Skip to Content

ڕاگەیاندنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان

ڕاگەیاندنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 12, 2020 General
image_print


ئێمە کۆمەڵیک لە هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدەرەوەو ناوەوەین کە پەیامی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازی کوردستان بە ڕای گشتی و جیهان و سکاڵاکانیان بە نێوەندە جیھانیەکان دەگەیەنین.
ئەوەی بڕیار دەدا سەبارەت بەم خواست و مافانە ئەوە خەڵکی ناڕازی شەقام و خۆپیشاندەران خۆیانن و هیچ کەس و لایەنێک سەرکردە و فەرماندەری خەڵکی ناڕازی و بزاڤە خۆرسكیەكەی نیە.
ئەم خواست و دروشمانەش دەنگ و خواستی ٢٩ ساڵەی خەڵکی کرێکار و جوتیار و فەرمانبەر و دەستفرۆشان و خانەنشین و لاوان و ژنانی کوردستانە کە لێرەدا هاتوە:
دروشمی خەڵکی ناڕازی کوردستان بریتیە لە ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە”.
بەدیل و جێگرەوەی خەڵک بۆ( سیستمی سیاسی و ئابووری و شێوەی حوکمڕانی ) هەرێمی کوردستان بریتیە لە:

  1. هەڵوەشانەوەی حکومەتی بۆرۆکراتی و بنەماڵەیی ئێستا و دامەزراندنی حکومەت بە بەشداری ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵک ، وەک دەسەڵاتی داهاتوو.
  2. لابردنی هەموو بارەگا و بنکە چەکدارەکان لە ناو شارەکان و بڕینی بودجەی حزبەکان هەڵوەشانەوەی هێزەکانی هەفتا و هەشتا و زیرەڤانی و زانیاری و پاراستن.
  3. ئازادی سیاسی وخۆپیشاندان و مانگرتن بێ مەرج و مۆڵەتە و نابێ هیچ هێزێک بەرامبەریان بەکاربهێنرێ. دەبێ خۆپیشاندەران ، کە هەتا ئیستا ٣٠٠ کەسیان لە زیندان دان، دەستبەجێ ئازاد بکرێن و دەبێت زیندانی سیاسیی نەمێنیت.
  4. داهاتی نەوت وگازو گومرگ و باجی ناوخۆیی لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک چاودێری بكرێت و داهاتی هەرێم بەگشتی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنە.هەروەها لیژنەیەکی سەربەخۆ دروست بکرێت بۆ بەسەرچونەوەی هەموو گرێبەستەکانی نەوتیەکان و لەوانەش گرێبەستی نەوتی هەرێم و تورکیا.
  5. موچە بە تەواوەتی دەدرێ و بەپێی بەرز بوونەوەی گرانی زیاد دەکا و لانی کەمی کرێی سەعاتی کارکردن دیاری دەکرێت. سەپاندنی باج بەسەر سەرمایەداران، بە پێی بەرزبونەوەی داهاتیان زیاد بكرێت.
  6. هەموو هاوڵاتییەک دەبێ شوێنی نیشتەجێ بوونی بۆ دابین بکرێت.
  7. کار و دامەزراندن بۆ هەموو کەسێکی ئامادە بەکار دابین بكرێ.
  8. سیستەمی دادوەری و داواكاری گشتی سەربەخۆ بێت دور لە دەستتێوەردان. دادگایی بکوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانان و رۆژنامەنوسان و بکوژانی ژنان و سزادانیان .
  9. دابینكردنی موچەی بنەڕەتی بۆ هەموو تاكێكی بێكار لە كۆمەڵگا، بە پێی هێڵی مامناوەندی ژیان بڕەكەی دیاری دەكرێت.
  10. دەستە و بۆرد و ڕێکخراوی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و کرێکاران و کارمەندان بە فەرمی دەناسرێن وەک دەزگای لێپرسینەوەی جەماوەری لەدەسەڵات و دامودەزگاکانی و یاساکان و مەلەفی گەندەڵی و پێشێلکاری مافەکانی خەڵکی کوردستان. لێپرسینەوە لە سەروەت و سامانی بەرپرسان و كەسانی نزیكیان . گەڕاندنەوەی ئەو موڵك و ماڵانەی دەسەڵاتداران داگیریان كردووە و لێپرسینەوە و دادگایی کردن و سزادانی گەندەڵکاران.

لە كۆتاییدا داوا لە جەماوەری ناڕازی كوردستان دەكەین با ڕیزەكانمان ڕێك بخەین،با لە هەموو شارو شارۆچكەیەك ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەكان لە كەسانی هەڵبژێردراو لە لایەن خۆیانەوە پێك بێنن ، وە تەواوی ئەنجومەنەكانی ناوخۆو دەرەوە ، لە ئەنجومەنی باڵای ناڕەزایەتییەكانی كوردستان كۆببنەوە ، ئەو ئەنجومەنە مافی بڕیادانی هەیە.

کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەكانی كورستان و دەرەوە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next