ده‌ق و ڕه‌خنه … ده‌ق: ئه‌دیب نادر
ڕه‌خنه: عەلی شێخ عومەر
به‌ر له‌وه‌ی ئێستا فه‌رامۆشم بكات
با گیرۆده‌ی خۆیم ده‌كات سه‌قام گرتن دۆزه‌خێكه سته‌مه ئیتر له ناویدا گوناهبار بمێنمه‌وه, ڕێگاكان له زمانی قاچم تێده‌گه‌ن, مه‌وداكانم پێده‌به‌خشن, ئاووڕ له ئاوێنه‌یه‌ك ده‌ده‌مه‌وه ساڵه سه‌راب سیفه‌ته‌كان تیایدا زیوون لووتكه‌یه‌كی تابڵێی سپی ده‌بینم ده‌سته‌كانم وه‌ك دوو تانجی به‌ساڵداچوو ده‌كه‌ونه‌ڕێ, به‌ڵام ڕه‌وه په‌نجه‌كانم كه له ته‌مێكی به‌رز به‌رز جێده‌مێنن خۆ وه‌رده‌ده‌ن له زنه‌ی ئه‌و نۆستاڵژیا بێئامانه‌ی دڵا هه‌میشه ده‌ریده‌بڕێ
به‌ر له‌وه‌ی ئێستا فه‌رامۆشم بكات له‌سه‌ر شۆسته‌ی ئێواره‌یه‌كی دووره‌ده‌ست وه‌ك په‌یكه‌رێكی تۆزاویی پۆله نیگا كێوییه‌كانت له بیری زه‌مانیان بردمه‌وه ئه‌نگوسته ده‌سته‌مۆكانم شێت شێت بوون به‌رۆكی با كه‌وته ناویان تا ببینی قه‌دی داره‌كانی گه‌ڕه‌ك چه‌ند به نووكی قه‌ڵه‌مبڕه‌كه‌ی گیرفانی هه‌رزه‌كاریم بریندارن
به‌ر له‌وه‌ی گیرۆده‌ی با بم, ڕیكۆرده‌رێكی ڕایزینگ, ده‌نگی وه‌ك ده‌نگی كناچه بۆنسۆواویی”زه‌كی موره‌ن”ی ده‌هێنا, كزكز ده‌یووت:”هه‌ر كه ئێواره‌ی لێ دادێ دزده‌كییانه له پڕمه‌ی گریان ده‌ده‌م, من باش له زمانی قه‌ده‌ر حاڵی ده‌بم…”
ئه‌و ڕۆژه دوورانه له درزی قه‌ڵایه‌كی سپییه‌وه, ڕه‌نگێكی لاژیوه‌ردی بێ تانوپۆم بۆ ئه‌ندێشه‌ی بێ په‌ڕوباڵم ڕاو ده‌كرد ئیتر فڕین خولیایه‌كی زۆر نزیك بوو- ڕه‌نگه‌كه‌یش دوور
به‌ر له‌وه‌ی با گیرۆده‌ی دوای خۆیم بكات, ماركیز نۆبڵی برده‌وه, تۆ چوار ساڵا دوای هاتنی من مامانێكی دیان مه‌قه‌ستی به ناوكتدا هێنابوو, ئه‌و ڕێیانه‌ی گرتمنه‌به‌ر هه‌موو بۆ لای ماڵه‌كه‌تان لایان ده‌دا, له ته‌نیشت عه‌ره‌بانه‌یه‌كی شكاوه‌وه ئه‌سپی شه‌و ئاڕاسته‌كانی ته‌ی ده‌كرد, كۆخه‌كۆخی ده‌رگاكه‌تان كوڕژنه بێشوماره‌كانی ئه‌ندێشه‌می ده‌گێڕایه‌وه ناو قۆزاخه‌كانی به‌ر له بوون, یه‌كه‌م هه‌وره‌تریشقه‌ی لێو شاری چۆڵی یاده‌وه‌ریی كرد به دوورگه‌یه‌كی جه‌نجاڵا و ڕێگا و بانه هات و نه‌هاته‌كانی خه‌یاڵیش تاهه‌تایه بوون به مه‌چه‌ك بۆ بازنگی تراویلكه بێكۆتاییه‌كانی شیعر
دوای ئه‌وه‌ی با گیرۆده‌ی دوای خۆیم ده‌كات ئێستا به فه‌رامۆشیم ده‌سپێرێت ساڵه‌كان هه‌میشه سه‌راب سیفه‌تن, ڕێگاكان مه‌ودا به قاچم ده‌به‌خشن با داره‌كان ده‌سمێت و په‌نجه‌ی نه‌رمی چله‌كانیش هێنده‌ی باڵام شۆڕده‌بنه‌وه, ده‌نگێكی وه‌ك ده‌نگی بۆنسۆواویی كناچه گوێچكه‌م به بۆنی ئه‌و ماچانه سیخناخ ده‌كات كه ئیتر قه‌ت نه‌ڕژانه سه‌ر لێوه‌كانم چونكه له‌سه‌ر شۆسته‌ی ئێواره‌یه‌كی دووره‌ده‌ست وه‌ك په‌یكه‌رێكی تۆزاویی له بیری زه‌مان چوومه‌وه
ته‌ممووز و ئابی2015له‌نده‌ن
تراژیدیایی نۆستاڵژیا و راده‌ستبوونی خود له هۆنراوه‌ی
(به‌ر له‌وه‌ی ئیستا فه‌رامۆشم بكات)
كاتێ شیعر په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی وابه‌سته‌ی پێدراوه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كات، به كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌زموونه‌كان، ناوه‌وه‌ی خود ناوه‌ندگیرییه‌ك په‌یڕه‌وده‌كات، ده‌رچه‌ی وێنه‌یه‌كی شیعری فۆرمۆڵه ده‌كات، پاوه‌نكردنی ئه‌زموونكان مۆتیڤه به په‌یوه‌ستكردنی دنیای رابردوو به ئیستایی ئاماده‌وه، لێكدانی رابردوو به ئیستاوه به‌شێكه له ده‌رخه‌ی ئاسته‌كانی ئیستاتیكا و خه‌یاڵ، به‌مه‌ش ده‌نه‌ی ئه‌و مامڵه‌ی ده‌كات كه بارگاوییه به هه‌ست و نه‌ست و ره‌هه‌نده‌كانی یاده‌وه‌ری، میلان كۆندیرا گووته‌نی (هه‌ستی تاكه كه‌سی له‌سه‌ر بنه‌مای یاده‌وه‌ری دامه‌زراوه، یاده‌وه‌ری خۆی له سه‌ر رامان راده‌وه‌ستێ) 1. ده‌ق له‌م شیعره‌دا پابه‌نده به لێووردبوونه‌وه‌ی جوڵه، منه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی دۆگما ده‌كات، رووداو چنینی به‌سه‌رهاتێكه. شاعیر له رێگای چه‌ند وێنه‌یه‌كه‌وه هه‌ستی ئاوێته‌ی كه‌ره‌سته‌كانی سروشت و ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كات، له ناوكۆیی ده‌قدا ده‌یتوێنێته‌وه، هه‌وڵداه‌دات رایه‌ڵه‌كانی ئاساییبوون بسرێته‌وه‌ی. به دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نیوان هاودژه‌كان، كارتێكردنیان له سه‌ر یه‌كتر، ئاشنایه‌تیه‌ك له ته‌ك دوانه‌ی هاودژه‌كان فه‌راهه‌مده‌كات، ده‌گه‌رێت تا مانایه‌ك له‌و پێدراوانه ده‌رخه‌ن كه خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگری مانایه‌ك نین، به‌ڵكو له ناو په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان خۆیاندا مانا و به‌ها وه‌رده‌گرن، به‌م شێوازه شاعیر به‌بێ ته‌گه‌ره ده‌چێته نێو جیهانی پێكهاته‌كانی ده‌قه‌وه، سۆسه‌ی ده‌نگی جیاواز ده‌كات، به‌گێرانه‌وه و چاوخشاندن له سروشتی ده‌قدا، ده‌توانێ زه‌مینه‌یه‌كی فره لایه‌ن بره‌خسێنێ، جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كه‌ی پێ دابه‌شبكات. ده‌ستپێك له ناونیشانی هۆنراوه‌كه‌وه ده‌كرێ ده‌رگا له ده‌ق واڵابكه‌ین، ناونیشان له خاڵێكی شپرزه‌دا ئاماژه‌ی چه‌قبه‌ستنه، ده‌رخه‌ی ئاشكراكردنی ده‌نگێكی چپكراوه، ئه‌زموونێكی بارگاوییه، له‌ده‌ستچوونی رابردووه، خۆگرتنه‌وه‌یه له ئیستادا، ئاگادار كردنه‌وه‌یه، ده‌ستپێشكه‌ری سوژه‌یه له ئه‌گه‌ری روودانی كرده‌یه‌كی نه‌ویستراو، یاخیبوونه له رابردوویه‌ك كه فه‌رامۆشیكردووه، به‌رهه‌ڵستییه له ئیستادا، فریای خۆی ده‌كه‌وێت، له پێشبڕكێدایه له ته‌ك شوێنكاتدا تا چیتر فه‌رامۆشنه‌كرێ.
