
ڕاپەرینی گەنجان و کریکاران و زەحمەتکێشان، بارودۆخێکی سیاسی نوێ ئەخوڵقێنێ لە کوردستان
گڕی ڕاپەرینی بەرهەق و شۆرشگیرانەی گەنجانی ماف زەوتکراو ، بێکار و هەژار کراو، وە جەماوەری کریکار و کارمەندان و مامۆستایان و ستەمدیدەی کوردستان، لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی هەردوو پارێزگای سلیمانی و هەڵەبجە، کڵپەی سەندووە و ڕوو لە هەڵکشان و بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاترە.
مێژووی نەپچڕاوی خەباتی جەماوەری کریکار و کارمەندان و مامۆستایان و زەحمەتکێشان و گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز، کە بۆ دەیەیەکە بە دوای ئەنجامدانی ئاڵۆگۆری ریشەییەوەن، لە ئیستادا و بەم ڕاپەرینە چۆتە دۆخیکی تازەوە. ڕاپەرینێک کە پڕە لە ئەزموون و گیانی شۆڕشگێڕانە و هیوا بە داهاتوویکی پرشنگداری دروستکراوی ڕاستەوخۆی دەستی ئینسانی زەحمەکێش و ئازادیخوازی کوردستان.
جیگەورێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ڕاپەرینە، بەدەر لەهەر ئایندەیەک کە ڕووبەرووی ئەبێتەوە، هەر ئیستا پڕ بایەخ و کاریگەرە، چونکە نەک هەر دەسەڵاتی خستە بەردەم شاڵاوی هێرشی خۆی، بەڵکو کۆسپی هیزە ئۆپۆزسیونە ئیسلامی و قەومیەکانی بەردەم خۆی و بەردەم سەرجەم پرۆسەی ئاڵوگۆری شۆرشگێرانەی کۆمەڵگەی کوردستانی وەلانا، و بارەگاکانی سوتاندن.
ئەم شەپۆلە تازەیەی ڕاپەرین، کە بە خۆپێشاندانی ڕۆژی چوار شەمەی ڕابردوو (٢-١٢-٢٠٢٠) لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، وەستانەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵكی ئەم دووپاریزگایەیە بە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و میلیشیای بورژوازی کورد و ڕەوت و حزبە سیاسیەکانی، بە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنیەوە، بە ناسیونالیست و ئیسلامیەوە، و بە نیوو -لیبرالە مشەخۆر و گەندەڵەکانیەوە.
ڕیسوابوونی هەموو هێزەکانی بورژوازی قەومی و ئیسلامی، بەرجەسەتە بوونەوەی ڕادیکالیەتی خەڵکی ڕاپەڕیو و بەرچاو ڕوونیان بە ڕادەیەک گەیشتووە کە ئەزانن هیچ شتیک دادیان نادا جگە لە خەباتی یەکگرتووی خۆیان و دەستپێشکاری شۆرشگێرانەیان، وە ئەمەش قۆناغێکی تازەی هێناوەتە پێشەوە لە پرۆسەی خەباتی شۆرشگیرانە لە کوردستاندا.
هەڵچوونی جەماوەری لەم دوو پاریزگایەدا سەنگەری بەرەوپێشچوونی ڕاپەرینن لە سەرتاسەری کوردستاندا؛ لە هەولێر و دهوک و شارەکانی تر، کە تا ئیستا بە زۆری زەبروزەنگ و سەرکوت ڕاگیراون. هەروەها، جەماوەری ئازادیخواز هاوبەرژەوەندن لەگەڵ هاو چینەکانیان لە سەرتاسەری عیراق و لەگەڵ ڕاپەرینی ئوکتۆبەر لە شارەکانی ناوەراست و خواروو.
جەماوەر ڕاپەریوە بەڕووی هەردوو ڕژێمی ئیسلامی – قەومی فەرمانڕەوای ئێستا لە بەغدا و ڕژێمی ناسیونالیستی کورد لە کوردستان، و چیتر نابێ دەسەڵاتیان لە چنگدا بێت وساتوسەودا بکەن بە چارەنوسمانەوە.
خەڵکی ڕاپەریو لە هەردوو ئەم پاریزگایەدا لە هەڵمەت و ووزەی شۆرشگیرانەیان کەم نیە، ئەوەی کە ئەرکی هەر ئیستایانە یەکخستنی ڕیزەکانی خۆیان و دروستکردنی تۆڕی هاوئاهانگی نێوان هێزەکانی ڕاپەڕینە لە هەموو شارەکاندا و خۆڕێکخستن و هاوکاریانە بەهەر شێوەیەک کە گونجاو بێت بۆیان.
ئەرکێکی دەستبەجێی چالاکاوانانی ڕاپەڕین ئەوەیە کە کۆمیتە و شورا هەڵبژیردراوەکانی جەماوەری دروست بکرێت لە ڕێگەی کۆبونەوەی گشتی لە گەرەک و گورەپانەکان و لە کارگە و شۆینەکانی کاردا، تا بتوانرێ سەرپەرشتی بەرێوە چوونی ڕاپەڕین لە هەر شارێک ئەنجامبدات و پەیوەند و هاوکاری بە شارەکانی ترەوە دابین بکات.
