روسیا و ئۆکراین کامیان هەڕەشەن بۆ سەر یەکتر!… نوسینی: ئیدریس مستەفا
خوێندنەوەیەکی سیاسی رەخنەییە بۆ تەنگژەی ئۆکراین
وتەیەک:
ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات لە چوارچیوەی ململانێیەکی گەورەتردایە کە چەندان دەیە و سەدەیە دەجێتە پێشەوە ئەویش کێشەی هەردوو جەمسەری رۆژهەڵات-رۆژئاوایە کە لە نیویدا کێشەی ئۆراسیا و ئەوروپا و باشوری دەریای چین و …هتد لە خۆ دەگرێ. پەلامار و پاوانخوازیەنی نیوان هەردوو جەمسەر مێژووی جیهانی ئێمەی مرۆڤیان نەخشاندووە و لەوەناچی ئەمجارە ئەم جیهانە ئاوها بمێنێ گەر شەڕەکە ببێتە جەنگ و جەنگەکەش بە دەستکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کۆتایی پێ بێت. لەگەڵ ئەوەی روسیا لە دوای جەنگی ساردەوە بێ پەردە وەک بلۆکێکی سەرمایەداری دەرکەوت و دەشیویست ببێتە بەشێک لەو سیستەمە کاپتاڵیستیە غەربیەی لە جوڵەیەکی بەردەوام بوو بەڵام بلۆکی رۆژئوایی رییان پێگرت و نەیانهێشت بەو تایبەتمەندێتیەی خۆیەوە بێتەوە ناوەوە بەڵکو دەیانویست وەک وڵاتێکی ئاسایی و تێکشکاو و لاواز و پەراوێز بێتە ناو سیستەمە سەرمایەداریەکەیانەوە کە روسیا ئەمەی قبوڵ نەکرد و رەتی کردەوە. بەڵام ئەو قبوڵ نەکردنەی روسیا لە لایەن رۆژئاواوە و رەتکردنەوەی روسیا بۆ باوەشی رۆژئاوا بەو ژینگەیەی ئەوان لێی دەخوازن یەک راستیە مێژووییە دەسەلمێنێ ئەویش راستی مێژوویی ململانێی رۆژهەڵات (چین و هند و روسیا وئەوانی تر) و رۆژئاوایە و وا لە گۆرەپانی ئۆکرایندا دەتەقێتەوە. واتە کێشەی ئۆکراین رەگەکەی لە مێژوویەکی مەودا فراوانتردایە و وا لە پەلاماری سەربازی روسیادا خۆی دەنوێنێ و منیش لێرەدا وردبینی لەسەر کێشەی ئۆکراین و روسیا دەکەم.
ئێمە لە دنیایەکی نوێی سیاسی فکریدا دەژین کە تەواو جیاوازە لە دەورانەکانی سەدەی رابردوو. هەندێک لەو جیهانبینیانەی دنیامان پێ دەدی و ئەو چەمکانەشی دنییامان پێ شیدەکردەوە و لیک دەدایەوە چیدی بە کەڵکی ئێستاکانی نایەن چونکە ناتوانن وەڵامێکی پڕ بە پێست بە تەنگژە و کێشەکان بدەنەوە. چەمکی نیشتمان، داگیرکاری، بەرەنگاری، هێز و ئیرادە ئەو چەمکانەن کە تێگەیشتنی تازەیان لێمان دەوێ لەبەرئەوەی مەبدەیە جێگیرەکانیان کەوتونەتە لەرزە. نێشتمان بەو مانایەی دەولەتی نەتەوەیی دروست دەکات و ئەو دەوڵەتە و خاکەکەی دەبنە مەبدەئێکی پیرۆز و ستراتیجی بۆی کە بە درێژایی دوو سەدەی رابردوو، چونکە چەمک و قەوارەی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمان لەو دەورانەوە بەرجەستە بوو، ملیۆنان مرۆڤ بە خۆیان و ماڵ و حاڵیانەوە بوونە قوربانی ئەو مەبدەئە بێ ئەوەی بەروبومێکی مرۆیی گشتگیری وەک بەختیاری و ژیانی شایستە بە مرۆڤ هەبێ،
لەو رۆژەوەی روسیا پەلاماری سەربازی بۆسەر ئۆکراین دەست پێکردووە و هەموو دنیای لەگەڵ خۆیدا سەرقاڵ کردووە کە هەموو قەوارە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و رێکخراو و کەس و لایەنە حزبی و ئایدیۆلۆجی و سیاسیەکان نەک هەر قسە و هەلوێستی خۆیان هەبێ لەسەری بەڵکو تێزی سیاسی فکری خۆیان بۆ بەیان کرد هەر لەمسەری چەپەوە تاکو ئەوسەری لیبراڵی و قەومی. کوردستانی خۆمان و نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکەی وەک بەشێک لەو بەدەنە جیهانیە قسە و هەڵوێستی سیاسی خۆیان هەبوو لەسەری لەگەڵ بەیان کردنی تیزی سیاسی فکری خۆشیان لەو بارەیەوە. لەو نیوەندەدا گوێ بیستی چەمکی نیشتمان و داگیرکاری و بەرگری دەبووین کە دەرئەنجامی پەلاماری سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دروست بووە. لەگەڵ ئەم جەمکانەدا زۆر کەم گوێ بیستی چەمکێکی تر بووین ئەویش چەمکی هەرەشەیە کە جەوهەری هەڵایسانی شەڕەکەیە. ئەوەی سەرەکیە لەم باسەدا ئەوەیە دەست ببرێ بۆ هۆکارانەی شەرەکەیان دروست کرد نەک کێ شەڕەکەی دەست پێکرد یان کێ پەلامات دەدات. خاڵی جەوهەری ئەوەیە ببینێ کێ لە پشت هەڵایسانی شەڕەکانەوەیە نەک شەڕکەرەکان کێن چونکە رۆشنترین شت ئەوەیە لایەنەکانی دەستویەخەکە ببینێ. لەم شێکارکاریەدا پاشخانە مێژووییەکان و هەنووکەییەکانی ئەو کێشەیە بە پشت بەستن بە کۆمەلێ زانیاری و بەڵگە و تێزی سیاسی و فکری چوار لە کەسە دیارەکانی دنیای ئەمڕۆی سیاسی فکری دەخەمە روو کە هەر یەکەیان لە روانگەی مەیلی سیاسی هزری خۆیەوە وەک لیبراڵی و چەپ و ریالیزمی رامیاری سەیری تەنگژەی یۆکراین دەکەن
پاشخانی مێژوویی
پێش ئەوەی دەست بە باسەکەم بکەم بۆم گرنگە ئاماژەیەکی کورت بدەم بەوەی ناتۆ چیە. هەموان دەزانین کە ناتۆ چیە و دوای جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو کە ئەو دەم هەموو وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، جگە لە ولاتانی ئەسکەندەنافیا، لەگەڵ ئەمریکا و کەنەدا و دواتر تورکیا گرتەوە. دیارە هۆکار یاخود بنەمای دروست بوونی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ روو بە روو بوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو وەک یەکەمین سکرتێری گشتی ناتۆ، هەستینگ ئیزمەی ١٩٥٢، رایگەیاند. ئەمە لە کاتیکدا یەکێتی سۆڤیەت هاوپەیمان بوو لەگەل غەرب دژ بە ئەڵمانیای هیتلەری لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە. بەڵام، دیارە پلانی ستارتیجی رۆژئاوا، بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا، چآوبڕێنە بۆ خاکی روسیای گەورە وەک چۆن لە مێژووی هاوجەرخیاندا ناپلیۆن و هیتلەر کردیان.
ئۆکراین وەک وڵات و قەوارەیەکی سیاسی لە مێژوودا بوونی نەبووە و بگرە یەکێک لە بنەچە سەرکیەکانی روس بووە و لە مێژوودا بە روس کییڤ ناسراو بووە. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی روسیادا بەلشەفیەکان لە ساڵانی بیستی سەدەی رابردوودا کۆمارێکیان وەک کۆمارەکانی تری یەکێتی سۆڤیەت دروست کرد بە ناوی ئۆکراین. (ئۆکراین ئەو دەنگەژێیە کە روسەکان و ئۆکرانیەکانی ئێستا بۆ وڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن بۆیە من ئۆکراین لە جیاتی یۆکرەینی ئینگلیزی و ئۆکرانیای کوردی و عەرەبی بە کار دەهێنم.) لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتیەوە ساڵی ١٩٩١ ئۆکراین بوو بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بوو بەو وڵاتەی کە ئیستا هەیە.
گرنگی ئۆکراین بۆ روسیا هەمەلایەنەیە بە رادەیەک ستراتیجیترین کۆماری کۆنی یەکێتی سۆڤیەتە کە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی روسیای ئیستای فیدراڵ راستەوخۆ پیوەی بەستراوە بۆیە سەرانی روسیای ئەو کات دانیشتنێکی تایبەتی مێژووییان لەگەڵ بلۆکی رۆژئاواییدا بەست سەبارەت ئۆکراین. لەو دانێشتنەدا بەرپرسانی روسی داوایان کرد کە رۆژێ لە رۆژان ئۆکراین نابێ ببێت بە ئەندامی ناتۆ و هەردوو لا بە رێککەوتن گەیشتن و مەرجەکانیش ئەوە بوو کە سۆڤیەت دەستبەرداری ئەلمانیای رۆژهەڵات دەبێ و لە بەرامبەریشدا ئۆکراین دەبێ وڵاتێکی بێ لایەن وەک سویسرا بمێنێتەوە. دیارە رۆژئاواییەکان، ئەمریکا و بەریتانیا بە تایبەت، بەڵێنەکەی خۆیان نەبردە سەر و بگرە کەوتنە دابەشکردنی فۆرمی بە یەندام بوونی ناتۆ و یەک یەک کۆمارە کۆنەکانی یەکێتی سۆڤیەتیان کرد بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ. بڕیار بوو ئۆکراینیش بکەن بەڵام روسیا لەسەر ئۆکراین هاتە دەنگ و ئامادەیی هیچ سازشێکی نەکرد لەو بارەیەوە و بگرە هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لە ئەوروپا و ئەمریکا کرد گەر بێتوو ئۆکراین بکەن بە ئەندامی ناتۆ.
روسیای بچوک
لە باری مێژووییەوە، بۆ روسیا ئۆکراین هەمیشە بە روسیا تەماشا کراوە و بگرە پێیان گووتوە روسیای بچوک. ئەمە وەک ارستیەکی مێژویی تەواوە، چونکە لە مێژوودا ئۆکراین و روسیا لە یەکتر جیا نەبوونە. بوارەکانی فەرهەنگی و ئاینی و زمان و کەلتور و مێژوو ئەوە پیشان دەدەن کە جیوازیەکی سەرەکی نەبووە لە نیوان روسەکان و ئۆکراینەکاندا و بگرە بە درێژایی دەسەڵاتی قەسەری روسی ئۆکراین هەمیشە وەک بەشێک لە روسیا تەماشا کراوە و و بە روس کییڤەکانیش ناوبانگیان دەرکردووە. دیارە لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی هەستەیەک لە نیو ئۆکرانیەکاندا دروست بوو کە بتوانن قەوارە و دەوڵەت و ناسنامەی تایبەت بە خۆیان هەبێ چ وەک نەتەوە و چ وەک رەگەز. ئەم خەونەیان لەگەڵ درستبوونی یەکێتی سۆڤیەتدا رۆژی ١٠ی مانگی شەشی ١٩١٧ لەسەر دەستی بەلشەفیەکان بەدیهات و هەروەها لە رۆژی ٢٤ی مانی ٨ی ساڵی ١٩٩١یش لەگەڵ روخانی یەکێتی سۆڤیەتدا ئەو خەونەیان بۆ دووەم جار بەدیهات، بەڵام چۆن بەدیهاتنێک! دوایی دەگەڕێمەوە سەر ئەم خاڵە.
نەخشەیەکی کۆنی کییەڤی پایتەختی ئێستای ئۆکراین لە کۆندا پێی گوتراوە روس کێیەڤەکان.
هەندێک دەڵێن روسیای ئیستا لەوانەوە هاتووە و ئەو دەمەی کییەڤ هەبووە مۆسکۆ لادێ بووە.
بۆچی روسەکان بە ئۆکراین دەڵێن روسیای بچوک. بارە مێژووەکەیمان ئاماژە پیدا کە یەکم قەوارەی دەسەڵاتدارێتی بە ناوی روس کییەڤ لەو ناوچەیە دامەزرا. لە ئاستی زمانەوانی وئاخاوتندا زمانی روسی و ئۆکراینی نزیک بە لە سەدا حەفتا لە یەک دەچن چ لە وشەدا و چ لە دەستەواژەدا و چ لە پێکهێننای رستەدا و چ لە تێگەیشتنی قسەکردن لەگەڵ یەکتری.(س١) گەر ئەم پیوەرە بهێنین و بەسەر سۆرانی و بادینانیدا بهێنین، ئەوە کرمانجی هەر باس مەکە، دەبینین دەکەونە یەک قاڵبەوە. جیاوازیەکانی وشە و ئاخاوتنی سۆرانی و بادینی، یاخود هەورامی کە هەر زۆر دوورترە لە هەر دووکیانەوە، هەر ئەوەندەی جیاوازی روسی و ئۆکراینیە بەتایبەت هەردوو لایان ئەلف و بێی سریلاکی دەنوسن. پرسیار ئەمەیە ئایا سۆرانیە دەتوانێ بڵێ بادینی کوردنین یاخود بادینیەک دەتوانێ بڵی سۆرانی کورد نین. بێگومان نەخێر! کەواتە ئەو نزیکایەتیە زمانەوانیەی کە یەکێکە لە بناغە سەرەکیەکانی فەرهەنگی و کەلتوری هاوبەش وا لەوەدەکات بڵێین روسی و ئۆکراینی یەک میللەت نین. ئەوەی تیئۆرسیەن و بیری نەتەوەپەرستی ئۆکراینی دروست کرد ئەو شۆڕشە رۆناکبیری و وەرچەرخانە سیاسیەی سەدەی هەژدە و نوزدەی ئەوروپا بوو کە چەمکی نەتەوە و دەولەتی نەتەوەیی بەرهەم هێنا و دواتر بە تەواوی ئەوروپا و جیهاندا بلاوبۆیەوە. نامەوێ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم و ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا بیڵێم ئەو نزیکایەتیە فەرهەنگی و کەلتوری و ئاینی و رەگەزییەیە کە روسیا و ئۆکراین پێکەوە دەبەستێتەوە و بەڵام لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، و پێشتریش لە دەمانی هیتلەردا، بە پشتیوانی سیاسەت و عەقڵی سیاسی و جیهانبینی رۆژئاواوە روحی قەومی ئۆکرانیان دروستکرد کە ئیستا ئەنجامەکەی دەبینین.
شوێنگەی جوگرافی ئۆکراین
بیرجنسکی و هنری کیسنجەر وەک دوو سیاسەتوانی ستراتیجیست و هزری سیاسی دیار و بە ناوبانگی ئەمریکی لە دەیەی حەفتا و هەشتاکاندا و بگرە تا ئیستاش، ئامۆژگاری ناتۆ و بلۆکی غەربیان کردووە کە ئۆکراین بۆ روسیا خەتی سوورە و نابێ کارێکی وابکەن کە روسیا لە خۆیان تورە بکەن. تەنانەت راستەوخۆ بە ئۆکراینیەکانیش دەڵێت “ئۆکراین دەبێ سیاسەتی خۆ دوورگرتن لە هاوپەیمانی ناتۆ پەیرەو بکات.” (س٢) باشە ئەمانە کە بە چڵەپۆپەی هزری سیاسی ئەمریکا دادەنرێن بۆ ئاوها دەڵێن. دیارە هەندێ خاڵ هەیە لەم بارەیەوە دەیخەینە روو کە یەکێکیان ئەو بارە مێژووییە کە ئەستەمە روسیا دەستبەرداری ببێ چونکە دەستەواژەی روسیای بچوک ئەستەمە لە هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسەلاتدارێتی روسی بە ئاسانی بسڕدرێتەوە.
خاڵێکی تر گرنگ هەیە کە بۆ روسیا ستراتیجیە ئەویش هەڵکەوتەی جوگرافی ئۆکرانیایە. دیارە هەموو کۆمارە کۆنەکانی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت سنوریان بە ئیستای روسیاەوە هەیە و تەنانەت یەندامی ناتۆشن وەک لیتوانیا و لاتڤیا و ئەستونیا بەڵام هیچیان وەک ئۆکراین ستراتیجی یاخود ترسناک نین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی روسیا. نهێنی ئەم ترسە لە هێڵە جوگرافیە ئەوروپیەدایە کە ئۆکرانیای پێوە بەستراوەتەوە. ئەو هێڵە پێی دەوترێت رێگەی دەشتایی باکوری ئەوروپا. ئەم رێگەیە، وەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت، بە هێڵێکی تەختانیدا دەڕوات کە بە دیاریکراوی لە ئەڵمانیاەوە درێژ دەبێتەوە بۆ پۆڵەندا و بێلا روس و ئۆکراین بێگومان لەویشەوە بۆ روسیا یاخود وردتر بڵێم موسکۆ. (س٣) واتە هەر کاروانێکی پیادە یا ماشین سواری یاخود گەر هەر کەسێکی ئاسایی سواری سەیارەیەکی ئۆتۆماتێکی بێ شؤفێر ببێ و بە کۆمپیوتەری سەیارەکە بڵێ یان لەسەر سکرینی کۆمپیەری سەیارەکە بنوسێ مۆسکۆ ئەوا بێ هیچ رێگریەکی شاخ و دۆڵ و دەریای گەورە و زەریا دەجێتە ناو مۆسکۆوە بێ ئەوەی دەستی بەر سوکان بکەوێ.
رێگەی دەشتایی یاخود تەختایی باکوری ئەوروپا
گەر رۆژێ لە رۆژان ئۆکراین ببێ بە ئەندامی ناتۆ ئەوا ئەمریکای دوژمنە سەرسەختەکەی روسیا دەتوانێ هەرچی چەک و تەقەمەنی قورس هەیە لەسەر تخوبی روسیا دایبنێ و بەمەش ئاسایشی روسیا زۆر لە نزیکەوە دەکەوێتە بەردەم رەحمەتی هێزەکانی ناتۆوە. حاڵەتێکی ئاوها کە روسیا بە رەسمی لە سیناریۆیەکی ئاوها دەترسێ لەو پلانەی ئیمتۆریەتی رۆما دەچی کە دژ بە سەرکردەی شۆڕشی کۆیلەکان، سپارتاکۆس، کردی. لە فلیمی سپارتاکۆسدا، کاتێک سپارتاکۆس و هێزەکەی لە قەراغ دەریا پشوویەکی دوورودرێژ دەدەن چونکە رێگەیەکی ئێجگار دووریان بڕی بوو بەتایەبت هێزی رۆما بە دوایانەوە بوو. کە لە خەو هەڵدەستن تەماش دەکەن دیوارێکی دارئەستوری گەورەی بەرز لە پشتیانەوە هەڵچنراوە و لە دەریاشەوە هیزێکی دەریایی گەورە بەرمابەریان وەستاوە. پلانێکی ئاوها خاڵی وەرجەرخان بوو لە تێکشکانی سپارتاکۆس. ئەمریکا لە چەندان لاوە گەمارۆی روسیای داوە بەڵام هیچیان وەک ئۆکراین هەستیار و ترسناک نین بۆیە گەر ئۆکراین ببێ بە ئەدنامی ناتۆ ئەوا چارەنوسی روسیا بە دەردی سپارتاکۆس دەچێ. دیارە چەکی ئەتۆمی رێژەیەکی زۆر لە ئەنجامی شەڕ دیاری دەکات بەڵام جوگرافیا رەگەزێکی ستراتیجیە بۆ حەسم کردنی جەنگێک. ئەم ترسەی روسیا لە هێڵی تەختانی باکوری ئەوروپا دڵەراوکێیەکی مێژوویی خۆی هەیە هەر لە پەلامارە سەربازیەکانی ناپلیۆنەوە تاکو هیتلەریش کە ئەو هێڵەیان بەکار دەهێنا بۆ داگیرکردنی روسیا بۆیە لە مێژە و بۆ هەردەم ئەم هێڵە لە بەردەم ستراتیجیستە سیاسی و سەربازیەکانی روسیادایە.(س٤)
گوتاری رەسمی سیاسی ئۆکراین
لە دوای کەوتنی سەرۆکی ئۆکراینی پێشووتر، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، ساڵی ٢٠١٤ کە حکومەتێکی پرۆ-روسیایی بوو ئۆکراین کەوتە دەست هێزە راستڕە و نازیزمەکانی ئۆکراینەوە. ئەم هێزانە خۆیان بە ئاشکرا دەیانگوت و ئێستەش دەڵێن کە بەڵێ ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە ناتزین، واتە هیتلەرین. ئەمریکا و ئەوروپا بە هەموو هیزێکی سیاسی و مالی و دپلۆماسی و سیخۆڕی و تەکنۆلۆجیەوە چوونە پاڵپشتی عەقڵێکی سیاسی لە ئۆکراین کە تاکو ئیستا جگە لە بیر و کردەی فاشیزم هیچی تریان لێ سەوز نەبووە. گوتارە سیاسیەکانیان، بەرخوردەکانیان، رەمزەکانیان هەمووی لە سەرچاوەی بیروباوەری فاشیزم ئاو دەخۆنەوە. من لێرەدا ناچمە سەر ئەو هێزانەی کە نازیزمی عەیارە بیست و چوارن بەڵکو تەنها ئاماژە بە یەک دوو کرداری سەرۆکی ئیستای ئۆکراین، ڤلادیمێر زیلینسکی، دەدەم کە گوایە میانڕەوە و بە ئاین جولەکەیە و ئەمەش ئەو دیعایانە رەت دەکاتەوە گەر ئەو و دەسەڵاتدارێتی سیاسی ئۆکراین بە فاشست لە قەڵەم بدرێ.
زیلیزنسکی پێش و پاش ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئۆکراین لە وتاری خۆی گوتی (ئۆکراین تەنها بۆ ئۆکراینیەکانە و ئەوەی بە زمانی روسی قسەدەکات ئەوا با ئۆکراین بە جێبهێڵێ.) لەسەر شەقامیش کاتێک گردبوونەوە روودەدات و قسەکەری سەر تەختەکە دوای ئەوەی چەندان قسە بە روسیا دەبێژێ، دەلێت هەڵبەزنەوە ئەوەی هەڵنەبەزێتەوە روسیە. ئەمە جگە لەوەی هەر کەس بە ژێر لێوەوە تەئیدی شتێکی روسیا بکات ئەوا بەر هێرشی جەستەیی دەکەوێ و رەنگە بشکوژرێ و کەسیش لەوانە ناپرسێتەوە کە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن. هەواڵەکانی ساڵانی رابردوو پڕیەتی لەم پێشێلکاریانە. بە کورتیەکەی لە دوای ٢٠١٤ ەوە دژە روسی و دژە روسیایی بوون گوتاری سیاسی باوی ئۆکراینە هەر لە سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و پارێزگارەکان تا دەگات بە هاوڵاتیەکی ئاسایی کە مەیلی سیاسی هەبێت. دیارە ئۆکراینی بێ شوماریش هەن کە لەگەڵ ئەم گوتارەدا نین بەڵام بە رادەیەک گەر هەر کەس و لایەنێک ئەم گوتارەی پێ قبوڵ نەبێ ئەوا بە تۆمەتی لایەنگری روسیا و تەنانەت سیخوڕی روسیا تاوانبار دەکرێ و رسوایی پێ دەکرد و لێی دەدرێ و بگرە هەندێ جاریش دەکوژرێت.
مەشقی سەربازی
هەر لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئۆکراین بوو بە مۆڵگەی دەزگای هواڵگری ئەمریکی، سی ئای ئەی. ئەرکەکانیان مەشق پێکردنی گروپە تایبەتەکانی دژەروسیایی بەتایبەت بەتالۆنی ئازۆف کە بەناوبانگە بە نازیزم و هەموویان وەک بەتالیۆنەکە هێمای هیتلەریەتیان کردووە بە قەددا و لە رووی سیاسی و فکریشەوە هەڵگری بیروباوەڕی ناتزیزمن. (٥) بەتالیۆنی ئازۆف کە نزیکەی هەزار کەس دەبن و مەشقی تایبەتیان پێکراوە و لە نزیک ناوچەی هەرێمی دۆنباسک جێگیرکراون و پڕ چەک کراون بە تەفنگ و تەقەمەنی ناتۆ. ئەو گولانەی ناویانە بە خەڵکی هەرێمەوە یاخود کە پێیان گیراوە مۆر یاخود هێمای ناتۆی لەسەرە.
بەتالیۆنی ئازۆف، بەهێترین هێزی سەربازی ئۆکراین
“سی ئای ئەی” لە پاڵ کارە سیخوڕیەکانی بەسەر هەموو شتێکی روسیاوە لە ئۆکراین مەشقی سەربازی تایبەتی بە هێزە سیاسیە راستڕە و نازیەکان کردووە چ لە ناو ئۆکراین و چ لە ئەمریکاش و دواتر هەموویانی لە هەرێمی دۆنباس لەبەرامبەر هەردوو ناوچەی لۆگانسک و دۆنتسک جێگیر پێکردن و بەتالیۆنێکی تایبەتی لێ دروستکردن بە ناوی بەتالیۆنی ئازۆف کە ئاڵای بەتالیۆنەکەیان و هێمای سەر جلوبەرگە سەربازیەکانیان خاچی هەڵگەڕاوەی هیتلەرە. لە سەدا ٧٥ی زیاتری دانشێتوانی ئەو دوو ناوچەیە روسی زوبانن و لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئۆکراینە راستڕەوەکان لە کییڤ، کە سەنتەری بیر و بزاوتی سیاسیان دژە روسی بوونە لە ئۆکراین، بڕیاری جیابوونەوەی قەوارەی سیاسی و کۆماری سەربەخۆی خۆیان راگەیاند لە ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٤ەوە. لەو دەمەوە ئەو بەتالیۆنە ئۆکراینیە بەردەوام هێرش و بۆردومانی سەربازیان بۆ سەر ئەو دوو ناوچەیە دەست پێکردووە و تاکو ئیستا، بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیوان ١٣ بۆ ١٧ هەزار روسی دۆنباسکی کوژراون بەهۆی بۆردومانی ئە وهێزانەوە ئەمە جگە لە وێرانبوون و سووتانی چەندان گوند و دەشتی بەروبومی ئەو دوو کۆمارە. لە هەمووی ترسناکتر، ئەو هێزە بە رادەیەکی هێندە رق ئەستوری مێشکیان پڕکراوە لە دژە روسی بوون. کاتێک هاوڵاتیانی (لۆهانسک و دۆنستک) دەکوشت کە زۆربەی کات هی دێهاتیەکانبوون و دەیانفڕاندن لەسەر لاشەکانیان هێمای راسڕەوی خۆیان بە خوێی تەرمەکە دەکێشا و دواتر وێنەیان لەگەڵ دەگرتن.
ئەفسەرە ئەمریکیەکە چی دەڵێت!
یەکێک لە هەر گرنگترین پەردەهەڵماڵینەکانی دەستێووەردانەکانی رۆژئاوا لە ئۆکرانیا ئەم ئەفسەرە ئەمریکیە دەیدرکێنێ. ئەفسەری کۆنی ئەمریکی, سکۆت رایتەر، لە رۆژی ١١ی مانگی ٣ی ئەمسالدا کۆمەڵێ دانپێدانانی بڵاوکردەوە کە هیچ گومانێک ناهێڵیتەوە بۆ ئەو رووداوانەی ساڵی ٢٠١٤ و دروستکردنی بەتالیۆنی ئازۆف و راسستڕەوەکانی تر ئەوان و بەریتانیا و کەنەدا مەشقی تایبەتیان پێکردوون و هێز و نفوزیان فراوانبوو بە اردەیەک کە چونە ناو هەموو جومگەکانی دەوڵەتەوە و دواتر بوون بە دەسەڵاتداری سیاسی ئەو وڵاتە کە هەرەشەیان لە سەرۆکی وڵات دەکرد گەر بێتوو بە قسەیان نەکات.(س٥) ئەو دەڵێ هێزی کەسایەتی سەربازی ئەمریکی و ئەوروپی لە مێژبوو پەیوەندیان بە نازیەکان و قەومیەکانی ئۆکرانیاوە هەبوو دەشڵێت “هەر ئەو کۆمەڵە و هێزە راسترەوانەمان هێنا و سەرۆکی شەرعی وڵاتمان، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، لەسەر کار لابرد.” (س٥) ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەو ئەفسەرە باسی دەکات، دەڵێ “ئەو نازیانە ئەوەندە بەهێزبوون کە توندوتیژیان جێگەی نیگەرانی بوو، تەنانەت هەرەشەیان لە سەرۆکی پێشووتری ئۆکرانیا، پەترۆ پۆرۆشینکۆ، کرد چونکە ساڵی ٢٠١٥ ویستی دان بنێ بە دۆخی تایبەتی هەرێم دۆنباسدا.” (س٥) لەمەش واوەتر، کار گەیشتە ئەوەی کە هەڕەشە لە زیلینسکی سەرۆکی ئێستای ئۆکرانیا بکەن کاتێک داوای لە ئازۆفیە نازیەکان کرد چەکەکانیان دابنێن، پێیان گوت: بێ دەنگبە. لە سێدارەت دەدەین گەر بێتو رێکەوتننامەی مینسک واژۆ بکەیت.” (س٥) رێکەتننامەی مینسک سالی ٢٠١٤ لە وڵاتی بێلاروس بەسترا لە نیوان روسیا و ئۆکرانیا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپی. دووەم رێکەوتننامەی مینسک مانگی دووی ٢٠١٥ بوو کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو ریكەوتنە دانپیدانان بوو بە دۆخی تایبەتی هەریمی دۆنباسکی زۆرینەی روسیدا. لەو دیمانەیەدا کە سکۆت ریتەر دەربارەی تاقگیە بایۆلۆجیەکانیش نهێنی ترسناک دەدرکێنێ بەڵام من تەنها ئەو بەشەم بۆ گرنگ بوو کە باسم لێکرد.
سکۆت ریتەر
تاقیگەکان
دروستکردنی زیاتر لە سی تاقیگەی بایۆلۆجی و کیمیایی وەها کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە لە روی خەتەری و دژە ئینسانی بوونەکەیەوە یەکیکە لەو بابەتە ترسناکانەی کە بە جاودێری و بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەچوو بەڕێوە. ئامادەکردنی سەدان باڵندەی ژمارە لێدراو بۆ بڵآوبوونەوەی نەخۆشی و کاری ژەهر رێژی لە ناو روسیا بە تابەتی بۆ ئەوانەی دی ئێن ئەی سلاڤیان هەیە ئەوا راستەوخۆ ئەم باڵندە بە ژمارەکراوە دەنیشێتە سەر ئەو کەسانە. لەمەش زیاتر بەڵگە دەسکەوتوون کە کۆرۆنا لەوێدا تاقی کراوەتەوە و کوڕەکەی بایدن بە ناوی هەنتەر بایدن بەپرسی ئەو تاقیگانە بووە کە لە پاڵ ئیشی نەوت و گازەکەیدا خەریکی ئەم کارانە بووە. ئەو بەڵگانە هێزی سەربازی روسی دەستی کەوتوون لەم پەلامارە سەربازیەیدا بۆ سەر ئۆکراین کاتێک کۆمەڵێ شوێنی نهێنیان دۆزیەوە. یەکەم جار، ئەمریکا نەهی لێ دەکرد بەڵام دواتر دانیان پیدانا. لە رۆژی٨ی مانگی ٣ی رابردوو جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند ٢٠١٣-٢٠١٧، لەبەردەم لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکی دانی پێدانا کە ئەمریکا تاقیگەی کیمیایی و بایۆلۆجی هەبووە و چالاکیش بووە لە ئۆکرین. (س٦)
وێنەی تاقیگەی بایۆلۆجیەکە، کەناڵی فرە دەنگ و باسی هندستان بە ناوی “ویۆن” رۆژی ٨ی مانگی ٣ی رابردوو بڵاوی کردۆتەوە
https://www.wionews.com/world/found-30-biological-labs-in-ukraine-possibly-for-bioweapons-claim-russian-forces-460189
تێگەیشتنە نوێیەکان
بۆ ئەوەی لە کێشە و تەنگژە و رووداوەکانی ئیستا تێبگەین پیویستیمان بە چەمکی نوێ یان تێگەیشتنی نوێ هەیە. ئەو وشە و دەستەواژە و بابەتانەی گرنگ بوون و پیرۆز بوون چیتر مانایەکیان نیە نە بۆ تێگەیشتن و نە بۆ بەردەوام بوون. داگیرکاری و نیشتمان ئەو دوو چەمکەن کە ناتوانین هەمان قورسایی و باس و خواس و دیدی سەدەی رابردوومان بۆ هەبێ. سەدەی ئیستا سەدەی بەجێهێشتن و راکردنە لە نیشتمان، سەدەی نابوکردن و مردنی نیشتمانە لە دڵی مرۆڤەکاندا، دوو سێ دەیەی رابردوو، کە ئیستەش هەر بەردەوامە، پیشانیدا کە لە لای ملیۆنان مرۆڤ نیشتمان ئەو شوێنەیە نانێک و ئارامیەکت تێیدا دەست بکەوێ هەرچەندە هیچ رەگێکی رابردووی تۆی پێوە نیە. گەر ئەم تێگەیشتنە لای چین و توێژانەی کۆمەڵەگە کە زۆربەی خەڵکانی ، ئەم تێگەیشتنە لای سەرمایەدارەکانیش هەروایە بەڵام بە شێوەی پارە، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە بەرهەمهێنانی تیدا دەکات و سەرمایەی لێ کەڵەکە دەکات. ئەوەی جاران چەمکی نیشتمانی لە لای مرۆڤ شیرین کردبوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئازیزی و دۆستی و عاشقی و گیانی سەربەستی و ئازادی میللی و نەتەوەیی و هزر و جوڵانەوەکانی لە پەیوەست بەمانەوە بوو. ئێستا چیتر نە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و نە هاوڕێیەتی و دۆستی و نە عەشق و خۆشەویستی و نە رێز و پیرۆزی خێزان و سەربەخۆیی وڵات و خاک وەک خۆی نەماوە، چەمکی داگیرکاری و نیشتمان و داکۆکی لە خاک و ئاوی وەتەن مانایەکی نەماوە،
گەر چەمکی نیشتمان لای ئۆکرانیەکان گرنگ و پیرۆز بوایە ئەوا هەر لە یەکەم رۆژەوە بە هەزارانیان و دواتر ملیۆنانیان بەرەو سنورەکانی وڵاتانی تر رایان نەدەکرد ونێشتمانیان بە جێنەدەهێشت و ئاوارەی وڵاتە ئەوروپیەکان وکەنەدا نەدەبوون. جەنگە نوێیەکانی دنیا بە جۆرە چەکێک دەکرێن کە توانانی بەرگری کردنی هاوڵاتیەکی ئاسایی یان سەربازێکی ئاسایی نیە وەک چۆن جاران بۆ داکۆکی لە نیشتمان لە بەرامبەر تۆپ و دەبابە و تەیارە و هەلیکۆپتەدا بوو. چەکی دەنگی و ئەتۆمی ئاسمانەکانیش ناتوانن بەری پێبگرن و ئەوەی وا لە هاوڵاتی ئۆکراینی دەکات هەڵبێ و ئاوارە بێت لەم تێگەیشتنە حازر بە دەستەوەیە کە هەموو هاوڵاتیەکی ئەم جیهانە دەزانێ و بەتایەبت دراوسێکانی روسیا کە شەڕکردن لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەربازی ئێستا ئەستەمە. ئەمە جگە لەوەی خەڵکی ئۆکراین لە یەکەمین رۆژەکانی شەڕەوە بۆیان دەرکەوت ناتۆ و ئەمریکا تەنها بەکاریان دەهێنن و بۆ چەندەمین بار وڵاتەکەیان دەبێتەوە شوێنی جەنگێکی گەورەی وەک لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا بوو. جا بەرگریکاری و داکۆکی لە نێشتمان و خاک داگیرکردن ئەو چەمکانەن چیتر مرۆڤی پێ هەڵناخەڵەتێنرێ بەتایبەت دەبینن خودی ئەمریکا و ناتۆ بە ئاشکرا پێیان دەلێن ئێمە ناچینە شەڕەوە لەگەڵ روسیادا چونکە دەبێتە جێگەی بەکارهێنانی چەکە قورسەکان کە جیهان لەگەل خۆیدا تەفروتونا دەکات.
ئەوەی شەڕی هێزی روسیا دەکات ئەو هێزە راستڕە و فاشستانەن کە ئەمریکا مەشقی پێکردوون و بۆ مەبەستی دژە ورسیای ئامادەی کردوون نەک بۆ دادکۆکی لە خاک و وڵاتەکەیان. دوای دوو هەفتە لە پەلاماری سەربازی روسیا بۆ ئۆکراین، جۆزیپ بۆریڵ نمایندەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیساسەتی نەتەوەیی رۆژی ٧ی مانیگی ٣ی رابردوو رایگەیاند کە ژمارەی ئاوارەبوونەکان خۆیان دەدەن لە پێنچ ملیۆن گەر روسیا بەردەوام بێت لە شەڕ. (س٧) لەمەش واوەتر، جوار رۆژ دوای قسەکانی جۆزیپ بۆرێڵ واتە ١١رۆژی ١١ی مانگی سێ قسەکەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرێتی لە سویسرا، کارین کەڵەر شەتەر، رایگەیاند گەر پەلامارەکانی روسیا ئاوها بەردەوام بێت ئەوا هەفتەی ملیۆنێک ئۆکراینی ئاوارە دەبن. وەزیری دادی سویسریش کە گوتی نەتەوە یوکگرتووەکان پێیان راگەیاندووم کە ژمارەی ئاوارەی ئۆکرانی لەوانەیە خۆی بدات لە ١٥ ملیۆن کەس. (س٨)
لەو رۆژەوەی روسیا پەلاماری ئۆکراینی داوە، خەڵکی ئۆکراینی بە لێشاو ناوی خۆیان دەنوسن تا بگەنە کەنەدا و دائیرەی کۆچ و پەنابەرێتی وڵاتی کەنەداش دەرگای بۆ خستوونەتە سەر پشت و بە ئاسانترین شێوە قبوڵیان دەکات. باشە پرۆفیسۆریۆڤاڵ نەوا هەراری ئاخۆ دەبێ نەزەرەکانی خۆی چۆن ببینێتەوە لەبەر رۆشنایی ئەم داتایانەدا. ئەم پرۆفیسۆرە کێیە و چی نوسیوە لەسەر شەڕی روسیا-ئۆکراین.
یۆڤاڵ نەوا حەراری و ئۆکراین
یۆڤاڵ نەوا حەراری لە ناو خوێنەرانی کورددا ناسراوە بە کتێبەکانی لەوانە “عاقڵ: مێژوویەکی کورتی مرۆڤ.” بەهۆی ئەوەی ئەو کتێبەی سەدایەکی دایەوە و خوێنەری کوردیش بێ کالعادە کەوتنە سەروسەودا بە دوای کتێبەکانیدا بێ هیچ پاشخانێکی زانیاری و رۆشنبیری لەو بارەیەوەی ئەو لەسەری نوسیوە. لە یەکەم هەفتەی هێرشە سەربازیەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین وتارێکی نوسی بە ناونیشانی (بۆچی ڤلادیمێر پۆتین جەنگەکەی دۆڕاندووە؟) و سایتی کوردڕآوم وەریان گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. یۆڤاڵ نەوا پرۆفیسۆرێکی گەنجە و لەگەڵ ئەوەی دکتۆراکەی لە سەر مێژووی سەدەکانی ناوەآڕستە بەڵام سیاسەت و مێژووی سیاسەت و زانستی سیاسی شتێکە هەموو کەس ناتوانێ بە ئاسانی ئەسپی خۆی تێدا تاو بدا. خۆزگە هەموان کاتیان دەبوو ئەو وتارەیان دەخوێندەوە و تا بزانن ئەو بوارەی ئەو کتێبەکانی تێدا دەنوسێ ئێجگار دوورە لەو بابەتە سیاسیەی ئەو شتی بۆ نوسیوە. وتارەکەی هێندە کرچ و کاڵ و ئاست نزمە هەر دەڵێی گەنجیکی پەست و هەرزەی سیاسی و خوێن گەرمی لە ناو گۆرەپانی مەیدانی کییەڤ نوسیوێتی نەک پرۆفیسۆرێک لە زانکۆیەک.
ئەو خالانەی ئەو لەوێدا باسیان دەکات وتنەوەی هەمان ئەو تاس و حەمامانەی میدیای رەسمی غەرەبیە بە تایبەت ئەمریکی چونکە هەموو کێشەکان لە کەسێکدا بەرجەستە دەکات کە ڤلادیمێر پۆتینە و تایتڵی وتارەکەشی بەو ناوەوەیە. ئەمە جگە لە تێڕوانینێکی مەبەستداری تێکدەرانە بۆ لە بەڕێدابردنی تێگەیشتینی راستیە سیاسیەکان هیچی تر نیە چونکە ئەو رەهەندە سیاسی و سەربازیانەی ئەو لەوێدا باسیان دەکات ئەم دوو سێ هەفتەیەی دوایی شەڕ هەمووی هەڵوەشاندەوە. بۆ نموونە پێی وابوو لە ماوەیەکی دوو سێ هەفتەییدا روسیا ئۆکراین داگیر دەکات و حکومەتێکی پرۆڕوسیایی دادەمەزرێنێ و بەڵام ئۆکراینیەکان ناهیڵن تێیدا بحەسێنەوە. ئەو تێزە سەربازیەی لە ئەزمونی پەلامارە سەربازیەکەی عێراق و ئەفغانساتنەوە وەرگرتووە و وادەزانێ لە هەموو هەورێک بارانە. دیتنی پلانە سەربازیەکان و بڕیاری بڕەر لەسەریان کارێکی ئاسان نیە و تەنانەت خودی هێزی ۆەلاماردەر ناتوانێ ئاسۆیەکی روونی پێ بێ کە پلانەکە جێ بە جێ دەبێ وەک نەخشەی بۆ دانراوە، بەڵکو ئەگەرەکانی کە دێتە پێش ئەوە پلانەکان دەنەخشێنێتەوە.
یۆڤاڵ نەوا هەراری
لە وتارەکەیدا دوو وتەی دەهێنمەوە، یەکێکیان سیاسی و ئەوەی تر سیاسی فکریە. یەکەمیان دەڵێت ” روسەکان رەنگە ئۆکراین داگیر بکەن، بەڵام ئۆکرانیەکان لە جەند رۆژی رابردوودا ئەوەیان سەلماند کە ناهێڵن روسیا وچانی تێدا بدات و بەڕێوەی ببات.” (س٩) بە لەبەرچآوگرتنی ئەو زنایاریانەی یەکێتی و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەرباترەی راکردن و ئاواربوونی ١٥ ملیۆن ئۆکراینی، ئاخۆ یۆڤاڵ دەبێ هەمان قسەی هەبێ و بە خۆیدا نەچێتەوە و بڵێ پەلەم کرد لە رایەکانم. ئایا یۆڤاڵ نازانێ ئەوەی شەڕی کۆڵانە و کۆڵان روسیا دەکات هێزە راستڕەوە دژە روسەکانن. ئەەگر وانیە ئاخر مەعقولە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات دەسبەرداری ماڵ و حاڵ و وڵاتیان ببن و روو لە وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بکەن. گەر چەمکی داگیرکاری مانایەکی بمایە ئەوا لە هەفتەکانی یەکەمدا پێنچ ملیۆن کەس ئاوارە نەدەبوون و دژی داگیرکاری ولاتەکەیان دەجەنگان بەڵام ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە کە ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات داگیرکاری ولاتێک نیە بەو مانا سادەیەی یۆڤاڵ باسی دەکات. بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی دنیا چەمکی داگیرکاری چیدی ئەو رەهەندە کۆنینەی نەماوە و بگرە لەوانەشە لە جوڵانەوەی سیاسی و فکری نوێدا ئەو جێگەیەی نەمێنێ. کاتێک وڵاتێک پەمالار دەدرێ و لە هەر هەفتەیەکدا ملیۆنێک رابکات ئەوا داگیرکاری نیە بەڵکو شتێکی ترە کە پرۆفیسۆری گەنج، یۆڤاڵ هەراری، درکی پێ ناکات. خەڵکی سادە دەزانن ئەوەی دەگوزەری تەلەیەکی ئەمریکا بوو بۆ روسیای دانا لە خاکی ئۆکرایندا و ئەو تەڵەیە روسیای پێوە نەبوو بەڵکو ئۆکرانیای پێوە بوو بۆیە وڵات بەجێ دەهێڵن و ئەوانەی شەڕ دەکەن ئەوانە بۆ ئایدیۆلۆجیای خۆیان شەڕ دەکەن و پەیوەندی نیە بە ژیان و گوزارانی ئەوانەوە بەڵکو حوکمی هەشت ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەوان پیشانیدا لە سەرکوت و فۆبیای سیاسی و گەندەڵی و بارودۆخی خراپی ئابوری و کردنی وڵات بە مۆڵگەی سیخوڕێتی و تەراتێنی ئەمریکایی تێیدا ئەوەی بەرهەم هێنا خەڵک شەڕ نەکەن و رەو بکەن.
زانستی سیاسی زانستێکی سەربەخۆیە و وەک زانستەکانی تر نیە بۆ نموونە مێژوو کە شتەکان روویانداوە و نوسراونەتەوە جا درۆبن یان راست و چۆتە مۆزەخانەی مێژووەوە بەڵام زانستی سیاسی زانستێکی بزاوت و پڕ جوڵەیە و کەس ناتوانێ پێشبینی و پێشهاتی لە سەدا سەدی رووداوەکان بکات بەڵکو شیکارکاری ئەو رووداوانە دەکات کە ئەو رۆژە یان رۆژگارە لەبەردەمیدا روو دەدەن. شرۆڤەکاریەک کە نەزەر و داتای مەلموس و بەڵگە و رەئی سیاسی و فکری تێدا دەخرێتە روو کە هەندێ جار پێت دەلێ هاوکێشەی ئەو رووداوانە بە ئەگەری زۆر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێ وەک چۆن پێش و لە سەرەتای هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەزانرا کە روسیا ئەو شەڕە حەسم دەکات چونکە هاوسەنگی هێزەکان وایان دەگوت نەک گوتاری سۆزداری و قسە و دروشمی بریقەدار. دەرکەوت ئەوەی نەوا هەراری پێی وابوو روسیا “بەخێرایی، بەزەبرێکی زۆر لە ئۆکرانیا بدات و، حکوومەتێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات، پاشان ڕژێمێکی داگیرکاریی لە کیڤ دابمەزرێنێ” (س٩) وانەبوو بەڵکو ئامانجەکانی روسیا لەوە زیاتر بوو وە هیرشی ئۆکراین چەندان رەهەندی تری پێکا و ئاسۆی تری کردەوە کە لە چآوەڕوانی زۆر کەسی شارەزا و پسۆپڕدا نەبوو لەوانە هاتنە ناوەوەی رۆبڵی روسی، دروستکردنی بەرەی رۆژهەڵات وەک چین و روسیا و هند و تێکشکانی ئەفسانەکانی لیبراڵ دیموکارسی و ..هتد.
گەر هەراری ئەوەندە ئاگای لە سیاسەت و مێژووەکەی هەبوایە دەیزانی کە چەندە روسیا بۆ سەر ئۆکراین هەڕەشە بووبێ ئەوا ئۆکراین دە ئەوەندە هەڕەشە بووە بۆسەر روسیا لەبەر رۆشنایی ئەو زانیاری و بەڵگە و باسانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان.
دووەمیان دەڵێت “رق شتێکی ناشیرینە، بەڵام بۆ نەتەوەی بندەست: رق گەنجینەیەکی حەشار دراوە، لە قوڵایی دڵدا نێژراوە کە بۆ چەندین سەدە هەستی بەرگری بەهێز دەکات.” شەرعیەتدان بە رق و تیئۆرەکردنی رق بەهۆی رووداوێکی پلان بۆ دانراوی ئاشکراوە جگە لە دەبەنگیەک هیچی تر نیە چونکە هیچ هزرێکی سالم و مرۆڤدۆستی بە دوای رۆنانی رقەوە نیە لە ناو میللەتەکاندا مەگەر یۆڤاڵیش ببێتە نیتچە و هایدگەر. باشە پرسیارێکی مۆراڵی لە یۆڤاڵ: ئایا ئەوەی بۆ یۆکرانیەکان دەیڵێ کە رق هەڵبگرن لە روسیا ئایا بۆ فەلەستینیەکانیش دەیڵێ کە رق هەڵبگرن لە ئیسرائیل؟ ئایا وتارێکی لەم شێوەیەی بۆ “داگیرکاری و رقی” فەلەستینیەکان نوسیوە یان بانێکە و دوو هەوا. وەک خۆیان جۆرناڵیستە غەربیەکان و میدیاکانیان دەڵێن ئاخر ئەمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە ئەمە ئەوروپایە ئەوروپا. ئەمانە سپی پێستن و قاوەیی و ئەسمەر نین کە ئاوارە ببن. ئەم وتەیەی دوایی یۆڤاڵ شت زۆر هەذڵەگرێ قسەی لەسەر بکەی بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە بەسە.
سێ پرۆفیسۆری جیاواز و یەک بیروڕا لەسەر ئۆکراین
سێ پرۆفیسۆری بە ناوبانگ و بە توانای بواری زانستی سیاسەت، نعوم چۆمسکی و دەیڤید هارڤی و جۆن مێرشایمەر، لەگەڵ ئەوەئ ئەم سێ کەسە سەر بە سێ قوتابخانەی سیاسی هزری جیاوازن هەر سێکیان و هەر یەکەیان لە شوێنێکەوە قسەیان کردووە لەسەر تەنگژەی ئۆکراین هەمان دید و بۆچوونیان هەیە. چۆمسکی وەک لیبراڵێک و هارڤی وەک چەپێکی مارکسی و مێرشایمەر وەک موحافەزەکارێک یاخود ناسیۆناڵیستێک پێێان وایە ئەمریکا و ناتۆ بەرپرسی یەکەمن لە هەڵایسانی ئەو شەڕە. دیارە لەوە ئاسانتر نیە لایەنێک مەحکوم بکەیت و ئەوی تر بە قوربانی لە قەڵەم بدەی وەک خەتی رەسمی رۆژئاوایی و زۆرێک لە چەپەکان دەیکەن. خالی بنەرەتی بۆ تێگەیشتنی ماددی لە شەڕ ئەو هێزانەن کە خەریکی گرکردنەوەی ئەو تەڵە دڕکانەن کە دەچەقن بە پێی ئەو هیزەدا کە دەیانەوێ تێوەبگلێ لە تەنگژەیەک کە ریشەی هەیە یاخود دروستی دەکەن تاکو شەڕ هەڵبگیرسێ و ئیدی سیاسەتەکانی خۆیانی لێوە ببەنە پێش.
لە مێژە و بە دیاریکراوی بە شێوەیەکی رەسمی سێ و چوار ساڵ دەبێ روسیا داوا لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات پابەند بن بەو رێکەوتنەی ساڵی ١٩٩٠ ەوە کە لە نیوان سەرۆکایەتی هەردوو لایەنی روسی و ئەمریکی-ناتۆ کراوە کە تێیدا روسیا داوایان لیدەکات ئەمان دەسبەرداری ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەبن بەو مەرجەی ناتۆ لەوە زیاتر واتە لە ئەلمانیا واوەتر پەل نەکێشێ. ناتۆ هیچ پابەندیەکی هیچ پابەندبوونێکی بەم رێکەتونەوە نەکرد و ساڵ دوای ساڵ وڵاتانی کۆمارە کۆنەکانی یەکێتی سۆڤیەتی یەک یەک کرد بە ئەندمای ناتۆ. کاتێک مەسەلەکە هاتە سەر ئۆکراین روسیا ئەمەی بە خاڵی سوور دانا و داوای لە ناتۆ کرد کە ئەوە بڤەیە و لە بەشەکانی سەرەی ئەم نوسینەدا ئاماژەمان پیدا بۆچی بۆ روسیا بابەتی بە ئەندام بوونی ئۆکراین لە ناتۆ خەتی سوورە. ناتۆ وتیان جارێ لە پلانماندا نیە ئۆکراین بکیەن بە ئەندامی رێکخراوەکەمان. روسیا لە پێنچ شەش مانگی رابردوودا بە رەسمی نامەیەکی دوورودرێژی نارد بۆ ناتۆ و داوای لێکردن کە واژۆی لەسەر بکەن کە ئۆکراین ناکەن بە ئەندامی ناتۆ و بۆ ئەمەش کاتێکی دیاریکراوی دانا کە تا کۆتایی ساڵی رابردوو بوو. ئەو بەڵەگەیەش کە ناتۆ دەبێ ئیمزای لەسەر بکات دەبێ وەک بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی سەیربکرێ و دابی پیدا بنرێ و روسیا لەمە زتار قبوڵ ناکا ئەگەرنا ئەوا پلانی ترمان هەیە.
ئەم وێنەیە و بەڵگەنامەکە لە لایەن روسیاوە بڵاوکراوەتەوە. رۆژی ١٥ی مانگی ٨ی ١٩٩٠ لە روسیا گیراوە. لەوێدا سەرانی ناتۆ و بلۆکی رۆژئاوایی بەڵێنی ئەوە دەدەن کە ناتۆ لە لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە مەودای خۆی لە سنوری ئەلمانیاوە فراوانتر ناکات . (س١٤)
دیارە ناتۆ، کە ئەمریکا و بەریتانیا سەردارن تێیدا، بە رەسمی ئەو داوایەی روسیایان رەتکردەوە و وتیان ئێمە ناچینە ژێر ئەو بارە. روسیا لەوە تێگەیشت کە غەرب لە ئایندەیەکی دووردا دەیانەوێ روسیا وەک یۆگسلاڤیا لێ بکەن و ئۆکراین دەروازەیە بۆ ئەو مەوزوعە بۆیە خۆی کەوتە خۆی بۆ دابینکردنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆی. ئۆکراین بۆ روسیا مەسەلەیەکی تەواو ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی روسیایە کە مان و نەمانی پێوە بەستراوەتەوە بۆیە دەستی کرد بە هێرشی سەربازی و ئەم کردەیەشی ناو نا پرۆسەیەکی سەربازی تایبەت کە ئامانج لێی بێ چەک کردنی ئۆکراین و دەرهێنانی لە بازنەی رۆژئاوایە. لەمەش زیاتر روسیا چەندان جار گوتیان کە ئێمە ئامادەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین گەر هەر کەس دەست بهێنێتە رێگامان.
نعوم چۆمسکی، دەیڤد هارڤی، جۆن میرشایمەر
ئەمانەی کە من لەسەرەوە باسم کرد هەر سێ پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان باسیان کردووە لە پێشباری قسەکانی خۆیاندا و من تەنها ئەو چەند دێڕەی ئەوان دەهێنمەوە دەربارەی تەنگژەکە. بۆ نموونە نعموم چۆمسکی دەڵێت “گەر بێتو دڵەراوکییەکانی پوتین لەبەرچاو بگیرایە سەبارەت بە ترسی بە ئەندام بوونی ئۆکراین لە ناتۆ ئەوا بێگومان شەڕەکە دەکرا بەری پێ بگیرێ گەر هاوپەیمانی ناتۆ بازنەی ئەندامێتی خۆی فراوان نەکردایە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە. بگرە، گەر پەلکێشی ناتۆ بەشێویەکی دۆستانە بکرایە، دەکرا ئاسایشی روسیاشی ببوایە بە بەشێک لەو فراوان بوونە.” (س١٠) دەیڤد هارڤی وەک چەپێکی مارکسی هەمان شت دەڵێت “ئەو رەهەندانەی ئێستا لە کێشەی ئۆکرایندا دەبینین راستەوخۆ پەیوەندی بەو رۆژگارەوە هەیە کە بەڵینێکی پەمەیی درا بە روسیا لە دەمانی نەمانی بلۆکی سۆڤیەتیدا.” (س١١) پرۆفیسۆر جۆن مێرشایمەریش هەمان ناوەڕۆکی چۆمسکی و هارجی دەڵێتەوە بەڵام بەشێوەیەکی روونتر و دۆخئامیزی تر. ئەو دەڵێت “ئۆکرانیەکان گەر عاقڵ بن دەبێ خۆیان بە تەڵاقدان بدەن لەگەل ئەمریکادا و بچن لەگەڵ روسیا دابنیشن و کێشەکانیان حەل بکەن. روسیا گەر جەنەگەکەش نەباتەوە ئۆکراین دەکاتە خۆڵەمێش. ئەمەش شتێکە ئۆکرانیەکان نایانەوێ بیبینن. تۆ کە دراوسێکەت گۆرێلایەک بێت واباشترە بیکەیت بە هاورێی خۆت و هەرگیز لە خۆتی نەوروژێنی.” (س١٢) لە ئاخاوتنێکی تردا دەلێت “دار تێوە مەژنە بە ورچدا یان دار مەکە بە چآوی ورچدا چونکە نەک هەر لێت رادەپەڕێ بەڵکو پەلاماریشت دەدا. (س١٢) بۆ ورسیا رێک ئاوهایە کە ئۆکراین دەزانێ ئەمریکا و ناتۆ دوژمنی ئەون و پێگەی ئۆکراینیش ئاوهایە کە نەبێت بە ولاتێکی ناتۆیی و ئەمەی پێوتراوە لەو کاتەوەی ولاتیان دروست بووە، کەچی رێک بە پێچەوانەی ئەمەوە دوژمنە سەرسەختەکەی روسیای دراوسێت بهێنی و خەندەقی بۆ لێ بدەی لە بەرامبەر ماڵی دراوسێکەتدا و رۆژ تا ئێوارەش میللەتەکەی خۆت جۆش بدەی بە سیاسەت و دروشمی روسیایی دراوسێت و بگرە هەرەشەی تا رادەی لە ناوچوونیان لێ بکەی ئاخۆ دەبێ ترس و هەڵوێستی ئەو دراوسییە چی بێ بەرمابەر بە تۆ. زیلینسکی و ئۆکراین لە مانای ئەم دراوسێتیە تێنەگەیشتن و لەەبر بێگانەیەک هەم دراسێکەیان لە خۆیان کرد و هەم ماڵی خۆشیان وێرانکرد.
وشەی کۆتایی
سیاسەت دروشم و هاوار و قسەی سۆزداری نیە بەڵکو عەقڵێکە و هەموو سیاسی و سەرکردە و وڵاتێک لێی تێناگات لەوانە زیلینسکی ئۆکرانیا. لێرەدا نامەیەکی جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی باس دەکەم کە دەقی نامەکەم لە لا نیە و تەنها لە هەوالەکانەوە دوو سێ ساڵ پێش ئیستا گوێ بیستی بووم بۆیە تەنها بیرۆکەی ئەو نامەیە باس دەکەم کە چ رەهەندێکی قوڵی تێگەیشتن لە سیاسەت و هاوکێشە سیاسی و سەربازیەکانی تێدایە. ساڵی ٢٠١٩ کاتێک رۆژاڤای کوردستان زانیتیان ئەمریکا و غەرب پشتیان تێکردوون و تورکیایان دەست ئاوەڵا کرد لەوەی هەندێ ناوچەی کوردستانی سوریا بگرێت، جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزە دیموکراتەکانی سوریا، نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، نارد و تێیدا دەڵێت لە نیوان بە کوشتارگەیی کردنی خەڵکەکەم و لە دەستدانی پارچەیەک لە خاکەکەم ئەوا بژاردەی یەکەمیان هەڵدەبژێرم. ئەو دەیزانی هێزی تازە و گەنج و شەڕکەر چەندە مەبدەئی و بە جەرگ و چاونەترس بن ناتوانن بەرگەی ئەو سوپا سەدان ساڵە گەورەیەی تورکیا بگرن کە بە پێشکەوتووترین و قورسترین و گرانترین چەکی تازە داهێنراوی غەرب لەگەڵ ئایدیۆلەجیتەکی سیاسی ئاینی و فاشیانەدا هێرش دەکەنە سەریان.
ڤلادیمێر زیلینسکی و جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانی
بۆ زیلینسکی، حالەتەکە قورستر و گرانترە چونکە روسیا هەر بە تەنها بەهێترین دەولەتی سەربازی دنیا نیە و بەس بەڵکو قوتبێکی جیهانی گەورەیە و خاوەن گەورەترین کۆگا و بنکەی ئەتۆمیە لە جیهاندا و لەهەر چرکەیەدا ئامادەیە بەکاری بهێنێ گەر بزانێ بوونی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم هەرەشەیە لە زاری یەک بە یەکی بەرپرسە گەورە سیاسی و سەربازیەکانی روسیاوە دووپات کراوەتەوە. هەرچەندە زیلینسکی لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەوە داوای دانوستان و دانیشتنی تایبەتی کرد لە پۆتین بەڵام ئەمریکا و هێزە سەربازیەکەی ئۆکراین نەیانهێشت ئەوە بکات. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و ئەوروپا یەکبینە دووپاتیان کردۆتەوە کە ئامادەنین یەک سەرباز بنێرن بۆ شەڕی ئۆکراین و تەنها ئامادەن پارە و چەک بنێرن؛ کەچی زیلینسکی هێستا لەوە تێناگات کە خۆی و وڵاتەکەی و میللەتەکەی حسابی مەقاشێکیان بۆ دەکرێ کە دژ بە روسیا بەکاریان دەهێنن و هیچ تر. لەگەڵ ئەوەی چەندان جار زیلینسکی رەخنەی گرتووە لە گەرب و گلەیی ئەوەی لێکردوون بۆ نایەن یارمەتیمان بدەن کەچی هێشتا دەمدرێژی دەکات بەرامبەر روسیا لە کاتێکدا شارەکانیان یەک بە دوای یەک بۆتە کەلاوە. تەنانەت ژیانی خۆی لەبەر رەحمی روسیادایە بەڵام روسیا نایەوێ بیکوژێ. بە دەردی جەنەراڵێکی روسی گوتی ئێمە نامانەوێ بیکوژین بەڵکو دەمانەوێ ناچاری بکەین و بێت هەندێ ئیمزامان بۆ بکات.
زیلینسکی ئەو نموونەیەیە کە هیچ کات ئەکتەرێک ناتوانێ شوێنێکی سیاسی و سیاسیەک ناتوانێ شوێنی ئەکتەرێک بگرێتەوە چونکە دەورەکان جیاوازن. سەیری پەرلەمانی کوردستان بکەن بزانن کێ و چی تیایە بۆیە دەبینین جگە لە مەهزەلەیەک شتێکی تر نیە. ئەو یاریە مەگەر هەر لە رۆژئاوا رووبدات کاتێک ئەکتەرێکی وەک رێگان یان مۆدێلێک دەبێتە سەرۆک ولاتێک ئەمە جگە لە کوشتنی روۆی سیاسەت و سوککردنی سیاسەت وەک زانستیک هیچی تر نیە. دیارە ئەوانە بە لەشکرێک لە اروێژکار و مامۆستای سیاسی دەورەدراون و وشەیەک چیە ناتوانن بێ پرسی ئەوان بیڵێن؛ بەڵام بۆ کەسێکی وەک زیلینسکی کە بوکەڵەی دەستیئەمریکا بوو وە بە پشتیوانی و فڕوفێڵی ئەوان هاتە سەر حوکم و کاتێک ناتوانێ ئەو دەورە ببینێ وەک ئەوان ئەوا وڵات دەبێ بەو پەندەی کە لە مێژووی خۆیدا نەیدیوە و لەم دنیا گەورەیەدا بە بەرجاوی هەموو جیهانەوە وڵاتێک دێت و رۆژ بە رۆژ ولاتەکەت کاول دەکات و کەسیش ناتوانێ بڵێ لەل، بەتایبەت ئەوانەی توشی ئەم بەڵایەیان کرد لە هەموان خراپتر پشتیان تێکرد.
دیپلۆماتی ئەمریکی خانەنشین، چاس فریمان، لە وێبسایتی “ذە گرەی زۆن” رۆژی ٢٨ی مانگی ٣ی رابردوو بە تایتڵێکی گەورە وتارێکی نوسیوە و دەڵێت “تاکو یەک ئۆکراینی بمێنێ ئێمە شەڕی روسیا دەکەین.” ئەمە لە میدیا غەربیەکانەوە وەک پشتیوانیەک و وتارێکی زۆت گرنگ تەماشا دەکرێ بەڵام ئەمە جگە لە ئیهانەکردنێک و گاڵتەپێکردنێک بە خەڵکی ئۆکراین هیچی تر نیە. پەیامەکەی زۆر روونە کە ئێمە ئێوە بە کوشت دەدەین تاکو دوایین کەستان بمێنی. زیلینسکی رۆژانە گوێبیستی سوکایەتی و رسوایی پێکردنی ئاوهایە کەچی هیشتا دەیەوێ خۆی وەک سەرۆکێکی خاوەن کەسێتی و جەنگ نمایش بکات لە کاتێکدا، بەو هەموو پیودانگە سیاسی و زانیاری و داتایانەی سەرەوە، کەسی ئاوها جگە لە فس فس پاڵەوانیک هیچی تر نیە.
وەک پرۆفیسۆر جۆن میرشایمەر وتی گەر دراوسێکەت گۆرێلا بوو مەیکە بە دوژمنی خۆت یاخود گەر دراوسێکەت گەر ورچ بوو ئەوا داری تێوە مەژەنە یان دار مەکە بە چاویا چونکە لێت رادەڕێ و خراپیش پەلامارت دەدات، زیلینسکی گەر جاران ئەکتەریکی کۆمیدی ناو هونەر بوو ئەوا ئیستا ئەکتەرێکی کۆمیدی تراجیدی ئەڵقە لە گوێی ناو دنیای سیاسەتە کە نە لە هاوسەنگی هێزەکان و نە لە ئامانجە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکا و نە لە بودەڵی ئەوروپا تێگەیشت. کردنی ئۆکراین بە سەرچاوەیەک لە هەموو ئاستەکانی سیخوڕی و زانستی بایۆلۆجی و گوتاری سیاسی و سەربازی بۆ ولاتانی تر بۆ هەڕەشە لەسەر روسیا جگە لە وێرانبوونی وڵاتەکەی خۆی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە هاوڵاتیانی خۆی و نادیاری چارەنوسی ئەوروپا و بگرە جیهانیشی لەگەڵ خۆیدا خستە بەردەم ئایندەیەکی رەشەوە.
نوسینی: ئیدریس مستەفا
رۆژی ٤ی٤ی ٢٠٢٢
——————————————————————
سەرچاوەکان:
- https://theconversation.com/ukrainian-and-russian-how-similar-are-the-two-languages-178456#:~:text=As%20Russian%20and%20Ukrainian%20diverged,about%2062%25%20of%20their%20vocabulary.
- https://indepthnews.info/index.php/opinion/5106-ukraine-should-have-a-policy-of-non-involvement-with-nato-opined-zbigniew-brzezinski
- http://marketoracle.co.uk/article24756.html
- https://www.clovisinstitute.org/north-european-plain/
- https://thealtworld.com/scott_ritter/the-horrific-truth-about-the-biological-research-labs-in-ukraine
- https://jacobinmag.com/2022/01/cia-neo-nazi-training-ukraine-russia-putin-biden-nato
- https://voxukraine.org/en/fake-victoria-nuland-admitted-that-us-has-biolabs-in-ukraine/
- https://www.ukrinform.net/rubric ukrainian-refugees-in-europe-could-grow-to-5m-borrell.html
- https://www.reuters.com/world/europe/broader-war-ukraine-could-displace-15-million-swiss-minister-2022-03-11/
- https://www.kurdrawm.com/idea/2983/?fbclid=IwAR1Remo8pTLaVaiu7JeMpIZuuqQ85alg6Lsxks9skmiplogjLC8OYFbDgv4
- https://truthout.org/articles/noam-chomsky-us-military-escalation-against-russia-would-have-no-victors/
- http://www.nlka.net/news/details/1377
- https://www.youtube.com/watch?v=bkC9mZgaLDI
14.https://nsarchive.gwu.edu/sites/default/files/thumbnails/image/stepanov-mamaladze_0.jpg