پەزمەندەکردنى یاداشتەکان … ئەحمەد حاجى سامى
“لە خۆشەویستیدا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. خەڵک دەیهەوێ واڕەفتار بکەی، کە هیچ کێشەیەکت نییە. بەڵام، خۆشەویستی کێشەیە”. دێسەمبەرى ٢٠١٩
لەناو دەمارەکانمدا، شیعرێک پیاسە دەکات. شیعرێک، تژى لە نەمرى، لە گرێ، لە ئاڵتوون. بە ئاوریشم، شیعرە جوانەمەرگەکانى سەر لاشەت، پاقژ دەکەمەوە. عەتتر لە شیعرەکانت بێزارە. لە بەهەشتە بچووک و بەجێماوەکەى منداڵیت، سەرینى فاحیشە خانەدانەکانت پێدام. بە چەرچەف، شیعرەکانمت شاردەوە. سەودات بە جەستە سڕبووەکەم و جلە دڕاوەکانم کرد. ئاو و قەوزەى پیسى زۆنگاوەکانت دەردخواردام. فرێتدامە بەردەم دوژمەکانى خودا. بەدواى خێوە خنکاوەکانى دوینێم کەوتم. خووەکانم لە خۆمدا، داماڵى. وەکوو بۆقێکى وەڕز، لە قەرەباڵخی کتێبخانەکان هەڵاتم و پاشماوەى زێرابەکانم لە گیرفانم کۆکردەوە. دەزانم هەموو شتێک لەوە خراپتر دەبێت… ئەوەندە بێدەنگ بووم، بەرگەت نەگرت. هاتى و گۆڕەکەمت ئاوەژوو کرد. سەمات بە ڕیخۆڵەکانم کرد. لافیتەکانت لێسەندمەوە. شیعر پارچەبووەکانمت وەک تاوانبارێک، لە باخەڵت ئەسیر کرد. لە بەندینخانەى ناو پێلاوەکەت، لێوەکانمت زنجیر کرد. هەرگیز گللەییت لێناکەم. بەڵام، لە شەوێکى تەمى سارددا؛ نۆتە لەرزۆکەکانى نێو باوەشت دەکوژم. دەبمە ژەنڕالێکى دڕندە و ئایندەت گوللەباران دەکەم. گەردەلوولێک، پڕ لە شیعرى مردوو، پڕ لە خوێنى سپى، پڕ لە بارووت، بە خەونەکانم دەتەقێتەوە: شپرزەم… سەیرکە، چۆن بوومەتە فاڵچییەکى پیر و گەمە بە سێبەرى گۆچانەکەم دەکەم. كە دەگەڕیمەوە بۆ رابردووم و پارچە ونبووەکانم دەهێنمەوە. منیش کە قەرزى پینەچییەکانم پێنەدراوە، چەقۆ لە تەقەڵى برینەکانم دەدەم. لە مەڕاسیمى ناشتنى دەستەکانتدا، کڕنووش بۆ خوداکەت دەبەم. کڵگۆى حەزرەتەکانت دەشکێنم و فوو لە فانۆسە خیانەتکارەکەت دەکەم: توورەبە، تا دەتوانى تووڕەبە…
بکوژ
گومڕا بووین؟ بە شیعر کەلەپچەت کردم. منت کوشت. وەک پەپولەیەکى شەکەت، مۆمیات کردم. ئەو تەرمانەت ناشت، کە یارییان لەگەڵ دەکردم. ئەو پەنجانەشت قرتاند، کە بانگى مەرگیان دەکرد. گۆرانییەکات لێسەندمەوە. گوێچەکەکانمت وەک میوەیەکى بۆگەن، وشک کردەوە. زمانمت لە دڵم دەرهێنا. بۆئەوەى چیدى جنێو بە زەردەواڵە ئیزعاجەکانى کەلێنى کتیبەکان نەدەم. بە کەفى دەستى سۆزانییەکان، نینۆکەکانمت بسمیل کرد. واتدەزانى گومڕام و نابێ سوێند بە پیرۆزى قوببە و منارەکان بخۆم. بەڵام، مرۆڤبووم. مروڤێک، لە پرسیار و گومان.
دۆزەخ
بە ڕێدا دەرۆشتى و شیعرت لێدەکەوت. قیامەت و دیوار و قامچییت پێناساندم. کەوتم… لەنێوان داهاتوو و زەمەندا. لەنێوان خامەیەکى خەسێندراو و وەهمێکى نەزۆکدا. شیعریان پێفرشتم. ئێسقانەکانیان بەدیارى دامەوە. لە درزى شیعرێکى کورتدا؛ یادەوەرییەکانى دۆزەخم بۆ سەفتە کردى. کە هەڵمى سەر جەستە سووتاوەکانم دەبینى. کە قیژەى کیژ و دەروێشەکان لە گوێمدا دەزرینگايەوە. ئاگر، کڵپەکانى خۆى، بە شیعر ژیر دەکاتەوە.
پەیکەر
دەستت بە مەمکەکانتەوە نووساندبوو. بەسەر تاڵە وەریوەکانى سەرمدا خڵیسکاى. ترست لە شیعر هەبوو. شەرمت لە ڕاوچییەکان دەکرد. لەناو زبڵدانەکاندا گەورە بووى. بەڵێنتدا: ئەگەر دووبارە لە دایکبوویەوە، زەمیلەیەک بەختیارى و خورى ملپێچەکەتم بۆ بهێنییەوە. پازماندەدا… بارانم بۆ خاوین دەکردیەوە، ئاوازم بۆ شەوەکانت دادەنا، ئایەتەکانم بۆ دەژماردى. لێرەدا، خودامان لەگەڵ نەبوو. ویستت بفڕیت. بەڵام، درەنگ لە دووروویی هاوڕێ ئەستێرەکانت تێگەیشتى. درەنگ دەستت بە قژت داهێنا. درەنگ خۆڵەمێشییەکەى منت بە با بەخشى. درەنگ فێرى درۆ بووی… هێندە خەمگین مەبە، هیچ جوانییەک نامێنێتەوە. ئەوەى بۆ ئەبەد دەمینێتەوە، خوێن و برینە.
دەفتەر
سەدان حەرفت شەهید کرد. بوویە جادووگەر، وڕێنەت بۆ پەنجەرە و یەخت و ملوانکەکان دەکرد: شیعر روانینە لە داهاتوو. هەموو شتێک، لە تۆ پاکتر و جوانترە… جگە لە تەنهایی، هیچ شتێکى تر نییە، ئەرشیفى بکەیت. جگە لە تاریکى، هیچى دیکەت نییە، شانازیی پێوەبکەیت. سەرزەنشتى دەستە خوێناوییەکانم مەکە. قەڵغان و خەنجەرەکەتم پێبدە. وەک ئەفسانەیەکى لائیک، هەرگیز لە گوناهەکانم خۆش مەبە. خودایەک، لەو نزیکانە هەیە.
ئاسمان
بە قەترەیەک ژەهرى دامێنى کراسە پەڕۆیینەکەت، مردنت پیرۆز کردم. لە درەختەکان زوویر بووم. بە دزی منەوە؛ تورەگەکەى شانمت دڕاند. نهێنییەکانمت لە جزمەکەت حەشاردا. لەگەڵ خوداکانى سەرزەمین، فەرامۆشت کردم. دەنگێک، خۆى لە گەردەنت دەئاڵێنێت: چاوەنواڕى پێغەمبەرێکى ترى زیندووببێتەوە؟ بەڵام، هیچیان ناتوانن فرمیسکەکانت بسڕن. لێرە، بەشەرێک هەیە، چیدى ئازارەکانى بۆ زەخیرە ناکرێت. کە پشت لە زەردەخەنەکەم دەکەی. کە هەموو دەرگەکانم بەڕوودا دادەخەى. کە زامەکانم دەبنە مۆرى ڕەش ڕەش. کە هەمووتان پێمدەڵێن: تۆ لە رەچەلەکى ئێمە نیت، من دەگەڕێمەوە ئاسمان.
شار
لەناو دووکەڵ و جەنجاڵى ماشێنەکاندا، جێتهێشتم. بە شیعرت سپاردم. کە شیعر، شەڕکردنە لەپێناو مانەوەدا. کە لە بەرماوەى گۆمەکانم دەخوارد و بۆنى جۆگەى مزگەوتەکانم لێدەهات. بینیم، باڵندەکان لە سەفەر گەڕانەوە. فریشتەکانیش بە دەستە تەزیوەکانیانەوە؛ بۆ ئەزموونکردنى ژیان، هاتنەوە. بەڵام، تۆ ڕاتکرد… ئاوڕتداوە و بۆ دواجار بە شکستەکانم پێکەنى. وەک شاگردێکى تەمبەڵ، سزاتدام. کە تەنها ستایشى پاڵەوانى نێو چیڕۆکەکانم دەکرد. کە من بڕوام بە ژیانێکى دیکە هەبوو. ژیانێک، بێحەشیش. بێشمشێر. بێ تەنهایی. بێترس و تۆقین. ئیدى کاتیەتى ئەو بایکۆتى فرمێسک و دوورییە بشکێنین. کە دووبارە بە شیعر، شۆڕشمان هەڵگیرساندەوە، تفەنگ و فیشەکدانەکانت بۆ هەڵدەگرم. بەدەم پەیڤینێکى ساردەوە، بۆت پەزمەندە دەکەم: ناتوانى بۆ هەمیشە شار چۆل بکەیت، چونکە، مرۆڤ بەرهەمى شوێنە.