لەگەڵ بەردەوامی ڕاپەڕیندا کریکاران و گەنجان و ژنان و قوتابیان و مامۆستایان و کارمەندان پێویستیان بەوەیە کە نەقابە و ڕێکخراوە کانی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن تا ببنە هێزێکی سیاسی ڕێکخراوی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا.
جەماوەری ڕاپەریو، گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز، کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان
ڕاپەرینی ئەمڕۆتان کارێکی شۆرشگێرانە و بەرهەقە و پیویستە ئامرازەکانی خەباتی یەکگرتووتان و بەرگریتان لە ڕاپەرین بە شیوەیکی راستەوخۆ و دەستبەجێ دروست بکەن، و بە کردەوە ئیرادەی شۆرشگیرانەی خۆتان پیادە بکەن و دەسەڵات و ئیدارەی شارەکان بگرنە دەست.
دەسەلاتی میلیشیای و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی تا هەناسەیان تیا بێت درێغی ناکەن لە کوشتن و بڕین و گرتنی خەڵکی ڕاپەڕیو و ئەشکەنجەدانیان. هەربۆیە تاکە زەمانەتی ئارامی و ئاسودەیی، پێشڕەویی ڕیزی یەکگرتووتان و بەرینبوونەوەی ڕاپەڕین و خەباتی شۆڕشگێرانەیە لە سەرتاسەری کوردستاندا، و هاتنەناوەوەی هەرچی زیاتری جەماوەرە بۆ ڕیزەکانی ڕاپەڕین و بەدەستەوەگرتنی هەرچی زیاتری ئامرازەکانی دەسەڵاتدارەیەتیانە.
با پێکەوە بانگەوازی هیزەکانی پۆلیس و پێشمەرگە و هیزە چەکدرەکان بکەین کە ڕیزەکانیان بەجێبهێڵن و پەیوەست ببن بە ڕیزی ڕاپەڕینەوە.
خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و زۆربەی هاووڵاتیان بە دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی و هاوپەیمانکانیانەوەن بەخۆیان و میلیشیاکانیان و دوو ئیدارەییی و پەرلەمان و دەزگاکانی داپڵۆسێنەریانەوە، و بۆ ئەم ئامانجە ڕاپەریون. رێگەی بە ئەنجامگەیاندنی ئەم ئامانجەش ڕێکخستنی هێزی جەماوەری شۆڕشگێرە لە کوردستاندا. بەڵام تا دەسەڵات هیشتا نەڕوخابێت پیویستە ئەم داواکاریە دەستبەجێیانە بسەپێنری بەسەریاندا.
بەردانی هەموو زیندانیانی سیاسی لە هەموو کوردستاندا.
دانی موچە بەبی هێچ لێبڕینێک، و چاودێری نوینەرانی هەڵبژێراوی کریکاران و کارمەندان و مامۆستایان بە سەر بودجە و مووچە و دابەشکردنی.
چونەدەرەوەی هێزەکانی دەسەڵات لە هەموو شارەکانی کوردستاندا و بواردان بە خەڵک کە خۆپێشاندان بکەن و بەشداری ڕاپەڕین بن.
هیزە میلیشیایی وسیخوڕیەکان و هەر هێزێکی چەکدرای تری حزبی نابی بمێنێت و ئەبێ هەڵبوەشێنرێنەوە.
لە هەر شوێنێک دەسەڵات بەدەست ئورگانەکانی هەڵبژێراوی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاران و کارمەندان و گەنجانی ئازادیخواز و ڕێکخراوە خەباتکاراکانیانەوە بێت، نابێ هێچ هیرشیکی سەربازی بکرێتە سەر لەلایەن دەسەڵات یا هەر هێزێکی ترەوە.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق لە هەمان کاتدا کە سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو کەسو کار و دۆستانی گیان بەختکردووانی نێو ئەم ڕاپەڕینە ئەکات، لە هەمان کاتیشدا بەتوندی ئەم تاوانانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات سەرکۆنە ئەکات و بەرپرسیاریەتی گیان لە دەستدانیان ئەخاتە ئەستۆیان. وە دەبێ دەستبەجێ بکوژانیان و ئەوانەش کە لەپشتی تاوانەکانن دەستنیشان بکرێن و بدرێن بە دادگا.
هەروەها ڕێکخراوی بەدیل کۆمۆنیستی لە عێراق بانگەوازی جەماوەر ئەکات هێرش نەکرێتە سەر هیچ شۆین و بینایەکی خزمەتگوزاری و ئیداری و خۆیندن و تەندروستی و هەر جێگایەکی تری بەرژەوەندی گشتی، وە بانگەوازی پاراستنیان ئەکات لەهەر دەستدرێژیەک. وە بانگەوازیش ئەکات کە بارەگاکانی حزبەکانی دەسەڵات بکرێنە بنکەی دەسەڵاتداریەتی ڕاپەڕین و ئیدارەی شارەکان.
ئێمە شان بە شانی جەماوەری ڕاپەڕیو لە کوردستاندا خەبات ئەکەین بۆ بە سەر کەوتن گەیاندنی ڕاپەڕین.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق
٩ -١٢-٢٠٢٠