Skip to Content

بەرەیەكى نیشتمانیى پتەو بۆ ئەم قۆناغە نوێیەى كوردستان.. ئامادەکردنی: فازیل شەوڕۆ

بەرەیەكى نیشتمانیى پتەو بۆ ئەم قۆناغە نوێیەى كوردستان.. ئامادەکردنی: فازیل شەوڕۆ

Closed
by ئاب 22, 2021 General

بەرەیەكى نیشتمانیى پتەو بۆ ئەم قۆناغە نوێیەى كوردستان
ئەحمەد هەردى عەزیز محەمەد نوورى تاڵەبانى

دکتۆر نوری تاڵەبانی دوای چاپکردنی بەرگی یەکەمی (بیرەوەری و بانێژەباسێک لە نووسینەکانم)، ئێستا (٣) بەرگی دیکەی ئەم بەرهەمەی بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ناردووە بۆ چاپ، کە تێکڕای (٤) بەرگەکە (١١٢٣) لاپەڕەی قەوارە گەورەیە، فازیل شەوڕۆ ئەرکی پێداچوونەوە و سەرپەرشتیی چاپکردنی بەرگەکانی گرتەئەستۆ و دوو پێشەکیشی بۆ نووسیوون. بەختیار مستەفا زەڵمیش، بەشە عەرەبییەکەی ئامادەکرد و پووختەی ژیاننامەی دکتۆر نوری تاڵەبانی وەرگێرایە سەر زمانی عەرەبی.
بەرگی دووەمی ئەو بەرهەمەی دکتۆر نووری کە (٥١٩) لاپەڕەیە بە کوردییە، بەرهەمی تەمەن و ئەزموونی ڕۆژگاری پڕ هەوراز و نشێوی ژیانییەتی، کە بۆ مێژوو دەبنە بەڵگەنامەی دەوڵەمەند بۆ توێژەر و مێژوونووس و و سیاسی و ڕۆشنبیری و خوێنەرانی کورد و عەرەب و ئینگلیزیزانەکان.
ئەم بابەتەی خوارەوە، کە پتر لە دوو دەییە پێش ئیمڕۆ، پێشکێش بە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی کورد کراوە، هەردەڵێی بۆ ئیمڕۆیان ئامادەکراوە. بەداخەوە، ئەگەر زوو خەمی جددی ئەو خەمخۆرانەی کورد بە هەند وەربگیرابانایە، ئەکید، ڕۆژگاری ئێستای کورد، زۆر جیاوازتر دەبوو.
ئێستاش، دەکرێ، ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، بەهەند وەرگیرێت و عیبرەتێک لە ڕابردوومان وەربگرین.
ئەمەش دەقی بابەتەکەیە، کە لە بەشێ دووەمی بەرگەکە بە ناونیشانی (یەکخستنی ماڵ کورد) دا تۆمارکراوە:
“دروود لە ڕۆحی پاکی ئەحمەد هەردی و عەزیز محەمەد”

بەرەیەكى نیشتمانیى پتەو بۆ ئەم قۆناغە نوێیەى كوردستان
ئەحمەد هەردى عەزیز محەمەد نوورى تاڵەبانى


وڵاتەكەمان بە بارودۆخێكى تایبەتدا تێپەڕدەبێت، دواڕۆژى كوردستان لە دەستوورى ئایندەى عێراق دیارى دەكرێت و پەیوەندیى هەرێمى كوردستان بە حكوومەتى ناوەندەوە یەكلا دەكرێتەوە. لەم بارودۆخە ناسكە نادیارەدا هەڵوێستێكى یەكگرتووانە لە كوردستان بەدى ناكرێت و بەرنامەیەك ئامادەنەكراوە كە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانى كوردستان و ڕێكخراوە مەدەنى و پیشەییەكان و ڕووناكبیرانى كوردستان كۆبكاتەوە. ئەم پەرتوبڵاوییەى ئێستا لە ئارادایە لە بەرژەوەندیى كورد و قازانجى هێزە سیاسیەكاندا نییە، ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بمێنێتەوە دەبێتە هۆى ئەوەى كورد سەنگێكى ئەوتۆى نەبێ لە كاتى ئەو گۆڕانكارییانەى چاوەڕوانى كوردستان و عێراق دەكەن و بڕیارى لەسەر دەدرێت. ئەگەر كورد بیەوێ بەشداربێت لەو گۆڕانكارییانە و ڕۆڵى لە دیاریكردنى پاشەڕۆژى عێراق هەبێت، پێویستە خۆى لە بەرەیەكى یەكگرتووى پتەودا، بە بەرنامە كۆ بكاتەوە و بە یەك دەنگ داواى جێبەجێكردنى مافە ڕەواكانى بكات.
