شیعره‌کانی ژماره (7) ی مانگنامه‌ی (هیچ) م خوێنده‌وه … میکائیل گه‌رمیانی
لێکۆڵینه‌وه/
جاران که ژیان ره‌سه‌ن بوو وه‌ختێك شیعرێکت ده‌خوێنده‌وه هه‌فته‌یه‌ك زیاتر به‌رینه‌ئه‌دایت و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیای، بگره بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن له نه‌ستدا جێگیر ده‌بوو و جار جار ده‌گه‌ڕایته‌وه لای، شاعیرانیش ناڵێم له په‌نجه‌ی ده‌ست تێنهئهڕین، به‌س گه‌ر مه‌به‌ستت له ژماردنیان بووایه ده‌توانی بیانژمێریت، سه‌نگین بوون به رۆشنبیریی و خوێندنه‌وه‌و مه‌عریفه‌و ئه‌زموون و جیاوازیی ، ئه‌وه‌ی شیعرێکی بڵاوده‌بووه‌وه ته‌نیا لێهاتوویی و ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌کانی خودی شیعره‌که بوون خۆیان ده‌سه‌لماندو ده‌گه‌یشتنه به‌رچاوی خوێنه‌ران، بۆیه خوێنه‌رانیش متمانه‌یان پێ بوون و ده‌یانخوێندنه‌وه، لێ ئێستا له‌گه‌ڵ کاڵبوونه‌وه‌ی تامی ژیان و ته‌زویرکردنی شمه‌ك و کاڵاکان، مه‌یدانی مه‌عریفه‌و ئه‌ده‌بییاتیش توشی هه‌مان ده‌رد بووه، نه‌ك ژماره‌ی بڵاوکراوه‌کان زۆربوون و که‌سانی نا ئه‌کادیمی و ئاستلاواز سه‌رپه‌رشتیان ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی عه‌قڵیان بیگرێت ده‌یهێننه مه‌یدان، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ش که ده‌نووسن زۆر کهمئاستانه و بێ بوونی پاشخانێکی پێویست به‌ختی خۆیان له مه‌یدانه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌ده‌بدا تاقیده‌که‌نه‌وه، وه‌ك بڵێی هه‌ڵڕشتنی ئازاره‌کانی خۆیان بۆ سه‌ر کاغه‌ز تاکه پاڵنه‌رێک بێت بۆ نووسینی شیعر‌و ئه‌و ئه‌زموونه‌ش که کۆیان کردووه‌ته‌وه ره‌نگه ته‌نیا گوێگرتن بێت له چه‌ند شیعرێك که له ته‌له‌فزیۆن په‌خش ده‌بێت یان له یوتیوب گوێی لێ‌بگرن، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو ئه‌و ناوه‌نده‌ی به ناوی (ئه‌ندێشه) جێی دڵخۆشی زۆر که‌سه، براده‌رێك چوو بوو له پێشه‌وه له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌که‌یدا قسه‌ی کردبوو ، له‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا پێی گوتبوو: کتێب سه‌رف نابێت، براده‌ره‌که‌ش لێێ پرسیبوو: ئێوه له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێن هه‌موو کتێبه‌کانمان سه‌رف ده‌بێت بۆ نموونه کتێبه شیعری (هیچ) هه‌موو نوسخه‌کانی سه‌رف بوون؟ له‌وه‌ڵامدا خاوه‌نه‌که‌ی گوتبووی: ئه‌وه راسته، ئاخر هه‌ر کتێبه‌کانی ئه‌ندێشه سه‌رف ده‌بن که خۆمان چاپی ده‌که‌ین.. براده‌ره‌که لێره‌وه تێگه‌شت که ئه‌مه‌ش بووه به حیزب حیزبێنهکهی پارتی و یه‌کێتی، گوایه دوو جۆر کتێب هه‌ن؛ ئه‌وانه‌ی ئه‌ندێشه چاپیان ده‌کات جیاوازن له سه‌رجه‌م کتێبه‌کانی تر.. یان ئه‌مه ته‌نیا بازرگانیکردنه‌و بانگه‌وازکردنه بۆ لای کاره‌کانی خۆیان؟!
نامه‌وێت زۆر درێژه به‌م پێشه‌کییه ئازاراویه بده‌م، که په‌نجه ده‌خه‌یته سه‌ر هه‌ر شتێك زیاتر ته‌نیایی و غوربه‌تت ده‌هروژێنێت و گۆشهگیرترت ده‌کات، ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات نه‌وت دابه‌ش ناکات که خه‌ڵك له‌م وه‌رزه سه‌رمایه‌دا زۆر پێویستیان پێیه‌تی، تا نرخه‌که‌ی هه‌رزان نه‌بێت له بازاڕی ناوخۆدا، له‌کاتێکدا له‌بازاڕی جیهانیدا به گواستنه‌وه‌ی بۆری و پاپۆڕه‌وه نرخه‌که‌ی 50 دۆلاره که‌چی نه‌هه‌نگ و گورگ و حوته‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ قاچاخچیهکانیانیدا به 120 دۆلاری له ناوخۆدا ده‌فرۆشن، باشه ئه‌ی بۆ قه‌ساب سوێند ده‌خوات ئه‌و گۆشته‌ی دهیفرۆشێت هی ئه‌مڕۆیه و که‌چی کاتێك ده‌یبه‌یته ماڵه‌وه بۆگه‌ن بووه‌و ره‌نگه له هه‌فته‌یه‌ك زیاتر مابێته‌وه؟ خۆ ئه‌مه‌یان هاوڵاتییانی ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن که 26 ساڵه کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت تا گه‌نده‌ڵ بن و به‌های مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست بده‌ن تا ئه‌وان مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن.. ئه‌م دوو نموونه‌یه‌م بۆیه هێنایه‌وه تا بزانین شاعیران و ئه‌دیبانی ئه‌مڕۆ له‌کوێی ئه‌م هاوکێشیهدان، با سه‌ره‌تا به سه‌ر وتاری رۆژنامه‌ی هیچ ده‌ست پێ بکه‌ین که په‌یوه‌ندیداره به شیعر‌و شیعره‌کانی ژماره (7).
ئه‌وان تیایدا ده‌ڵه‌ن ( وه‌ك خۆیان نووسیویانه که ده‌بوو بنووسن: بڵێین نه‌ك بڵه‌ین) : له ژماره‌کانی داهاتوودا لاپه‌ڕه‌ی هونه‌ر ناده‌ن به شیعر.. به‌م وته‌یه‌دا دیاره خۆشیان له ئاستی شیعره‌کان دڵنیا نین بۆیه هه‌ر له ئێستاوه په‌شیمانن، ئێ باشه که‌ی شیعری لاوان و پیران هه‌بووه؟ یان پیاوان و خانمان؟ کاکی برا یان شیعر هه‌یه یان نییه.. یان به هه‌موو پێوه‌ره ستاندارو ئه‌کادیمیه‌کان باشه و پێی ده‌گوترێت شیعر یان میعرهو ده‌بێت پێش ته‌واوبوون له خوێندنه‌وه‌ی بچێته سه‌به‌ته‌ی یاده‌وه‌ریه له‌بیرکراوه‌کانه‌وه.
1- شیعری ( سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ت):
شیعرێکه راناوی خودی شاعیر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی موخاته‌به‌ی که‌سی به‌رانبه‌ر ده‌کات، که یه‌کێکه له باوترین شێوازی شیعریی ئه‌مڕۆی بڵاوکراوه‌کان، به زمانێکی راسته‌وخۆ داوای لێده‌کات جۆره‌ها کراسی بۆ بێنێت، سوور‌و په‌مه‌یی که پێچه‌وانه‌ی ره‌ش و خۆڵهمیشین : یه‌کێکه له دیارترین ناته‌باییه‌کانی ناو ئه‌م ده‌قه، که یه‌کیه‌تی بابه‌تیش ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، خوێنه‌ر سه‌ری لێتێکچووه ؛ ده‌مانویست بزانین خودی بێژه‌ر شادمانه یان خه‌مگین؟
له لایه‌ك ده‌ڵێت:
(ئه‌و بریسکه‌ی سه‌رنجانه‌ی
لای منه‌وه بۆ لای تۆ دێن)
دواتر ده‌ڵێت:
(ره‌شتر له چاره‌نووسی شومم و
ئه‌و شه‌وانه‌ی بێتاقهتییم….)
له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه له یه‌که‌م کۆپله‌دا ئه‌م خانمه ده‌یه‌وێت شانازی به ره‌نگی چاویه‌وه بکات که (سه‌وز)ه، له لایه‌کی تریش که‌سی به‌رانبه‌ری به ئاژه‌ڵ ده‌شوبهێنێت به‌وه‌ی پێی ده‌ڵێت:
(ئه‌و هه‌موو په‌لکه گیایانه‌ی…
له لای منه‌وه بۆ تۆ دێن).
لای هه‌موومان ئاشکرایه که ئاژه‌ڵ گیا ده‌خوات، ده‌بێت چ جوانییه‌کی تیا بێت ئه‌و وێنه‌یه؟ ئه‌و پاداشته‌ی له جیاتی کراسی سه‌وزی دیاریی، ئه‌میش سه‌وزه گیا بدات به‌و، ئایا ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی کراسه‌که سه‌وزه‌و گیاش سه‌وزه ده‌بێت له‌م کۆپله‌یه‌دا جێیان بکرێته‌وه؟؟ ئایا که‌ره‌سه‌و زاراوه‌یه‌کی گونجاوتری شك نه‌برد ؟
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ڕێنووسی (په‌مه‌ی) ده‌بوو (په‌مه‌یی ) بێت و وه‌ک کورتبڕییهك و سازانی زمانی شیعریی بینووسیایه ( ئه‌و بریسکه سه‌رنجانه‌ی..) نه‌ك ( ئه‌و بریسکه‌ی سه‌رنجانه‌ی)
له کۆپله‌ی 2 شدا ناته‌باییه‌کی تر ده‌بینینه‌وه که ده‌ڵێت: ( شینتر له له‌پی ده‌ستم) که سیفه‌تێکی نێگه‌تیڤه‌و دێڕی دواتر سیفه‌تێکی پۆزه‌تیڤی به‌دوادا دێت که ( میلۆدی ئاوی) یه‌و به پیتی (و)ی پێکه‌وه‌لکان لکێندراون؟؟
من گله‌یی له‌م خانمه ناکه‌م، به‌ڵکو گله‌ییم له هۆکاری سه‌ره‌کی و بنه‌چه‌ی کێشه‌کانه، که بریتیه له گه‌نده‌ڵی بنخانی ژیان و ئه‌ده‌بی کوردی، بۆ نموونه یه‌کێك له خانمه شاعیره‌کان که زۆرترین فان و هه‌وادار ی هه‌یه و فه‌رموو فه‌رمووی لێده‌کرێ و هه‌مووان حه‌ز ده‌که‌ن وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن و کتێبی بڵاو بکه‌نه‌وه ، جا نازانم له خۆی ده‌کرێت یان له شیعره‌کانی!! ته‌نانه‌ت لهگۆڤارۆچکهی (ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م) دا که وه‌ك مانگنامه‌ی (هه‌ڵمه‌ت) گۆڕی ون بوو ، شاعیرێکی لیریکی سه‌رنووسه‌ری بوو و دوای ئه‌وه‌ی په‌ڕتووك و بابه‌ته‌کانی خۆیان له‌و ده‌زگایه‌دا بڵاوده‌کرده‌وه، له ژماره‌یه‌کدا به ته‌نیا شیعرێکی ئه‌و خانمه بڵاوده‌کاته‌وه، با دیقه‌تبده‌ین ئه‌و خانمه له کۆپله‌ی شیعرێکیداچی ده‌ڵێت:
( پیاوێکی باش بە و
بێدەنگ خۆشتبوێم
با نەکەومەوە سەر خوێن) !!
به‌س ئه‌و بڕیاره بۆ خوێنه‌ر جێدێڵم؛ ئایا ئه‌و زمان و وشهسازیه چ هونه‌رو جوانییه‌کی تیایه؟ بگره باسی حاڵه‌تێکی ئافره‌تان ده‌کات که هیچ شاعیرێکی خانمم نه‌یبینیوه‌ته‌وه ئه‌و زاراوه بازاڕییهیان به‌کارهێنابێت و لایان وا بێت بۆ شیعر گونجاو بێت، که سه‌لیقه‌و زه‌وقی خوێنه‌ر ده‌شێوێنێت.. هه‌رچه‌نده شاعیرانی ناوداری خانم له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن.
له‌م باسه‌دا پێم خۆش بوو؛ خوێنه‌ر بۆ زانینی گه‌نده‌ڵیی ده‌زگا ئه‌ده‌بییه‌کان به نموونه ئه‌م وتاره بخوێنێته‌وه:
(سه‌رده‌م.. نمونه‌ی دهزگیهکی گه‌نده‌ڵ و بێسه‌روبه‌ر) 2 به‌ش
www.facebook.com/گەندەڵى-ئەدەبى-480013335422236/?fref=nf
2- شیعری (سه‌ده‌ی 21 یانی سه‌ده‌ی بوون به رۆبۆرت):
ئه‌م شیعره زۆر له شیعره‌که‌ی پێشووتر کۆڵه‌وارتره، سه‌ره‌تا با له که‌موکورتی زمانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، که که‌ره‌سه‌ی خاوی هه‌موو شاعیرانه.
هه‌ندێك له هه‌ڵه‌کان:
– با له ناونیشانه‌که‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، وێڕای ئه‌وه‌ی ناونیشان ده‌رگای چوونه ناو ده‌قه، که‌چی ئه‌م ناونیشانه هه‌ر وشه‌ی ئاسایی قسه کردنه، ته‌نانه‌ت هێنده دروست زمانی به‌کارنه‌هێناوه کاکی شاعیر بزانێت له راستیدا (رۆبۆت)ـه له جیاتی (رۆبۆرت).
– ده‌بوو ( رۆشنایی) به‌کاربهێنێت له جیاتی (رۆشنای)، ئه‌مه‌ش داده‌نرێت به هه‌ڵه‌ی ڕێنووس.
– (گوێت له مشت‌و مڕی نێوان دوو که‌ست گرتووه) له رووی ڕێسای ڕێزمانه‌وه هه‌ڵه‌یه‌و ده‌بوو بینووسیایه (دوو که‌س گرتووه).
– (باخچه هه‌وات نه‌داتێت) هه‌ڵه‌یه و له ڕێزمانی کوردی‌دا له وشه‌یه‌کدا 2 ئاوه‌ڵناو به‌کارناهێنرێت و ده‌گوترێت (باخچه هه‌وات نه‌داتێ).
– (به مردنی مصديق!) نازانرێت مصديق کێیه، یان ره‌نگه به هه‌ڵه له جیاتی (موسه‌ده‌ق شا) به‌کاری هێنابێت و نووسیبێتی.
– ( سووراوم لێومانی ئاوساند) له رووی ڕێزمانیه‌وه هه‌ڵه‌یه‌و راستیه‌که‌ی: (سووراو لێومانی ئاوساند).. چونکه ئه‌و به‌گشتی له‌وێ باسی کۆ ده‌کات، وێڕای ئه‌وه‌ی من کارم به‌وه نییه ئایا خۆی سووراو به‌کاردێنێت یان نا؟!
زمانی ده‌قه‌که به گشتی راستهوخۆیهو داڕشتنی درێژکردنه‌وه‌ی ناپێویسته، جارانێکیش ده‌گۆڕدرێت بۆ زمانی چیرۆك بۆ نموونه ده‌ڵێت:
(گوزه‌رانم هیچ باش نیه‌و ناشمه‌وێت له‌مه زیاتر باش بم)
(بێتاقه‌تم)
( من بۆ نابێت ئاسایی بژیم)
( مه هێڵه ئالوده‌ی سایته ڕووته‌کان بن)…
ئه‌م شیعره (160) دێڕییه گه‌ر به جدی کاری لهسهربکردرایهو کاکی شاعیر خۆی پێوه‌ماندوو بکردایه ره‌نگه هه‌مان مانای له 20 دێڕدا چڕ بکردایه‌ته‌وه، بۆیه به گشتی خوێنه‌رانی جدی تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی شیعری ئه‌مڕۆیان نییه!
له‌م شیعره‌دا هیچ ته‌کنیکی شیعریی سه‌رکه‌وتوو نابینرێت، له باسێکه‌وه بازدانی تیایه بۆ سه‌ر باسێکی تر، زیاتر باس له خۆ کردنه وه‌ك له هونه‌رکاریی شیعر هۆنینه‌وه، سه‌ره‌تا ئامۆژگاری به‌رانبه‌ره‌که‌ی ده‌کات که وادیاره له ره‌گه‌زی مێیه، پاشان پێمان ده‌ڵێت خۆی حه‌زی له چییه‌و له چی نییه، دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه سهرئامۆژگاریکردنی به‌رانبه‌ری که چی بکات و چی نه‌کات و پاشتر دێته‌وه سه‌ر خۆی و باوکی، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌سایه‌تیانه په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و له شیعره‌که‌دا پێکه‌وه گرێیان بدات. باوكه شیعر‌و باوکه ژیان و باوکی راسته‌قینه تێکه‌ڵده‌کات به هۆی دانه‌نانی خاڵبه‌ندی له نێوان وشه‌کاندا، باشه با بڵێین ته‌نیا مه‌به‌ستی باوکی راسته‌قینه‌یه‌و ئه‌مه هه‌ڵه‌ی ڕێنووسه، ده‌بێت چ مۆڕاڵ و داهێنانێکی شیعریی تێدا بێت که هه‌ستی ههڵخهتێنی له خۆ ڕازیبوون وای لێبکات بڵێت:
( باوکه تۆ سارد‌و گه‌رمیت وه‌ك من نه‌دیوه).
وه‌ك بابه‌ت ئه‌م شیعره هه‌ر دووباره‌کردنه‌وه‌ی خه‌مه‌کانی ڕۆژانه‌ی گه‌نجان و مرۆڤه‌کانی ئه‌مڕۆیه‌و له سه‌دان ده‌قدا ئه‌م بابه‌تانه دووباره‌کراونه‌ته‌وه، لایه‌نی جوانکاریی و ره‌وانبێژیی زۆر لاوازه گه‌ر نه‌ڵێم تیایدا نییه، وه‌ك مۆرکی هه‌موو شیعره‌کانی تری ئه‌م ژماره‌یه بێهیوایی و خۆکوشتنمان فێر ده‌کات، وه‌ك ده‌ڵێت:
(ده‌ست بنێمه بینه قاقام) ، (من زۆر نائومێدانه ده‌گریم) ، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ك زۆر دووباره‌کراوه‌ته‌وه وه‌ك( من، تۆ، سووراو، سوخمه، سیسارك، باوك، مانگ، شه‌هره‌زاد، نا‌ئومێد، ئاو، خه‌م، مێرووله ، کیسه‌ڵ….)
جگه له‌مانه‌ش له‌م شیعره‌شدا بیرۆکه‌ی ناته‌با له کۆپله‌کاندا ده‌بینرێت و خوێنه‌ر سه‌ری لێ تێك ده‌چێت که بزانێت شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی چی بڵێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی دنیابینی له هۆنینه‌وه‌ی شیعردا، بۆ نموونه له کۆپله‌یه‌کدا: چێژی له خۆ رووتکردنه‌وه‌ی ژنێك ده‌بینێت و هه‌ر له‌هه‌مان کۆپله‌دا ئه‌و مه‌خلوقه به ترسناك لێك ده‌داته‌وه، ئه‌مه‌یه سه‌رلێشێواندنی خوێنه‌ر.
له کۆتایی لێدوان له‌سه‌ر ئه‌م ده‌قه ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که زۆر که‌ره‌سه‌و وێنه‌و لێکدانه‌وه‌ی هاوبه‌ش له نێوان شیعره‌کاندا هه‌یه، نازانم چ داهێنانێکی تیایه له‌م شیعره‌دا دووجار باسی بۆنی ژێر باڵ کراوه، وه‌ک له شیعری داهاتووشدا ( تینوویه‌تی) ده‌ڵێت: (ئاره‌قی بنهه‌نگڵمان ده‌رده‌دا
یان لێره باسی سوخمه کراوه‌و له‌وێش مه‌مکدان!!
3- شیعری (تینوویه‌تی):
شێوازی ئه‌م شیعره‌ش دوور نییه له شیعره‌کانی پێشوو، به‌وه‌ی شاعیر له خۆی ده‌دوێت و به (من) ده‌ست پێده‌کات و به (من)یش دوا کۆپله ته‌واو ده‌بێت، له‌م نێوانه‌شدا جارجار (تۆ) ی تێده‌خزێنرێت، — دوو بکه‌ره باوه‌که‌ی شاعیرانی ئه‌مڕۆ..-
ئه‌م شیعره له 7 کۆپله پێکهاتووه‌و له‌وانی تر کورتره، به‌ڵام زمانه‌که‌ی که‌مێك کۆکراوهتره به‌وه‌ی کورتره، هه‌رچه‌نده بابه‌ته‌کان هه‌ر یه‌کن و دووباره ده‌بنه‌وه که باسی سه‌ره‌تاو کۆتایی ڕۆشتن ده‌کات، به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا زۆر زاراوه‌ی لێکدووری تیا به‌کارهاتووه که بازدان له وشه‌کاریدا ده‌بینرێت به‌حساب بۆ سوود گه‌یاندن به ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی بیرۆکه‌و مه‌به‌ست!.. و لاوازیی پێکه‌وه‌گرێدانیان دیار‌و ڕوونه، بۆ نموونه به‌کارهێنانی ( گلگامێش و ئه‌سغه‌ریی و ئایشه‌شان، کورد‌و ئه‌نفال، بزن، ئیخوان ، زه‌رده‌شت…) ده‌هێنینه‌وه، وای ده‌بینم له جیاتی ئه‌م ئاڵۆسکاندن و قهرهباڵغکردنهو تێکه‌ڵکردنه و بۆ پاراستنی یه‌کێتی بابه‌ت باشتر وابوو پێش نووسینی ئه‌م شیعره شاعیر زیهنی ڕوون بووایه که ده‌یه‌وێت چێ بڵێت و چ که‌ره‌سه‌یه‌کی بۆ به‌کاربهێنێت، وه‌ك نهخشهکێشانێك بۆ نووسین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وشه‌کانی ( توله‌ڕێ، خودا، کورد، پرسیار، تینوویه‌تی…) زۆر دووباره بوونه‌ته‌وه.
ده‌توانین بڵێین له جیاتی به‌کارهێنانی زمانی شیعر زمانی پرسیارکردنی لۆژیك له کۆتایی زۆربه‌ی کۆپله‌کاندا به کاردههێنێت که ئه‌وانیش بۆ خۆیان بابه‌تی سه‌ربه‌خۆی ترن ، وه‌ك:
( من تاریکی ده‌سمم، لێ هۆکار له‌مه‌دا چییه؟)
( ئاخۆ لێکترازان و سه‌رهه‌ڵگرتن، له بێناسنامه‌یی و غه‌ریبی کوردانه‌دایه؟)
(کۆتاییه‌کیان نه‌نووسیه‌وه؟) (په‌لکێشی تینوویه‌تیم ده‌که‌ن یان نه ناسینه‌وه‌یان؟)…
هه‌روه‌ها وه‌ك چۆن له 2 ده‌قه‌که‌ی پێشوودا جۆرێك له سه‌نای خود ده‌بینرا له‌م ده‌قه‌شدا شاعیر ده‌ڵێت: (تاریکی به من نه‌بێت بژار ناکرێت)
جارێکی تر و به هه‌مان شێوه لێره‌شدا بێئومێدی له ناخماندا ده‌چێنرێت و ئه‌مه‌ش ده‌سه‌وسانی ئه‌م شاعیرانه ده‌رده‌خات که ئایا رۆڵی مرۆڤ چییه له ژیاندا؟ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ك مالیزیا بۆچی له‌ماوه‌ی 20 ساڵدا له وڵاتێکی کشتوکاڵیی دواکه‌وتووه‌وه ببێت به وڵاتێکی پیشه‌سازی پێشکه‌وتوو، که‌چی ئێمه هه‌مووان هه‌ر وشه‌ی بێ ئومێدی دووباره بکه‌ینه‌وه؟ ئه‌وه نییه شاعیر ده‌ڵێت:
( نازانم چما ئه‌م نه‌هامه‌تیه توشه، شۆره‌ك نه‌بوو له بوونم! ). ئه‌مه‌ش ته‌سلیمبوونه به واقیع و بێ ئیراده‌یی تاك ده‌رده‌خات که پێچه‌وانه‌ی مه‌دح و توانای سمینی تاریکی بوو که پێشتر باسی کردبوو.
خوێنه‌ر له‌م قه‌ره‌باڵغی زاراوانه‌دا سه‌ری لێ تێك ده‌چێت که چۆن ئه‌و هه‌موو بابه‌ته جۆراوجۆرانه له‌م چه‌ند دێڕه‌دا یه‌ك له دوای یه‌ك ته‌قه ده‌ده‌ن له هزری خوێنه‌رو فیکری په‌رت و پڵاو ده‌که‌ن و جارجاریش ئاڵۆز، ئه‌وه‌تا جارێکی تر شاعیر به 3 دێڕی جیاواز باسی سیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ی کوردایه‌تی ده‌کات و نازانم چۆن گونجاندوویه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی ژیان و کێشه‌ی فه‌لسه‌فی سه‌ره‌تاو کۆتایی ،و کۆچکردنی گه‌نجان. بۆ نموونه ده‌ڵێت: ( چاره‌نووسی کورد، ئه‌نفالی کورد، غه‌ریبی کورد) که ئه‌مانه‌ش زیاتر وشه‌گه‌لێکی ناو کورته‌ی هه‌واڵه‌کانن، یان هی ناو گوتارن نه‌ك شیعر. به هه‌مان شێوه‌ش ئیقاع و وشه‌سازیی له‌م شیعره‌دا لاوازه‌و زمانێکی ره‌ق به‌کارهاتووه.
جگه له‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ش له که‌موکورتی زمانه‌وانی به‌ده‌ر نییه وه‌ك به‌کارهێنانی (پێچه‌ڵپێچی ) له جیاتی ( پێچاوپێچی) هه‌روه‌ها ( له ده‌می فریایاندا) له جیاتی ( له ده‌می فریادا)، (به قوڕ سوقدراویش) له جیاتی ( به قوڕ سواخدراویش).
جێی خۆیه‌تی بڵێین ؛ ئه‌م شاعیره جیا له دوو شاعیره‌که‌ی پێشوو چه‌ند وشه‌یه‌کی ئاوێته‌و تێکه‌ڵکراوی به‌کارهێناوه که جیای ده‌که‌نه‌وه له شیعره‌کانی پێشوو وه‌ك ( بێکهسنیشتوو، شوێنباوهش، کۆنووسینهوه، ڕێ‌ڕۆیشتن، بێندانیش، ده‌ستغه‌ڵه‌تی، بزنه‌ڕێ)..
ئه‌وه ماوه بڵێم ؛ گه‌ر ئه‌و هه‌ر بیه‌وێت ده‌می کراوه‌ی پرسیار به‌کاربهێنێت و له‌م پێناوه‌شدا زۆر وشه‌ی تینوویه‌تی دووباره‌کردبێته‌وه، ئه‌وا با دڵته‌نگ نه‌بێت هه‌ر ئه‌و نییه ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌کارهێنابێت، ئه‌وه‌تا شاعیری دواتریش له شیعری ( سه‌فه‌رێك به ناو تۆدا) ده‌ڵێت:
(تینوێتیی،
تینوێتیی له زایه‌ڵه‌ی شکست و
تینوێتیی له گه‌یشتنه‌وه به تۆ.)
4- شیعری (سه‌فه‌رێك به ناو ئه‌ودا):
زاتییه‌تی ئه‌م شیعره وا ته‌عبیر له موعاناتهکانی شاعیر ده‌کات ، له دووریی که‌سی به‌رانبه‌ردا (ئه‌ودا) که ره‌نگه دڵدار بێت، توشی بێئومێدیی بووه‌و به‌ڵکه ره‌نگه خۆسووتان باشترین چاره‌سه‌ر بێت بۆ ئه‌و دۆخه ره‌شبینییه، کاتێك ده‌ڵێت:
(له ئاگرێك زیاتر له ناو په‌نجه‌کانما ده‌بینمه‌وه…)
(ره‌نگه ئه‌و ئاگره ئه‌وه بێت
که دایکم به‌رده‌وام لێی ده‌ترسا تێم به‌ربێت)
ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نییه بۆ شیعر، به‌ڵکو زۆرینه هه‌ر ئه‌م قه‌وانه دووباره ده‌که‌نه‌وه، ئه‌و وای ده‌بینێت کچێنیشی هه‌ر مه‌ینه‌ته و هیچ شتێك نییه خۆی پێوه خه‌ریك بکات بۆیه ژیان به هیچ و بێماناو به‌ره‌و نه‌مانچوون ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت راشکاوانه‌تر حه‌زه‌کانی ناشارێته‌وه‌و ده‌ڵێت:
( من ده‌مه‌وێت ئێستا ماڵێکم
هه‌بێت، که نیمه)
ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره له‌وانه‌ی پێش خۆی جیا ده‌کاته‌وه هه‌وڵدانێکی تێدایه بۆ ده‌ربڕین وبه خولقاندنی وێنه‌ی شیعریی و هه‌وڵدان بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له راسته‌وخۆیی ده‌ربڕین، هه‌رچه‌نده زۆر جار نه‌یتوانیوه، به‌ڵام ده‌توانین ئاماژه به‌و وێنه شیعریانه بده‌ین که ویستوویه‌تی بیانکێشێت به‌م کۆپله‌یه، که ده‌ڵێت:
( په‌نجه‌ره‌که‌م به هه‌ناسه‌ت
سواغ بده‌م و
کتێبه‌کانم له گه‌رم و گوڕیت هه‌ڵکێشم)
ئه‌وه ماوه بڵێم؛ به‌کارهێنانی دالی (به‌فر) چه‌ند باره‌یه له‌م شیعرهداو له زۆر شیعری شاعیرانی تریشدا به‌کارهاتووه، وه‌ك لێره‌دا شاعیر سه‌ره‌تاو کۆتایی شیعره‌که‌ی پێ ده‌نووسێت. ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بڵێین شیعر مه‌نووسن، خۆزیا هه‌مو کورد شاعیر ده‌بوون و شاعیرانه مامه‌ڵه‌یان ده‌کردو شیعری ره‌سه‌ن و جیایان ده‌نووسی، به پشت به‌ستن به سه‌رچاوه‌کانی ئه‌زموون و مه‌عریفه‌و خوێندنه‌وه‌و رۆچوون و گرنگیدان، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که شیعرنووسین زۆر به ئاسان ته‌ماشا ده‌کرێت و واده‌زانرێت هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی پێویست نییه‌و هه‌ر ختوره‌یه‌ك هات به دڵدا ده‌توانرێت بخرێته سه‌ر کاغه‌زو ناوی شیعری لێ بنرێت، که له ڕاستیدا وانییه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه.
له‌م شیعره‌دا تاکه ناته‌بایی له بابه‌تی شاعیردا که خوێنه‌ر توشی سه‌رلێتێکچوون ده‌کات ئه‌وه‌یه، که نازانرێت ئایا شاعیر حه‌ز به گه‌ڕانه‌وه‌ی یاره‌که‌ی ده‌کات ؟ وه‌ك له چه‌ند جێی شیعره‌که‌دا ده‌نووسێت:
( لێره نا ئومێدیی به گاگۆڵی ده‌رۆیشت پێش تۆ
ئێستا له‌گه‌ڵ باهۆزدا ده‌بارێت)
ئه‌مه له لایه‌ك و له لایه‌کی تریش یان له هاتنه‌وه‌شیدا هه‌ر بێزار‌و نیگه‌رانه که ده‌ڵێت:
( که‌چی من وامده‌زانی
نزیک بوونه‌وه‌ت ده‌مترسێنێ و
دوور کهوتنهوهشت زیاتر )
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت به شاعیر نه‌ڵێین به‌کاهێنانی دیوار وه‌ك ره‌مزی که‌سانی نه‌فام و به‌دکاریی ده‌وروبه‌ر له‌م شیعره‌دا شتێکی جوانه‌و وه‌ك چۆن به‌کارهێنانی وشه‌ی (عاده‌بوون) وێڕای ئه‌وه‌ی راسته‌خۆیه، به هه‌مان جۆر ناشیعرییه و ناشرینه.
5- شیعری: کێشی ئه‌و شیعره‌ت بۆ نادۆزرێته‌وه؛ بلورێنه تکایه..
وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره له لاپه‌ڕه‌یه‌کی جیادا جاپکراوهو به (موخه‌زره‌م) دانراوه‌و به‌رواری 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر نووسینی شیعره‌که نووسراوه، واتا 1390ی هه‌تاوی، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت منی خوێنه‌ری ئازاد سه‌رپشك نه‌بم له به‌کارهێنانی پێوه‌ره‌کانی شیعر بۆ شه‌ن و که‌و کردنی ده‌قه‌که‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی و له‌کۆتایشدا بڕیاردانم به‌سه‌ریدا، ئایا تا چه‌ند خرۆشاندوومی و جیاکاریی تێدا ده‌بینمه‌وه؟
سه‌ره‌تا گه‌ر له ناونیشانه‌که‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین وێڕای درێژیی، جۆرێك له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و گاڵته‌جاڕیی تێدایه، ئایا کێ بلورێنێ وه‌ك گورگ؟ ره‌نگه خوێنه‌رێك بڵێت مه‌به‌ستی له ده‌سه‌ڵات نییه که له ناو شیعره‌که‌دا پۆلیس نومایندهیی ده‌کات و به‌ڵکو ره‌نگه مه‌به‌ستی له منی خوێنه‌ر بێت، ئه‌مه یه‌ك… دووه‌م: گه‌ر مه‌به‌ست له وشه‌ی کێش وه‌زنی شیعریی بێت ؟ که به‌های شیعره‌که داده‌به‌زێنێت و باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌میان بێت، چونکه شیعره‌که خۆی په‌یڕه‌وی کێشی تیا نه‌کراوه! ئه‌ی ده‌بێت مه‌به‌ست سه‌نگ و ماناکانی ناوه‌وه‌ی بن؟ که من هه‌ست ده‌که‌م ئه‌مه‌یانه..
به هۆی سانسۆر‌و نه‌بوونی ئازادیش ره‌نگه شاعیر له هه‌ندێك شوێندا په‌نای بۆ وێنه‌و ستایڵی سوریالی بردبێت وه‌ك ده‌ڵێت:
1- ( گورگێك..
ده‌وه‌ڕێ به‌و گوڵه‌به‌ڕۆژانه‌ی
له په‌نجه‌کانی نه‌قاشێکدا ئاوا بوون)
2- (پۆلیسیش به ڕێگاوه فیتو لێده‌دا و
رووبه‌رووی کلوه به‌فره‌کان
پێکێك هه‌ڵده‌دا له ئاور)…
که‌واته گورگ= پۆلیس، وه‌ڕین= فیتو، (گوڵه‌به‌رۆژه‌ی ئازادیی) نه‌قاش= به‌فر( ی سپی بێ له‌که)
چونکه پۆلیس له ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆره‌کاندا هیچ نییه جگه لهبهرگریکارێکی به‌وه‌فای سیسته‌می تۆتالیتاریی (مه‌نزومه‌ی تاڵ) ، هه‌رچه‌نده له بواری تیۆریی و ریکلامی راگه‌یاندنه‌کاندا وا ده‌خرێته زه‌ینی خه‌ڵکه‌وه کاکه ئه‌وه گورگ نییه، به‌ڵکو سه‌گی پاسه‌وانی به وه‌فاو بێ زیانه.
به گشتی ئه‌م شیعره هه‌وڵده‌دات له‌م خولگه‌یه‌دا کار بکات و شاعیر توانا وێژه‌یی و زمانه‌وانیه‌کانی بخاته گه‌ڕ، جارانێك پێکاویه‌تی و جیاوازییه‌کی دروستکردووه‌و جارانێکیش گۆڕینی سه‌بجێکت و بازدان له ده‌سته‌واژه‌کاندا ده‌بینین و هه‌ست پێده‌که‌ین.
فه‌ره‌نسا ئه‌و ده‌وڵه‌ته نییه ته‌نیا ئهلێرکامۆو رۆلان بارت و ده‌یان سیاسهتمهدارو بیرمه‌ند تێیدا به کاره‌ساتی ماشێن کۆچی دواییان کردووه ، به‌ڵکو پره‌نسیس دایانا و هاوسه‌ری نه‌وه‌ی ملیاردێری ئهفریقایشیی هه‌ر به هه‌مان کاره‌سات کۆتایی به ژیانیان هات، که له نێوه‌ندی شیعره‌که‌دا ئه‌م نهێنیه واڵا ده‌کرێت و ره‌نگه هه‌ر ئه‌ویش بێت کرابێته ره‌مزی نیشتیمانی، یان ره‌مزی هه‌موو ژنێك و ئاسۆکانی ژن . که له زوڵملێکراویدا یه‌کده‌گرنه‌وه.
جێگۆڕکێکردنی وه‌ڕینی گوڵه‌به‌رۆژه به تاریکی و رووبه‌رروبوونه‌وه‌ی پۆلیس له‌گه‌ڵ هه‌تاودا ئه‌و گه‌مه زمانه‌وانیه‌یه که له سه‌ره‌تا کۆپله‌دا به جۆرێكی تر بوو، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی جیناسی ته‌واوی –با- و –با- که یه‌کێکیان به مانای ببوا و ئه‌وی تر ره‌شه‌بایه له کاره جوانه‌کانی زمانی ئه‌م ده‌قه‌یه، جگه له‌وه‌ی هێنانه ناوه‌وه‌ی که‌سایه‌تی ( دایانا) وه‌کو بابه‌تی یاریده‌ده‌ر له ناوه‌ڕاستی ده‌قه‌که‌دا هه‌وڵێکی نوێ و ده‌ستپێشخه‌ریه‌کی بوێرانه‌یه، که‌واته لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه‌ی که کێشمه کێشی نێوان شه‌ڕو چاکه یان ئاوه‌دانکردن و وێرانکردن، جوانی و ناشرینی ، بابه‌تێکی هه‌میشه‌یی بوونی ئاده‌میزاده له سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام ره‌نگه له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا جۆرێك بنوێنێت، وێرای ئه‌وه‌ی مهیلو لایه‌نداریی شاعیر ناشاردرێته‌وه بۆ توخم و ره‌گه‌زی مێ و کێشه‌کانیان له زۆرانبازیه‌کانی ژیان و که‌لتووره جیاوازه‌کانی میلله‌تان. ئایا له کۆتاییدا گه‌ر پۆلیسه‌کان به باران بشۆردرێنهوهو پاك ببنه‌وه له تاوان له‌م مه‌دلولانه تێده‌گه‌ن، یان هه‌ر کاژێر ناگاته ئه‌و ساته و له کێشی ئه‌م شیعره تێناگه‌ن؟؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه دوا کۆپله‌و ده‌رگای ده‌قه‌که‌ی پێ کڵۆم ده‌درێت.
له کۆتاییدا چه‌ند سه‌رنجێکی کورتم هه‌یه له‌مه‌ڕ زاراوه‌و زمانی ده‌قه‌که‌وه.
– ماناکان راسته‌وخۆ خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌و شاعیر زمانێکی قورسی به‌کارهێناوه، جگه له‌وه‌ی بابه‌تێکی ئاڵۆزیشی تاوتوێ کردووه. ئه‌مه‌ش زیاتر رووی پۆزه‌تیڤی هه‌یه نه‌ك نێگه‌تیڤ.
– شاعیر ده‌یتوانی له جیاتی به‌کارهێنانی وشه‌ی دووباره‌کراوی (فه‌ڕز که‌ن) وشه‌ی کوردی زۆر جوان و کاریگه‌رتری به‌کاربهێنایه.
– له ڕێنووسی نوێ‌دا جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی لێکدراو که بۆ یه‌ك مانا به‌کاردێت سه‌ر له خوێنه‌ر تێكده‌دات که ده‌بوو به نموونه به‌م جۆرانه بوونایه:
نزاتاندا، نه‌ك نزاتان دا/ برێزیلییان، نه‌ك برێزیلی یان/ دڵنیامکه‌وه، نه‌ك دڵنیام که‌وه… تاد
– به‌کارهێنانی هه‌ندێك وێنه‌و زاراوه‌ی لاواز‌و تاراده‌یه‌ك دوور له کرۆکی بابه‌ته‌که‌وه به جۆرێك لاوازی و کرێتی ده‌به‌خشێت به وێنه‌کان، وه‌ك (قه‌ڵه‌م موو)، ته‌نانه‌ت ئه‌و کۆپله 5 دێڕییه‌ی ده‌ڵێت (نیو کوره ئاسک) شازه له‌و ده‌قه‌داو من وای ده‌بینم ئه‌م کۆپله‌یه له‌شانی کۆپله‌کانی تردا نییه، جگه له به‌کارهێنانی دێڕی (نیسف و ننههاری گورگ) لای منی خوێنه‌ر له‌هه‌مان کۆپله‌دا جۆرێك هه‌ڵه‌ی تیایه. که ره‌نگه لای شاعیر به پێچه‌وانه‌وه له هه‌موو کۆپله‌کان به‌هێزترو به پێزتر بێت. ده‌یتوانی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی که له داڕشتنی ئه‌م کۆپلهدایه هاتووه به شێواز و زمانێکی تر دهڕشتایه که زۆر سه‌رنجڕاکێشتر ده‌بوو، به‌و مانایه‌ی وه‌ك پێویست سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه له گه‌یاندنی مانادا له‌کاتێکدا ئه‌م شیعره به زمانی کوردیه، ئێدی ده‌پرسین وشه‌ی بیانی بۆ؟
له کۆتاییدا به ئاماژه‌دان به جوانی و تازه‌گه‌ریی ئه‌م وێنه شیعرییه دوایی به‌م باسه ده‌هێنم و هیوادارم چیدی (هیچ) هیچ نه‌بێت.
( گوێچکه‌یه‌کی بڕاو ده‌بینم له با دا
ماندوو له ده‌نگه‌کان نا.. که ره‌نگیان به تامترین به‌رامه‌یه
ده‌نگ ده‌ده‌م به با دا.. که بێ سنوور ده‌ژی)