عەباسە، لە ئەفغانستان چ باسە؟!.. فازیل شـەوڕۆ
لەبەر پێگە ئیستراتیژی و بازرگانییەکەی، وەک سەرەڕێی قەتاری ئاوریشم، ئەفغانستانی حەشیمەت (٣٧) ملیۆن کەس، لە ناوەڕاستی ئاسیادا، لە دێرینەوە، تەماحکاران چاویان لەسەر بووە، ئەسکەندەری مەقدۆنی لە سەدەی چوارەمدا داگیری کردووە و لە سەدەی دەیەمیشدا بوون بە ئیسلام و مەغۆلییەکانیش لە قەتل و عام کردن و کاولکردنیدا تەقسیرییان بەو وڵاتە نەکرد.
ڕێک وەک زاراوەی کوردستان، ئەفغانستان ـ کە (٣٤) ولایەتە، واتا زێد و نیشتمانی ئەفغانییەکان، کە ئیمڕۆ (٦٢٪)ی دانیشتوانی پێکدەهێنن و پێیان دەڵێن (پشتوونی)، ئەوانی دی، لە (٣٧٪)ی تاجیک و (٩٪)ی هزارن و باقیەکەی قەم و قیلەی دیکەن. لە (٩٠٪)ی دانیشتووانەکەی سوونە مەزهەبن. ئەم وڵاتە (٦٥٢) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەوورە دراو بە (٦) وڵات، چونکە داخراوە و لەسەر دەریا نییە و هەمیشە شەڕی تێدابووە، باری ئابووری باش نییە گەرچی بەرهەمی کشتوکاڵی و نەختێ نەوت و گاز و زێڕ و زیوو و یۆڕانیومیشی هەیە.
میژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە، بە کۆتایی هاتنی حوکمی پاشایەتی محەمەد زاهیر شا، لە ساڵی ١٩٧٣ وە دەست پێدەکا، کە دوایین میراتگری بنەماڵەی حەمەشای دورانی بوو. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، حزبی شەعبی نیشتمانیی ئەفغانی، کە ڕەوتێکی سەر بە مارکسیی چەپڕەبوو، تەواو بووژانەوە، باڵێکی ئەو حزبە لە ساڵی ١٩٦٧ کوتادایەکی سەربازی کردوو و محەمەد داودخان بوو بە سەرۆک وەزیران، بەڵام هەر حزبە ماڕکسییەکەی خۆی، بە ڕێبەرایەتی نوور محەمەد تراقی، بە توومەتی گەندەڵچییەتی، داودخان و خانەودەکەی لە سێدارەدا و ناوی وڵات بوو بو کۆماری دیموکراتی ئەفغانستان. ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆ، بۆیە زوو یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو کات، دوای ساڵێک بە پشتیوانی دەزگای زانیاریی (ک. ب. ج ) نزیکەی (٧٠٠) لە ئەفسەر و چەکدارانی خۆی، لە پۆشاکی ئەفغانیدا، ڕەوانەی کابول کردو وردە وردە ، حکومەتی سۆڤییەت خۆی خزاندە هەموو جوومگەکانی سەربازی و سیاسی و ئابووری و دیبلۆماتی ئەو وڵاتە، تا کار گەیشتە ئەوەی هێزی سەبازی خۆی بە تۆپ و تانک و فڕۆکە، بنێرێتە ئەوێ، بەوەش یەکەم قۆناغی شەڕی دەساڵەی نێوان ئەفغانە ئیسلامییە دژە شوعییەکان و هێزی سۆڤیەت دەستی پێکرد و بە هەزاران هەزار کوژراو بریندار لە هەردوو لا بوونە قوربانی و وڵاتیان کاولکرد.
سەڕەرای ئەوەی کە یەکێتیی سۆڤیەت، دووەەمین هێزی سەربازی هەبوو لە جیهان، لە شۆباتی ١٩٨٩ ناچارکرا، بە نشووستی، هێزەکانی لە ئەفغانستان بکێشێتە و خۆی دوورە پەرێز نیشان بدا. لە لایەک سەربازەکانی یەکێتیی سۆڤییەت، لەو کەژ و شاخ و داخە عاسێیانەی ئەو وڵاتە شارەزا نەبوون و دەرەقەتی گەریللا ئیسلامییە موجاهیدەکانیان نەدەهاتن، کە وەک خاوەن باوەڕ و خاوەن خاک دەجەنگان، لە لایەکی دیکەوە، گەریللا موجاهیدەکان، بە ڕەزامەندی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەمەریکا، چەک و جبەخانە و کۆمەکی زۆریان بۆ چوو، لە لایەن وڵاتانی سعوودیە و پاکستان و چیین و ئەمریکا، لە فیشەکەی ئاسایی بگرە تا مووشکەی دژە تانک و دژە فڕۆکە و چەکی پشکەوتوو، تەنانەت جەنگاوەریشیان لە وڵاتانی ئیسلامییەوە، وەک موجاهید بۆ ڕەوانە دەکردن. هەر ئەمەش بووە، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی قاعیدە و دەرکەوتنی ئوسامە بن لادن، وەک سەرکردەیەکی دیاری ئەو گەریللایانەی دژی سۆڤیەت و حکومەتەکەی کابول دەجەنگان.
دوای هەرسهێنانی یەکیتیی سۆڤیەت لە ١٩٩١، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵەبان، بە ڕێبەرایەتیی مەلا عومەر، توانیان دەست بە سەر تەواوی خاکی ئەفغانستان دابگرن بە کابولی پایتەختیشەوە و شەریعەتی ئیسلامی بکەن دەستووری ئەو وڵاتە. بەڵام کاتێک بزووتنەوەی قاعدە، لە ساڵی ١٩٩٨، دوو تەقینەوەکەی سەفارەتەکانی ئەمەریکای لە تەنزانیا و کینیا ئامانجامدا و لە نێوان ٤٠٠ بریندارو سووتاو دا، ٢٢٤ کوژراو لە ئەمەریکییەکان و غەیرە ئەمەرکی هەبوو، هاوکێشەکان سەرلەبەر ئاوەژوو بوونەوە و بێڵ کلنتۆنی سەرک کۆماری ئەمەریکا، ئەفغانستان و سودانی دایە بەر مووشەکی کرۆزی دوورهاوێژ و دەروازەی شەڕ و پێکدادانێکی خوێناوی لە نێوان خەڵکی ئەفغان و ئەمەریکا و هاوپەیمانییەکانی خرایە سەرپشت. تا ئەم ساتەوە ئەو شەڕە هەر بەردەوامە!
شەڕی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لە مێژووی نوێدا، بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا دادەنرێت کە (٢٣) ساڵە بەردەوامە، دوای شەری (١٤) ساڵەی ڤێتنام(١٩٦١ – ١٩٧٥) و شەڕی (٩) ساڵەی عێراق (٢٠٠٣ – ٢٠١١) ، زۆر لەسەربازەکانی ئەمەریکا لەو نەوەنە کە لەسەردەمی ئەو شەڕەدا لە دایک بوون!
هێڕشە فڕۆکەوانییەکانی بزووتنەوەی قاعیدە لە ١١ی سپێتەمبەری ٢٠٠١، بۆ سەر تاوەرەی بازرگانی جیهانی و مۆڵگەی پنتاگۆن و چەند بنکەیەکی دیکەی ئەمەریکی، کە بوونە هۆی کۆژرانی (٢٩٩٦)کەس و برینداربوونی نزیکەی (٢٥) هەزاری دیکە، جگە لە زەرەرو زیانە مادییەکان، ئەمەریکای تووشی کاردانەوەیەکی هیستیری کرد و قۆناغێکی سەخت و خوێناویی لەو دۆژمنکارییە دەستی پێکرد.
جۆرج دەبلیوو بوش، بە فەرمی ئیعلانی شەڕی کرد لە گەڵ ئەفغانستان و هاوپەیمانییەکی جیهانی لە گەڵ (٤٢) وڵات پێکهێنا. ئەمەریکا، ناوی عێراق و ئێران و کۆریایی باکوریشی خستبووە نێو دۆسیەی سێ شەیتانە شەڕانییەکان. بە هەموو هێز و جەبەرووتی خۆیان کەوتنە پەلاماردانی جەنگاوەر و خەڵکی سیڤیلی ئەفغانستان، سەرەتا هەر دە تا بیست هەزار سەربازێکی شەڕکەری مەشقپێکراویان ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد، بەڵام چونکێ ڕۆژ دوای ڕۆژ، شەڕ و پێکدادەنەکان دژوارتر و خوێناویتر دەبوون و نە حکومەتی ئەفغانی و نە ئەمەریکا دەروەستی موجاهیدە جەنگاوەرەکان نەدەهاتن، سەرەڕای باڵادەستییان لە چەکی پێشکەتوو و توانا و هێز، هەستان بە ناردنی هێزی سەربازی زۆرتر بۆ ئەو وڵاتە، سەرۆکایەتیی هەردوو بووش (باوک و کوڕ) کۆتاییان هات، ئەو شەڕە کۆتایی نەهات، تا وای لێهات باڕاک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی (١٠٠) هەزار سەربازی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد لەو وڵاتە. کاتێک دۆناڵد ترمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، گوتی” بابە، ئەو شەڕە نێو خێڵ و تایفەکانی ئەو وڵاتەیە، ئێمە چیمان لەوان داوە، دەبێ هێزەکانمان بکشینینەوە و کوڕی خۆمان بۆ خەڵک بە کووشت نەدەین”، جا وردە وردە هێزەکانی لەو وڵاتە کشاندەوە، کە جۆو بایدن، لە دوایین هەڵبژاردن دەرچوو و جێگەی ترەمپی گرتەوە، ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا، لەوێ هەر (٢٥٠٠) چەکدارێک مابوونەوە.
کاتێک بایدن پێش نزیکەی مانگێک، بریاری کشانەوەی تەواوی هێزەکانی خۆی دا لە ئەفغانستان، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵەبان، زۆر بە حەماسەتەوە دەستیان کرد بە هێڕشکردن و چالاکیی چەکداریی لە ناوچەکانی خۆیان، تا بەگوێرەی دواین ڕاپۆرتی (CNN)، تا ١٢ی ئەم مانگەدا، توانیویانە (٦٥٪)ی خاکی ئەفغانستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. سوپای ئەفغانییەکان، ئەگەرچی هێزی ئاسمانی ئەمەریکی پشتیوانیان دەکات و ڕۆژانە بۆمبارانی ئەو شاخ و داخ و شارانە دەکەن، زۆر ورەیان دابەزیووە و بە هاسانی، لە زۆر شوێن بێ شەڕ خۆ دەدەن بەدەستەوە و ئاڵای سپی هەڵدەکەن.
دەزگای هەواڵگەری ئەمریکا پێشتر، وای مەزەندە کردبوو بە (٦) مانگ، چەکدارانی تاڵەبان تەواوی ئەفغانستان بگرنەوە، بەڵام هەر ئیمڕۆ، دەڵێ ڕەنگ بێ (٩٠) ڕۆژی دی نەبا و کابولی پایتەخت بکەوێتە ژێر دەستی تاڵەبان.
ئەگەرچی، گفتوگۆیەکی ساردوسووڕ، لە قەتەڕ لە نیوان نمایندەی حکومەتی ئەفغانی و نوێنەرانی تاڵەبان هەیە، بەڵام پێناچی بگەنە ئەنجامێک خیری هەمووانی تێدا بێ و ئاوێک بەو ئاگرە دابکات.
دوایین پرسیاریان، لە بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەبوو:( ئەگەر تاڵەبان، هەموو ئەفغانسانی گرت، هەڵوێستت چی دەبێ؟)
لە وەڵامدا گوتی:(ئێمە، بریاری کشانەوەی هێزەکانی خۆمان لەو وڵاتە داوە، بەبێ هیچ “ئەگەر و مەرجێک”!)
ئێمڕۆ، کە هەوالەکانی ئەو وڵاتە خێر لە خۆ نەدیوە، بوونەتە مانشێت و سەردێڕی دەنگ و باسەکان، قسە و باسی زۆر دەکرێ. لێکدانەوەکان فرە ئاواز و نەغمە و بۆچوونن. ئەوەی کە گومانی تێدانییە ئەوەیە، ئەمەریکا بە هەماهەنگی وڵاتانی ڕۆژاوا، دەیەوێت دەست لە ئەفغانستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەند هەڵگرێ و پتر سەرقاڵی ڕووبەرووبۆنەوە بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندن و گەشەسەندنی هێزی وڵاتە ئابوورییە بەهێزەکەی چیین بێ. ئەو دەزانێ نەوتەکە هەر بۆ خۆیەتی و نایەوێ ڕۆڵەکانی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندی بێبەرهەمی یان کەمبەرهەمی وڵاتانی دیکەدا بخاتە مەشەقەت و مەرگەساتەوە.
بایدن، وەک سیاسییەکی کارامە و شارەزا، وای تێگەیشتووە، کە کێشەکانی ئەفغانسان و عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا، کێشەی ناوخۆیی نێوان پێکهاتەکانی خۆیانن، دەبێ هەر خۆشیان هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن.
تاوەکو ئیمڕۆ، (٢٤٠٠) سەربازی ئەمەریکی و (١١٠٠)ی هێزی ناتۆ لە ئەفغانستان کوژراون و بە هەزارانیش بریندار بوون. بە ددان پێنانی خۆیان، بە (٧) سەرۆک کۆماری یەک لە دوایەکی ئەمەریکا، تا ئیمڕۆ نەیانتوانیووە، هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لەو وڵاتەدا بکەن و هیچ سەرکەوتنێکی سەربازیی یان دیپلۆماتییان تۆمارنەکردووە، جگە لە کووشتنی ئوسامە بن لادن!
ژمارەی قوربانییەکانی ئەفغانی بە (٢٦٠) هەزار کەس مەزەندە کروان و بە نزیکەی یەک ملیۆن بریندارو پەککەوتە و بێسەروشووێن. نزیکەی (٤) بۆ (٥) ملیۆن ئاوارە و دەردەدەریشیان هەیە. کەم وڵات هەیە پەناهەندە و ئاوەرەیی ئەفغانی نەگەیشتبیتێ. لە مالوێرانی و کاولکاری شار ودێ و داڕمانی باری ئابووری و دابەزینی ئاستی خوێندن و داتەپینی کەرتی تەندرووستی و لەبەریەک ترازانی جومگە کۆمەڵایەتییەکان هەر باس ناکرێن. پتر لە نێوەی قوربانییەکانی ئەو وڵاتە، ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵاتن. بەداخەوە کە چۆڕاوگەی خوێنەکەش هەر بەردەوامە.
پرسیارە، ئاڵۆزەکە ئێستا ئەوەیە، ئەگەر ئەفغانستان دیسان بوو بە ئەمارەتێکی ئیسلامی، ئایا وەکو جاری یەکەم دەبێتەوە مۆڵگەی ئیسلامییە توندڕەوەکان و بنکەی هێڕشکردنە سەر وڵاتانی دیکە؟ وڵاتەکانی دەرودرواسێ هەڵویستیان چی دەبێ؟ ئەو ئیماراتە هەر لە نێو چوارچیوەی ئەفغانستاندا دەبێ، یان وەک بەهاری عەرەبی تەشەنەدەکات و پڕشکی دەپەڕێتە وڵاتانی دیکەش؟ ئایا خەڵکی ئەو وڵاتە دوچاری ئەبلوقەی دەرەکی دەبنەوە یان هێندێ وڵاتی وەکو هیندستان و ئێران و قەتەر…. بە فەرمی ددانی پێدادەین وەک حکومەتێکی سەربەخۆ؟ ئەدی نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵوێستی چی دەبێ؟
ئایا ئەمارەتی نوێی ئەفغانستان، چ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا و تورکیا و سعودیە و قەتەر، هەریەکەی بەجیا؟
ئەگەرچی ئایندەی ئەو وڵاتە ڵێڵە و دیار نییە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە کێشەی ئەفغانستان تەنها بە ئەقڵمەندی و لێکتێگەیشتن و قبوڵکردنی یەکدی چارەسەر دەکرێ. ئەزموونی شەڕی (٢٥) ساڵەی دوایی سەلماندی کە دوو وڵاتە زڵهێزەکەی جیهانیش هیچ هێمنی و ئارامی و خۆشگووزەرانییەکیان بەو وڵاتە نەبەخشی. جگە لە خوێنڕشتن و ماڵوێڕانی.
ئیمڕۆ، بۆ هەر دووسەر نەفەری ئەفغانی، مینێک چاندراوە و بای دووجاران قڕکردنی کۆی خەڵکی ئەو وڵاتە چەک و جبەخانە ئامارکراوە. ئەگەر هەموو وڵاتانی جیهان دەستی کۆمەک و یارمەتی بۆ ئەو وڵاتە درێژ بکەن، چونکە کاوکارییەکە هێندە گەورەیە، پێویستی بە شەش حەوت ساڵێکە تا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێتەوە. خەڵکەکەشی بیست سی ساڵییان دەوێ، تا ئاسەوارە ناخۆشەکانییان لە دەرووندا دەسڕێتەوە و ناخۆشییەکانیان لەبیر دەچێتەوە. خەڵکێکی زۆر دەست و قاچیان پلاستیکە و دەروونیان پشێووە و نەخۆش و زامدارن.
هێندێک لە کوردەکان و عیراقییەکانیش، دووبارە بوونەوەی شانۆگەرییەکەی ئەفغانسان، لە عێراق بە دوور نابینن، چونکە تاکو ئێستا داعش و پشتیوانەکانی لە ناوەچەکە هەن و خەریکی خۆ خڕکردنەوەن و کەش و هەوای ئەو دوو وڵاتیش لە زۆر ڕووە وێکدەچن. شیکەرەوەیەکی سەربازیش گوتویەتی، تاکو ئێستا سوپای عێراق بە تەواوەتی هەڵنەستاوەتەوە سەر پێ و دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ بەدوور نازانێت!
فازیل شـەوڕۆ ــ دوبلن