Skip to Content

ئەزمونی چین،سۆڤیەت و کوبا:ئایا دەستەبەری خۆشگوزەرانی لەگەڵ ئازادیدا لە ناکۆکیدایە؟

ئەزمونی چین،سۆڤیەت و کوبا:ئایا دەستەبەری خۆشگوزەرانی لەگەڵ ئازادیدا لە ناکۆکیدایە؟

Closed
by ئاب 16, 2021 General, Opinion

گفتوگۆی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگیڕانی کاوە عومەر

لەم نوسینە لەسەر بنەمای دەقی چاوپێکەوتنیک لە کەناڵ جەدید نوسراوەتەوە

خەلیل کەیوان:
بەسەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان لە وڵاتانی سۆڤیەت و چین و کوبا چاکسازیەکی هەمەلایەنە لەبارودۆخی ژیانی خەڵکیدا ڕویدا.خزمەتگوزاریە خۆشگوزەرانیەکان بەشێوەیەی فراوان لە بوارەکانی پەروەردەو تەندروستی ونیشتەجێبوندا لەم وڵاتانە ئەنجامدراوە.بەشیوەیەک کە لەزۆر مەیداندا خزمەتوزاریە گشتیەکان لە دەوڵەتانی خۆشگوزەرانی ڕۆئاوا زیاتر بووە.بەڵام ڕاستیەکی تری ئەو وڵاتانە کە نکوڵی لێ ناکرێت ئەویش نەبونی یان سنوردار بونی ئازادیەکانە.بۆچی بەو شێوەیە؟ ئایا لە ڕژێمی کۆمۆنیستیدا خۆشگوزەرانی لەگەڵ ئازادیدا لەناکۆکیدایە؟ئەم پرسیارە لەگەڵ حەمید تەقواییدا دەخینە ڕوو؟

حەمید تەقوایی،لە سەدەی نۆزدەهەم وبەشێکی گرنگی سەدەی بستەمدا کۆمۆنیزم هەر تەنها لەگەڵ ئامانجی خۆشگوزەرانی و یەکسانی ئابوری هاوڵاتیان نەناسرابویەوە،بەڵکو بەئازادیخوازیش دەناسرایەوە.لەنیوەی دوهەمی سەدەی بیستەم و لە دەیەکانی دواتردا بەهۆی ئەزمونە شکست خواردوەکان لە سۆڤیەت و چین و کوبا،ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە کۆمۆنیزم شکستی هێنا.سەرکوتی ئازادیە سیاسی ومەدەنیەکان لەم وڵاتانە نەدەشاردرایەوە.خەڵکی لەڕۆژئاوا لە ئازادیەکی زیاتر بەهرەمەندن.بۆچی لەم ڕژێمانەدا چاکسازی و خۆشگوزەرانی لەگەڵ ئازادیدا دژ وەستاون؟

حەمید تەقوایی:
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەو ڕژێمانە کۆمۆنیستی نین.سەرباری ئەوەی کەناوی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمیان لە خۆیان ناوە ئەو نمونانەی کە باست کردن هیچ پەیوەندیەکیان بە کۆمۆنیزمەوە نەبوە.بنەمای کۆمۆنیزم هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی بەکرێیە،لەناوبردنی چەوساندنەوەیە،لەڕژێمی سۆسیالیستیدا هیزی کار ئیتر کاڵا نیە و ژیانی خەڵک بۆ ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی ڕۆژی ٨کاتژمێر کار ناکرێتە بارمتە.کۆمۆنیزم بەر لەهەر شتێک واتە دەستەبەرکردنی ژیان ئەبێت ئیش وکار لە ژیان جیابکریتەوە واتە هەموو هاوڵاتیان ئەبێت ژیان و خۆشگوزەرانیان سەربەخۆ لە جۆری کارو کاتژمێری کارەکانیان لە ئاستی پێشکەوتوترین ستانداردەکانی ئەمڕۆدا دەستەبەر بکرێت.کۆمۆنیزم لەسەر ئەمەیە.لەهەمان کاتدا کۆمۆنیزم زامنی فراوانترین وهەمەلایەنەترین ئازادیەکانە بەو دەلیلەی کە مرۆڤایەتی لە ناچاری ئابوری ڕزگار دەکات.تۆ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ناچاریت کاربکەیت یان لە ڕاستیدا هێزی کارەکەتان بەخاوەن سەرمایەکان بفرۆشن تا بتوانیت بەزیندوی بمێنیتەوە.و ئەم ناچاریە لە گەڵ خۆیدا هەزارویەک هەڵاواردن و تەنگانەی تریش دێنێت.لەسەردەمی ئێمەدا هەڵاواردنی میللی و ڕەگەزی و نەژادی و ئاینی ونەتەوەی وهتد وهتد وبێ مافی جەماوەری خەڵک هەمووی لەم کۆیلەیەتیەوە سەرچاوە دەگرێت.کۆمۆنیزم لەگەڵ لەناوبردنی ئەم زۆرەملێیە ئابوریەدا قوڵترین وهەمەلایەنەترین ئازادیەکان دەستەبەردەکات.

