Skip to Content

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری “فەرنوود ئیلهامی” بڵاوکرایەوە

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری “فەرنوود ئیلهامی” بڵاوکرایەوە

Closed
by نیسان 8, 2022 General

مەنسوور جیهانی ـ


کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کورد “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی” و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕەسەنایەتی مەقامەکان و ڕوانینێکی نوێی بۆ کووکی ڕەسەنی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کلیپی گۆرانی “یار” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کرماشانی “فەرنوود ئیلهامی”، بە دەنگی “سپێهر زوالنووریان”، بە ژەنینی دەفی “ئەمیرحوسێن مێنشادی”، لە دەرهێنانی “موحسین رەشیدی”، لە بەرهەمهێنانی ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی موزیکزانی بەئەزموونی کرماشانی “فەرید ئیلهامی” ئاوازدانەر، وانەبێژ و ژەنیاری بەتوانای تەنبوور و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە مەقامە ڕەسەنەکانی تەنبوور بڵاوکرایەوە.

کووکی گۆرانی “یار” لە کووکە ڕەسەنەکانی تەنبوور نییە و لە ڕاستیدا کووکێکە کە “فەرنوود ئیلهامی” خوڵقاندوویەتی کە تێکەڵاوێکە لە کووکە ڕەسەنەکانی ئامێری تەنبوور و کووکێک کە ناوەکەی کووکی “عشاق” واتە “عاشقەکانە”.

ئەو مەقامەی کە لە گۆرانی “یار”دا خوێندراوە لە مەقامی “خامۆشە گیان” وەرگیراوە و لە کۆتایی ئەم بەرهەمە مۆسیقاییەشدا کەڵک لە دوو مەقام لە مەقامەکانی تەنبوور وەرگیراوە کە مەقامە سەرەکییەکە ناژەندرێت.

ستافی ئامادەکردنی کلیپی گۆرانی “یار” بریتین لە: ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور: فەرنوود ئیلهامی، گۆرانیبێژ: سپێهر زوالنووریان، ژەنیاری دەف: ئەمیرحوسێن مێنشادی، دەنگهەڵگر، میکس و مەستێرینگ: مێسباح قەمسەری، دەنگدانەر: سوهەیل موئمێنی، دەرهێنەر: موحسین رەشیدی، بەرهەمهێنەر: ماڵی تەنبووری “ئەیاز” بە بەرپرسیاریی فەرید ئیلهامی، بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای “زەنگ ڕیکۆرد”، مۆنتاژ: موحسین رەشیدی، وێنەگرەکان: موحسین رەشیدی، عیرفان مورادی و محەمەد رۆخ، فۆتۆگرافەر: رەزا رەجایی، فۆتۆگرافەری پۆستەر: فەردین رەزایی، دیزاینی پۆستەر: محەمەد کازمی، بە سپاس لە: گوڵنووش ئیلهامی، ماهان سەیفی و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی.

“فەرنوود ئیلهامی” لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند لە شاری سەحنەی کرماشان لە دایک بووە. باوە گەورەی مامۆستا سەید “ئەیاز قەزوینە” لە مامۆستایانی خاوەند شێواز و ناوداری تەنبوور بوو و باوکیشی یەکێک لە دەرهێنەرە بەرچاوەکانی شانۆی شاری سەحنە دێتە ئەژمار.

ئەو فێربوونی ئامێری مەقامی تەنبوور لە مێرمنداڵییەوە دەست پێکرد و هەر لەو سەردەمەوە، لە خزمەت مامۆستایانی شارەزای مەقام لە شاری سەحنە کەڵکی زۆریی وەرگرت. لە تەمەنی 18 و 22 ساڵییەوە لە فێستیڤاڵەکانی مۆسیقای ڕۆژئاوای ئێران و تاقیکرنەوەی گرینگی “باربەد”، پلەی یەکەمی لە بەشی تاکژەنی ئامێری تەنبووردا بەدەستهێنا.

ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 2006 لە خزمەت “فەرید ئیلهامی” براکەیدا لە گرووپی مۆسیقای “فیردەوسی” کۆمەڵێک بەرهەمی درەوشاوەیان پێشکەش و تۆمار کرد، لەوانە: ئەلبوومی “درەفشی کاویانی” و “شانامەی کوردی” بە دەنگی هەرمانی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “شەهرام نازری”، “عەشق نامە” بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “سەدیق تەعریف”، “عەشق” بە دەنگی “حیسام ئەلدین سیراج” و “امید، باز امدم” واتە “هیوا، دیسانەوە گەڕامەوە” بە دەنگی “وەحید تاج”.

ئیلهامی لە ساڵی 2015 سەرقاڵی پڕۆڤە و تۆمارکردنی ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” بە ئاوازدانەری هاوبەشی “فەرید ئیلهامی” برای و بە دەنگی مامۆستا سەدیق تەعریفە، کە بە هۆی جۆاروجۆرەوە تاکوو ئێستا ئەو بەرهەمە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ نەڕەخساوە.

ئەم ئاوازدانەرە کوردە، لە ساڵی 2020 گۆرانی “مەجنوون” بە دەنگی گۆرانیبێژی ئێرانی “پەرواز هۆمای” بڵاوکردەوە کە بە دابەشکردنی راک “پراگرسیو” ڕوانینێکی نوێیە بۆ مۆسیقای تەنبوور و شیعرەکانی مەولانا.

هەروەها گۆرانییەکانی “بابا سەرهەنگی”، “قەڵەندەر”، “عشاق” واتە “عاشقەکان”، “خۆف و ڕەجا”، ئەلبوومی مۆسیقای “عەشق نامە” و … لەو بەرهەمانەی ئەم هونەرمەندە کرماشانییە دێنە ئەژمار کە لە داهاتوودا بڵاودەبنەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.instagram.com/farnood_elhami

لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی “یار”:
https://we.tl/t-IA7IhYQ8b8

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish