Skip to Content

ئێران.. سەد ڕۆژ ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆر!-1-.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران.. سەد ڕۆژ ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆر!-1-.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2022 General, Opinion


ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و ئاسۆی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران!
بەشی یەکەم
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی



بە ڕاپەڕینی سەد ڕۆژەی ئێران، ئایا “گۆڕانکاری” لە دۆخی ئێراندا ڕوویداوە یان ڕوودەدات؟ ئاسۆی ئەم پێشهاتە گرنگ و مێژووییە چییە؟ ئایا خەڵکەکە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت بهێنێت؟ یان دەسەڵاتی ئێران لە سەر حوکم دەمێنێتەوە؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینە چین؟ و لە کۆتاییدا “چی پێویستە بکرێت؟”
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەمانەوێت پێکەوە و بە روانینێکی راست و درووست، چاوێک بخشێنین بەسەر ئەو ڕێگایەی خراوەتە پشت سەر و پرۆسەی سروشتی و زانستی و لۆژیکی ئەم ڕاپەڕینە مێژووییە هەڵسەنگێنین و بزانین چ ئاسۆیەک بۆ ئەم ڕاپەڕینە لە پێشە!
بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو، سەرەتا دەبینین ڕێگایەکی دوور و درێژمان بڕیوە و دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی ٤٤ ساڵە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بنەمای گەیشتن بووە بەو ڕاپەڕینەی ئێستادا. ئەگەر خۆڕاگرییەکی لەو شێوەیە نەبووایە، بە دڵنیاییەوە ڕاپەڕینێکی لەو شێوەیەی ئێستا بەرپا نەدەبوو. ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی ساڵانی ڕابردوودا، تاکه فاکتەر بوون بۆ گەیشتن به خاڵی ئێستاکەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەم سەد ڕۆژه دا. هەرچەندە ماوەیەکی کورتی پێچوو تا “ڕووداوێک” بەرز بکرێتەوە بۆ “ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوان”، بەڵام کاریگەرییەکەی ئەوەندە بەربڵاوە و زۆرە کە بەردی بناغەی دەسەڵاتی ئێرانی هێناوەتە لەرزین!
سەرەتا هەموو شتێک نوێ دەهاتە بەرچاو. شەهیدبوونی ژینا ئەمینی “چەخماخە”یەک بوو، “بڵێسە”ی سەند و بوو بە “ئاگر”! لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەدا، زۆرێک لە بەها و کولتوور و نامۆیی لە کۆمەڵگادا لەناوچوون و تەلیسمی “بێ باوەڕی” شکا. تابلۆی “دەکرێ و دەبێ” بوو بە سەرمەشقی هەنگاوە گەورەکانیتر، کە بە خێرایی، سەراسەری ئێرانی گرتەوە. “ئازاری هاوبەش” بوو بە “هاواری هاوبەش” و بەرەنگاری دیکتاتۆر و دیکتاتۆری بووەوە!
ئەگەر لەسەرەتاوە هەمووان هاتنە سەر شەقامەکان، بەڵام هەر کەس و لایەنێک ڕێبازێکی جیاوازی هەبوو، ئەگەر دروشم و داواکارییەکانی هەر تاک و لایەنێک فرەچەشن بوو، ئەگەر “ئاوەکە” لێڵ و “تێپەڕبوون” تێیدا سەخت، و”ئاسۆ” ناڕوون بوو، ئەگەر بژاردەکانی هەر کەس و لایەنێک، جیاواز بوو، ئەگەر مەحاڵ بوو “دۆست” و “دوژمن” لێک جیا بکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری و لایەنگرانی شاراوەی دەسەڵات و لۆبیی ڕۆژئاوایی دیکتاتۆر بە جل و بەرگی رازاوەوە، بە مەبەستی پێشگرتن بە جووڵەی خەڵک و رێگریکردنیان لە گەیشتن بە “ڕاپەڕینی جەماوەری” دزەیان کردبووە ناو ریزەکانی راپەڕین و خەریکی تەڕاتێنکردن ئەم و ئەو بوون و بە نیاز بوون هەر بەشێک لە خەڵکی ئێران بەرەو ئاقارێک رابکێشن، بەڵام جیهان بینی کە خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبین و ڕاپەڕینی گشتی لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان، نەک هەر نەسرەوت، بەڵکو بە سودمەندبوون لە گەنجینەی مێژوویی خۆی، توانی زیاتر لە جاران ڕێگەی خۆی بەرەو داهاتوو بکاتەوە و پیلانگێڕییەکان پووچەڵ بکاتەوە!
پووچەڵکردنەوەی پیلان و سیناریۆ ڕەشەکان!
خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە ڕاپەڕین و پێداگریکردنیان لەسەر ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، هەنگاوێکی مێژوویی و گەورەیان ناوە. ئەوان هاواریان کرد “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و بە کەمتر لەوە ڕازی نەبوون. ئەوان لەسەر شەقامەکان هاواریان دەکرد “ئێمە بۆ سازشتکردن قوربانیمان نەداوە کە ئێستا ستایشی رێبەر (واتا خامنەیی) بکەین” یان دروشمی “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ رێبەر (واتا خامنەیی)”.
ئەم هاوار و درووشمانە کە باس لە “رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت” و هەروەها “بەدیلی دەسەڵات” دەکات و نکۆڵی لە هەموو ڕێگایەکی هێمنانە و سازان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەکەنەوە، لایەنە ڕاستەقینەکانی گۆڕەپانی راپەڕینیش دەردەخات. لە لایەک “دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار”، کە ترسناکترین و سامناکترین دیکتاتۆرییەتی مێژووی ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە، “خەڵک و رۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی گەل” کە سەرەڕای (750) شەهید و زیاتر لە (30) هەزار دەستبەسەرکراو، ئامادە نین گۆڕەپانەکە بەجێبهێڵن.
خەڵکی ئێران بە ئەزموون فێری ئەوە بوون کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت و گەیشتن بە ئازادی، “بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت”ە و پێداگری و سووربوونە لەسەر “ڕووخاندنی دەسەڵات”، نەک تەنها دەربڕێنی ناڕەزایەتی هێمنانە و ناڕەزایەتیی مەدەنی و بە ناو”خۆدوورڕاگرتن لە توندوتیژی” کە هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن! چون ئەم بانگەشەیە کاتی بەسەرچووە. خەڵک هەروەها لەو باوەڕەدان کە بۆ پێشخستنی ڕاپەڕین و گەیشتن بە ئازادی، پێویستە لەسەر شەقام بمێننەوە و بەرەنگاری هێزەکانی دیکتاتۆر ببنەوە و نەترسن. ئەوان ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان کە ملکەچی هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان نەبن و سەر دانەنەوێنن. چونکە باش دەزانن گۆڕەپانی راستەقینەی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، “ناوخۆی وڵات” و سەر شەقامەکانە نەک لە “دەرەوەی سنوور”ەکان!
ڕێگای ڕاست و درووستی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو!
وریابوونی خەڵک لە بەرنەدانی ڕێگای ڕاست و درووستی ڕاپەڕین، دەستکەوتێکی بەرچاو و ناوازە بوو. خەڵک لە ڕاپەڕینەکانی پێشوویاندا، هەبوونی ئەڵتەرناتیڤ لە ناو دەسەڵاتیان رەت کردەوە و بە سەریدا تێپەڕین. خەڵک هەروەها ئەڵتەرناتیڤی ساخته و بێ بنەمای دەرەوەی دەسەڵات (و لەوانە گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی شا)یان لادا و پێداگرییان کرد لەسەر درێژەدان و بەردەوامی و تەواوکردنی شۆڕشی دژە پاشایەتیی 1979. چونکە خەڵکی ئێران خوازیاری دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتین و لەو باوەڕەدان کە بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ بەسەر لاشەی مردووی دیکتاتۆرەکاندا تێپەڕن. ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت نییە و دەبێ ئێران سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە!
رێبەڕایەتیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکە!
بە پێچەوانەی ئیدیعای هەندێک تاک و لایەن، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ “پێ”یەکیان لای دیکتاتۆرییەتە و سەرقاڵی “سووڕانەوە”ن، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران خاوەن رێبەر و سەرکردایەتیی خۆیەتی. ئەگەر نەیبوایە، نەک هەر “سەد ڕۆژ”، بەڵکو تەنانەت هەفتەیەکیشی نەدەخایاند. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن “ڕاپەڕین بێ رێبەر و سەرکردایەتییە”، یان “نەزان”ن یان دڵیان بۆ مانەوەی دیکتاتۆر لێدەدات. بە گوتەی ڕێبەری موقاومەتی ئێران، کێشەکە لە نەبوونی سەرکردایەتیدا نییە، بەڵکو لە “کەمبوونی ئاگر” و “هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگر”دایە. “هەر کەسێک بیەوێت پرسی رێبەری و سەرکردایەتی بۆ راپەڕین چارەسەر بکات، پێویستە زیاتر و زیاتر ئاگر بەرداتە گیانی ڕژێمی خوێنڕێژ و کۆمەڵکوژ”. کەوایە تاکە وەڵامدانەوە بەرانبەر بە دەسەڵات “ئاگر بەرامبەر ئاگر”ە کە ئێستا هاتۆتە ناو فەرهەنگ و کەلتووری خەڵکی ئێرانەوە و هەموو تاک و لایەنێکی جەماوەری، بەدوای ئەوەوەن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەم مەبەستە. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی “کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ” لە شارەکانی ئێران لە دژی هێزەکانی حکومەت، پەیوەندی بەمەوە هەیە.

کۆتایی بەشی یەکەم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish