Skip to Content

تەنز/ سەمەدە توورخۆری مەلا قۆپێ.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

تەنز/ سەمەدە توورخۆری مەلا قۆپێ.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2023 General

ئەوێ ڕۆژێ، تەماشای تەلەفزیۆنم دەكرد، لە دیمەنێكدا سەروسەكوتی منداڵێكم بینی، شتێكی سەردەمی هەرزەكاریی خۆمم بیركەوتەوە، هەر لەبەرخۆمەوە لە قاقای پێكەنینێم دا، كوڕە دوازدە ساڵییەكەم ڕاپەڕی و هۆپێكی لەخۆی زانی.

  • باوە، ئەوە بە چیی پێدەكەنیی؟
    كوڕم ڕاكشێوە، هیچ نییە.
    كەچی گڕنەگەی لێ داگرتم، گوتی:
  • دەبێ هەر پێم بڵێی. چی بووە و بە چی پێكەنییت؟
  • كوڕم، بۆخۆت بنوو، هیچ نەبوو. بیرەوەرییەكی سەردەمی گەنجیی خۆمم هاتەوە یاد و تێپەڕی.
    وازی نەهێنا و گوتی:
  • هەر دەبێ بۆم بگێڕییەوە.
    ناچاری كردم ملم لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكەم نا:
    هاوڕێیەكی گەنجیم، زۆر بیری دەكەم، ئێستا نازانم كەوتووەتە كوێ و چیی بەسەر هاتووە، ئەو هاوڕێیەم ناوی سەمەد بوو، بە سەمەد مەلا قۆپێ بانگ دەكرا.ئەو ناوەی قۆپێ لە چی هاتبوو؟ چۆنم بیستبوو، ئاوای دەگێڕمەوە:
    سەمەد، كوڕە مەلایەكی شێوە تاژیی مل تڕتڕۆكی لەڕولاواز بوو، بیچمێكی سەمەر و عەنتیكەی هەبوو، ئەگەر بە باشی دیقەتت بدابووایێ، لە پێكەنین زیاتر هیچت بۆ نەدەمایەوە. سەمەد هەر دەمنی توڕلی بوو، هیچ باكی بە خوێندن و قوتابخانە نەبوو، زۆریش تەنبەڵ بوو، باوكی وی ناوی مەلا جاسم بوو، كە كۆلكە مەلایەكی نیمچە خوێندەوار بوو، وەلێ خۆی پێ زۆر عالیم بوو، كەچی بە مەلا قۆپێ ناسرابوو. زۆرم مەراق بوو بزانم ئەو وشەی (قۆپێ)یە لە چییەوە هاتووە! جاسم لە كوێ و قۆپێ لە كوێ! لە هەر كوێم دەپرسی نەیدەزانی. مەلا قۆپێ جارجارە لە ژێر سێبەری دارتووەكەی بەرانبەر مزگەوت، یاریی دامەی لەگەڵ مامە ئەسعەدم دەكرد و قەتیش لێی نەدەبردەوە. ڕۆژێكیان ڕێكەوت لە مامەسعەدم پرسی:
  • مامەسعەد، پرسیارێكم هەیە! ئەویش فەرمووی كردمێ: دەی.
  • دەڵێم، ئەو مەلا جاسمەی هاودامەت، بۆچی پێێ دەڵێن مەلا قۆپێ؟
    یەكسەر پێكەنینێك مامەسعەدی شینومۆر داهێنا.. پاشان گوتی:
  • هەتیوە، شتێك دەزانیی! ئەوە كێ فێری كردووی ئەم پرسیارەم لێ بكەی؟
    هەندە سوێند، هەندە قورئانم خوارد، كە خۆم لەمێژە دەمەوێ لێت بپرسم، سەمەدی كوڕیشی هاوپۆلمە، بەڵام هەندەی دەمكرد، لەخۆمم ڕانەدەبینی بیپرسمێ!
