Skip to Content

نامەیەک بەر لە خۆرهەڵاتن.. شوان عەباس بەدری

نامەیەک بەر لە خۆرهەڵاتن.. شوان عەباس بەدری

Be First!
by كانونی یه‌كه‌م 18, 2025 General


دانیشتووم ، پێکەکەم حازر کردووە و لەگەڵ دەنگی فەرهاد و دوکەڵی جگەرەکەی دەستمەوە ڕۆچوومەتە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە، قووڵ قووڵ هەروەک تەنیاییەکەم و بێ بن هەر وەک هەناسە ساردەکانم ، بیر ئەکەمەوە ، بیر لە ژیان ، بیر لە دڵە بریندارەکەم ، بیر لە گەنجێکی قژ لوولی عەینەک لەچاوی دڵخۆشی پڕ لە گەرم و گوڕی ماوەیەک لەمەوبەر دەکەمەوە ، هەڵدەستم و گلۆپی ژوورە سارد و ماتەکەم دەکوژێنمەوە و لەگەڵ کوژانەوەی گلۆپی ژوورەکەم و درووستکردنی پێکێکی تازە بۆ دەروونە ماندووەکەم گۆرانییەکی داریوش دەست پێئەکات ، ئەو گۆرانییەی کە ساڵەهای ساڵە خۆمی تیا ئەبینیم و ئەڵەی داریوش ئەم گۆرانییەی بە تایبەتی بۆ من وتووە ، گۆرانییەکە گۆرانی (سقوط ، هەڵدێران ) ە و لەگەڵ وتنی (کەس تەنیاییەکەم لە من نادزێ ، دەرودیوار کوا لە ئازاری من تێئەگەن) نەفەسێکی قووڵ قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و پێکە عەرەقەکەم تا بنی پەرداخەکە هەڵئەدەم و لە جیاتی مەزە، دووبارە نەفەسێکی قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و دوکەڵەکەی دەکەم بە دەم و چاوی مرۆڤە ماندووەکەی ناو ئاوێنە بچووکەکەی دەستم ، بیر لە گەڕانەوە ئەکەمەوە و بە مرۆڤە ماندووە کەشەنگەکەی ناو ئاوێنەکە ئەڵێم : چ لێرە بیت و چ لەوێ خۆ هەر تەنیا و وونیت ، بڕۆڕەوە ، بڕۆڕەوە ، هەر هیچ نەبێت لەوێ بە تەواوی وون ئەبیت و لەناو تەنیاییە ئەبەدییەکەت غەرق ئەبیت و گرنگ نییە چەندی تر هەناسە ئەدەیت و چاوەکانت هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ ئەبینێت!
بڕۆڕەوەو لەناو باوەشی شەوەزەنگێکی بێ کۆتایی بێ هەناسەی خاک و ووڵات بخەوەو تفێکی هەمیشەیی لەم پارچە جوگرافییە نەفرەتییە بکە کە وا بۆ چەند مانگێکە لەناویا بێ کاریت و سەر بە هەر شوێنێکا ئەکەیت بۆ داوای کار ، ئەڵێن تەنها ڕەگەزی مێینەمان ئەوێ !!!
ئاە، ئێستا مەهەستیشی هاتە سەر و گۆرانی مەیخانە دەڵێت .
لەتاو جگەرە کێشان و ئازاری خەنجەری بێ وەفایی تامی دەمم تاڵە و دڵم تک تک ئازاری لێ ئەچۆڕێت ، ئاوڕێک ئەدەمەوە و لە پشتەوە ، لەسەر دیوارەکە ، وێنەی گەنجێکی دڵخۆشی دەم بە کەنینی ڤژ لوول دەبینم کە چوار مستیلە و سەعاتێکی لە دەستایە و لە گۆشەی چەپی ژوورە تاریک و ساردەکەم ئەڕوانێت و زوو زووش بە بزەیەکەوە نیگام ئەکات !
پێکێکی تر هەڵئەدەم و لەناکاو بە تووڕەییەوە هاواری بە سەرا ئەکەم و ئەقیژێنم بەسەریا : چییییییت ئەوێ ، ئەو گۆشەیە تەنها گۆچانەکەی باوکمی لێیە و تەواو .
ئەو باوکەی نە حەرامی خوارد و نە ویستی لە ڕێی ناو و ناوبانگ و پەیوەندییەکانییەوە کارێک بۆ ئێمە بکات و داهاتوومان دابین بکات ، ( دوای ئەم قسانە قاقایەکی بەرز لیئەدەم و بە دەم قاقاوە فرمێسکەکانم دێنە خوارەوە و پێکەنین و فرمێسکم تێکەڵ ئەبن ) داماوە وایئەزانی دوای ئەوەی ئەمرێت ،هاوڕێ و حزبەکەی ئاگایان لە ژیانمان ئەبێت و ڕێزی ئەو پاکی و دڵسۆزی و دەستپاکییەی ئەگرن ، هاهاهاها، نەیئەزانی کەسیان ناڵێن کەرتان بە چەن و ماون یا مردوون؟
نەیئەزانی کەس حورمەتی ئەو ماندووبوون و تێکۆشان و ڕاکەڕاکەی ناگرێت و کۆنە جاش و کوڕە جاشەکانی ئەو سەردەمە سەخت و یەکلاکەرەوەیە و ئەوانەی شاخیان بەرەو ئۆروپا و ژیانی ئاسوودە بە جێهێشت و بەرگەی نەهامەتییەکانی دوای ئەنفالییان نەگرت ، دەبن بە هەمە کارە و ئێمەش لەناو بەرداشی وونکردنی کەسە پاکەکانی ناو حزب و مێژووی کورد ئەمانهاڕن و ئەمانتیلێننەوە و لەناومان ئەبەن .
داماوە نەیئەزانی حازرخۆرەکانی خیانەت جێی پێ لەق ئەکەن و بە دڵپاکی خۆی دەستی زۆر کەسی گرت و ژیانی زۆر کەسی لە ڕەمی و کووشتن و زیندان ڕزگار کرد و ئێستا زۆربەی ئەوانەی لە مردن ڕزگاری کردن ، هەوڵی نەمانی ناوی و ناوی کوڕەکانی دەدەن .
دوا ڕێگە بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاو ، بۆیاخی پێڵاوی گڵاوی ئەو خائین و خۆفرۆشانەی تا دوێنێ لە باوەشی ئەم و ئەوا شەن و کەویان ئەکرد و ئێستا یاری بە چارەنووسی کەسە دڵسۆزەکانەوە ئەکەن ، دوا ڕێگە ، بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاوی ئەو هەرچی و پەرچییانەی کە گەر سبەی شتێک ڕووبدات ، ڕێک بائەدەنەوە و بە داروبەردی ئەو حزبەی درووستی کردن دێنە خوارەوە و وەک نە بایان دی بێت و نە بۆران ، خۆیان دوبارە فڕێ ئەدەنە باوەشی حزبێکی تر و ڕابەڕێکی تر و لەسەر ئاخورەکەیان بەردەوام ئەبن و دەم ئەنێن بە دادۆشینی گوانی نوێ !
دوا ڕێگە بۆیاخە ، سنووقێکی بۆیاخی پێڵاو بکڕم و تا بەشکوو ڕۆژێ لە ڕۆژان یەکێک لەو کۆنە جاش و خائین و خۆفرۆش و بێ مەبدەئانە بێن و قاچیان لەسەر سنووقی پێڵاو بۆیاخ کردنەکەم دانێن و بە هاتنیان تفێکی خەست لە خۆم و لە مێژوو و لە خاک و پێڵاوەکەیان بکەم و پڕ بە گەرووم هاوار بکەم : ببوورن ئێوە ڕاست بوون و باوکم و چەندانی وەک باوکم هەڵە بوون کە بە پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبووردوویی خەباتیان کرد و دواجاریش ژیانی خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان شەقار شەقار کرد و ئێستا مناڵەکانیان چاوەڕێی پێڵاوەکانی ئێوەن کە داینێن و بۆیاخی بکەن و بەشکوو بەم جۆرە بتوانن بژێوی ژیانیان دەربێنن !
تف لە ئاوێنەکە و مێژوو و ………..

شوان عەباس بەدری

Previous
Next

Leave a Reply