Skip to Content

پرسی هەڵەبجە.. کاوە جەلال

پرسی هەڵەبجە.. کاوە جەلال

Closed
by March 18, 2021 General, Opinion

کەی توانیمان خۆمان وەک مرۆڤ بەهەند وەربگرین، ئەوجا لە تەوەنی ستەمکار و ناڕاستگۆی کوردایەتی چووینە دەرەوە، ئیدی دەتوانین دیدمان ڕۆشنتر ڕووەو هەر کارەساتێکی، بەڵێ هەر ڕووداوێکی نێو ژیانی جڤاکیمان ئاڕاستە بکەین و لەبریی ڕەوانبێژیی “زام” بیکەین بە “پرس”. لێ گەرەکە هاوکات بوێرین دانوستانی ئەو کارەساتە بەربخەین تا هاوشێوەی ڕوونەداتەوە یان هیچ نەبێت ئامادەباشی تێماندا بۆ رێگریی لە کارەساتی ئەوها سەرهەڵبدات.
بێگومان ئەم کێشەیە زۆر بڤەیە. سەرەڕای ئەوە بە کرانەوەی بەری چاومان ناچار دەبین ڕووبکەینە تاوانبار و ئەو شەڕکەرانە کە بەرەنگاری ئەو بوونەتەوە، تاکو لە دیاردەکانی وەک نقورچی سەربازی، بزواندنی “پتری” ئەنجامدانی تاوان (خوێنەر بەهەڵە لێمان تێنەگات: نەک بزواندنی تاوان، بەڵکو بزواندنی “پتر”ی ئەنجامدانی تاوان) وردبینەوە، بەو ڕێیەشەوە بۆمان ساغبێتەوە کە داخۆ تا چەند کوردایەتیچییانی نێو شاخەکان رۆڵیان لە لاوازکردنی کەسێتیی کورد و پەرەپێدانی گورزی تاوانباران لە کوردان هەبووە.

لێ گەرەکە بۆ ڕێگریی لە تۆمەتی سەرزارەکییانەی وەک “خۆفرۆشی”، “خیانەت” یان “پاساو بۆ دوژمنان” پتر ڕۆبچینە نێو پرسی خەباتەوە – خەبات کە هەردەم لەدژی ستەمکاری ڕەوایە، بەڵێ هەموو کەسێکی ژیر، خاوەن ویژدان، هەڵوێستوەرگرتوو بەرانبەر هەر شێوە پرسێکی جڤاکی و سیاسی، دەبێژێت و گەرەکە ببێژێت کە خەبات لەدژی دەسەڵاتدارییەکی وەک بەعس ئەرکێکی ئەخلاقییە.
سەرەتا گەرەکە بە شێوەی بەرجەستە لایەنێک یەکلا بکەینەوە: تاوانی هەڵەبجە ڕژێمی بەعس ئەنجامی دا و شیاوی لێبوردن نییە، بەم تاوانە کە کۆمەڵکوژییە لە چەند خولەکێکی کەمدا بە چەکی کیمیایی، “ڕادە”ی چییەتیی تاوانکارییانەی ئەنجامدەرەکەی ئاشکرا دەبێت.
لێ ئێمە بەڕاستی لێرەدا لای کارەساتێکی ئاڵۆز گیرساوینەتەوە سەرباری ئاشکرایی تاوانبارەکەی. بۆ نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە گەرەکە سەرەتا بپرسین کە ئایا چۆن مرۆڤ لەدژی دەسەڵاتدارییەکی ستەمکاری وەک بەعس خەبات بکات؟ لێرەدا ئاشکرایە، ئێمە پەیوەندین بە دەوڵەتێکەوە کە سوپایەکی بەهێزی لە ڕووی چەندێتیی مرۆڤ و چەکەوە هەیە، هەروەها چۆنێتییانە لە ڕووی سەربازییەوە پتر پێگەیەنراوە، دەوڵەتیش هەردوو لایەنیان بە دەستوێژی پێترۆدۆلار بەردەوام پتر مۆدێرنیزە دەکات: بەردەوام چەکی مۆدێرنتر دەکڕێت، ئەوجا بەردەوام بە یاریدەی پتر لە بیست هەزار پسپۆری سۆڤێتی ڕاهێنانی چۆنێتییانە بە سوپاکەی دەکات، ئەفسەران و فڕۆکەوانانی پێگەیەنراو دەنێرێت بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا تا دەورەی تایبەت ببینن و گەلێکی دی. ئەوجا دەزگای بەهێزی پۆلیسی و ئەمنی و موخابەراتیی هەیە.
لەدژی ئەم دەسەڵاتە دوو ڕێگەی خەبات هەن: خەباتی ژێرزەمینی و تێکۆشان بەڕێی کولتوور و زمانەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکان، هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی یاخیبوونەکانی باب و باپیران، ئەوجا چاوەڕوانکردنی هەڵکەوتنی هەلی لەبار بۆ دەستوەشاندن لەو دوژمنە؛ یان، ڕێگەی دووەم: خەباتی چەکداری کە ئاشکرایە ڕێگەی زەبرە.

لێ ئایا خەباتی چەکدارییەکەی کوردایەتیچییان؟ نەخێر، جا گەرچی ئەوان و گەنجانی پێشمەرگەیان زۆر چاک توانای زەبر و لەناوبردنیان هەیە، ئەوە بێگومان بەرانبەر مرۆڤانی کورد نەک ڕژێمێکی وەکو بەعس، بە پێچەوانەوە سەرانی خولە چەخماخەیی هەردەم ئاواتەخواز بوون کە لە بەغدادەوە دیدێکی ئەرێنییان تێبگیرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەو پاساوەی کوردایەتیچییان کە گۆیا کورد لاسایی دوژمنانی ناکاتەوە، درۆیەکی شاخدارە.
خەباتی چەکداری کە ئێمە وەک ڕێگەیەک وەسفی دەکەین، بێگومان گەر شیاو بێت، چەند پێشمەرجێکی هەیە: ئاشکرایە پەیوەند بە جیۆپۆلیتیکی کوردانەوە دەبێت ئەو شەڕە چەکدارییە سەربەخۆ بێت لە هەر دەوڵەتێکی دراوسێ، دەبێت سوپایەکی سەردەمیانەی فرەلایەنی بۆ دامەزرێنرابێت، ئەوجا لەو شەڕەدا هەر شێوەیەکی چەک لە قۆچەقانی و مۆلۆتۆڤەوە تا چەکی مۆدێرن بەگەڕبخرێن، هەروەها گرووپی ئینتیحاری بۆ لێدان لە دوژمن لەنێو پایتەختەکەیدا، یان بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەر تاوانێک کە ئەو لەدژی منداڵێک یان کیژێکی کورد ئەنجامی بدات، پێبگەیەنرێت. ئەوجا گەر شەللاتی و سەرەڕۆیان ڕوویان لە چیاکان کرد و ناوی ئەم یان ئەو پارتیان لە خۆیان نا، یەکسەر لەناوببرێن. بەکورتی ئەوە کرۆک و پێناسەی شەڕە و کێ بڕیاری بۆ بدات، دەبێت بیگرێتە بەر. ئاخر ئێستا لەم ڕێگە هەڵبژێرراوە چەکدارییەی خەباتدا تەنیا یاسای زەبر دەخوات و هەموو پرسێکی ئەخلاقی، هەموو شێوەیەکی سەرفی نەزەر لەکاردەخرێت. کەواتە کێ بڕیار بۆ خەباتی زەبرمەند بدات، دەبێت لە کرۆکەوە زەبرمەندی سەردەمی بێت و توانای لەناوبردنی هەبێت. دەبێت بە واتای وشە سڵ لە جەریمە نەکاتەوە. ئەمە سروشتی جەنگە و شەڕکەرانی چەکداریش دەبێت بەو سروشتە بگونجێن، دەبێت لە ناخیانەوە جەنگاوەر بن.

کەواتە کاتێک ئێمە لە شەڕ دەدوێین، مەبەستمان شەڕی کوردایەتیچییان نییە. گەر کاتەکییانە بڕوانین، دەبینین کە ئەوان هیچ توانایەکیان نەبوو ڕێ لە تەعریب و بەبەعسیکردن بگرن، کەواتە ڕاست نییە کە گۆیا دەستپێکردنی شەڕی چەکداری بۆ ڕێگری بوو لە ڕاگوێزان، لە تەشەنەی تەعریب و بەبەعسیکردن، بەڵکو ڕاست ئەوەیە، کە بەو نائامادەییە بۆ شەڕی چەکداری نەک نەیانتوانی ڕێیان لێبگرن، بەڵکو گوڕ و پەرەیان پێدان، سەرەنجامیش نزیکەی پێنج هەزار گوند وێرانکران و دانیشتوانیان بەبێ “تەعویز” فڕێدرانە نێو شار و شارۆچکەکانەوە. ئایا ناتوانین گریمانە بکەین کە گەرچی ڕژێمی بەعس دەستی بە ڕاگوێزان کرد و ڕاگوێزراوانی بۆ زیانە ئابوورییەکانیان “تەعویز” دەکردەوە، ئەوجا لەبەر هۆکاری ئابووری ڕاگوێزانی لە سنوورێکدا وەستاند، لەو سنوورەدا دەمایەوە؟ (بەتایبەتی مێژووناسان گەرەکە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە ئەرکێکی توێژینەوەیە و دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان).

وەلێ ئەو پێشمەرجە دیاریکراوانەی ڕێگەی دووەم هێشتا هەر لاوەکین. پرسیاری کرۆکیتر ئەوەیە کە ئایا توانای بەرهەڵستیی بڕیاردەران بۆ شەڕی چەکداری ئەوەندە بڕ دەکات کە ئیدی بەو ڕێیەوە زیان بە خەڵکی مەدەنی نەگات، یان هیچ نەبێت کەمترین زیانی پێبگات؟ ئاخر ئاشکرایە گەل و ئایندەی ئەو مەبەستن نەک شەڕی چەکداری کە دەستوێژە.
کەواتە گەر چالاکبووانی سیاسی بزانن توانای ڕێگرییان لە ڕاگوێزان و کوشتار نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵک بەهۆی شەڕی ئەوانەوە زیاتر زیانی پێدەگات، ئەوا لە سەرەتاوە شەڕ ناکەن یان لەکاتی خۆیدا دەیوەستێنن، بەتایبەتی لە هەشتاکاندا کاتی جەنگی ئێراق-ئێران.
لێ ئەم تێڕوانینە کوردایەتیچییانی ناسەردەمی و ئامادەنەبوو بۆ شەڕ ناگرێتەوە. ئەمان هەروا ئاسان دەچنە نێو چیاکانەوە، بێگومان نەک بۆ نێو شوێنی ئامادەکراوی خەبات، بەڵکو دەچنە سەر ماڵی جوتیاری داماو، ئەوجا وەک جرپن و شڵەژاو، وەک نەزان و نەشارەزای شەر، گەنجانی فریودراو دەدەنە دەست خودی خۆیان تا لە ئەزموونی خەباتی چەکدارییەوە بڕێک فێری شەڕکردن ببن، خۆیشیان لەنێو ناکۆکیی خولەچەخماخەییدا قاڵدەبن.
کەواتە ئێمە لەم شەڕەی کوردایەتیچییانی شەڕنەزان و سیاسەتنەزاندا هاوکات لە بەردەم ڕەوشێکی زۆر ترسناکداین، چونکە ڕژێمی بەعس لە ڕەوتی جەنگدا بەردەوام پتر بە چەکی کیمایی تای تەرازووی شەڕەکان ڕادەگرێت، هاوکات نەزیفی خودی جەنگ بەربووە و لێرەشەوە قەراری سیاسی و سەربازی ئاسانتر دەدرێن. ئێستا خۆهێشتنەوە پێشتریی وەرگرتووە. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا بپرسین: ئایا ئەوە ئاوەزمەندانەیە کە لەو ڕەوشەدا نقورچ لە ڕژێمێکی دیکتاتۆری بگیرێت؟
با کۆنکرێتتر بپرسین: ئایا کوردایەتیچییانی نێو شاخ و داخەکان بە چە ئەقڵێکەوە سوپای ئێرانی دوژمنی ڕژێمی بەلەسەبووی بەعس دەهێننە نێو خاکەکەیەوە؟ ئاخر لە ڕووی جیۆگرافیای سیاسییەوە خاکی ئەوە! لە ڕووی مافی هاوڵاتێتییەوە کوردایەتیچییان هاوڵاتیی ئەو دەوڵەتەن!
کەواتە پێویستە چەند پرسیارێک بکەین و گەرەکە توێژەران، بەتایبەتی مێژووناسان وەڵامیان بدەنەوە: ئایا کوردایەتیچییان تاوانبارن دەرهەق بە هەڵەبجە؟ ئایا دەبێت پرسی دادگاییکردنی ئەوانیش بوروژێنرێت؟ هاوکات دەبێت پرسیارێکی دیکەی زۆر بڤە بکەین تاکو هەر تابوویەک بشکێنین: ئایا ئەوان سەبەبکاری کارەساتی هەڵەبجەن؟ ئەم پرسیارانە پێویستە بکرێن، چونکە پێویستمان بە ڕۆشنایی سەبارەت بە ڕووداو کارەساتەکانی ڕابوردوومان هەیە. جگە لەوە ئێمە لە ئەزموونەوە دەزانین کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە دوژمنی مرۆڤ و مرۆڤێتیی کورد بووە. ئاخر ئەمڕۆ بەئاشکرا (سەردەمانی زوو گەلێک نائاشکرا) بۆ هەمووان خویا بووە کە هەرگیز مرۆڤی کورد ئامانجی کوردایەتیچییان نەبووە، نەخێر ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بووە کوردان بەکوشتبدرێن، ماڵ و گوند و زەویی کشتیارییان وێران بکرێن، کیژیان ئەتک بکرێت، زارۆکیان لە ژەهردا بخنکێنرێت – تەنیا خۆیان و گەیشتن بە بڕێک دەسەڵات مەبەست بوون. لە بنەڕەتدا نەک تەنیا سیاسەتبازێک (ئەمە پاکانە نییە)، بەڵکو دەیان کوردایەتیچی ئاواتەخواز بوون کە چەند هەڵەبجەیەکی دیکە ڕووبداتەوە تا “مەسەلە ڕەواکەی گەلی کوردی بەشەرەفی قارەمان بە گەلان بناسرێت!” – هەروەک دەوڵەتان هیچ ئاگایەکیان لەو مەسەلەیە نەبووبێت!
لە بنەڕەتدا بەپرسکردنی هەڵەبجە (و ئەنفال) و دانوستاندنی تەنیا بەهای مێژوویی ساغکەرەوەی نییە، بەڵکو واتایەکی هەنووکەییشی پەیوەند بە دۆخی ئەمڕۆی کوردانەوە هەیە. ئێمە دەبێژین: ساویلکەیەتییەکی کوردیی سیاسەتنەزان هەیە، کە بەتایبەتی بەڕێی کوردایەتییەوە ناسیومانە و بەردەوام ئەزموونی دەکەینەوە: سنگدەرپەڕاندنی خولەچەخماخەیی و بەکوشتدانی گەنجان و خەڵکی سیڤیل لە ڕابوردوودا، ئەمڕۆش بۆ نموونە دروستکردنی پوول بە نەخشەی هەموو کوردستانەوە، لێرەشدا هەموو کەسێکی ئاگامەند دەزانێت کە کرداری بەو چەشنە نقورچگرتنە. لێ ئەوەی ڕاستی بێت بەم کارە نەک تەنیا ساویلکەیی، بەڵکو هەروەها سووکوسەلیمیی دەروونەکە ئاشکرا دەبێت، ئەوەش بەوەدا کە نقورچگران لەو نقورچەدا وێنەیەکی پاپای فاتیکانیان لەسەر داناوە!! ئاخر ئەوە سووکوسەلیمییە کە نقورچگرێک وێنەی پاپای فاتیکان بخاتە سەر پوولێکی کوردی. ئەوجا کە نقورچگران بوێرییان بۆ بەرگری لە کردارەکەیان نییە، ئیدی بۆ نقورچ دەگرن؟ هار بوون؟ بەدەم قاقای پێکەنینەوە خەریکی گەمەکردنن؟ جگە لەوە تەنانەت کەسانی سادەی جڤاکیش بەڕوونی دەزانن کە چوار کوردستانی جوودا لە یەک هەن و گەر هەموو دوژمنانی کوردیش نەمێنن، نەشیاوە لەبەر جوودایی مێژوویانەی کوردەکان یەکبخرێن. ئەوجا ساویلکەیی ڕێفەراندوم لەولاوە بووەستێت، یان کینی ساویلکانەی شۆڕەسوارانی کوردایەتی و نەوەکانیان لە یەکدی کە لە سیاسەتدا لە باوکان و باپیرانیان کۆڵەوارترن.

کەواتە ئاشکرایە، کاتێک ئێمە ئەوها ڕەخنەییانە “هەڵەبجە بەپرس دەکەین”، ئەوا مەسەلەکە ئەوە نییە کە هاوشێوەی زۆر کەس ئاخ بۆ سەدام هەڵبکێشین و دەسەڵاتدارییەکەی وەک چاک دابنێین، بەڵکو مەسەلەکە لە کرۆکەوە ئەوەیە کە هەڵوێستی ڕەخنەیی ڕووەو هەر ڕووداو و کارەساتێکی نێو ژیانی ڕابوردوومان وەربگرین، بوێرانە دەستنیشانیان بکەین تا دووبارە نەبنەوە، ئەوجا بەو ڕێیەوە هیچ دەرفەتێک بۆ کوردایەتیچییانی تێهەڵدراوی نێو شاخ و داخەکان نەهێڵینەوە کە سەرەڕۆیی ڕابوردووی خۆیانمان بەشانازییەوە بۆ بکەن بە حیکایەت، بۆ نموونە بێشەرمانە وێنەی تەقوتۆقەکانیان پێشانی خەڵک بدەن و پێیان ببێژن: “لەو ڕۆژانە بڕوانن کە ئەمڕۆیان هێنا!”. ئەوان دەبێت بیدرکێنن کە ڕژێمی بەعس بەهۆی شەڕی ساویلکانەی ئەوانەوە تەپتەپێنی بە خۆیان و سەرجەم گەلی کورد کرد، بەڵێ ئەوان دوای ڕاپەڕین وەک دۆڕاوی شەڕ گەڕانەوە.

Previous
Next