    كە دڵنیاییم دایێ، كەس فێری نەكردووم و هەر پرسیاری خۆمە، دەستی بە گێڕانەوەی سەربردەی ناونانی مەلا جاسم بە مەلا قۆپێ كرد:
  • لە كۆتایی پەنجاكان، ماوەیەك بوو زەعیم عەبدولكەریم قاسم، شۆڕشاندبووی و دەسەڵاتی وەرگرتبوو. لە مەعاریف پێویستیان بە مامۆستای قوتابخانە سەرەتایییەكان بوو، بڕیارێك دەرچوو كە هەر مەلایەك دەیەوێ ببێتە موعەللیم، دەبێ بچێت خولێكی فێربوونی وانە گوتنەوە و مامۆستایەتی ببینێت و پاشان تاقیكردنەوەیەكی نووسینەكییان پێی دەكرد و دەكرایە موعەللیم، ئەم خولە لە شاری كەركووك كرایەوە، كە ماوەی ساڵی خوێندنی 1959-1960ی خایاند. موعەللیمی و مەعاریفیش كە ئێستا پێی دەڵێن پەروەردە! ئەوكاتە وەك ئێستا وێران و نالەبار نەبوو. موعەللیم مووچەیەكی زۆر باشی دەدرایێ. ئەوەبوو زۆر لە مەلایەكانی كوردستان، ئەوانەی تەمەنیان بۆ ئەو كارە دەگونجا، چوونە كەركووك و بەشداریی خولەكەیان كرد و زۆربەیان دوای سەركەوتنیان لە تاقیكردنەوەكە، لە گوندەكانی كوردستان بوونە مەعاشخۆر و موعەللیم و خزمەتیان كرد. دوای خولەكە، ئەوان تاقیكردنەوەیان لە هەر حەوت وانە و بابەت كرد، كە نەحوو و سەرف و شەرع و سایكۆلۆجیی پەروەردە و ڕێگاكانی وانەگوتنەوە و بابەتی دیكە بوون و تیایدا 21 پرسیاریان بۆ هاتبووەوە، ماوەی 4 سەعاتیان هەبوو بۆ وەرامدانەوە، ئەوانەی لەو تاقیكردنەوە و ئەزموونە سەركەوتن، هەموویان بڕوانامەی پێنجی ئامادەیییان درایێ، كە ئەوكاتە دوا قۆناغی ئامادەیی، وەك ئێستا پۆلی شەشەم نەبوو، بەڵكوو پۆلی پێنجەم دوا قۆناغی ئامادەیی بوو. لەم پارێزگای هەولێرە 120 مەلا بەشدار بوون وتیایشیاندا بوو نمرەی سەركەوتنی نەهێنا.. ئەو مەلا جاسمە لەبەر ئەوەی كۆلكە مەلایەكی كەم خوێندوو و كەم شارەزا بوو، درەنگیش شتی دەچووە مێشكی، بە سەت دەست ماچكردن ناوی خۆی خستە ئەم خولە، دەشیزانی لە تاقیكردنەوەكەی دەرناچێت! لە ڕۆژی تاقیكردنەوەكە قۆپیەیێكی زۆری بردبووە ژووری تاقیكردنەوە و مامۆستای چاودێریش یەك لە مەلا ناودارەكانی كەركووك بوو، قۆپیەكانی لێ گرتبوو و تەسلیمی بەڕێوەبەرایەتیی خولەكەی كردبوو، ئەوەبوو كە ئەنجامی خولەكە بڵاوكرایەوە، ناوی ئەو وەك قۆپیەچییەك گەڕابووەوە و لە تەنیشت ناوەكەی نووسرابوو (رسب بسبب الغش) و ساقیت كرا و نەكرایە موعەللیم. هەر لەو ڕۆژەوە هەندێ لەو مەلایانەی لێی نزیك بوون، كلكەناوی (مەلا قۆپێ)یان ڕەدووخست و جاسمم جاسمە، بووە مەلا قۆپێ، هەندێكیش بە (جاسم مەلا قۆپێ) بانگیان دەكرد. ئیتر لەناو خەڵك بەرەبەرە ناسناوەكە بە تەواوی تەشەنەی كرد و وای لێ هات كەس بە مەلا جاسم نەیدەناسییەوە. هەندێك لە توركمانەكانی هەولێر نەیاندەزانی وشەی قۆپێ گۆ بكەن، دەیانگوت مەلا قاپو!..