لەو باوەڕەداین هەموو كوردێكى بە هەست و دڵسۆز پشتگیریى لە یەكگرتنەوەى هێزە سیاسییەكانى كوردستان دەكات و ئاواتەخوازە ئەم یەكگرتنەوەیە بە زووترین كات بێتە دى، تا چالاكانە و بە گورجى بەشدارى لە دەستنیشانكردنى پاشەڕۆژى كوردستان و عێراق بكات. بەڵام قسەى تیۆرى و سەر كاغەز لەگەڵ ئەو واقیعەى لەسەر گۆڕەپانى كوردستان هەیە جیاوازە و هەمووشمان هەستى پێدەكەین. لەمەوبەر چەند هەوڵێكى دڵسۆزانە لە لایەن هێزە سیاسییەكان و گرووپ و كەسانى ڕووناكبیرەوە بۆ دامەزراندن و بنیاتنانى بەرەیەكى یەكگرتوو لە كوردستان دراون، بەڵام بە داخەوە زۆربەیان سەركەوتنیان بە دەست نەهێناوە، چونكە بە شێوەیەكى گونجاو لەگەڵ ئەو واقیعەى لە گۆڕەپانى كوردستان هەبووە نەبوون، بۆیە ئەگەر بمانەوێ بیر لە یەكخستنەوەى هێزە سیاسیەكانى كوردستان بكەینەوە، پێویستە ئەو واقیعە لەبەرچاو بگیرێ.
لە واقیعى ئەمڕۆى كوردستان دوو هێزى سەرەكى هەن، لە زۆر ڕووەوە توانا و دەسەڵاتێكى زۆریان هەیە، بەلآم چەند جارێك پێكدادان و شەڕ و ناكۆكى لە ساڵانى ڕابردوودا لە نێوانیاندا ڕوویداوە و ئاسەوارەكانى تا ئێستاش ماون. چەند ساڵە دوو ئیدارەى جیاواز لەم بەشەى كوردستان هەیە، هەر یەكەیان دەزگاى تایبەت بە هێزى پێشمەرگە و پۆلیس و پاراستن و زانیارییان هەیە، لەسەر بنەماى حیزبایەتیى تەسك دامەزراون، هەروەها چەند كۆلێجێكى تایبەت بە هێزى پێشمەرگە و پۆلیس و ڕێكخراوانى دیكە هەیە لەسەر هەمان بنەما دروست كراون. ئەم دوو ئیدارەیە دەمێكە سەرچاوەى تایبەتى دارایى خۆیان پەیداكردووە و ئێستاش لە پەرەسەندندایە. یەكگرتنەوەى ئەو دوو ئیدارەیە كە ئەو دوو هێزە سیاسییە بەڕێوەیان دەبەن، كارێكى ئاسان نییە، ئەگەر بمانەوێ لەسەر بنەمایەكى پتەو یەكبگرنەوە، بە جۆرێك لێكدابڕانى تێدا نەبێ و نەگەڕێنەوە بۆ جارى جاران، كە ناكۆكیى چەكدارانە لە ئاكامەكەى ڕوویداوە. مەبەست لە بەرچاوخستنى ئەو واقیعە تاڵە تانە لێدان نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ یەكگرتنەوەى هێزە سیاسییەكان لەسەر بنەمایێكى ڕاست و دروست، بۆ ئەوەى جارێكى دیكە گەلەكەمان تووشى شكستى و نەهامەتى نەبێتەوە. لێرە كە باس لە دامەزراندنى بەرەیەكى كوردستانیى یەكگرتوو دەكەین، بیر لەو كۆسپ و ئاستەنگانەش دەكەینەوە و هەوڵ دەدەین بە شێوەیەكى واقعبینانە و دوور بینانە چارەسەریان بكەین.
لە بەرامبەر ئەم هەموو ئاستەنگ و زەحمەتەى لەسەر گۆڕەپانى سیاسیى كوردستان بەدى دەكرێن، بارێكى تازە لەسەر ئاستى كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان پەیدابووە بووەتە هۆى پەیدابوونى ئاسۆیەكى نوێ بۆ كوردستان بەگشتى، بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە و لایەن و گرووپ و ڕێكخراو و ڕووناكبیرانى كوردستان، كە پێویستە تواناى خۆیان بە شێوەیەكى جددى و دوور لە خۆپەرستییەوە یەك بخەن، تاكو سوود لەم هەلە وەربگیرێ بۆ ئەوەى هیچ نەبێ بەشێك لە ئاواتەكانى گەلى كوردستان بەدى بێن و كورد جارێكى تر تووشى نەهامەتى نەبێتەوە. ئەم دەرفەتە تازەیە لە ئاكامى ڕووخانى ڕژێمى دیكتاتۆرى و ڕزگاركردنى بەشى زۆرى باشوورى كوردستان پەیدابووە، نابێت بە سووك و ئاسانى لەبەر هەر هۆیەك بێت، لە دەستمان بچێت. بە دڵنیاییەوە دەڵێین ئەگەر ئەم جارە كورد سوود لەم دەرفەتە گەورەیە وەرنەگرێت، ئەو دوو هێزە دەسەلآتدارەى كوردستان لە هەموو لایەكانى تر زیاتر زەرەرمەند دەبن و بەرامبەر مێژوو و نەوەى پاشەڕۆژ بەرپرسیار دەبن. ئەگەر لێرە پەنجە بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە درێژ دەكەین، لەبەرئەوەیە ئەوان ئەمڕۆكە كاربەدەست و دەسەڵاتدارن لە كوردستان و بەشێكى فراوانى باشوور لەژێر دەسەڵاتى ئەواندایە.

ئەو كۆسپ و ئاستەنگانە، دەبێ بە وردى و واقیعبینانە لێیان بكۆڵینەوە تا بتوانین چارەسەریان بكەین. بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئەم بارودۆخە تازەیەى لە پاش نەمانى ڕژێمى بەعسى پەیدا بووە و هیوا و ئومێدێكى گەورەى لێ پەیدابووە بۆ كورد، دەبێ بخرێنە پێش چاو و هەوڵبدرێت حیزبایەتى تەسك و بەرژەوەندیى یەكلا نەبنە هۆى بەرەو پێشەوە نەبردنى كێشەى ڕەواى گەلەكەمان، تا جارێكى تر نەبینە قوربانیى خۆپەرستیەتیی. كورد، دەبێت ئەمجارە بە مافە ڕەواكانى خۆى بگات و سوود لەم بارە نێوخۆیى و ناوچەیى و نێو دەوڵەتییە تازەیە وەربگرێت.

ئەگەر ئەم بەشەى كوردستان كە لە ژێردەسەڵاتى ئەو دوو هێزە سیاسییە یەكبگرێتەوە، ئەو بەشە دابڕاوەى زووتر دەگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان، كەواتە پێویستە هەموو كوردێكى دڵسۆز بە هەموو توانایەوە هەوڵ بدات ئەم ئاواتە پیرۆزەى هەزاران شەهید و قوربانی ڕێگاى ئازادكردنى كوردستان، بێتە دى. ئەگەر گەیشتن بەم ئاواتە پیرۆزە لە یەكگرتنەوەى هەردوو ئیدارەكەدا بێت، پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ پتەوكردنى پەیوەندیى نێوان ئەو دوو هێزە و هەموو هێز و گرووپ و ڕێكخراوە مەدەنى و پیشەیى و كەسایەتى و ڕووناكبیرانى كوردستان، بەڵام لەسەر چ بنەمایەك و بە چ میكانزمێك؟
ئەو پڕنسیپانەى دەتوانین بڵێین بەشى زۆرى گەلەكەمان دەمێكە لەسەرى ڕێككەوتوون و بە بەردەوامى داواى جێبەجێكردنیان كردووە، دەكرێت لەم خالآنەى خوارەوە كۆبكرێنەوە:
یەكەم: یەكخستنەوەى هەردوو ئیدارەكە و دامەزراندنى حكوومەتێكى ئیتتلافى بە بەشداریكردنى نوێنەرانى هێزە سیاسیەكان و كەسایەتییە شارەزا و بێلایەنەكان، ئەركە سەرەكییەكانى ئەم حكوومەتە، جگە لە بەڕێوەبردنى كاروبارى دەزگاكانى كوردستان، تا ڕێكخستنى هەڵبژاردنێكى ئازاد، لەم خاڵانەى خوارەوە دەكرێ كۆ بكرێنەوە:
پێكهێنانى چەند لێژنەیەك بۆ یەكخستنەوەى دەزگاكانى تایبەت بە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و كۆلێجەكانى سەر بەو دەزگایانە.

  • پاككردنەوەى دەزگاكانى هەرێم لە هاوكارانى دەزگاكانى ئەمن و موخابەراتى ڕژێمى بەعس بەپێى بڕیارى پەرلەمان، لەگەڵ پاككردنەوەى ئەو دەزگایانە لە فەرمانبەرانى دەست پیس و بێ توانان بوونەتە هۆى پەیدابوونى گەندەڵى و رۆتین و دواخستنى كاروبارى هاونیشتمانیان.
  • ئامادەكردنى قانوونێكى نوێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان و ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە، بە هاوكاریى دەزگایەكى نێو دەوڵەتی.
  • پێوەندیى حكوومەتى یەكگرتووى هەرێم و دەزگاكانى بە وەزاڕەت و دەزگاكانى ناوەند بەپێى دەستوورى هەرێم ڕێكبخرێت، تا ئەو كاتەى دەستوورێكى تازە بۆ عێراق پەسند دەكرێت. بە واتایەكى دى، حكوومەتی هەرێم هەموو ئەو دەسەڵاتانەى بۆ دەستنیشانكراوە لە دەستوورى هەرێمى كوردستان بە كاریان بێنێ، تەنیا ئەو دەسەڵاتانە نەبێ بەپێى هەمان دەستوور بە دەسەڵاتى حكوومەتى ناوەندى دەزانن، كە بریتى دەبن لە كاروبارى بەرگرى و نێودەوڵەتى و دراو و بانكى ناوەندى و دەوڵەتنامە (جنیسە).
    دووەم: چەسپاندنى سیستمى فیدڕاڵى پەسندكراو لە لایەن پەرلەمانى كوردستانەوە بۆ پاشەڕۆژى عێراق، لەسەر بنەماى دابەشكردنى عێراق بەسەر دوو هەرێم، هەرێمى كوردستان بە سنوورى جوگرافی و مێژوویى خۆى، كە دەمێكە مێژوونووسانى عەرەب و بیانى و كورد دیاریانكردووە، كە لە سەرووى زنجیرە چیاكانى حەمرین دەستپێدەكات، لەگەڵ هەرێمێكى دى بۆ بەشى عەرەبى عێراق. پێویستە هەوڵبدرێت ئەم سیستمە فیداڕڵییە لە دەستوورى عێراقی تازەدا بچەسپێت، كە هەرێمى كوردستان بەشێَكە لە كوردستان، چونكە هەموو لایەنە سیاسى و مەزهەبییەكانى عەرەبى عێراقى، دەوڵەتى عێراق بە بەشێك لە نیشتمانى عەرەب دەزانن و داوادەكەن ئەم داواكارییەیان لە دەستوورى عێراقدا بچەسپێنن.
    سیێەم: نەهێشتنى ئاسەوارى سیاسەتى بەعەرەبكردن بەهەموو شێوەكانیەوە، لە هەموو ناوچەكانى كوردستانى تازە ئازادكراو، هەروەها بەشداریكردنى گەلى كوردستان لە پڕۆسەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى عێراق بەندبكرێت بە نەهێشتنى ئاسەوارى سیاسەتى بە عەرەبكردن و گەڕانەوەى هەموو ئاوارە دەركراوەكان، بە كورد و توركمان و ئاشوورییەوە، بۆ جێگاى باب و باپیرانیان، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەیان لەو زیانانەى لێیان كەوتووە، تاكو بتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر ژیانى ئاسایى جارانیان، لەگەڵ گەڕاندنەوەى ئەو چوار قەزایەى لە ساڵى 1976 لە پاڕێزگاى كەركوك دابڕاون.
    لەبەر ئەوەى كەركوك و ناوچەكەى تایبەتمەندێتیى خۆى هەیە، پێویستە كێشەكانى ئەو ناوچە بە شێوەیەكى جیاواز چارەسەر بكرێن، چاكترە دەستەیەك پێكبێت نوێنەرانى هێزە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكان و چەند كەسایەتییەكى ناوچەكە تێیدا ئەندام بن، ئەركى سەرەكى ئەو لیژنەیە ئامادەكردن و داڕشتنى بەرنامەى جۆراوجۆر بێت بۆ بنبڕكردنى سیاسەتى بە عەرەبكردن لە ماوەیەكى دیاریكراودا. بارى تایبەتى لە كەركوك و مەترسی پەیدابوونى هاوكارییەكى ستراتیژیى لەنێوان گرووپە توندڕەوەكانى توركمان و عەرەب، دژى پێكەوە ژیانى نەتەوە جیاوازەكان پێویست دەكات ئەم دەستەیە لە كەركوك بە زووترین كات دابمەزرێت. پێویستە هەڵوێستێكى یەكگرتووانە لەكاتى هەڵبژاردندا لە كەركوك و ناوچەكانى دیكەدا پەیڕەو بكرێت و هەموو نەتەوەكانى ئەو ناوچانە بەشدارى تێدابكەن، ئەگینا نەیارانى كورد، بە هاوكاریی ناحەزانى كورد و توركمان و عەرەب لەو ناوچەیە، دەتوانن كارى تێكدەرانە ئەنجام بدەن، ئەوەش دەبێتە هۆى مەترسییەكى گەورە بۆ پاشەڕۆژى كەركوك. ئەو لایەنانە بە ئاشكرا چەند دەوڵەت و هێزێكى بیانى و ناوخۆیى پشتگیرییان لێ دەكەن، كە دەبێ هەموو حیسابێك بۆ تێكشكاندنى ئەم ستراتیژییە بكرێت، بە یەكگرتنەوەى هێزە كوردستانییەكان و دۆستەكانیان لە ناوەوە و دەرەوەى كوردستان.
    چوارەم: دەستكاریى پڕۆژەى دەستوورى هەرێمى كوردستان بكرێت كە لەمانگى نۆڤەمبەرى 2002 وەكو پڕۆژە پەسندكراوە، تاكو بەندەكانى لەگەڵ بارى تازەى پاش ڕووخانى ڕژێم بگونجێن، پێویستە ئەو پڕۆژەیە پاش دەستكاریكردنى، پەسند بكرێت و حكوومەت و هەموو دەزگاكانى هەرێمى كوردستان كارى پێبكەن.
    پێنجەم: پەرلەمانى كوردستان و حكوومەتى یەكگرتووى كوردستان، تاقە نوێنەرى هەرێمى كوردستان بێت لە هەموو گفتوگۆ و دانووستانێك لەگەڵ حكوومەتى ناوەند و هاوپەیمانان دەكرێن.
    شەشەم: قبووڵكردنى ئاكامەكانى ئەو هەڵبژاردنەى پاش یەكگرتنەوەى كوردستان دەكرێت، پاش پەسندكردنى قانوونێكى نوێ بۆ هەڵبژاردن لەسەر بنەمایێكى تازە.
    ئەم پڕنسیپە سەرەكییانە دەكرێت بە شێوەیەكى فراوانتر ئامادەبكرێن، پێویستە میكانزمی تایبەت دابڕێژرێت بۆ كارپێكردن و جێبەجێكردنیان.
    لەسەر ئاستى كوردستان، پێویستە كۆمیتەیێكى باڵا بۆ جێبەجێكردنى بەم پڕنسیپانە دامەزرێت، لەگەڵ چاودێریكردنى شێوەى جێبەجێكردنیان لە پاڕێزگاكان، چاكترە ژمارەى ئەو كۆمیتەیە لە (نۆ) ئەندام زیاتر نەبێت، نوێنەرى ئەو دوو حیزبە سەرەكییەى تێدابێت، چونكە جگە لەوەى ئەمڕۆكە دەسەڵاتداران لە كوردستان و هێز و تواناى بەرچاویان هەیە، نوێنەریان لە ئەنجومەنى حوكمڕانیى عێراق هەیە، كە ئەمڕۆكە، لە پاش دەسەڵاتى هاوپەیمانان، باڵاترین دەسەڵاتە لە عێراق، بەڵام ئەمە نابێت بمانگێڕێتەوە بۆ ئەو سیستمەى لە زۆر وڵاتانى شموولیدا پەیڕەوى دەكرێت، لە ژێر ناوى “بەرەى نیشتمانى”، هەموو دەسەڵاتەكان لە ژێر دەستى حیزبێك ماونەوتەوە. ئەمەش ڕاماندەكێشێ بۆ شیكردنەوەى خاڵێكى تر كە بەداخەوە لە وڵاتانى شموولیدا كراوە بە نەریت، حیزبێك بە ناوى حیزبى “ڕابەر”، یان هەر ناوێكى تر بێت، دەبێ لە بەرەى یەكگرتووى كوردستانى ئەم جۆرە پراكتیزە بەلاوە بنرێت و بەشێوەیەكى دیموكراسییانە بڕیار و پێشنیازەكان لە لایەن كۆمیتەكانى بەرەوە پەسند بكرێن. بەڵام دەكرێت لەم حاڵەتەشدا مەرجى پەسندكردنى بڕیارە گرنگەكان، لە لایەن دوو لەسەر سێی ئەندامانى كۆمیتەى باڵاى بەرەوە قبوڵ بكرێت.
    بەهەر حاڵ پێویستە جگە لە “كۆمیتەى باڵاى بەرەى نیشتمانى كوردستان”، كۆمیتەى دیكە لەسەر ئاستى پاڕێزگا و قەزا و ناحیەكان بە هەمان شێوە پێكبێت، بەڵام بە ڕەچاوكردنى بارى تایبەتى ناوچەى كەركوك. ئەم بۆچوونانەى لێرەدا خستوومانەتە بەرچاو ڕاو پێشنیازن، داوا لەهەموو لایەن و گرووپ و نوێنەرانى ڕێكخراوانى مەدەنى و پیشەیی و ڕووناكبیران دەكەین بە ڕاو بۆچوونەكانیان دەوڵەمەندتریان بكەن، بەم شێوەیە دەتوانین هەموو پێكەوە بگەینە ئامادەكردنى بەرنامە و میكانیزمى چاكتر و گونجاوتر لەگەڵ بارى تازەى كوردستان و عێراق بگونجێت.
    سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازین.
Previous
Next
Kurdish