لەسەر ئەم بنەمایە هیچ کام لەم ڕژێمانەی کە تائێستا لەژێر ناوی کۆمۆنیزمدا دامەزراون کۆمۆنیست نەبون ونین ئەم ڕژێمانە لە ڕوی دەستبەرکردنی ئازادیە سیاسیەکانەوە دەکەونە ڕیزی کۆتای ڕیزبەندی ڕژێمە کاپیتالیستیەکان.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کەلەم وڵاتانەدا جۆرێکی تایبەت لە سەرمایەداری،واتە سەرمایەداری دەوڵەتی لەژێر ناوی کۆمۆنیزمدا دامەزرا.شۆرشی روسیا شۆڕشێکی سۆسیالیستی بوو وە ماوەیەکی کەم دوای سەرکەوتنیش لەم لایەنەوە بەرەوپێس ڕۆشت بەڵام پاش مەرگی لینین هێڵی پێشەسازی کردن بەسەر حزبی بەلشەویک و دەوڵەتی ڕوسیەدا زاڵ بوو وە بویە ڕژێمێکی سەرمایەداری دەوڵەتی.بەگشتی ڕژێمی ئابوری لەو وڵاتانەی کە هەتا ئیستا خۆیان ناوناوە سۆسیالیزم،وەک هەموو ڕژێمە کاپیتالیستیەکان.لەسەر بنەمای چەوسانەوەی کرێکاران بنیاتنراون لەگەڵ ئەو جیاوازیەی کە خاوەنی سەرمایەکان لەجیاتی کەسان وکۆمپانیا تایبەتەکانبن دەوڵەتە.هەر بەو هۆیەوە لەم جۆرە وڵاتانەدا بیرۆکراسیەتێکی گەورە دروست دەبێت کە بۆ مومارەسکردنی باڵادەستی خۆی ناچارە کە بەربە ئازادیە مەدەنیەکان وئازادی سیاسی بگرێت و یا تا ڕادەیەکی زۆر سنورداریان بکات.

لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە سەرمایەداریە دەوڵەتیە توانی هەنگاوی بەرادەیەک فراوانی خۆشگوزەرانی بنێت،کە.خزمەتگوزاری دەوڵەتی لەم وڵاتانە زۆر زیاتر لەخزمەتگوزاریەک بوو کە تەانەت لە وڵاتانی خۆشگوزەرانی وەکو ئەسکندیناڤیای دەیەی شەست وحەفتاکاندا ئەتبینی.بۆ نمونە بەڕەسمیەت ناسینی مافی ژنان یان بیمەی بێکاری و دابین کردنی شوینی نیشتەجی بون و تەندروستی وخویندنی خۆڕایی و هاوشێوەی ئەوە هەر لەو وڵاتانەدا کە بەنمونە باستکردن،بەتایبەت لە بلۆکی سۆڤیەتی پێشوو و کوبا وچیندا هەر ئەمڕۆ،زیاترو گشتگیرتر لە وڵاتانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد دابین کراوە.چاوپێکەوتنێکم بینی لەگەڵ یەکێک لە دانیشتوەکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی پێشودا ئەنجامدرابوو خەمی بۆ ئەو ڕۆژانەدەخوار کە تێیدا کیشەی شوینی نیشتە جێبون و خوێندن و تەندروستی و دابین کردنی ژیانی پاش خانەنیشینی نەبوو.وەک دەرئەکەویت ئەم بارودۆخی خۆشگوزەرانیە لەگەڵ ئازادیدا تەنانەت بەو مانایەی کەلە ئەڵمانی ئەمڕۆدا هەیە ناکۆکە بەڵام بەشێویەکی واقیعی ئەم ناکۆکیە هیچ پەیوەندی بەکۆمۆنیزم و سۆسیالیزمێکەوە نیە کە لەبلۆکی شورەویدا بونیان نەبوە .

خەلیل کەیوان:
نزیکەی سی ساڵە کە یەکیتی سۆڤیەت هەرەسی هێناوە و لەگەڵ ئەویشدا کۆمۆنیزمی جۆری ڕوسیش تەمەنی گەشتە کۆتایی.زۆرێک لەو حزب و هێزانەی سەربەو بلۆکە بون پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو بلۆکە یان ڕاستەو خۆ بە کەمپی دیموکراسی وبازاڕی ئازادەوە پەیوەست بون یان بەو ئەنجامە گەیشتبون کە تەرازوی دیموکراسی کۆمۆنیزمەکەیان کەم بووە،ئایا لەناوچونی بلۆکی سۆڤیەت لەبەر نەبونی دیموکراسی بوو؟

حەمید تەقوایی:
بەبۆچونی من هۆکاری بنەڕەتی نەبونی دیموکراسی نەبوو،بەڵکو ئەوە بوو کەلەو وڵاتانەدا سۆسیالیزم دانەمەزرا.تەنانەت لە ڕوسیەش کە شۆڕشی سۆسیالیستی سەرکەوت بوو پاش مەرگی لینین سیاسەتی بە پیشەسازی کردن بەسەر حکومەتدا زاڵ بوو.لەو وڵاتانەدا لەکاتێکدا کە دەوڵەت بە ناوو وینەی کۆمۆنیزمەوە دەسەڵاتی بەڕێوەدەبرد هەواڵێک لە سۆسیالیزم نەبوو ئەمەش ناکۆکی بوو لەنیوان بانگەشەو ناونیشان و ڕواڵەت وتەبلیغاتی حکومەت و سیستەمی باڵادەست لەگەڵ ڕاستیەکانی هەبونیدا.بە بۆچونی من سەرچاوەی کێشەکە لێرەدایە.سەرمایەداری دەوڵەتی دەتوانێت لەژێر هەمان ناودا دروست ببێت و وە بەردەوامیش بێت بەڵام ناتوانێت ناوی کۆمۆنیزم لە خۆی بنێت و لەکردەوەدا سەرمایەداری بێت.ئەم ناکۆکیە بەو شێوەیە سەرهەڵئەدات کە دەوڵەت ناتوانێت ئازادی ئەحزاب و یا ئازادیە مەدەنیەکان بە فەرمی بناسێت.لەبەر ئەوەی لەم کاتەدا کۆنترۆڵی لەدەست دەرئەچێت.لەوڵاتانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاددا بەشە جیاوازەکانی سەرمایە ئەحزابی جۆراو جۆر پێک ئەهێنن و لە کێشمەکێشی هەڵبژاردنەکاندا ئەم حزبە یان ئەو حزبە بەنوینەرایەتی ئەم یان ئەو بەشەی چینی سەرمایەدار دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت و دەوڵەت دادەمزرێنێت.هەر بەم ڕیزبەندیە دیموکراسی پەڕلەمانی دەبێتە لۆژیک.بەڵام لە کۆمەڵگە هاوشێوەکانی سۆڤیەتی جاران و چین و کوبای ئەمرۆ کە دەوڵەت هەموو ئابوری کۆنترۆڵ دەکات.لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا هەر جۆرە ململانێیەک بەمانای ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هەموو سیستەم وکۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابوری وسیاسەتدا هەژماردەکرێت و قبوڵ ناکرێت.سیستەمی تاک حزبی لەم کۆمەڵگەیانەدا لە پێداویستیەکانی ئابوری یەک خاوەنکاریە.دەست بەسەرداگرتنی ئابوری تەرجومە دەبێت بە بەدەست بەسەرداگرتنی سیاسی و هەر بەوهۆیەشەوەیە کە ئیمە لەو کۆمەڵگەیانەدا دیکتاتۆریەتی تاک حزبی دەبینین.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە دەوڵەت و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا شکستی سۆڤیەت بە شکستی کۆمۆنیزم دادەنێن وبەو شیوەیە تەبلیغی بۆ دەکەن کە سۆڤیەت لەبەرئەوە هەرەسی هێناوە کە ئازادی نەبووە و ئازادیش وەک بازاڕی ئازادو ئازادی پیشبڕکێ پێناسە دەکەن. واتە<<ئازادی>> ئەو ئازادیەی کە بەمانای بێ مافی زۆر زیاتری کرێکار و جەماوەری خەڵکە.لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە شکستی سۆڤیەت پیشانی ئەدات کە سەرمایەداری دەوڵەتی لەگەڵ ئازادیدا ناکۆکە ونەک لەگەل کۆمۆنیزمدا کە هیچ کاتێک لە سۆڤیتدا نەکەوتە سەرپێی خۆی.

خەلیل کەیوان:
باستان لەوەکرد کە شکستی ئەزمونی سۆسیالیستی لەو وڵاتانە شکستی کۆمۆنیزم نیە ،بەڵکو شکستی سەرمایەداری دەوڵەتیە.بۆچی سەرمایەداری دەوڵەتی تەنانەت توانای دەستەبەرکردنی ئەو ئاستە لە دیموکراسی وڵاتانی پیشە سازی ڕۆژئاوایشی نیە؟لەلایەنی سیاسیەوە چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان سەرمایەداری دەوڵەتی وبازاڕی ئازاددا؟