    من و مامەسعەد نزیكەی یەك چارەگە سەعات بەم سەربردەیە پێكەنین..
    جا ئەو كوڕەی مەلا جاسم كە ناوی سەمەدە، كوڕێكی تامگێل بوو و لە خوێندنیش زۆر دەبەنگ بوو، بە جڕەجڕ لە ئەزموونەكان دەردەچوو، زۆریش هەوڵی دەدا باش بێت، كەچی هەر مایبوو. سەرم سوڕمابوو چۆن گەیشتووەتە پۆلی پێنجی زانستی! دەبێ ئەویش بۆماوەقۆپییە نەبێ!.. ڕۆژێكیان مامۆستا دڵشاد كە وانەی ڕووەكزانیی پۆلی پێنجەمی زانستیی پێ دەگوتین، هەر بۆ زانیاریی گشتی، باسی لە بایەخی خۆراك بەتایبەت ڕووەك بە گشتی و سەوزە و میوە دەكرد بۆ تەندروستیی مرۆڤ، فێری دەكردین بزانین هەر یەكەیان چ جۆرە ڤیتامینێكی تێدایە و هەر ڤیتامینەی ئەركی چییە و بۆ چیی بەسوودە!.. لە بابەتێكیان ڕاڤەی سوودە جۆراوجۆرەكانی ڕووەكی دەكرد، كە هەریەكەیان ڕۆڵی بۆ چ ئەندامێكی جەستەی مرۆڤ هەیە و چ ڕۆڵێكیان لە گەشەسەندنیان هەیە، هەروەها شڕۆی ئەوەشی بۆ كردین كە مەرج نییە ڕووەكێك بۆ ئەندامێكی لەشی یەكێك باش بێت و هەمان ڕووەك بۆ ئەو ئەندامەی لەشی یەكێكی دیكەیش هەمان سوودی هەبێت، مەبەستی ئەوە بوو لەش و جەستەی هەر تاكێك شتێكی لە دروستی لێ دەكەوێت!.. جارێكیان باسی سوودی گوێزی بۆ گەشەكردنی مێشكی مرۆڤ كرد و گوتی: گوێز بۆ ئاوەز یەكاویەكە و گەشە بە ئاوەز دەدات.. تەماشایەكی سەمەدی مەلا قۆپێم كرد كە بە ڕوخساریەوە وا دەردەكەوت زۆر بە شەوق و سەرسامییەوە گوێی شل كردووە، ئەم زانیارییانە بۆ ئەو گرنگ بوون.. لە وانەی پاشتر كە ڕۆژی دواتر هەمانبوو، دوای زەنگی دووەم پشوو، مامۆستا دڵشاد هاتە ژوورەوە، بەر لەوەی دەست بە وانە گوتنەوەكەی بكات، سەمەدی مەلا قۆپێ یەكسەر بابەتی سوودەكانی گوێزی لێ پرسی كە چۆن گوێز سوودی بۆ مێشك و عەقڵ هەیە؟ ئەمە یەكەمجار بوو سەمەد پرسیار لە مامۆستا بكات، هەموو پێمان سەیر بوو! مامۆستا دڵشاد دیسانەوە بە كورتی باسی لە بابەتەكە كردەوە. سەمەد وازی نەهێنا و گوتی: كەوابێ، مادام گوێز بۆ عەقڵ و گەشەی مێشك باشە، دەبێ بۆ زیرەكییش هەر باش بێت؟ مامۆستا دڵشاد زۆرجار بابەتی پێكەنیناوی و قسەی خۆشی دەخستە نێو قسە و ڕاڤەكارییەكانی، بۆیەش لای قوتابییان خۆشەویست بوو.