(با گیرۆده‌ی خۆیم ده‌كات سه‌قام گرتن دۆزه‌خێكه سته‌مه ئیتر له ناویدا گوناهبار بمێنمه‌وه, ڕێگاكان له زمانی قاچم تێده‌گه‌ن, مه‌وداكانم پێده‌به‌خشن, ئاووڕ له ئاوێنه‌یه‌ك ده‌ده‌مه‌وه ساڵه سه‌راب سیفه‌ته‌كان تیایدا زیوون لووتكه‌یه‌كی تابڵێی سپی ده‌بینم ده‌سته‌كانم وه‌ك دوو تانجی به‌ساڵداچوو ده‌كه‌ونه‌ڕێ, به‌ڵام ڕه‌وه په‌نجه‌كانم كه له ته‌مێكی به‌رز به‌رز جێده‌مێنن خۆ وه‌رده‌ده‌ن له زنه‌ی ئه‌و نۆستاڵژیا بێئامانه‌ی دڵا هه‌میشه ده‌ریده‌بڕێ) 2
شاعیر به كه‌سی یه‌كه‌می تاك قسه‌ده‌كات، ده‌چێته ره‌قای بابه‌تێكه‌وه، له گه‌ڵ خۆیدا به‌ركه‌وتێك ئه‌نجامده‌دات، مانا‌و هێزێك ده‌به‌خشێته فاكت و پێدراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له سۆنگه‌ی كارتێكردنی ده‌ره‌وه‌ی خۆی وه‌ك بكه‌رێك خود ده‌بێته به‌ركار، راده‌ستبوونی ئه‌می قسه‌كه‌ر پابه‌ند نه‌بوونی به شوێنێكی تایبه‌ته‌وه بۆ سه‌قامگیری، به به‌راوورد له ته‌ك پێوه‌ره‌كانی بنجبه‌ستندا پێچه‌وانه ده‌كه‌وێته‌وه، له‌ناسه‌قامگیری، سیمای رووه نه‌گێتڤه‌كه‌ی سه‌قامگیری ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌م پێیه‌ش خۆی له خۆیدا جۆره پرسیارێك دروستده‌كات، له‌گه‌ڵ خستنه‌رووی ره‌هه‌نده‌كانی سه‌قامگیری و دڵنه‌وازی، پارادۆكسێ ئه‌نجامده‌دات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م حاڵه یه‌كدێته‌وه له ته‌ك ئه‌و گووته‌زایه كه ده‌ڵێًت (هه‌ر شتێ له راده به‌در پتر بوو ده‌بێته دژه‌كه‌ی)*، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاعیر مه‌به‌ستییه‌تی مانای لێهه‌ڵده‌كڕێنێت له پته‌وكردنی ستراكتۆڕی ده‌قدا، شكاندنی ره‌هه‌نده‌كانی زمانی به‌رده‌ست و باوه، شاعیر په‌نا بۆ داڕشتنه‌وه و به‌كارخستنی خاسیه‌ته‌كانی زمان ده‌بات، وه‌ك كه‌ره‌سته‌و پێكهێنه‌رێكی ریشه‌یی بۆ راییكردن و زیندوكردنه‌وه‌ی مانا له وێنه‌ی شیعریدا، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بۆ ئاماژه‌و دالێه‌ك ده‌بات كه بتوانێ مانا بخاته سه‌ر وێنه شیعرییه‌كه‌ی، لێره‌وه‌ش شاعیر چه‌مكی (با) وه‌ك دالێه‌ك به‌كارده‌هێنێ، له ناجێگێریدا رۆڵی بكه‌رێكی ئه‌كتیفی پێِده‌سپێرێ، له هه‌مان كاتدا راده‌ستبوونی خۆی ده‌بێته به‌ركارێكی نه‌رێنی بێده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ی دیاره له ناو كۆی ده‌قدا په‌یوه‌ندی نیوان بكه‌ر و به‌ركار مۆركێكی پێچه‌وانه وه‌رده‌گرێت، ده‌كرێ به پێوه‌رێك سه‌نگو سووژن بكرێت، داله‌ی ئه‌می بكه‌ر (با) چه‌ند ده‌سه‌ڵات و ناجێگیری په‌یره‌وبكات، ئه‌وی مه‌دلولی به‌رامبه‌ر (به‌ركار) یان شاعیر بێده‌سه‌ڵات و گیرۆده‌ی راده‌ستبوون ده‌بێت، له كۆتاییدا مرده‌ڵۆكی و مێگه‌لبوونی لێده‌كه‌وێته‌وه، زه‌قبوونه‌وه‌ی بكه‌ر وه‌ك دالێه‌ك سڕینه‌وه‌ی به‌ركار، وه‌ك مه‌دلوولێك ئه‌نجامده‌دات، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا جێگیربوون رووكه‌شه، دیارده‌یه، ناوه‌خون نییه، دڵنه‌وایی گه‌رهه‌شبێت ده‌كرێ له ناوه‌ڕۆكدا وه‌ك دۆزه‌خ شووناسی بۆ بكرێ، دۆزه‌خش هیچ ئومێدێكی تیا نییه، جگه له داكوتینی به‌ركار نه‌بێ كه له نێو سنووره‌كانی بێهووده‌ییدا مۆڵده‌خوات، دوانه‌ی دۆزه‌خ و سه‌قامگیری، تڕاژیدیایی هاودژه‌كان له خۆ ده‌گرێت، له ئاستێكی فراونتردا، گه‌ر (با) وه‌ك دالی هێزێك له ناجێگیرییه‌وه مانه‌وه‌ی خۆی دابینبكات، له ئاستێكی تردا ده‌ڕچه‌ی وونبوون و به‌دگۆرانێكی خۆجێی له ئه‌وی مه‌دلوول فه‌راهه‌مده‌كات، زه‌مینه‌ی په‌رتبوونی خود سازده‌كات، به‌م پێیه‌ش له چوارچێوه‌ی دوانه‌ی لێكدژه‌كان، پارادۆكس ئه‌نجامده‌دات، (با) وه‌ك ده‌سه‌ڵات هێزی خۆی له گیرۆده‌بوون و له سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی مه‌دلوول فه‌راهه‌مده‌كات، ئه‌م به جووتبوون و یه‌كگرتنی له گه‌ڵ (با) دا، پێناسه‌ی دۆڕاندنی شووناس و هێزی تاك كه‌فماڵده‌كات، جیاوازییه‌كان ناهێڵێت، له‌و دۆزه‌خه‌دا كه ره‌نگی پێوه‌گرتووه، به مێگه‌لبوونی خۆی ده‌سه‌لممێنێ، به ئه‌سته‌م و گوناهی ده‌زانێ گه‌ر تاوانبار ئاسا سه‌یر بكرێ، یان تێیدا بمێنێته‌وه، به مانایه‌كی تر گه‌ر له دۆزه‌خدا، سه‌قامگیری (شوێنێكی هزركراو) 3 بێت له‌نه‌هێشتنه‌وه‌ی گوناهباری، ئاوا له ئاست نه‌گووتراوی ده‌قدا په‌ڕاكتیزه‌كردنی دۆگمایه، چه‌قبه‌ستنه، بنه‌ماكانی گۆرانكاری و پێشكه‌وتن هه‌ڵناگرێت، سڕكردنی خوده، سه‌قامگیری داكه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌یه، به‌رانبه‌ر به مردنی تاك، مردنه له ناوه‌وه‌دا، مردنی فه‌لسه‌فییه به‌رانبه‌ر به بنه‌ماكانی ناجێگیری، .. گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق به‌م ئاراسته‌یه بێت، كه‌واته ده‌كرێ به‌راووردێك بكه‌ین، خوێندنه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی بۆ بكه‌ین، بڵێین ئایا ناسه‌قامگیری له دۆزه‌خدا مانه‌وه‌ی گوناهبارییه! ئایا هه‌ستكردن به گوناه ده‌رگیره، هه‌ڵگری تۆڕی چاك سازی نییه! ناوگیری و لێپێچینه‌وه و كرده‌ی لێپرسینه‌وه‌ی به‌دوادا نایه‌ت، پرسیار نییه، شیمانه‌ی گۆڕانكاری هه‌ڵناگرێت! له كۆتاییدا كۆدیتا نییه له سه‌ر ناسه‌قامگیری، زیندوو بوونه‌وه‌ی تاك نییه له (شوێنی ئه‌زموونكراو)دا 4 به‌رانبه‌ر به داڕمانی رایه‌ڵه‌كانی ناسه‌قامگیریی، به‌پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه بێت، له هه‌ڵكشانی درامی ناڕۆشنی ده‌قدا، پرانسیپی داتاكانی په‌رتبوون ده‌بنه ده‌ستبژێر.. په‌رتبوون ئه‌و شوێنه‌یه كه چیتر هه‌لی گه‌رانه‌وه‌ی تێدا نییه تا بچێته نێو به‌هه‌شتی ته‌بایی و دنیای ئاشتبوونه‌وه، وێڵ بوونی لێبوورده‌ییه بۆ كام و بۆی ئه‌وینداری، لێره‌دا سه‌قامگیری تارمایی دۆزه‌خێكی زۆرداره، به شێوازێك دۆزه‌خ و ده‌روون وا ئاوێته ئاڵۆز بوون له یه‌ك جیاناكرینه‌وه، رایه‌ڵه‌كانی باڵابوون وا مژراون، چیتر بواری ئه‌وه نه‌ماوه‌ته‌وه تا روونان له هه‌ستی په‌شیمانی بكه‌یت، هه‌ستكردن به‌گوناه له دۆزه‌خدا كه لیبوردن و چاو پۆشینی تێدا نییه، دۆزه‌خ هه‌روه‌ك میلان كۆندیرا ده‌ڵێت (دۆزه‌خ ئه‌و شوێنه‌یه كه لێبووردنی تیا نییه) بۆ ئاودیوكردن له‌م بار‌و دۆخه، ئه‌و فاكته‌رو ئامرزانه چین كه خودی گوناه ده‌گۆێزنه‌وه، یان هه‌ستنه‌كردن به گوناه چاره‌سه‌رده‌كه‌ن، بیركردنه‌وه له خودی گوناه، پاراستن و داكۆكیكردنه له مانه‌وه‌ی خود، رزگاربوونییه‌تی له‌گرێی تاوان، گه‌یشتنه به ئه‌فسانه‌و به خه‌ون و خه‌یاڵ.
له هۆنراوه‌دا ئه‌بستراكت مۆركی ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی كورتبڕو چڕترمان پێده‌بخشێت، په‌یداویستی به لۆژیكی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی رسته هه‌یه تا وێنه‌ی شیعری قه‌ره‌بووی نه‌هامه‌تیه‌كان پێبكات، شاعیر له چوارچێوه‌ی هۆشیاریی و هزردا به بایه‌خه‌وه وێنه‌یه‌كی ریالیستیمان بۆ ده‌كێشێت، له ناو كۆی ئه‌مه‌شه‌وه جوڵه به وێنه‌كانی دیكه ده‌كات، جوڵه‌كردن به وێنه له بنه‌ڕه‌تدا رێگایه‌كه بۆ گواستنه‌وه له گرته‌یه‌كه‌وه بۆ گرته‌یه‌كی جیاواز، له زه‌مه‌ن، له پێكهاته، له چه‌مكی تێگه‌یشتن، له بوون و له خود، ئه‌مه جگه له ره‌چاوكردنی پێوه‌ره‌كانی شوێنكات، هه‌ڵبه‌ت شاعیر ده‌سته‌پاچه نییه له رووماڵكردنی گرته‌یه‌كی تازه، كه بتوانێ ئه‌زموونی هه‌نووكه‌یی تێدا بگۆزێته‌وه. شاعیر بۆ چاوگێرانه‌وه به ئه‌زموونه‌كانی رابردوو، به قورسایی شوێنكات كه وێنه‌ی ئیستا‌و رابردووی تێدا نمایشده‌كات، پارادۆكسێ ئه‌نجامده‌دات، هۆنراوه‌كه ئاوێته‌یه، دیمه‌نه‌كان له یه‌ك ئاستدا نین، به ئاسانی خۆ به ده‌سته‌وه ناده‌ن، شاعیر كاتێ پێكهاته‌ی وینه‌ی (رێگایه‌ك ) چڕده‌كاته‌وه، په‌یوه‌ندی و خزمایه‌تی، له یه‌كنه‌گه‌یشتن له نیوان دوو شتی جیاواز ده‌سته‌به‌رده‌كات، له گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و جیاوازییانه‌ی ده‌بنه ته‌واوكه‌ری یه‌كتر، به‌شداریكردنیان پێكه‌وه، هاوبه‌شبوونیان بوارێك بۆ ره‌وتی گێرانه‌وه فه‌راهه‌مده‌كات كه ملكه‌چی كرده‌ی كۆكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و به‌رجه‌ستكردنی په‌خشانه شیعره، راسپاردنی بڕگه‌یه‌كه له ژیانی شاعیر و ئه‌زموونه‌كانی، زیندووكردنه‌وه‌یه، لادانه له دیلكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك، كۆششی ده‌رخستنی ره‌هه‌نده‌كانی په‌خشانه شیعره بۆ گشت، پیاده‌كردنی ئاسته قوڵكانی نه‌سته، نمایشكردنی تاكه به كه‌ره‌سته‌ی ته‌نیاییه‌وه، خۆ نووسینه‌وه‌یه، له‌خۆ بینین جیانابێته‌وه، ده‌نا شاعیرله خۆرا په‌نا بۆ خوازه‌ی ئاوێنه نابات، نه‌ست له ناوه‌وه‌دا، ئاوێنه له ده‌ره‌وه‌دا، یاده‌وه‌ر خۆی تێدا ده‌بینێ، به چاوگێرانه‌وه‌ی تێدا رابردووی گه‌نجێنی كه دابڕانی له ته‌ك ئیستای ته‌مه‌نیدا ئه‌نجامداوه تڕاژیدیای سه‌رده‌مانێك ده‌هۆنێته‌وه، محاڵه ده‌سته‌مۆبكرین، نایه‌نه‌وه ژێر ركێفی، په‌راكتیزكردنیان به كرده‌وه‌یی ته‌مه‌ن ئاسا به‌سه‌رچوون، تارمای گرته‌كان، خه‌ون ئاسا دێنه به‌ر دیده‌ی، گه‌یشتن به خودی خه‌ونه‌كان په‌رینه‌وه‌یه بۆ محاڵ، هاتوچۆی خاڵێكی شپرزه‌یه له نیوان دۆزه‌خی ئازار‌و به‌هه‌شتی داهێناندا، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه، به‌كار خستنی ئه‌لته‌رناتیڤێكه، ئه‌و حه‌زو خوازه‌یه كه سه‌رده‌می رابردووی ته‌ی كردووه، له ئیستادا، له‌م ته‌مه‌نه به سه‌رچووه‌دا ده‌توانێ گوزارشتی لێبكات، هه‌رچی هه‌ڵگرتووه له هه‌گبه‌ی ماندووی ئه‌م شوێنكاته‌دا، ده‌توانێ له رێگای په‌نجه‌كانیه‌وه وه‌ك په‌خشانه هۆنراوه‌یه‌ك بینوسێته‌وه له رێگای نووسینی هۆنراوه‌دا، شاعیر دۆزه‌خی ئه‌و خه‌م و ئازاره ده‌گوێزێته‌وه بۆ به‌هه‌شتی داهێنان (شیعر به‌پێی كاركردن بونیادی سه‌ره‌كی ده‌بێت به ناو دۆزه‌خدا بروات و له ناو هه‌موو سووتاوه‌كاندا بوه‌ستێت و كسپه‌ی سه‌رجه‌م مه‌رگه‌كان بچێژێت ئه‌وسا ده‌بێته هه‌ڵگری ئه‌فسوونی راسته‌قینه‌ی نه‌مری و زیندووبوونه‌وه) 5 هه‌سته‌كی دڵ نامرێ، كاتێ شاعیر تێكرا پێكهاته‌كانی تاسه به روونی شڕۆڤه‌ده‌كات، له سه‌ر تێنووسێ بنجبه‌ستی ده‌كات، ئه‌وه ڤیزای خه‌م و خه‌ونه‌كانی شاعیره، له جوگرافیایی ئیستادا هه‌ڵده‌ستێ به باركردنی شقڵ و مۆركی ئه‌و ته‌مه‌نه پر ئازاره، ئه‌وه لێكدانی دوو شوێنكاته، ئاساواری په‌رۆشبوونی بۆ شوێنی له ده‌ستچوو له سه‌ر ده‌ق جێده‌هێڵێت، شوێنكاتی به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق له ئیستادا، جیاده‌كاته‌وه له شوێنكاتی به‌سه‌ر چووی رابردوو، راساندن و په‌رۆشبوونه بۆ گه‌رانه‌وه‌ی شوێنكاتی له ده‌ستچوو، نیشته‌مه‌نییه‌كه به زیندوویی له دڵه‌وه سه‌رده‌كات، له ناو جیهانی هۆنراوه‌دا گه‌شتی تایبه‌تی خۆیده‌كات، به نه‌مری ده‌مێنیته‌وه، هه‌رگیز ناگاته كه‌ناره‌كانی ئارامگرتن، به‌یداخ و شووناس و ناسنامه‌ی شاعیر هه‌ڵده‌گرێت.
(به‌ر له‌وه‌ی ئێستا فه‌رامۆشم بكات له‌سه‌ر شۆسته‌ی ئێواره‌یه‌كی دووره‌ده‌ست وه‌ك په‌یكه‌رێكی تۆزاویی پۆله نیگا كێوییه‌كانت له بیری زه‌مانیان بردمه‌وه ئه‌نگوسته ده‌سته‌مۆكانم شێت شێت بوون به‌رۆكی با كه‌وته ناویان تا ببینی قه‌دی داره‌كانی گه‌ڕه‌ك چه‌ند به نووكی قه‌ڵه‌مبڕه‌كه‌ی گیرفانی هه‌رزه‌كاریم بریندارن) 6
پێداگری شاعیر له‌سه‌ر گۆرینی گرته‌كان، گوزارشتكردنه له سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی فه‌رامۆشكردن، ئه‌مه‌ش له ده‌رئه‌نجامی دوالیزمه‌ی هاودژه‌كاندا هاتووه‌ته به‌رده‌ست، له ریزبه‌ندی گێرانه‌وه و گه‌یاندنی مه‌به‌ستكاندا ، هێشتا ترسی له‌بیرچوونه‌وه و فه‌رامۆشكردن ئامادگی هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت هۆنراوه‌ی یه‌كگرتوو به نهێنی ده‌ستپێده‌كات، له‌وه‌ش به‌ده‌ر نییه به شێوازیكی تر خۆی دووباره بكاته‌وه، هه‌وێنی هاوكێشه‌یه‌كی تڕاژیدی ته‌ژی به ناكۆكی به‌رجه‌سته‌بكات، به هیچ شێوه‌یه‌ك جه‌مسه‌ره‌كانیان نه‌گه‌نه‌وه یه‌ك، ناخودئاگای شاعیر به ئاشكرا پێ له‌و دژاوه‌بوونه ده‌نێ، له‌كاتێكا ئه‌می شاعیر هه‌ستده‌كات، بوونی ئه‌و، هۆیه‌كانی مانه‌وه‌ی پێده‌به‌خشن، له به‌رامبه‌ردا ئه‌وی به‌رامبه‌ر دركی پێناكات ناتوانێ بیخوێنێته‌وه، په‌ی به په‌رۆشی ژوانی دوای جیابوونه‌وه ناكات، دیاره نیگاكانی له ئامێزی عه‌شقدا رامنه‌كراوه، كێوییه، دوالیزمه‌ی كێوی ده‌سته‌مۆ، تڕاژیدیای رایه‌ڵه‌كانی ئه‌وینێكی تاك لایه‌نه له هه‌نووكه‌دا ده‌هۆنێته‌وه، ئه‌وینێك به میژوو ده‌كرێت، شوناسی به‌رده‌وامبوونی لێ زه‌وت ده‌كرێ، له نێو كه‌له‌به‌ره‌كانی شوێنكاتدا تێپه‌ریوه، محاڵه بگه‌رێته‌وه، كۆچكردنه‌كه‌ی سنورێكی فه‌راهه‌مكردووه، شه‌قام و شۆسته ئاسا نابنه‌وه یه‌ك. وه‌ك یاسایه‌كی نه‌گۆر هه‌میشه شۆسته په‌رگیره، له ده‌روه‌یه، فه‌رامۆشكراوه، له‌بیركردنی ئه‌می شاعیر له لایه‌ن ئه‌وی نائاماده، داماڵینی سیحری په‌یوه‌ندییه‌كانه، له سۆنگه‌ی به مێژوو كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه، شاعیر خه‌مبار ده‌بێت دنیای لێده‌بێت به ئێواره، به كۆتایی ته‌مه‌ن، ئیتر چیتر كردارێ نامینێ سیمبولێك هه‌ڵگری یادو یادگاری سه‌رده‌مێكی به سه‌رچوو له خۆبگرێت، وه‌لا ده‌خرێت، نه‌ك به كرده‌یه‌كی دینامیكی ده‌كرێته په‌یكه‌ر، به‌ڵكو له بیریش ده‌كرێ و سه‌یریش ناكرێت، به‌وه‌ی په‌یكه‌ر ناتوانێت بێته نێو شه‌قامه‌وه به‌یه‌كگه‌یشتن رووداو دروستبكات، ئایا ئه‌مه خۆ سزادانێكی خودی شاعیره ! یاخود په‌رچدانه‌وه‌ی سزادانی ئه‌وی به‌رامبه‌ره! ئه‌م ده‌سته‌مۆیه ئه‌و نایخوێنێته‌وه، ره‌نجی به با دراوه، شكۆی تاك مه‌ندی ره‌تكراوه‌ته‌وه، ئایا حه‌زو بیره‌وه‌ریه‌كانی له ئاست رۆژگاردا له ویستگه‌یه‌كی بچووك به‌ولاوه هیچی تر نه‌بوون، له گه‌ڵ هه‌ر وه‌ستان و بیركردنه‌وه‌یه‌كدا له كولانه‌وه‌ی زامیكدا له‌وه زیاتر نه‌بوو كه قۆناغی هه‌رزه‌كاری پێ بنووسێته‌وه، له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا، ئه‌دیب نادر له گه‌مه‌و لوغزی ئه‌ویندا، به‌های ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رز ده‌نرخێنێ، له سیحری ئه‌دبدا دیوه ئاڵۆزه‌كانی سروشتی په‌یوه‌ندیكه به‌جێده‌هێڵێت، به‌ڵام له‌م كۆپله‌یه‌دا له دوای ئاشكرا بوونی راستیه‌كان، فه‌رامۆشكردن و جێكه‌وتی ئه‌و سیحر هه‌ڵده‌گه‌رێت، تووشی شۆك دێت، په‌نجه‌كانی شێت ده‌بن، نازانن له كوییوه ده‌ستپێبكه‌ن و چی بنووسن، حاڵه‌تێكی هیسترییه، ئیستا له ئاوا بووندایه، ته‌مه‌ن بوو به ئێواڕه، تۆ بۆ لای هیچ گه‌رایته‌وه، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئاهه‌كانی هه‌رزه‌كاری و گه‌ڕه‌كه‌كانی رابردووه.
(به‌ر له‌وه‌ی با گیرۆده‌ی دوای خۆیم بكات, ماركیز نۆبڵی برده‌وه, تۆ چوار ساڵا دوای هاتنی من مامانێكی دیان مه‌قه‌ستی به ناوكتدا هێنابوو, ئه‌و ڕێیانه‌ی گرتمنه‌به‌ر هه‌موو بۆ لای ماڵه‌كه‌تان لایان ده‌دا, له ته‌نیشت عه‌ره‌بانه‌یه‌كی شكاوه‌وه ئه‌سپی شه‌و ئاڕاسته‌كانی ته‌ی ده‌كرد, كۆخه‌كۆخی ده‌رگاكه‌تان كوڕژنه بێشوماره‌كانی ئه‌ندێشه‌می ده‌گێڕایه‌وه ناو قۆزاخه‌كانی به‌ر له بوون, یه‌كه‌م هه‌وره‌تریشقه‌ی لێو شاری چۆڵی یاده‌وه‌ریی كرد به دوورگه‌یه‌كی جه‌نجاڵا و ڕێگا و بانه هات و نه‌هاته‌كانی خه‌یاڵیش تاهه‌تایه بوون به مه‌چه‌ك بۆ بازنگی تراویلكه بێكۆتاییه‌كانی شیعر) 7
له دارشتنی هۆنراوه‌دا، وێنه‌ی شیعری ده‌توانێ ئاوێته بوونی جیهانی خود و دنیای ده‌ره‌وه به‌رجه‌سته‌بكات، دارشتن ناچێته خولگه‌ی شێكردنه‌وه، به‌ڵكو له ئاست ته‌نگژه‌كانی زماندان، به كه‌ناڵ و شوێنه‌كانی یادگاوه خورپه‌كانی دڵ ده‌نوێنن، له ئه‌ده‌بدا تاكی راسته‌قینه مانای نییه، لێكدانه‌گه‌رایی فۆرم و هیمایه، په‌یوه‌ندی نیوانیشیان وابه‌سته‌ی هیماكانی ده‌بن، یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعر به‌گرخستنی تواناكانی زمانه، له زیندووكردنه‌وه‌ی ماناكانیدا، هێزی گوزارشتكردنه، له فۆرمۆڵه‌كردنی وێنه‌ی شیعریدا، زمانی وێنه‌ی شیعری به هیماوه پشت ئه‌ستووره، شاعیر هه‌میشه ئه‌و هیمانه به‌كارده‌هێنێ كه خۆشیده‌وێن، به‌و مه‌رجه كه بتوانێ وه‌ڵامی پرسی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌كانی بداته‌وه، بۆ به‌رهمهێنانی وێنه‌ی شیعری و فراوانكردنی ئاسته‌كانی گێرانه‌وه، شاعیر وه‌ك خوازه‌یه‌ك، هیمای(با) ی به‌كارهێناوه، به‌كارخشتنی (با) ئاماژه‌یه‌كی زیندوو نییه، به‌ڵام هه‌ڵده‌ستێ به كارێكی زیندوو، ئه‌ویش به گیرۆده‌بوونی ئه‌می شاعیر، به كۆچكردن و گواستنه‌وه‌ی قۆناغێك له شوێنكاتێكه‌وه بۆ قۆناغ و شوێنكاتێكی دیكه، گه‌مه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یه له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی تر، ره‌تكردنه‌وه‌ی فاكتێكه، پشتكردنه له خه‌ونێك له حه‌زو ئه‌شقێك، جێهێشتنی شوێنێكه، یان نیشتیمانێكه، كه چیتر به‌رده‌وامبوون به‌و ژیانه نابه‌خشێت، ژیانێك شاعیر ده‌یخوازێت، متمانه نه‌ماوه، سیحری مانه‌وه‌ی دۆراندووه، شاعیر كۆچده‌كات بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه خۆی تێدا ده‌بینێ، ته‌سكێنی پێدێ، شوێنكات دیارده‌یه‌كی ده‌روونی هه‌یه، هه‌ستپێكراوه، شاعیر زیره‌كانه توانیویه‌تی مامڵه‌ی له ته‌كدا بكات، گه‌مه‌ی خۆی له نێو داتاكانی شوێنكاتدا بكات، به پرۆسه‌ی پۆلینكردنێكی هزری له نیو دوو قۆناغی جیاوازی ته‌مه‌ندا دابران ئه‌نجامبدات، هه‌رچه‌ند فاكته‌ره‌كانی ئه‌م دابرانه له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ووزه‌و تینی وه‌رگرتووه، بوونه‌ته مایه‌یی هانده‌رێك بۆ ئه‌نجامدانی كۆدیتایه‌كی بێ‌شومار، له خۆشكردنی گه‌مه‌كردن له میانه‌ی شاردنه‌وه‌ی هه‌ژماركردنی ساڵه‌كان و به مێژووكردنی ساله‌كانی ساڵنامه، چونكه ئه‌م كرده‌ی هه‌ڵكردن و گیرۆده‌بوونی به (با) كه وه‌ك ئاماژه‌یه‌كه بۆ كۆچكردن، پیاچوونه‌وه و رامان تێدا یادوه‌رییه‌كانی ده‌جوڵێنێ، ئه‌م نایه‌وێت ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه بوه‌ستێنێت، بیكاته قه‌ره‌ی مێژووه وه به ژماره ئاماژه‌ی بۆ بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت به‌رگێكی زیندووی له به‌ربكات، بیكاته ئه‌ده‌ب، به‌پێوه‌ری ئه‌ده‌ب پێوانه‌ی بۆ بكات، ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌كانی هێنده به هه‌ند وه‌رده‌گرێت، به راده‌یه‌ك هه‌ستده‌كات گه‌یشتووه‌ته ئاستێك و یه‌قینێك، گه‌ر له رێگای گواستنه‌وه نه‌بێت بۆ ئه‌ده‌ب، مێژوو ناتوانێت ناوه‌رۆكی یاده‌وه‌ری بگۆرێت، (یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروستده‌كات ئه‌ده‌بیش هێنده یاده‌وه‌ری دروستده‌كات) 8 ، به‌م پێیه ئه‌دیب نادر له رێگای ئه‌ده‌به‌وه هه‌ڵگۆڕان به یاده‌وه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌كات، واز له هه‌ژماركردنی ساڵه‌كان دێنێ، له بڕی ئه‌وه‌ی بڵێت ساڵی 1982 ی زایینی ده‌ڵێت ماركیز نۆبَڵی برده‌وه، ئه‌م ناوه وه‌ك مانایه‌كه بۆ شوێنكات، ئاماژه‌یه بۆ ساڵێك یان مێژووییه‌ك، به‌كارخستنی ناونیشانی (سه‌دساڵ ته‌نیایی) 9 ماركیز وه‌ك ساڵژمێر، ئه‌لته‌رناتیڤه بۆ دیاریكردنی قۆناغێكه له ژیانی ئه‌دیب نادر، كاریگه‌ری ئه‌و رۆمانه به ئاشكرا بووه‌ته جێكه‌وتی گۆشه‌نیگای، ناسه‌قامگیری و هه‌ڵاتن له سه‌ر پێدراوه‌كانی واقیع، به مانایه‌كی دیكه، ده‌كرێ له زه‌ینیدا لێكچواندنێ له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه به‌رهمبهێنێ، گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ریاڵیزمی به‌رجه‌سته‌دا، هاومانا بێت له گه‌ڵ ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه، به‌ڵگه‌یه‌ك بێت بۆ په‌یوه‌ستبوونی به جیهانی ئه‌ده‌به‌وه، خۆ دۆزینه‌وه‌یه له نێوه‌نده‌دا، نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه‌یه، حه‌زی لێده‌كات، تێیدا ده‌سووتێ و ده‌گوزرێت، ناتوانێ لێی رزگاربێت، چیرۆك ئاسا له رێگای فلاش باكه‌وه، تڕاژیدیایی یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆیمان بۆ ده‌گێرێته‌وه، له كه‌ره‌سته‌ی شیعرییدا پێكهاته‌ی دوولایه‌نه به‌كارده‌هێنێت، (پێكهاته‌ی دوو لایه‌نه كه‌ره‌سته‌ی شیعرییه پێكهاته‌ی هۆنراوه زامنی یه‌كگرتنییه‌تی) 10 لێره‌وه‌ش ده‌توانین هه‌ندێ له بۆشاییه‌كانی ده‌ق ئاشكرا بكه‌ین، به گواستنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی شیعری بۆ گرته‌یه‌كی تر، به‌كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ، له رێگای خستنه‌ڕووه وه په‌یوه‌ندی نیوانیان بدۆزینه‌وه، كاتێ روو له‌وی به‌رامبه‌ر ده‌كات، ئاماژه به ڕاناوی ( تۆ) ده‌كات، به واتای قسه‌كردنه به كه‌سێكی دیاریكراو ئه‌و كه‌سه نا دیاره كییه؟ كه ئه‌دیب نادری تووشی قه‌یرانی ئه‌نتۆلۆژی كردووه، لێینابێته‌وه، بووه‌ته به‌شێك له بوونایه‌تی و له ناسنامه‌ی، به‌شێكه له شوێنكاتی شاعیر، له نیوان یادگاو ساتی گێرانه‌وه‌ی ئیستادا، كه هۆنراوه و په‌خشان و وێنه‌ی ده‌قی تیا به‌رجه‌سته‌ده‌كات، ئاوڕدانه‌وه له‌و كه‌سه‌ی كه به راناوی (تۆ) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، دوایی چوارساڵ له هاتنی ئه‌می شاعیر، واتا هاتنی بۆ شوێنێك، به‌ڵام هاتنی بۆ چ شوێنێكه؟ ئه‌مه له ریزبه‌ندی گێرانه‌وه‌دا باڵابوونی پرسیارێك ده‌خه‌ملێنێ، به دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌رێت، له سه‌ر دوو ئاستدا ده‌مانخاته نێو گێژاوێكه‌وه، ئایا كۆچكردنه له شوێنی ئه‌زموونكراو مه‌به‌ستمان له نیشتیمانه بۆ شوێنێ دیكه واتا تاڕاوگه، یان گه‌رانه‌وه‌یه له تاڕاوگه‌وه بۆ شوێنی ئه‌زموونكراو، گرنگ كۆچكردنێك هه‌یه، له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تره، له ژێر تیشكی پێدراوه‌كانی ده‌قدا، به‌ر له گیرسانه‌وه و جێگیربوون، چه‌سپبوونه به شوێنێكه‌وه چوونه بۆ شوێنێكی تر، شاعیر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێشوه‌خته، هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكراده‌كات، كه تا چ ئاستێ له گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌كانیدا، سه‌رڕاست و به ئه‌مه‌گه، چۆن پارادۆكس فه‌راهه‌مده‌كات له‌ته‌ك لێكچواندنی وێنه‌ی یه‌كه‌مدا، خۆی جیاده‌كاته‌وه، په‌نامان بۆ ده‌هێنێ، به په‌راكه‌تیزكردنی ئه‌وینێكی راسته‌قینه، ده‌یه‌وێت ماركیز ئاسا خه‌ڵاتی مانه‌وه و نه‌مری له رێگای ره‌تكردنه‌وه‌ی ریاڵدا بباته‌وه، سه‌قامگیر له خۆشه‌ویستی دایه، چه‌سپبون له به‌هه‌شت و له‌و شوێنه‌دایه كه دولبه‌ری لێیه، نه‌ك له كۆچكردن بۆ هه‌ندران و گه‌رمكردنی دۆزه‌خی جیابوونه‌وه و له زه‌قكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نامۆبوون، راده‌ستنه‌بوون له كرده‌ی ئه‌وین پتر رایه‌ڵه‌كانی نامۆبوون فراوانده‌كات، (بوونی ئه‌وین لای مرۆڤ ده‌روازه‌یه‌كه بۆ ته‌سككردنه‌وه‌ی رووبه‌ری هه‌ست به نامۆییكردن) 11 ، ئه‌دیب نادر وائه‌زانێ به كرداری كۆچكردن بۆ تاڕاوگه ده‌توانێ جێكه‌وتی ئه‌و كه‌سه بسڕێته‌وه كه به‌ر له‌بوون ئه‌می زه‌وتكردوه، چیتر ناتوانێ نیشته‌مه‌نی حه‌زو ئه‌ندێشه‌كانی كه‌فماڵبكات، گشت ئاراسته‌كان تاقیكرده‌وه، هه‌ر له كۆچكردن و له ته‌نیایی و جیابوونه‌وه تا ده‌گاته نووسینی شیعر، بیسووده سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی روو له‌و ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش هه‌ستی نامۆبوونه‌كه‌ی كه‌مده‌كه‌نه‌وه، ده‌یگه‌رێنێته‌وه بۆ شوێنی ئه‌زموونكراو بۆ زێدی راسته‌قینه‌ی خۆی، له‌دوایی ئه‌زموونكردنی ئه‌م دۆخه، شاعیر نامه‌یه‌كی ئاگاداربوونه‌وه ره‌وانه‌ده‌كات، سڵكردنه‌وه‌ی له خشته‌بردن ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وین له تاڕاووگه‌دا، له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی شوێندا تاوتۆده‌كات، ئه‌گه‌ره نه‌رێنیه‌كان ده‌خاته روو، ترسی ئه‌و په‌رتبوونه‌ی هه‌یه، پابه‌نده گیرۆده نه‌بووه وه‌ك (با) جێگا‌و به‌شه‌كانی جێناهێڵێت، ئه‌می ئاشق له دوایی چوارساڵ له هاتنی بۆ تاڕاوگه، هێشتا خولیایی ئه‌وه‌یه به‌شه دابڕاوه‌كانی خۆی كۆبكاته‌وه، له ته‌ك یاده‌وه‌ریه‌كانیدا به یه‌كیان بگه‌یه‌نێته‌وه، شادیانبكاته‌وه، ئاشتیان بكاته‌وه، ده‌رگیری ئه‌م كاره‌ش رایه‌ڵه‌كانی زه‌مه‌نی دابڕان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، سه‌رتاپاگیرو یه‌كنه‌وایی له گه‌ڵ ئه‌وی به‌رامبه‌ردا ئه‌نجامده‌دات، هه‌رچه‌نده ئه‌م وه‌ك كردار شوێنی ئه‌زموونكراوی ره‌تكردوه‌ته‌وه، به ناچاری پشتی له ئه‌وی دڵداركردوه، باجه‌كه‌شی ده‌دات، ده‌چێته تاڕاوگه، به‌ڵام هاتنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ناتوانێ له ته‌نیاباڵی رزگاریبكات، ناتوانێت ئه‌وی له یاد به‌رێته‌وه، بێ ئه‌وی سه‌د ساڵ ئاسای ماركیز له تڕاژیدیای ته‌نیایی دا ده‌ژی، مه‌راقه، گه‌رانه‌وه بۆ ماڵی یه‌كه‌م نوستالیژیایه. له تاڕاوگه‌دا هه‌ستی ئه‌وینداری زیاتر په‌ره‌ده‌سێنێ و گه‌شه‌ده‌كات، له دووركه‌وتنه‌وه‌و دابڕان‌دا ده‌ڵه‌مه‌ی ئه‌وین زیاتر ده‌جوڵێت، رۆژ له دوایی رۆژ پتر نزیك ده‌بێته‌وه له واده‌ی خۆی، له جیابوونه‌وه، له شقڵ وه‌رگرتن و هه‌ڵگرتنی ناسنامه، هه‌ر له‌وێش، له تاڕاوگه ئه‌م چۆن له زێدی راسته‌قینه‌ی خۆی دابڕا و جیابووه وه، به هه‌مان شێوه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له دوای كرده‌ی دابڕان له‌م جیاده‌بێته‌وه، ئه‌و ناوكه‌ی به‌یه‌كه‌وه گرێیانیده‌دا پچڕا، ئه‌و پچڕانه پچڕانی ئه‌وینێكی نێرگزیی نه‌خۆشه، موژده‌ی له‌دایكبوونی ئه‌وینێكی سروشتیی په‌تییه، خۆی یه‌كڵاده‌كاته‌وه چاوهه‌ڵده‌هێنێ، بێ روونانه له دایكبوونێكی سروشتییه، نۆبه‌ره‌ی یه‌كه‌م ئه‌زموون و دوا ئه‌زموونییه‌تی، چیتر ناتوانێ ده‌ستبه‌داری بێت، ئه‌مه خۆشه‌ویستیه، هه‌رچیبكات و بكۆشی ده‌گه‌رێته‌وه ناو پێگه‌یه‌ك له خزمه‌تی ئه‌و ئه‌وینه‌دا ده‌بێت، هه‌موو پێشتر باسمان كرد، رێگاكان ده‌چنه‌وه لای ئه‌و، ئه‌و به قۆرخكردنی ناوه‌وه ده‌ره‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردووه (ئه‌وینی پاكتاو له نیوان نه‌خێرو به‌ڵێدا ته‌بایی نازانێت و پێ له سنوور‌و به‌راووردو مه‌رجه‌كاندا نانێت، به‌م پێیه‌ش ئه‌وینی پاكتاو بێ مه‌رج ئاراسته‌ی خود وه‌رده‌گرێت) 12 پۆلگرتنی شته ناخۆشه‌كان له جه‌مسه‌ری یاده‌وه‌ری شاعیردا، به نائارامی شوێنی یه‌كه‌م، وه‌ك پێگه‌یه‌كی تێكشكاو خاو له رۆیشتن, له ساته‌وه‌ختێكی تاریكدا نابنه رێگرو ته‌گه‌ڕه له به‌رده‌م گێرانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی، ئاوێته‌كردنی سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی هه‌ستكردن هه‌ر له شوێن و كات و ئاوێته‌كردنیان به هه‌ستی بیستن ئاڵووده‌یی شاعیر بووه‌ته هانده‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وینێك كه به‌ر له بوون ئه‌م هه‌بوونی هه‌بووه، بوونی ئه‌م له سایه‌یی ئه‌وینی ئه‌وه، ئه‌و هه‌وێنی ئه‌و بوونه‌یه، ئه‌م پێناسه‌ی خۆی تێدا فه‌راهه‌مده‌كات، هه‌ر نه‌مری ئه‌و ئه‌وینه‌یه، ئه‌گه‌ره‌كانی خه‌یاڵه له چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌كه‌یدا خه‌مه ئه‌به‌دی و یاده‌وه‌رییه‌كانی تێدا به زیندووی ده‌مێنێته‌وه، پرۆسه‌ی خه‌ونێكی گه‌وره‌تر یان هه‌ستێكی نوستالۆژی په‌تی له رابردووه‌وه ده‌گوێزێته‌وه بۆ ساتی ئیستای، ساتی به‌رهه‌مهینانی ده‌ق، چونكه شاعیر دڵنیایه رابردوو حه‌قیقه‌تی شته‌كان ناپارێزێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆنراوه ده‌یخاته مه‌چه‌كی دنیایی ئیستاتیكه‌وه
(دوای ئه‌وه‌ی با گیرۆده‌ی دوای خۆیم ده‌كات ئێستا به فه‌رامۆشیم ده‌سپێرێت ساڵه‌كان هه‌میشه سه‌راب سیفه‌تن, ڕێگاكان مه‌ودا به قاچم ده‌به‌خشن با داره‌كان ده‌سمێت و په‌نجه‌ی نه‌رمی چله‌كانیش هێنده‌ی باڵام شۆڕده‌بنه‌وه, ده‌نگێكی وه‌ك ده‌نگی بۆنسۆواویی كناچه گوێچكه‌م به بۆنی ئه‌و ماچانه سیخناخ ده‌كات كه ئیتر قه‌ت نه‌ڕژانه سه‌ر لێوه‌كانم چونكه له‌سه‌ر شۆسته‌ی ئێواره‌یه‌كی دووره‌ده‌ست وه‌ك په‌یكه‌رێكی تۆزاویی له بیری زه‌مان چوومه‌وه ) 13
دوا كۆپله ده‌رئه‌نجامه، په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژی به كۆپله‌كانی پێش خۆی هه‌یه، له كۆپله‌ی یه‌كه‌م كرده‌یه‌ك هه‌یه له هه‌نووكه‌دا روودده‌دات، له كۆپله‌ی دوو، سێ و چوار به فلاشباك باس له بیره‌وه‌ری و گریمانه‌ی ترس و ئه‌گه‌ره‌كانی پێش رووداو ده‌كات، له دوا كۆپله‌دا، كرده‌ی گیرۆده‌بوون به ته‌واوی روویداو و بڕایه‌وه، شاعیر له كۆپله‌ی پێنجه‌م راده‌ستی پێشهاته‌كانیبوو، كه له كۆپله‌ی دووه‌م ئاماژه‌ی بۆ كردبوو (په‌یكه‌ر تۆزاوی) ئاسا وه‌لا ده‌خرێت فه‌رامۆشده‌كرێت، تانه و گله‌یی له ساڵه‌كان ده‌كات، هه‌ر له كۆپله‌ی یه‌كه‌مه‌وه به ( ساڵ سه‌راب سیفه‌تن )ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له دوا كۆپله‌دا دووباره‌ی ده‌كاته‌وه هۆنراوه‌كه‌ی پێ كڵوم ده‌دات، ئه‌م پێداگرییه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ساڵه‌كان هه‌ست خه‌ڵتێنن، زوو به‌سه‌ر ده‌چن، هه‌لی مانه‌وه‌یان نییه، مێژوویه‌كی په‌تییه، وه‌ك ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ندی ئه‌وین خه‌سڵه‌ته‌كانی مانه‌وه هه‌ڵناگرن، دیاره پیودانگی ساڵ لای نووسه‌ر هه‌ڵگورانی به‌رهه‌می نووسینی ئه‌ده‌ب و خۆشه‌ویستیه، ته‌مه‌نی خودسه‌رانه‌یه نه‌ك ته‌مه‌نێكی فیزیكی دیاری كرا‌و، ژان و ژۆی شاعیر ده‌رچوونه له‌و ته‌مه‌نه فیزیكیه، په‌نجه نۆمای خه‌م خواردنییه‌تی به‌نه‌مانی خۆی په‌یكه‌ر بوونی خۆی فه‌راهه‌مده‌كات، ئاوڕشی لێنادرێته‌وه، تۆزی لێده‌نشێت.
خه‌می شاعیر خه‌مێكی وجودیی ته‌واوكارییه، ره‌چاو ناكرێ نه له لایه‌ن دولبه‌ڕه‌وه نه له‌و كۆمه‌ڵگاییه‌ی كه خۆی له پێناوییدا به‌خت كرد، ئه‌و خه‌ونی به ماركیزه‌وه ده‌بینی، له ده‌ڕچه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵه‌وه هه‌ستكردنی ته‌مه‌نی هه‌ژماڕده‌كرد كه‌چی زیادرۆیی نه‌بێت سه‌د ساڵ ته‌نیایی هۆنییه‌وه، له كاتێكا خه‌م و ئازاره‌كانی ته‌مه‌نێ خه‌ریكه به ناچاری مه‌ودای جێهێشتن به قاچه‌كانی خۆشكه‌ن، به مێژووكردنی رێگاكانی ئه‌وین ته‌ی بكه‌ن، شاعیر له هه‌ر پێنج كۆپله‌كه‌دا هه‌ر جارێ له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ئاماژه بۆ ده‌سته‌واژه‌ی (با) ده‌كات له هه‌موویاندا (با) ئاماده‌گی كرده‌وه‌یی هه‌یه، بووه‌ته رێژه‌ی نه‌گۆر، هاوكێشه‌ی بازنه‌ی ده‌قه‌كه‌ی پێ شیته‌ڵ ده‌كات، ته‌نها له كۆپله‌ی دووه‌م نه‌بێت، (با) ناڕاسته‌وخۆ ئامادگی هه‌یه له‌بڕی ئه‌وه‌ی بڵێت (با) ده‌ڵێت به‌ر له‌وه‌ی ئیستا فه‌ڕامۆشم بكات، ئایا دڵی نایه‌ت ده‌ستبه‌داری (با) بێت، خۆی ناگرێ تا له هه‌مان كۆپله‌دا له دوا دێڕه‌كانیدا ده‌ڵێت (با كه‌وته ناویان)، ئه‌گه‌ر (با) هه‌ستێكی خودسه‌رانه بێت له هزرییدا، وابه‌سته‌ی كردارێكی دركپێكراو بێت، له به‌امبه‌ردا رێگاكان تێزیكی په‌راكتیكین بۆ له‌یه‌كگه‌یشتنی قاچه‌كانی، له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا له زمانی قاچه‌كانی تێده‌گه‌ن، له كۆپله‌ی چواره‌مدا بۆ لای ماڵه‌كه‌یان ده‌بات، له دوا كۆپله‌شدا مه‌ودای پێده‌به‌خشن، سه‌یری ئه‌م ریز به‌ندییه بكه له قۆناغه‌كانی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی چه‌ند دروسته، هه‌ر له‌یه‌كگه‌یشتن، ئینجا چوون بۆ لای ماڵیان به ئومێدی دیده‌نی و حه‌سانه‌وه، له پاشدا به‌ركه‌ماڵبوون، به‌خشینی مه‌ودا و گوزارشتكردنێكی ئازادانه له رامكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه مڕۆییه، جومگه‌كانی ئه‌م ریزبه‌ندییه به شیوازیكی دیكه گرته‌كانی پێ ساماندارده‌كات، گه‌ر كرده‌ی هه‌نگاونان ئاساواری قاچ له جه‌سته‌ی شوێنێك له جوگرافیایی دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌دیب نادردا به‌جێبهێڵێت، ئه‌وا له به‌رابه‌ردا ده‌ست به‌هه‌مان شێوه، ده‌توانێ یه‌قدانه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كانی كات له سه‌ر نه‌ست و ئیستاتیكا له نووسینه‌وه‌ی ئه‌دبدا تۆماری بكات، نیشته‌مه‌نییه‌كانی به مێژووكردنی تێدا بسرێته‌وه، ده‌ست و په‌نجه‌كانی هه‌ر جاری و به شێوه‌یه‌ك رۆڵده‌گێرن، له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا، ده‌سته‌كانی به دوو تانجی به ساڵاچوو ده‌چوێنێ، كه هه‌ست به سستی ده‌كه‌ن كز‌و خامۆشن له باڵابوون و له دژواری له یه‌كگه‌یشتن و له ده‌سته‌مۆ كردنی هه‌سته‌كانی، په‌نجه وه‌ك ئامرازێكی ئاماژه‌كاڕی كه گوزارشت له هه‌سته‌كانی ده‌كات، ناگات به‌وه‌ی له نه‌ستیدا ده‌ستی به سه‌ریا ناشكێت، به نا روونی ده‌مێنێته‌وه، نه ده‌توانێ شیعر، نه ده‌نكه‌كه‌ی ده‌سته‌مۆبكات، ئه‌م هه‌ستكردنه له گه‌ڵ ئه‌و شیعره‌ی مامۆستا گۆران دا یه‌كده‌گرێته‌وه، كه ده‌ڵێت (هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم ….. بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم) 14 .
هه‌ڵبه‌ت له كۆپله‌ی دووه‌مدا، له مكۆری ئه‌و حاڵه‌ته حیرسێك قانگده‌دات ده‌چێته ژێر فشاڕی خه‌مێكی ئه‌به‌دیِ له ئاكامدا هه‌وێنی هه‌ستریایه‌ك ده‌گرێته‌وه، ئه‌نگوسته‌كانی شێت ده‌بن، له كۆپله‌ی چواره‌مدا، شقڵگرته‌نه به‌و بارودۆخه‌وه، راهاتنه، به میلۆدی خه‌یاڵه‌وه خووگرتووه، به كرده‌وه‌یی توخنی فاكته‌ره‌كانی حه‌زو ئاره‌زوو نابێته‌وه، بۆ هه‌تا هه‌تا له چوارچیچوه‌ی شیعردا ده‌مێنێته‌وه، خه‌یاڵ بۆ داكه‌وته‌كان ده‌بێته ئه‌لته‌رناتیڤێك، له كۆتا كۆپله‌دا په‌نجه‌كانی گه‌واهی ئه‌وه ئه‌ده‌ن، نووسینی شیعری به‌قه‌د باڵا‌و ته‌مه‌نی شۆربوونه‌ته‌وه بۆ نێو جومگه‌ی ئه‌زموونه‌كانی، پێوه‌ڕی ته‌مه‌ن لای ئه‌دیب نادر ته‌مه‌نی نووسینه، له ده‌ره‌وه‌ی نووسین ناتوانێ هه‌ژماڕده‌ی ته‌مه‌ن بكات، گه‌ر ئه‌وی شاعیر له ژیانی راسته‌قینه‌دا خۆی وونكردبێ و ئومێدی به ده‌نكه‌كه‌ی نه‌مابێت، ئه‌وا له دنیای شیعردا قه‌ربووی خۆی كردووه‌ته‌وه خۆی دۆزیوه‌ته‌وه، دوانه‌ی وونكردن و خۆ دۆزینه‌وه، رووماڵكردنی گه‌مه‌یه‌كی دژواز به‌رهه‌مده‌هێنێ، خۆ دۆزینه‌وه له شیعردا، خۆ بزركردن و توانه‌وه‌یه له‌وی دولبه‌ردا، ته‌رخانكردنی سه‌رجه‌م ژیان بۆ یه‌ك ئامانج و یه‌ك مه‌به‌ست و یه‌ك ئافره‌ت، لادان و هه‌ڵخلیسكان له هێڵه ئاسۆییه‌كانی مه‌عریفه جیاده‌كاته‌وه، ره‌هه‌ندێكی شاقوڵی وه‌رده‌گرێت، به‌لای كه‌مه‌وه سازش له‌ئاكامێكی باش ناكات، كه‌رتبوونی خوده، زیزبوون و نامورادییه، له نێو دۆزه‌خی ئه‌ویندا سڕینه‌وه‌ی به‌هه‌شتی ژیانی تایبه‌تییه، به لای كه‌مه‌وه له سه‌ر دوو ئاستدا، له‌قكردنی به‌هاكانی ئازادییه، یه‌كه‌م گرفتی فه‌رامۆش بوونی هه‌یه، دووه‌م هه‌بوونی خۆی وابه‌سته‌ی كه‌سێكی تر كردوه، واتا گێچه‌ڵی ته‌نگژه‌ی ئه‌نتۆلۆژی بووه، هه‌لی گه‌ڕانه‌وه و گردبوونه‌وه‌ی خودی تێدا نه‌ماوه و نییه بۆ ئاشته‌وایی و پركردنه‌وه‌ی كلێنه‌كانی ژوانی به‌ریه‌ككه‌وتن و توانه‌وه له ناو یه‌كتردا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماچ دا به‌دی ده‌كرێت، ماچ به‌یه‌ك گه‌یشتنی دۆزه‌خی دوورییه له نزیك بوونه‌وه‌ی به‌هه‌شتی ئیستای ئاماده‌كراودا، شكاندنی له‌مپه‌ڕه‌كانی شوێنكاته، تامكردن و كه‌شفكردنی ئامێزی یه‌كتره، تامه‌زرۆبوونه بۆ بیستنی مڵچه‌و ئاه و نركه‌ی هه‌ڵقرچاوی گێچه‌كانی هه‌سته، له‌زه‌تی ژیانه یان ژیانی له‌زه‌ته، ئه‌دگار مۆرن گووته‌نی (ماچ له لایه‌كه‌وه نموونه‌ی یه‌كبوونی جه‌سته‌یی و له لایه‌كیتریشه‌وه ره‌مزه بۆ باوه‌ش به‌یه‌كداكردنی دوو نه‌فسه، كه ئه‌مه‌ش ئاوێزانبوونی دوو رۆح ده‌گه‌یه‌نێ) 15 ، له دوا جاردا پێده‌چێت ئه‌دیب نادر عاشقی رلسته‌قینه بووبێت، به‌ڵام له ئیستادا خه‌یاڵ و سه‌رخۆشی به‌ریداوه، هه‌ستده‌كات بووه به په‌یكه‌ر، چونكه چیتر تامی ماچ و شه‌رابی ده‌می یار ناكات، چ جیاوازییه‌ك نابینێ له نیوان ژیانی بێ سه‌رخۆشی، بێ مه‌ست بوون به ماچ، له‌گه‌ڵ به په‌یكه‌ربوون و نه‌مانی خۆیدا، ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌مان دوور نییه له كارتێكردنی بیر‌و بۆچوونی رێبوار سیوه‌یلی كه كۆپله‌یه‌ك له شیعری حه‌زره‌تی ناڵی ده‌خاته روو (سه‌رخۆشی شه‌رابی ده‌می تۆ بووم و ئه‌میستاش قوربان سه‌ری تۆ خۆش كه نه‌ماوه سه‌ری خۆشم) 16
نه‌ورۆزی 2017
ژێده‌ره‌كان:
1 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ چێژی مه‌رگ دۆستی ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ چاپی یه‌كه‌م ـ كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه ـ ساڵ 2011 ـ لا 75
2 ـ ئه‌دیب نادرـ شیعری (به‌ر له‌وه‌ی ئیستا فه‌رامۆشم بكات) ـ رۆژنامه‌ی چاو‌دێر ـ ژماره 496 ـ ساڵ 2016 ـ لا 4
*ـ په‌ندێكی عه‌ره‌بییه
3 ـ رێبوار سیوه‌یلی ـكتێبی حاجی قادری كۆیی ـ چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات ـ چاپی یه كه‌م ـ ساڵ 2016 ـ لا 47
4 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ـ لا 46
5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ نه‌رسیسی كوژراو ـ چاپخانه‌ی تاران ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌ندێشه ـ ساڵ 2015 ـ لا 123
6 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره 2
7 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره 2
8 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره 5 ـ لا 158
9 ـ گابریل گاریسیا ماركیز ـ رۆمانی مائه عام من عزله ـ ترجمه سامی الجندی، انعام الجندی ـ دار الكلمه للنشر ـ الگبعه السابعه ـ 1988
10 ـ د صلاح فچل ـ بلاغه الخگلبه و علم النص ـ عالم العرفه عدد 164 ـ اغسگس 1992 ـ ص 249
11 ـ عه‌تا قه‌ره‌داخی ـ له نیوان ده‌نگی خاك و ده‌نگی رۆحدا ـ چاپخانه‌ی سه‌رده‌م ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵ 2013 ـ ل 55
12 ـ د ـ زكریا ابراهیم ـ مشكلات فلسفیه ـ مشكله حب ـ مكتبه مصر ـ الگبعه الپانیه 1970ـ ص234
13 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ژماره 2
14 ـ محمدی ملا كریم ـ دیوانی گۆران ـ شیعری هه‌ڵبه‌ستی ده‌روون ـ چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری عێراق 1980 ـ لا 121
15 ـ رێبوار سیوه‌یلی ـ كتێبی ناڵی ـ له بڵاوكراوه‌كانی ماڵی وه‌فایی و ده‌زگای زه‌ریاب ـ چاپی دووه‌م 2015 ـ لا 333
16 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ـ لا336