حەمید تەقوایی:
ئاماژەم بەبیانو وفاکتەرێکی ئەسڵیدا.ڕونمکردەوە کە داسەپاندنی کۆنترۆڵی دەوڵەتی بەسەر هەموو ئابوریدا پێویستی بە بیرۆکراسیەتێکی فراوانە کەناتوانێت بەرگەی هیچ جۆرە جیاوازیەکی بۆچون و ململانێی هەڵبژاردنی نێوان حزبە جیاوازەکان بگرێت.بەڵام فاکتەر زۆر تر هەن.فاکتەرێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەو شۆڕشانەی کەلە سەدەی ڕابردودا لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خۆشەویستی وهێزی جەماوەری و ئامانجی کۆمۆنیزمدا خۆیان بە کۆمۆنیست و سۆسیالیست دەزانی بەڵام بە شێوەیەکی بابەتی و واقیعی ناوەرۆکی ئەو شۆڕشانە و ئامانجە ئیستراتیجیەکەیان پەیوەندیەکی وەهای بە کۆمۆنیزم وسۆسیالیزمەوە نیە.لە چاینەو کوبا و ڤێتنام و وڵاتانی تری ئەمریکای لاتین وئاسیای باشورو ڕۆژهەڵات شۆڕش گەلێک ڕویاندا کە لەبنەمادا لە دژی دەسەڵاتی ئیمریالیزم و هێزە داگیرکەرەکان وڕژێمەکانی پیش سەرمایەداری و فیئودالی و نیوە فیئودالی لەم کۆمەڵگەیانەدا بوو.تەنانەت لە ڕوسیا خۆیشیدا کە شۆڕشی سۆسیالیستی ڕویدا ڕژێمێکی سەرمایەداری زۆر دواکەوتوو بوو لەبەراورد بە وڵاتانی تری ئەورپا.تێکەڵەیەک بوو لە پەیوەندی پێش سەرمایەداری و سەرمایەداری پێشەسازی کە تەنانەت بەلشەفیەکانیش لەم ڕاستیە ئاگادار بون و بۆ نمونە لەو باوەڕەدا بون کە زیاتر ڕیشەی ئەم دواکەتویەی ڕوسیا لە لەپەیوەندیەکانی فیئودالیزم وتزاریزمدایە هەتا لە پەیوەندیەکانی سەرمایەداریدا.لە وڵاتی چینیش کە شۆڕشەکە بە ڕەسمی لە دژی فیئودالیزم و نفوزی هێزە ئیمپریالیستەکان بو.لە کوبا و ڤێتنامیش بەهەمان شێوە بوو.

کەوابوو هۆکارێکی گرنگ ئەوەیە کە لەم وڵاتانەی کە شۆڕش لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمدا نەک بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و کۆمەڵگە لە دەسەڵاتی سەرمایە بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەی تر ڕویداوە ئەگەرچی لەخۆیدا پێشکەتوخوازانەو بەرەوپێش چون بوو بەڵام هیچ پەیوەندیەکی بە لەناوبردنی چەوسانەوەو کاری بەکرێەوە نەبوو.ئەرک وئامانج ،ئەرک وئامانجی واقیعی ئەم شۆڕشانە و ئەوەی کەبەکردەوە ڕویدا،دامەزراندنی سۆسیالیزم نەبوو،بەڵکو گەشەی پیشەسازی و ڕزگاری لە دواکەوتویەکانی فیئودالیزم بوو.ئامانجیان سەربەخۆیی و هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و فیئودالی بوو.بەم ئامانجانەش دیسان،بەتایبەت لە چین و ڕوسیە،گەیشتون،ڕوسیەش لە وڵاتێکی ڕیزی دواوەی ڕۆژئاوای پیشەسازی بوبە زلهێزێک و چینیش ئەمڕۆ دەبینی کە بوتە هێزێکی ئابوری گەورە.ئەم گەشەی سەرمایەداریە پێوستی بەدیکتاتۆریەتێک بوو کەلەسەروترەوە ڕونکردنەوەم لەبارەیەوەدا.لەم ڕوانگەیەوە دیکتاتۆریەت لەم وڵاتانەدا بەپیچەوانەی ئەوەی تەبلغی بۆ دەکرێت پێویستی سەقامگیری و گەشەی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا و پرۆسەی بە پێشەسازی کردنیان بوو و نەک سۆسیالیزمێک کە لەبنەڕەتدا بونی نەبوو.

خەلیل کەیوان:
ڕونکردنەیەک کە ئێوە ئەیدەن لە ڕوانگی تیئۆری وزانستیەوە ئەتوانێت کەسانێک باوەڕ پێ بهێنێت بەڵام هەرچۆن بێت بەشێکی گەورە لە خەڵک ئەم ئەزمونانە بەناوی کۆمۆنیزمەوە دەنوسنەوە.ئەمە کاری ئیوە وەک کۆمۆنیست وسۆسیالیستێک ئاڵۆز دەکات.تەبلیغاتیکی پەرەسەندو لەدژی کۆمۆنیزم.ناتوانیت هەموو ئەم تەبلیغاتە بە شەڕی ساردی ناوبەریت،لەکۆتاییدانەبونی ئازادی لەم وڵاتانەدا کێشەیەکی واقیعیە.بەچ شێوەیەک دەچیتە شەڕی ئەو جبەخانە تەبلیغاتیە کە دژی کۆمۆنیستەکان لەئارادایە.کەرەستەکانی یەکسان نین.ئایا کۆمۆنیزم شانسێکی لەم جەنگەداهەیە؟

حەمید تەقوایی:
بەدڵنیاییەوە هەیە.بەهۆی ئەوەی کە حەقیقەت و ڕاستی لەگەڵ کۆمۆنیستەکانە.سەیرکە،تەبلیغاتی سیاسی باسێکەو ڕاستیەکانی ژیانیش باسێکی ترە.ئەوە ڕاستیەکانی ژیانە کە خەڵک بەو ئەنجامە دەگەیەنێت کە ڕژێمەکانی سەرمایەداری ئینسانی نین.شیاوی بەرگەگرتن نین.هەر بەو هۆیەوە هەتا لەدوای هەرەسهێنانی سۆڤیەت وڕاگەیاندنی”کۆتایی کۆمۆنیزم”سەردەمێکی تر لە بزوتنەوە جەماوەریەکان وشۆڕش مان بینی.بیرتانە کە پاش هەرەسهێنانی سۆڤیەت بیرمەندان و موبەلیغینی دونیایی سەرمایەداری کۆتایی مێژوویان ڕاگەیاند.وتیان سەردەمی هەر جۆرە ڕەخنەو بەربەرەکانێیەکی سەرمایەکۆتایی هات.هەموجۆرە بیرکردنەوەیەکی یەکسانیخوازی وئازادیخوازانەیان لەگەڵ پەیکەری لێنیندا دابەزویدا.وتیان دونیا هەر ئەمەیە کە هەیە سەرمایەداری وبازاڕی ئازاد ئەبەدین وبڕیارە دونیا ببێتە گوڵستان.بەڵام ئەم هات وهاوارەتەنانەت ساڵێک درێژەی نەکێشا. بەخێرایی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک شەڕی نەتەوەیی و ئاینی و دراوسێ کوژی لە یوگۆسلافیا و ئەفریقای باکورو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەروبوینەوە دواتریش ڕودانی لەشکر کێشیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وکوشتارو تاوانە جەنگیە گەورەکان کەلەسەردەمی جەنگی سارددا بێ وێنەبوو..بەشوێن ئەودا شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی ڕویدا و بزوتنەوەی نەوەدونۆ لەسەدەکان لە ڕۆژئاوا کە هەتا ئەمڕۆش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانێکی وەکو ئێران بەردەوامی هەیە.ئەوانە ڕاستیەکانی دونیای ئێمەن خەڵکی ناتوانن لەژێر فشاری نایەکسانی وبێ مافیدا بێ دەنگ دانیشن.سەرمایەداری جیهانی،بەتایبەت پاش هەرەسهێنانی سۆڤیەت کەبە بیانوی ڕوبەڕوبونەوەو پیشبڕکێ لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتیش ڕاوەستاوە.نیشانی داوە کە بەڕێکەوت دەسەڵاتێکی بێ ڕکابەر ئەیەوێت دونیا بکاتە چ لیتاوێک.ئەمە هەموان دەیبینن.ئەم بارودۆخە لەلایەنی بابەتی و واقیعیەوە شایستەی بەرگەگرتن نیە.شیاوی بەردەوام بونی نیە.

کۆمۆنیزم لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.کۆمۆنیزم بەمانای ڕزگار بون لە دونیایەک دێت کەلەسەر بنەمای قازانج و قازانجهێنان هەڵدەسوڕیت.ڕزگاری ئینسان لە زۆرو کۆت وبەندی ئابوری،لەبێ مافیەکان ولەو سەرکوتگەریانەی کەلە زۆرێک لەوڵاتاندا ئەنجام ئەدرێت ولەهەموشی گرنگتر ڕزگاری لە بێئرادەی ئینسانەکان سەیرکەن لەوانەیە لەوڵاتانێکی وەک ئەمەریکا یان بەریتانیا و هاوشێوەکانیان ئازادی سیاسی وئازادی حزبایەتی لە بلۆکی ڕۆژهەڵات زیاتر بێت،بەڵام لەڕۆژئاواش ئینسانەکان لە بڕیارە سساسی وئابوریەکاندا بەتەواوی بێ ئیرادەن.خەڵکی لەدیاریکردنی سیاسەت،لەدیاریکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری زال بەسەر ژیانیاندا توانای بڕیاردانیان نیە.بەڵکو شوینکەوتەی پێویستیەکانی نیزامی سەرمایەدارین.