  • گوێ بگرە سەمەد، ڕاستە گوێز بۆ مێشك و ئاوەز باشە، بەڵام باوەڕ ناكەم بۆ تۆ ئەو سوودەی هەبێت، سوودی ڕووەك لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت.
  • ئەی مامۆستا گیان، چ خواردنێك بۆ من باشە كە وا بكات كەمێك زیرەك بم و بە ئاسانی پۆلەكانم ببڕم.
  • سەمەد تۆ گەر دەتەوێ لە خوێندن باش بیت، پێویستە بایەخ بە توور بدەیت. سەروسەكوتی تۆ لە توور بەولاوە بە هیچ شتێكی تر زیاتر ناڕسكێت! سەمەد بڕۆ توور زۆر بخۆ، بە قسەی من دەكەی ڕۆژانە دوو تا سێ سەركە تووری مۆر بخۆ، تخوونی تووری سۆر نەكەویی!. گوێ بگرە سەمەد، ئەگەر ئەوە بكەیت، ئەگەر بە مانگێك تڕەتڕت بە نیوتنیش نەخست، لەسەر منی حسێبكە.. هەموومان پێكەنین! سەمەد وایزانی ئێمە بە وشەی تڕەتڕ پێدەكەنین، نەیدەزانی مامۆستا دڵشاد هەر بۆ خۆشی و جەفەنگ وای وەرام دایەوە، كەچی سەمەد قسەكەی مامۆستا دڵشادی بەتەواوی چووە مێشكیەوە. سەمەد تا دوا وانە ئەبڵەق و سەرمەند مایەوە و بیر و هۆشی هەر لای توور بوو.. بۆ بەیانییەكەی كە هاتینەوە دەوام، لە پشووی وانەی دووەم، سەمەد سەركە توورێكی مۆری گەورەی قوڕاویی لە گیرفانی شەرواڵی بە زەحمەت و بە هەوڵی من، لە گیرفانی دەرهانی، وردە وردە خەریك بوو لە شەرواڵەكەی دەخشاند تا قوڕی لێ بێتەوە، ئیتر دەستی بە قەمپارە تووران كرد و ناوە ناوە فننەیەكی دەكرد و لچە نیمچە قوڕاوییەكەیشی بە قۆڵی كورتەكی دەسڕیەوە. لەو ڕۆژەوە سەمەد لە قوتابخانەكە بووە توورخۆرێكی ناودار..
    وانەی پاشتر بە مامۆستا دڵشادیان گوتبوو: سەمەد لە توورخواردن دەست بەكار بووە و ئەگەر بەردەوام بێ، توورخۆرێكی چاكی لێ دەردەچێ. مامۆستاكە لە سەمەدی پرسی:
  • كوڕێ من، بڕیارت داوە ڕۆژانە چەند توور بخۆیت؟
  • مامۆستا، سبەینان یەك سەرك، دوای نیوەڕۆیان یەك سەرك، ئێوارانیش یەك سەرك.
  • ئافەرین. بەردەوامبە.
    ئەو توورخۆرییەی سەمەد دەیكرد، بە كەسمان نەدەكرا!.. لەو ڕۆژەوە لە پشووی وانەكاندا، قوتابییان بەرەو حانووت دەچوون، ئێمەیش لە هاوڕێیان هەریەكەو شتێكمان دەكڕی. سەمەد ئەو ماوەیە هەم خەرجیی نەبوو، هەمیش خەریكی توورخۆریی خۆی بوو و بە پشووی دوو وانە، سەركە توورە گەورەكەی خۆی بە تەواوی حەپەلووش دەكرد.. زۆربەمان هیوامان وابوو سەمەد بۆ مانگی داهاتوو، لە وانەكاندا گۆڕانێكی بەسەردا بێت و ئاستی زانستیی باشتر بێت. هەندێك لە قوتابییە زیت و زرنگەكان بەتەواوی ترسێكیان لێ نیشتبوو و لە مەترسیی ئەوەدا بوون سەمەد لە زیرەكی، بەپێش ئەوان بكەوێتەوە، كەچی سەمەد لە وانەكاندا نە ئاگای لە دەرسەكان بوو نە لە حەشتەبای خوا، هەموو بیر و هۆشی لەكن توور بوو! ئەو بەپەلە بوو زەنگەكە لێ بدات و دەست بە قەمپارە تووران بكات.. نزیكەی دە ڕۆژێكی بۆ دووەم ئەزموونی مانگانەی زۆربەی وانەكان مابوو، بابەتەكەی سەمەد، لەناو زۆربەی مامۆستایان دەنگی دابووەوە، مامۆستا دڵشادیش بەردەوام هانی سەمەدی دەدا و چاوەنۆڕی دەكرد بەڵكم خوایە سەمەد لە دەرسودەورەكانی باشتر بێت.. ئەم توورەی سەمەد، وایكرد هەفتەی پاشتر ژمارەیەك لە قوتابییە بەتواناكانیش واز لە حانووت بێنن و دەست بە توورخۆری بكەن، ئەمە بۆ زۆربەیان خەون و خولیایەكی فەنتازی و خۆش بوو..
    لە یەكەم ئەزموونی مانگانەمان كە بە وانەی كیمیا دەستی پێ كرد، دوای هاتنە دەرەوەمان لە پۆل، سەمەد پێی ڕاگەیاندین ئەگەر بەرزترین نمرە نەهێنێ، بە دڵنیایییەوە دووەم دەبێ.. لە ئەزموونەكانی دیكەیش هەر هەمان ئاستی وەرامەكانی خۆی ڕاگەیاند، ئەم هاتنە دەستەی سەمەد، ترسی یەكەم نەبوونی ئەم مانگەی خستە دەروونی زۆر لە قوتابییە پێشەنگەكان، خەریك بوو ئەم ترسە بنیشێتە منیش! وەلێ چەندی تێدەفكریم، نەدەچووە عەقڵم توور تڕەتڕم بێخێتێ!.. سەمەد لە ئەزموونەكانی مانگی پێشوو، لە كۆی هەشت وانە، لە چواریان كەوتبوو، لە دوانیشیان لە لێواری دەرچووندا بوو، كەچی كەوتبوو!.. هەموومان چاوەنۆڕی كاریگەریی توورخۆرییەكەی سەمەد بووین بەسەر زیرەكییەكەیەوە!..
    كە ئەنجامی وانەی ڕووەكزانیمان وەرگرتەوە، دەركەوت سەمەد 60ی لە 100 وەرگرتووە، ئەمەش بۆ ئەو هەنگاوێكی گەورە بوو، چونكە لە ئەزموونی یەكەمی، 40ی وەرگرتبوو، یەكەمی پۆل 70ی لە ڕووەزانی وەرگرتبوو، سەمەد سێیەم بوو، ئەمەش وای كرد سەمەد كەمێك شانازی بە خۆیەوە بكات، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوایەی كەوتبووە كەڵكەڵەی، زۆری نەخایاند. ڕۆژی پێنجشەممە، كە ئەنجامی سەرجەم ئەزموونەكانمان وەرگرتەوە، سەمەد بەر لەوەی ئەنجامەكانی خۆیمان پێ بڵێـت، خشی و خۆی بزر كرد، ڕۆژی هەینییش هەر نەمانبینییەوە، بۆ رۆژی شەممە، سەمەدمان كەمێك بە داماوی و لچشۆڕی بینی، لەمەوە بۆمان دەركەوت كە لە حەلوەلادایە، دیسانەوە خۆی بزر كرد و دیار نەما!.. بۆ سبەینەكەی كە وانەی ڕووەكزانیمان هەبوو، مامۆستا دڵشاد هاتە ژوورەوە و ڕووی لە سەمەد كرد:
  • هااا، كاكی توورخۆر، ئێمە چاوەنۆڕی چیمان دەكرد! چیی دەرچوو!
    ئیتر لەوێوە زانیمان، سەمەد جگە لە ڕووەكزانی، لە هیچی دیكە دەرنەچووە، بۆمان دەركەوت توور كاری خراپی خۆی كردووە. ئەمەیش توورخۆری!
    مامۆستا دڵشاد، ڕووی كردە سەمەد:
  • سەمەد گیان گوێی مەدێ، هەوڵێك بوو دامان، ئیتر بەدوای ڕێگەچارەی تردا دەوێڵین.. سەمەد گوی بگرە با شتێكی خۆشت بۆ باسەوەكەم:
    بێوەژنێكی گەڕەكەكەمان هەبوو، كوڕێكی تەمەن شەش ساڵانی هەبوو، ئەو كوڕە شەوانە کە دەخەوت، میزی لە جێخەوەكەی بەخۆیدا دەكرد. دایكی چەندە هەوڵی دەدا و چەندی دەیبردە دختۆران، هەر بێسوود بوو. ڕۆژێكیان پیرەمێردێكی بەحسێب دونیا دیتەی! خزمی خۆی پێی دەڵێ:
  • خوشكێ، ئەگەر دەتەوێ كوڕەكەت چیتر میز بەخۆیدا نەكات، پێم باشە بیبەیتە لای مەلا قۆپێ، بەڵكم نوشتەیەكی بۆ بكات و نوشتەكەیش بخە بالیفەكەیەوە، یان لێی بدروو، بەخوا هەر ئەو ڕێچارەیەت هەیە. بێوەژنەیش دەستی كوڕەكەی خۆی دەگرێت و دەیباتە لای باوكت، باوكیشت چارەسەریی ئەمەی بەلاوە ئاسان دەبێت و نوشتەیەكی بۆ دەكات و دوعای لەسەر دەخوێنێ و ڕادەستی بێوەژنەی دەكات، سەرقەڵەمانەی خۆیشی لێ وەردەگرێ. ژنە بزر دەبێ و دوای ماوەیەك لە بەردەم مزگەوت لەگەڵ باوكت لووتیان بە لووتی یەك دەبێتەوە، باوكیشت لە حاڵوەحواڵی كوڕەكەی دەپرسێ:
  • ئەرێ خوشكێ، خۆ كوڕەكەت میز بەخۆداكردنەكەی بڕا!
    بێوەژن وەرامی دەداتەوە:
  • بەخوا چی بڵێم مامۆستا، لەوەتەی نوشتەكەی جەنابتم لە بێجامەكەی بەستووە، هەتا بە میز ڕادەگا، ئێستاکێ گووش لەبن خۆی دەکات. نوشتەکەی جەنابت سەرباری میزەکەی گووشی زیاد کرد.
    باوكیشت دەڵێ:
  • خوشكێ تۆ دەبێ نوشتەكەی لە بالیفەكەی بدرووی نەك لە بێجامەكەی. تۆیش سەمەد گیان، هەر توورخۆری بەتەنیا بەس نییە، بەڵكوو دەبێ لەگەڵ توورخۆرییەكەت، بشخوێنیت. تێگەیشتیت؟
    سەمەد باگۆی مامۆستاكەی دایەوە: مامۆستا دەبوو لە ئەوەلڕا وام بڵێییێ!
    ———————————————————-
    تامگێل: نیمچە گێل.
    شڕۆ: لێکدانەوە.
    حەپەلووش: لووشکردن، هەڵلووشین.
    قەمپار: قەپ یان خواردن بە گازگرتن.
    دەوێڵین: وێڵ دەبین.
    باگۆ: وەرام، جواب.
    Sent from Yahoo Mail for iPhone
Previous
Next
Kurdish