Skip to Content

خوێندەنەوەی سێ رۆمانی کوردی.. ئیدریس مستەفا ساڵح

خوێندەنەوەی سێ رۆمانی کوردی.. ئیدریس مستەفا ساڵح

Closed
by ئاب 22, 2021 General, Literature


لە نیو ئەو ژاوەژاوی جیهانەی تێیدا دەژین خوێندنەوەی رۆمان رزگار دەکات لە فەوتانی ناوەوەی خۆت. بەڵام لەم سالانەی دواییدا، ئەوەی من دیبێتم، کاتێک هەندێ رۆمانی کوردیم خوێندەوە چ بە کتێب و چ بە ئۆنلاین تێگەیشتم ئێمە هێشتا لە جەهلێکی گەورەی نەک هەر نوسینداین بەڵکو خوێندنەوەش چونکە هەر لە ستایش و پیاهەڵدانی هەندێ رۆمان و کتێبەوە لە وێبسایت و میدایاکانەوە دەمبینی چ قۆشەنێک لە خوێنەری بێ ئاگا لە نێو ئێمەدا دروست بووە و قسەکردن لەگەڵیاندا دەبێتە روو بە رووبونوەیەکی ترسناک کە لەو نێوەدا جگە لە هەڵکردنی ئاڵای تەسلیم بوون پێیان هیچی ترت بۆ نامێنێتەوە. بەڵام لەم بەهارەوە کاتێک “نیشتمانی سارا”م بەریکەوت دەستکەوت بۆ خوێندەوە و دواتر، “خەمی مەستورە و “شەوگەرەکان”م خوێندەوە دلخۆشیەکی بی پایان دایگرتم لەوەی بڵێم ئۆخەیش دونیای رۆمانی کوردی زیندووە و چیدی ترسی رۆمانە باو و پیاهەلدراوەکان، رۆمانە لاواز و کرچ و کاڵ و دزراو و کۆپیەکان نابنە چەتری دونیای نوێی رۆمانی کوردی و کەپرە رەسەکان هەن تاکو کەمێک لیی بحەسێینەوە کاتێک رۆمانێکی کوردی بخوینیnەوە.

نزیکەی مانگێک پێش ئیستا لە خوێندنەوەی سێیەم رۆمانی میران ئەبراهام بوومەوە بەڵام بەهۆی باسێکی تایبەتەوە لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی یەشار کەمال و خوێندنەوەی رۆمانی “سوڵتانی فیلەکان”ی یەشار کەمال ئەم کورتە تەعقیبەم دواکەوت کە بۆخۆی نوسینێکی دوورودرێژتری لێوە دروست دەبێت لە ئایندەدا و یەکێکیان وا بە رێگایەوە چاپ بکرێ. بەهەرحاڵ، دەمەوێ بڵێم ئەم سێ رۆمانە نموونەی نوسینی رۆمانی کوردین و دەتوانین بڵێین ئێمەی کورد ئیدی خاوەنی رۆمانی کوردی خۆمانین کە بە زمانی دایکی نوسرابن.

دوای ئەوەی رۆمانی “نیشتمانی سارا”م خوێندەوە کەوتمە وێزەی دوو رۆمانەکەی تری میران ئەبراهام، بزانم ئاخۆ ئەمانیش تامی نیشتمانەکەی سارا دەدەن یان نا. دیارە هەر یەک تام و چێژی خۆی هەبوو، بەڵام لە هەرسێکیاندا یەک رەسەنەیاتیەکم بینی کە ئێجگار زەحمەتە لە دونیای چیرۆکنوسی ئێمەدا ئەوە ببینی. دەتوانم بڵێم لە دوای “لە خەوما”ی جەمیل سائیبەوە ئەم چیرۆکانە لەو چیرۆکە کەم دەگمەنانەی نوسینی ئێمە، بە تایبەت نیشتمانی سارا و خەمی مەستوورە، کە توانیبێتیان خەمە قوڵەکانی مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەت رەسەنایەتی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەکەی و کێشەکەی و مێژووەکەی گوزارشت لێ بکەن لەگەڵ بیر و ئەندێشەیەک و خامەیەکی راستگۆیانە کە لەم زەمەنەدا گەلێل قورسە نوسەری راستگۆ بوونی هەبێ.

نیشتمانی سارا، جارێ تر شتم لەسەر گوتووە و لێکۆڵینەوەیەکی نزیکە چل لاپەڕەیشم لەسەر کردووە و وا لە رێگەیە بۆ بڵاوبوونەوە. بۆ “خەمی مەستورە” هەمان شت نوسینێکی کورتم لە فەیسبوکی خۆم لەسەر نوسی و دووبارەی ناکەمەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە رۆمانی “شەوگەڕەکان”ە. گەر دوو رۆمانەکەی تر روح و ویژدانی میران ئەبراهامیان لە دەفەرێکی زووخاوئامێزدا ژان پێکرد و دەرئەنجام دوو منداڵی بێکەسکراو و بێ ناسنامەکراوی کوردی وەک سارا و مەستوورەی لێوە لە دایک بوو، ئەوا لە ” شەوگەڕەکان”دا ئەم ژانەی ناو گیانی دەباتە ئەمسەر و ئەوسەری دونیا و لێکیان دەدا بە یەکەوە و پێمان دەڵێ کە هەرجەندە دونیاکان جیاواز بن توانا و خەم و خەونە مرۆییەکان یەکن لەهەر کوێیەک بن. ئەم توانا و خەم و خەونانە، میران ئەبراهام، لە ئاستێکی رۆمان نوسینی بەرزدا خوێنەر بەخۆیەوە لول دەدا و بۆ لوتکەی هەردوو دنیاکەی سەرزەمین، رۆژئاوا و رۆژهەڵات، سەفەری پیدەکات.

Previous
Next
Kurdish