بۆ نمونە ئەو سک هەڵگوشینە ئابوریە لەبەرچاوبگریت کە بەتایبەتی پاش شکستی سۆڤیەت هەموو وڵاتانی گرتەوە.لەڕۆژئاوا ئەم سیاسەتە بەمانای لێدان لە خزمەتگوزاریە گشتیەکان و سپاردنی هەموو شتێک بەبازاڕی ئازادە و لەوڵاتانی وەک ئێران بەمانای سەپاندنی برسێتی وگرانی وبێکاری پەرەسەندو دەست تەنگی گشتی .ئەمڕۆ نەک تەنها هەواڵێک لە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نیە بەڵکو بەڵکو دەیانەوێت پشتوێن لەگەردنی خەڵک توند بکەن.هەموو خەڵک قەرزاری بانکەکان کاتێک ڕوداوێکی بەتەواوەتی قابیلی بەرپێگرتنی وەک پەتای کرۆنا ڕوئەدات.ژیانی کۆمەڵایەتی ڕادەگرێت لەهەموو جێگایەک لەگەڵ کارساتێک ڕوبەڕو دەبینەوە.خەڵک قوربانی ئەم بارودۆخەن بەبێ ئەوەی هێج دەورێکیان لە دیاریکردنیدا هەبێت تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواشدا شێوەیەکی فەرمی هەر چوارساڵ جارێک ڕای خەڵک وەردەگرن،سەیرکەن حزبێک یان چەند حزبێکی حکومەتی کە هەمویان نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی لە سەدا یەکەکانی کۆمەڵگە دەکەن و سیاسەتەکانیشیان جیاوازیەکی وەهایان لەگەڵ یەک نیە یەکێک هەڵدەبژڕیردرێت وە ئێستە ئەوەش کە هەڵیدەبژێرن لە سبەینێیەکدا کە بەدەسەڵات دەگەن بەڵینەکانی هەڵبژاردنیان فەرامۆش دەکەن و ئیتر هەمان تاس وهەمان حەمام.لە وڵاتێکی وەکو ئێرانیشدا کە لەبنەڕەتدا هەڵبژاردنێک لەئارادا نیە بارودۆخ بە ڕادەیەکی زۆر خراپترو دژی ئینسانی ترە.

ئەمە واتە بی ئیرادەی لەڕادەبەدەری زۆرینەی ڕەهای جەماوەری خەڵک،کرێکاران و زەحمەتکێشان یا هەمان جەماوەری نەوەدونۆ لەسەدەکان.بەرگەی ئەم بارودۆخە ناگرن.ڕێگای ڕزگاری لەڕەگەوە دەرهێنانی نیزامی سەرمایەداریە.سەد دانە سۆڤیەتیش بیت وبڕوات لەو ڕاستیانە ناگۆڕێت کە سەرمایەداری سەردەمی ئێمە سەرچاوەو هۆکاری کوێرەوەری وهەژاری و هەڵاواردن و بێ مافیەکانەو ئەبێت بڕوات.ئەمڕۆ تەنانەت مانەوەی زەویش لەگرەوی لەناوبردنی ڕژێمی سەرمایەداریدایە،ئەمەش مانای پێویستی دەم ودەستی سۆسیالیزم وکۆمۆنیزمە.ئەوەی کەلە سەدەی ڕابردودا زۆرێک لە بزوتنەوەکان لە پێناو گەشەی پیشەسازی،لەدژی ئیمپریالیزم و لەدژی دواکەوتوییەکانی فیئودالیزم ئاڵای کۆمۆنیزمیان بەرزکردوەتەوە،هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە لە ڕاستیدا کۆمۆنیزم ئاڵای ڕزگاری ئینسانە،گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان،و خۆشگوزەرانی و ئازادیە بۆ هەموان.کۆمۆنیزم بەشێوەی واقیعی ئەوەیە و دونیا ڕێگایەکی تری نیەو گرنگە بەرەو ئەو لایە بجوڵیت ئەگینا نەک تەنها مرۆڤایەتی بەڵکو گۆی زەویش لەبەردەم هەڕەشەی لەناچوندایە.

خەلیل کەیوان:
ئیوە لایەنگری دامەزراندنی کۆماری سۆسیالیستین لەئێران؟چ گەرەنتیەک هەیە کە لەکاتێکدا حزبی ئێوە بەدەسەلات بگات ئەزمونی سۆڤیەت دوبارە نەکاتەوە؟

