ڕه‌خنه بزوێنه‌ره *.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ڕه‌خنه‌گر ئه‌و كه‌سه‌یه، كه ڕه‌خنه ده‌گرێ: نه‌رێنیی ده‌رده‌خا و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌رێنیی ده‌كا.
ئیشی ڕه‌خنه‌گر نییه ستاییش بكا، به‌ڵكو ڕاستیی باس ده‌كا.
ڕه‌خنه هه‌میشه لۆژیكی له‌گه‌ڵدایه، نه‌ك سۆز و هه‌وا و هه‌وه‌س (واته نه‌ك لایه‌نگریی).
ئێمه بۆیه ڕه‌خنه ده‌گرین، تا ڕاستیی بڵێین؛ ڕه‌خنه به دوای ڕاستییدا وێڵه. ڕه‌خنه كرۆكی ڕاستییه.
ڕه‌خنه كه‌ڵه‌كه‌كردنی مه‌عریفه‌یه: له كوێ ڕه‌خنه هه‌بوو، له‌وێش مه‌عریفه له‌دایك ده‌بێ. هیچ مه‌عریفه‌یه‌ك به بێ مامانی ڕه‌خنه له‌دایك نابێ. له هه‌موو كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه غائیبه، بۆیه مه‌عریفه‌ش ( فیكر و فه‌لسه‌فه و زانستیش) غائیبه.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه نه‌زانه‌كانن، كه ڕه‌خنه‌یان قبووڵ نییه.
ڕه‌خنه ئامانجی هه‌یه: ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه.
ڕه‌خنه قبووڵ نه‌كردن بنه‌مای دیكتاتۆریه‌ته.
ڕه‌خنه جه‌نگه دژی عه‌قڵیه‌تێكی داخراو؛ ئه‌وجا له هه‌ر بوارێكدا بێ.
ڕه‌خنه ڕه‌تكردنه‌وه نییه، به‌ڵكو دان پێدانانه.
ڕه‌خنه براده‌رایه‌تی، خزمایه‌تی، هاوڕێیه‌تی، هاوسیێهتی، حزبایه‌تی… نازانێ. ڕه‌خنه بڕوای به‌و په‌نده (ئیدیۆمه) كوردییه هه‌یه، كه ده‌ڵێ: ((حه‌ق ڕه‌قه))؛ بۆیه ئه‌وه‌ی حه‌قانی بێ ڕه‌خنه قبووڵ ده‌كا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حه‌قانی نه‌بێ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. ڕه‌خنه سه‌لماندنی ئه‌م حه‌قه‌یه (ڕاستییه‌یه)، بۆیه ڕه‌خنه ڕه‌تكردنه‌وه نییه، به‌ڵكو دان پێدانانه به‌وی دیكه: به‌وی دیكه‌ی ده‌ق و كه‌س و بابه‌ت… له چێوه‌ی حه‌قانیه‌ت و حه‌قیقه‌تدا.
وه‌ك گوتمان، ڕه‌خنه پێوه‌ندی به ناسیارهتی و براده‌رایه‌تییه‌وه نییه. ڕه‌خنه پڕۆژه‌یه: پڕۆژه‌یه‌كی مه‌عریفییه. بناغه‌كه‌ی عه‌قڵ و لۆژیكه. ڕه‌خنه ئه‌گه‌ر خاترانه‌ی تێدابوو، ئه‌وه له جغزی ڕه‌خنه ده‌چێته ده‌رێ و ده‌بێته موجامه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئێمه ڕه‌خنه له ده‌ق، له كارێك، له ڕه‌فتارێك… ده‌گرین؛ واته به بۆچوونی خۆمان كه‌موكووڕییه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین، بۆیه ڕه‌خنه نابێ شه‌رمن بێ، به‌ڵكو ده‌بێ ئازاد و بوێر بێ. ڕه‌خنه گه‌ڕانه به دوای ڕاستییدا، كه‌واته ده‌بێ بێ‌باك بێ له‌وه‌ی ئاكامه‌كه‌ی چی ده‌بێ (هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی له توانادایه). نابێ ڕه‌خنه باكی به‌وه هه‌بێ، كه فڵان و فیسار (با هاوڕێشی بن) لێی تووڕه و نیگه‌ران ده‌بن؛ چونكه ڕه‌خنه له سه‌رووی هه‌موو پێوه‌ندییه‌ك و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه؛ ماده‌م ئامانجه‌كه‌ی نیشان دانی حه‌قیقه‌ته، به‌های حه‌قیقه‌تیش له هه‌موو شتێك گرنگتره.
ده‌بێ فێربین ڕه‌خنه بگرین! ڕاشكاو و ڕاستگۆ بین له‌گه‌ڵ یه‌كتر! ڕووبهڕووكار بین، نه‌ك پاشملهكار! ئه‌وه‌ی ژیان ده‌گۆڕێ ڕه‌خنه‌یه، نه‌ك موجامه‌له‌ی پڕ له درۆ. ده‌بێ فێربین ڕه‌خنه له یه‌كتر قبووڵ بكه‌ین! ئه‌مه كرۆكی دیموكراسیه‌ته. فێربه ڕه‌خنه له خه‌ڵك بگره و بۆ خۆشت ڕه‌خنه‌ت قبووڵ بێ، كه لێت ده‌گیرێ.
نابێ پێمان ناخۆش بێ ڕه‌خنه له ئایینه‌كه‌مان، له بیروباوه‌ڕمان، له ده‌قه‌كه‌مان… بگیرێ (پێشمان ناخۆش بوو، به ڕه‌خنه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، نه‌ك به جنێو و كاری توندوتیژی و به تیرۆر). ڕه‌خنه گۆڕان و به‌خته‌وه‌ری به‌دی ده‌هێنێ، نه‌ك ئاژاوه و قیامه‌ت. ڕه‌خنه پێوه‌ره بۆ ڕاستگۆیی. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ی تێدا نه‌بوو، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوو و درۆزنه، پڕه له ڕیاكاری و دووڕوویی.
هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كا ستاییش بكرێ، نه‌ك ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ؛ به‌ڵام ستاییش هه‌ندێ جار درۆی تێدایه، به‌ڵام ره‌خنه ڕاستیی. ئێمه باسی ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه ده‌كه‌ین، نه‌ك ڕه‌خنه‌ی ساخته‌كار؛ به‌ڵكو ئیشی ڕه‌خنه ئه‌وه‌یه، كه درۆ تێك بشكێنێ. ڕه‌خنه‌گر سیفه‌تی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی هه‌یه، كه له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدایه؛ بۆیه ڕه‌خنه جه‌نگه له دژی هه‌ڵه. لێره قسه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی (گۆستاڤ لۆبۆن) م دێته‌وه بیر، كه ده‌ڵێ: ((هه‌ڵه هۆكاری سه‌ره‌كی په‌ره‌ستاندنی ژیانی گه‌لانه، نه‌ك ڕاستیی)).(*) ئه‌وه ڕاسته ملانێی نێوان هه‌ڵه و ڕاستی داینه‌مۆی هه‌موو پێشكه‌وتنێكه. له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ و ماركسیشدا ئه‌مه پێی ده‌گوترێ: ((یاساكانی دیالیكتیك)). واته یاسای نه‌فی نه‌فی و یاسای یه‌كیه‌تی دژه‌كان، كه سه‌رچاوه‌ی پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌كانه.
(*) غوستاف لوبون, سيكولوجية الجماهير, ترجمة احمد حايك (الطبعة الثالثة: مايو – ايار, 2021), ص 145
به‌ختیار محه‌مه‌د