە بڕینى لە سەدا دەى(١٠%)ى موچەى پەرلەمانتاران و وەزیرو پلە تایبەتەکان. نابێتە هۆیەک بۆ دابینکردنى دادپەروەرى لە کۆمەڵگاى هەرێمدا، کە پێویستە کۆمەڵگاکان دادپەروەرى لە پێش هەموو ئەرکێکەوە دابنێن و لەبەر چاو بگیرێت. واتا هێشتا مووچەى ئەندام پەرلەمان و وەزیرو سەرۆک و پلە تایبەتەکان، ئەوەندە زۆرە کە ئەوان لە سەروو هەموو کۆمەڵگاوە ژیان دەگوزەرێنن و زیاد لە پێوویستى بەدەست هاتووەکانى مرۆڤایەتى ژیانیان لە خۆشگوزەرانیدایە. ئەگەر بەپێى دادپەروەرى بێت، دەبێت ئەوانیش وەک موچەو دەرماڵەو خانەنشینى بەپێى ئاستێک بێت کە ژیانى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى پێویستى پێیەتى و بۆ هەموو ئەندامانى کۆمەڵگا وەک یەک بێت.

لەبەر ئەوە کاتێک کە وەزیرو ئەندام پەرلەمان و سەرۆک و سەرۆک وەزیران کۆتایى بە ژیانى بەڕێوەبردن و جێبەجێکارى دەهێنن،دەبێت کە تواناى هەبوو تەمەنى لەژێر تەمەنى خانەنشینیدا بوو بگەڕێتەوە سەر پیشەکەى پێشووى خۆى و دوایى لەوێوەو لە ڕێگاى تەواوبوونى ژیانى کارکردن و خانەنشینى بوونى بەپێى موچەکەى و پێویستى ژیانى خانەنشین بکرێت. نەوەکو بە پلەى وەزیرى و یان ئەندام پەرلەمان یان هەر پۆستێکى ترى تایبەت خانەنشین بکرێت. چونکە لە دواتردا هەموو بودجەى هەرێم بەشى پێدانى خانەشینى وەزیرو سەرۆک و ئەندام پەرلەمان و پلە تایبەتەکان ئەگەر بکات،لەوانەشە بە تێپەڕبوونى کات کورت هێنان بکەوێتە بودجەى ساڵانەى هەرێمەوە لە ڕێگەى پێدانى ئەو موچانەى خانەنشین بوونى وەزیرو سەرۆک و ئەندام پەرلەمان و پلە تایبەتەکانەوە.

خانەنشین کردنى دادپەروەرانەى هەموو ئەندامانى کۆمەڵ دەبێت بە یەک پلەو بەیەک ڕێژەى پێوویستى ژیانى خێزانەکانیان جێبەجێ بکرێت.لەم سۆنگەیەوە بڕینى لە (١٠%) لە سەدا دەى مووچەى وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمان و سەرۆک و پلە تایبەتیەکان نابێتە هۆیەک لە جێبەجێ کردنى دادپەروەرى و باشتر کردنى ژیانى کەسانکۆ دیسانەوە بودجەى (٢٠١٠)ش بودجەى خەڵک نیەو بۆ خەڵکیش ئاسودەیى ناهێنێت.کاتێک 3 ترلیۆن و ٥٤٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەى وەبەرهێنان تەرخان دەکرێت،پڕۆژەکانى وەبەرهێنان زیاتر لە درووست کردنى خانووبەرەدا خۆى دەبینێتەوەو هەموو کەسیش ناتوانێت دەستیان پێدا ڕابگات، لەبەر بەرزى نرخەکانیان و نەبوونى پلانى نیشتەجێ بوونى کۆمەڵ،ئەم پرۆژانە ناتوانن بە تەواوى یان هەر هیچ نەبێت سووچێک لە پیشەسازى کردنى هەرێم بگرن و ژێرخانى کۆمەڵگاى هەرێم ببەنە ئاستێک کە دڕ بە ڕابردووى پاشا گەردانى پیشەسازى بدات. لەبەر ئەوەى (٣٠ملیار)دینار ناتوانێت بەشێک لە پیشەسازى بوونى ئەم هەرێمە بە ئەنجام بگەیەنێت، یان هەر هیچ نەبێت ئەو بڕە پارەیە بتوانێت کارگەیەکى باشى پێ جێبەجێ ببێت و کۆمەڵێک لە بێکاران بخاتە سەر کارو لە ڕێگەیەوە وردە وردە هەر هیچ نەبێت پشت بە بڕێکى کەمى بەرهەمى ناوخۆیى ببەسترێت. یان ئەگەر ئەو بڕە لە پارەیە کە لە بانکەکاندا دادەنرێت ناتوانێت تەمویلى کەرتى تایبەت بکات بۆ ئەوەى هەوڵێک بێت لە پێناو پیشەسازى کردندا.بێجگە لە ڕێگریەکانیش وەک ئەوەى کە کەسى بە ئەزموون و شارەزا دانانرێت لە پلان ڕێژى بۆ پیشەسازى بوونى هەرێمەکە.

لەلایەکى تریشەوە دەبێت لە هەموو پرۆژەکاندا ئەگەر تۆزێک لە پرۆژەى بچووک زیاتر بێت دەستێک لە پشتیانەوە هەبێت،ئیتر ئەندامى حزبە یان ئەندامى حکومەتە ئێستا وەک مەرجى جێبەجێ کردنى لێ هاتووە. واتە نە بازاڕ بازاڕى ئازادەو سەربەخۆیە لە دەستێوەردان و نە ئەوەشە کە حکومەت دەست بەسەر سەرچاوەکەدا بگرێت و خۆشى جێبەجێکارى پرۆسەى بە پیشەسازى کردنى ووردە ووردەى ناوچەکە بێت (مەبەست حکومەتى هەرێم)ە.هەروەها ئەمەش دەبێتە هەوڵێک لە پێناوى گۆڕینى پەیوەندى کۆمەڵایەتى و دانانى پەیوەندیەک تیایدا ڕەگى کۆن وەکو پەیوەندى کۆن و دواکەتووانە بگۆڕێت بە پەیوەندیەکى کۆمەڵایەتیانەى نوێتر لە ڕابردوو،ئەرکى حکومەتە ئەمە جێبەجێ بکات. بەڵام لەوە دەچێت مانەوەى هەل و مەرجى ژیانى ئابوورى کۆمەڵ بەم شێوەیەى ئێستا لە سوودى کاربەدەستانى حکومەت بێت.

لە لایەکى ترەوە کەرتى کشتوکاڵ و بوژاندنەوەى دەبێت لە بوژاندنەوەى گوندەکانەوە سەرچاوە بگرێت. هەر لە درووست کردنى قوتابخانەى پێوویست و نەخۆشخانەو چاک کردنى ئاوو ئاودێرى و ڕێگاوبان، گوندەکان ئینجا ئەتوانن کار بە ئەندامانى گوندەکان بکەن و بەرهەم هێن بن. دەبێت منداڵەکانیان لە مافى خوێندن و تەندرووستى بێبەش نەکرێن تا هەستى نەچێت بە لایەکدا کە دابڕاوى ناو کۆمەڵگاى بکات. دەبێت جۆرى چاندن و بەرهەمهێنانیان بۆ چاک بکرێت تا بتوانن لەو ڕێگەیەوە پێداویستى ڕۆژانەى ژیانى خۆیان بەدەست بهێنن.

زیادکردنى بەرهەم لە ڕێگەى چاک کردنى جۆرو چاندن و ئاوو ئاودێریەوەو هەروەها وەرگرتنیان لە ڕێگەى درووست بوونى کارگەى لە قتونان بێت لە ناوچە جیا جیاکانداو بە پیشەسازى کردنیشى بەشێکى گرنگى زۆربوون و چاک کردنى جۆرو بڕى بەرهەمە.پێشینەى خانووبەرە لە پێشترو دواتریشدا ناتوانێت و نەیتوانیوە،کۆمەکى باش و بار سووکى بێت لەسەر شانى بێ خانووەکان،لەبەر ئەوەى هەرچەند پێشینە دەدرێت ئەوا نرخى کەلوپەلەکانى درووست کردنى خانوو دەچێتە سەرەوەو هەروەها نرخى زەویش کە جارى وا هەیە لە ئەنجامى درووست کردنى خانوویەکداو لە ڕێگەى بەرزبوونەوەى کەلوپەلەکانى پێکهێنەرى خانووبەرەدا،لەو بڕە پارەیە زیاتر دەڕواتە سەرەوە کە وەک پێشینە دەدرێت بە خاوەنى زەویەکان، یان ئەوەى زەوى دەکرێت لە زۆرترین حاڵەتەکانیدا لە سەدا بیستوپێنج(٢٥%)و زیاتر نرخى پارچە زەوییەک لە نرخى خۆى دەچێتە سەرەوە. واتا بۆ خەڵکى سفرى بە دەستەوە دەبێت. لەبەر ئەوەى دەبێت حکومەت زۆرترین کەلوپەلى پێکهێنەرى خانوو بە نرخێکى هەرزان و گونجاو بۆ خەڵک دابین بکات تا بتوانن سوود لە پێشینەى خانوو بەرە وەربگرن. لەم سۆنگەیەوە بێ پلانییە لە دەزگاى حکومەت و وەزارەتى پلان دانان و دەزگاى وەبەرهێناندا،لەبەر ئەوە کاتێک خەڵک شتێک یان بڕێک پارە وەردەگرێت لەولاوە بە دوو ئەوەندە لێت دەسەندرێتەوە.

سەیرو سەمەرەیە کاتێک کە پڕۆژەیەک دەردەچێت بڕى پارەى پێوویستى بۆ تەرخان نەکرێت و دواترو لە ساڵێکى تردا بودجەى تەکمیلى (تەواوکارى) بۆ دابنرێتەوە. هەر کاتێک هەر پرۆژەیەک لە هەر ساڵێکدا دەکەوێتە بەر باس و خواستى جێبەجێ کردن و دامەزراندنیەوە بڕى پێویستى لە بودجەى ئەو ساڵە بۆ دادەنرێت و دەبێتە پڕۆژەى ئەو ساڵە واتا هەر پڕۆژەیەک لە هەر ساڵێکدا دەردەچێت بودجەى پێویستى خۆى لە بودجەى ئەو ساڵە بۆ حساب دەکرێت و بۆى جیا دەکرێتەوە. چونکە بەپێى هەر پرۆژەیەک لە بودجەى هەر ساڵێکدا لە بانکى تایبەتى خۆیدا دادەنرێت و لە وەزارەتەکەیەوە سلفەى بۆ ڕادەکێشرێت.
واتا هەر کاتێک لە ساڵى ڕابردوودا پرۆژەیەک کەوتە بوارى جێبەجێ کردنەوە. نابێت لە ساڵێکى تریشدا لە بودجەى حکومەت جارێکى تر پارەى بۆ تەرخان بکرێتەوە، بە ناوى تەکمیل و تەواوکاریەوە لەبەر ئەوەى هەر پرۆژەیەک دەردەچێت. بڕى تێچوونى و ماوەى تەواوبوون و ڕوو پێوى زەویەکەى و ناوى ئەندازیارى جێبەجێکارو سەرپەرشتیارو دیزاین کارى و بەڵێندەرەکەى و کۆمپانیاکەشى دەنووسرێت. بەپێى بەڵێنامەى جێبەجێ کردن و لێک گەشتن و ئەوەش دەنووسرێت بۆ مەبەستى چى بەکار دێت و کام وەزارەت واژۆى بەڵێنامەکەى کردووە.

ئیتر ئەو بڕى ٢ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینارەى کە بە ناوى تەمویلى پڕۆژە بەردەوامەکان تەرخانکراوە، چەپ و گوم کردنى ئەو بڕەیە بەملاو ئەولاداو ناشزانرێت ئەچێتە چ ئەشکەوتێکەوە.لەبەر ئەوە بۆ ئەبێت ئەو بڕە پارەیە بۆ پڕۆژەکانى ساڵانى ڕابردوو دابنرێت،ئەى ئەگەر ئەمە دادەنرێت، ئەو بڕە پارەیەى کە دانرابوو بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان ئەو ئێستا لە کوێدایە.لەبەر ئەوە کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێم، هەمان ناوەڕۆکى کابینەکانى پێش خۆیەتى لە کردەیى کردنى سیاسەت و بەرنامەو پلانەکانى و لە دابەشکردنى پڕۆژەو پارەو پوڵى بودجەى (٢٠١٠)داو ئیتر بە شێوەیەکى کەم و زۆریش بێت. لەبەر ئەوە خۆشگوزەرانى بۆ ژیانى خەڵک ناهێنێت و ناتوانێت کوردستان ئاوەدان بکاتەوە.
ئەمەش خەمى هەریەکێک لە ئەندامانى کۆمەڵگاى هەرێمە،تا بەهۆیەوە کارێکى تیایدا دەست بکەوێت.بێگومان ئاوەدان کردنەوە تەنها دامەزراندنى پڕۆژەى بیناسازىء درووست کردنى باڵەخانەو خانووبەرە نییە. بەڵکو بوژاندنەوەى ژێرخانەو درووست کردنى ژێرخانێکى ئابوورى پیشەسازیانەیە بۆ کۆمەڵگا شان بە شانى بوژاندنەوەی کشتوکاڵیش. لەبەر ئەوەى درووستکردنى خانووبەرەو باڵەخانەى نیشتەجێبوون و بەکرێدانیان بە ئەندامانى کۆمەڵ،یان بەیان و ڕیکلامى فرۆشتنى یان لە ڕێگەى قیستى مانگانەو ساڵانەوە، دەبێت خاوەن پێداویستی خانوبەرە(کرێچی) کارێکى هەبێت و توانایەکى دارایى هەبێت تا بتوانێت پارە بدات بە سەرچاوەى بەکرێدانەکە.

چونکە هەر کاتێک کە شتێک وەردەگریت ئەگەر توانای دانەوەیت نەبێت ناتوانیت وەریبگریت. هەر وەکو ئەوەى کە ئێستا لە هەرێمى کوردستاندا دەبینرێت.کاتێک کە کۆمەڵێکى زۆرى گەنجان لە نێرو مێ بێکارن، تواناى درووستکردنى هاوسەرگیریان نابێت و ناتوانن گۆڕان لە ژیانى ڕابردوویاندا بکەن و لە چوارچێوەى شوقەیەک یان خانوویەکى بچووک هەتا بەکرێش بێت بژێین. لەبەر ئەوەى بێکارى و نەدارى ناتوانێت، ئەو پەیوەندیە دابین بکات. لەبەر ئەوە بەشێک لە مرۆڤى ناو کۆمەڵگەى هەرێم خۆیان بە نامۆو نا پەیوەست بە کۆمەڵگاو چوارچێوە جوگرافیاکەیەوە دەبینێتەوە.لەبەر ئەوە بودجەى(٢٠١٠)بۆ خەڵک ئاسودەیى ناهێنێت.

نەجمەدین فارس
٢٣/١/٢٠١٠

Previous
Next
Kurdish