حەمید تەقوایی:
ئەزمونی شکستی کۆمۆنیزم لە سۆڤیەت و چاینە و هتد تەنها سەرچاوەی لە کارکردی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە نەگرتوە پاش بەدەسەلات گەیشتنیان،بەڵکو بەر لە دەسپێکی شۆڕش زەمینەکانی هەبووە ئەو خاڵەم ڕونکردەوە کەکاتێک ئامانجی رزگاریخوازانەی کۆمۆنیزم دێننە خوارەوە بۆ ئاستی بە پێشەسازی کردن و یا سەربەخۆی و کردنە دەرەوەی ئیمپریالیزم بۆنمونە بەدیاریکراوی کوبا و چاینەو وڤێتنام،و یا سەرکەوتن بەسەر ڕژێمەکانی پێش سەرمایەداریدا هەم دیسان هەروەک ئەزمونی چاینە و تەنانەت ڕوسیە کە ئەم خەتە لەلایەن مەنشەویکەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرا و پاش مەرگی لینین بەسەر دەوڵەتدا زاڵ بوو،بێگومان پاش بەدەسەڵات گەیشتنیش هەمان لایەنگری بەسەر بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگە و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتودا زاڵ دەبێت.باسەکە لەسەر ئەوەیە کە ئۆپۆزۆسیۆن ئەحزابی کۆمۆنیست بەچ شێوەیەک کاردەکەن و چ ئاسۆو ئامانجێک دەخەنە بەردەم کۆمەڵگە چ ئومێدو چاوەڕوانیەک پێک دەهێنن؟

ئێمە لەلایەکەوە ئەزمونی سۆڤیەتمان لەبەردەستدایە کە نزیکەی سەد ساڵ درێژەی کێشا و شکستی هێنا و لەلایەکی تریشەوە ئەزمونیکی چل ساڵەمان لە ئێران هەیە کە شێوە کۆمۆنیزمێکی تر،کۆمۆنیزمی کرێکاری ناساندوە،کۆمۆنیزمێکی بەقوڵی ئینسانی کە خوازیاری حکومەتی شورایی،بە بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لە بڕیاردان وبەڕیوەبردنی کاروبارەکاندا،کە خوازیاری گێڕانەوەی ئیرادەیە بۆ مرۆڤەکان،کە لەسێدارەدان بە کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتی دەزانێت وبۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان سەرسەختانە خەباتی کردوە،کە پابەندە بەخواستی ئازادی بێ کۆتوبەندی سیاسیەوە،کۆمۆنیزمێک کەبەخەبات لەدژی بەردەباران و ڕزگاری گیانی ئینسانەکان لە ئیعدام وخەبات لە دژی حیجاب و هەڵاواردنی ڕەگەزی،بەرگری لە مافی پەنابەران،خەبات بۆ دامەزراندنی شوراکان لە بزوتنەوەی کرێکاریدا،و خەباتی بێ وچان لە دژی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە هەموو وڵاتاندا دەناسرێتەوە.ئیمە نەک تەنها لە تەبلیغات و بەرنامەی دونیایەکی باشتردا وێنەیەکی شەفاف وڕون و بێ کەمکردنەوە لە ئازادی و یەکسانی وخۆشگوزەرانی دەکێشین و بەڵکو لەوەش گرنگتر بەدرێژایی ماوەی چالاکیمان لە هەموو بزوتنەوە حەقخوازانەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەریەک لەو ئامانج و خواستانەی بەرنامەکەمان شیلگیرانە خەباتمان کردوە،گرەنتی ئێمە کارەکانمانە.

کۆمۆنیزمی ئیمە بە قوڵی ئینسانی وڕزگاری بەخشی هەموو کۆمەڵگەیە،بەدەلیلی ئەوەی کە خەباتی هەموو ڕۆژەی ئێمە هەر بەوشێوەیە.ئەم پراکتیکە بارودۆخێکی سیاسی وئومێدو چاوەڕوانیەکی لە کۆمەڵگەدا پێکهێناوە کە بەر بە ئەزمونە شکستخوادوەکان دەگرێت.بۆ نمونە لە ئەزمونی سۆڤیەتدا بەلەشەفیکەکان لە پەیوەند بە ڕزگاری ژنانەوە زۆرچالاک بون و سیاستێکی ڕۆشنیان هەبوو و کاتیکێش گەشتنە دەسەڵات زۆرترین ئازادیاندا بەژنان.یەکیک لە یەکەمین وڵاتانێک کەلە ئەوروپا مافی دەنگدانی ژنانیان بەڕەسمی ناسی ڕوسیەی پاش شۆڕشی بەلشەفیەکان بوو.یا لە پەیوەند بە خزمەتگوزاریە خۆشگوزەرانیەکانیشەوە بەرنامەیەکی ئاشکرایان هەبوو.بەڵام لە دژی لە سێدارەدان بزوتنەوە وباسێکی لەو شێوەیە بونی نەبوو.لە سەر سزای لەسێدارەدان شەڕێک و نەبەردێک ڕوی نەدابوو وە لە ئەنجامدا لە دوای شۆرش کۆمەڵگە لەبەرانبەر لە سێدارەداندا پارێزراو نەبوو.هەر بەوهۆیەشەوە لە سیدارەدانەکان،سەرەتا لەسێدارەدانی دژی شۆڕشگێڕەکان و دواتر لە سێدارەدانی ڕابەرانی بەلشویک خۆیان بەدەستی ستالین،بەردەوام بوو.بەهەمان شێوە لە چاینە کە ئێستا خاوەنی ڕیکۆردی جیهانیە لە لەسێدارەداندا.بەڵام ئەمڕۆ لە ئێراندا کۆمۆنیزمی کرێکاری ئاڵاهەڵگری خەباتە لەدژی سزای لەسێدارەدان لەهەر بارودۆخ ولەژێر هەر بیانویەکدا.ئەوانە بە کوشتاری بەئەنقەستی دەوڵەتی دادەنێت و هەوڵ ئەدات داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە بکاتە نورمێکی پیشڕەو و ئینسانی لە هەموو دۆخی سیاسی ئێران و بۆ هەموو هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن .ئێمە چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگەمان لەگەڵ خەباتی بەردەوام لەدژی سزای لەسێدارەدان کە ئەمڕۆ بوەتە بزوتنەوەیەکی بەهێزو پەرەسەندو بەو شیوەیە بەرزکردوەتەوە کە سبەی نەک تەنها حزبی ئێمە بەڵکو هەر هێزێک بگاتە دەسەڵات ئیتر جورئەتی ئەوەناکات دەست بۆ لەسێدارەدان ببات.ئەگەر کارێکی وابکات ئەوە خۆی دەخاتە ژێر پرسیارو خەڵکی لەدژی شۆڕش دەکەن .بەهەمان شێوە سەبارەت بە ئازادی ژنان و یا ئازادیە بێ کۆتوبەندەکانی دەربڕین وبڵاوکردنەوەو حزبایەتی و یا دورخستنەوەی ئاین لە دەوڵەت ویاسا وپەروەردە وهتد،ئەوانە نەک تەنها باس و تەبلیغات بەڵکو مەیدانی نەبەردی ئیمەبووە.

ئەمەوێت بڵێم کۆمۆنیزمێک کە لەئێران فەعالیەتی کردوە.کەلەگەڵ ئینسانیەت،لەگەڵ ئازادی.لەگەڵ خەباتی کردەیی لە دژی هەڵاواردن لە هەموو مەیدانەکاندا ولەگەڵ بەرزتین شێوەکانی ژیانێکی مۆدرن و خۆشگوزەران دەناسرێتەوە.کۆمۆنیزمی دژی ئیستعماری دژی فیئودالیش پیشکەوتوخواز بوو بەڵام لە سیاسەتێک کە کۆمۆنیزمی واقیعی،لە کۆمۆنیزمی مانیفێست تا کۆمۆنیزمی دنیایەکی باشتر،نوێنەرایەتی دەکات مەودایەکی زۆر لەنێوانیاندایە.وە هەر بەوهۆیەشەوە شکستی هێنا.لە ئێرانی ئەمڕۆدا نەک لە لایەنی بابەتی سەربەخۆی و گەشەی پیشەسازی و وەستانەوە لە دژی فیئودالیزمی ناوخۆیی شوێنێکیان لە ئیعرابدا هەیە و نەلەلایەنی سیاسی کۆمۆنیزمێک کە نوێنەرایەتی ئەم جۆرە بەهایە بکات شوێنیک لە خەباتی خەڵکدا دەدۆزێتەوە.ئینسانیەت وئازادی ئینسان بناغەی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی ئێمەیە و بارودۆخی بابەتی کۆمەڵگەش تەنها ئەو جۆرە کۆمۆنیزمەی دەوێت و دەیباتە پێشەوە.

کۆمۆنیزمی کرێکاری لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی چەوساندنەوەدایە و لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ و لەپێناو گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینساندایە.و تەواوی پراکتیکی ئێمە ئەوە نیشان ئەدات.ئەوەش گرنگترین زەمانەتە.تەنها لەسەر بەرنامەی دونیایەکی باشترو تەبلیغاتی ئێمە مەکەنە موڵکلەسەرمان.کۆمەڵگە چل ساڵە پراکتیکی حزبی ئێمەی بینیوە.ئەوە پراکتیکە کە ئاستی تەوەقوعات و چاوەڕوانیەکان وئامانجەکان وئەوپەڕی ئارەزوەکانی لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەک بردوەتە سەرەوە کە نەک تەنها ئێمە بەڵکو هەر هێزێک ئەگەر بیەوێت لە کۆمەڵگەدا دەرکەوێت ناتوانێت ئەم نۆرم وئامانجانە بخاتە ژێر پێوە.

هەر بەومانایە دەتوانیت بلێت کە ئەزمونی دیاریکراوی ئێران لەم چواە دەیەی دوایدا بەتەواوی لە خاڵی بەرانبەر ئەزمونی کۆمۆنیزمی شکستخواردودا ئەوەستێ.١٣\٨\٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish